پێشانگای فۆتۆگرافه‌ر سامان عه‌لی - تاریك و ڕوون - گه‌له‌ری مۆزه‌خانه‌ی سلێمانی - 25-28 / 01/ 2019

لەبارەی پێشانگای فۆتۆگرافی تاریک و ڕوون


Loading

بۆ بینینی فۆتۆ گه‌له‌ری كرته‌ بكه‌ سه‌ر فۆتۆكانی سه‌ره‌وه‌…

 

تاریک و ڕوون ناونیشانی پێشانگایەکی فۆتۆگرافی (سامان عەلی)  بوو. هەر لە یەکەمین نیگا و بینینەوە، لێڕوانەر هەستی بەوە دەکرد ناونیشانەکە كۆنترۆڵی   پێشانگاکەی کردووە و  کۆی پڕۆسەی کارکردنەکە لە خزمەتی کڵێشەی (تاریک و ڕوون)  بووە.

فۆتۆکان بەشێوەی ڕەش و سپی گیراون، مامەڵەی فۆتۆگرافەر لەگەڵ تاریکی و ڕووناکیدا بووە، فۆتۆ وەک یەکەیەکی سەربەخۆ، (دەرەشوێن و کات)  نییە وەک ژانرە هونەری و ئەدەبییەکان، بەڵکو جەوهەری فۆتۆ لەناو شوێن و کاتدایە. کاتێک باس لەفۆتۆ دەکەین  زیاتر فۆكۆس  دەکەینە سەر کات، بەو مانایەی فۆتۆ مامەڵەی دیالێکتیکی لەگەڵ کاتدایە، چونکە فۆتۆگرافەر ئیش لەسەر زەمەنکوژی و ڕاوەستانی کات دەکات، ئەوەی ڕۆڵان بارت دەڵێت: ”کات دەخنکێنێت”.

 

سامان عەلی هەموو فۆتۆکانی بە ڕۆژ گرتووە، هەر ئەمەش وایکردووە ناونیشانی پێشانگاکەی لەژێر هەژموونی کات (ڕۆژ) بێت. هەڵبژاردنی شوێنیش بۆ فەزای کارکردنی فۆتۆگرافەر، ئەوشوێنانەن کارییان تێدا دەکرێن و ئاڵوگۆڕییان تێدا دەکرێن؛  واتە بازاڕن، شوێنگەلێکی لاچەپن، بەڵام لە ناوەندی (شار)ن. لەوانەیە هەموومان بەریان کەوتبێتین، بەڵام ئەفسون و سیحری ئەوەمان نەبوو بێت وەک فۆتۆگرافەر لێی بڕوانین و چرکەساتی شتەکان بگرین، کە لە ڕووی مانا و جوانیناسییەوە بۆ فۆتۆگرافەر گرنگن. هەموو کەس دەتوانێت فۆتۆی ئەو شوێنە بگرێت، هەروەک چۆن هەموو کەس دەتوانێت چرکەیەک داگیربکات، بەڵام ناتوانێت هەمان شتمان پێ بدات کە فۆتۆگرافەر پیشانمان دەدات، چونکە لە بنەڕەتدا فۆتۆگرافەر بە دونیایەک مانا و دەلالەت و ڕوانینەوە دیمەنەکانمان بۆ دەگوازێتەوە جیاواز لە بابەتی تەکینیکاڵ کە بەکاری دەهێنێت.

هەر یەک لە فۆتۆکان هەڵگری چیرۆکێکن بەڵام ناچنە ناو فۆتۆستۆرییەوە، لەبەرئەوەی فۆتۆستۆری زنجیرەیەک فۆتۆیە لە خزمەت یەک چیرۆک یان ڕووداوێک. بەڵام هەریەک لە فۆتۆکانی تاریک و ڕوون جۆرێک لە سەربەخۆیی چیرۆکیان تێدایە، فۆتۆگرافەر ماوەیەکی ویستووە تاکو فۆتۆکانی بگرێت، بەڵام نازانین چیرۆکەکان بەڕوونی چین، هەربۆیە بەبێ کاپشن و ژێر نوسین پیشانی داوین. ئەمەش خاڵی دەستپێکی ناسین و دۆزینەوەی جۆری کارکردنی فۆتۆگرافەرین، کە خۆی هاویشتۆتە ناو ئاڕت و فۆتۆکانی لەژۆڕناڵ بێبەرییکردووە.

 

فۆتۆگرافەر مامەڵەی هونەری لەگەڵ فۆتۆکانی کردووە؛ لە فۆتۆستریتدا هەڵبژاردنی شوێن بریتییە شەقام و شوێنە گشتییەکان، بەڵام لە فۆتۆژۆڕناڵیستدا ستۆری یان کاپشن هەیە. لەبەرئەوە کاتێک فۆتۆ دەبرێتە ناو هونەری هاوچەرخەوە چیرۆکیان ناولێنان نییە. بەڵکو هونەری هاوچەرخ دژ بەناولێنان و ئاشکراکردنی مانایە، تا مەودایەک بۆ لێڕوانەر بهێڵێتەوە بابەتێک لای بمێنێتەوە و لەپڕۆسەی ئیشەکە بەشداربێت.

 

زۆرینەی فۆتۆکانی لەسەر شەقام گیراون لەهەندێک فۆتۆشی، شەقام نابیندرێت، ناشتوانین بڵێین فۆتۆی شەقامە photo street  چونکە فۆتۆگرافەر لەم کارەی کەوتۆتە ژێر کاریگەریی هونەری شێوەکاری، جۆرێک لەسەربەخۆیی فۆتۆیی لەدەستداوە ئەویش بەهۆی بەکاهێنانی سپیکەرێک کە دەنگی ناو ئەو شوێنانەی فۆتۆکانی تیاگیراوە ڕیکۆرد کراون، واتە دەنگ لەدەستپێک تا کۆتایی بەش و توخمێکی گرنگی پێشانگاکەبوو.لەکۆی فۆتۆکان کۆنسێپت و ئایدیایەکی دیاریکراو نەبوو، بەڵام لەبەشێکی زۆری فۆتۆکان، چووبووە ناو کۆنسێپچواڵ ئاڕتەوە.

 

پێشانگای فۆتۆگرافه‌ر سامان عه‌لی – تاریك و ڕوون – گه‌له‌ری مۆزه‌خانه‌ی سلێمانی – 25-28 / 01/ 2019مان عه‌لی – تاریك و ڕوون – سلێمانی –

فیگوری ماندوویی کرێکارەکان لە تەواوی فۆتۆکان دەبیندرا لەگەڵ شوێنە پەراوێزخراوەکان. فۆتۆ بۆ من هیچ نییە جگەلە جیهانیبینی سۆبێکت (فۆتۆگرافەر). ئۆبێکت (فۆتۆ) دەکەوێتە ژێر هەژموونی فۆتۆگرافەرەوە. فۆتۆکان ڕێک ئەو دونیا ناڕێک و پڕ لەستەمەمان لەچاوی فۆتۆگرافەرەوە نیشاندەدات، کرێکارێک شایەنی کرێکاریی نییە، بەڵام کرێکارە. منداڵێک نابێت کاربکات بەڵام دەخرێتە سەرکار. هەموو ئەم ڕووداوانەش لەدڵی شار ڕوودەدەن، شار وەک سیمبوولی ڕیسواکردنی بەهاکانی مرۆڤ و ماندووکردنی مرۆڤ.

 

شار وەک شوێنی ململانێ و گۆڕانکاریەکان، وەک سپەیسێکی چینایەتی لەناو ئەو هەموو بچمە، کرێکارمان نیشاندەدات کە نەدەبوو کرێکاربن، پێم وایە ئەمە خاڵی بەهێزی ئیشەکەیەتی کە کارەکەی لە ئایدۆلۆژیی بوون خستووە، تاکو ئایدۆلۆژیستانە ڕوانین بۆ کارەکەی نەکرێت، سەربەخۆیی خۆی بهێڵێتەوە و ڕوانین و ڕەخنەکان لە چوارچێوەیەکی هونەری بهێڵێتەوە. بۆ ئەوەی نمایشەکەی لە تاک ئایدیایی و یەک مانایی دەربازبکات و بەردەوامی بە خوێندنەوەی فرەڕەهەندی و فرەمانایی بدات، هونەری سەردەمیش لە جەوهەردا کار لەسەر ئەم فرەمانایی و جێهێشتنی پرسیار و پڕۆسەی بیرکردنەوە لای لێڕوانەر جێدەهێڵێت.

 

 

ڤالته‌ر بنیامین
15. Juli 1892 in Charlottenburg; † 26. September 1940 in Portbou)

(ڤاڵتەر بینیامین) لە وتاری کورتەیەک لە مێژووی فۆتۆگرافی جەخت لەسەر دوو بابەت دەکاتەوە؛ یەکەم: جوانی، بەو دەربڕینەی خۆی کە بۆ کارە فۆتۆییەکانی ئەلبێرت پاتزیخه‌وە (Albet Renger-Patzsch)  دەیکات. ”فۆتۆگرافەرەکان هەرچوونە دەرەوە لەگەڵ خۆیان جوانی بۆ ماڵ دەهێننەوە”.

 

 

 

دووەم: فۆتۆگرافی لەڕوانگەی کۆمەڵناسییەوە لێی بکۆڵرێتەوە. ڤاڵتەر بنیامین ڕۆڵێکی گرنگی ڕۆشنبیری دەدات بە فۆتۆگرافەر، کە بابەتی چاودێریکردن و ئاگاداربوون و بێدەنگنەبوونە لە ئاستی ململانێیە کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسییەکان. دەڵێت: ”نابێت کوێربنلە ئاستی بینینی هەقیقەتەکان. بۆ ئەمەش نموونەیەک دەهێنیتەوە. ”فۆتۆگرافەر وێنەی کارگەکان دەگرێت، بەڵام لەسەر پەیوەندی نامرۆڤانەی ناوکارگەکان نابینایە”.

 

 

پێشانگای فۆتۆگرافه‌ر سامان عه‌لی – تاریك و ڕوون – سلێمانی –

 

سامان عەلی بەنیگایەکی مرۆیی ڕیاڵێك نیشاندەدات،  كه‌ ئێمە ناتوانین خۆمان لەو هەقیقەتە بێبەریی بکەین کە هەیە. لەسەر بنەمای چەوساندنەوەی خەڵکانێک کە شایەنی ژیانێکی شایستە و شەرەفمەندانەن، سەرباری ڕەخنەکردنی دەسەڵات و دامودەزگا پەروەردەیی و مرۆییەکان، لەهەمبەر ئەم چەوسانەوەیە بێدەنگن. فۆتۆکانی پێشانگای تاریک و ڕوون، کۆنتڕۆڵکردنی ئەو ساتانەیە تاکو لە لەناوچوون بپارێزرێن و ناڕێکی دونیای ئێمەیە بەرانبەر بە بوون. ڕێک پێچەوانەی ئەو وێنا کلاسیکییەی سەدەی نۆزدەهەمە بۆ فۆتۆ، کە فۆتۆ باس لە ڕابردوو دەکات. بەڵام ئەم فۆتۆیانە باس لە شتێک دەکەن لەناویدا دەژین، هەقیقەتە و هەیە. بۆیە بەیانی و دووبەیانی یان هەرکاتێکی تر ویستت دەتوانیت بڕۆیت و ئەو کرێکار و شوێنانە ببینیت.

تێبینی : سودم لە بەشێکی کورتی نوسینێکی ڕێبوار سیوەیلی وەرگرتوە، لە کتێبی ”دونیای شتەبچووکەکان”.

 

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین
ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌.