شوێنەکانی تر- یۆتۆپیا، هیترۆتۆپیا، جەستە - میشێل فۆكۆ

Loading

عومەر سەرگەتى

“شوێنەکانی تر- یۆتۆپیا، هیترۆتۆپیا، جەستە” ئەمە ناونیشانى کتیبێکی نووسەری فەڕەنسی “میشل فۆکۆ”یە و بەرێز “هاوار محەمەد” وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی و پێشەکیەکی گرنگی بۆ نووسیوە، ناوڕەۆکی ئەم کتێبە جگە لە پێشەکی وەرگیڕی کوردی، پێکهاتووە لە گوتارێکی گرنگی فیلیپ سابۆ بەناونیشانی “زمان، کۆمەڵگا، جەستە، یۆتۆپیاکان و شوێنەکانیتر لای میشل فۆکۆ” کە بەوردی دەربارەی ناوەڕۆک و چەمکەکانی ئەم کتێبە کە قسە دەکات کە پێکهاتووە لە دوو گوتاری گرنگی میشل فۆکۆ دەربارەی “شوێنەکانیتر و جەستەی یۆتۆپی”، لە کۆتایشدا وەرگێڕی کوردی بەشێکی تری بۆ کتێبەكه‌ زیاد کردووە کە پەوەندیەکی ناوەکی بە ئایدیا و چەمکەکانی ناو کتیبه‌كەوە هەیە بەناوی شێتی و کۆمەڵگا.

 

زۆربەی ئەوانەی کە شارەزای بیری میشل فۆکۆن باس لەوە دەکەن کە ئەم فەیلەسوفە بەشێکی زۆری بیرکردنەوە و فکری خۆی تەرخان کردووە بۆ لێکدانەوە و شیکردنەوەی دیاردەی دەسەڵات و وەک فەیلەسوفی دەسەڵات ناسراوە، لەبەرامبەردا قسە لەسەر ئەوە دەکرێت کە پرسیاری سەرەکی و خاڵی جەوهەری لە بیرکردنەوەی فۆکۆدا مەسەلەی سوبێکتە و تێگەشتنە لەو میکانیزمانەی کە وادەکەن تاکەکەس ببێتە بابەتی سەرەکی و تێڕمان و بیرکردنەوە، هەر ئەم خاڵە جەوهەریەی فکری فۆکۆ دەربارەی ناسینی تاک هەم وەک بوونەوەریکی ڕام کراو و ناچالاک و پاسیڤ لەژێر چاودێری و کۆنترۆڵ دیسپلینەکانی دەسەڵاتدا، هەم وەک سۆبێکتێکی بەرگریکار و خۆ خولقین و خۆ دروستکەر لە قۆناغە جیاوازە مێژوییەکاندا، گرێدراوی ئەو ئایدیا و بۆچوونانەیە کە فۆکۆ دەربارەی دیاردەی دەسەڵات و مەعریفە پێشکەشیان دەکات، هەر بۆیە پرسی جەستە و سۆبێکت دەبێتە بابەتی سەرەکی و تێرامان لە دەسەڵات و مەعریفە، لەم کتێبەدا فۆکۆ دەربارەی یۆتۆپیاکان، هیترۆتۆپیاکان و جەستە دەکۆڵێتەوەو و جەستە وەک بابەتی سەرەکی و خاڵی دەستپێکردنی جیهان دەستنیشان دەکات و سۆبێکتیش خاڵی جەوهەری ئەو دەستپێکردنەیە، بەڵام جەستە بەتەنها لە ڕووبەرێکی ساف و سپی و بێخەوشدا ناژی، بەڵکو گرێدراوی فەزای واقعی و یۆتۆپیا و شوێنەکانیترە.

 

هیترۆتۆپیا، شوێنیکیترە لەناو شوێنە واقعیەکاندا، ئەو ڕووبەرە ناچوونیەک و ناتەبایانەن لەناو شوێنە واقییەکاندا وەک دژەشوێن دەردەکەون، ڕووبەرێکیترە لەناو فەزاکاندا. فۆکۆ شوێن دابەشدەکات بەسەر سێ بەشدا؛ یۆتۆپیا (ناشوێن)، شوینی واقعی و هیترۆتۆپیا (شوێنەکانی تر). هیترۆتۆپیاکان ئەو ڕووبەرانەن دەکەونە نێوان شوێنە واقعیەکان و یۆتۆپیاکانەوە، واتە دەکەونە نێوان ئەو شوینانەوە کە بوونێکی واقعیان هەیە و ئەو یۆتۆپیایانه‌ی کە بوونێکی واقعیان نییە و وێنەی ئیدیاڵی شوینە واقعیەکانن، ئەو دژە شوێنانەن کە لە پەیوەندیدان بە شوێنە ئاساییەکان و بونیادە کۆمەڵایەتییەکانی دەسەڵاتەوە. فۆکۆ لەم کتیبەدا هەوڵدەدات شەش بنەما دیاری بکات بۆ زانستی شوێنەکانی تر، تاوەکو بتوانین لەو دابەشبوونەی فەزادا بەسەر شوێندا بیانناسینەوە، فۆکۆ تیشک دەخاتە سەر فەزایەک کە “گومان بخاتە سەر جێگاکانی تر، لەکاریان بخات، یان پەیوەندیەک لە نەخشەکاندا، لە ئاوێنەکاندا، لە ئاوەژوو کردنەوەکاندا دروست بکات،” فەزایەک هەیەو لەگەڵ هەموو جێگاکانیتردا ناکۆکە، ئەو فەزایەش لای فۆکۆ دوو جۆرە، یۆتۆپیاکان و هیترۆتۆپیاکان.

 

یۆتۆپیاکان وەک فۆکۆ دەڵێت “ئەو جێگایانەن، کە شوینێکی ڕاستەقینەیان نییە، لێکچوونێکی پێچەوانەیان هەیە لەگەڵ فەزای ڕاستەقینەی کۆمەڵگادا… کۆمەڵگەن و گەشتوەتە ڕادەی کامڵ بوون، بەڵام لەهەموو دۆخێکدا یۆتۆپیاکان ئەو فەزایانەن کە بەشێوەیەکی بنەڕەتی و جەوهەری نا-واقعین” بەڵام فۆکۆ باس لەوە دەکات هەندێک یۆتۆپیا هەن بەبێ شوین و ڕووداو، هیچ ئاسەوارێکیان لەسەر هیچ نەخشە و لەژێر هیچ ئاسمانێکدا نییە، سەر بەهیچ فەزایەک نین، لەسەری مرۆڤەکاندا پەیدابوون، لەبۆشایی وشەکانیاندا، لە چڕی حیکایەتەکانیاندا … لە بۆشایی هەست و سۆزەکانیدا پەیدا بوون، بەڵام لەهەمانکاتدا فۆکۆ باس لە وشوێنەدەکات کە هەموو کۆمەڵگەیەکی مرۆیی داگیریدەکات و تێدا دەژی و کاریتێدادەکات، لەگەڵ شوێنگەلێکی یۆتۆپیدا یەکتر دەبڕن و چەندین چرکەساتی زەمەنیش کە بوونی نییە بەناو ئەو زەمەنەدا دەچن کە ئەو کۆمەڵە مرۆییە بە واقعی تیدا دەژین، واتا لەهەموو کۆمەڵگاکاندا کۆمەڵیک فەزا هەن کە شوێنیکی دیاریکراو و ڕاستەقینەیان هەیە و دەتوانین لەسەر نەخشە دەیاری بکەین، جۆرێک یۆتۆپیان و کە لە شوینی واقعیدا ڕیالیزەبوون و زەمەنیکی دیاریکراویان هەیە، ئەو شوێنانەش هیترۆتۆپیاکانن.

 

بەم پێییە هیترۆتۆپیاکان، ئەو شوێنانەن کە شوێنەواقعیەکان و یۆتۆپیاکان تێدا یەکتر دەبڕن، هەم سەربە نەخشە واقعیەکانن و هەم سەربە یۆتۆپیاکانن، ئەو فەزایه‌یە کە شوێنە واقعیەکان و شوێنە یۆتۆپیەکان تێکەڵ دەبن، فۆکۆ بۆ ئەزموونی یەکتربڕینی یۆتۆپیاکان و هیترۆتۆپیاکان ئاوینە دەکاتە ئەزموونی ئەو یەکتربڕینە، وەک دە ڵێت “ئاوێنە پێش هەموو شتیک یۆتۆپیایە، لەبەرئەوەی شوێنێکی بێشوێنە، لەئاوێنەدا لە شوێنێکدا خۆم دەبینم کە لێی نیم، لە فەزایەکی نا-واقعیدا، کە بەشێوەیەکی مەجازی کەوتووەتە ئەودیوی شوشەکەوە، من کەوتومەتە ئەو شوینەوە کە لێی نیم، جۆریک لە سیبەرە واملێدەکات کە شیاوی بینین بم، توانای بینی خۆمم پێدەدات لەو شوینەدا کە غایبم، ئاوێنە یۆتۆپیایە، بەڵام هیترۆتۆپیاشە، لەبەر ئەوەی ئاوینە بوونیکی واقعیانەی هەیە، جۆریکە لە وێنەدانەوەی ئاوەژوکراوەی ئەو شوینەی کە من داگیرم کردووە”.

 

لێرەدا پرسی جەستە دێتە ئاراوە، هەروەک چۆن فەزا بەتەنها دابەش نابێت بەسەر شوێنە واقعیەکاندا، بەڵکو دابەش دەبێت بەسەر یۆتۆپیای شوینکانیشدا کە هیترۆتۆپیاکانن، جەسەتش تەنها بوونێکی واقعی نییە و شوێنێکی واقعی داگیرناکات بەڵکو شوێنی بەرکەوتنی یۆتۆپیاشە، کە یۆتۆپیای جەستەیە، بەم پێیە ئاوێنە هەم هەڵگری یۆتۆپیای شوێنە کە هیترۆتۆپیایە، هەم هەڵگری یۆتۆپیای جەستەیە کە هەموو بەشەکانی جەستە بە کامڵی ئاوەژوو دەکاتەوە.

 

لەم دوو وانە گوتارەدا، جەستە تەنێکی ڕوون و ئاشکراو بینراوە، جەستە بۆ شوینێک دەگەڕێت لە دەره‌وەی جەبرەکانی دەسەڵاتەوە خۆی ببینێت، لە نێوان هیترۆتۆپیاکان و یۆتۆپیاکاندا بۆشوێنێک دەگەڕێت هەم واقع بێت و هەم ئاوێنە، ئەو لەشە قورسەی بەیانیان دەچێتە بەر ئاوێنە و خۆی قەبوڵ نییە، لەدەرەوەی ئاوێنەکانەوە، هێزیکیتری یۆتۆپی بەرەو ماڵێکی دیکەی دەبات، بەدوای ئارامگایەکی دیکەدا دەگەڕێت هەم جەسەتەیەکی ڕووت و بێ تاریکی بێت و هەم ڕزگاری بێت لە یۆتۆپیا ناوەکیەکەی، لای فۆکۆ عەشق ئەو ماڵە بێدەنگەیە کە جەسەت تێیدا دەگاتە چێژە داخراوەکانی خۆی، وەک فۆکۆ خۆی دەڵێت؛ مومارەسەی عەشق ئەوەیە هەست بکەین جەستەمان بەسەر خۆیدا دادەخرێت، تاوەکو لە دواجاردا لەدەرەوەی هەموو یۆتۆپیایەک و بەهەموو چڕی خۆیەوە، لەباوەشی ئەویتردا بوونی هەبێت، لەژێر پەنجەکانی ئەویتردا کە هەستان پێدەبەخشێت، هەموو بەشە نەبینراوەکانی جەستەتان لە پانتایی بووندا دەردەکەوێت، لەبەیەک گەیشتنی لێوەکانتان و لێوەکانی ئەوانیتردا لێوەکانتان دێنە بوون، کاتێک لێوەکانی ئەوانیتر بەر لێوەکانتان دەکەون، ئیدی لێوەکانتان دەبنە شتانێکی هەست پێکراو، لەبەردەم ئەم دووچاوە نیوە داخراو و خومارەوە ڕووخسارتان لە خۆی دڵنیا دەبێتەوە، دواجار ئەمە نیاگایەکە لە نیوانتان بۆ بینینی پێڵوە خەواڵوەکانتان. عەشقیش وەکو ئاوینە و وەکو مردن یۆتۆپیای جەسەتەتان خامۆش دەکات، بێدەنگی دەکات، ئارامی بۆ دەگەڕێنیتەوە، بەسەریدا دادەخرێت، وەک بڵێی لە قتویەکدا قەتیسی دەکات و سەری مۆر دەکات. لەبەر ئەمە عەشق زۆر نزیکە لە وەهمی ئاوینەو هەڕەشەی مەرگەوە، وێڕای ئەم دوو ڕووخسارە پڕ لە مەترسیە کە دەوری عەشقیان داوە، ئەگەر لە مومارەسەی خۆشەویستیدا شێتانە عاشق بووین، ئەوا لەبەرئەوەیە لەعەشقدا جەستە لێرەدایە.

 

ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە لێرەدا ئاماژەی بۆ بکەین، جارێکی تر بەوردی، بەچاویکی ڕەخنەیی و قووڵتر تەماشای ئەو فەزا سیاسی و کۆمەڵایەتی و دینیی و کولتورییە بکەین کە جەستە تێیدا بووەتە کاڵایەک و ڕووبەرێک، بۆ ئارەزووی دیندار و سەرمایەدار و دەسەڵاتداران، جەستە لەم فەزا گشتییەدا، بە چەندین جەبری سیاسی و دینی و کۆمەلایەتی گەمارۆدراوە، بە کۆ گووتاریکی ترسناکیان لەسەر جەستە و سنوورە داخراوەکانی بەرهەم هێناوە کە هەمیشە لە ڕووبەرێکی تەسک و تاریک و سنوورداردا دیلی دەکەن، گرنگی ئەم کتیبە بۆ خوینەری کورد لەوەدایە بەجۆرێکی تر لە پەیوەندی جەستە و شوین بروانین، گرنگتر تەماشای ئەو شوینانە بکەین کە هەڵگری ئەگەری کرانەوەی جەستەن، دژی ئەو گوتارە هاوبەشە بین کە مزگەوتەکان و زانکۆکان و دەزگا ئەمنیەکان پێکەوە گرێدەدات بەرامبەر داخستنی سنووری ئازادیەکانی جەستەو هەموو ئازادیەکانی تاکەکەس، نەخشەی ئەو حەرام و حەڵاڵە تێک بشکێنین کە لەسەر سنوورەکانی ئازادی جەستە کێشراون.

 

لە کۆتاییدا دەستخۆشی لە کاک هاوار دەکەم و هیوای بەردەوامی بۆ دەخوازم.

 

تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین –
ڕێنوس و خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌ نوسه‌ر خۆی.