دیمەنێک لە شانۆگەری ڕۆمانی ( برایانی کارامازۆف) دێستۆێیفسکی

بەرپرسیاریەتی: بارمتەی «ئەویدی» بوون!


Loading

ئێمە هەموومان لەبرامبەر هەموو کەسدا بەرپرسین، بەڵام من لە هەموو کەس زۆرتر!

(ئالیووشا – ڕۆمانی: برایانی کارامازۆف)

Emmanuel Levinas[1][2] (French: [emanɥɛl ləvinas];[3] 12 January 1906 – 25 December 1995
Emmanuel Levinas[1][2] (French: [emanɥɛl ləvinas];[3] 12 January 1906 – 25 December 1995

«ئەویدی» لەمیانەی ڕووخسارەوە خۆی بۆ سووژە دەردەخات و لەڕێگەی «وتن»یشەوە، سووژە بۆ تووندووتیژی نەکردن یان هەمان فەرمانی «مەکوژە» بانگهێشت دەکات. ئەم بانگهێشتنکردنە، بانگهێشتی قەبوڵکردنی بەرپرسیاریەتی[1] سووژەیە، لە بەرامبەر ئەویدیدا. بە زمانێکی ڕاشکاوانەتر دەتوانین بڵێین مەبەستی لێڤیناس لە ڕووخساری ئەویدی، هەر هەمان بەرپرسیاریەتی سووژەیە لە بەرامبەر ئەویدیدا. لەڕاستیدا لە ڕوانگەی لێڤیناسەوە ئەخلاق هیچ شتێک جگە لە، لەپەیوەندیدابوون لەگەڵ ئەویدیدا نیە؛ کە ئەم پەیوەستبوون بە ئەویدییەوە، تەنها وەکو بەرپرسیاریەتی لە بەرامبەر ئەویدیدا پێکدێت (لویناس، 1387، ص111).

لەڕووی «یاسایی»یەوە، بەرپرسیاریەتی هەمیشە دوای وەئەستۆگرتنی ئەرکێکی تایبەت دێتە کایەوە؛ هەروەها بەگوێرەی «ئەخلاقی باو»یش بەرپرسیاریەتی بە تەنها کردەوەکانی کەسی «بەرپرس» لەخۆدەگرێت. بەڵام لای لێڤیناس، بەرپرسیاریەتی وابەستەی قەبوڵکردن یان ڕەتکردنەوەی سووژەوە نیە. بە بێ گوێدان بە، ئاگاداربوون یان ئاگادارنەبوون لە شێوەی قەبوڵکردنی بەرپرسیاریەتی و هەروەها بە بێ سەرنجدان بە توانابوون یان ناتوانابوون لە ئەنجامدانی کارێکی دەستنیشانکراودا، سووژە لە بەرامبەر ئەویدیدا بەرپرسە (لویناس، 1387، 112-111). سووژە، ئەگەر بۆ بەرپرسیاریەتی خۆی سنوورێک لەبەرچاو بگرێت، ئەوە لە پانتایی ئەخلاق دەرچووە. بەم شێوەیە دەبێ بڵێین، لای لێڤیناس سووژە لە بەرامبەر ئەویدیدا خاوەن بەرپرسیاریەتییەکی بێ سنوور و بێ ڕادەیە، کە ئەو ناوی لێدەنێت «بەرپرسیاریەتی ناکۆتا»[2]  (علیا، 1388، ص 157). ئەم جۆرە بەرپرسیاریەتییە، بەو مانایە دێت کە سووژە تەنانەت لە بەرامبەر ئەو شتەی کە «کردە»ی ئەویش نییە و لای ئەویش «گرنگ» نیە، بەرپرسە. «بەرپرسیاریەتی ناکۆتا»، بەرپرسیاریەتییەکی دێرین و کۆنە کە کەوتووەتە سەر ئەستۆی سووژە و تەنانەت ڕەگ و ڕیشەکانی لە پێش ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەویدی دایە. کەوابوو ئەم جۆرە لە بەرپرسیاریەتییە، بەرپرسیاریەتییەکی بەردەوام و هەمیشەییانەیە، بە چەشنێک کە «من تەنانەت لە بەرامبەر بەرپرسیاریەتی قەبوڵکردنی ئەویدیشدا، بەرپرسم» (لویناس ، 1387، ص 114).

لێڤیناس زۆر چاک دەزانێت و ئاگادارە کە  ئەم ڕوونکردنەوانە و ئەم وەسفکردنانەی ئەو، دژە باو و نائاسایی و تەنانەت  چاوەڕوان نەکراوانەشن! هەر بۆیەش ڕاشکاوانە دەڵێت ئەمانە «فۆرموڵەکردنن[3] لەڕێگەی دەستەواژەی زێدەڕۆیانەوە، کە نابێت لە کۆنتێکست و سیاقی خۆیان جیا ببنەوە» (لویناس، 1387، ص 114). ئەم کۆنتێکست و سیاقە، هەر هەمان گشتێتی فەلسەفەی لێڤیناسە، کە لەوێدا بەرپرسیاریەتی بە تەنها ئاواڵناوێک لە ئاواڵناوەکانی سووژە نیە، بەڵکوو «وەکوو بونیادی جەوهەری، یەکەمین و بنچینەیی زەینیەت[4] لەئارادایە» (لویناس، 1387، ص 109)؛ چونکە لێڤیناس، سووژە بە پێی کەتەگۆری و چەمکە ئەخلاقییەکانەوە وەسفدەکات. ئەم بەرپرسیاریەتییە زاتییە و ئەم خزمەتکردنە بێ پاداشت و بێ منەتە، درووستکەری منبوونی منە؛ منبوون واتا بێ توانابوون لەڕاکردن لە بەرپرسیاریەتی (علیا، 1388، ص 158). بە زمانێکی بێ گرێوگۆڵ لای لێڤیناس، سووژە لە بەرامبەر ئەویدیدا بەرپرس نیە، بەڵکوو «سووژەبوون» هیچ شتێک جگە لە بەرپرسیاریەتی نیە! ئەویش بەرپرسیاریەتییەکی ناکۆتا. لەسەر ئەم بنەمایە، بەرپرسیاریەتی قابیلی گوازتنەوە نیە و هیچ کەس ناتوانێت لەجیاتی من، بەرپرساریەتییەکەی من وەئەستۆبگرێت؛ ئەمە هەر هەمان شوناسی دانەبڕاوی «من»ە لە پێگەی سووژە بووندا. ڕێک هەر لەم مانایە دایە کە لێڤیناس لەمیانەی چاوپێکەوتنێکدا دەڵێت: «بەرپرسیاریەتی من هەمیشە زۆرترە لە بەرپرسیاریەتی هەموو ئەوانی دیکە؛ هەر بەو شێوەیەی کە دۆستۆیڤسکی لە “برایانی کارامازۆف”دا دەڵێت: ئێمە هەموومان لە بەرامبەر هەموواندا بەرپرسی هەموو شتێک و هەموو کەسێکین و من پتر لە ئەوانی دیکە» (لویناس، 1373، ص 7).

دیمەنێک لە شانۆگەری ڕۆمانی ( برایانی کارامازۆف) دێستۆێیفسکی
دیمەنێک لە شانۆگەری ڕۆمانی ( برایانی کارامازۆف) دێستۆێیفسکی

ئەم بەرپرسیاریەتییەی کە «لە بەرامبەر هەموو کەسدا و پتر لە ئەوانی دیکە» یە، هەتا ئەو شوێنە دەڕواتە پێشەوە کە من بە ئارەزووی خۆم گوناحەکان و هەڵەکانی ئەوانی دیکەش لەسەر خۆم دەنووسم، ئەویش بە بێ هیچ چاوەڕوانییەک. ئەمە ڕێک هەمان ئەو دۆخەیە کە لێڤیناس لەژێر ناوی «بارمتەی ئەویدی بوون» شرۆڤەی دەکات. لێڤیناس جەخت دەکاتەوە کە سووژە خۆی لە خۆیدا هەر لەسەرەتاوە «بارمتە»یە، بە جۆرێک کە تا ئاستی کەفارە دانەوە، وەڵامدەرەوەی ئەوانیدیکە یە (لویناس، 1387، ص 115). بە بڕوای لێڤیناس کۆی فەزیلەتە ئەخلاقییەکان لەم بنەما ئەخلاقییەدا چڕبووەتەوە، واتا لەمیانەی تێپەرین بە دۆخی «بارمتەبوون» دایە، کە هەبوونی بەزەیی و میهرەبانی و لێبوردەیی لەم جیهانەدا موومکین دەبێت؛ تەنانەت ئەو بڕە کەمەی کە لەمانە بوونیان هەیە: تەنانەت ئەم وتە ساکارە کە دەڵێت «بەڕێز سەرەتا ئێوە بفەرموون» (دیویس، 1386، ص 162). بەڵام لە بەرامبەر «بەرپرسیاریەتی ناکۆتا»یی سووژە لە بەرامبەر ئەویدیدا، بەرپرسیاریەتی «ئەویدی» لە بەرامبەر سووژەدا چیە؟ لێڤیناس کورت و پوخت وەڵامدەداتەوە: «ئەمە کێشەی خۆیەتی» (لویناس، 1387، ص 113). واتا بە بڕوای لێڤیناس پەیوەندی ئەخلاقی بەگوێرەی «پێدان و لێوەرگرتن» نیە و هیچ چەشنە هاوسەنگییەک لەنێوان سووژە و ئەویدیدا لەئاراد نیە؛ چونکە «پەیوەندی نێوان زەینییەتی[5] پەیوەندییەکی نادوولایەنە[6] یە» (لویناس، 1387، ص 113). ئەمە بەو مانایە دێت کە، من لە بەرامبەر ئەویدیدا بە بێ هیچ چاوەڕوانییەک بەرپرسم.

بۆ پتر ڕوونبوونەوەی مانای «بەرپرسیاریەتی نادوولایەنە» لای لێڤیناس، ئاوڕێک لە پێشەنگی «ئەخلاقی دوولایەنە»[7] یان هەمان «ئەخلاقی کانتی» دەدەینەوە. کانت لە یەکەمین داڕێشتەی ڕێسای زێڕینی ئەخلاقی خۆیدا دەڵێت: «تەنیا بەگوێڕەی ڕێسایەک هەڵسوکەوت بکە کە بتوانی ئیرادە ئەوە بکەی کە ئەو ڕێسایە ببێتە بە یاسایەکی گشتی»  (کورنر ، 1380، ص 284). بە وتەیەکی تر، کانت دەڵێت مەرجی دەستدانی ئەخلاق، بەمەوە پەیوەستە کە، لەگەڵ ئەوانیدی  بەچەشنێک هەڵسوکەوت بکەین کە دەمانهەوێت بەو چەشنە هەڵسوکەوتمان لەگەڵدا بکەن. ئەمە ئەوپەری ئەخلاقێکی دوولایەنانەیە، کە تێیدا هەر دوو لایەنەکە پێکەوە و هاوکات  لەگەڵ یەک، خاوەن بەرژەوەندین. بۆیە دەتوانین بڵێن یاسای ئەخلاقی کانت جۆرێکە لە «مامەڵەکردن» ، کە ماناکەی ئاوا دەکات: تۆ لەگەڵ ئەویدیدا بەو شێوەیە «مامەڵە» بکە، کە ئەو لەگەڵ تۆ «مامەڵە» دەکات (رشیدیان، 1389، ص 8). بەڵام لای لێڤیناس ئەگر بتهەوێت کەسێکی ئەخلاقی بیت، نابێ چاوەڕوانی «مامەڵەکردن» لەگەڵ ئەویدیدا بیت، چونکە ئەگەر جگە لەمە بکەیت لە پانتایی ئەخلاق دەردەچیت.

 ئەگەر ئەخلاقی لێڤیناس لەسەر بنەمای بەرپرسیاریەتی «ناکۆتا» و «نادوولایەنە» دامەزراوە، کەوایە ئیتر سووژە نابێت چاوەڕوانی ئەوە بکات کە دادپەروەری بە نسبەت ئەوەوە جێبەجێ بکرێت!؟ بە وتەیەکی تر ئایا لە فەلسەفەی لێڤیناسدا سووژە بێ پشت و پەنایە و دواجار تێیا دەچێت؟! دەبێ لە وەڵامدا  بڵێین کە، لە «بەرپرسیاریەتی ناکۆتا»دا هەمیشە «کەسێکی دیکە» یان هەمان «کەسی سێهەم» بوونی هەیە، کە سووژە بە نسبەت ئەوەوە لە پێگەی «ئەویدی»دایە، بە چەشنێک کە وەڵامدەرەوەی ئەوە و لە بەرامبەر ئەودا «بەرپرسیاریەتی ناکۆتا» وەئەستۆدەگرێت.

پەراوێزەکان

[1] responsibility

[2] Infinite responsibility

[3] صورت بندی

[4] subjectivity

[5] Intersubjectivity

[6]غیرمتقارن

[7] اخلاق متقارن

سەرچاوەکان

١- لویناس ، امانوئل. (1387). اخلاق و نامتناهی. ترجمه مراد فرهاد پور و صالح نجفی.

٢- علیا، مسعود. (1388). کشف دیگری همراه با لویناس. تهران: نشر نی.

٣- لویناس ، امانوئل. (1373) . «گفت و گو با امانوئل لویناس». مجله کیان. ش 22. صفحات 2 تا 9.

٤- دیویس،کالین. (1386). در آمدی بر اندیشه لویناس. ترجمه مسعود علیا. تهران: موسسه پژوهشی حکمت و فلسفه ایران.

٥- کورنر، اشتفان. (1380). فلسفه کانت. ترجمه عزت الله فولادوند. چ 2. تهران: انتشارات خوارزمی.

٦- رشیدیان، عبدالکریم.(1386). «حضور دیگری، شرط امکان اخلاق». کتاب ماه فلسفه. ش2 . صفحات 17 تا 27.