All markets by Jerene Ang

سوبیەکتی گەشبین،کینیزم وەک گەشبینی


Loading

 

 

 سوبێیەکتی گەشبین

 

 

به‌شی دووهه‌م: سوبیەکتی گەشبین،کینیزم وەک گەشبینی

شانیشانەی هەموو دۆخێکی قەیراناوی بریتییە لە درۆ، بەتایبەتی ئەو جۆرە درۆیەی کە بەهۆشیارییەکەوە بۆمان دەکرێت و دەیەوێت دۆخی درۆزنانەی ژیان باس بکات، کەچی خودی خۆیشی درۆیەکی قێزەونتر دەئەفرێنێت، ئەمە سینیزمە، ئەوەی سلۆتەردایک بە (هۆشیارییەکی ڕۆشنگەری ساختە)  پێناسی دەکات بۆمان، هۆشیارییەک بۆمان ڕووندەکاتەوە کە لەدۆخێکی قەیراناویداین، هۆشمەندمان دەکات بەوەی سیستەم و مۆراڵ و دەسەڵاتەکان بەندمان دەکەن و وزەکانی سەربەستکردنی ژیانمان تێدا کپدەکەنەوە، کەچی  خودی خۆی بەدرۆوە، بەچەواشەکارییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو دۆخەدا دەکات.

 

 

سینیزم، هۆشیارییەکە هانماندەدات تووڕە بین لە دۆخەکە، کەچی خۆی تووڕە نابێت. وەک ئەو ئۆپۆزیسیۆنانەی ڕەخنە لە حیزبی دەسەڵات دەگرن، بەڵام کاتێک خۆیان دەسەڵات وەردەگرن، ڕاستییەکە ناکەن. ئەمە چ هۆشیارییەکی گاڵتەجاڕە، دەزانێت ئەوەی دەیکات هەڵەیە، کەچی سوورە لەسەر کردنی. لە ئەتمۆسفێرێکی وەها چەواشەکار و درۆسازدا مرۆڤەکان بێئومێد و بێهیوا دەمێنن لەبەردەم لەدایکبوونی هێزێکی تری هیوابەخش کە بتوانێت بەرجەستەی هەقیقەت وەکو خۆی بکات. واتە ڕێک ئەو (هۆشیارییە بەدبەختە) بەجێبهێڵێت کە پێیوایە لەهەڵەدا دەژی کەچی خودی خۆیشی دروستکەری هەڵەیە و بگات بە هۆشیارییەکی بەختەوەر.

 

ئەو کاتەی ئەدۆرنۆ دەیگووت؛ شتی ڕاستی لەناو ژیانی هەڵەدا بوونی نییە… کەچی کەسی سینیک لەناو دۆخە هەڵەکەدا پێیوایە ڕاستی دەکات کاتێک ڕەخنە لە دۆخەکە دەگرێت، بەڵام دواتر دەکەوێتە دۆخێکی چەواشەکار و درۆزنانە و قێزەون و بەدبەختەوە. لە گریکی کۆندا دیۆگینس کە دامەزرێنەری فەلسەفەی کینیزم بوو، تەوژمێک کە دەیویست ڕاستەقینەیی و سروشتی و خاکەڕایانە ژیان بژێنێت، ئەوەی دەکرد کە بانگەشەی بۆ دەکرد، جارێک لەبەر خۆردا ڕاکشاوە و ئەلێکساندەری مەزن دێتە لای و پێی دەڵێت دیۆگینس تۆ بۆچی وەها سەگانە دەژی، بفەرموون چی دەخوازن بۆتان جێبەجێ بکەم. دیۆگینیس دەڵێت؛ بەس لاکەوە و بەری خۆرم لێ بەردە.  ئەلێکساندەر دەڕوات و بە یاوەرەکانی دەڵێت: ئەگەر ئەلێکساندەر نەبوومایە، حەزم دەکرد دیۆگینس بوومایە… ئالێرەدا درۆی دەسەڵات و چەواشەکاری سیستەم و دزێوی مۆڕاڵ دەردەکەوێت. چونکە ئەلێکساندەر دەزانێت ئەو شێوەژیانەی هەیەتی هەڵەیە و ئەوەی دیۆگینس دروستەکەیە، کەچی هەڵەکە هەڵدەبژێرێت. ئەمەش سینیزمە وەک هۆشیارییەکی ساختەی ڕۆشنگەر.

 

 

 

دیۆگینی سنیۆپی به‌ ئه‌سكه‌نده‌ری مه‌قدۆنی ؛ لاچۆ ، تۆ به‌ری خۆرم لێده‌گریت – نیگار كێش كاسپه‌ر دی كرایه‌ر – ده‌وری ١٦٥٠- .Caspar de Crayer) c. 1650)

 

 

  لە کوێشدا سینیزم باڵادەست بوو، کەهەڵبەت زۆرینەی کولتورەکان لەناو ئەتمۆسفێرێکی سینیزم دا هەناسە دەدەن نەک کینیزم، ئەوا لەوێدا میلانخۆلی و دڵتەنگی و غەمباری   لە ڕووی سایکۆلۆژییەوە کارەکتەرەکانی مرۆڤەکان دەنەخشێنن  و لەڕووی ئابووریشەوە مرۆڤی سینیک دەکەوێتە ژێر بزوێنەرە چاوچنۆکی و چرووکییەکانەوە و بەناوی لیبرالیزمەوە مافی زەوتکردن و زۆرترکردنی سامانە ماتەریالییەکان بۆ خۆی بەڕەوا دەبینێت و بۆ ئەوانیتر نا. کەسی سینیک بەوانیتر دەڵیت؛ سادە و خاکەڕا بژین، بەڵام خۆی چاوچنۆک و چرووکانە دەمرێت. سینیزم ڕێک ئەوەیە کەسێکی هەناوپیس، داوای پاکژکردنەوەی ئاسمانی ژیان لەکەسانی تر بکات. بۆیە تۆ کە ژیانێکی ئۆپۆزیسیۆنت هەڵبژاردووە، نابێت بە دەوڵەمەندی بمریت. تۆ کە بانگەشەی چەپایەتی و سۆسیالدیموکرات دەکەیت، بە چ ڕوویەکەوە سترەکتوری بنەماڵەیی دەچەسپێنیتەوە.

 

لێرەدا، لەم ساتە تەنگانە و قەیراناوییەدا، زەنگی کینیزم لێدەدات، وەک هۆشیارییەک کە بەرجەستەی پرینسیپ و ئایدیاکانی دەکاتەوە، وەک هۆشیارییەکی بەختەوەر کە چی بڵێت ئەوە دەکات.  وەک ڕەخنەگرێکی دڕ گاز لە سینیزم دەگرێت.  بەلای مرۆڤی کینیکەرەوە دواهەمین ئامانجی هەموو خەباتێکی مرۆیی بریتییە لەو فەزیلە و لەو ڕەندکارییەی لەگەڵ بەختەوەریدا یەک دەگرێتەوە، بەختەوەری ئەوەی لەهەموو دۆخەکاندا ڕاستی پیشان بدە، نەک هەر باسی بکەیت.

کینیزم لەسەرەتاوە تا کۆتایی هەر وەکو هۆشیارییەک ڕەخنەگر و گازگر لە درۆ دەمێنێتەوە، بەڵام سینیزم تا ئەو کاتە ڕەخنە و گاز دەگرێت کە ئۆپۆزیسیۆنە و کاتێک دەسەڵات وەردەگرێت ئیتر سەنگەر دەگوێزێتەوە. کینیکەر گاز لە ئاغا دەگرێت نەک لە کۆیلە، گاز لە پێشێلکەرەکان دەگرێت نەک لە پێشێلکراوەکان.  ڕەخنە لە ئومێدکوژەکان دەگرێت نەک لە ئومێدکوژراوەکان. کینیزم لەبەرئەوە ڕەخنە لە سینیزم دەگرێت چونکە پێیوایە لەبەردەم هێزەکانی تردا لاواز دەیبینێت.

 

سینیزم هۆشیارییە دزێوەکەیە بەدرۆ ڕەخنە دەگرێت و مەیلی دەسەڵات و سامانخوازی لەخۆیدا ڕیشەکێش نەکردووە.  لەکاتێکدا کینیزم ڕەوانێکی بێ گرێ وگۆڵە، بوونگەرێکە سادە و خاکەڕا دەژی، پۆستمۆدێرنەیەکە ڕەخنە لە دیووە ماتەریالییە گومڕاکەرەکانی مۆدێرنە دەگرێت. کەسی سینیکەر خۆی لە کارەکتەرە شیزۆفرینییەکەی ناوەوەی دەرباز نەکردووە، لەکاتێکدا کینیکەر ئایدیاکان و ڕاستییەکانی ئینتیگراسیۆن پێکردووە، لێرەدا کینیزم وەک ئەو کلینیکە دەروونییە کار دەکات کە مرۆڤەکان لە وەهمەکانیان و لە گرێکانیان ڕزگار دەکات.

 

 

 

 

نیتچه‌

کارەکتەرەکانی کەسی کینیک لەناو فەلسەفەی نیچە و بوونگەرەکاندا دەبینرێتەوە، نیچە فیگوری (مرۆڤی جوان) ی بەو کینیکەرە دادەنا کە دەتوانێت ( دوامرۆڤ) وەک فیگورێکی سینیزمی مۆدێرنە، کە بەداگیرکردنی زەوی و بە پەلهاویشتنی شۆڕشی پیشەسازی پێی وایە بەختەوەری دۆزیوەتەوە، تێپەڕێنێت. (مرۆڤی جوان)  بەختەوەری لە زەوتکردنی زەوی دا نابینێتەوە، بەڵکو لە بەخشین و پێدانی وزەی زیاتر بە ژیان، وەک خۆرێک وایە هەموو ڕۆژێک بێ هیچ بەرامبەرێک وزەی ژیان دەبەخشێت.

 

 

 

لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا سێبەری سینیزم بەسەر هەموو کۆمەڵگاکانی دنیادا باڵی کێشاوە، دیاردەیەک سلۆتەردایک وەک ( سینیزمێکی بەربڵاو)  دەستنیشانی دەکات.  بەشێوەیەک گەر لای مۆڕالیستەکان گوێبیستی باسی مۆڕال بوویت، ڕێک ئا لەوێدا بگەڕێ بەدوای وانەی فێربوونی درۆدا. لە کوێشدا باسی باوەڕ و خودا کرا، لەوێشدا بگەڕێ بەدوای باوەڕداری تەڵەکەبازدا، لەکوێشدا بەرگری لە فینیمیزم کرا، لەوێدا بۆنی بەرامەیەکی فاحیشانە بکە. لە کوێشدا باسی ڕۆشنگەری و کرانەوە کرا، لەوێدا کونە تاریکەکەی ساختەکاران نادیدە مەکە.  هەموومان بەڕادەیەکی ڕێژەیی سینیزممان هەڵگرتووە.  سینیزم لەژێرەوە ڕەخنە لە سەرەوە دەگرێت و خۆیشی دواتر دەچێتە سەرەوە، بەلام کینیزم سەنگەری خۆی ناگۆڕێت و ناخوازێت دەسەڵات وەربگرێت. کینیزم خۆشحاڵ و بەختەوەر و گەشبین و ویژدان ئاسوودەت دەکات، سینیزم فشار و گوشار و سەنگەر گۆڕینە. کینیزم هەمیشە دژی سیستەم و مۆرالیستەکان دزێو و بزێو دەبینرێت، بەڵام هیچ کاتێک بەدکار و خەبیس نییە. سینیزم ئازاری دەسەڵات نادات، کینیزم ئازاری دەسەڵات دەدات، زامداری دەکات و سوک سەیری دەکات و بەدبەخت دەیبینێت.

 

 

کینیزم زۆر سروشتی و ڕیالیستانە دەژی، هیچ پۆشاک و دەمامکێک لەبەر ناکات، لەکاتێکدا سینیزم هونەری پۆشاکگۆڕینێکی بەردەوامە بەپێی هەلومەرجەکان.  سینیزم هەڵگێڕانەوەی پارەی دۆخەکەیە بۆ دیووەکەی تری، بەڵام لای کینیزم ئەم هەڵگێڕانەوەیە بەهای دۆخەکە ناگۆڕێت، بۆیە گۆڕانکاری دروست بریتییە لە گۆڕینی پارەی دۆخەکە تاوەکو بەهایەکی نوێ بێتە ئاراوە.  لە ئێستادا سەرهەڵدانی ڕەخنە لە ئەقلی سینیزم، باڵاترین و پێویستترین جۆری هۆشیاری ڕەخنەییە لە دنیای ئێمەدا، لەبەرئەوەی لەهەموو لایەنەکانەوە بە بەربڵاوترین جۆری هۆشیاری دادەنرێت، پەرلەمانتارەکان، مەلاکان، ڕۆشنبیران، سیاسییەکان، مافپەروەرەکان و پارێزەرەکان و ڕاوێژکارەکان، هەموو ئەو فیگورانەن کە شتێک دەڵێن و شتێکی تر دەژێنن.  لەمڕۆدا مرۆ تەنیا لەسەر ئاستی تاکەکەسدا دەتوانێت هۆشیاری کینیزم دەرک پێ بکات، چەند خودێکی تاکوتەرا بوونەتە سوبیەکتی گەشبین لە شەڕکردنیان لەدژی سینیزم.  چونکە کۆمەڵگە، یان ئەوەی هایدێگەر پێی دەڵێت: خەڵکی… لەخۆیدا بریتییە لەو سوبیەکتە بەربڵاوەی هەڵگری هەموو جۆرەکانی سینیزمە. خەڵکی، وەک سوبیەکتێکی بەربڵاو و نادیاریکراو، دەتوانین زۆر بەروونی لە فیلمی ماتریکس دا بیبینینەوە کاتێک پاڵەوانەکە، وەک تاکێک، لەگەڵ سەدەها دەمووچاوی وەک یەکدا شەڕ دەکات. ئەمە شەڕی کینیزمە لەگەڵ سینیزم دا.

 

 

 

تابلۆ – ١٨٧٠: دیۆگین به‌ڕۆژی نیوه‌ڕۆ به‌دووی مرۆڤێكی ڕاستگۆدا ده‌گه‌ڕێت –
Diogenes Searching for an
Honest Man, attributed to J. H. W. Tischbein (c. 1780)

 

 

لەڕاستیشدا بەپێی چییەتییەکەی، کینیزم ڕەفتاری تاکەکانە، لەبەرئەوەی کینیزم هەڵوێستەیەکی وجودییانەیە. دیۆگینس خۆی باوەپیارەی کینیزم وبوونگەری و هیپیزم بوو. لە سەدەی بیستەمدا لەڕێی هایدێگەرەوە تاک دەرکی بە ڕەسەنایەتی و بە کۆتاداری خۆی کرد وەکو تاکێک بەرەو مەرگ هەیە، لەوێدا کینیزم چەکەرە دەکات.

لای دادایزم و سوریالیزم و ئەدەبی بێهوودە و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی وەکو هیپیزم کارەکتەرەکانی کینیزم دەبینینەوە کە فیگورەکانی شێوە ژیانی سادەیی و ڕەسەنایەتییان دەژیاند، لەمەشدا بەختەوەرییان دەبینییەوە. بۆیە سوبیەکتی بەختەوەر هەمیشە فیگورێکی کینیکەرە. لێرەوەیە ئەگەر سوبیەکتی گەشبین هەر واتایەکی هەبێت، ئەوا لەوێدا پێیدەزانین کاتێک ئێمە دەسەلات وەرناگرین، کاتێک ئێمە لە خۆشەویستیداین، کاتێک ئێمە دەبەخشین زیاتر لەوەی وەربگرین، کاتێک ئێمە زۆرتر ڕیالیستین وەک لەوەی ئایدیالیست بین، کاتێک ئێمە زۆرتر سروشتی وناتورین وەک لەوەی فەرهەنگی و کولتوری بین، کاتێک ئێمە لەناو گاڵتەوگەپ و پێکەنینێکی سروشتی داین، وەک ئەوەی لەناو زیزبوونێکی دەستکردانەدا بین.

 

 

 

لەناو ئەم خەسلەتانەدا سوبیەکتی گەشبین خاودەبێتەوە، بەڵام سوبیەکتی بەدبین بەهەڵپەتر دەبێت. لێرەوەیە خەڵکی وەک سوبیەکتێکی گەورەی سینیزم بەردەوام لەهەڵپە و لە هەڵەشەیی و لە کەوتندایە و تاکیش وەک سوبیەکتێکی بچووکی کینیزم بەردەوام لە خاوبوونەوە و ئاسوودەیی دایە و تەوەزەلیش نییە.  لەدنیای ئێمەدا دەکرا بە دیووە ڕۆحانییە دێرینەکەی خۆی ڕەوتی خاوبوونەوە بکاتە ئیتیکی تاکەکەسەکان و بگرە کۆمەڵگەش، بەڵام لەدوای کزکردنی ئاینزا ڕۆحییەکانییەوە، وەک سۆفیزم و گنۆستیک و بگرە تەنانەت تەریقەتە ئاینییەکانی وەک یارسان و  هەقە و نەقشبەندییەوە چانسی لەدایکبوونی ئیتیکی خاوکردنەوە مرد و لەمڕۆشدا بەهۆی توندڕەوێتیی بزووتنەوە ئیسلامییەکانەوە هیچ تروسکاییەکی ڕۆحانییەت لەو تاریکستانە شک نابرێت. وەکو تریش لەمڕۆدا دەشێت لەڕێی چالاکییە ڕۆحی و ڕەوانی و تێڕامانکارییەکانەوە، وەک هونەر و شیعر و ئەدەب و فەلسەفەوە، بەڵام سۆسیۆلۆگیا و ئابووریناسییەوە نا، چانسێکی نوێ و هاوچەرخانە بۆ لەدایکبوونی سوبیەکتی گەشبین  لەناو ئیتیکێکی کینیزمدا فەراهەم بکرێت.

 

 

 

 

 

مافی تایبه‌تی ئه‌م بابه‌ته‌ به‌ كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌دوایه‌. ‌