له‌ حیكمه‌تی ”شێته‌كان”ه‌وه‌ بۆ بێحیكمه‌تی مامۆستاكانی زانكۆ


Loading

دیلان قادر

له‌ حیكمه‌تی ”شێته‌كان”ه‌وه‌ بۆ بێحیكمه‌تی مامۆستاكانی زانكۆ

 

 

 

 

دیلان قادر

 

 

 

 

چی ڕووده‌دات كاتێك شێوازی دواندن و بیركردنه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی گوایه‌ ”شێت”ن ده‌گوازرێته‌وه‌ بۆ ناوه‌ندێكی په‌روه‌رده‌یی و ئه‌كادیمی وه‌كو زانكۆ؟ مه‌به‌ستم له‌ ”شێت” ئه‌و كه‌سانه‌یه‌ هاكه‌زایی وه‌ها ناسراون، له‌ قسه‌كردن و ده‌ربڕینی ئه‌و كه‌سانه‌یه‌ كه‌ له‌ ژماره‌یه‌كی زۆر گرته‌ی ڤیدۆییدا بڵاوبوونه‌ته‌وه‌؛

https://www.youtube.com/watch?v=RKSFsu0MOBc&feature=youtu.be

 قسه‌كردنێك كه‌ له‌ هه‌مانكاتدا ده‌كرێت بمانهێننه‌ پێكه‌نین و واشمان لێبكه‌ن له‌ هه‌ندێك دیارده‌ وردبینه‌وه‌، كه‌ ده‌شێت قسه‌ی هه‌له‌قوبه‌له‌ق بن و كه‌چیش تێڕامانێكی كورت و خێرابن له‌ دۆخی كۆمه‌ڵایه‌تی، هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ی دونیای ئه‌قڵانی بن به‌و جۆره‌ی ده‌یناسین و لێڕوانینێكی سه‌رتاپا جیاوازبن. ده‌كرێت چی بڵێین كاتێك ئه‌م جۆره‌ له‌ تێكه‌ڵوپێكه‌ڵی ده‌گوازرێته‌وه‌ بۆ زانكۆ؟

سەرۆکی بەشی فەلسەفەی یەکێک لە زانکۆکان، کە وابزانم زانکۆی سەڵاحەدینە، لە ساڵی ٢٠١٧ و لە گرتەیەکی ڤیدۆیدا هەوڵدەدات بەشەکە بناسێنێت و بەڕێزیان ده‌ڵێت:

”ئێمە ئەگەر سەرەتا پێناسەیەکی وردی گشتی بکەین لە بۆ فەلسەفە، بریتییە لە هەموو ئەو ڕووداوانەی لە تاکێکی کۆمەڵگەوە لە کۆنەوە، مەبەستم ئەوەیە لە پێشی ئیسلامەوە، تا هاتنی عوسمانی وە کۆتایی عوسمانی، کۆدەکرێتەوە لەو هزرەی لە نێوان تاکدا دروست دەبێت، لە نێوان واقیعێک، لۆجیکێکمان هەیە لەگەڵ ئەو شتانەی ناتوانیت تۆ بەرجەستەیان بکەیت.’[1]

 

ئەو تاقە ڕستەیە وەها لێوانلێوە لە شتی بەسەریەکدا هەڵڕژاو کە ئەستەمە هیچ مانایەک بە دەستەوە بدات. کێ بیستوویەتی پێناسەیەک هەم ”ورد”و هەم ”گشتی” بێت؟ ئه‌ی ئایا بەڕێزیان دەڵێت؛ فەلسەفە هەموو ئەو ڕووداوانەیە تا کۆتایی عوسمانی؟ ئەی دوای خەلافەتی عوسمانی؟ یان ئەوەیە بەشەکەیان هەتاکو خەلافەتی عوسمانی بڕدەکات و دواتر هەناسەی لێدەبڕێت؟ واتە قوتابییەک چوار ساڵ دەچێت بۆ زانکۆ فەلسەفە بخوێنێت و گەشتە فەلسەفییەکەی لەگەڵ کۆتایی هاتنی خەلافەتی عوسمانیدا کۆتایی پێدێت؟ هەروەها پێش ئیسلام یانی چی؟ ئەمە هیچ مانایەکی نییە چونکە پێش ئیسلام دەکرێت هەموو شتێک بگرێتەوە هەتاوەکو دەگاته‌وه‌ بە تەقینەوە مەزنەکە. پاشان، بە چ پێوانەیەک لۆجیک دژ بە شتی بەرجەستەکراوە؟ سەرەتا با بپرسین مەبەستمان لە چ لۆجیکێکە؟ چونکە لۆجیکمان هەیە ڕاستەوخۆ بەستراوەتەوە بە ژیانی ڕۆژانە و بەرجەستەکراوەوە، بۆ نمونە لۆجیکی ئەرستۆ، یاخود بە مێژووەوە، بۆ نمونە لۆجیکی هیگڵ، یاخود بە هەڵسەنگاندن و لێوردبوونەوە و باشترکردنی زمان و هزرەوە، بۆ نمونە لۆجیکی ناڕەسمی، کە من گومانم هەیە سەرۆکی بەشی فەلسەفە به‌ ”وردی” و به‌ ”گشتی” ئاگای لە هیچ یەک لەو بوارانە بێت.

 

ڕەنگە تاقە تێگەیشتنێک لەو ڕستەیە خۆی بەدەستەوە بدات ئەوە بێت کە فەلسەفە هزرێكه‌ لە نێو تاکێکدا سه‌رهه‌ڵده‌دات. بەڵام من لێرەدا بەم دەربڕینە یارمەتییەکی زۆری سەرۆکی بەشی فەلسەفە دەدەم. چەند جارێک گوێم لەو ڕستەیە گرت و دواتر نووسیمەوە و دواتر دەیانجار خوێندمەوە بۆ ئەوەی بتوانم مانایەکی لێهەڵبهنجێنم، بەڵام ڕەنگە ئەو مانایەی من پێی دەبەخشم بە هیچ شێوەیەک مەبەستی سەرۆکی بەشەکە نەبێت، کە بەو پێناسە بێسەروبەرەوە کۆتایی بە قسەکانی نەهێنا، بەڵکو بەرده‌وام دەبێت و دەڵێت:

 

وە ڕووداوەکانی فەلسەفەش، ئەوانەی کە ڕوودەدەن و بە فەلسەفە دەناسێنرێن، لە دوو توێ خۆیان ئەگرێتەوە. توێی یەکەمیان بریتییە لە دەرەچەیەک، دەرخستنە لە پەیامە ئاینییەکە، کاتێک فەیلەسوف دروست دەبێت لەسەر ڕێچکەیەکی ئاینی دروست دەبێت، دوای دەبێتە هەڵگەڕاوەیەک، ئەمە هۆکاری ناساندنەکەی دەکات.”

ئەم تێڕوانینە بۆ فەیلەسوف، سەرەڕای هەبوونی نمونەی ئەو فەیلەسوفانەی سەرەتا سەر بە ڕێچکەیەکی ئاینی بوون و دواتر دەستبەرداری بوون، تێڕوانینێکی هێجگار تەسکبیرە. نمونەی پێچەوانە بە هەمان ژمارە بوونیان هەیە و بێگومان لە نێو ئەم دوو جۆره‌ لە فەیلەسووف ئەوانەشمان هەیە یان هەر لە سەرەتاوە بێئاین بوون و وەها ماونەتەوە و یاخود باوەڕدار بوون و لە سەر باوەڕدارییان بەردەوام بوون. کورتکردنەوەی تایپێکی فرەسیفەت و دیاردەیەکی فرەلایەن خواستی عەقڵێکی سادەخوازە.

 

 

 

ئەمە لە چیرۆکی دەستگیرکردنی بێرتراند ڕەسڵ-ی فەیلەسوفی بەڕیتانیدا دەردەکەوێت، کاتێک لە ساڵی ١٩١٨ بەهۆی ئەوەی کەسێکی ئاشتیخواز ده‌بێت و دژی جەنگی جیهانی یەکەم ده‌بێت، وتارێکی ئاشتیخوازانە دەنووسێت و بەهۆیە بڕیاری شەش مانگ زیندانیکردنی بۆ دەردەکرێت، کاتێک دەچێت بۆ زیندان پاسەوانێک له‌به‌رده‌رگای زیندان لێی دەپرسێت سەر بە چ ئاینێکە، بێرتراند ڕەسڵ-یش دەڵێت ئاگنۆستییە (سەر بە هیچ دینێک نییە)، پاسەوانەکە ئاهێکی لێوە دێت و لە وەڵامدا دەڵێت: ”جا ئیتر ژمارەیەکی زۆر ئاین بوونیان هەیە، بەس پێموایە هەموویان بڕوایان بە یەک خودا هەیە.”[2] ئەمە نمونەی قسەی کەسێکە کە ناتوانێت یان نایەوێت فرەڕەنگی بابەتەکان ببینێت، هەربۆیە بەلایەوە ئاسانترە خۆی بە جیاوازییەکانەوە سەرقاڵنەکات. ئێمە دەکرێت باسی چەند سیفەتێکی گشتی بکەین کە لە فەیلەسوفاندا ده‌بینرێنه‌وه‌، هەروەک چۆن دەکرێت هەندێ سیفەت لە زۆرێک لە هونەرمەنداندا ببینرێنه‌وه‌، یاخود لە کەسانی کاریزمایدا، بەڵام هەڵەیە بڵێین یەک جۆر هونەرمەند و یەک جۆر کەسی کاریزمای و یەک جۆر فەیلەسوفمان هەیە.

 

جیاوازییه‌كی زۆر لە نێوان تایپی کەسەکان و کەسە تاکەکانی هەر تایپێکدا هەیە، بۆ نموونە؛ لە نێوان تایپی هونەرمەند و هونەرمەندە تاکەکان. ژمارەیەکی زۆر لە هونەرمەندان دەکرێت لە ژیانیاندا چەرمەسەری و کێشەی بژێوی بە خۆیانەوە ببینن، چەرمەسەری و کێشەگەلێک کە هۆکارەکەی ئەوەیە لە بری خەمی پەیداکردنی بژێوی، کە خەمێکی زۆربەی تاکەکانی کۆمەڵگەیە، هونەرمەند لە خەمی هونەرەکەیدایە، کە لە زۆربەی باردا لە سەرەتاوە ناتوانێت بژێوی خۆی پێپەیدابکات. بەڵام ئەوەی چۆن هونەرمەندەکان ئەزموونی چەرمەسەری و کێشە دەکەن لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگۆڕێت، توندییەتی و چڕێتییەکەی دەگۆڕێت، شێوازەکەی دەگۆڕێت و کاتەکەی دەگۆڕێت. دەروونناسی کارێکی زۆری لەسەر بابەتی تایپی کەسه‌کان کردووە، بێ ئەوەی ڕێچکەی ژیانی کەسەکانی هەر تایپێک پێناسەبکات، بەڵکو بۆ هەر تایپێک چەند سیفەتێک دەستنیشان ده‌كات کە دەکرێت ژماره‌یه‌كیان لە کەسەکانی هەر تایپێکدا ببینرێتەوە. بەڵام من گومانم هەیە سەرۆکی بەشی فەلسەفە ئاگاداری ئەو بوارەی دەروونناسی بێت، ئەمەش بۆیە دەڵێم چونکە بەڕێزیان بەردەوام دەبن لە شیتەڵکردنی فەلسەفە بۆمان و دەڵێن:

 ”فەلسەفە گشتگیرییەکە بۆ هەموو ئەو زانستانەی کە لەسەر گۆی زەویدا، مەبەستم ئەوەیە بە مانە ئەسڵییەکەی، بە مانا تایبەتمەندییەکەی، لە نێوان تاک و کەونەوە، یانی پێکهاتە بوونەوەرییەکانەوە، کۆدەکرێتەوە. زانستی فەلسەفە، وەکو زانستێک من وەسفی دەکەم، نەک وەکو لایەنێکی ئەدەبی، وەکو زانستێک باسی دەکەم، زانستێکە گشتگیرییە بۆ هەموو ئەو زانستانەی لە چواردەور و خولگەی عەقڵی مرۆڤدا دەخولێتەوە. یانی واتە کیمیایە، طوبە، مەبەستم ئەوەیە علومە، هەندەسەیە، تۆ جەبرت هەیە لە بەشی فەلسەفە.”

 

با خێرا ئەو گاڵتەبازییە تێپەڕێنین کە لێرەدا بە تێگه‌یشتن دەکرێت و بپرسین یانی چی ”بە مانا ئەسڵییەکەی، بە مانا تایبەتمەندییەکەی”؟ ئه‌ی گەر زانستەکان لەسەر گۆی زەوی نەبن ئاخۆ دەبێت لە چ چاڵێكی ڕه‌شی گه‌ردووندا بن؟ زانستەکان لەلایەن مرۆڤەوە پەرەیان پێدراوە و مرۆڤ نیشتەجێی سەر زەوییە، باسکردنی ئه‌مه‌ش وەکو ئه‌وه‌ی زانینێكی ”ئه‌سڵی” و ”تایبه‌تمه‌ند” بێت وه‌كو ئەوە وایە سەرۆکی بەشی فەلسەفە قسە بۆ بوونەوەرێکی هەسارەیی نامۆ بکات. بەڵام پرسیاری جدی لێرەدا ئەوەیە ئایا فەلسەفە زانستە؟ وروژاندنی ئەو پرسیارە تاقە بابەتی شایسته‌یه‌ سەرۆکی بەشی فەلسەفە لە ناساندنەکەیدا بیکات. ئەو بێگومان فەلسەفە بە زانست دادەنێت، کە ئەمەش بۆچوونێکە و وەها دادەنێت هەموو زانستەکان سەرچاوەکەیان لە فەلسەفەدایە و هەموو زانستەکانیش پێویستیان بە فەلسەفەیە، ئەمەش ڕاستە. ئەوەی ئەو بۆچوونە خۆی لێلادەدات جیاوازییەکی بنەڕەتی نێوان زانست و فەلسەفەیە، یاخود نێوان زانست و بەشە مرۆڤایەتییەکانە. لە کاتێکدا زانستەکان لەسەر بنەمای تاقیکردنەوەی ئەزموونی و هەڵسەنگاندن و داتا كارده‌كه‌ن، فەلسەفە لەسەر بنەمای ئارگومێنتسازی و بیرکردنەوەی ڕەخنەیی كارده‌كات. ئەمە دەربڕینێکی کورت و سادەیە، بەڵام بە شێوەیەکی ڕوون جیاوازی نێوان فەلسەفە و زانستەکان دەردەخات.

 

خۆشبه‌ختانه‌ سه‌رۆكی به‌شی فه‌لسه‌فه‌ له‌وه‌ زیاتر درێژه‌ به‌ تێگه‌یشتنی به‌ڕێزیان بۆ فه‌لسه‌فه‌ نادات، بۆ ئه‌وه‌ش ده‌بێت سوپاسگوزاری بین چونكه‌ گه‌ر به‌رده‌وام بووایه‌ نه‌ك هه‌ر ژماره‌یه‌كی زۆر قوتابی له‌ به‌شی فه‌لسه‌فه‌ دڵسارد ده‌كرده‌وه‌، به‌ڵكو به‌یه‌كجاری ده‌یتۆراندن.

 

گرنگی ئه‌م باسه‌ له‌وه‌دا نییه‌ له‌ خۆیدا كێشه‌یه‌، به‌ڵكو ئه‌وه‌یه‌ ڕه‌نگه‌ ده‌روازه‌یه‌ك بێت بۆ باشتر حاڵیبوون له‌ چه‌ندین بابه‌تی تر. ئێمه‌ ده‌كرێت بپرسین بۆچی لە کوردستانی باشوور جێگای سەرسامی نییە کاتێک ئیشە هونەرییە جیاوازەکان دەبنە سەرئێشە بۆ بڕێکی زۆری خەڵک؟ یاخود بۆچی سەلەفییەت هەمیشە زیندووە؟ یان بۆچی گەنجە پڕ ئومێدەکانی ئەمڕۆ دەبن بە سەرکردە پەرستەکانی سبەینێ؟ بێگومان من قورسایی هه‌موو ئه‌و پرسیارانه‌ ناخه‌مه‌ سه‌رشانی به‌شی فه‌لسه‌فه‌ی زانكۆیه‌ك، به‌ڵام ئاساییه‌ هیواخوازبین ده‌رچوانی زانكۆكان تاكی كارا و كاریگه‌ر بن، به‌ڵام له‌ژێر سیسته‌مێكی بنه‌ماڵه‌یی و ئه‌ندامچێتی حیزبایه‌تی ئه‌وه‌ هیوایه‌كی كزه‌، چونكه‌ گه‌ر ئێمه‌ به‌ سروشت به‌رژه‌وه‌ندخوازبین و دۆخێكی زاڵ پێناسه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیمان بكات، ئه‌وه‌ به‌رده‌وامی ئه‌و دۆخه‌ زامنی به‌رژه‌وه‌ندیمانه‌. گۆڕانكاری له‌ دووباره‌ پێناسه‌كردنه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیدا خۆی ده‌بینێته‌وه‌، پاشان به‌كارهێنانی ئه‌و میكانیزمانه‌ی ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندییانه‌ ده‌سته‌به‌رده‌كات. هه‌رچیش په‌یوه‌ندی به‌ به‌شی فه‌لسه‌فه‌وه‌ هه‌یه‌، به‌ هیوام له‌ سه‌رده‌می فێربوونی ئۆنڵایندا مامۆستاكانیان بتوانن فێری به‌ كوردی قسه‌كردن ببن و گه‌ر به‌شه‌كانیان داخراوه‌ كاته‌كه‌ بقۆزنه‌وه‌ چه‌ند كۆرسێكی بنه‌ڕه‌تی له‌ فه‌لسه‌فه‌دا وه‌ربگرن.

 

 

 

سه‌رچاوه‌كان:

١. کۆلێژی ئاداب – بەشی فەلسەفە، رێبه‌ری ڤیدیۆیی زانكۆكان، ٢٢ ئاب ٢٠١٧، یوتوب، لینك: https://youtu.be/RKSFsu0MOBc

٢. Albert Shansky، Bertrand Russell on Religion, with Buddhist Commentaries، Philosophy Now، لینك: https://philosophynow.org/issues/26/Bertrand_Russell_on_Religion_with_Buddhist_Commentaries

[1] https://youtu.be/RKSFsu0MOBc

[2] https://philosophynow.org/issues/26/Bertrand_Russell_on_Religion_with_Buddhist_Commentaries

 

 

 

 

مافی تایبه‌تی ئه‌م بابه‌ته‌ به‌ كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌دوایه‌. ‌