تانگۆ

دانایی لە تاراوگەدا


Loading

خورخێ لویس بۆرخێس

سەمای تانگۆ لە یەکێک لە پنتە مێژووییەکانیدا لە جیهانی ماڵە سۆزانییەکانی بوێنس ئایرسدا باو بوو. بەرەو کۆتایی سەدەی نۆزدەیەم کوڕە گەنجە کۆچبەرە تاکەکان، کە لە چینی کرێکاران بوون، بۆ تاقیکردنەوەی بەختیان هاتبوونە ئەرژەنتین. لەوێ لەنێو خواردنەوە، ڕابواردن و هاوەڵی کیژاندا بە دوای ئاسوودەییدا دەگەڕان. ئەرژەنتین بەوە دەناسرایەوە، کە سەمای تانگۆ لەنێو ماڵە سۆزانییەکانی ئەوێدا سەری هەڵداوە، هەروەك (خۆرخێ لویس بۆرخێس) سوور بوو لەسەر ئەوە، لە کاتێکدا ئەوانیدی بە توندی ئەمە ڕەتدەکەنەوە. بەڵام ئەو هۆکارەی دەمێنێتەوە ئەوەیە، تانگۆ بەشێک لە ئێش و ئازاری گەنجە هەڵکەندراوەکان لەخۆدەگرێ، کە لەوێدا سەمایان دەکرد.

سەماکەی ئەوان نومایشێکی تەواوە. ئەو پیاوانەی ئێمە دەیان بینین لە شوێنی سەماکەداهەناسەبڕکێیانە، ئەوان کۆمەڵێ گەنجی ئاسایی نین، بەدووی خۆشی خۆیاندا بگەڕێن. ئەوان کەسانێکن لەنێو مەکینەی قیمەی تاراوگەدا هەنجنهەنجنکراون و زیندوو ماون. ئاخر ئەوان گەیشتبوونە لێواری مەرگ. وەها دەردەکەوێ ئەوە یادەوەری کارەساتێکی کەسەکی بێت، کە لە دوای زیندوومانەوەیەکی پەرجوویی دێت، بە جۆرێك، لەنێو جوڵەی سەماکاندا خۆی دەنەخشێنێ. بەشێك لەوەی داخۆ چی تانگۆ دەکات بەوەی ئیرۆتیکییانە زۆر سۆزمەند و تەنگژەیی بێت، ئەوەیە؛ کەوا مەرگ هەمیشە زۆر نزیکە. لەو ڕۆژەوە (تانگۆ)  تێکەڵەیەکی سەیر لەبەهێزیی  و لەمەترسیدابوونی لەتەك خۆیدا هەڵگرتووە.

زۆر جۆری هەڵکەندران و تاراوگەبوون هەن؛ وەك دوورخستنەوەی زۆردارانە و تێکشکاندنی سەدان هەزار کەس لە ئێستای سوریا و ئێراقدا، ئەوانە لەنێو بازنەی جەنگ و سیاسەتدا باون. بەڵام هەڵکەندران دەشێ تەواو لە سیاسەت جیاواز بێت، وەك (قەدەغەکردنی فلۆرانس) لە (دانتێ) لە لایەن گوێلفە ڕەشەکانەوە (The Black Guelphs). یان دەشێ هەڵکەندران ئابوورییانە بێت، وەك ئەو کۆچبەرانەی لە ماڵە سۆزانییەکانی ئەرژەنتیندا سەمایان دەکرد. هەر کەسێك لەنێو ئەو هەڵکەندران و تاراوگەییەدا، جۆرێ لە بوومەلەرزەی لێرەبوونیانە (وجودیانە)ی ئەزموون کردووە. ئاخر هەموو شتێك قڵپبۆتەوە، جەختییەکان تێکشکاون، جیهانە کۆنەکەی دەوه‌روبەرت بووە بە خاك و خۆڵ، ئەو دۆخە ئامادە و لێرەبووە متمانەپێکراوەی، کە تۆ لەتەکیدا ئاسوودە بووی و پێی ڕاهاتبووی، ئێستا ڕووخاوە، سارد و بێگانەیە بۆت.

دانتێ لە (پارادایس-Paradiso)دا دەنووسێ ”گەرەگە تۆ هەموو شتێ، کە زۆر زۆرت خۆشدەوێن جێبهێڵی: ئەوە یەکەم تیرە، کەوانی تاراوگە دەیهاوێژێ”.  لە (ئۆڤید) تا (دانتێ و تاکو چێسلاڤ میلۆژ)  تاڕاوگە وەك ڕووداوێکی کارەساتییانە دیارهێنراوە. ئەگەر ئەو کەسە هەڵکەندراوانە لە شێوەی  ئەزموونی مەرگدا بێنە تاڕاوگەوە، ئەوا تەنیا مەرگی خۆیان نییە، بەڵکو جیهانە کۆنەکەشیان لەتەکیاندا و لەنێویاندا دەمرێت.

 

ژیاندن ڕەگداکوتانە. ژیان تەنیا بەڕادەیەك شیاوە، کاتێ تۆ شوێنێکی دۆستانە دەدۆزییەوە، کە تۆ لەخۆدەگرێ و ڕێگەت دەدا نیشتەجێ بیت. ئەوەی بەدوای ئەمەدا دێت، تەنیا هاوبەرژەوەندێتییە: وەك چۆن تۆ لەنێو جیهاندا گەشە دەکەی، ئاوهاش جیهان لەنێو تۆدا گەشە دەکات. تەنیا تۆ شوێنێکی دیاریکراو داگیرناکەیت، بەڵکو ئەو شوێنەش تۆ داگیر دەکات. کولتوری شوێنەکە شێوە بە جیهانبینیت دەدا، زمانەکەی ڕێگەی هزرینت پیشاندەدا، نەریتەکانی وەك بوونێکی کۆمەڵایەتی تۆ دادەڕێژن. لە کۆتاییدا ‘کێ’ بوونی تۆ، بەڕێی تۆڕێکی فراوانی ‘ماڵ’ەکانەوە دیاریکراوە.

تاراوگەبوون هەڵکەندران و جێهێشتنێکی پڕ زیانە، ئاخر لە شەو و ڕۆژێکدا تا دەتوانرێ بێتەوە یادت، گەرەکە  خۆت لە شتێك جیابکەیەوە، کە بۆتە بەشێکی گرنگ لە شوناسی تۆ. لە تاراوگەدا تۆ کولتور، نەریتەکان، زمان، وڵات، خێزان، و خۆشەویستانی خۆتیت. واتا لە یەك کاتدا تۆ هەموو ئەوانەیی. بەڵام تاراوگە، کە تۆ گەرەکە تێدا بژی و بمێنیتەوە، دەشێ ببێ بە خەڵاتێکی گەورەی فەلسەفەیی. خۆشییەك، کە لەنێو ناخۆشییەکانەوە دێتەگۆڕێ. بۆیە لە ڕاستیدا، گەرەکە فەیلەسوفانیش هەڵبکەندرێن، ئەگەر تەنیا بۆ جارێکیش بێت لە ژیانیاندا. ئەوان گەرەکە هەڵبکەندرێن، ڕابگوێزرێن، و بێگانەبکرێن، ئەوە پێویستە بەشێك لە ڕاهێنانەکانیان بێت. کاتێ جیهانە کۆنەکەت دەڕووخێ، ئەوا لەتەك خۆیدا هەموو بیروبۆچوون، گریمانە و بیرۆکە پێشینەیییەکانیش دەبات. ژیاندن خۆ پێچانە لە چینێکی ئەستووری پێڕاهاتن و ئاساییبوون، کە کوێرت دەکەن لە بینینی ئەوەی داخۆ چی لەژێر لوتتدایە. لەتەك شتەکانی نێو جیهانە کۆنەکەت زۆر ئاسوودە بووی، بێئاگا لەوەی، کە ڕوانینت کول بووە. ئاخر هەموو شتێ ڕوونبۆتەوە، کە تۆ لە بینینی هەر شتێك وەستاوی.

تاراوگەبوون دەرفەتی هەڵاتنت لە هەموو بارە قورسەکانی ‘ڕاستی’ییە کۆنەکان پێدەدا، کە تۆ زۆر پێیان ڕاهاتبووی، ئێستا دەبێ لە پشتڕا جێیان بهێڵی. بۆیە تاراوگەبوون هەمیشە گەشتی بارسووکبوونە.

لە تاراوگەبووندا تۆ شتێك وەردەگریتەوە، کاتێ ‘جیهانە کۆنەکەت’ دیارنامێنێ، لەپڕ ئەزموونکردنی جیهانێکی دی لە بەردەمتدا زیتبۆتەوە. لەو ساتەدا، کە هەموو شتێك لەدەستدەدەی، ئەوا شتێکی دی بەدەستدەهێنی: دوو چاوی تازە. لە ڕاستیدا، ئەوەی دوا جار تۆ بەدەستی دەهێنی تەنیا ‘جیهانێکی نوێ’ نییە، بەڵکو شتێکە فەلسەفەیییانە زۆر گرنگترە: ڕوانینێك، کە جیهان بەشێوەیەکی سادە لێرەبوونی نییە، بەڵکو جیهان شتێکە تۆ دەتوانی پارچە پارچەی بکەی و دواتر پێکەوەی بنێیتەوە، شتێکە دەتوانی یاری لەتەکدا بکەی: دایبڕێژی، دایبڕێژیتەوە، و هەڵیبوەشێنیتەوە. تۆ وەك تاراوگەبوویەك فێردەبی، کەوا جیهان چیرۆکێکە دەتوانرێت بە چەندان ڕێگەی جوداواز بگێڕدرێتەوە. بەجەختییەوە تۆ دەتوانی ئەمە لەنێو کتێبەکاندا بدۆزیتەوە، بەڵام هیچ زانینێك لەو زانینە قوڵتر نییە، کە لەتەك خوێن و فرمێسکی تاراوگەبووندا دێتەگۆڕێ.

تاراوگەبوون بارسووکبوونە، ئەمە وانەیەکی دیکەی فەلسەفەیییە، کە فەیلەسوفان دەتوانن لە تاراوگەوە فێری ببن: تاراوگەبوون نەك تەنیا دەرفەتی چێکردنی جیهانێکی نوێت پێدەدا، بەڵکو هەروەها دەرفەتی چێکردنی خودی خۆشت. بە نەمانی جیهانە کۆنەکەت، خود (self)ە کۆنەکەشت لێرەبوونیانە بە ڕووتی جێدەهێڵرێ. ئەوە تەنیا جیهانەکان نین دەتوانرێ تێکبشکێنرێن و دووبارە بونیادبنرێنەوە، بەڵکو هەروەها خودەکانیش. دەتوانرێ خودەکان لە هەڵکڕاندن، شێوەپێدانەوە، و نۆژەنکردنەوەدا چێبکرێنەوە. خودەکانیش چیرۆکگەلێکن دەتوانرێ بە ڕێگەی جوداواز بگێڕدرێنەوە. لەتەك هەڵکەندران و تاراوگەبووندا گۆڕینی زمانەکانیش دێتەگۆڕێ، کە دەبێتە هۆی شێوەپێدانەوە بە هەموو شتە نایابەکان. تۆ دەتوانی شێوە بە خۆت بدەی، هەروەك چۆن نوسەرێك شێوە بە کاراکتەرەکانی دەدات.

 

سۆکراتێس بە دەگمەن ئەسینای زێدی جێهێشت بوو، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو بەتەواوی لەوە تێگەیشت بوو، کە گەرەکە فەیلەسوف پراکتیکی هەڵکەندران و تاراوگەبوون بکات، ئەگەر ئیشەکەی بەڕێکی جێبەجێ بکات. ئەو وەك بێگانەیەك  شێوەی بەخۆی دابۆوە، وەك کێشەیەکی مێتۆدیی فەلسەفەیی. بایۆگرافەرێکی تازەی سۆکراتێس ئاماژە بەوە دەدات، کەوا سۆکراتێس ”بووە بە بێگانەیەك لەنێو شارەکەی خۆیدا، بەڕادەیەك تەنانەت بە زاراڤی ئەسیناییش نە پەیڤیوە”. سۆکراتێس بە مەبەستەوە خۆی لە ئەسینا هەڵکەند بوو، ڕایەڵەکانی بڕی بوو، و پەیوەندییەکانی پچڕاند بوو؛ نەك تەنیا وەك ‘خۆدوورخستنەوەیەکی تەوسبێژییانە’ لە ئەسیناییەکان. بەڵکو سۆکراتێس لەنێو شارەکەی خۆیدا وەك بێگانەیەك گۆڕانی بەخۆی دابوو، بەبێ ئەوەی بچێتە شارێکی دیکە. ئەو ببوو بە ‘ئاتۆپۆس-Atopos ‘ کە واتای ‘لە دەرەوەی شوێن’ دەگەیەنێت. هەروەها واتای ‘نیگەرانی و بێزاری’ و ‘سەخت بۆ تێگەیشتن و چارەکردن’یش دەگەیەنێت. بوون بە ئاتۆپۆس زۆر گرنگە، ئەگەر تۆ فەیلەسوفێکی هەقبێژی وەك سۆکراتێس بیت.

 

لە هەموو کۆمەڵگەیەکدا شتێك هەیە، کە بە نەگۆتراوی، نادیاری، و دەرنەبڕدراوی ماوەتەوە. بەڕوونی تۆ پەیوەستبوونی خۆت بەو کۆمەڵگەیەوە لەڕێی بەشداریکردنت لە بێدەنگییەکی گشتیدا پیشاندەدەیت. خویاکردنی هەموو شتێك ‘گۆتنی هەموو شتێك’ ئیشی بێگانەیە. چونکە، یان بێگانەکان کۆدە کولتوورییە ناوچەیییەکان نازانن، یان لەبەرئەوەیە ئەوان پابەندنین بە ڕێزگرتن لەو کۆدانە. بۆیە ئەوان دەتوانن دەنگ هەڵببڕن. تاڕادەیەك ئیشی فەلسەفە ئاشکراکردنی ‘هەموو شتێك’ە، بەتایبەت ئەو شتانەی کەس نایەوێ گوێی لێیان ببێ. بێگانەیێتی بۆ پراکتیککردنی فەلسەفە زۆر پێویستە، فەیلەسوف بەتایبەت جۆرە سۆکراتێسییەکەی پابەندە بە هێشتنەوەی جادوویی و پەنهانە مێتافێزیکییەکەی(Metaphysical gypsy) خۆی.

کێشەی سۆکراتێس پێگۆتنە. وەك هەندێ لە فەیلەسوفانی دی، سۆکراتێس فەیلەسوف وەها دەبینێ، کە گەرەکە خۆی لە کۆمەڵگەکەی هەڵبکەنێ، هەرچەندە سۆکراتێس ڕەتیدەکردەوە بچێتە تاراوگەی ڕاستەقینەوە، لەجیاتییان تاراوگەبوونێکی هێمایی پەسەند کردبوو. ئەو لە ئەسینا وەك بێگانەیەك دەژیا، واتا سۆکراتێس فەلسەفەی وەك چالاکییەکی ئافراندنەوەی سامناك پراکتیك دەکرد. ئەو  (خۆبێگانەکردنە) جۆرێکە لە تەنافبازی، هەرگیز ناتوانێ تۆ بگەیەنێتە شوێنێکی ئارام، بەڵکو بۆ لێڕوانەرەکانت دەبێتە هۆی گاڵتە وگەپێکی بەردەوام.

هۆنەرێکی ئەرژەنتینی دەبێژێ: تانگۆ هزرێکی غەمگینە، سەما دەکات. من جەخت نیم، سەمای تانگۆ تەنیا شتێکی غەمگین نییە- ئەوە خودی غەمگینییە سەما دەکات. دوا غەمگینییەکان، لە بوومەلەرزەی  هەڵکەندران و تاراوگەبوونەوە دێن. ئەگەر فەیلەسوفان نەیانەوێ خۆیان لە تاراوگەییدا بژین، ئەوا گەرەکە بە لایەنی کەمەوە، ساتێك بۆ سەمای تانگۆ بگەڕێنەوە.

 

 سەرچاوە:

https://opinionator.blogs.nytimes.com/2014/08/16/the-wisdom-of-the-exile/

 

 

تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین