نوسه‌ر؛ هاوار موحه‌مه‌د

جەنگ و دراوسێیەتى


Loading

هاوار محەمەد


لە هەفتەیەك پێش هەڵگیرسانى جەنگى ئۆكرانیاوە تاوەكو ئەمڕۆ، میدیاى ئەڵمانى بەشێوەیەكى سەرەكى لەسەر دوو پەیام كارى كردووە: یەكەمیان، ئۆكرانیا وڵاتێكى قوربانییە و ڕووسیایش هیچ پاساوێكى بۆ ئەم داگیركارییە نییە. دووەم، ئەسڵى ئەم جەنگە وا لە دابەشبوونێكى هەرە دێرینى نێوان ستەمكاریى ڕۆژهەڵاتى و دیموكراسییەتى ڕۆژئاواییدا، بۆ زەقكردنەوەى ئەمەیش بە زۆرى گوزارەى “جەنگى پوتین” وەك ئاماژە بۆ ستەمكارەكە بەكاردەهێنن. بۆ ئەوە ئەم دوو پەیامە پێكەوە ببەسترێنەوە، ڕۆژئاوا لە گوتارێكى ئەخلاقیدا دای دەڕێژنەوە: ڕووسیا پەلامارى دراوسێیەكى خۆى دەدات و دراوسێكەیش بەرەنگارى ئەم داگیركارییە دەبێتەوە؛ ئەوروپایش، لەپێناو پاراستنى دیموكراسیدا، بەرپرسیارێتیى ئەخلاقیى بەرامبەر وڵاتانى كیشوەرەكەى خۆى لە ئەستۆیە و دەبێت وەڵامى هەبێت؛ چ بە سزادان یان بە جەنگێكى گەورەتر (لە ڕاستیدا سزادانەكانیش هەر جۆرێك جەنگن، بەڵام، وەك فۆكۆ دەڵێت و تێزەكەى كلاوسەفیتزە هەڵدەگەڕێنێتەوە، بە كەرەستەى تر [ئابوورى و ڕەمزى]). بەم مانایە لە ئەوروپا حاڵى حازر جاڕى جەنگ دەدرێت؛ گوایە جەنگێكى عادیلانە بەرامبەر جەنگێكى نا-عادیلانە. لە یۆنانیشەوە پتر عەدالەت لە جەوهەردا بە واتاى ئەخلاق هاتووە. بەڵام ئاخۆ جەنگ ئەخلاقییە؟ بە كورتى، جگە لە هەموو ڕەهەندەكانى دیكە، ئەم جەنگە ڕەهەندێكى مۆراڵییشى هەیە كە ڕۆژئاوا بە چڕى زەقى دەكاتەوە و بەم جۆرە فۆرمولەى دەكات: لەلایەك پێشێلكردنى دراوسێیەتى (كردەى نا-ئەخلاقى)؛ لەلایەكیتر بەرەنگارى (كردەى ئەخلاقى). بەلاى ئێمەوە ئەم گوتارە، كە ڕەهەندى ئەخلاقیى جەنگەكە لەم كڵێشە سادە میدیاییەدا كورت دەكاتەوە، نەك ڕووماڵێكى ڕاستەقینەى ئەخلاقگەرایانە نییە، بگرە تەواو نا-ئەخلاقییە. ئێمە لەم وتارەدا ئەم نا-ئەخلاقیبوونەى دەردەخەین؛ مەسەلەكەیش پێش هەموو شتێك ئەوەیە، گەر لە كاتى جەنگدا هەمووان بەرپرسیارێتیى ئەخلاقییان بكەوێتە سەر، ئەوا بە گوتەى ژان-لوك نانسى، بەرپرسیارێتیى بیرمەندان و نووسەران كەمێك تایبەتە: ئەوەیە بیر بكەنەوە (Nancy: Being singular Plural, p.101). بیركردنەوە لە چى؟ لە خودى بەرپرسیارێتیى كە لاى لێڤیناس جەوهەرى ئەخلاقە. یەكەم تروسكایى بیركردنەوەش لەم دۆخەدا واتە دەرچوون لە كڵێشە میدیاییەكان و پڕوپاگەندەكان. كەواتە دەبێت دیسان ڕەهەندى مۆراڵیى جەنگەكە هەڵبسەنگێنینەوە؛ بۆ ئەمەیش لە درێژەى ئەم وتارەدا مشتومڕى چەند پرسیارێك دەكەین، لەوانە: 1) ئایا دراوسێیەتى لەنێوان ڕووسیا و ئۆكرانیادا چ مانایەكى هەیە؟ 2) ئاخۆ دەكرێت ئەوەى دەوڵەتى ئۆكرانیا دەیكات ناو بنێین بەرەنگارى/ مقاوەمە؟ 3) بەرپرسیارێتیى ئەخلاقیى بەرامبەر كێیە؟ 4) چ ئیمكانێك بۆ ئاشتییەكى ڕاستەقینە لە ئارادایە؟ 

دراوسێیەتى

سەدام حسێن لە سەردەمى دەسەڵاتى خۆیدا پەلامارى دوو لە دراوسێكانى عێراقى دا: ئێران و كوەیت، بەمەیش پەیوەندیى دراوسێیەتى die Nachbarschaftbetziehung گۆڕى بۆ پەیوەندیى جەنگ die Kriegbetziehung . پەیوەندیى دراوسێیەتى لە تیۆرى ئەخلاقیدا لەنێوان من و ئەویتردا دادەمەزرێت؛ ئەویتر واتە ئەوەى بەشێك نییە لە من، نابێت بە من و لە ئەویترێتیى خۆیدا دەمێنێتەوە[1]. سەدام حسێن ئەم بنەما ئەخلاقییەى پێشێل كرد و هەوڵیدا دراوسێكان داگیر بكات. داگیركردن كۆمەڵێك كردە لەخۆدەگرێت كە دەستبەسەرداگرتن، حوكمكردن، ئیحتیواكردن، تواندنەوە، پێوەلكاندنن؛ دواجار ئەمانە واتە تۆتاڵیزەكردن Totalization. كاتێك دواى زنجیرەیەك سەركوت و پاكانەحیساب، تۆتاڵیزەكردن بەدیى دەهێنرێت، ئاشتى بەرقەرار دەبێت. بەم پێیە تۆتاڵ دوو كردەى دیالەكتیكیى جەنگ و ئاشتییە كە مێژوو تا كۆتاییەكەى دەبزوێنن. ئەمە عەقڵى هیگڵییە كە لێڤیناس ئیمكانى هیچ ئاشتەواییەكى ڕیشەیى تێدا نابینێت: سەنتێز ئاشتى نییە، تۆتاڵە. ئاشتى واتە ئاشتكردنەوەى ئەویتر.

جەنگ سەرەتا دەرچوونە لە تۆتاڵ، لە هەمان[2] das Selbe/the Same؛ بەڵام نابێت بە ئەویتر[3] das Andere/the Other، چونكە ئەویتر دراوسێیە؛ بە پێچەوانەوە جەنگ پێشێلكردنى خودى دراوسێیەتییە لە تۆتاڵبوونەوەى خۆیدا: «دۆخى جەنگ، ئەخلاق هەڵدەپەسێرێت. […] تەنیا سەر بە مەینەتییەك نییە مۆراڵ تێیدا بژى، [بەڵكو] دەیكات بە جێى گاڵتەرجاڕى lächerlich. […] پێشبینیكردنى جەنگ و بردنەوەى بە هەموو ئامرازەكان، لەمەودوا وەك خودى مومارەسەى عەقڵ لەخۆگیراوە. […] لە جەنگدا واقیع ئەو وشە و وێنانە دەدڕێنێت كە دایانپۆشیوە، تاوەكو لە ڕووتێتیى و زەبروزەنگەكەیدا دەربكەوێت. […] نەك تەنیا جەنگە مۆدێرنەكان، بەڵكو هەموو جەنگێك هەندێك چەك بەكار دەخات كە دژ بەوانەى هەڵیانگرتووە هەڵدەگەڕێنەوە. جەنگ نەزمێك دادەمەزرێنێت كە هیچ كەس ناتوانێت مەودایەكى لی وەربگرێت. ئیدى لەوە بە دوا هیچ شتێك لە دەرەوە نییە. جەنگ دەرەوەێتى Exteriorität و ئەویتر وەك ئەویتر پیشان نادات؛ شوناسى هەمانیش خاپوور دەكات» (Lévinas: Totalität und Unendlichkeit, P. 19-20). جەنگ خۆى دەبێت بە تۆتاڵ؛ لۆژیكى جەنگ دەرەوەى نییە، یان دۆستیت یان دوژمن. جەنگ پەیوەندییەكى گرژى منتۆى دوولایەنەیە لە مانا نێگەتیڤەكەیدا و هیچ ئەویترێك ناهێڵێتەوە. بەعس نەزمى جەنگ بوو، هەموو پەیوەندییەكى لەگەڵ دەوروبەردا دەگۆڕى بۆ پەیوەندیى جەنگ؛ نەزمێكى سپارتەیى كە تێیدا جەنگ دەبێت بە ئامانجى خۆى (Nancy: Being singular Plural, p.125). هەمان ئەم نەزمە ئێستا پوتین خەریكە دایدەمەزرێنێت.

بەڵام پاساوى ئەوساى عێراق و ئێستاى ڕووسیا بۆ هێرشكردنە سەر دراوسێكانیان چییە؟ گریمان وەڵامەكەى ژیژەكە: دراوسێكان ئیستفزاز دەكەن. ئێران سەروەریى عێراقى دەبەزاند، كوەیتیش یاریى بە نرخى نەوت دەكرد كە لە زیانى عێراق دەكەوتەوە؛ هیچ دەروەستى داواكارییەكانى عێراقیش نەهاتن. بۆ ڕووسیایش بەهەمان شێوەیە: ئۆكرانیا بووە بە مۆڵگەى نیونازیستە تووندڕەوەكان، گەلى ڕووسى لە لۆگانس و دۆنیێتسك قەتڵوعام دەكرێن، ئۆكرانیا دەیەوێت هێزى ناتۆ تا سنوورەكانى ڕووسیا ڕابكێشێت و ژێربەژێریش بەرنامەى چەكى ئەتۆم پەرە پێ دەدات. ئەم پاساوانە هەموویشیان درۆ و پروپاگەندەى ڕووتى پوتین نین؛ هەر بەو جۆرەى ڕاستییەكى ڕێژەیى لە هۆكارى شەڕەكانى عێراقیشدا هەبوو. بەڵام با تێستى بۆچووكەى ژیژەك بكەین: ژیژەك ڕەخنەى ئەوە لە لێڤیناس دەگرێت كە ئەم جۆرە نیەت و هەڵسوكەوتە خراپانەى دراوسێ، ئیستیفزاز و نیگاى دوژمنكارانەى دراوسێ بە هەند وەرناگرێت (Žižék, How to read Lacan, P.43). بەدیوێكدا ئەم بۆچوونە دروستە، لاى لێڤیناس هیچ باسێك لە خراپەى دراوسێ لە گۆڕێدا نییە؛ بەڵام مەسەلەكە ئەوەیە لێڤیناس ئەخلاق بە ڕەفتارى ئەویترەوە مەرجدار ناكات، ئەخلاق بەرپرسیارێتیى منە بەرامبەر ئەویتر، دەنا هیچ مانایەكى نامێنێت. چاكبوونى من پەیوەست نابێت بە چاكبوونى ئەویترەوە، لەبەرئەوەى هەر لە بنەڕەتدا ئەخلاق پەیوەندییەكى پێش-ئەزموونییە كە تێیدا خودى ئەزموون ڕوودەدات. ئەویتر تەمومژە و من ئەزموونى تەمومژ دەكات پێش ڕەوینەوەى؛ تەنانەت ئەم ئەزموونە بۆ ڕوونبوونەوە نییە، پتر بۆ ئەزموونكردنى خودى لێڵییە. ئەویتر هەرگیز بە كامڵى نایەتە حزوور و لەودیو ناسینەوە دەمێنێتەوە؛ ئەویتر ناكۆتایە. داواى ناسین و چاكبوونى ئەویتر وەك پێشمەرجى چاكبوونى من، واتاى ئەوەیە ئەخلاق دەچێتەوە ژێر هەژموونى ئۆنتۆلۆژیا؛ هەموو هەوڵى لێڤیناسیش بۆ ڕزگاركردنى ئەخلاقە لە ئۆنتۆلۆژیا.

هێشتایش وەڵامى ئەرگومێنتەكەى ژیژەك بە تەواوەتى قەناعەتپێكەر نییە. چۆن بە ڕەهایى و بێمەرج بەرامبەر جیران چاك بین، وەختێك جیرانەكانمان ئیستیفزازمان بكەن؟ ئاخۆ ئەمە ئایدیالیزم نییە؟ وەڵامەكە هەستیار و وردە؛ گەر بە وردى نەزانین مەبەستى لێڤیناس لە دراوسێ یان ئەویتر چییە، ناتوانین كتومت لە تیۆرەكەى تێبگەین. دراوسێیەتى نزیكایەتییە، بەڵام نزیكایەتییەكى لۆژیكى، یان جوگرافى، یان ڕەگەزى نییە؛ دراوسێ نە لەنێو نەزمى جێگیرى تۆتاڵدایە، نە لەنێو نەزمى جەنگى هەمووان دژ بە هەموواندا. دراوسێ ئەوەیە كە دێت بێ ئەوەى هیچ توانایەكى نێگەتیڤیتى تێدا مابێت، هەژارێتیى پەتییە، ڕووتییە لەوپەڕى ڕووتێتیى خۆیدا. نزیكایەتیى دراوسێ، دوورترە لە هەر دوورییەكیش؛ چونكە لە شەرمى ئەم ڕووتێتییەدا دەكشێتەوە بۆ پشتى خۆى «هەژاریى ڕەزیلەت نییە، بەڵام شەرمە، چونكە وەك سواڵكەرێكى دەبەنگ، ڕووتێتیى بوونێك دەردەخات، كە ناتوانێت خۆى بشارێتەوە» (Levinas, On escape, P. 64) ئەویتر بە شەرمكردن، كە خۆى بەهۆى حزوورى ڕووتییەوەیە، ڕووتیى خۆى دادەپۆشێت؛ دەیخاتە پشتى خۆیەوە. لەپشتییەوە ئەویترەكانى تر هەن كە لێڤیناس ناویان دەنێت “لایەنى سێیەم” third party. لایەنى سێیەم دراوسێ نین، بەڵام دراوسێى دراوسێن؛ لایەنى سێیەم لەولاى دراوسێوەیە، بەڵام دراوسێیەكى ترە، بەم جۆرە دراوسێى ئەویترە، نەك تەنیا لایەنى بەرامبەرى (Levinas, Alterity and Transcendence, p.142). لایەنى سێیەم ئەو ئەویترانەن كە لەڕێگەى دراوسێوە بۆ من دەردەكەون؛ هەژارین لەپشتى هەژارییەوە، ئازارن لەپشتى ئازارەوە، لەبەرئەمە كۆى مرۆڤایەتین كە لە سوبێكت دەڕوانن (Lévinas: Totalität und Unendlichkeit, P.308). ئەم نیگایە لاى لێڤیناس، گەرچى نیگایەكى غەمگینە، جۆرێكیشە لە ئیستیفزاز، لە ئارامیى هەڵگرتن لەبەر سوبێكت، كەواتە بەو جۆرە نییە ژیژەك بۆى چووە؛ ئەویتر ئیستیفزازمان دەكات، بۆ شتێك هانمان دەدات، بەڵام بۆ چى؟ بۆ كوشتنى خۆى. ئەویتر هەر لە بنەڕەتەوە هیچ توانایەكى بۆ خراپبوون و زیانگەیاندن نییە، تەنیا ئەو توانایەى هەیە وەك نێچێرێك خۆى بۆ دەسەڵاتى ئێمە دەربخات؛ ئەویتر هێندەى لەدەست دێت هانمان بدات بۆ كوشتنى خۆى، چونكە ڕووت و قووت و بێبەرگرییە و ئێمە بەرگەى حزوورى ئەم ڕووتییە سامناكە ناگرین. باشتر وایە بیكوژین بۆ ئەوەى لەبەرچاومان نەمێنێت. ئەوەى دراوسێیە، ئەوەى دەبێتە دراوسێمان ئەم ئەویترە ڕووتوڕەجاڵەیە كە كوشتنەكەى لە هەموو شتێك زەرورتر، سەرنجڕاكێشتر و لە هەموو شتێك ئاسانتریشە. ئەخلاق ڕێك لەم پنتەدا دروست دەبێت؛ واتە وێراى ئەم فریووە، نەتوانیت ئەویتر بكوژیت، چونكە خودى مرۆڤایەتیى لەگەڵدایە. بەم جۆرە ئەمەى كوشتنى لە هەموو شتێك سەرنجڕاكێشتر و ئاسانترە، لە هەموو شتێك مەحاڵتریشە.

ئایا ئۆكرانیا، گەرچى لە ڕووى جیۆپۆلەتیكەوە هاوسنوورى ڕووسیایە، ئەم دراوسێیەیە؟ ئەگەر لە ڕوانگەى هەڵوەشانەوەگەرایى دێرێداوە پرسیارەكە دابڕێژین دەبێت بڵێین: كامە ئۆكرانیا؟ دەوڵەتى ئۆكرانیا، حكومەتى ئۆكرانیا، سوپاى ئۆكرانیا، خەڵكى ئۆكرانیا؟ كامیان دراوسێن؟ كێ لەمانەدا ئەویترە؟ هەر ئەویترێك بچێتە پەیوەندیى هێزەوە، تواناى نێگەتیڤى ئیستیفزازكردنى هەبێت یان بچێتە جەنگەوە ئەویتر نییە، سەر بە نەزمى هەمانـە. بەڵام چۆن چۆنى لە جەنگدا پەیوەندی هەیە؟ لێڤیناس پێیوایە ئەوەى دوو سەرباز لە بەرەى جەنگدا كۆدەكاتەوە ویستى كوشتنە. بچیتە جەنگەوە واتاى ئەوەیە دەتوانیت بكوژیت و هێزى بەرامبەریش دەتوانێت بتكوژێت. لە جەنگدا یان دەكوژیت یان دەكوژرێیت؛ گەر سەربازێك هێشتایش نەكوژرابێت، لەبەرئەوە نییە لە جەنگدا شتێكى وەكو “پەیوەندیى نەكوشتن” هەیە، بەڵكو لەبەرئەوەیە كوشتنەكەى دواكەوتووە؛ هێشتا ساتى خۆى، یان ئەجەلى نەهاتووە (Lévinas: Totalität und Unendlichkeit, P. 326). بەم جۆرە، نەزمى جەنگ هیچ دەرفەتێكى دیكە بۆ سەرباز ناهێڵێتەوە، گەرچى هیچ سەربازێك تا ئەو ڕادەیە نەبۆتە دڕندە لە دوودڵى و نیگەرانى و غەم و ترس بەتاڵ بووبێتەوە. بەڵام ئەوە جەنگە دراوسێ دەگۆڕێت بۆ وەحشێكى ژیژەكى، بۆ تۆ، “تۆى دوژمن” كە ئەگەر نەتكوژم دەمكوژیت.

لێڤیناس بۆ ڕوونكردنەوەى ئەم باسە سوود لە چیرۆكى یاقوب و عیسۆى یەكەمین سیفرى تەورات وەردەگرێت: «ترسى هەریەكێكمان لە خۆى كاتێك كەسێك تیا دەچێت، ناتوانێت مەترسیى ئەو كوشتنەى وا ڕوویداوە و سكانداڵى بێدەروەستیى بەرامبەر ئازارى ئەویتر، هەڵمژێت. […] لە پەیدابوون، 32 دا، یاقوب دەترسێت لەو هەواڵەى كە عیسۆى براى -دوژمن یان دۆست- وا بەڕێوەیە بێت بۆ بینینى و چوار سەد پیاویشى دواى خۆى خستووە. ئایەتى 8، پێمان دەڵێت: “یاقوب زۆر ترساو و پەرێشانیش بوو”. ئەرێ جیاوازیى چییە لەنێوان ترس و پەرێشانیدا؟ ڕاشى Rashi، یەكێك لە بەناوبانگترین شرۆڤەكارانى ڕابینى، جیاوازییەكە ئاوا دیاریى دەكات: یاقوب لەوە ترساوە بكوژرێت، بەڵام پەرێشانى ئەوەیش بووە كە ناچار بێت بكوژێت» (Levinas: , Alterity and Transcendence, P. 135). گریمانەى یاقوب ئەمەیە: هاتنى عیسۆ لەگەڵ ئەو ژمارە زۆرەى پیاوەكانیدا، زیاتر لە لەشكركێشى دەچێت نەك سەردان و دیدار؛ عیسۆ بۆ كوشتنم دێت؛ یان وا پێدەچێت بۆ كوشتنم بێت؛ ئەو ئێستا ئەوێكى ترى هەڕەشەكەرە، كەواتە من دەبێت پارێزگارى لە خۆم بكەم. لێڤیناس ئەوە ڕوون دەكاتەوە كە كوشتنى ئەویتر بە ناوى خۆ-پاراستنەوە عادلانە نییە، چونكە خۆ-پاراستن هەرگیز مەرجێكى كافى نییە بۆ پاساودانەوەیەكى ئەخلاقییانەى تووندوتیژى (Butler: Precarious Life, P.136) ئەمە هۆكارى پەرێشانى یاقوبە. لێرەدا زێدە-ئیتیكایەكى لێڤیناسى هەست پێدەكەین كە پتر لە مەحاڵ دەچێت: ئاشتیخوازیى ڕەها، یان ئەوەى پێى دەوترێت “لێسانەوەى چەقۆى جەلاد”. بەڵام مەسەلەكە بۆ لێڤیناس ئەوەیە چۆن وا بكەیت جەلاد چەقۆكەى فڕێ بدات بەر لەوەى بتكوژێت یان بیكوژیت، چۆن نەكرێت بە بێ پەرێشانى، بە ویژدانێكى ئاسوودەوە ئەویتر بكوژیت. ئەوەى بەرەنگارى جەلاد دەبێتەوە، تەورێكى گەورەتر لە تەورى ئەو نییە، بەڵكو ئەو ڕوخسارەیە كە قەستە بكوژرێت. قوربانى، گەر دەیەوێت نەبێتە بكوژ، تەنیا بە ڕوخسارى دەتوانێت بەرەنگارى جەلاد ببێتەوە؛ گرەوە ئەخلاقییەكە ئەوەیە كە ئەگەر سیماى ئەویتر بۆ بكوژ دەربكەوێت، بكوژ ئەویتر ناكوژێت؛ تەنانەت گەر بە زنجیرەیەك كوشتنیشدا ڕۆیشتبێت، دواجار بە بینینى نیگاى ئەویتر ویژدانەكەى دەبێتە ویژدانى غەمگین [خراپ] و لە كوشتن دەوەستێت[4]. بە پێچەوانەوە، ڕاگەیاندنى جەنگ دژ بە بكوژ بەو واتایە ئەوەى وا قەستە بكوژرێت، بەرلەوەى ڕوخسارى دەربكەوێت، بە تووندوتیژیى وەڵامى بكوژ دەداتەوە؛ كوشتن بەرامبەر كوشتن: جەنگ. تەنیا لە جەنگدا كوشتن مومكینە، چونكە جەنگ دەرفەتى دەركەوتنى ڕوخسارى سەربازەكان بۆ یەكتر نادات؛ بەرلەوەى ڕوخسارى یەكتر ببینین، یەكترى دەكوژن؛ یەكترى دەكوژن، چونكە ڕوخسارى یەكتر نابینن. جەنگ دەتخاتە نێوان ئەم دوو ڕێیانە؛ ترسى كوژران و پەرێشانیى بوون بە بكوژ. كاتێك ئەویتر لاى خۆیەوە دەچێتە جەنگەوە، هەر بە كردەیى دەبێت بە تۆ و ئەویترێتییەكەى لە خۆى دادەماڵێت. ئەخلاق پەیوەندییەكى هەستەوەرى Sensibelitätـى ڕوو-بە-ڕووە؛ جەنگ پەیوەندییەكى هەستیار allergisch و گرژە كە پەیوەندیى ڕوو-بە-ڕوو تێیدا دانامەزرێت؛ لێرەدا ئەخلاق هەژار دەكەوێت.

بەرەنگارى

لە بڕگەى پێشوودا ڕوونمان كردەوە كە بۆچى جەنگ لە جەوهەردا نائەخلاقییە تەنانەت ئەگەر باس لە جۆرێك “ئەخلاقى جەنگ”ـێش بكرێت كە پتر مەبەست لێى هەندێك ڕێساى ناسراوى شەڕە، وەك قەتڵوعامنەكردنى خەڵكانى سڤیل، پاراستنى پەیمانى ئاگربەست، خاپوورنەكردنى شوێنە پیرۆزەكان یان شوێنەوارە دێرینەكان و هتد؛ هەندێك ڕێسا كە هیچ كاتێك وەك پێویست ڕێزیان لێ ناگیرێت. ئەوەى ئێستا ڕووسیا دەیكات و ئەوەى ناتۆ و ڕۆژئاوایش بەناوى جەنگى عادلـەوە ڕایانگەیاندووە پێشێلكردنى خودى بنەماى ئەخلاقە كە ئەویتر هەم ئیمكانەكەى واڵا دەكات و هەمیش سەنتەریەتى. وێڕاى ئەوە، وا پێدەچێت بۆ ئۆكرانیا شتەكان جۆرێكى تر بن؛ ئایا جەنگێكى بەرەنگارانە دژ بە داگیركاریى ڕووس، كە پارێزگارى لە سەروەریى وڵات و كەرامەتى گەل و سامانى نیشتمانى بكات، ئەخلاقى نییە؟

با لە سەرەتادا بەراوردێكى خێراى دوو ڕووداى پێنج ساڵى ڕابردووى خۆمان بكەین: یەكەمیان بەرەنگاریى ڕۆژئاڤا بەرامبەر داعش؛ دووەمیان، هەڵهاتنى هێزەكانى باشوور، تەنانەت بەر لە جاڕى جەنگیش، لەبەرامبەر حەشدى شەعبیدا. زۆرینەمان ئەم دوو ڕووداوەمان بە دەرەنجامى دوو مۆدێلى جیاوازى ئیرادە و سیاسەت لێكدایەوە. بەرەنگاریى ڕۆژئاڤامان وەك ڕووداوێكى گەورەى ئەخلاقى، وەك پارێزگارى لە كەرامەت و وەك شانازییەك بۆ كوردبوون بینى؛ هۆكارى ئەمە ئەوە بوو كە هێزەكان و خەڵكى ئەوێ پەیوەندییان لەگەڵ نیشتمان لەوە پتەوتر و قووڵتر بوو كە سەروەرییەكەى پێشكەشى هێزى داگیركەر بكەن؛ لەبرى ئەوە بڕیاریاندا بە هەر نرخێك بووە مقاوەمە بكەن. لە باشوور، پەیوەندیى هێزەكان و نیشتمان تەواو بێ ڕیشەیە؛ ڕێكەوتێك ئەو ڕووبەرەى خسۆتە بەردەستیان كە لەوكاتەوە هیچ پەیوەستییەكى حەقیقى، جگە لە نیگاى تەماح، پێیەوە دروست نەبووە، بۆیە لە ماوەى سێ ساڵدا دووجار هەڵهاتن؛ یەكەمجار بەرامبەر داعش و دووەمجار بەرامبەر حەشد. ئەمە سكانداڵ بوو؛ سەرشۆڕى و زەلیلییەك كە دوو هێزەكە كوردیان پێ شەرمەزار كرد، وایان كرد لە كوردبوونى خۆمان تەریق ببینەوە. لە یەكەم نیگادا ئۆكرانیاش لەبەردەم ئەم دوو بژاردەیەدا بوو: یان بەرەنگارییەكى ڕۆژئاڤاییانە، یانیش هەڵهاتنێكى پاركێتییانە [لێكدراوى پارتى-یەكێتی]. وا پێدەچێت ئۆكرانیا یەكەمیانى هەڵبژاردبێت و ئەو هێزەیشى بەرامبەرى دەجەنگێت، نە ڕێكخراوێكى تیرۆریستییە و نە میلشیا، بەڵكو دووەم بەهێزترین دەوڵەتە بە چەك و جبەخانەى تەواو هەمەجۆر و پێشكەوتووەوە؛ هێزێكى ئەتۆمى. بەڵام ئاخۆ جیاوازى لەنێوان ئەم دوو فۆڕمە بەرەنگارییەى ڕۆژئاڤا و ئۆكرانیادا چییە؟ ئایا هەر لە بنەڕەتدا ئەمەى وا لە ئۆكرانیا دەگوزرێت بەرەنگارییە یان جەنگ؟ ئەى جیاوازى نێوان جەنگ و بەرەنگارى چییە؟ لێرەدا دەرفەتى ئەوە نییە وەڵامى هەموو پرسیارەكان بدەینەوە، لەبرى ئەوە وێنەیەكى پانۆراماییان لی دەخەینە ڕوو.

دۆخى ئەوكاتى ڕۆژئاڤا و ئێستاى ئۆكرانیا تەواو جیاوازە و دوژمنەكانیش تەواو جیاواز. ئۆكرانیا وڵاتێكە دامەزراوەى دەوڵەتیى هەیە، ژێرخانى ئابووریى هەیە، دامەزراوەى سەربازى و سوپاى فەرمى، ڕاهێنراو، پڕچەكى هەیە؛ هەروەها لە پەیماننامە و دامەزراوە نێودەوڵەتییەكاندایە؛ بەڵام لە هەموویان گرنگتر سەر بە نەزمى ئەمریكا-ئەوروپایە؛ واتە گەرچى ڕاستەوخۆ ئەندامى ناتۆ نییە، بەڵام ناتۆ لە پشتییەوە وەستاوە. ئەم دۆخە بەراورد ناكرێت بەو یارمەتییە كەمەى وا وڵاتانى ڕۆژئاوا لە شەڕى كۆبانێدا پێشكەشى ڕۆژئاڤایان كرد. هاوكات، ئەم پێگەیەى ئۆكرانیا واتاى ئەوەیە بۆ جەنگ هەمیشە دەتوانێت هاوكار و هاوپەیمانى هەمەجۆرى هەبێت، كە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، ئابووریى یان سەربازى، یارمەتیى گەورە و درێژخایەنى پێ بگەیەنن، تەنانەت ئەگەر دواجار بیشدۆڕێت یان ببێت بە بەردەبازى گەورەكانى خۆى. هاوكات ڕووسیا، گەرچى یەكێك لە بەهێزترین دەوڵەتانە، بەڵام ڕێكخراوێكى تیرۆریستى (بە پێناسە باوەكەى) نییە، هێزێك نییە بە بێ سڵ كردنەوە هەموو شتێك، بە ئەرز و خەڵك و خاك و خۆیەوە ڕابماڵێت؛ واتە هێزێكى جەنگیى موتڵەقى وەك تیرۆریزم نییە، بەڵكو دیالەكتیكییە و ئاشتى دەفامێت، تەنانەت ئەگەر ئاشتییەكى ڕێژەیى لەسەر بنەماى جەنگیش بێت. هەروەها ڕووسیا لە چاودێرى نێودەوڵەتیدایە و لە مەرگى خۆیشى دەترسێت، دوو بەربەرست كە تیرۆریزم تێیپەڕاندووە. كەواتە ئۆكرانیاش دەتوانێت بچێتە جەنگەوە: سوپا بەرامبەر سوپا؛ دەوڵەت بەرامبەر دەوڵەت، لە كاتێكدا ڕۆژئاڤا هێزێكى نا-دەوڵەتى سەروو مۆدێرن بوو بەرامبەر هێزێكى (نا)دەوڵەتیى خەلافەت [پێش مۆدێرن]. جیاوازیى نێوان ڕووسیا و ئۆكرانیاش بە پلەى یەكەم لە مۆدێلى حوكمڕانى و مۆراڵى سیاسیدا نییە، بەڵكو لە چەندێتیى هێزدایە. ڕووسیا بەهێزترە لە ئۆكرانیا، ئۆكرانیایش دەتوانێت بە یارمەتى ناتۆ ئەم فەرقە كەم بكاتەوە. ئیدى ئەمە دۆخى جەنگە، چ ئەوە بێت كە ناوى جەنگى هێرشبەرانەیە یان ئەوەى كە ناوى جەنگى پارێزەرانەیە. سەربازى ڕووسى ئامادەیە سەربازى ئۆكرانى بكوژێت، بە پێچەوانەیشەوە ڕاستە. دیسانیش گەیشتینەوە بە خاڵى پێشوو: ئەمە جەنگە و جەنگیش ئەخلاقیى نییە. بەڵام ئێمە دەزانین ئەوەى هێرشى كردووە ڕووسیایە و مەیدانى جەنگەكەیش ئۆكرانیایە، كەواتە ئۆكرانیا قوربانییەكەیە كە ناچارە بەرگریى لەخۆى بكات. دیسان هەڵوەشانەوەگەرایى دەپرسێت كامە ئۆكرانیا: دەوڵەت؟ سوپا؟ خەڵك؟ خاك؟ ئێمە سێ گریمانە تاقى دەكەینەوە:

گریمانەى یەكەم: نە دەوڵەت و نە سوپا. دەوڵەت و سوپاى ئۆكرانیا لە بەرەنگاریدا نین، بەڵكو لە شەڕدان. ئەم شەڕە بە واتاى تووندوتیژییە نەك بەرەنگارى، گەرچى ڕەنگە هەندێ جۆرى بەرەنگارى بە جەنگ بكرێن. دوو هێزى هاوشێوە، سیمیتریكاڵ بەریەك بكەون جەنگ بەرپا دەكەن؛ جەنگى ڕووس-ئۆكرانیا خودى لۆژیكى جەنگى لە هەموو جیهاندا زاڵ كردووە؛ واتە هەمان ئەو شتەى كە نانسى دەربارەى جەنگى كەنداو دەیڵێت: گلۆباڵیزەكردنەوەى جەنگى گڵۆباڵ؛ كردنى جەنگ بە بابەتى خواست و ئارەزوو (Nancy: Being singular Plural, p.103, 105). زۆربەى وڵاتان، لەوانە ئەڵمانیا، بودجەى وەزارەتى بەرگرییان دووقات كردەوە؛ بازاڕى چەك و تەقەمەنییش لە هەموو كاتێك گەرمتر بووە و پێدەچێت بەم نزیكانەیش قاتوقڕیى گەورە بەرۆكى خەڵكى سڤیلى ئەو وڵاتانە بگرێت؛ جگە لە بڵاوبوونەوەى كابووسى جەنگى ئەتۆمى و ترس و دڵەڕاوكێ لاى بەشێكى زۆرى دانیشتوانى گۆى زەوى. لە ڕاستیدا ئۆكرانیا بۆ ئەوە نەچووەتە نێو شەڕەوە مقاوەمە بكات، بەڵكو سەرچاوەى جەنگ شك دەبات؛ پاساوى ئەمەیش تەنیا ئاماژەدانە بە تاكە هۆكارێكى دیارى جەنگەكە: ڕووسیا هێرشى كردووە. بەڵام ئەمە پاساوێكى قەناعەتپێكەر نییە لایەنیكەم بۆ كەسانێك كە ئەخلاقییانە بیر دەكەنەوە؛ چونكە گەر بڕیارە هۆكارى ڕووداوێك دەستنیشان بكەین، ئەوا دەبێت دواى یەك زنجیرە ڕووداو بكەوین كە هەر یەكێكیان دەمانبات بۆ سەر یەكێكى تریان؛ هەمیشە لە پشت هۆكارێكەوە هۆكارێكى تر هەیە؛ هەر بەو جۆرەى ڕووسیاش پاساوى خۆى بۆ جەنگەكە هەیە. بەم جۆرە هەردوو لایەنەكە پڕوپاگەندەى خۆیان و دیسئینفۆرماسیۆنى خۆیان هەیە. ئەمە شێواندنى واقیعە، بەڵام جەنگ سەرجەمى ئەم پاساوانە بەتاڵ دەكاتەوە، چونكە داواجار جەنگ هیچ پاساوێكى نییە خۆى نەبێت: «لە جەنگدا واقیع ئەو وشە و وێنانە دەدڕێنێت كە دایانپۆشیوە، تاوەكو لە ڕووتێتیى و زەبروزەنگەكەیدا دەربكەوێت» (لێڤیناس). بە كورتى ئۆكرانیایش هەر وەكو ڕووسیا نەزمى جەنگە.

گریمانەى دووەم: خاكى ئۆكرانیا قوربانییە و بەرگریى لەخۆى دەكات. بەڵام ئێمە دەزانین خاك وەك سنوورى گەلێك تەنیا چەمكێكى ئەبستراكتە و لە نێو گوتارەكاندا كار دەكات؛ بۆ نموونە گوتارى ناسیۆنالیستى. بەپێى ئەم گوتارە نیشتمان وەك سنوورى وڵاتێك تەنیا لەوێدا لە ئاساییشدا دەبێت كە لەنێو چوارچێوەى دەوڵەتێكدا بێت. سەروەریى خاك سەروەریى دەوڵەتە. خۆ گەر بەهۆى دۆخى سەردەمەكەوە كەمێك لە دەرمارگیریى ناسیۆنالیستى دوور كەوتبینەوە، ئەوا دواجار ڕۆژئاوا نیشتمانى ئۆكرانیاى وەك خاكى دەوڵەتێكى دیموكراتى لە سنوورى كیشوەرى ئەوروپادا لە بەرامبەر ستەمكاریى خۆرهەڵاتیدا فۆرمولە كردەوە، ئەمەیش واتە جۆرێك ئەوروپاسەنتەرى Eurocentrism، كە لەدواى یانزەى سێپتێمبەر كەوتبووە نێو شلۆقییەوە و لەم ساڵانەى دواییشدا، بە تایبەتى دواى پەلهاوێژیى ڕووسیا لە نەخشەى جیۆ-سیاسیدا، تەواو لاواز بووبوو. جەنگى ئۆكرانیا هەناسەیەكى كردەوە بە بەر گوتارى ئەوروپاسەنتەرى و بگرە بە بەر ڕەگەزپەرستیى ئەوروپیدا، هەر بۆ نموونە ڕێگریى لە كۆچى نا-ئۆكرانیى و نائەوروپییەكان لەو شوێنانەى وا دەبنە مەیدانى شەڕ. ئەم گوتارى ئەوروپاسەنتەرییە، ئەم هەڵاواردن و ڕەگەزپەرستییە، خۆى لەسەر بنەماى فەزیلەتى شوناس و بوونە، لەسەر بنەماى ناسین و مەعریفەیە: ئەوروپیبوون. بوون واتە من و ئەوەى سەر بە منـە؛ ئەوەى خۆمانەیە لەبەرامبەر ئەوەى بێگانەیە؛ لاى لێڤیناس ئەمە ستەمكاریى بوون [ئیگۆ، سوبێكت، دازاین]ـە دەرهەق بە ئەویتر. ستەمكارى چیتر مانا بەرتەسكە ڕۆژهەڵاتناسییەكەى نییە: «ملكەچپێكردنى پەیوەندیى لەگەڵ ئەویتر بۆ پەیوەندیى لەگەڵ بوون بە گشتى، لەژێر گوێڕایەڵیى بۆ نەناسراوێكدا دەمێنێتەوە؛ ئەمە بە حەتمى دەمانبات بەرەو دەسەڵاتێكى دیكە، بەرەو باڵادەستیى ئیمپریالیستیى، بەرەو ستەمكارى. ستەمكارى تەنیا فراوانبوونەوەیەكى سادە و ساكارى تەكنیك بەرەو كەسانێكى لێهاتوو نییە. […] بوون das Sein لە پێش هەبوونەوە das Seienden، ئۆنتۆلۆژیا لەپێش میتافیزیكاوە، بریتییە لە ئازادی [ى ستەمكار] پێش عەدالەت. ئەمە بزاووتێكە لە نێو هەماندا بەرلەوەى ملى بۆ ئەویتر دابێت» (Lévinas: Totalität und Unendlichkeit, P. 57). 

دوا گریمانە: بەرەنگاریى لەم هێرشەدا لە ئەویترەوە دێت؛ ئەویتر كێیە؟ هیچ كەس، ئەوانەن كە چیتر لەوەدا نەماون “كێیەتى”ـیەكەیان پێناسە بكرێت، بۆ نموونە دیلەكانى جەنگ، پەنابەران، قوربانیانى كینەى ڕەگەزپەرستى، لانەواز و بێدەرەتانەكان. واتە بە گشتى ئەوانەى كە هیچ چەكێكیان نییە ڕاستەوخۆ بەرگریى لە خۆیان بكەن. ئەمە كەمێك سەیر دەردەكەوێت: چۆن چۆنى ئەوانەى هیچ چەكێكیان نییە بەرگریى لەخۆیان بكەن، بەرەنگاریى دەنوێنن؟ وەڵامى لێڤیناس: ئەم بەرەنگارییە تەنیا بەرەنگارییەكى ئەخلاقییە. بەڵام بەرەنگارییە چونكە تاكە فۆڕمى مومكینى بەرپەرچدانەوەى تووندوتیژییە بێ تووندوتیژى و كوشتن. ئەویتر وەك ئەویترى ڕەها، لەوپەڕى ئەویترێتیى خۆیدا، بە تەواوەتى ڕووت و بێبەرگرییە، بەڵام تەنیا “ژیانێكى ڕووت” a bare lifeـى ئاژەڵیى نییە كە هەركەس بیەوێت بتوانێت بیكوژێت، بێ ئەوەى سزاى لەسەر بێت؛ بوونەوەرێكى وەكو هۆمۆساكەر Homo sacerى جۆرجیۆ ئاگامبێن. ئەویتر ڕوخسارێكى مرۆییە كە وەختێك لەوپەڕى ڕووتیى خۆیدا وەك هۆمۆساكەرێك دەردەكەوێت، چەندە دنەى كوشتنى خۆى دەدات هێندەیش بەرەنگاریى دەنوێنێت: «ئەویتر، چ لە بەردەم ئەو هێزانەدا كە بە زۆرەملێ ناچارى دەكەن و چ لەبەردەم دەسەڵاتەكاندا كە مومارەسەى لەسەر دەكەن، هەر بێ هێز دەمێنێتەوە، ئەمەیش ترانسێندنتە. ئەم ترانسێندنتە نابێت بەشێوەى نێگەتیڤ وەسف بكرێت، بەڵكو پۆزەتیڤانە لە بەرگریى مۆراڵیى ڕوخساردا بەرامبەر تووندوتیژیى كوشتن، دەردەكەوێت. هێزى ئەویتر هەمیشە و هەردەم مۆراڵییە» (Lévinas: Totalität und Unendlichkeit, P.225).

ڕوخسار

ئەخلاق پەیوەندییەكى ڕوو-بە-ڕوو das Von-Angesicht-zu-Angesichtـە لەگەڵ ئەویتردا؛ كەواتە پێویستە “ڕوو” das Gesicht یان “ڕوخسار” das Antlitz حزورى هەبێت[5]. جەنگ دەرفەتى ئەوە نادات ئەم جۆرە پەیوەندییە لەنێوان جەنگاوەران، سەربازان، چەكداراندا دروست ببێت. بەڵام لەگەڵ ئەمەیشدا لە هەموو جەنگێكدا بە حەتمى ڕوخسار خۆى دەردەخات؛ ڕوخسارى ئاوارە، برسى، پەنابەر، بێماڵ، هەتیو، هەڵهاتوو، ئەتككراو، جگەرسوتاو؛ ڕوخسارى دیلەكان كە چیتر سەرباز نین لەنێو سەنگەرەكاندا و هیتر. ئەمانە پێكڕا ئەویترن كە لێڤیناس بە ترانسێندنس، میتافیزیك، سیماى یەزدانى، ناكۆتایش ناویان دەبات. مەبەستیش لەم ناو یان وەسفانە ئەوەیە كە بەشێوەیەكى دیاكرۆنى، لە سەرەوە، وەك بانگێك لە بەرزییەوە، وەك ئەركێكى پێ ڕاسپێردراو دەكەونە بەردەم سوبێكت، دەبن بە دراوسێى و بوونە ئەخلاقییەكەى لەوێدا دەخەنە ژێر پرسیار و نێو تاقیكردنەوەوە، كە چۆن سوبێكت ئەم ئەویترانە لە مەرگى خۆیاندا، لە بێماڵى و بێدەرەتانیى خۆیاندا بەجێ نەهێڵێت.

من بەو پێیەى سوبێكتە لەسەر ئوبێكتەكانى، واتە تۆتاڵێك كە گوایە شانشینى هەیە، موڵك و ماڵى هەیە، تواناى لەبەردەستە، خواردنى لایە، پێخەفى نەرم و پەناى گەرمى هەیە، لە ڕووى ئەخلاقییەوە بانگ دەكرێت بۆ پێشوازیكردن لە ڕوخسارى ئەویتر، جا لە هەر كوێوە هاتبێت، هەر ڕەنگێك بێت، سەر بە هەر بنەچەیەك بێت. ئەم بانگە بانگى خودى ڕوخسارە كە شوێنەوارى جەنگى بەسەرەوەیە: «ڕوخسارى دراوسێ بۆ من دەلالەتە لە بەرپرسیارێتییەكى بێچەندوچوون بەر لە هەر ڕەزامەندییەك، بەر لە هەر ڕێكەوتنێك، بەر لە هەر گرێبەستێك. ڕوخسار لە نواندنەوە و نوێنەرایەتیش هەڵدێت. […] ئاشكرابوونى ڕوخسار ڕووتییە، بێ فۆڕم، چڵكن و فەرامۆشكراو، چرچولۆچ و پیربوو، مردوو؛ لە هەر ڕووتییەك ڕووتتر. ڕوخسار هەژارییە، پێستى هەڵبزڕكاو، ڕوخسارێك كە جێ-نیشانەى خۆیەتى» (Lévinas: Jenseits des Seins, p.199). دەركەوتنى ڕوخسار جەنگ، تەنانەت ڕەواترینیان، دەكات بە كارێكى شەرماوەر و دزێو؛ هاوكات سوبێكتیش لە ئیگۆى خۆى و لە دازاینى خۆیدا دەخاتە بەردەم تەحەدایەكى ئەخلاقى، كە یان دەبێت میواندارى لە ئەویتر بكات، یان بێ مۆراڵى خۆى بسەلمێنێت و بەمەیش ببێت بە بەشدار لە بێمۆراڵیى جەنگدا. ئەمە تاكە بەرگرییەكە كە ڕوخسار هەیبێت، تاكە خەباتێك كە بەرامبەر نەزمى تۆتاڵ بوەستێتەوە؛ كەواتە ئەمە خەباتێكى چەكدارى نییە لە كاونتەر دەسەڵات counter powerـەوە؛ سوپا نییە بەرامبەر سوپا، دەوڵەت نییە بەرامبەر دەوڵەت. ئەویتر بە خەباتێك ڕووبەڕووى من دەبێتەوە كە بە واتاى كۆكردنەوەى هێزى زیاتر و تووندوتیژیى بەرزتر نییە بەرامبەر بەو هێزانەى كە دەیبڕن؛ هێزى ئەویتر بێهێزییەكەیەتى؛ ڕوخساریەتى: «ئەو ڕووبەڕووى من دەبێتەوە نەك بە هێزێكى گەورەتر -وزەیەكى لەپێوانەهاتوو كە لە دەرەنجامدا وەها خۆى بنوێنێت بەشێكە لە گشت- بەڵكو خودى ترانسێندنسى بوونەكەیەتى لەڕێگەى پەیوەندیى بەو گشتەوە؛ دەسەڵاتێكى باڵاتر نییە، بەڵكو كتومت ناكۆتای ترانسێندنسەكەیەتى. ئەم ناكۆتاییە، كە بەهێزترە لە كوشتن، كە هەر لە سەرەتاوە لە ڕوخساریدا بەرەنگارى ئێمە دەبێتەوە، ڕوخسارى خۆیەتى، دەربڕینێكى بەراییە، یەكەمین وشەیە: “مەكوژەDu wirst keinen Mord begehen. ناكۆتا لە ڕێگەى ئەم بەرگرییە بێ كۆتاییەوە بەرامبەر كوشتن ڕووبەڕووى هێز Vermögen دەبێتەوە؛ بەرەنگارى بە مكووڕی و نەبەزێنراو، لە ڕوخسارى ئەویتردا، لە ڕووتیى سەراپایى چاوە بێبەرگرییەكانیدا، لە ڕووتیى ترانسێندنتەكەیدا كە بە ڕەهایى ئاوەڵا بووە، دەدرەوشێتەوە. ئەمە پەیوەندییەك نییە لەگەڵ بەرەنگارییەكى گەورەدا، بەڵكو لەگەڵ شتێكدایە كە بە ڕەهایى ئەویترە: بەرەنگاریى ئەوەى كە بێ بەرەنگارییە- بەرەنگارییەكى ئەخلاقى. دەركەوتنى ڕوخسار ئیمكانى پێوانەكردنى ناكۆتاى دنەى كوشتنەكە دەباتە سەرەوە، نەك تەنیا دەڵێى دنەدانە بۆ خاپووركردنێكى سەراپایى، بەڵكو وەك مەحاڵییەكى ئەخلاقیى پەتیى ئەم دنەدان و هەوڵى كوشتنە. ئەگەر بەرەنگاریى بەرامبەر بكوژ ئەخلاقى نەبووایە و تەنیا واقیعى بووایە […] ئەوا هەر لەنێو ئایدیالیزمى ئاگایى خەباتدا دەماینەوە نەك لە پەیوەندیدا لەگەڵ ئەویتر، پەیوەندییەك كە دەشێت بگۆڕێت بۆ خەبات، بەڵام هەمیشە لە ئاگایى خەبات سەرتر دەچێت» (Lévinas: Totalität und Unendlichkeit, P.285-286).

ئەم ڕوخسارە پێشتر لە جەنگى سوریا و عێراقدا بە ڕوونى دەركەوت؛ ئێستایش لە جەنگى ئۆكرانیادا بەهەمان شێوە. ئەوانەى لە شارەكانى ئۆكرانیاوە دەگەنە ڕووسیا و وڵاتانى دیكەى ئەوروپا ئەو ئەویترانانەن كە هیچ شتێكیان نییە جگە لە سیماى ژاكاویان. ڕووسیا و ئەوروپا و هەموو وڵاتان، هەموو كۆمەڵگا، جڤات، گروپ، تاكەكەسانى دیكەى سەر گۆى زەوییش، كە لە هەمان دۆخى ئەواندا نین و تاڕادەیەك لە ئارامى و ئاساییشى زیاتردان و هێشتایش شتانێكیان هەیە كە بتوانن بیبەخشن و بەشى بكەن، لەپێگەى سوبێكتدان، واتە ئەو منەى كە بەرپرسیارە لە پێشوازییكردنیان، پەنادانیان، یارمەتیدانیان، بە هاناوەچوونیان. سوبێكت ئەو كاتە ئەخلاقییە كە ئەدرەسى خۆى بدات بەوانیتر. پێدانى ئەدرەس فەزیلەتى سوبێكت نییە، بەڵكو بەرپرسیارێتیى سوبێكتە وەك سوبێكت بەرامبەر بانگى سیمایان، كە ئەم بانگەیش لا خۆیەوە پێدانى ئەدرەسە بە سوبێكت تاوەكو لە كەوڵى خۆى بچێتە دەرەوە، چونكە ئەویتر لە هیچ ماڵێكدا نییە؛ ئەویتر لە دەرەوەیە: لە شەقامە، لە دارستانە، لە ژێر ئاسمانێكى بێ پەچەتر و بێ پەنادایە. ڕوخسار شوێنەوارى جەنگ لەسەرى دەردەكەوێتەوە؛ وەك لێڤیناس دەڵێت هەموو تووندوتیژییەك بەر لە هەر شتێك تووندوتیژییە بەرامبەر ڕوخسار؛ لەبەرئەوە تەنیا دەبێتە جێ-نیشانە traceى خۆی نەك خۆى؛ دەبێتە ڕوخسارێكى تووندوتیژیى بەرامبەر نوێنراو. ئەو كەسانەى ڕوخساریان شێوێنراوە، یان بە ئاگرى جەنگ سووتاون، ڕوخساریان چیتر ساف و پلاستیكى، جونكارییكراو، بۆتۆكسراو، فیللەركراو نییە، بەڵكو متە، غەمگینە، شوێنەوارى ئەو زەبرەیە كە بەرى كەوتووە، لێرەوە ڕوخسار تەنیا نیشانەى خۆى لێ ماوەتەوە، واتە بووە بە جێ-نیشانە؛ لەبەرئەمە ڕوخسار هەمیشە لەخۆى غیابیشە: «ئەوە ڕوخسارە مرۆڤ لێى نزیك دەبێتەوە، لەمسكردنى پێستێك -ڕوخسار لەژێر بارى گرانى پێستدایە و لە پێستیشدا، تەنانەت لە پێستى سۆزانییەكیشدا كە پێستێكى تر تێیدا هەناسە دەدات- ڕوخسار خۆى دەكشێنێتەوە، لە خۆى غیاب دەبێ، بە تێپەڕینى كاتێكى تێنەپەڕێنراوەوە دەكەوێتە نێو ڕابردووەوە. نەرمیى پێست لەژێر دەستپێداهێنان Liebkosungـدا پارێزەرى ئەندامێك نییە، تەنیا ڕووكارى هەبوونێك نییە. پێست مەودایەكى نیمچە-شەفافە لەنێوان بینراو و نەبینراودا، لەوە تەنكترە پاساوى گوزارەیەكى نەبینراو لەڕێگەى بینراوەوە بدات. […] هەژارییەكەى لە بێ شێوەییدا دەردەكەوێت و [دیسان] لەم ئاشكرابوونە ڕەهایە خۆى دەكشێنێتەوە، چونكە شەرم لەم هەژارییەى خۆى دەكات.» (Lévinas: Jenseits des Seins, p.201-202). ئەم گەمەى حزوور-غیابـە وا دەكات ڕوخسارى ئەویتر بە تەواوەتى نەبێتە بابەتى ناسین، كۆنترۆڵ و دەستبەسەرداگرتن. بە واتایەكیتر لە دۆخى جەنگدا، لە ڕووى ئەخلاقییەوە، هەموو ڕوخسارێك، نەك تەنیا ڕوخسارى ئەڵمانى و ئەوروپى، بەدەر لە ناسین و هەڵسەنگاندن، بەدەر لە ڕەنگ و شوناس، ئەم فەرمانەى هەیە كە داوامان لێ دەكات نەبینە هاوبەشى بكوژ، داواى پەنادان و هاوكارى دەكات، لەمەیشدا شەرم لەخۆى دەكات و دەكشێتەوە تاوەكو تەنیا شوێنەوارى دوكەڵى بۆمب، فیشەك، تیغ، ترس، شۆك، برسێتى بەسەر خۆیەوە بهێڵێتەوە. ڕوخسارى برسییەك، ڕەنگى پێست و قژ نییە، بەڵكو پێست خۆیەتى وەك نیشانەى برسیبوون؛ دوو چاوى غەمگین لەنێو كالانە ئێسكى سیمایەكى لاوازدا.

بەڵام ئایا سوبێكت هەمیشە پەیڕەوى لەم بنەما ئەخلاقییە دەكات؟ دەتوانێت بە بێ مەعریفە و ناسین، بە بێ جیاوازى خۆمانە-بێگانە، دراوسێیەتى ئەویتر بكات و بەدەم بانگیەوە بچێت؟ نەخێر؛ لە جەنگى ئۆكرانیاشدا بە ڕوونى دیاربوو: هیندییەكان، عەرەبەكان، ئەفریقییەكان ڕێیان پێنەدرا لە ناوچەكانى جەنگ هەڵبێن؛ ڕووبەڕووى هەڵاواردن Diskriminierung بوونەوە، ئەوروپییەكان تەنیا دەرگاى میواندارییان بۆ ئۆكرانیایەكان كردەوە، بەڵام هەر ئەمە بەس بوو بۆ ئەوەى سەرجەمى بانگەشەى دەوڵەتانى ڕۆژئاوا (نەك دەیان ڕێكخراوى مرۆڤدۆست و دژە-ڕاسیزم، نەك ملیۆنان ئەوروپیى خاوەن مۆڕاڵ) بۆ مرۆڤدۆستى و بەهاناوەچوونى خەڵكانى سڤیل و لێقەوماو بەتاڵ بكاتەوە؛ گەر میدیاى ڕۆژئاوایى هێرشى ڕووسیا بە نا-ئەخلاقى وەسف بكات (كە بێگومان وایە بەو پێیەى جەنگ پەیامى ڕوخسار پێشێل دەكات) ئەوا ئەم ڕووداوى هەڵاواردنە بەس بوو بۆ ئەوەى نا-ئەخلاقیى خۆیشیان بە پلەى ئیمتیاز بسەلمێنێت.

وێنە

گەر میدیا ڕوخسارى ئەویتر بكات بە ئامرازى بانگەشە و پروپاگەندە، بیكات بە ژێر پەیامى نیمچە شاراوەى خۆیەوە، بەو واتایەیە كە ڕوخسار لە میدیادا، هەر وەك لە جەنگدا، دەشێوێنرێت. كاتێك ئەویتر وەك هەل بۆ بەرژەوەندى بقۆزرێتەوە یان بكرێتە ئامرازى لێدان لە وێنەى هێزى دیكە، ئەوا لە ڕاستیدا، بە سوود وەرگرتن لە جودیت باتلەر، دەتوانین بڵێین ئەدرەسى هەڵە بە ئەویتر دراوە. میدیا لەلایەك ڕوخسارى ئەخلاقى لە چوارچێوە دەگرێت و دەیخاتە نێو فرەیمێكەوە كە بە گوێرەى كۆمەڵێك هاوكێشەى دیكە بۆى هەڵبژاردووە، لەلایەكیتر ڕوخسارى تر، ڕوخسارى نا-ئەخلاقیى بەرهەم دێنێت: ڕوخسارى ئوسامە بن لادن، ڕوخسارى سەدام حسەین، ڕوخسارى پوتین.

باتلەر لە كتێبى ژیانى لەرزۆكدا ئەم پرسیارە دەوروژێنێت: ئاخۆ دەكرێت ڕوخسار لە پەیوەندیى ڕوو-بەڕوو-دا لە میدیادا دەربكەوێت؟ ئەو بەم جۆرە وەڵام دەداتەوە: «گەلێك پۆرترەیتى میدیا هەیە كە بە زۆرى لە بەرژەوەندیى جەنگ دەخرێنە گەڕ، وەك ئەوەى ڕوخسارى بنلادن ڕوخسارى خودى تیرۆرە، وەك بڵێى عەرەفات ڕوخسارى فرتوفێڵە، وەك بڵێى ڕوخسارى سەدام حسێن ڕوخسارى ستەمكاریى هاوچەرخە. هەروەها ڕوخسارى كۆڵن پاوڵ هەیە كە لەبەردەم تابلۆى قوماشیى گوارنیكاى پیكاسۆدا دانیشتووە: ڕەنگە بتوانین بڵێین، ئەمە ڕوخسارێكە كە هێنراوەتە پێشەوەى دیمەنەكە دژ بە باكگراوندێكى سڕدراوە. […] لەو ڕوخسارەدا چى ونبووە؟ ئازارى جەنگ لە كوێیە؟ لە ڕاستیدا، ڕوخسارى وێنەلێگیراو وا دەردەكەوێت ڕوخسار بە واتا لێڤیناسیەكەى لادەبات یان دەسڕێتەوە؛ چونكە ئێمە لە ڕێگەى ئەو ڕوخسارەوە غەم و ئازار نابینین و نابیستین، هەست بە لەرزۆكیى ژیان ناكەین» (Butler: Precarious Life, P.141-142). پرسى سەرەكیى بۆ باتلەر مەسەلەى هیومانیزەكردن و لەهیومانیزەخستنى ڕوخسارى مرۆییە. ئەو مشتومڕى ئەوە دەكات كە لاى لێڤیناس بە تەواوەتى ڕوون نییە ئاخۆ ڕوخسار تەنیا مرۆییە یان نا، بەو پێیەى ڕوخسار لاى لێڤیناس تەنیا “دەموچاو”، نییە كە جۆرێك ماسكى ڕوخسارە و هەمیشە بە دەرەوەیە؛ بەڵكو گوتاریشە، شتێكە دەدوێت؛ ئەم دوانەیش لە قسەكردن بە واتا سادەكەى زیاترە، ڕوخسارێكە كە لە كشانەوەدا پێش هەموو شتێك داواى ئاشتى دەكات و فەرمانى “مەكوژە” دەدات، واتە دەكرێت ڕوخسارى ئاژەڵێكیش بێت كە ئازاردراوە، سەگێك كە ئاگامبێن دەڵێت “هەر كاتێك لێم بڕوانێت شەرم لەخۆم دەكەم”.

جگە لە پرسى هیومانیزم و ناهیومانیزم، پرسى بەرهەمهێنانى زۆروزەبەندى وێنەى ڕوخسار هەیە: ڕوخسارى چاكە/خراپە، ڕوخسارى جوان/دزێو، ڕوخسارى گوناهبار/ بێگوناهـ و هیتر. بەم جۆرە میدیا كەلێنێك دەخاتە نێو پەیوەندیى ڕوو-بە-ڕووەوە، ئەم كەلێنەیش هیچ نییە جگە لە خۆى، جگە لە میدیۆم Medium. میدیا دەبێتە میدیۆمى پەیوەندیى نێوان من و ئەویتر. بەڵام ئەم میدیۆمە تەنیا گەیاندنى ڕوخسار نییە لە ڕێگەى وێنەوە، بەڵكو گەیاندنى وێنەیشە لە ڕێگەى ڕوخسارەوە؛ جێكردنەوەى پەیامى خۆیەتى لەژێر سیماى ئەویتردا، ئەمەیش واتە بەرهەمهێنانى وێنە بۆ ڕوخسار. بەم واتایە میدیا چەندە خۆى دەكات بە میدۆمى گەیاندنى ڕوخسار، هێندەیش ڕوخسار دەكات بە میدیۆمى گەیاندنى خۆى. تەنیا بەم جۆرەیە میدیا تەواوى ماناى خۆى وەردەگرێت. لاى لێڤیناس ڕوخسار لە ڕێگەى وێنە das Bildوە ناگات؛ چونكە وێنە نواندنەوەیە، ڕوخسارییش قابیلى نواندنەوە نییە (Lévinas: Totalität und Unendlichkeit, P. 287, 311, 382). باشترین میدیا دەتوانێت هەندێ زانیاریمان پێ ببەخشێت، لە ڕووداوى هاتنى ئەویتر ئاگادارمان بكاتەوە، فزوڵیمان بجوڵێنێت بۆ ڕوانین لە ئەویتر و بیستنى بانگەكەى، بەڵام هاوكات دەستكاریى بەشێكى ڕوخسارى ئەویتر دەكات، بەشێك لە بانگى ئەویتر ون دەكات، بەم جۆرەیش دەرفەتى ئەوە نادات پەیوەندیى ڕوو-بە-ڕوو لەگەڵ ئەویتردا بسازێنین: «ڕوخسارى مرۆیى ئەوە نییە كە هاوشوناسە لەگەڵ ئەوەى وا نوێنراوەتەوە، بەڵكو ئەوەیە كە قابیلى نواندنەوە نییە. […] بۆ لێڤیناس، [ڕوخسارى] مرۆیى ناشێت لە ڕێگەى نواندنەوەوە بگیرێت. دەشێت ئەوە ببینین كە شتێك لە ڕوخسارى مرۆییدا لەدەست دەچێت كاتێك بە وێنە بیگرین captured» (Butler: Precarious Life, P.144-145).

میدیاى ڕۆژئاوا لە ماوەیەكى كەمدا ملیۆنان وێنەى ڕوخسارى بەرهەم هێنا؛ گوایە ڕووسیا وێنەى خراپەیە و ڕۆژئاوا وێنەى چاكە؛ پەنابەران وێنەى قوربانیانى جەنگى پوتینن و ڕۆژئاوایش سوبیكتى میواندۆستە كە میوانداریى بێمەرج، بێ كۆتوبەند پێشكەشى ئەم ئەویترانە دەكات وا لە دراوسێیەتى ستەمكارێك بۆ دراوسێیەتى دیموكراتێك هەڵهاتوون. هەر لە ڕۆژەكانى سەرەتاى جەنگەوە ئۆلاف شۆڵتزى ڕاوێژكارى ئەڵمانیا داواى لە وڵاتانى ئەوروپا كرد “بێ ڕۆتین” و “بێ بەربەست” پێشوازى لە پەنابەران بكەن؛ لە كاتێكدا بۆ پەنابەرانى كورد و عەرەب و ئەفغانى و ئەفەریقى، سەدان مەرج و ئاستەنگ، بگرە ڕۆتیناتى بێبڕانەوە، هەیە. لە ڕاستیدا ئەم پێشوازییە تەنیا یەك هۆكارى نییە، دوو هۆكارى هەیە: یەكەمیان، پاڵنەرى ڕاسیستى، كە جیاوازیكردنە لەنێوان پەنابەرانى ئەوروپى و نا-ئەوروپیدا. دووەمیان بەكارهێنانى وێنەى پەنابەرانە دژ بە ڕووسیا. گەر تەنیا یەكەم هۆكار، واتە ڕاسیزم، وەك تاكە پاڵنەرى ئەو پێشوازییە گەرموگوڕ و بێ وێنەیەى لە پەنابەرانى ئۆكرانیا كراوە لەبەرچاو بگرین، ئەوا بە دروستى لە مەسەلەكە تێناگەین. پرسەكە ئەوەیشە كە پەنابەران لە دەستى كێ هەڵهاتوون و دەشێت بكرێن بە ئامرازى لێدان لە كێ؛ بۆ نموونە گەر لە برى ڕووسیا، ئەمریكا (كە ئەویش دەوڵەتێكى نا-ئەوروپییە) ئۆكرانیاى داگیر بكردایە، هەرگیز كاردانەوەى ئەوروپا بەو جۆرە نەدەبوو، نەك تەنیا لەبەرئەوەى ئەمریكا بەهێزترە، بەڵكو لەبەرئەوەى ئەمریكا وێنەى نەیارانەى بۆ بەرهەمنەهێنراوە، ئەڵمانیەكان بۆ ئەمە وتەیەكیان هەیە كە زۆرجار سەبارەت بە جەنگى دووەمى جیهان و ڕێكەوتنەكانى دواتر، كە دوو ئەڵمانیاى ڕۆژهەڵاتى سەر بە سۆڤیەت و ڕۆژئاواى سەر بە ئەوروپا-ئەمریكا لێ دروست بوو، دەڵێن: “ڕووسیا داگیرى كردین، ئەمریكا ڕزگارى كردین”. ئەو هاودەنگییە سەراپاییەى كە لەم جەنگەى دواییدا لەنێوان ئەوروپا و ئەمریكا دروست بوو، هۆكارەكەى هەم ڕەگەزپەرستیى بوو، هەمیش خودى ڕووسیاى پوتین (وەك دەزانین كەنەدا و یابان و هەندێ لە وڵاتانى ترى ڕۆژهەڵاتى ئاسیاش، كە هیچیان ڕۆژئاوایى نین، لە ئەوروپییەكان دڵگەرمتر بوون بۆ سزادانى ڕووسیا)، كە بەهێزبوون و گەشەكردنە ڕێژەییەكەى لە بەرژەوەندى هیچ لایەكیان نەبوو؛ كەواتە بەرژەوەندیى هەمووان لەوەدایە پوتین بخەن یان لاوازى بكەن. لێرەوە بنەماى هاودەنگییەكە لە سەرێكەوە بەرژەوەندییە؛ مامەڵەكردنى بەرژەوەندیخوازانەیش لەگەڵ ڕوخساردا واتە بەدەمەوەچوونى ساختە، گۆڕینى بەرپرسیارێتى بۆ قازانج، بە گشتى واتە ساختەكارى كە نا-ئەخلاقییە. لێرەوە پێشوازى بێ كۆتوبەند لە پەنابەران تەنیا وێنەیە، درۆیەكە دەڵێى ڕاستییە؛ درۆیەكى لە ڕاستیچووە، واتە دەچێتە خانەى ئەو شتەوە كە دێریدا لە كتێبى مێژووى درۆدا بە پسیدلۆگى Pseudologie ناوى دەبات. هەڵبەت نەریتى میواندۆستى لە ڕۆژئاوا لە دێرزەمانەوە هەبووە و هێشتایش هەر هەیە؛ گەلێك هێز، گروپ، لایەن، ڕێكخراو، میدیاى مرۆڤدۆستى بێ ئەندازە چالاك و خۆبەخش هەن كە لەخۆبووردووانە بۆ بەجێگەیاندنى بەرپرسیارێتیى میوانداریى لە ئەویتر تێدەكۆشن، بەڵام دەوڵەتان هەرگیز ئەو میواندارییەیان بەو جۆرە پێشكەش نەكردووە كە ئەم هێزانە، یان فەیلەسوفانى وەكو دێریدا و لێڤیناس داكۆكییان لێ كردووە.

بارمتەكان

بەكارهێنانى ڕوخسارى ئەویترى هاتوو، گۆڕینى دراوسێ لە بەدەمەوەچوونیدا بۆ ئامراز، چەكى فشار، بابەتى قازانج، گۆڕانێكە لە میواندۆستییەوە بۆ بەبارمتەگرتن die Geiselnahme، یان قۆستنەوەى میوانە وەك بارمتە. بۆ لێڤیناس كێشەكە هەر لە سەرەتاوە لە هاتنى ئەویترەوە دەست پێ دەكات و یەكەم كەسیش كە ئەم كێشەیە بەرۆكى دەگرێت سوبێكت خۆیەتى. جەوهەریترین ئەركى سوبێكت هەڵگرتنى بەرپرسیارێتى دراوسێیەتییە بە واتاى میواندارییكردن لە ئەویتر و ئاوەڵاكردنى دەرگا بەسەر هاتنیدا. لێرەدا سوبێكت خانەخوێیە؛ منێكە میوانداریى پێشكەش دەكات. ئەوەى وا لە سوبێكت دەكات ببێتە میواندۆست و بەرگەى مانەوەى ئەویتر لە ماڵەكەیدا یان لە نزیكییەوە بگرێت ڕوخسارى ئەویترە كە لە دەرەوە و بەرەو دەرەوە بانگى سوبێكت دەكات؛ ئەدرەسێكى غەریب بە منى خاوەن ماڵ دەدات تاوەكو ئەدرەسى خۆم بە غەریبەیەك بدەم. وێڕاى ئەمەیش، سوبێكت بوونێكى پڕى كامڵبوو نییە كە لە دنیاى خۆیدا بەڕەهایى ئازاد بێت، ئەوە نییە كە بە پێرفێكتى دەبینێت، دەبیستێت، هەستى هەیە، خانە و لانەى هەیە، خۆراكى لا دەست دەكەوێت. بەڵكو پتر خودێكـە لە سوبێكتیڤیتەدا. بۆیە كاتێك ئەویتر خۆى بۆ ڕوانینى دەردەخات، كاتێك ئەویتر بانگى دەكات، ئەم خودە، ئەم منە، بێ ویستى خۆى، بەر لە ئازادیى خۆى، لە پرۆسەیەكى بەسوبێكتبووندا ئاوڕى بۆ دەداتەوە و لێى دەڕوانێت.

لێرەدا تیزى لێڤیناس دەربارەى سوبێكتیڤیتە وەك بانگ-ئاوڕدانەوە، ڕێك پێچەوانەى هەمان تێزە لاى لوویى ئاڵتوسێر. بە بڕواى ئاڵتوسێر ئەوەى بانگ لە خودێكى پەتى دەكات تاوەكو ببێت بە سوبێكت، گوتارى ئایدیۆلۆژیى دەوڵەتە كە لە هەر دەزگایەكییەوە بانگ بكات، جۆرێك بانگى پۆلیسە لە شەقامێكدا: “هێى، تۆ، كە لەوێى”(Allthusser, Lenin and Philosophy, P. 174). بۆ لێڤیناس بە پێچەوانەوە، ئەوەى بانگ دەكات دراوسێیە، ئەویترە كە بۆتە دراوسێ، دەوڵەتى خانەخوێش یان هەر كەسیتر دەشێت ئاوڕى بۆ بداتەوە و بچێتە سوبێكتیڤیتەوە.  كاتێك خود لە دەرەوەى ویستى خۆى لە سیماى ئەویتر دەڕوانێت و بانگەكەى دەبیستێت، ناچارە لە ڕووى ئەخلاقییەوە بچێتە ژێر بارى بەرپرسیارێتییەوە بەرامبەرى، بۆیە سوبێكت ئەدەرسى خۆى دەدات: “هێى، من لێرەم” (Lévinas: Jenseits des Seins, p.321). لێرەدا سوبێكت، ئەمریكایەك، ئەوروپایەك، خانەخوێیەكى خاوەن سەروەریى وەها نییە كە لە فەزیڵەتى تاكەكەسییانەى خۆى یان لە پێگەیەكى بەرزترەوە پێشوازى لە ئەویتر بكات تاوەكو چاوشۆڕ و قەرزدارى خۆى بكات؛ بە پێچەوانەوە، خود لە “هێى من لێرەم”ـدا ئاماژە بە خۆى وەك “من” دەدات كە هەمان بە منبوونى خودە؛ ئەمە سوبێكتیڤیتەیە كە تێیدا خود مل بۆ فەرمانى ترانسێندنتاڵ كەچ دەكات؛ بوونەكەى دەبێت بە بوون-بۆ-ئەویتر؛ بەم جۆرە سوبێكت بە ناچارى دەبێت بە  sub-jectum، دەبێتە ملكەچێك كە ناتوانێت لە دراوسێ هەڵبێت (Lévinas: Jenseits des Seins, p.196-197, 285). سوبێكتڤیتە بوونە بە بارمتە (Lévinas: Jenseits des Seins, p.282): «بەرپرسیارێتى بەرامبەر ئەویتر، بەرپرسیارێتییەكى كاربڕ و بێ سنوور كە چیتر بۆ ئەوە ناشێت لە ڕێگەى هاوتایى چەقبەستووى ئازادى و نائازادییەوە پێوانە بكرێت، سوبێكتیڤیتى وەك بارمتەیەكى تاقانە و بێ جێگرەوە als unersetzbare Geisel دەخوازێت» (Lévinas: Jenseits des Seins, p.276). بارمتە بێ جێگرەوەیە، واتە كەسێكى تر ناتوانێت لەبرى من ببێتە بارمتەى ئەویتر، بەڵام من تەنیا ئەو كاتە دەبمە بارمتە كە بچمە جێى ئەویتر.

وەها جێگرتنەوەیەكى ئەخلاقى پێچەوانەى فانتازیاى جێگۆڕكێیە لە دەروونشیكارییدا كە هەمیشە لە پێناو تێركردنى ئارەزووى ئیگۆدایە. خۆ-خستنەجێى ئەویتر واتە ڕوخسارى هێندە بەرەو ئەویتر ڕام بكێشێت كە ڕووگیرم بكات، بمكات بە دیلى نیگاى خۆى، نەتوانم لە تەنیایى خۆیدا جێ بهێڵم؛ نەتوانم لە مەرگى خۆیدا پشتى تێبكەم؛ بۆ نموونە كۆچبەرى نێو دەریایەك كە مردنەكەى مسۆگەر بێت: «خود das Sich سەرلەبەر بارمتەیەكە كە كۆنترە لە ئیگۆ، دێرینترە لە بنەڕەتەكان. […] لە ڕێگەى دۆخى بارمتەبوونەوەیە كە دەشێت لە جیهاندا هاوخەمى، هاوسۆزى، لێخۆشبوون، نزیكایەتى هەبێت. بێمەرجیى بارمتەبوون ڕەوشێكى سنووردارى هاوپشتى نییە، بەڵكو پێشمەرجى هەموو هاوپشتییەكە. هەر تۆمەتباربوونێك، هەر بەدواداچوونى كەتنێك، وەك هەموو باجێكى نێوان-كەسى، وەك قەرەبووكردنەوە، وەك سزادان، پێشگریمانەى سوبێكتیڤیتەى ئیگۆ، جێگرتنەوە، ئیمكانى چوونە شوێنى ئەویتر دەكات […]. خود وەك بارمتە هەر لە پێشەوە جێى ئەویترى گرتۆتەوە. “من ئەوێكى ترە”» (Lévinas: Jenseits des Seins, p. p.261). من هەر لە پێشەوە تۆمەتبارم بە خۆپەرستى، بە ئیگۆییزم، لێرەوە گەر دووراودووریش بووبێ، دەستم لە چەوساندنەوەى ئەویتردا هەبووە. تەنیا هەلگرتنى بەرپرسیارێتیى ئەم تۆمەتەم لەسەر لا دەبات، بۆیە هیچ كەس ناتوانێت لەبرى من لەگەڵ ئەویتردا ئەخلاقى بێت، ئەخلاقیبوونى هەركەسیتر، بارى بەرپرسیارێتییەكەى من لانابات، چونكە ئەمە بڕیارێكى ئازادانەى من نییە، بەڵكو من لەو ساتە ڕێكەوتەدا بەرپرسیارێتیم ڕام دەسپێرێت چاك بم، بە دەبرینى لێڤیناس قوربانیى بارمتەیەك بەرهەمى هەڵبژاردنى خۆى نییە كە ببێتە بارمتە، پتر لەلایەن چاكەوە هەڵبژێرراوە (Lévinas: Jenseits des Seins, p.51). من دیلى چاكبوونە.

بەم جۆرە لاى لێڤیناس بوون-بە-بارمتە بڕیار و هەڵبژاردەى سوبێكت نییە، ئەگینا سوبێكت دەبوو بە بوون-بۆ-خۆ؛ دەگەڕایەوە بەرەو خۆى، بۆ ئیگۆییزم. لاى لێڤیناس ئەم گەڕانەوەیە، مەگەر لە ڕووى ئەنتۆلۆژییەوە كە نا-ئەخلاقییە، دەنا مومكین نییە. خۆ ئەگەر ئەمە ڕووبدات ئەوا بوونى سوبێكت لە تۆمەتبارەوە دەبێتە تاوانبار؛ واتە من بەشدارە لەو تووندوتیژییەدا، كە تووندوتیژیى تۆتاڵێتییەك، ئیگۆیەك، شوناسێكە بەرامبەر دراوسێ؛ تووندوتیژییەكە كە لە منبوونەكەیەوە دەرچووە و بەم جۆرەیش هەر منـێكى دیكەیش بەڕێژەیى دەستى لەگەڵى تێكەڵە. ئەمە ئەو شتەیە كە حاڵى حازر لە دەوڵەتانى ڕۆژئاوا ڕوودەدات. ئەوان پشتیوانى بێوێنە لە ئۆكرانیا دەكەن، بەهاى ملیاران دۆلار پێشكەوتووترین چەكیان بۆ دەنێرن، پێشوازیى گەرم لە پەنابەران دەكەن، بەڵام پتر بۆ ئەوەى بیخەنە خزمەتى ئیگۆى خۆیانەوە، بۆ ئەوەى شەڕى پوتینى پێ بكەن. ئەوان خۆیان كردووە بە بارمتەى لێقەوماوانى ئۆكرانیا، بۆ ئەوەى ئەوان بكەنەوە بە بارمتەى خۆیان؛ ئەمە ئەو ئاڵۆزییەیە كە بە یارمەتیى دێریدا دەتوانین ناوى بنێین گەمەى بارمتەكان. لە ئێستادا ئۆكرانیا لەبرى ڕۆژئاوا جەنگى ڕووسیا دەكات و بەهۆى پشتیوانیى ڕۆژئاواوە بووە بە بارمتەى ڕۆژئاوا، ڕۆژئاوایش بووە بە بارمتەى ئەو ئەویترانەى كە لە جەنگ هەڵدێن، بەڵام دیسان ئەم دۆخى بەبارمتەبوونەى ڕۆژئاوا هەڵگەڕێنراوەتەوە و ئەویترەكان كراونەتەوە بە بارمتە، بە چەك و ئامرازى ململانێیەكى گەورەتر، ململانێیەكى گڵۆباڵ. ئێستا لەبرى ئەوەى دەوڵەتانى ڕۆژئاوا خۆیان بخەنە جێگەى ئۆكرانیا، واتە لە برى خەڵكى ئۆكرانیا بمرن، ئۆكرانیایان كردووە بە پێشمەرگەى خۆیان، كردوویانە بە قەڵغان. بەلاى دێریداوە ئەم گەمەیەى بامتەكان، ئەم هەڵگەڕانەوە و جێگۆڕكێیە هەمیشە دەشێت ڕووبدات، بارمتە دەبێتە بارمتەى بارمتە (Derrida: Of hospitality, p.123-125)؛ سوبێكت كە بارمتەى ئەویترە، ئەویتر دەكات بە بارمتەى خۆى. ئەمەى كە لەبرى بوون بە بارمتەى ئەویتر، ئەویتر بكەم بە بارمتەى خۆم، كەواتە دەستم لە مەرگیدا هەیە لەوێدا كە فەرمانى “مەكوژە”ى ڕوخساریم پێشێل كردووە، كەواتە تاوانبارم. ئیگۆ كە لەسەرەتاوە تۆمەتیاربوو، ئێستا تاوانبارە. جەلاد ئەوەیە كە فەرمانى “مەكوژە” پێشێل دەكات (پوتین، ئەردۆگان[6]، سەدام حسەین)، هاوبەشى جەلاد، كە دیسان جەلادە، ئەوەیە كە ڕوخسارى ئەویتر بە بارمتە دەگرێت؛ لەم ڕووەوە دووەمیش هێندەى یەكەم نا-ئەخلاقییە (ترەمپ، بایدن، جۆنسن، ماكرۆن، شۆڵتز، ترۆدۆ).

ئاشتى

جەنگ بۆ ئەبەد بەردەوام نابێت؛ یان لایەكیان سەردەكەوێت و نەزمى تۆتاڵ دادەمەزرێنێت، یان ساتێك دێت لایەنەكان لە جەنگدا دەپڕوكێن و بە ناچارى لەپێناو ئاشتەواییدا دەستپێشخەریى پاكانەحیساب بۆ یەكترى دەكەن؛ هەریەكەیان دەبنە بەشى گشتێك، بەشى یەكێتییەكى تۆتاڵى. ئەم ئاشتیانە كەمترن لە ئاشتیەكى ڕاستەقینە؛ یەكەمیان ئاشتییەكى ئیگۆیستانەیە لەسەر حسابى لێدەركردن و نەفى (ئیمپریالیزم)، دووەمیان سەنتێزیانەیە لەسەر بنەماى خستنەسەر و ئیزافە (بازرگانى یان ئابووری). لێڤیناس گشتیتر ناویان دەنێت ئاشتیى سیاسى. هەمان دۆخى ڕووسیا لە پێش جەنگدا. لە دواى جەنگى ساردەوە، ڕووسیا چووە نێو ئاشتییەكى ڕێژەییەوە لەگەڵ خۆرئاوادا، لە پانزە ساڵى ڕابردوودا و لەدواى ئەوەى پوتین دەسەڵاتى گرتە دەست، ڕووسیا بە تەواوەتى خزایە نێو سیستەمى سەرمایەداریى ڕۆژئاواییەوە و پوتینیش خۆى لە ڕاگەیاندنى جەنگدا جەختى لەسەر ئەوە كردەوە “كە هیچ زیانێك لە سیستەمە جیهانییەكە نادات”، واتە لە نەزمى ئاشتیى ئابووریى. لەگەڵ ئەمەیشدا ڕووسیا لە دۆخى ئاشتیى تۆتاڵ دەرچوو [یان كرایە دەرەوە] و بوو بە هێزى جەنگ، ناتۆیش وەك هاوپەیمانییەكى جەنگى لە ڕێگەى سزا نائاساییەكانییەوە جەنگى دژ بە ڕووسیا ڕاگەیاندووە كە یان دەگات بە پێكدادانى گەورەى ئەتۆمى، بە جەنگى سێیەمى جیهانى، جەنگى ئەرمەجیدۆن، كۆتایى مێژوو، یان ئەم دۆخە بەردەوام دەبێت تاوەكو سەردەمێكى دیكەى ئاشتیى نێوانیان دێتەوە. بەلاى لێڤیناسەوە ئەم جۆرە ئاشتییە خۆى هەر پاشماوەى جەنگە، خۆى پشووە لە جەنگ؛ واتە هەرگیز بەو جۆرە نییە كە هێنرى كیسنجەر دەیڵێت، گوایە ئامانجى شەڕ لە پێناو زامنكردنى ئاشتییەكى درێژخایەندایە: جەنگى ئاشتیخوازانە؛ لێڤیناس دەڵێت: «ئاشتیى ئیپمراتۆرییەتەكان كە لە جەنگەوە بەدیى هاتبێت، خۆى لەسەر جەنگ دامەزراوە. […] فەیلەسوفەكان [مەبەست لە دیالەكتیكیەكانە] ئاشتیى كۆتایى لەو عەقڵەوە دەردێنن كە گرەوى خۆى لەسەر جەنگە كۆن و ئێستاییەكان كردووە» (Lévinas: Totalität und Unendlichkeit, p.21).

لە كتێبى غەیرییەت و ترانسێندنس Alterity and Transcendenceدا لێڤیناس ڕەخنەى ئەوە لە ئەوروپا دەگرێت كە ئاشتیى تەنیا لەسەر بنەماى مەعریفە، حەقیقەت، عەقڵانییەت، نەفى وێناكردووە، لێرەوە ئەوروپا مرۆڤایەتیى خزاندۆتە نێو شوناسى خۆیەوە. ئەوروپا پتر وەك كۆلۆنیالیزم و ئیمپریالیزم، بۆ داگیركردن و تاڵانكردن، بۆ تێگەیشتن و ڕامكردن، بۆ ئەنترۆپۆلۆژیا و ڕۆژهەڵاتناسى، دەنا هەرگیز بۆ بینینى ڕوخسارى ئەویتر و بۆ پێشوازى لە دراوسێ لە ماڵى خۆى نەچۆتە دەرێ. لێڤیناس پێشنیارى جۆرێكى ترى ئاشتى دەكات كە ئاشتییەكى بنەڕەتییە لەنێوان من و ئەویترى غەریبدا، پۆتێنشیەڵى ئەم ئاشتییەش هەر لە ئەوروپا خۆیدا هەیە وەك ئاوێتەیەك لە كولتوورى عیبرانى-یۆنانى: «چیتر ئاشتییەك نییە لەسەر بنەماى هاوشێوەیى لەگەڵ ئایدیاڵى یەكێتیى یەك the unity of the One كە هەموو غەیرییەتێك وەڕزى بكات. لە هەستەوەرییەك sensibilityدا كە سكانداڵى كوشتن سەركوت نەكرێت، تەنانەت كاتێك تووندوتیژى پێویستیش بێت، ئاشتى نە دەتوانێت دەروەستى هاوشێوەیى سەقامگیرى شوناس بێت و نە غەیرییەت تەنیا وەك جیاكارییەكى لۆژیكیى بەشەكانى سەر بە گشتێكى ناسك پاساو دەدرێت. […] دەبێت لە خۆمان بپرسین داخۆ ئاشتى، لەبرى ئەوەى بە هەڵمژین یان دوورخستنەوەى غەیرییەت دابمەزرێت، ناشێت بە پێچەوانەوە، ببێتە ڕێگەیەكى برایانە fraternal ى نزیكایەتى لە ئەویتر، ناشێت تەنیا ببێتە شكستى كۆبوونەوە لەگەڵ ئەویتردا، بەڵكو ڕێك هێمایە بۆ زێدە-بەتەنگەوەهاتن بەسەر هەموو تەنیاییەكدا. زێدە بەتەنگەوەهاتن و خۆشەویستى» (Levinas, Alterity and Transcendence, p.136-137). لێڤیناس ئاشتى لەسەر بنەماى مشورخواردن لە ئەویتر و خۆشەویستى دەكات بە ئەڵتەرناتیڤى ئاشتییەك كە لەسەر بنەماى شوناس و ڕەگەز دابمەزرێت؛ ئەو خۆشەویستى بەم جۆرە ڕوون دەكاتەوە: «لە ئاشتیى ئەخلاقیدا پەیوەندییەكە لەگەڵ ئەویترى نەتوواوەدا، ئەویترى كورتنەكراودا، ئەویترى تاقانەدایە. تەنیا تاقانە كورتنەكراوەیە و بە ڕەهایى ئەویترە! بەڵام تاقانەیى تاقانە تاقانەیى مەعشوقە. تاقانەییەكەى تاقانە لە عەشقدا دەلالەتى لێ دەكرێت. لێرەدا ئاشتى وەك عەشقە. ئەو تاقانەییەى غەیر هەندێ وێنا و خەیاڵاتى وەك وەهمى سوبێكتیڤى عاشق نییە. تەواو بە پێچەوانەوە، سوبێكتیڤ وەك خۆى، لەڕێگەى عەشق، نزیكایەتى و ئاشتیەوە، ڕێك دەستەپاچەیە بەرامبەر تاقانەیى، بەرامبەر ئەویترى ڕەها. […] ئاشتیى وەك پەیوەندیى لەگەڵ ئەویترێكدا كە ناشێت لە غەیرییەتە لۆژیكییەكەى جودا بكرێتەوە، لەو ئەویترێتییەیدا كە بۆ شوناسى لۆژیكیى جیاوازییەكى بنەڕەتى كە بۆ ڕەگەز/نەژاد ئیزافە بكرێت، كورتنابێتەوە. ئاشتى وەك بەخەبەرهێنانەوەى بەردەوامى ئەو غەیرییەتە و ئەو تاقانەییە» (Levinas, Alterity and Transcendence, p.138). خۆشەویستیى من بۆ ئەویتر لەدەستى خۆمدا نییە؛ بەرهەمى ئازادى و هەڵبژاردنى ئازادانەى من نییە، بڕیارێكیش نییە لەسەر بنەماى هەڵسەنگاندنێكى عەقڵانیى پەتى؛ من دەكەومە نێو عەشقى ئەوەوە؛ لەمەدا لە هەر پاسیڤێتییەك پاسیڤترم.

وەها ئاشتییەك لاى لێڤیناس تەنیا دەشێت ئیسكاتۆلۆژى [ئاخیرزەمانی]ى بێت، واتە ئاشتییەكى دەرە-جەنگ و سەروو-مێژوویى. ئاشتى لە مێژوویەكى ئوبێكتیڤدا ڕوونادات كە لە كۆتایى جەنگ یان لە كۆتایى مێژوودا، جەنگ ئاوەڵاى كردووە؛ ئاشتیى دواى جەنگى كۆتایى، ئاشتى دواى كۆتایى مێژوو، دواى دوا جەنگى ئەتۆمیى كۆتایى مێژوو نییە كە بەرەیەك بەسەر بەرەیەكى تردا بە یەكجارى سەردەكەوێت (Lévinas: Totalität und Unendlichkeit, P. 24, 445). ئیسكاتۆلۆژى واتە ئاشتییەكى دیاكرۆنیى مەسیحایى لەنێوان سوبێكت و ئەویتردا، لەنێوان منێكى نائیگۆیستى و غەریبەدا، لەنێوان بوون و ناكۆتادا، كە لەگەڵ هەموو دەركەوتنێكى دراوسێدا دەكرێت ڕووبدات. ئەو داوكارییەى كە وەك من ڕووى لێمە دۆخێكى كۆنكرێتییە كە مافى دراوسێیە لەسەر من و ئەمەیش بانگى گەڕانەوەیە بۆ بەرپرسیارێتیى من لە ڕێگەى ڕوخسارى ئەویترەوە. ڕوخساى ئەویتر لە ژاكاوى و بێبەرگرێتییەكەیدا، لە ڕووتوڕەجاڵییەكەیدا هەم دنەم دەدات بۆ كوشتنى و هەمیش داواى ئاشتى دەكات: مەكوژە. ڕوخسار تۆمەتبارم دەكات، دەمخاتە گومانەوە لە خۆى، بەڵام هەمیشە داواكارى و تكاى هەیە، تكایەك كە دەبێتە فەرمان. نزیكایەتیى دراوسێ بەرپرسیارێتیى منە بەرامبەر ئەویتر كە مەحاڵە بتوانم بە تەنیا لەگەڵ مەرگى خۆیدا جێى بهێڵم، مەحاڵە بێباكانە بە مردنى بسپێرم؛ بە پێچەوانەوە ئامادەیى منە بۆ ئەوەى لەبرى ئەویتر، لەپێناو ئەویتردا بمرم. ئەمە جەزابیەت و هاوكات مەترسیى خۆشویستنى دراوسێیە، عەشقێك بە بێ لەدەستدان (Levinas, Alterity and Transcendence, p.141). جەنگ ئەم پەیوەندییە، كە تاكە پەیوەندیى ئەخلاقیى مومكینە، خاپوور دەكات و لەبرى خۆشەویستى، كینە بڵاو دەكاتەوە. ئەوەى لە دۆخى كوشتندا چاوى بەستراوە و ڕوخسارى ژاكاوى ئەویتر نابینێت، قوربانیەكە نییە، جەلادەكەیە.


پەراوێزەكان:

[1] بۆ ئەوەى وشەى “ئەویتر” و “من” وەك چەمكى ئەخلاقى لە هەر بەكارهێنانێكى ترى ئاسایى وشەكان جودا بكەینەوە، بەشێوەى بۆڵد “ئەویتر“/ “من” دەیاننووسین. لە هەر كۆنتێكستدا بەكارهێنانەكانیان ئاسایى بێت، هەر بە سادە و بێ بۆڵد دایاندەنێنەوە. ئەم جوداكردنەوەیە لە ڕێگەى پیتى كاپیتاڵەوە لاى لێڤیناس هەیە و ئێمەیش لێرەدا پەیڕەویى لەو دەكەین.

[2] وشەى selbeى ئەڵمانى یان sameى ئینگلیزى بەشێوەیەكى ئاسایى بە واتاى خود، هەر خۆى، هەمان بوون/شت دێت. لە فەلسەفەدا، بە تایبەت لاى لێڤیناس ئەمە بنەماى شوناسە؛ Same بە واتاى شوناسە، چونكە شوناس ئەوەیە كە هەر خۆیەتى، كە هەمان شتە. بەڵام لەبەرئەوەى لێرەدا مەسەلەكە “شت” نییە، بەڵكو “بوون”ـە، ئەوا هەر وشەى هەمان لەبرى the Same/das Selbe بەكار دەهێنینەوە. دیارە ئەم وشەیەش بۆڵد دەكەین لەو جێیانەدا كە مەبەست لێیان چەمكەكەى بێت.

[3] لە ڕووى ڕێنووسەوە دەبێت بنووسین “ئەوى تر” یان ئەوى دیكە”؛ لەنێوان دوو بڕگەى وشەكەدا بۆشایى هەبێت. بۆچى؟ بۆئەوەى “تر”ەكە لە پلەى بەراورد جیا بكرێتەوە. بۆ نموونە: بەرز ← بەرزتر. بەڵام لە كاتێكدا كە وشەى “تر” سەربەخۆ بێت و پلە نەبێت، ئەوا پێویستە بە جودا بنووسرێت. ئێمە لە بەكارهێنانى وشەى “ئەویتر“دا پەیڕەویى لەم ڕێسایە ناكەین و ئەمەیش تەعەسوفى نییە. دروستكردنى چەمك زۆرجار بە تێشكاندن یان دەستكاریكردنى بەكارهێنانە ڕێسامەند و ڕێزمانییەكان وەدیى دێت، وەكو چەمكى دیفێرەنس différanceى دێریدا، وەك چەمكى ئیسەنس essanceى لێڤیناس كە پیتى (e)ـیان لە وشەكاندا گۆڕیووە بۆ (a) تاوەكو دەستكارییەكى ڕیشەیى لە ماناكانیاندا بكەن. من هەركاتێك ئەم وشەیە وەك چەمكێكى ئەخلاقى بەكاربهێنم، دەنووسم “ئەویتر” و ناترسم لەوەى ئەمە لەگەڵ پلەى بەراورددا تێكەڵ ببێت؛ بە پێچەوانەوە مەبەستمە تێكەڵ ببێت. ئەویتر لە یەك كاتدا ئەو-ى-ترە؛ من نییە، ئەوە. هاوكات تەنیا ئەویش نییە، لە ئەو ئەوترە، لەولاى ئەوەوەیە. ئەمە لەبەرئەوەى لێڤیناس لایوایە لە فەلسەفەدا دوو جۆر “ئەو” هەن، یەكێكیان ئەوی ترى “من“ـە، ئەوێكى ترە بۆ من و دواجار دەچێتەوە خزمەتى من، كەواتە بە ڕیشەیى “ئەو” نییە. دووەمیان ئەو ئەوەیە كە بەهیچ كلۆجێك ناكرێت بگەڕێنرێتەوە بۆ “من“، ناشێت پاشكۆى من بێت؛ واتە لە ئەوى یەكەم زۆرتر ئەوە، ئەوترە. لەولاى “ئەو”ەوەیە، بگرە لە هەر ئەوێك تا ناكۆتا ئەولاترە، كەواتە بەردەوام “ئەویتر”ە كە لێڤیناس ناوى دەنێت “ئەویترى ڕەها”. هەر لەبەر ئەم گرنگییەى وشەى “تر” وەك پلەى بەراوردى “ئەو” (نەك پلەى بەراوردى من) و وەك لە ئەو “ئەولاتر”ە كە وشەى “دى/دیكە” بەكارناهێنم. “ئەوى دیكە” جۆرێك لە چەندێتییە نەك پلەى بەراورد. ئەو←ئەوێكى دیكە← ئەوێكى دیكەش و هتد. وشەى “دیكە” سنوورى “ئەو” لەخۆیدا كورت دەكاتەوە، ئەو هەر ئەوە، واتە “ئەوێكى دیكە”یە و هیچیتر؛ لە كاتێكدا “ئەویتر” وەك ئەو چەمكەى ئێمە بە ئیلهاموەرگرتن لە لێڤیناس دامانڕشتووە، لە هەر ئەوێك ئەولاترە، لەبەرئەوە هەرگیز نابێتە “ئەوى من”. كەواتە هەركاتێك ئەم وشەیە وەك ئەم چەمكەى وا لێرەدا ڕوونمان كردەوە بەكاربهێنم بەبۆڵدكراوى دەنووسم “ئەویتر“، بەڵام ئەگەر مەبەستم لە بەكارهێنانە سادەكەى بوو هەر بەشێوەى ئاسایى “ئەوى تر” یان “ئەوى دیكە” دەینووسم. هەتا ئێستا لە چەند وتارێكى پێشترمدا كە لە سایتەكان بڵاوبوونەتەوە، هەڵەچنەكان زەحمەتیان كێشاوە، بێ ئاگادارى خۆم، وشەكەیان ڕاست كردۆتەوە بۆ “ئەوى تر” چونكە هیچ ڕوونكردنەوەیەكى پێشوەختەم بۆ نەنووسیبوون؛ بەڵام گەر جاروبارێك ڕێنووس خوار بكەینەوە، هەڵەى تێبخەین ڕەنگە پۆتێنشیەڵى گەورەى تێدا ببینینەوە. گەشەدان بە زمانێك كە دەرەقەتى چەمكسازى، فیكر، زانست بێت بە دروستتنووسیى پەتیگەرانە وەدیى نایەت، بەوەیش ڕوونادات هەر لە خۆڕا هەڵە بنووسیت؛ ڕەنگە جاروبارێك ناڕێكنووسى دەرفەتى تاقانە بۆ چەمكسازى بخاتە بەردەستمان و پیشانمان بدات كە پۆتێنشیەڵ لە زمانەكەدا هەیە، تەنیا پێویستە ئێمە بتوانین ئەم دەرفەتە بۆ داهێنان بقۆزینەوە. تكام لەو هاوڕێ و بەڕێزانەى زەحمەتى هەڵەچنى دەكێشن، ئەوەیە كە لەمە بەدوا لە هەر جێیەكدا بنووسم “ئەویتر” دڵنیابن هەڵە نییە، ئەنقەستە و بە مەبەستە، ڕاستى مەكەنەوە، با لێمان هەڵە نەبێت.

[4] لێڤیناس لە گەلێك بەرهەمیدا هەردوو چەمكى ویژدانى ئاسوودە كە هەمان ویژدانى باشە؛ ویژدانى غەمگین كە هەمان ویژدانى خراپە بەكاردەهێنێت. خۆیشى ئاماژە بەوە دەدات كە مەبەستى لەمەى دووەمیان شتێكى وەكو “ئاگایى غەمگین”ى هیگڵیى نییە. هەروەها لە واتا دەروونناسیەكەیشى جیاوازە.

[5] لەبەرئەوەى لە زمانى كوردیدا ناتوانین لە گوزارەى ڕوو-بە-ڕوو دەربڕینێكى باشتر بۆ چەمكى face-to-daceـى لێڤیناس بەكاربهێنین، بۆیە بۆ faceـى ئینگلیزى وشەى “ڕوخسار”، نەك “سیما، ئەدگار، دەموچاو و هتد”، دادەنێین، چونكە ڕوخسار پەیوەندیدارە بە وشەى “ڕوو”ەوە كە لە چەمكى ڕوو-بە-ڕوودا داڕێژراوە. دەكرێت جاروبار “سیما”یش بەكاربهێنین بەڵام تەنیا وەك هاوماناى ڕوخسار، نەك مانایەكى ترى لێ بار بكەین. هەڵبەت مەبەستى لێڤیناس لە ڕوخسار تەنیا دەموچاو و نییە. پێویستە ئاماژە بەوەیش بدەین كە ئەم چەمكە لە هەردوو كتێبە سەرەكییەكەى لێڤیناسدا، واتە گشتگیرى و ناكۆتا و ئەولاتر لە بوون، بە زمانى ئەڵمانى دوو زاراوەى جیاوازى بۆ بەكارهێنراوە. وەرگێڕى كتێبى یەكەمیان das Antlitz و وەرگێڕى دووەمیان das Gesichtـیان بۆ داناوە.

[6] چەند ساڵێك پێشتر و لە سەروەختى ڕێكەوتنەكانى توركیا و یەكێتیى ئەوروپادا، بۆ ڕێگرى لە لێشاوى كۆچبەران بەرەو ئەوروپا، ئەردۆگان كۆچبەرانى بۆ مەبەستى جۆربەجۆر بەكاهێنا، لەوانە وەرگرتنى پارە و وەك كارتى فشار بەرامبەر وڵاتانى ئەوروپا بۆ چەسپاندنى ئەجێنداكانى خۆى لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا. ئەو كات ئێمە وتارێكى كورتمان بە زمانى كوردى بە ناوى جەنگى بارمتەكان بڵاوكردەوە و تێیدا ئەوەمان پیشاندا كە توركیا كۆچبەران وەك بارمتە بەكاردەهێنێت. دواتریش بە هاوكارى چەند هاوڕێیەك، وتارەكەمان درێژتر و چڕتر، بە سەرچاوەگیریى تەواوەوە، بە زمانى ئینگلیزى نووسییەوە. لە خوارەوە لینكى هەردووكیان دادەنێم:

لینكى وتارەكە بە زمانى كوردى:  https://www.nawext.com/ku/post/view/jaeng-brmtaekhn

لینكى وتارەكە بە زمانى ئینگلیزى:  https://www.nawext.com/post/view/the-war-of-hostages


سەرچاوەكان:

 

  1. Emmanuel Lévinas: Jenseits des Seins oder anderes als Sein geschieht, Alber Studienausgabe, Au dem Französischen übersetzt von Thomas Wiemer, Verlag Karl Alber Freiburg- München, 2011.
  2. Emmanuel Lévinas: Totalität und Unendlichkeit- Versuch über die Exteriorität, Übersetzt von Wolfgang Nikolaus Krewani, Verlag Karl Alber Freiburg- München, 2014.
  3. Emmanuel Levinas, On Escape, Introduced and annotated by Jacques Rolland, Translated by Bettina Bergo, Stanford University Press, Stanford-California, 2003.
  4. Emmanuel Levinas: Alterity and Transcendence, Translated by Michael B. Smith, The Athlone Press, London, 1999.
  5. Judith Butler: Precarious Life- The Power of Mourning and Violence, Verso, London-New York, 2006.
  6. Jacques Derrida, Of Hospitality, Anne Dufourmantelle invites Jacques Derrida to respond, Translated by Rachel Bowlby, Stanford University Press, Stanford, California  2000.
  7. Jean-Luck Nancy: Being Singular Plural, Translated by Robert D. Richardson and Anne E. O’Byrne, Stanford University Press, Stanford- California, 2000.
  8. Louis Althusser: Lenin and Philosophy (and other essays), Translated by Ben Brewster, Monthly Review Press, New York and London, 1971.
  9. Slavoj Žižek, How to Read Lacan, W. W. Norton & Company, New York London, 2007.