زەریی بێشەڵان
قهسیده
نەژاد عزیز سورمێ
( دەبووایە / بەبێی / من / خوێنپژانی / بێھوودەیی و / دڵی /
ڕۆشنی / پەپوولان و / گیای / کەسکتر / ببینی .. /
چ / دەبوو / ڕۆژگار / لە / دەنکە / زەیتوونێک / کۆببێتەوە.. /
چ / دەبوو / ئەوەندەم / خۆشنەویستبای ؟ / .. )
لە ڕەشنووسی یەکەمەوە
(1)
چڵی لە باڵی ھەڵۆ دەچێ
سێبەری مەرگی ناگەھان
خۆھەڵتەکاندنی ژیان
درەختی ئەبەد ..
(2)
یەکەمین جارە قژ ببینم
ڕووەو کەشکەڵان تەرز باوێ .
(3)
ھەموو جارێ شەڕ دەستی پێدەکردەوە ،
سەری پەناگەمان
بەگەڵای ئەفسووناوی ئەو دەگرت .
لەگەڵ ئەودا
زەین دەمانباتەوە ماڵی یەکەم ،
کە ھێشتا نەکەوتبوینە (بیر)ی تاکایەتی .
(4)
ئەوە ڕەنگ نین
ئەوە ئاوی ڕەوانە
لەژێر خاکدا ،
خۆی لێک دەکێشێتەوە .
دیارە بە تەنیاییم دەزانی
باڵات دەدەیتە بەر خۆر و
یاریی بە ئەستێران دەکەی .
(5)
کەپاڵ بەتۆوە دەدەین
دەبێ سیاسەتی چاوغایەنی
لەبیر خۆمان ببەینەوە .
ئەو پشکۆیانەی
لە ئینجانەی گوڵاندا داڵدە دەدرێن
چاویان لەچاوی ھیوا دەچێ ..
(6)
ھەرچیم بێتە ڕێ
پێش سەرەتا و دوای کۆتایی
لەسایەی تۆ
پیاڵەم ھەرگیز بەتاڵ نییە .
(7)
بەو ساردەکێڵە ھەڵخەڵەتام
سێبەری تۆیان دەچووەوە سەر ..
بادە تاوی بۆ نەھێنام
پێگوزەر چەپڵەی لێ کوتام ،
نەرمەخوناو تواندمیەوە
ئەی ڕاز
ئەی ھێرشی مەینەت
گەواڵەی بەلەنجەولار !
(8)
پێدەچێت لە باران دا ون بووبم
ئیتر کەس ناتوانێ تەڕم بکا
ھەڵەیەکی تفتە
ئاسمانی پایز بەخۆت دابدەی ..
ھەوارێکی شیرینە
ھاوینی تۆزاوی بنێژی .
(9)
لێت نزیکم
ھەست بەلێدانی دڵت دەکەم
وشە پێ ناوەستێ
وشە بەو ساتە شیرینە
ھێرشبەرانە ناوەستێ .
ھیچم بۆ لێک مەدەرەوە
ھەست بە لێدانی دڵت دەکەم و بڕایەوە .
(10)
نیشانە ڕاست نەبوو
دڵی من بوو بریندار …
سڵاو برادەر!
دەبینی پێک دەگەینەوە
بایی خۆمان ژیاین .
بایی خۆمان پێکەنین ، گریاین .
داخ کە نەمانتوانی
بایی خۆمان ڕاستگۆ بین .
تەمووزی 2010