زاموا موحه‌مه‌د

سوتاندنی مەرگ،شەهیدانێک تەرمی خۆیان وەردەگرنەوە


Loading

سوتاندنی مەرگ

شەهیدانێک تەرمی خۆیان وەردەگرنەوە

زاموا محەمەد

*بۆ جەنگاوەرەکانی ویستی ژیان، بۆ شەهیدانی گەنج لە دوایین مانگی ساڵدا، بۆ شەهیدانی شوبات، بۆ شەهیدانی تشرین، بۆ هەموو ئەوانەی هاتن و تەرمی خۆیان لە باوکەکان سەندەوە…

 

Kurt Schwitters
Das Bäumerbild, 1920

-پێشەکییەک کە سیاقی خۆی لێ ون بووە-

ئەم لغاوە پۆڵایینەی لمۆزی زەمەن

ئەم دڕکە لە گەرووی دێوە ئاوییەکانی بنکی ڕوبارەکەدا

ئەم ئاوە کوێرە

ئەم هەموو کون و تڵیشە لە ئەژنۆی ئەو شەرواڵانەدا

کە بەخت بە دوو پەنجە بۆیان فڕێدەدات،

یان بۆیان فڕی نادات؛

ئەم هەموو توێکڵەی ڕۆژگار

کە نەمریی بەو ناوەدا بڵاویدەکاتەوە و کەسیان فریای کۆکرنەوەی ناکەون،

ئەم ژەنگە بە زنجیرەکانی دڵیانەوە، زڕەی زنجیرە ژەنگاویەکانی دڵیان.

ڕوحەکان فێر بوون پەتپەتێن بە زنجیرەکانیان بکەن

کۆتەکانیانیان لێبووەتە بازنگ.

ئەم ستوونانەی ئاسن بە لووتی ئەم زیندانەوە

ئەو ددانە کانزاییانەی مەحاڵن کە چاوەندازی ڕوح ڕێ‌ڕێ دەکەن

کاتێک لەودیویانەوە سەیری ژیان دەکات،

جەللادەکانیش هاتوونەتەوە و قوتی خۆیان داوا دەکەن

کەوچکەکانیان دەکێشن بە قاپەکانی زەروورەتدا و هاواردەکەن:

کوان قوربانییەکانمان؟

 

 

 

-ڕێکەوتێک لەگەڵ کاروانی شەهیداندا-

ئەو هەموو ئەبەدیەتەیان بۆ چییە لە باخەڵیاندا؟

ئەو هەموو جەنگاوەرەیان بردە سەر کانی و ئاویان پێ نەدان

ئەو هەموو دەنکە خورمایەی لە فیشەکدانی پێشمەرگەکانی دوێنێ و جەللادەکانی ئەمڕۆدا شاردیانەوە!

ئەو هەموو شاخەی لە پێشمەرگەکانی دوێنێیان دزی،

ئەو هەموو شەقامەی بە حیمایە و سەربازەکانی سەریانەوە لوولیان کرد و بێ ئەسپەنیک

لەو هەورەبانەدا هەڵیانگرت کە ئەخلاق لەبەر ئازاری ئەژنۆ قەت سەری لێ نادات.

ڕادەبوێرن بەو مێژووەی کە قیامەت لەتاو بۆگەنەکەی، هەر پێنج لووتەکەی خۆی بە لۆکە ئاخنی؛ خۆیانن جەنگاوەرانی ئەو ئۆدیسەیەی هەرگیز دەست پێ ناکات. ڕابوێرم، شەرت بێت منیش، بەو وڵاتەی کۆلۆمبۆسەکانی پاتەی لاستیک لەسەر کیشوەرێکی وەهمی و بەسەر کەشتییەک لە درۆوە دۆزییانەوە، بەو زمانەی شاعیرە گەمژەکان ئاگری پێ سارد دەکەنەوە، بە دەستوورەکانی پاشای سەر تەختێک لە موقەبا و سەولەجانێک لە تەپاڵە کە تینوێتیی بە گڕ دەشکێت؛ بە هەموو ئەوانەی ڕۆژێک پەیژەکانی ئاسمانیان دزی تا خەڵکەکەم، تا نەوەکەم پێیاندا سەر نەکەون … ڕابوێرم، شەرت بێت منیش، بەم سەردەمەی پاش کارەساتە گەورەکان و مرۆڤە وردەکانی ناویان.

نەرم نابن لەگەڵ هیچ، ئەوان کە ژیانیان لە یەک قەپاڵدا دەویست. چەرخێک لە عەباکەی مەرگ دەدەن، ئەم باغاتەی نەمری با هەر خاپوور بێت. لەو چەمەی هەرمان لانادەن کە ڕوحەکان گێژ گێژ مەلەی تێدا دەکەن، کەمێک ئەملاتر ئەو ڕاڕەوەیە کە دەچێتەوە سەر شەقام، هەموویان دێنەوە سەر شەقام، ژیان دێتە سەر شەقام، کە مەرگ بە عەبای گڕگرتووەوە خۆی لەو تەپوتۆزەی ئەبەدیەتدا بگەوزێنێت، پاش ئەوەی چەرخێکیان لێدا و گڕی گرت؛ شەرمی ناوێت، شەرم ناکەن لەوەش

و

شەرم ناکەن لە گەڕانەوەش

دێن و ئاسمانەکان بە دەستێک لوول دەکەن، کە گرشەی هیچ ئەستێرەیەک بۆ ئێمە نەبوو

دێن و عەرشەکان دەڕووخێنن هەموو، کە گریەی هیچ خودایەک بۆ ئێمە نەبوو

دێن و باغەکان دەسووتێنن هەموو، کە هیچ بەهارێک لە ئێمەدا جێی نەبووەوە

دێن و تەرمەکانی خۆیان وەردەگرنەوە، لەو خەڵکەی لەناو دەستاڕەکەی ژیاندا ون بوون،

شەرمیش ناکەن هەرگیز لە هیچ، نە لەو برینانەی بوونە ئاڵا، نە لەو باوکانەی تەڵقینی شەویان دەدا،

شەرم ناکەن ئەوان ئیدی

شەرم ناکەم منیش ئیدی

لەوەی کە ئێمە نەوەی نەگونجانین لەگەڵ هەموو شتێکدا،

لەوەی کە ئێمە نەوەی حاشالێکراوین لە لایەن هەموو شتێکەوە؛

تووڕەیان کردین

بۆیە بولبول بە باغەوە دەسووتێنین

عیشق بە گوناهەوە دەسووتێنین

یار بە خیانەتەکانیەوە

مێژوو بە ستەمەکانیەوە

پاشا بە دەرباریەوە

جوانی بە ناسکییەوە

مەعقوول بە مەحاڵیەوە دەسووتێنین

ئێمەی نەوەی بێبەش لە هەموو شتێک کە دەبوا هەمانبێت.

دادایزم – ماكرس ئێرنست ١٩٢١؛ پاسكیلی ئه‌ڵمانی
Max Ernst: The Gramineous Bicycle – Dadaism

-کرانەوەیەکی تری حەقیقەتەکە بە ڕووی خۆیدا-

گیرفانە بەتاڵەکانیان پڕن لە سزا

دڵە وەلانراوەکانیشیان پڕ لە ئاگر،

پێویستیان بە کەس نییە تا شینیان بکات

پێویستیان بە کەس نییە دان بە جوامێرییاندا بنێت

پێویستیان بە مەرگ نییە تا تاجی نەمرییان بنێتە سەر،

شەهیدەکانی ئەمڕۆ کە بەسەر خوداکانی دوێنێدا هەنگاو دەنێن،

بە ڕاڕەوەکەدا تێپەڕ دەبن و لە گردەکەی ئەبەدیەتەوە پۆل پۆل دێنە خوار

تەرمەکانی خۆیان یەک یەک لە هەبوون وەردەگرنەوە،

تەرمەکانی خۆیان یەک یەک

لە نیشتیمان

لە دەسەڵات

لە غەدر

لە کڵێساکانی بارەگا، لە بارەگاکانی کڵێسا

لە خاچی فیشەک

لە هەبوونی سەرسووڕماو لە نادادیەکانی خۆی وەردەگرنەوە …

با ئەزەل سەرسام بمێنێت لەو باگردێنەی هات و شاخێکی تەخت کرد

با عەدەم هەر بگریات پاش ئەوەی تێگەیشت بوونی هەیە

با مەحاڵ هەر سەری بخورێنێت لەوەی کە چۆن دەتوانێت ڕوو بدات

با گوللەکان هەموو پەشیمان بن لەوەی کە دەرگایان بە ڕووی ئەبەدیەتدا کردەوە؛

سا وەرن و تەرمەکانتان ببەنەوە،

تەرمەکانتان لە نیستیمان بسەننەوە /نیشتیمان کە هیچتان ناناسێتەوە/

تەرمەکانتان لەو زەریایە دەربێنن کە دەیویست بە ئێوە زیاتر هەڵبکشێت

تەرمەکانتان لەو گۆڕستانە بسەننەوە کە لافی ئاسمانێکی پڕەستێرەی لێ دەدا

ئێوە کە سەر بە نەوەیەکن حەوسەڵەی وردەمرۆڤی نییە؛

ئێوە کە تەرمەکانتان مەحاڵن

ئێوە تەرمەکانتان سبەینێن، تەرمەکانتان داهاتوون؛

ئێوە کە تەرمەکانتان نیشتیمانن، تەرمەکانتان خودان

وەرن وەریانبگرنەوە؛ دەتانبینم دێن و وەریاندەگرنەوە

لە نیستیمانێکی درۆ

لەو بۆینباغانەی خۆیان لە کەمەری پاتەیەکی لاستیک ئاڵاند؛

ڕابوێرم شەرتبیت منیش، بەوەی ئێوەی ئازار دەدا

ڕابوێرین شەرتێت هەموو، ئەو ڕۆژەی تەرمی خۆمان وەردەگرینەوە.

١٠/١١/٢٠٢٠

 

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌