فۆتۆ؛ کیماویبارانی هەڵەبجە ١٩٨٨

ئەزموونی جێندەری دەربازبووانی کیمیابارانی هەڵەبجە لە ژیانی هاوسەرگیری و خێزاندا


Loading

ئەزموونی جێندەری دەربازبووانی کیمیابارانی هەڵەبجە لە ژیانی هاوسەرگیری و خێزاندا

فەرەیدوون مورادی، فازیل مورادی، میا سۆدربێرگ، ئانا کارین ئۆلین، مۆنا لارستاد

لە ئینگلیزییەوە: نەبەز سەمەد

 

پێشەکی

بەکارهێنانی فراوانی چەکی کیمیایی وەک گازی خەردڵ دەگەڕێتەوە بۆ یەکەم جەنگی جیهانی. لەوکاتەوە گازی دیکەی ژەهراوی وەک تابوون و سارین لەلایەن دەوڵەت-نەتەوەکان و گروپە تیرۆریستییەکانەوە بەکارهێنراون. دەوڵەتی عێراقی بەعسی لە جینۆسایدی ئەنفالدا (١٩٨٧-١٩٩١) ڕێکخراوە سیاسییە کوردییەکان و خەڵکی شارستانی کردبووە ئامانج، لەوانە کەمینە ئاینییەکانی وەک ئێزیدی، دیان و یارسان لە هەرێمی ئۆتۆنۆمی کوردی عێراقی ئەوکات. چەکی کیمیایی وەک  گازی خەردڵ زۆر بەفراوانی بەکارهێنرا، یەکێک لە ئامانجەکان شاری هەڵەبجە بوو، کە لە ١٦ی ئازاری ١٩٨٨دا بە کۆکتێلی کیمیایی بۆمبارانکرا، لە ئەنجامدا لەو ڕۆژەدا نزیکەی ٥٠٠٠ کەس کە زۆر منداڵی تێدا بوو، مردن. ئەمڕۆ نزیکەی ٦٠٠٠ کەس بەرکەوتووی چەکی کیمیایی بە کێشەی تەندروستی جۆراوجۆرەوە لە هەرێمی کوردستان ژیان دەکەن.

هەرچەندە توێژینەوەکانی پێشووتر ئاماژەیان بە کاریگەری درێژخایەنی چەکی کیمیایی لەسەر تەندروستی و سایکۆلۆژی بەرکەوتووان داوە، بەڵام دۆخی هەبوون و لایەنی کۆمەڵایەتی وەک کاریگەری جێندەری زۆر بەکەمی توێژینەوەی لەبارەوە کراوە. جگەلە تێکچوونی دوور-مەودای چاوەکان، پێست و سیستەمی هەناسە، گازی ژەهراوی لە ڕووی زانستییەوە وەک تێراتۆجینیک (teratogenic) دانراوە، مادەیەکە دەبێتە هۆی شێواوی لە کۆرپەلە، لەو نموونەیەدا، هاوشێوەیە لەگەڵ نیترۆجین مەستارد کە بە تێراتۆجین ناسراوە.

هەروەها گازی خەردڵ لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە کاریگەری نەرێیی لەسەر منداڵانی هەڵەبجە داناوە. ئەو شەرمەزاریییەی پەیوەستکراوە بە بەرکەوتوانی چەکی کیمیایی بەتایبەتی کاریگەری لەسەر ژنان نواندووە کە ڕووبەڕووی کێشەی هەبوونەکی نەخوازراو ببنەوە.

هەروەها هەندێک توێژینەوەی دیکە پیشانی دەدەن کە گازی خەردڵ دەتوانێ هۆڕمۆنەکانی سێکس تێکبدات و ناتەواوی کارایی و پێکهاتەیی لە سیستەمی زاوزێی پیاوی بەرکەوتوودا دروست بکات. هەرچەندە چۆن ئەو گۆڕانکارییانە کاریگەری لەسەر نەزۆکی دەبێت لەناو دەربازبوانی بەرکەوتووی گازی خەردڵهێشتا ڕوون نییە. لەگەڵ ئەوەشدا، لە توێژینەوەیەکدا لەناو دەربازبووانی بەرکەوتوو (نێر و مێ)ی گازی خەردڵنزیکەی ١٥ ساڵ دوای بەرکەوتنیان، زیادبوونی ڕێژەی نەزۆکی لەناویاندا دەرنەکەوتووە. تاکوو ئێستا هیچ توێژینەوەیەکی ڕاستەوخۆ نییە لەبارەی کاریگەرییەکانی گازی خەردڵلەسەر سیستەمی زاوزێی ژنان و توانستی بوونی منداڵی تەندروست.

ئەم توێژینەوە نێو-بەشی و چۆنایەتییە ئامانجی هەڵسەنگاندنی کاریگەرییە درێژخایەنەکانی چەکی کیمیاییە لەسەر ژیانی هاوسەرگیری و خێزانی لەناو دەربازبووانی بەرکەوتووانی گازی خەردڵلە شاری هەڵەبجە. لەبەر ئەوەی بەدرێژای ئەو ساڵانە ئاستەنگە کۆمەڵایەتییەکان لەناو دەربازبواندا زیادی کردووە، بۆیە هەڵسەنگاندنی چۆن بەرکەوتووان ئەزموونی ژیان و پەیوەندییان لەناو خێزان و هاوسەرگیریدا گۆڕاوە، زۆر پێویستە.

 

 

مێتۆدەکان

 

  • دیزاینی توێژینەوەکە

مێتۆدی توێژینەوەی چۆنایەتی نێو-بەشەکی لەگەڵ شێوازی بابەتی تاک بەکارهێنراوە، هەروەها چاوپێکەوتن وەک ڕێنیشاندەر بەکارهێنراوە، بۆ ئەوەی بە‌‌‌قووڵی ببێتە ڕێنیشاندەری تاکە چاوپێکەوتنەکان. ئەم تەکنیکەی چاوپێکەوتن بە توانستی دیاریکردنی کێشە هەرە یەکەمییەکان بۆ تاکە چاوپێکەوتن-لەگەڵ-کراوەکان دەناسرێتەوە. ئەم مێتۆدە ڕێگە بە بەشدارانی دەدات بەکراوەیی لەبارەی ژیانی ئەزموونکراوی خۆیان بئاخڤن. ئەمە بەتایبەتی بۆ ژنان سوودمەندە چونکە ئەوان لەم کۆمەڵگەیەدا لە دەرەوەی کۆنتێکستی توێژینەوەدا، دەرفەتی کەمتریان هەیە لەبارەی ژیانی ئەزموونکراوی خۆیان بئاخڤن. ئێمە پرسیاری کۆتا-کراوەمان بەکارهێناوە لەبارەی پیشە و ژیانی کۆمەڵایەتی بەشداربووەکان (وەک: خێزان، هاوسەرگیری، تەندروستی، کار، باری دارایی، هیوا و ترسەکان) بۆ ئەوەی ڕەخنەییانە بڕیار لە کۆنتێکستی گەورەتری بەشداربووەکان و پەیوەندییەکانیان بدەین.

ڕێکخستنی مێتۆدی

ئەزموونی خێزان و هاوسەرگیری زۆر گۆڕاوە چونکە زۆر لەژێر کاریگەری هۆکارە کۆمەڵایەتی-کولتوورییەکاندان. ئەم ئەزموونە لەسەر بنەمای مێژووی خێزان، جێندەر و تەمەن دەشێ لە تاکێکەوە بۆ یەکێکی دی بگۆڕێت. ئەم توێژینەوەیە چۆنیەتی شیکاری ناوەڕۆکی ژیانی ئەزموونکراوی هاوسەرگیری و خێزانە لەلای بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی. بەم شێوەیە، گونجاوە بۆ تێماتیزەکردنی داتا تاکوو دیاردەکە ڕوون بکرێتەوە و پرسیاری ئەنترۆپۆلۆژییانە بکرێت بۆ دۆزینەوەی دۆخی ژیانی ژنان و پیاوان لە ڕوانگەیەکی مێژوویی-کۆمەڵایەتییەوە.

 

  • دانانی توێژینەوە و بەشداربووان

داتاکان وەک بەشێک لە پڕۆژەی دکتۆرا کۆکراونەتەوە بۆ بڕیاردان لەسەر کاریگەرییە بایۆلۆژی، دەروونی و کۆمەڵایەتییەکانی چەکی کیمیایی لەناو دەربازبووانی هەڵەبجە کە نیشانەی هەناسەتەنگیان هەیە. پێشتر بەوردی شێوازی نموونەکان و کۆکردنەوەی داتا خرانە ڕوو. بەکورتی، توێژینەوەکە لە هەڵەبجە کراوە و نموونەی مەستمەندمان بەکارهێناوە بۆ کۆکردنەوەی گروپێکی فرە و جیاواز کە لە ڕووی کۆمەڵایەتی و دیمۆگرافییەوە جیاوازبن. پێوەری بەشداریپێکردن پێشتر لە ڕێگەی لیژنەی پزیشکییەوە بڕیاری لەسەر دراوە بۆ تۆمارکردنی ئەو بەرکەوتووانەی کە کێشەی تێکشکانی سییەکانیان هەیە. سەرجەمی لە سەدا ٩٠ی قوربانیانی گازی خەردڵکێشەی سییەکانیان هەیە. پێوەری بەشداری پێنەکردن نەخۆشی و چارەسەری ئۆکسجینی درێژخایەن بوو.

  • بەشداری نەخۆش و خەڵک

نەخۆشەکان و خەڵک بەشدارییان لە دیزاینکردن یان ڕێکخستن یان ڕاپۆرتدان یان لە پلانی بڵاوکردنەوەی توێژینەوەکەماندا نەکردووە.

  • کۆکردنەوەی داتا

   داتاکە پێکهاتووە لە چاوپێکەوتنی ڕوو بە ڕوو لەگەڵ شازدە کەس (مێ ١٠، نێر ٦) لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٦ لەلایەن توێژەری یەکەم (فەرەیدوون) ڕێکخراوە کە خوێندکاری دکتۆرا، پزیشک و دەرمانسازە و ئەموونی لەگەڵ توێژینەوەی چۆنایەتیدا هەیە. چاوپێکەوتنساز هیچ پەیوەندییەکی پێشوەختەی لەگەڵ بەشداربواندا نەبووە. چاوپێکەتنەکان بە زمانی کوردی، شێوە زاری سۆرانی کراون، لە کەشێکی ئاسوودەدا بەگوێرەی حەزی بەشداربوان، وەک ئۆفیسی ڕێکخراوە ناحکومییەکانی دەربازبووانی چەکی کیمیایی –کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیایی هەڵەبجە و ڕێکخراوی سەروەری هەڵەبجە- یان لە ماڵی بەشداربووەکان، بووە. پڕکردنەوەی داتاکە بە شازدە چاوپێکەوتن بەدەستهێنرا، هیچ زانیارییەکی نوێ لە دوا چاوپێکەوتن دەرنەکەوت. چاوپێکەوتنەکان بە ڤیدیۆ تۆمارکراون کاتەکەی نزیکەی ٣٧.٥ خوولەک (٣٠ بۆ ٤٥) دەبێت. پاشان چاوپێکەوتنەکان لەلایەن وەرگێڕی پیشەمەندەوە بۆ ئینگلیزی وەرگێڕدراون. توێژەری یەکەم و دووەم پاشان ڕاستاندنیان بۆ داتاکە کردووە لە ڕێگەی بەراوردکردنی وەرگێڕانەکە و چاوپێکەوتنە ڤیدیۆییەکانەوە. لەپاڵ چاوپێکەوتنەکانیاندا، هەر بەشداربوویەک پرسیارنامەیەکی پڕکردۆتەوە کە زانیاری دیمۆگرافی لەخۆ گرتبوو.  

  • شیکاری

داتاکان لە نێوان ئازار بۆ ئۆکتۆبەری ٢٠١٨ شیکارکراون. شیکاری چۆنایەتی ناوەڕۆک بەکارهێنراوە بۆ دەرخستن و ناوەڕۆکی هەبووی داتا و پرسیاری ئەنترۆپۆلۆژی زیاتر لە تاکە ڕوانگەیەک دەگرنەوە بۆ بەراوردکردنی ڕوانگەکان لەناو کۆنتێکستی مێژوویی-کۆمەڵایەتیدا. چاوپێکەوتنەکان لەلایەن هەموو ئەندامانی تیمی توێژینەوەکەوە بە جیا جیا توێژینەوەیان لەبارەوە کراوە بۆیە توانیویانە خۆیان لەگەڵ داتاکەدا ئاشنا بکەن و ڕوانگەیەکی سەرەتایی بەدەستبهێنن. توێژەری یەکەم، لە پەیوەندییەکی نزیکدا لەگەڵ توێژەری دووەم، بەرپرسیاری سەرەکی بوو بۆ کۆدکردنی داتاکە لەسەر شێوازێکی باو لە پرسیاری ئەنترۆپۆلۆژی درێژخایەن کە هەموو جینۆسایدی ئەنفال، بە هەڵەبجەشەوە دەگرێتەوە. توێژەری دووەم لە نێوان ٢٠١٢ و ٢٠٢٠ پێوەی خەریک بووە. بەر لە گۆڕین، کۆدە دروستکراوەکان لەلایەن گروپی توێژینەوەکەوە دانوستان کراوە تاکوو بە ڕێککەوتن گەیشتووین. پاشان کۆدەکان گۆڕانیان پێدراوە، کۆدە وەرگیراو و نێو-پەیوەنییەکان لەناو کاتیگۆری جیاوازدا ڕێکخراون. ئەو کاتیگۆری و لکە کاتیگۆرییانەی دانوستانکراون و پوختەکراون لەناو گروپی توێژینەوەکەدا و وەک دەربڕینی ناوەڕۆکی دیار پێشکەشکراون. بەپێچەوانەوە، ناوەڕۆکی نادیار وەک تێگەیشتنی تەواوی تێماکە دادەنرێت بۆ ڕێگەپێدانی تاکوو پتر لە ڕوانگەی تاکەکەسی بڕوات و لەناو کۆنتێکستی کۆمەڵایەتی خۆیدا دابنرێت. بەرنامەی کۆمپیوتەری (NVivo (QSR International Pty Ltd, V.10)) بۆ شیکاری وتە وەرگیراوەکان بەکارهێنراوە. هەروەها پێوەری ئاوێتە بۆ ڕاپۆرتکردنی توێژینەوەی چۆنایەتی (COREQ) پشکنینی لیستی ٣٢ بۆ ڕاپۆرتکردنی دەرەنجامەکان بەکارهاتووە.

کورتکراوەی گۆڕانکارییە دێمۆگرافیەکان

 

 

 

ڕێگەپێدان

بەشداربووەکان لە مەبەستی توێژینەوەکە، پاشخان و پیشەی توێژەر ئاگادارکراونەتەوە، هەروەها پێیان وتراوە کە بەشداریکردن ئارەزوومەندانەیە و زانیاری کەسییان پارێزراوە. بۆ دڵنیابوون لە نادیارێتی، هەموو داتای نووسراو بکەر نادیارکراوە. لە ئازاری ٢٠١٩ هەر بەشداربوویەک کۆپییەک لە داتا نووسراوەکەی چاوپێکەوتنەکەی خۆی بە کوردی بۆ نێردراوە بۆ ئەوەی سەرنجی خۆیانی لەسەر بڵێن و بە نووسراو ڕەزامەندی لەسەر نیشان بدەن.

دۆزینەوەکان

تایبەتمەندی دیمۆگرافی هەموو نموونەکان پێشتر بڵاوکراوەتەوە و لە خشتەی ژمارە ١دا نیشان دراوە. ناوەندی تەمەنی بەشداربووان بەم شێوەیە بووە  مێ: ٤٧ ساڵ، نێر ٤٥ ساڵ، باری خێزانی: خێزاندار (مێ:٢، نێر: ٦)، سەڵت (مێ:٤، نێر:٠)، جیابووەوە (مێ: ٣، نێر:٠)، بێهاوژین (مێ:١، نێر:٠). ئاستی خوێندەواری سەرەتایی (مێ:٦، نێر:٣)، دواناوەندی (مێ:٢، نێر:٢) و زانینگە (مێ:٢، نێر:١). هەبوونی کار (مێ:٢، نێر:٣). هیچ لە بەشداربووان جگەرە ناکێشن و خواردنەوە ئەلکهولییەکان ناخۆنەوە. دەرئەنجامەکان پیشانی دەدەن کە ئەزموونی ژیانی دوای بەرکەوتنی کیمیایی نیگەرانی زۆر لەبارەی هاوسەرگیری، خێزان و ژیانی کۆمەڵایەتی لەخۆ دەگرێت. لەناو ئەم کۆنتێکستەدا، ئێمە ناوەڕۆکی دیارمان بۆ دوو کاتیگۆری دابەشکردووە: دوورکەوتنەوەی کۆمەڵایەتی و هاوسەرگیری ناجەخت. ناوەڕۆکی نادیار دەربڕدراوە وەک: هاوسەرگیری پێکبهێنرێت یان نا؟ ئەم ناجەختییە بەشێکی سەرەکی نیگەرانییەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی و پیشەیی بەرکەوتووان بووە. ئەمەش کاریگەری لەسەر دروستکردنی بڕیاردان لەسەر هاوسەرگیرکردن و پێکهێنانی خێزان و هەبوونی منداڵ داناوە بۆ دابینکردنی بژێوی خێزان لە ڕووی داراییەوە، هەبوونی پەیوەندییەکی سێکسیوالی تەواو و چالاکبوون وەک ئەندامێکی کۆمەڵگە (بڕوانە فیگەری ١). مۆدوڵێک دروستکراوە بۆ پیشاندانی کاریگەری گازی خەردڵلەسەر خێزان، هاوسەرگیری و ژیانی کۆمەڵایەتی بەرکەوتوان پەیوەست بە خراپبوونی باری تەندروستییان (بڕوانە فیگەری ٢).

 

 

  • دوورکەوتنەوەی کۆمەڵایەتی

لەم توێژینەوەیەدا هەموو دەربازبووانی چەکی کیمیایی، بەتایبەتی بەرکەوتووانی ژن، لە ژیانی ڕۆژانەیاندا ئەزموونی شەرم و دوورکەوتنەوەی کۆمەڵایەتییان کردووە. لە کوردستان و هەموو عێراق، هاوسەرگیری و هەبوونی منداڵ وەک دەستپێکی ژیانی کامڵی دەبینرێت. بەرکەوتنی کیمیایی دەرفەتی هاوسەرگیرکردن و بونیادنانی خێزانی کەم کردۆتەوە، کە بناغەیەکی بنەڕەتییە بۆ بەردەوامیدان بە ژیانی کۆمەڵایەتی. هەموو بەرکەوتووانی کچانی سەڵت (لە سەدا ٢٥ی بەشداربوان) نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە لەبارەی ئێستا و داهاتووی پەراوێزخستنی کۆمەڵایەتی و تەنیایییەکی ڕاستەقینە. هەروەها کەمبوونەوەی چالاکییە کۆمەڵایەتییەکانیان بۆتە هۆی پچڕانی پەیوەندی نێوان بەشداربوان و جڤاتە کۆمەڵایەتییەکەیان، ئەمەش بۆتە هۆی هەستکردن بە تەنیاییەکی نەویستراو. یەکێک لە بەشداربوان دەڵێ:

هەر لەکاتی بۆمبارانەکەوە لە دۆخێکی ناهەمواردا دەژیم. ئەوە وات لێ دەکا بیر لە هیچ نەکەیەوە. هەندێک جار تۆ هەست دەکەی بێدەسەڵاتی و ناچارکراوی لە ماڵەوە لەناو جێگە بە نەخۆشییەوە بمێنیتەوە. هەروەک کەسێکی بەتەمەن کە تەمەنی دەڕوات و کەس نییە بەهەندی وەربگرێت.

دەربازبووان ڕوونیان کردەوە کە چۆن کاریگەرییەکان و ئاستەنگەکانی دوای بەرکەوتن دەبێتە هۆی شەرمی کۆمەڵایەتی و هەروەها چۆن کاریگەری جیاوازتر لەسەر ژنان دەبێت. شەرمەکە دەشێ پەیوەندی بە دیاریکردنی بەرکەوتنی چەکی کیمیایی و نیشانەکانی دوای بەرکەوتن وەک (کێشەی هەناسەدان، نیشانەکانی هەوکردن یان پەڵەی بینراوی پێست) هەبێت. یەکێک لە بەشداربوانی ژن دەڵێ:

”کچەکان تەنیا نیگەرانی یەک شتن، ئەویش هاوسەرگیرییە. هەستم کرد ئەوە زۆر قورسە. بۆ نموونە تۆ کەسێکت خۆشدەوێ، بەڵام کەسانی دەورووبەری ئەو ڕێگە نادەن لەگەڵ تۆدا هاوسەرگیری بکات. بۆ؟ چونکە کچەکە دەربازبووی چەکی کیمیاییە.”

کاتێک ئەوان دەزانن تۆ بەهۆی چەکی کیمیاییەوە نەخۆشی، ئەوا بەشێوەیەکی ناشرین سەیری تۆ دەکەن … تۆ لە وان جیاوازی. ئەوان بە هەڵە بیر لەو شتانە دەکەنەوە. هەروەها لەبارەی هاوسەرگیری، تۆ لەو کەسانە دەترسیت … نازانم چۆن ئەمە بڵێم.

”خەڵک لە هەڵەبجە تۆ وەک جۆرێکی دیکە لە مرۆڤ سەیر دەکات. مەبەستم ئەوەیە ئەوان وەک هەندێک بوونەوەر کە تەنیا چاوەڕێی مردنێکی هێواش دەکات لە ئێمەی بریندارانی چەکی کیمیایی دەڕوانن.”

 

فیگوری ١ : کڵێشەی ناواخنە ئاشکرا و شارەواکان؛ کاتیگۆریەکان، بابەتەکان، نا-کتیگۆریەکان

 

پیاوان بەزۆری دەزگیرانییەکانیان هەڵدەوەشێننەوە کاتێک دەبیستن ئەو ژنەی دەیانەوێ هاوسەرگیری لەگەڵ بکەن بەرکەوتووی چەکی کیمیاییە. ئەو کچە بەرکەوتووانەی کە هاوسەرگیرییان نەکردووە بەگشتی ئەزموونی دوورکەوتنەوە دەکەن، کە نەک تەنیا خێزان و هاوسەرگیری بەڵکو تەنانەت ژیانی کۆمەڵایەتیش لەدەستدەدەن. کچێکی تری بەشداربوو دەڵێ:

”تەنانەت ئەوە ڕوویداوە کە ئێمە گەیشتووینەتە قۆناغی دەزگیرانی و مارەبڕین، و هەموو ئامادەکارییەکان تەواو بووە. وا بزانم کەسێکی دی بە کوڕەکەی وتبوو کە من ئەوە نەخۆشییەی چەکی کیمیاییم هەیە، بۆیە پەشیمان بووەوە. بەڕاستی خەمباربووم… لەبەر ئەوە دواتر زۆر پیاوم ڕەتکردەوە کە داوای هاوسەرگیرییان لێکردم. دەترسم دووبارە و دووبارە ئەزموونی هەمان چیرۆک بکەمەوە. ناتوانم بیر لە ئەزموونەکانی پێشووم لەگەڵ پیاوان نەکەمەوە کە منیان ڕەتکردۆتەوە، وەک ئەوەی من هیچ نەبم.”

هەندێک لە ژنانی بەشداربوو هاوسەرگیرییان کردووە بەڵام جیابوونەتەوە بەهۆی خراپبوونی باری تەندروستییانەوە دوای بەرکەوتنیان بە چەکی کیمیایی، و باس لە یادەوەریی تراومایی دوورکەوتنەوە دەکەن. لەوبارەیەوە ژنێکی جیابووە دەڵێ:

”ئەوان [خێزانی هاوسەرەکەم] بەهۆی نەخۆشییەکەمەوە منیان تەڵاق دا. ئەوان وتیان ”ئێمە ناتوانین هەر ڕۆژ تۆ بۆ ئەو دکتۆر و ئەم دکتۆر بەرین”…. خراپتر بووم … ئەوان منیان نەبردە هیچ دکتۆرێک و هیچ دەرمانێکیان بۆ نەکڕیم. پاشان منیان تەڵاق دا. نامەوێ دووبارە هاوسەرگیری لەگەڵ کەسێکی دیکەدا بکەمەوە و ئەزموونی هەمان ڕەفتارکردن بکەمەوە. بەهیچ شێوەیەک. باشترە لەسەر ڕاستگۆیی و خۆبوونی خۆم بەردەوابم، نەک بێڕێزی ئەوانی دی قبووڵ بکەم.”

 

 

 

 

  • هاوسەرگیریی ناجەخت

نزیکەی هەموو ئەو بەشداربووانەی هاوسەرگیرییان کردووە  باسی ئەوەیان کرد کە هەست بە ناجەختی و نادڵنیایی دەکەن داخۆ هاوسەرگیرییەکانیان تا چەند بەردەوام دەبێت. کێشەکانی دەربازبووان تا دێت ئاڵۆزتر دەبێت بەهۆی زیادبوونی ناجەختی لەبارەی نیشانەکانی نەخۆشییە دەروونییەکانیانەوە، کە دەشێ ببێتە هۆی لاوازبوونی فیزیکی، ناجێگیریی دارایی و ترس لە کاریگەرییەکانی بۆ سەر منداڵان، هەروەها کاریگەری درێژخایەنی لەسەر خێزان و دەرئەنجامە کۆمەڵایەتییەکانی. ئەو ناجەختییانە ڕەنگە لە نێوان ژنان و پیاواندا جیاواز بن. دەربازبووە ژنەکان ئەزموونی ترس لە منداڵبوون پێش وادەی خۆی یان لەدایکبوونی منداڵی نوقسان و شێواو، و نیگەرانبوون لەبارەی ئەوەی وەک بێتوانا لە چاودێری و بەڕێوەبردنی خێزان یان ماڵ سەیر بکرێن. پیاوە دەربازبووەکان ڕووبەڕووی نیگەرانی مەرگ دەبنەوە ئەوان نیگەرانن لەوەی کەی دەمرن چونکە ڕۆڵی سەرەکییان لەناو خێزاندا هەیە. پیاوێکی دەربازبوو دەڵێ:

”لە ڕاستیدا نیگەرانم و بەردەوام بیر لە هاوسەرگیرییەکەم دەکەمەوە. بەخۆم دەڵێم، نەدەبوایە لەو ژیانەمدا هاوسەرگیریم بکردبوایە. چونکە ئێمە، کەسانی بریندار، پێویست نییە هاوسەرگیری بکەین، لەبەر ئەوەی تۆ [تاکی بەرکەوتوو] منداڵ دروست دەکەی. دڵنیام ئەمڕۆ یان سبەی –ئەوە کاری خوایە- بەجەختییەوە تۆ دەکوژێت.”

لە ڕووی نەریتییەوە، لە هەرێمی کوردستان پیاو داوای هاوسەرگیری لە ژن دەکات. بۆیە پیاوانی بەرکەوتوو کۆنتڕۆڵی زیاتر و ئاستەنگی کەمتریان هەیە بۆ هاوسەرگیریکردن، هەرچەندە ئەوانیش لەژێر هەمان شەرمەزاری کۆمەڵایەتیدان کە کاریگەری لەسەر ژنان هەیە. هەموو بەشداربووانی پیاو هاوسەرگیرییان کردووە، لە کاتێکدا تەنیا لە سەدا ٢٠ی ژنانی بەشداربوو هاوسەرگیرییان کردووە. زۆرینەی پیاوانی بەرکەوتوو ئاماژەیان بەوە داوە کە خراپبوونی تەندروستییان وەهای لێکردوون کە پرسیار لە خۆیان بکەن داخۆ بڕیارێکی ڕاستیان داوە بۆ هاوسەرگیریکردن و هەبوونی منداڵ. زۆرینەیان لەبارەی داهاتووی خێزانەکانیان نیگەرانن، ئەمەش بۆتە هۆی ترس و نیگەرانی و ناڕێکی خەو. بۆ زۆر لە پیاوانی بەشداربوو، هاوسەرگیریکردن بەتایبەتی گرنگە چونکە ئەوە درێژە بە هەبوونی بنەماڵەکانیان دەدات. بۆیە هەندێکیان پێش ئەوەی بڕیاری هاوسەرگیری بدەن، بەدوای ئامۆژگاریدا دەگەڕێن.

یەکێک لە بەشداربووە پیاوەکان دەڵێ:

”چووم بۆ لای دکتۆرەکەم و لێم پرسی ”ئایا دەتوانم هاوسەرگیری بکەم؟ بۆچی دەبێ ببمە هۆی کێشە بۆ خێزانێکی دیکە؟” دکتۆرەکە وتی ”بەڵێ، هیچ کێشەیەک لە تۆدا نابینم، تا هاوسەرگیری نەکەی، بەڵام تۆ دەتوانی بیر لە ژیانی خۆت بکەیەوە و بپرسی دواتر چ ڕوودەدات.” پێش هاوسەرگیری، ئەو ژنە کە ئێستا هاوسەرمە ئاگادارم کردەوە… ئێستا ئەویش زۆر بەباشی ئازاری من دەزانێت. تاکە خۆزگەم ئەوەیە کە بژیم تاکوو منداڵەکانمان گەورە دەبن [دوای بێدەنگییەکی کورت]  چونکە کاتێک تۆ منداڵ دەهێنیە دونیاوە، ئەوا دەبێ بیر لە ژیانیشیان بکەیەوە. ئێستا تاکە پەشیمانیم منداڵ هێنانە ئەو دونیایەوەیە  چونکە منداڵ بۆ گەورەکردن پێویستی بە هەردوو دایک و باوکی هەیە.”

لە کاتێکدا هیچ یەکێک لە پیاوە بەشداربووەکان جیانەبوونەتەوە، بەڵام لە سەدا ٣٠ ژنانی بەشداربوو جیابوونەتەوە. ئەو ئامار و وتانەی سەرەوە ئەزموونی ژیانی جێندەری لەناو دەربازبووانی هەڵەبجە دەردەخات. دەربازبووی ژن بەزۆری جیادەبێتەوە هەر کە هاوسەرەکەی یان خێزانی هاوسەرەکەی ئەزموونی کاریگەرییەکانی چەکی کیمیاییان کرد.

”من تەنانەت لەبارەی باری تەندروستیم قسەم لەگەڵ کردبوون، دواتر کە زانییان ئەوە باری تەندروستیمە، منیان تەڵاق دا.”

زۆرینەی پیاوانی بەشداربوو پێیانوایە پیاو نانپەیداکەری خێزانە. ئەوان باسی ئەوەیان کرد کە لە داهاتووی خێزانەکانیان دەترسن ئەگەر بەهۆی کاریگەریی چەکی کیمیاییەوە باری تەندروستییان خراپتر بێت. زۆربەی پیاوان دەپرسن چ ڕوودەدات ئەگەر هاوسەر یان باوکەکە مرد یان پەکی کەوت و نەیتوانی هیچی دیکە لە ڕووی داراییەوە خێزانەکەی دابین بکات؟

”ناتوانم بیر لەوە نەکەمەوە ئەگەر من پەکم کەوت و ناچاربووم بۆ هەموو ژیانم لەسەر جێ بکەوم… ئەوکات کێ چاودێری هاوسەر و منداڵەکانم بکات؟”

هەروەها زۆر لە بەشداربووانی پیاو باس لە کاریگەرییەکانی دوای بەرکەوتنی چەکی کیمیایی و نیشانە سایکۆلۆژییەکانی لەسەر خێزانەکانیان دەکەن، ئەوەش بۆتە هۆی ئەوەی پیاوەکان خۆیان وەک بار ببینن.

”نازانم چ جۆرە گۆڕانێکی سۆزەکی و دەروونی لە مندا ڕوویداوە. هەست دەکەم زۆربەی کات تووڕە دەبم؛ هەستدەکەم خێزانەکەم خەریکە ماندوودەبن و لێم بێزار دەبن.”

لە کاتێکدا بەشداربووانی پیاو پێیانوایە بەرکەوتنی چەکی کیمیایی کاریگەری لەسەر جیناتیان هەیە و هەست دەکەن کە ژەهراوی بوونە، بەشداربووە ژنەکان بەڕاستی خۆیان وەک ژەهراوی بوو دادەنێن. ئەو ئەزموونە ژیانکردنە پەیوەندی بە نەبوونی تێگەیشتنی کۆمەڵایەتییەوە لەبارەی تەندروستی ژنانەوە هەیە، کە کاریگەری لەسەر شیاوێتی هاوسەرگیری دەبێت.

”هەست دەکەم ئەوە کاریگەرییە جیناتییە. بابڵێین چەکی کیمیایی کاریگەری لەسەر هەموو بەشێکی لەشمان داناوە. مەبەستم ئەوەیە کە کیمیایی بووە بە بەشێک لە لەشمان.”

”کاریگەری لەسەر منداڵەکانیشمان داناوە. لە ڕاستیدا، ئێستا منداڵێکی ٥ ساڵانەمان هەیە نابیستە، و کچێکی گەورەترمان هەیە ئەویش بەدەست کیمیاییەوە دەناڵێنێ. دەڵێن ئەوە کاریگەری چەکە کیمیاییەکانە. ئەوە هی ئێوەیە کە بۆ منداڵەکانیشتان گواستراوەتەوە.”

دڵنیایی لە ڕووی سێکسییەوە بەگشتی وەک بەشێکی گرنگی هاوسەرگیرییەکی باش دادەنرێت. زۆرینەی پیاوانی بەشداربوو ئەزموونی ناکارایی سێکسوالییان کردووە وەک دۆخێکی دوای بەرکەوتن بە چەکی کیمیایی و بە هۆکاری سەرەکی دادەنێن بۆ خراپی پەیوەندی هاوسەرگیرییان. پرسیارکردن لەبارەی سێکس لەگەڵ بەشداربوون قوورسە، بەتایبەتی ژنان کە هەست بە ئاسوودەیی ناکەن بەکراوەیی گفتوگۆی سێکس لەگەڵ توێژەرێکی پیاودا بکەن. هەرچەندە، ئەوە ڕوونە کە بۆ ژنان لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە هاوسەرگیری ڕێگەی سەرەکی مۆڵەتی هەبوونی پەیوەندی سێکسییە. لە ڕاستیدا، ژنانی ساغ کە لەگەڵ پیاوانی دەربازبوو هاوسەرگیرییان کردووە ڕووبەڕووی کاریگەری درێژخایەنی چەکی کیمیایی بوونەتەوە.

”کاتێک دەخەوم، حەز ناکەم کەس لە تەنیشتم بێت. هاوسەرەکەم هیچ هەڵبژاردنێکی دیکەی نییە. ئەو ژنە فەقیرە، ئەگەر بیزانیبوایە ئەوە دۆخی منە و ئاوا بێحاڵم، زۆربەی کات دەگریم و ژیانم بەو شێوەیەیە بەڕاستی شووی پێنەدەکردم.”

 

فیگوری ٢: نیشاندانی گرێیە سۆماتیک و دەروونییەکانی ڕزگاربووان و سکاڵاکانیان. هەروەها پەرەسەندن و ئاستەگەکانیان لەڕووی کۆمەڵ و ژیانی تایبەتدا.

 

 

 

 

دانوستاندن

ئەو ئاستەنگانەی لە ژیانی تایبەت و کۆمەڵایەتی دوای بەرکەوتن بە چەکی کیمیایی ڕووبەڕووی دەربازبووان دەبێتەوە، پێشتر تەنیا لەناو پیاوانی سەرباز گفتوگۆکراوە. بەگوێرەی زانیارییەکانی ئێمە، ئەمە یەکەم توێژینەوەیە هەڵسەنگاندن بۆ کاریگەرییەکانی چەکی کیمیایی لەسەر خێزان و هاوسەرگیری لەناو دەربازبووانی هەڵەبجە بکات.

دۆزینەوە سەرەکییەکان

لە دوای هێرشەکەوە ناجەختێتی کێشەیەکی ناوەندی و زیندووە کە شێوەی بە ئەزموونەکانی ژیان و گێڕانەوەی دەربازبووان داوە (بڕوانە فیگەری ١). دەربازبووان باسی هەندێک نیشانە دەکەن کە تاکوو ئێستا لەناو ئەو کاتیگۆرییە پزیشکی و پسیکۆلۆژییانەی هەن جێیان نابێتەوە. ئەوە لەگەڵ توێژینەوەکانی پێشوو یەکدەگرێتەوە کە باس لە دەرکەوتنی باری تەندروستی پێناسەنەکراو و نەخۆشییە کۆمەڵایەتییەکان دەکات دوای بەرکەوتنی چەکی کیمیایی لەناو دەربازبوواندا. دەربازبووان بەزۆری دەترسن کە سیستەمی بەرگری لەشیان گۆڕاوە بۆ دژیان، کە بووەتە هۆی گۆڕانکاری جەستەیی دوای بەرکەوتن. ئەوەش لەگەڵ نیگەرانی و ترسی ژەهراویبوونی کیمیایی دێت و دەبێتە هۆی هەموو ئەو ناجەختییانە. وتەی وەکوو ”دەترسم هاوسەرگیری بکەم،” ”دەترسم منداڵم ببێت” و ”بەرکەوتنی چەکی کیمیایی بەجەختییەوە تۆ دەکوژێت” لە چاوپێکەوتنی بەشداربوواندا دووبارە دەبوونەوە. ژیانی ئەزموونکراوی بەشداربووان لە ڕووی دوورکەوتنەوەی کۆمەڵایەتی، شەرمەزاری و ناجەختییەکانی ژیانی ڕۆژانە لە ئەنجامی بەرکەوتن بە چەکی کیمیایی بووەتە هۆی دروستبوونی دیلێمای ڕەوشتی لەبارەی ژیانکردن لەگەڵ ئەوانی دیکە، هاوسەرگیریکردن و هەبوونی منداڵ. ئەمەش دەبێتە هۆی هێنانەگۆڕێی دۆخێک لەلای بەرکەوتووان بەتایبەتی ژنان کە ناچار بە دۆخی نامرۆڤاندن دەکرێن وەک مەرگێکی هێواشی کۆمەڵایەتی زۆر پێش مەرگی بایۆلۆژیان. زانین لەبارەی کاریگەری چەکی کیمیایی لەسەر وەچەخستنەوە هێشتاش ناڕوونە، بۆیە پێویستی بە توێژینەوەی زیاتر هەیە. شیکارییەکانمان نیشانی دەدات کە نیگەرانی لەبارەی کاریگەرییەکانی چەکی کیمیایی لەسەر کۆرپەلە و ترسی لەدایکبوونی منداڵ بە نوقسانی و شێواوی گەورەترین ناجەختییە پەیوەست بە هاوسەرگیرییەوە بۆ بەرکەوتووان، بەبێ جیاوازی جێندەری. ئەم شەرمەزارییە کاریگەرییەکی خراپی لەسەر دەربازبووانی ژن هەیە لە هەڵەبجە و لەمپەڕی سەرەکییە لە بەردەمیان بۆ هاوسەرگیریکردن و بونیادنانی ژیانی کۆمەڵایەتییان. وەک یەکێک لە ژنە بەشداربووەکان جەختی لەسەر کردەوە، ”کچان تەنیا لە یەک شت نیگەرانن؛ ئەویش هاوسەرگیرییە”. بەکارهێنانی لەکەی دیاریکردنی پزیشکی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی شەرمەزارییەکی ڕووخێنەری دروستکردووە کە دەرفەتی هاوسەرگیرکردنی ژنە بەرکەوتووەکانی کەمکردۆتەوە و لە کۆمەڵگەی دوورخستوونەتەوە. بە هەمان شێوە، نەخۆشییە درێژخایەنەکان لەناو نەخۆشییە هەوکردووەکانی دیکەدا دەشێ پەیوەست بکرێت بە شەرمەزاری کۆمەڵایەتی، و ڕەنگە کاریگەری لەسەر ژنان لەو نموونانەدا (لە ڕووی هاوسەرگیری و بەربەستەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی) جیاواز تر بێت. هەرچەندە نیگەرانی بەرکەوتنی چەکی کیمیایی لە ڕووی ژەهراویبوونی کیمیایییەوە دەگمەنترە.

 

دوورکەوتنەوە کۆمەڵایەتی

گرنگترین دۆزینەوەی ئەم توێژینەوەیە ئەوەیە کە دەربازبووان ئەزموونی دوورکەوتنەوەی کۆمەڵایەتی دەکەن. دەربازبووان لە تێکەڵبوونی کۆمەڵایەتی دووردەکەونەوە چونکە ئەوان هەست دەکەن کە بۆ ئەوانی دیکە بەهۆی کاریگەرییەکانی دوای بەرکەوتن وەک هەوکردن و نەخۆشییە درمەکان قێزەونن.

کاریگەرییە فیزیکی، دەروونی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی دوای بەرکەوتن بە چەکی کیمیایی بە تێپەڕبوونی کات ئاڵۆزییەکەی زیاد دەکات و ئەمەش وەهای لە دەربازبووان کردووە کە هەست بە ناجەختی بکەن لەبارەی توانایان بۆ یارمەتیدانی خێزان، هەبوونی هاوسەرگیرییەکی سەرکەوتوو و بەشداربوون لە کۆمەڵگە (بڕوانە فیگەر ٢). نەبوونی زانیاری گشتی لەبارەی کاریگەرییەکانی چەکی کیمیایی شەرمەزاری کۆمەڵایەتی پتر کردووە. دەربازبووان بەشداری بۆنە کۆمەڵایەتییەکان ناکەن بۆ دوورکەوتنەوە لە بارودۆخی نائاشنا بەهۆی دۆخە ئەنگاوتەکەیانەوە. دەربڕینی ئەزموونەکانی دوورکەوتنەوەی کۆمەڵایەتییان پەرچاندنی  هەردوو ژیانی ئەزموونکراوی ”برینداری چەکی کیمیایی” و وەڵامی کۆمەڵگەیە بۆ دیاردەی نەخۆشییە نەناسراوەکانی پەیوەست بە بەرکەوتووان. هەروەها ئەو دیاردانەی کە پەیوەندییان بە نەخۆشییە بێچارەسەرییە نوێیەکانەوە هەیە، کە دەبێتە هۆی ئەوەی دەربازبووان ڕووبەڕووی هەڵاواردنی کۆمەڵایەتی، ئابووری، کولتووری و سیاسی و سەرەنجام نامرۆڤاندن ببنەوە.

 

هاوسەرگیریی ناجەخت

یەکێکی دیکە لە دۆزینەوەکانی توێژینەوەکەمان بریتییە لە  چۆن کاریگەرییە درێژخایەنەکانی چەکی کیمیایی دۆخی جێندەری بەرهەمدەهێنێ کە تێیدا دەربازبووانی ژن و پیاو بە شێوەیەکی جیاواز ئەزموونی هاوسەرگیری دەکەن. بۆ زۆر لە بەرکەوتووانی پیاو، دۆخەکەیان سەرچاوەی سەرەکی فشاری دەروونی و ئازارە. ترس لە مەرگ بەهۆی کاریگەرییەکانی دوای بەرکەوتن، نیگەرانی ژەهراویبوونی کیمیایی، کەمبوونەوەی حەزی سێکسی و هەژاری کۆمەڵایەتی-ئابووری  نیگەرانییە سەرەکییەکانی دەربازبووانی پیاون، ئەمەش کاریگەری لەسەر خێزان و ژیانی کۆمەڵایەتییان دادەنێت. ئەمە بەشێوەیەکی ڕیشەیی هەستی پیاوانی لە شانازیکردن بە بەخێوکەری خێزانەوە بۆ شەرمەزاری بوون بە بار بەسەر خێزانەکانیانەوە گۆڕیوە. ئەوەی سەرنجڕاکێشە، نیوەی پیاوانی بەشدار بوو بێکارن. زۆر لە ژنانیش بەرکەوتن بە چەکی کیمیایی وەک سەرچاوەی تراوما، هەراسانی کۆمەڵایەتی، شەرمەزاری و زیانی دەروونی دەبینن. بەگشتی لە سەدا ٣٠ی بەشداربووانی ژن جیابوونەتەوە، لە سەدا ٤٠ سەڵتن و لە سەدا ٧٠ بێکارن. ئەمە و هەندێک بەربەستی دیکەی جێندەری ژنانی بەرکەوتووی تەنانەت خستۆتە پێگەیەکی نزمتری جێندەرییەوە لەچاو ژنانی دیکەی هەمان شوێنی کۆمەڵایەتی.

ئەزموونەکانی ژیانی بەشداربووان دەری دەخات پیاوانی بەرکەوتووی هاوسەرگیریکردوو زۆر نیگەرانی و ئازاریان هەیە کە بێدەنگن لەبارەیانەوە، بەڵام ژنانی بەرکەوتوو ڕووبەڕووی تەڵاقدان، هەڵوەشاندنەوەی دەزگیرانداری بوونەتەوە و لەگەڵ چەند ناجەختی دیکەی پەیوەندیداردا دەژین.

ئەو دۆخانە دەشێ پەیوەندی بە مۆری دیاریکردنی بەرکەوتووی چەکی کیمیایی هەبێت نەک تەنانەت بە زەروورە نیشانەکانی دوای-بەرکەوتن بێت، هەروەها ئەو دۆخانە بەڕوونی جێندەر ڕۆڵی تێدا دەگێڕێت. زۆر لە ژنانی دەربازبوو، بەڕاستی یان بەهەڵە، وەک بێتوانا بۆ بونیادنانی ژیانی خێزانێکی بەهێز دەبینرێن، وەک دەبینرێت تەنیا لە سەدا ٢٠ی بەشداربووانی ژن هاوسەرگیرییان کردووە. ئەوە گرنگە ڕەچاو بکرێت ئەم توێژینەوەیە تیشکی خستۆتە سەر ژنانی دەربازبووی چەکی کیمیایی نەک دۆخی هەموو ژنان لە شارەکەدا. بۆیە ناتوانرێ لە ڕووی سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە نکۆڵی لە بەشداری ژنان بکرێت لە شێوەگرتنی شارەکەدا کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی عادیلە خانم کە لە نێوان ١٩٠٩ و ١٩٢٤ وەک شارەدار حوکمی کردووە. هەروەها قایمقامی ئێستای هەڵەبجەش ژنە.

کەمایەسی توێژینەوەکە ئەوەیە کە بەشداربووان لە ژینگەی جەنگەوە هاتوون، بۆیە ئەزموونە تراوماتیکییەکانیان ڕەنگە کاریگەری لەسەر ئەنجامەکان دانابێت. جێندەری توێژەری چاوپێکەوتنساز ڕەنگە کاریگەری لەسەر خۆ-دەربڕینی ژنانی بەشدار بوو هەبوو بێت کە بۆیان قورس بێت هەندێک ئەزموونی گرنگی ژیانیان بگێڕنەوە. هەرچەندە چاوپێکەوتنساز خۆی پزیشکە، کە ڕەنگە ئاستەنگی جێندەری کەمتر کردبێتەوە بەهۆی متمانەی بەشداربوان بە پزیشک. وەک لە فیگەری ٢دا دیارخراوە کاریگەرییە درێژخایەنەکانی چەکی کیمیایی لەسەر هاوسەرگیری و خێزان پێشتر نە لە ڕووی زانستی و نە لە ڕووی سیاسییەوە هەڵنەسەنگێنراوە. هەرچەندە ئەوان دوای چەند ساڵێک لە هێرشەکان دەردەکەوێت کە ئەو کەسانە تەحەدا کۆمەڵایەتییەکانیان بەردەوام زیادی کردووە و زۆر ئاڵۆزتر بووە.

 

دەرئەنجام

توێژینەوەکەمان ڕوانگەیەکی نوێی جێندەری لەبارەی هاوسەرگیری و بونیادنانی خێزان لەناو دەربازبووانی چەکی کیمیایی کردۆتەوە. دەربازبووان گەشەیان بە دەرککردنێکی دیاری ناجەختی جێندەری داوە لەبارەی هاوسەرگیریکردن، چونکە بەرکەوتنی چەکی کیمیایی بەشێوەیەکی ڕیشەیی ژیانی گۆڕیوون. ئەم توێژینەوەیە هەروەها پشنیازی پێویستی دەستتێوەردانی زانستی دەکات بۆ باشترکردنی ژیانی کۆمەڵایەتی و خێزانی دەربازبووانی چەکی کیمیایی، هانی داڕێژەرانی سیاسەت دەدات کە بارودۆخی ژیانی دەربازبووان و پێداویستییە جێندەرییە جیاوازەکان دەربخەن و بەهەندوەربگرن. دەربازبووان پێویستە ڕاوێژکاریان بۆ دابین بکرێت بۆ ئەوەی یارمەتیان بدات تاکوو بڕیارەکانیان لەبارەی هاوسەرگیری و خێزانەوە باشتر بێت.

 

 

 

ئەم لێکۆڵینەوەیە لە لایەن نەبەز سەمەدەوە بۆ کولتور مەگەزین وەرگێردراوەتە سەرزمانی کوردی، سەرچاوە ئینگلیزیەکەی: https://bmjopen.bmj.com/content/10/10/e034277

 

 

 

سەرچاوەکان

 

 

1 Jones E, Everitt B, Ironside S, et al. Psychological effects of chemical

weapons: a follow-up

study of first World War veterans. Psychol Med

2008;38:1419–26.

2 Eisenkraft A, Gilburd D, Kassirer M, et al. What can we learn on

medical preparedness from the use of chemical agents against

civilians in Syria? Am J Emerg Med 2014;32:186.

3 Ghanei M, Naderi M, Kosar AM, et al. Long-term

pulmonary

complications of chemical warfare agent exposure in Iraqi Kurdish

civilians. Inhal Toxicol 2010;22:719–24.

4 Clarke SA, Weir AGA. UK resilience to a chemical incident. BMJ Mil

Health 2020;166:95–8.

5 Moradi F. Genocide in translation: On memory, remembrance,

and politics of the future. In: Moradi F, Buchenhorst R, Six-Hohenbalken

M, eds. Memory and genocide: on what remains and

the possibility of representation. London and New York: Routledge,

2017: 57–74.

6 Talabani JM, Ali AI, Kadir AM, et al. Long-Term

health effects of

chemical warfare agents on children following a single heavy

exposure. Hum Exp Toxicol 2018;37:836-847.

7 Hay A, Roberts G. The use of poison gas against the Iraqi Kurds:

analysis of bomb fragments, soil, and wool samples. JAMA

1990;263:1065a–6.

8 Macilwain C. Study proves Iraq used nerve gas. Nature 1993;363:3.

9 Hilterman J. A poisonous affair: America, Iraq, and the gassing of

Halabja. Cambrige, Uk: Cambridge University Press, 2007.

10 Hashemian F, Khoshnood K, Desai MM, et al. Anxiety, depression,

and posttraumatic stress in Iranian survivors of chemical warfare.

JAMA 2006;296:560–6.

11 Wessely S, Hyams KC, Bartholomew R. Psychological implications of

chemical and biological weapons. BMJ 2001;323:878–9.

12 Okcuoglu D. Choman Hardi. gendered experiences of genocide:

anfal survivors in Kurdistan-Iraq.

Int Fem J Polit 2013;15:131–2.

13 Moradi F, Sanford V. The force of writing in genocide: on sexual

violence in the al-Anfal

operations and beyond. In: Salvi CM,

  1. Gender violence in peace and war: states of complicity. New

Brunswick; London: Rutgers University Press, 2015: 102–15.

14 Dalaqua RH, Revill J, Hay A. Missing links: understanding sex- and

gender-related

impacts of chemical and biological weapons. UNIDIR,

2019.

15 Rowell M, Kehe K, Balszuweit F, et al. The chronic effects of sulfur

mustard exposure. Toxicology 2009;263:9–11.

16 Balali-Mood

M, Hefazi M. Comparison of early and late toxic effects

of sulfur mustard in Iranian veterans. Basic Clin Pharmacol Toxicol

2006;99:273–82.

17 Moradi F, Söderberg M, Moradi F, et al. Health perspectives

among Halabja’s civilian survivors of sulfur mustard exposure

with respiratory symptoms-A

qualitative study. PLoS One

2019;14:e0218648.

18 Beigi Harchegani A, Mirnam Niha M, Sohrabiyan M, et al.

Cellular and molecular mechanisms of sulfur mustard toxicity on

spermatozoa and male fertility. Toxicol Res 2018;7:1029–35.

19 Panahi Y, Ghanei M, Ghabili K, et al. Acute and chronic pathological

effects of sulfur mustard on genitourinary system and male fertility.

Urol J 2013;10:837–46.

20 Soroush M, Modirian E, Khateri S. Long-term

effects of exposure

to mustard gas on male infertility. Iran Red Crescent Med J

2008;10:344–5.

21 Khan F, Niaz K, Ismail Hassan F, et al. An evidence-based

review

of the genotoxic and reproductive effects of sulfur mustard. Arch

Toxicol 2017;91:1143–56.

22 Ghanei M, Rajaee M, Khateri S, et al. Assessment of fertility among

mustard-exposed

residents of Sardasht, Iran: a historical cohort

study. Reprod Toxicol 2004;18:635–9.

23 Graneheim UH, Lundman B. Qualitative content analysis in

nursing research: concepts, procedures and measures to achieve

trustworthiness. Nurse Educ Today 2004;24:105–12.

24 Sofaer S. Qualitative methods: what are they and why use them?

Health Serv Res 1999;34:1101–18.

25 Hefazi M, Attaran D, Mahmoudi M, et al. Late respiratory

complications of mustard gas poisoning in Iranian veterans. Inhal

Toxicol 2005;17:587–92.

26 Moradi F, Buchenhorst R. Memory and genocide: on what remains

and the possibility of representation. London and New York:

Routledge, 2017.

27 Zamawe FC. The implication of using NVivo software in qualitative

data analysis: evidence-based

reflections. Malawi Med J

2015;27:13–15.

28 Tong A, Sainsbury P, Craig J. Consolidated criteria for reporting

qualitative research (COREQ): a 32-item

checklist for interviews and

focus groups. Int J Qual Health Care 2007;19:349–57.            

29 Hassankhani H, Taleghani F, Mills J, et al. The challenges

experienced by Iranian war veterans living with chemical warfare

poisoning: a descriptive, exploratory study. Scand J Caring Sci

2010;24:290–8.

30 Vyner HM. The psychological dimensions of health care for

patients exposed to radiation and the other invisible environmental

contaminants. Soc Sci Med 1988;27:1097–103.

31 Derges J. Impotent warriors: gulf war syndrome, vulnerability and

masculinity, by Susie Kilshaw. Anthropol Med 2009;16:334–6.

32 João B. Vita: life in a zone of social abandonment Berkeley. University

of California Press, 2005.

33 International A. “Clouds of injustice: Bhopal disaster 20 years on”,

2004.

34 Jones WK, Weil D, Coreil J, et al. Stigma: lessons from Women1.

Emerg Infect Dis 2004;10:e19.

35 Erving G. Stigma: notes on the management of spoiled identity

London. Penguin Books, 1990.

36 Kleinman A, Eisenberg L, Good B. Culture, illness, and care: clinical

lessons from anthropologic and cross-cultural

research. Ann Intern

Med 1978;88:251–8.

37 Kleinman A. The illness narrative: suffering, healing, and the human

condition. New York: Basik Books, 1988.

38 Hardi C. Gendered experiences of genocide, Anfal survivors in

Kurdistan-iraq.

England: Ashgate publishing Limited, 2011.

39 Edmonds CJ, Kurds T. Politics, travel and research in north-eastern

Iraq, 1919-1925. London, 1957.

40 Pearson SD, Raeke LH. Patients’ trust in physicians: many theories,

few measures, and little data. J Gen Intern Med 2000;15:509–13.

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌