بڕیاری دیاریکردنی ڕۆژی ڕیفراندۆم لەلایەن سەرکردایەتی سیاسی کوردستان، بڕیارێکی مێژوویی گرنگ و بوێرانە بوو، کە بەھۆیەوە ھەم خۆیان و ھەم خەڵکی کوردستانیان خستە بەردەم بەرپرسیاریەتێکی مێژوویی . بهدیوێكی تردا ناردنی پەیامی ویستی سەربەخۆیی خەڵکی کوردستان بوولە ڕێگای ریفراندۆمەوە بۆ وڵاتانی جیھان و ناوچەکە و ناوەندە نێودەوڵەتیەکان بەشێوەیەکی فەرمی. لێرهوه ڕیفراندۆمی ههنووكه جیاوازه لە ڕیفراندۆمەکەی ۲۰۰٥ کە ھەنگاوێکی لۆکاڵی بوو لەلایەن ڕێكخراوهكانی كۆمهڵگهی مهدهنیهوه له ھەرێمی کوردستانەوە ئهنجامدرا، لێرهدا ئیراده سیاسییهكان ئهنجامی دهدهن، ئیرادهیهك كهچارهنوسسازه.
ئەگەر بەخێرایی ئاوڕێک لە مێژووی ئەو (۱۹۳) وڵاتە بدەینەوە کە بەفەرمی ئەندامن لە نەتەوەیەکگرتووەکان، بۆمان ڕوندەبێتەوە کە ھیچیان بە تهواوهتی لە دایکنەبوون و لهدایكبوونیان قهوارهیهكی كامڵ نهبووه، بەڵکو لە کاتی ڕاگەیاندنی سەربەخۆییاندا قهواره و جهستهیهكی سیاسی بوون، كه کەموکوڕیان زۆر بووە و بەناکامڵی لە دایکبوون، چ لە ئاستی ناوخۆیی، چ لە ئاستی دەرەکی. بەڵام دوای بەدەست ھێنانی سەربەخۆییان بە جیدی خەباتیان کردووە بۆ بنیاتنانی دامو دەزگا نیشتمانی و مەدەنی و دیموکراسیەکان، بۆیە دواخستنی پرۆسەی ڕیفراندۆم بە پاساوی نەبوونی زەمینەی لەبار لە شوێنی خۆیدا نییە. لەھەمان کاتتدا دروستکردنی یەکدەنگی نەک تەنھا پێویستیەکی ھەنوکەییە، بەڵکو ئەرکێکی نیشتیمانی سەرکردایەتی سیاسی کوردستانیشە کە پێویستە ھەنگاوی خێرای بۆ بنرێت، بۆچی؟
-
چونکە ریفراندۆم ھەنگاوێکی چارەنوسساز و وەرچەرخانێکی گرنگە لە پڕۆسەی دروستکردنی دەوڵەتدا، ئەم ھەنگاوەش ھێز و کاریگەری زیاتر دەبێت کاتێک ڕێژەی دەنگی بەڵێ لە سەدا ٨٥ بۆ ۹٥% بێت، نەوەک لە سەدا ٥٥ بۆ ٦٥%، ئەمەش دەکرێت کاتێک لایەنە ناکۆکەکانی کوردستان لە پێناو ئەم پرسە نیشتیمانی و چارەنوسسازەدا زیاتر لهپێداگیرییهكانیان بێنه خوارهوه بۆ یەکتری ، چونکە ئەگەر ئەم پرۆسەیە شکست بهێنێت ئەوا کورد ڕوبەڕووی (سایکس بیکۆ) یەکی تر دەبێتەوە، بەڵام ئەمجارەیان لەسەر دەستی خۆی دەبێت، نەک لەسەر دەستی وڵاتە زلھێزەکان.
-
دوای نزیکەی سەد ساڵ لە لکاندنی باشوری کوردستان “بێ ویستی خەڵکەکەی” بە وڵاتی عێڕاق، ناڕازیبون و شۆڕشی یەک لە دوای یەکی لێکەوتەوە، ئەمڕۆش بەھۆی خوێنی شەھیدان و قوربانیدانی خەڵکی کوردستان، دەرفەتێکی زێڕین لە ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی ھاتۆتە پێش، کە بەڕای من قۆستنەوەی ئەم دەرفەتە پێویستیهكی ئەخلاقیە و ھیچی کەمتر نییە لە قۆستنەوەی ئەو دەرفەتەی کە لە ڕاپەڕینە مەزنەکەی ساڵی ۱۹۹۱ ھاتبوە پێشەوە. بەڵام قۆستنەوەی ئەم دەرفەتە چەندە پەیوەندی بە زەمینەیەکی گونجاوی ناوچەیی و نێودەوڵەتی ھەیە (کە زەمینە دەرەکیەکە لە ئێستادا زۆر لەبارە) دوو ئەوەندەش پەیوەندی ھەیە بە یەکڕیزی لۆکاڵی و ناوخۆیه. بۆیە پێویستە ھەرچی زووە ئەو کۆدەنگیە ناوخۆییە دروستبکرێت. پێموایە ئەو ھەنگاوەش بەو شێوەیە قورس نییە ئەگەر ئیرادەیەکی بەھێز ھەبێت. چونکە ئاشکرایە کە ھەموو پارت و بزوتنەوە سیاسیە کوردستانییەکان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ ئامانجیان گەیشتن بە ەربەخۆیی کوردستانە بەڵام ئامراز و میکانیزمەکانیان جیاوازن.
-
لەکۆتاییدا دەڵێم؛ ناکرێت پرسێکی وا چارەنوسساز بلکێنرێت بە تەنھا پارتێک یان کەسێک، بەڵام دەبێت لە بیرێشمان بێت کە ھەموو وڵاتانی دونیا ھەر لەسەر دەستی کۆمەڵێک کەس دروستبوون کە سیفەتی (سەرکردە یان پیاوی ئاینی یاخود پاشایان) ھەڵگرتووه. لە کوردستانیش ھەنگاونانێکی وا چارەنوسساز ھەر دەبێت سەرەتا لە سەر دەستی کۆمەڵێک سەرکردەوە بێت، کە دواتر (مێژوو) بەپێی ڕۆڵ و پێگە و کاریگەریان پاداشتیان دەکات، یان دادگاییاندهكات. لە ھەمانکاتدا کامڵبونی ڕهوایهتی دروستکردنی دەوڵەتی کوردی، پابەندە بە بەشداری تاک بە تاکی ھاونیشتیمانیانی دانیشتوی ھەرێمی کوردستان بە کورد و عەڕەب و تورکمان و ئاشوری و کلدان و ھەموو پێکھاتە جیاوازەکانی تر. ژانی ئەو دەوڵەتەی کە لەدایک دەبێت دەکەوێتە ئەستۆی ھەموو ھاونیشتیمانیان بەبێ جیاوازی، ھەروەھا شانازی دروستبوونی دەوڵەتێکی شکۆمەندیش دەگەرێتەوە بۆ ھەموو ھاونیشتیمانیان، کە لە ژێر سایەیدا مافی ھەموو پێکھاتەکان پارێزراو بێت و ڕێز لە جیاوازیەکانیشیان بگیرێت.