باخۆش خواوه‌ندی شه‌راب و پێكه‌نین له‌گه‌ڵ دوو حۆریدا ١٦٦٠ Bacchus with two nymphs and Amor *oil on canvas *147 x 161 cm *signed b.l.: CVE *circa 1655-1660

 سوبێیەکتی گەشبین


Loading

ئێمە لەڕۆژگاریکدا ژیان دەکەین مرۆڤەکان لەبەر کزبوونی شادی و کەمبوونەوەی گەشبینی تا دێت توندڕەوتر و بەهەڵپەتر و بەدبینتر ڕەفتار دەکەن. ڕۆژگارێک قەیرانەکان تەنگیان پێهەڵچنیوین و بینینی هەر ئاسۆیەک بووەتە ڕووداوێکی دەگمەن.  ڕۆژگارێک تادێت مرۆڤایەتی بەهەر ڕێگایەکدا بڕوات هەر دەگاتە بنبەستی ڕێگاکەو لەوێدا بێ هیچ دەرچەیەک نائومێدانە ڕادەوەستێت و هیچ ڕوانگە و پێرسپێکتیڤێکی نوێی پێ نییە، ئەوە نەبێت پاشەوپاش بەهەمان ڕێگای خۆیدا بگەڕێتەوە دواوە.

ڕۆژگارێک ڕەشبینی و بەدبینی وەکو دەرەنجامی دەستخەڕۆبوونی مرۆڤەکان لەلایەن سیاسییەکانەوە، هەڵخەڵەتاندن و چەواشەبوونی جەماوەر لەلایەن پۆپۆلیستەکانەوە، نائومێدبوونی کۆمەڵگە لەو پەرلەمانتار و نوێنەرە درۆزنانەی گفتی چاکترکردنی باری ژیانیان پێ دەدەن و پابەندی گفتەکانیان نابن، ئەم دەستخەڕۆییە چییە، جگە لەوەی پێمان دەڵێت؛ ئێستا ڕۆژگاری ئەوەنییە گفت بپارێزیت و وتە و کردار بکەیتە یەک و پرینسیپ و ئایدیاکانت بە ڕەفتارەکانتەوە دیار بێت. ئێستا کاتی ئەوەیە ڕەخنەگر و ئۆپۆزیسیۆن و ڕۆشنگەر بە و کێماسی و گەندەڵیی و کەمتەرخەمییەکان بخەرەڕوو، بەڵام کاتێک دەسەڵات دەگریتە دەست سەنگەرەکەت بگۆڕە. ئەمە ڕۆژگاری بەربڵاوبوونەوەیەکی سامناکی ئەقلی سینیزمە، ڕاستی بڵێ و پێچەوانەکەی بکە.

کاتێک سینیزم (ئه‌قڵی گاڵته‌جاڕی) دەبێتە ڕۆحی سەردەمەکەت، ئیتر لەهێز و دەسەڵاتی هەموو پرینسیپە مۆڕاڵییەکان بەدگوومان دەبیت، چیتر متمانەش بەو نوێنەر و فیگورانە ناکەیت کە ڕادیکال لەدژی ستەمی سیستەم بانگەواز دەدەن و کەچی بەکردەوە کزەڵ لە سووچە شاراوەکاندا چیچکەیان کردووە.

 

ڕۆژگارێک کە سینیزم وەکو << هۆشیارییەکی ڕۆشنگەری ساختە>> باڵادەستتر بێت لە گەیاندنی هەقیقەت، ئەوا سۆراغی دۆزینەوەی (کینیزم)  دەبێتە ئەرکێکی هەرە سەرەکی ڕۆشنبیر. هەڵبەتە سینیزم بریتییە لەوەی شتێک بڵێیت و پێچەوانەکەی بکەیت، بەڵام کینیزم ئەو شتە دەکەیت کە دەیڵێیت. لەم نێوبەندییە مۆراڵییەدا ئیفێکت وکاریگەریی سایكۆلۆژی لەنێو مرۆڤەکاندا و لەنێو کایەی ژیانی فەرهەنگەکاندا لەسەر دوو ئاست ڕەنگدەداتەوە؛ ئاستی ئەوەی مرۆڤەکان تووشی بەدبینی و دڵتەنگی دەکات و ئاستی ئەوەشی دەشێت شادی وگەشبینی ببەخشێتەوە بە سوبیەکتە نائومێدەکان.

 

لەنێوان ئەو دوو ئاستەشدا ژمارەگەلێک ئایدیۆلۆژیا و تێڕوانینی هەمەجۆر وەکو بەرتەکێکی فیکری و مۆڕاڵی سەریان هەڵداوە و پێشنیاری خۆیان بۆ دەربازبوون لەو سەردەمە تژی لە تەنگژەیە خستۆتەڕوو.  هەن هەموو هەڵەکە دەخەنە سەر ئەستۆی کاپیتالیزم، هەن دەیخەنە سەر مۆدێرنیزم، هەن دەیخەنە سەر ئەستۆی سێکولاریزم، هەشن باوەڕی دینی گوناهبار دەکەن. ئێمە لێرەدا پێداگری لەسەر هیچ کام لەوانە ناکەین، بەڵام دووڕوویی و تەڵەکەچێتی هەموو ئەو لایەنانە لای ئێمە جێی بایەخە.

 

 

ئەوەی ئێمە لێرەدا ڕادەکێشێت بۆ خستنەڕووی قەیرانی سوبیەکتی کینیست و گەشبین لە ئێستادا بریتییە لەو پاڵهێزەی کەوا هیچ ئومێدێک و هیچ دەرچەیەک بوونی نییە بەبێ قۆستنەوەی هەنووکە. مرۆڤی گەشبین خۆی چییە جگە لەو سوبیەکتەی کە چركه‌سات  دەقۆزیتەوە، جگە لەو خودەی کە بەسەر بەربەستەکانی ڕابوردوودا باز دەدات و دەڕوانێتە داهاتووش، لەکاتێکدا مرۆڤی سینیک کەسێکە لەهەنووکەدا هەڵدەنووتێت و پێی وانییە سبەینێیەک و دواترێک هەبێت، ئەمەش یەکێکە لەو هۆکارانەی کە بۆچی مرۆڤ گەندەڵی دەکات، چونکە ئەو پێیوایە ئەوەی هەیە دەبێت ئەمڕۆ زەوتی بکات، چونکە سبەینێ مەرج نییە بۆ ئەو بێت.

 

کەواتە بۆ تێگەیشتن لە گەندەڵی کۆمەڵێک دەبێت ڕەفتاری تاکەکان بخوێنینەوە، لێرەوەیە چونکە ئێمە تێگەیشتنێکی خودگەریمان بۆ گەندەڵی نییە، ئەوا هەموو خودێک گەندەڵە. تیۆرییەکە وەها هاتووە لەناو ئاپۆرەدا چونکە هەموو کەس بەرپرسیارێتی دەخاتە سەر ئەویتر کەواتە کەسێکی دیاریکراو نییە بەرپرسیار بێت لە کەموکوڕییەکان. بەنموونە دەگوترێت کارەبا یاخود نەوت نییە و خەتای فڵانە لایەنە، بەڵام هەموو کەس لایەنێکی نادیاریکراو دیاری دەکات و کەسێک نییە بەدیاریکراوی بێتە سەر شانۆکە و بەرپرسیارێتییەکە لەئەستۆ بگرێت، هایدێگەر ئەم دۆخەی ناو ناوە؛ ئەوان، یان خەڵکی وا دەڵێن….

لە مەسەلەی گەندەڵیشدا وەهایە تاوەکو هەموو خودێک لەوەدا بەرپرسیار نەکرێت، ئەوا نە لێی تێدەگەین و نەدەتوانین بەرەنگاری ببینەوە.  ئیتر دۆخەکە بەدبینی و بەدگومانییەکی سامناک بەسەریدا زاڵ دەبێت. لە دۆخێکی وەهادایە گەشبینی وەک ئیتیکێکی شۆڕشگێڕی و وەکو بیرکردنەوەیەکی قووڵ سەرهەڵدەدات. پرینسیپی گەشبینی ئەوەیە لەبەردەم بنبەستبوونی ڕێگاکاندا دەرچەیەک شک بەین بۆ چوونەدەرەوە و بۆ هەنگاوێکی تر.  لەکوێدا گەشبین بووین لەوێدا دیالێکتیکی نێوان ژیان و مردن وەلا دەخرێت و دڵێکی تری ژیان دەبوژێنینەوە.  لێرەوەیە سوبیەکتی گەشبین، چ لای تاک و چ لای کۆگەل پاڵهێزی لەدایکبوونەوەیەکی تر و دەستپێکێکی تری ژیان و بوونە. لەکوێ هیوا هەبوو لەوێ گەشبینی هەیە، لەکوی گەشبینی هەبێت لەوێ خۆبەدەستەوەدان دیار نییە. مارتن لوتەر دەیگووت؛ گەر بزانم سبەینێ قیامەت هەڵدەستێ، ئەمڕۆ نەمامە سێوەکەم دەنێژم… لەمەدا زەنگی کینیزم دەزرنگێتەوە، لەبەرئەوەی کینیزم بریتییە لە: فەلسەفەی ژیان لەکاتی قەیراندا. بۆیە هەرساتێک کینیزم ئەکتیڤ بێت گەشبینی و شادی شیاو دەبن.

 

ئاوەها هەم کینیزم و هەم گەشبینی و هەمیش شادومانی ڕێک لەو ساتەوەختەدا دەردەکەون کە هەموو ئەوانیتر بەردەبنەوە نێو دزێوی سینیزم و نێو تەڵەزگەی تاریکستان و نێو تەنگژەی بەدبینییەوە. تیۆرییەکە ئاوەهایە: مرۆ نابێت ئەو کاتە گەشبین بێت کە لەنیو واقیعێکی ئارام و سەقامگیردا خۆی دەبینێتەوە، بەڵکو دەبێت ئەو کاتە گەشبین بێت کە واقیعەکەی شلۆق و ناجێگیر و جەنجاڵ و گەندەڵ دەبێت.  ئەو کاتەی کە هەمووان دەڵێن ؛ئەوانیتر، کەسی گەشبین دەبێت بڵێت من.  خودی شۆڕش و خودی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی لەدایکبووی ئەو دۆخە جەنجاڵییەن. لەکوێ ژیان سەخت بوو، گەشبینی لەوێ دەبێت دەستپێبکات بە ئاسانکردنی ژیان، لەکوێش دڵتەنگی و بەدبینی زاڵ بوو گەشبینی و شادومانی درز دەخەنە ئەو شوێنەوە.

 

نیتچه‌ و كتێبی زه‌رده‌شت ئاوه‌های گووت.

گەشبینی بریتییە لە ئیتیکی بەرەنگاربوونەوەی شکستەکانمان. پاڵهێزێکە بۆ خۆپتەوکردنەوە، مۆتیڤێکە دەسەڵات لەناو بێدەسەڵاتدا دەبوژێنێتەوە. بەکورتی دەشێت بڵێین، گەشبینی خودبەهێزکردنەوەیە لەناو ژیانێکی بێهێزدا، خودی گەشبینیش خودێکە بەرەنگاری بەربەستە سەختەکان دەبێتەوە، خودێکی پزیشکییە کە شرینقەی بەدەسەڵاتکردنەوە لەبێدەسەڵاتی خۆی دەدات، خودێکە نیچە گوتەنی؛ گەر لاوازی نەیکوژێت، ئەوا بەهێزتری دەکات.

 

 

 

 

ئێستا با لەنیو کۆنتێکستە کوردییەکەدا بپرسین، گەلێک لەناو ڕیالیتێتێکی ڕەق و دیواربەند و ڕێگا وێڵە بنبەستەکاندا، چەند سەدەیە بەدوای خۆڕاگەیاندندا، بەدوای مافی خودنووسینەوەی چارەنووسدا لەخەباتدایە و بەردەوام شکست بەدوای شکست و کارەسات بەدوای کارەسات و دڵتەنگی بەدوای دڵتەنگی دەچنێتەوە، تاچ مەودایەک شتێکی لۆجیکییە هێشتا گەشبین بێت و بەڵێ بڵێت بۆ ئەو بەرخودانەی کە بووەتە ژیانی؟ لەدوای کارەساتی دابەشکردنی جوگرافیاکەی و لەدوای کارەساتی ئەنفال و کیمیاباران کردن و ئۆپەراسیۆنەکانی قڕکردن و تەعریب کردن و تورکاندن و فارساندن ئایا هێشتا شتێک شک دەبات تا لێوەی هەلهەلە بۆ کەرنەڤاڵی ژیان بچڕێت؟ بوونێک گەر بە مەرگەسات درێژە بە خۆی بدات، چی پێ دەبێت بۆ خۆشحاڵی و گەشبینی؟

 

جوولەکە بەدرێژایی هەزاران ساڵ ئافەرۆزکراوترین و بێزراوترین گەلی جیهان بوو، کەچی لەناو جوولەکەکاندا (بیرۆکەی جوولەکایەتی)  بوو بووە نهێنی مانەوەی ئەوان لە ژیان دا.. بەزیندوویی مانەوە لە حاڵەتی کورد و جوولەکەدا بریتی بووە لەو تەکنیکەی کە توانستی دژە لەناوچوونی تێدا دروستکردن. ئەم دوو گەلە ئەو تیۆرییەیان سەلماند، کەوا ژیانێک هەیە لەنێو ژیاندا هیچ شتێک نایبزوێنێت، هیوا و گەشبینی و خۆشبینی نەبێت. نهێنی ژیان لەناو ئەو ژیانە شاراوەیەدا مت بووە بۆ بەزیندوومانەوە.  ئەگەرچیش ئەدۆرنۆ دەیگوت؛ دوای کارەساتی ئاوشڤیتس شیعر نووسین بەربەریتە. بەڵام سەبارەت بەو دوو گەلە بەشیعرکردنی ئازارەکان و مەرگەساتەکانیان بریتی بووە لە تاکە تەکنیکی بەهێزکردنی ئیمون سیستەمەکەیان.

 

 

باخۆش خواوه‌ندی شه‌راب و پێكه‌نین له‌گه‌ڵ دوو حۆریدا ١٦٦٠
Bacchus with two nymphs and Amor
*oil on canvas 1655-1660

 

ئێمە لە هایدێگەرەوە فێری ئەوە بووین (بوون واتە میزاج)  هەڵبەت میزاجیش واتە کەش، واتە جۆش و خۆشحاڵی و هیوا. بۆیە لەڕووی ئۆنتۆلۆگییەوە هەموو بوونێک هەڵگری ئەو میزاجە گەشەیە کە لێوەی بەشێوەیەک لەشێوەکان دەچێتە نێو جیهانەوە. ئیتر شێوازی کورد بەو جۆرەبووە کە تەنیا بەرخودان بکاتە ژیان، لەکاتێکدا شێوازی گەلێکی وەک ئەڵمان یان پۆلۆنی یان ڕووسی و یان فەرەنسی هیچیان لەهی یەکتری ناچێت. گەورەترین هەڵەش ئەوەیە  دوو گەلی دوور لەیەکتری بەیەکتری بەراورد بکرێت. ناکرێت بڵێم بۆ کورد وەکو ئەڵمان ئەقلانی نییە، چونکە خۆ پۆلۆنییەکانیش کە هاوسێی ئەڵمانەکانن کەچی  بە دووسەد ساڵی تریش ناگەنە ئاستی پێشکەوتووی ئەڵمانەکان. کولتورەکان دەشێت لەیەکترییەوە فێر بن، دەشێت لاسایی یەکتریش بکەنەوە بەڵام ناشێت بگوترێت دەبێت ئەم لەو بچێت. ئەم هۆشیارییە لەخۆیدا جۆرێکە لەو بەدبینییەی کە توانستە نێوەکییەکانی فەرهەنگەکەی خۆی دەکوژێت، ئەمە جۆرێکە لەڕەخنەی پێوەر ئامادەکراو کە جیهانیژیانی فەرهەنگەکەی خۆی بە دوکەڵ دەتاسێنێت لەبری ئەوەی سییەکانی پڕ بکات لەهەناسەی نوێ.

 كۆتایی به‌شی یه‌كه‌م…

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین
ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌.