David Hume. Caricature of the British philosopher and historian David Hume (1711-1776). Hume influenced the development of scepticism and empiricism. He rejected the idea of causality, claiming that one event would not necessarily lead to another - events were linked only by the imagination of the observer rather than by reason. In effect, Hume was rejecting scientific laws which state that one action necessarily produces another in a predictable manner. As an historian, Hume broke with tradition by explaining the intellectual and economic reasons behind events rather than just describing the events in a strictly chronological order.

دەیڤد هیوم؛ کارە بنەڕەتییەکانی فەلسەفە


Loading

کارە بنەڕەتییەکانی فەلسەفە

دەیڤد هیوم

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: ڕەوا هەژار

 

کتێبی یەکەم

دەربارەی تێگەیشتن

بەشی یەکەم  

دەربارەی سەرچاوەی بیرۆکەکان و پێکهاتەکانیان

هەموو ئەوەی کە هەیە و هۆشی مرۆڤ دەتوانێت پەی پێببات دابەش دەبن بەسەر دوو خانەی جیاوزدا کە من لێرەدا ناویان لێدەنێم شێوەکان و بیرۆکەکان. جیاوازیی نێوان ئەم دووانەش بەستراوەتەوە بە پلەبەندیی ئەو هێز و چوستییەی هەریەکەیان کە لە کاتی هاتنەناوەوەدا بەر هۆشمان دەکەون و لەدوایدا ڕێدەکەن بەرەو ئاگاهیمان. ئەو پەیبردنانەی کە بە زۆرترین هێز و توندوتیژییەوە دێنە ناوەوە، ناویان لێدەنێم شێوەکان، هەموو ئەوانەی دەچنە چوارچێوەی پێناسەی ئەم ناوەوە بریتین لە تەواوی سۆز و هەستەکان لەکاتی یەکەم هاتنە ناوەوەیاندا. بیرۆکەکانیش بریتین لە هەموو ئەو وێنە کاڵانەی کە شێوەکان لە بیرکردنەوە و شعوری ئێمەدا دروستی دەکەن، بۆ نمونە وەکوو هەموو ئەو پەیبردنانەی کە بەهۆی خوێندنەوەی ئەم تێزەوە لەتۆدا دەوروژێن، بێجگە لەوانەی کە بەهۆی بینین و دەستلێدانەوە بۆت درووست دەبن و هەروەها بێجگە لەو سرور و خۆشییە یان ناخۆشییانەی کە دەکرێت لەم خوێندنەوەیەوە کتوپڕ بۆت درووست ببن. بڕوام وایە پێوست بە خەرجیی وشە و لەسەر ڕۆشتنێکی ئەوتۆ نەکات بۆ زیاتر ناساندنی ئەم جیاوازییە ڕوونە. هەر کەسە لە ناوخۆیدا یەکسەر و بەئاسانی درک بە جیاوازی نێوان هەست کردن و بیرکردنەوە دەکات. جیاوازی ئەم دووانە بە ئاسانی دەکرێت پلە بەند بکرێن، لەگەڵ ئەوەشدا ئەستەم نیە لە هەندێک باری تایبەتیدا لێکچوونی نێوانیان تا ئەندازەیەکی زۆر لەیەکتری نزیک ببێتەوە. بەو هۆیەوە دەکرێت لە کاتەکانی وەکو خەوتن، نەخۆشی یان تووڕەبوندا یاخود هەر شڵەژانێکی هیجانی تردا بیرۆکەکانمان لە ڕووی لێکچونەوە لە شێوەکان نزیک ببنەوە، وە هەروەها بە پێچەوانەشەوە هەندێک جار شێوەکانمان بە جۆرێک لەلا کاڵ و لاواز دەبێتەوە کە ناتوانین لەگەڵ بیرۆکەکانماندا جوودایان بکەینەوە. لێ ئەگەر سەرەڕاییانە بەردەوام بین و ئەم لێکچوونە تایبەتیانە وەلا نێین کە تەنها لە چەند دۆخێکی زۆر تایبەتدا وەپێش دێن، ئەوا بە گشتی هەردوو خانەکە بە ئەندازەیەک لەیەکتری جوودان کە دەکرێت بە ئاسانی بناسرێنەوە و کەسیش بەهۆی ئەم جیاکاریەوە تووشی سەرسوڕمان نەبێت، دیاریکردنی هەریەکەشیان بە ناوێکەوە دەکرێت ببێتە مەفهوومێکی ڕوون.

پۆرترێتی دەیڤید هیوم – ١٧٥٤

هەر لە ناو تواناکانی پەیبردنی ئێمەدا دابەشکراییەکی تر هەیە کە پێویستە لەسەری بوەستین و سەرنجی بدەین، چونکە ئەمانیش دەکشێنەوە ناو شێوە و بیرۆکەکانمانەوە. ئەم دابەشکارییەش بریتییە لە چەمکەکانی سادەیی و ئاڵۆزی. هەرچی پەیوەندی بە پەیبردنە سادەکانەوە هەیە، ئیدی چ لە بیرۆکەکاندا بێت یاخود لە شێوەکاندا بریتین لەو خاسیەتانەی کە ناکرێت دابەشبکرێن بۆ شتێکی لە خۆیان بچووک تر، ئەمە بەواتای ئەوەی لە ناوخۆیدا هەڵگری هیچ جیاکارییەک نییە. هەرچی ئەوەشی کە ئاڵۆزە بریتیە لە پێچەوانەی ئەم پێناسەیە و دەتوانرێت بەش بەش بکرێت. هەرچەندە دەکرێت تایبەتمەندیەکانی وەکو، ڕەنگ و تام و بۆن، هەموویان لە سێوێکدا کۆ ببنەوە، بەڵام بە ئاسانی دەتوانین پەی بەوە ببیەن کە هەریەکەیان بۆ خۆیان خاسیەتێکی سەربەخۆن و هەمان خەسڵەت نین.

بەهۆی ئەم دابەشکارییەوە کە توانیمان ڕیزبەندی و ڕێکخستنێک بە بابەتەکەمان ببەخشێن، لەوانەیە ئێستا باشتر بگونجێت تێڕامانێکی وردتر و تەواوتر بۆ چییەتی و پەیوەندی نێوان چەمکەکانمان بکەین. دیسانەوە بۆ دەستپێکی بەدواداگەڕانەکە دەگەڕێمەوە سەر جیاوازی و لەیەک چوونی ئەو پلەبەندیەی کە بەهۆی هێز و چوستی بیرۆکەکان و شیوەکانەوە درووست دەبن. چوونکە بیرۆکەکان و شێوەکان وا دەردەکەون کە هەریەکەیان وێنەی پێچەوانەی ئەوی تریان بێت، بەو هۆیەوە هەموو پەیبردنە ژیرییەکان ماکێکی دووانەییان هەیە کە لەیەککاتدا واپیشان دەدەن هەم بیرۆکە بن و هەمیش شێوە. کاتێک کە چاوەکانم دادەخەم و بیر لە ژوورەکەم دەکەمەوە، ئەو بیرۆکانەی لەو ساتەدا لە بارەی ژوورەکەمەوە بۆم درووست دەبن بە تەواوی لە نوێنەرایەتی ئەو شێوانەوە هاتوون کە پێش چاو داخستنەکەم هەستم پێکردوون، وە ناشبێت بیرۆکەگەلێکم بۆ دروست ببن کە ئەم پێشینەیە نوێنەرایەتیان نەکات. کاتێک تۆماری پەیبردنەکانی تریش بۆ خۆم لێک دەدەمەوە هەمان دۆخ هەست پێدەکەمەوە و لە نوێنەرایەتیاکانیان ڕوونتر تێدەگەم. لێرەوە بیرۆکەکان و شێوەکان هەمیشە لە جۆرێک بەرامبەریدان لەگەڵ یەکتری. ئەم ئاگاهییە بۆ من دۆخێکی زۆر سەرنج ڕاکێشە و تێڕوانینەکانی من بەخۆیەوە خەریک دەکات.

ئەگەر هێمنانەتر ئەم پێوانەکارییە بکەین دەزانین کە زۆر لەسەر ئەم دەرکەوتنە سەرەتاییە وەستاوین و پێویستە لێرە بەدوا تیشک بخەینە سەر چەمکە داهێنراوەکانی ترمان وەکو سادەیی و ئاللۆزی، ئەم هەوڵەش بۆ ڕوونکردنەوەی سەرباسی پێشومانە لەوەی کە وتمان بیرۆکەکان و شێوەکان وا دەردەکەون کە هەریەکەیان وێنەی پێچەوانەی ئەوی تریان بێت. وەها تێبینی دەکەم، کە زۆرێک لە بیرۆکە ئاڵۆزەکانمان لە پێشینەی هیچ شیوەیەکەوە نەهاتوون، واتە بیرۆکەیەکی ئاڵۆزمان هەیە بەڵام ئەم بیرۆکەیە بە هۆی وەرگرتنی شێوەیەکەوە نەڕسکاوە، لە بەرامبەریشدا کۆمەڵیک بیرۆکەی ئاڵۆز سەر هەڵدەدەن کە پێشینەکانیان ناچنەوە سەر شێوەکان. بۆ نمونە لە ئەندێشەی خۆمدا وێنەی شارێکی تازە درووست دەکەم کە شۆستەکانی ئاڵتوون بن و دیوارەکانی مەرجان، لە کاتێکدا من لە ژیانمدا وەها شارێکم لەو شێویەدا نەبینیوە. پاریسم بینیوە، بەڵام ئایا دەکرێت لە ڕێگەی بیرکردنەوەوە وێنایەکی تەواوی شەقام و شۆستەکانی بکەم بەو شێوەیەی کە خۆیان لە ڕاستیدا بوونیان هەیە؟

لێرەوە بۆم دەردەکەوێت، هەرچەندە لێکچوونێکی گشتی هەیە لە نێوان شێوە و بیرۆکە ئاڵۆزەکاندا بەڵام ئەم گشتاندنە هەموو نموونەکانی پەیوەندیدار بەم بابەتە ناگرێتەوە و نابێتە ڕاستیەکی یونیڤێرساڵ، بۆیە بیرۆکە ئاڵۆزەکان و شێوە ئاڵۆزەکان ناکرێت بە درووستی وێنەی پێچەوانەی یەکدی بن. پێویستە سەرنجمان بخەینە سەر ئەو پەیبردنانەی کە خۆیان لە خۆیاندا سادەن. لەدوای خستنە گەڕی تەواوی توانای خۆم لەم سەرنجدانەدا، سەرەڕۆییانە پێداگری دەکەم کە یاساکەی پێشوو بە بێ هیچ کورت هێنانێک لێرەدا دەتوانێت کار بکات. واتە هەموو بیرۆکەیەکی سادە هاو-بەرامبەری شێوەیەکە، وە هەموو شێوەیەکی سادەش هاو-بەرامبەری بیرۆکەیەکە. بیرۆکەی ڕەنگی سور بە نموونە وەربگرە، کاتێک لە ژوورێکی تاریکدا وێنەی ڕەنگی سوور دەیهێنینە پێش چاوی خۆمان لەگەڵ ئەو ڕەنگە سوورەی کە لە ڕۆشنایدا دەیبینین هەمان سروشتیان هەیە، جیاوازی ئەم دووانە تەنها لە پلە بەندیاندایە نەک لە سرووشتیاندا. ئەستەمە بتوانین هەموو ئەوبەڵگانە ڕیز بکەین کە پشتگیری ئەم بۆچوونەمان دەکەن چوونکە بێژمارە زۆرن. هەر کەسەو لەبەرمبەردا دەتوانێت خۆی نمونەکان بۆ خۆ بهێنێتەوە تا ئەوکاتەی ڕوانگەکەی ئێمەی بۆ ڕوون دەبێتەوە، ئەگەر پێچەوانکەشی بکات نمونەیەکی دەست ناکەوێت. هەر کەسێکیش ئەم لێکچوون و هاو-بەرمابەرییە بە یونیڤێرساڵ نەزانێت، تەنها دەتوانم داوای ئەوەی لێبکەم نموونەیەکم بداتێ کە تێیدا شێوەیەکی سادە هاوبەرمابەری بیرۆکەیەک نەوەستێت یاخود بیرۆکەیەکی سادە هاو بەرامبەری شیوەیەک نەوەستێت. خۆ ئەگەریش نمونەیەکی وەهای نەکرد بەگژمانا، ئەوا لە بێدەنگیەکەی ئەو و بەڵگەکانی خۆمانەوە ئەنجامگیرییەکمان بۆ دروست بووە.

دۆزینەوەکەمان پێمان دەڵێت هەموو بیرۆکە و شێوەیەکی سادە هاو بەرامبەری یەکدین، وە ئاڵۆزەکانیش لە کۆمەڵێک سادە پێک هاتوون بەو هۆیەوە ئەم دوو ڕەگەزی پەیبردنە، بەتەواوی، بەرامبەری یەکدین. پاش ئەوەی ئەم پەیوەندیەمان دۆزیەوە، پێویستمان بە پشکنینی تر نییە بۆ زێدەتر سەلماندنی، لێ تەنها لە فزوڵی خۆمەوە دەمەوێت چەند خەسڵەتێکی تریش لەم بابەتەدا کەشف بکەم. لێرەوە دەچینە سەر ئەو وێستگانەی بابەتەکە کە ڕاستەوخۆ پەیوەندیدارن بە پرسە وجودیەکانەوە، بەوەی کە داخۆ لە نێوانی شێوەکان و بیرۆکەکان کامیان لە ڕووی وجودییەوە دەبێت بە هۆ و کامیشیان بە ئەنجام؟

ئەم پەرتووکەی بەردەستت پشکنینێکی تەواوی ئەم پرسیارەی لە خۆ گرتووە. بەم هۆیەوە دەتوانین بۆ دڵنیایی زیاتر یەکەمین گوزارەی لۆژیکی خۆمانی تێدا بنووسین، ئەویش ئەو گوزارە گشتییەیە کە دەڵێت: هەموو بیرۆکە سادەکانمان لە یەکەمین دەرکەوتنیاندا هەڵهێنجراوی شێوەیەکی سادەن، کە هاوبەرمابەری یەکدین و بە تەواوی نوێنەرایەتی یەکدی دەکەن.

کاتێک سەرنج لە دیاردەکان دەدەم بۆ دۆزینەوەی سەلمێنەرێک بۆ گوزارەکەم، تەنها دوو جۆر سەلمێنەرم دەست دەکەوێت؛ لێ هەرکام لەو دیاردانە زۆر ڕوون و ئاشکرا و یەکلاکەرەوەن. لە پێشدا پێویستە بۆ دڵنیایی خۆمان پێداچوونەوەیەکی تازە بکەین لەسەر ئەوەی کە وتمان، ئەویش ئەوەیە کە هەموو بیرۆکە سادەکانمان هاوبەرامبەری شێوەیەکی سادەن، وە هەموو شێوەیەکی سادە بەهەمان شێوە هاو بەرامبەری بیرۆکەیەکی سادەن. بەهۆی ئەم ئامرازە نەگۆڕەوە دەتوانم ڕاستەوخۆ ئەنجامگیریەکی تر بکەم و بڵێم؛ پەیوەندیەکی تۆخ و گەورە لە نێوان شێوەکان و بیرۆکەکاندا هەیە بە جۆرێک کە دەرکەوتنی یەکێکیان کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر هەبوونی ئەوی تریان هەیە. ئەم نەگۆڕە لە هەموو کاتەکاندا ناکۆتا خۆی دووبارە دەکاتەوە بەجۆرێک ناتوانین بڵێین دووبارە بونەوەکەی بەهۆی ڕێکەوتەوەیە، بەڵکو تەنها دەتوانین وەکو بەڵگەیەک سەیری بکەین بۆ سەلماندنی ڕاستی ئەو دیاردەیەی کە شێوەکان بەهۆی بیرۆکەکانەوە بوونیان هەیە یان بیرۆکەکان بەهۆی شێوەکانەوە بوونیان هەیە. بۆئەوەی دەربکەوێت هەبوونی کامیان پێش ئەوی تریان دەکەوێت، ڕەچاوی ڕیزبەندی یەکەمین دەرکەوتنیان دەکەم، لە ڕێگەی ئەزموونکردنی بەردەوامەوە بۆم دەردەکەوێت کە شێوە سادەکان هەمیشە دەکەونە پێش بیرۆکە سادە هاو-بەرامبەرەکانیانەوە، وە هەرگیزیش پێچەوانەکەی ڕوو نادات. ئەگەر بیرۆکەی ڕەنگی سوور یان پرتەقاڵی، تاڵی یان شیرینی بە منداڵێک بدەین، لە پێشدا دەبێت بچین کاڵاکەی پێ بناسێنین، واتە لە پێشدا دەبێت شێوەکانی پێ بناسێنین، بە پێچەوانەوە زۆر بێمانا دەردەچێت ئەگەر هەوڵ بدەین لە ڕێگەی باسکردنی بیرۆکەکانەوە بابەتەکە لە منداڵەکە بگەیەنین. بیرۆکەکان لەگەڵ هاتنی سەرەتاییاندا ناتوانن شێوەیەکی هاوبەرامبەریان هەبێت، هەربۆیە ناتوانین دەرک بە ڕەنگەکان یان تامەکان بکەین تەنها لە ڕێگەی بیرکرنەوە لە بارەیانەوە وەها کارێک تەواو بێمانا دەردەچێت. بە پێچەوانەشەوە دەبینین هەموو شێوەیەک لەگەڵ دەرکەوتنیدا بیرۆکەیەکی هاوبەرامبەری دەتوانرێت بۆ بدۆزرێتەوە، ئەم شێوەو بیرۆکەیەش بە تەواوی لە ناوەڕۆکدا لەیەک دەچن، ئەگەریش جیاوازیەکیش لە نێوانیاندا هەبێت تەنها لە کاڵ و تۆخی یەکێکیان بۆ ئەویتریان دەبێت نەک لە سروشتیاندا. گوزارەکەی پێشووترمان خۆی لە خۆیدا سەلمێنەر بوو، لەهەمان کاتیشدا وەکو نەگۆڕێک توانیمان بیسەلمێنین، بەهەمان شێوەی پێشوو دەتوانین بڵێین شێوەکان دەبنە هۆکاری ئەوەی بیرۆکەکان بوونیان هەبێت نەک بە پێچەوانەوە بیرۆکەکان ببنە هۆی درووست بوونی شێوەکان.

لە پێناوی ئەوەی زیاتر ئەم گوزارەیە بچەسپێنم، دیاردەیەکی زۆر ڕوون دەخەمە بەر باس و لێکۆڵینەوە، ئەویش ئەوەیە کە؛ ئەگەر لە هەر کاتێک لە کاتەکاندا بە هۆی ڕێکەوتەوە یان هەر بابەتێکی ترەوە دەزگایەک لەو دەزگایانە ڕێگریان لێکرا کە توانای ناسینەوەی شێوەکانیان هەیە، وەکو ئەوەی کەسێک هەر لە زگماکەوە نابینا یان نابیست بێت؛ ئەو کاتە نەک هەر شێوەکان بەتەواوی لەدەست دەچن بەڵکوو بیرۆکە هاو-بەرمابەرەکانیشیان بە هەمان شێوە لە دەست دەچن، بە جۆرێک کە هیچ شوێنەوارێکیان لە ئەندێشە و ئاگاهی ئێمەدا درووست نابێت. ئەم بۆچوونە نەک هەر تەنها بۆ ئەو کاتانە ڕاستە کە دەزگایەکی هەستی بەتەواوی لەکار دەکەوێت، بەڵکوو بۆ ئەو کاتانەش ڕاستە کە ئەو دەزگایە نەخرابێتە خزمەتی بەرهەمهێنان و ناساندنی شێوەیەکەوە. ئێمە هەرگیز ناتوانین بیرۆکەیەکی ماقووڵمان هەبێت لەبارەی تامی ئەنەناسەوە هەتا نەچین بە واقعی تامی ئەنەناسەکە نەکەین.

لێرەدا پێویستە ڕاستگۆیانە پەنجەبکێشم بۆ نموونەی دیاردەیەکی پێچەوانە کە ڕەنگە بتوانرێت بکرێتە بەڵگەی ئەوەی کە بە تەواوی ئەستەم نییە هەندێک لە کاتەکان بیرۆکەکان پێش شێوەکان بکەون. ئاشکرایە هەندێک بیرۆکەی ڕەنگ هەیە کە لەلایەن بیناییەوە هەڵدەگیرێتەوە و هەندێکیش بیرۆکەی دەنگ هەیە کە لەلایەن بیستنەوە هەڵدەگیرێتەوە، هەرکامیش لەم ڕەنگ و دەنگانە جودا لە یەکدی دەردەکەون، بەڵام لە هەمان کاتیشدا هاوچەشنیش لە نێوانیاندا هەست پێدەکرێت. واتە ئێمە هەرچەند دەتوانین ڕەنگەکان لە یەکدی جودا بکەینەوە بەڵام لە کۆتایدا هەر دەکرێت کۆی ڕەنگەکان وەکو کۆمەڵیک بیرۆکەی هاو شێوە لە دەنگەکان جودا بکەینەوە. ئەگەر ئەم بۆچوونە بۆ کۆی ڕەنگەکان ڕاست بێت ئەوا دەبێت بە هەمان شێوە بۆ تاکە تاکەی جوزئیاتی ڕەنگەکانیش ڕاست بێت. ڕەنگی سوور بە نموونە وەربگرە، تۆ ڕەنگی سوور بە جۆرەها شێوە دەناسیت لەمسەری سوورێکی تۆخەوە بۆ ئەوسەری سوورێکی کاڵ، بۆ هەریەکێکیش لەو جوزئیاتانەی شێوەی ڕەنگی سوور بیرۆکەیەکی سەربەخۆی خۆی دەبێت هاو-بەرامبەری بووەستێتەوە. ئەگەر وانەبێت چۆن دەتوانین شێوەی تۆخ و کاڵی ڕەنگێکی وەکو ڕەنگی سوور لە یەکدی جودا بکەینەوە، ئەگەر هەر جوزئە ڕەنگێکی سوور بیرۆکەیەکی سەربەخۆیمان لە بارەی خۆیەوە پێنەداینایە ئەو کاتە دەمانتوانی جوزئیاتی ڕەنگی سوور لەم سەری تۆخیەوە تا ئەوسەری کاڵی ڕابکێشین و پاشانیش نەوەستین تا ئەوسەری هەموو ڕەنگەکانی تریش. ئێستا کە ناتوانین ئەمە بکەین بە هۆکاری ئەوەیە کە جوزئیاتەکانی ڕەنگی سوور هەریەکەیان لە سەربەخۆی خۆیاندا بیرۆکەیەکمان لەبارەی خۆیانەوە پێدەناسێنن بەڵام لە شوێنێکدا ئەمە دەوەستێت و بیرۆکەی ڕەنگێکی تر دێتە ئاراوە. گریمان کەسێکمان هەیە تا تەمەنی بیست ساڵی توانیویەتی ئەزموونی بینین بکات، لەم سی ساڵەشدا توانیویەتی ئاشنایەتیەکی تەواو شارەزایانە لەگەڵ هەموو ڕەنگەکاندا پەیدا بکات، تەنها یەک جوزئیاتی ڕەنگی شین نەبێت کە بە هەرهۆکارێک بێت نەیتوانیوە ئەزموونی بینینی بکات. ئێستا ئەگەر هەموو جوزئیاتەکانی ڕەنگی شین بهێنینە پێش ئەم کەسە تەنها ئەو جوزئەیان نەبێت کە ئەو لێی بێبەشە، لە تۆخەوە بۆ کاڵ، ئاشکرایە کە ئەو دەتوانێت هەموو جوزئیاتەکان ببینێت تەنها شوێنی ئەو جوزئەی بە بەتاڵی بۆ دەمێنێتەوە کە لە بینینی بێبەش بووە، بەمەش بۆشاییەک لە شوێنی ئەو جوزئە نەبینراوە درووست دەبێت. ئێستا من دەپرسم، ئایا ئەم کەسە دەتوانێت تەنها لە ڕێگەی ئەندێشەیەوە بیرۆکەیەک بۆ ئەو جوزئە بدۆزێتەوە کە شوێنەکەی چۆڵە بە بێ ئەوەی شێوەکە ڕاستەوخۆ بەر هەستی بینینی کەوتبێت؟ پێموایە کەمێک نەبێت هەموو ئەوانی تر پێیان وادەبێت کە بەڵێ دەتوانێت وەها کارێک بکات؛ دەتوانین ئەمەش بکەین بە بەڵگەیەک تا لە ڕێگەیەوە بڵێین؛ بیرۆکە سادەکان هەمیشە و لە هەموو کاتەکاندا هەڵهێنجراوی شێوەیەکی هاو-بەرامبەر نین، هەرچەندە دۆخی ئەم نموونەیەی کە هێنامانەوە ئەوەندە نامۆ و موجەڕەدە کە دەکرێت بە لەسەر نەواستانیشی هیچ کاریگەرییەکی شایەن لەسەر گوزارەکەی پێشوومان درووست نەبێت.

بێجگە لەم نموونە شازەی کە هێنامانەوە، پێویستە ئاماژە بە خاڵێکی تریش بکەین کە بە جۆرێک لە جۆرەکان دەبێتە مایەی سنوردارکردنی گوزارەی موفەزەڵی شیوەکان پێش بیرۆکەکان. چوونکە هەموو یەکێک لە بیرۆکەکان لە کۆتایدا دەبنەوە وێنەیەک بۆ شێوەیەک، بەم هۆیەوە دەتوانین بیرۆکەی دووەمینمان لەسەر هەمان ئەو وێنە سەرەتاییە بۆ درووست ببێتەوە و وەهەروەها بەم شێوەیە وێنەکان بەدوای یەکدا بێن. هەرچەندە ئەمە نابێتە مایەی ئەوەی بڵێین دژایەتییەک بۆ گوزارەکەمان هاتۆتە پێش، بەڵکو تەنها ئەوەندەیە ڕوونکردنەوەیەکی گوزارەکەمان خستۆتە ڕوو. کەواتە لە دوایدا دەڵێین؛ بیرۆکەکان لە توانایاندا هەیە وێنەی خۆیان لە بیرۆکەی تازەتردا بەرهەم بهێنن، بەڵام چوونکە هەموو بیرۆکە سەرەتاییەکان هەڵهێنجراو و هاو-بەرامبەری تەنها شێوەیەکن، کەواتە گوزارەکەمان بە سەلمێندراوی دەمێنێتەوە و دەتوانین بە جەخت لەسەر کردنەوەوە بڵێین هەموو بیرۆکە سادەکانمان لێکەوتەی ڕاستەوخۆی شێوەیەکی سادەن.

David Hume. Caricature of the British philosopher and historian David Hume (1711-1776). .

ئەمە دەبێتە یەکەمین ڕێسا کە من لە بارەی سروشتی مرۆڤەوە زانستیانە دایدەمەزرێنم، هەرچەندە وادەردەکەوێت زۆر سەرەتایی و ساکار بێت بەڵام نابێت بەهۆی ساکاریەکەیەوە پشتگوێ بخرێت. لەبەرئەوەی لە کۆی ئەو پرس و گفتوگۆیەی لە سەردەمەکەماندا لەبارەی ئەولەویەتی شێوەکان یاخود بیرۆکەکانەوە هاتوونەتە ئاراوە، ئاڵۆسکاوی و دەنگەدەنگێکی زۆر تێکەڵ و پێکەڵ لە نێوان چەمکە بەکار هاتووەکانماندا درووست بووە، لە ئەنجامدا جۆرەها بۆچوون لە ئاراستەی جودا بەیەکدا هاتوونەتە ئاراوە، هەندێک پێیان وایە بیرۆکەکان خۆیان زگماکن و لە ئەزەلەوە لە ئێمەدا بوونیان هەیە هەندێکیش هۆکاری هەبوونی بیرۆکەکان دەگێڕنەوە بۆ لە پێشدا هەبوونی هەستەوەرەکانمان و توانای سەرنجدانمان. زۆرینەی فەیلەسوفان کاتێک دەیانەوێت وەکو ڕاستییەک ئەوە بسەلمێنن کە بیرۆکەی ڕەنگەکان ناکرێت زگماک و ناوەکی بن دەچن نموونە لەسەر هەستەوەرەکانمان دەهێننەوە و سەرنجمان بۆ دەزگا ئەزموونیەکان ڕادەکێشن کە بەبێ هەبوونی ئەوان ناکرێت هیچ جۆرە بیرۆکەیەکمان لە بارەی ڕەنگەکانەوە بۆ درووست ببێت. کاتێکیش دەیانەوێت لەسەر نازگماکی هەست و سۆزەکان بەڵگە بهێننەوە باری سەرنج دەخەنە سەر ئەو پاشخانە ناوەکیەی کە تەنهاو تەنها لە ڕێگەی ئەزموون کردنەوە هەست و سۆزی لای ئێمە گەڵاڵە کردووە. کاتیک ئێمە خوێندنەوەیەکی قووڵ بۆ هەرکام لەو ئارگومێنتانەی ئەوان دەکەین دەبینین هیچ بەشێکی بابەتەکەیان بە ڕوونی بۆ یەکلایی نەکردووینەتەوە، تەنها گووتویانە کە هۆکاری درووست بوونی بیرۆکەکانمان دەگەڕێتەوە بۆ ئەو پەیبردنە حەیەویانەی کە دەبنە مایەی هەڵهێنجان و نیشاندانی ئاگاهییەک. هیوادارم ڕوونکردنەوەکانی من لەم بابەتەدا زۆر ئەولاتر کشا بێتن و هەموو ئەو ناتێگەیشتنانەی تا ئەندازەی یەکلا کردنەوەی بابەتەکە ڕەواندبێتەوە و پێناسە کارییەکی هۆشمەندانە و هێمنانەی بۆ چەمکەکان کردبێت و پارێزی لەو تەێکەڵ کارییە کردبێت کە هەتا ئێستا لەم بابەتەدا کراوە.

سەرچاوە:

A Treatise of Human Nature, Book 1: Of the Understanding, Section 1: Of the origin of our ideas, Publisher: Penguin Books Ltd, Publication date:1986.

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌