كاتژمێری ده‌ستی ئه‌نفالكراوێك له‌ باشووری ئێراق - گۆڕی به‌كۆمه‌ڵی دۆزراوه‌ له‌ ٢٠١٩

ئەنفالی زەمەن، سەبارەت بە کاتژمێرە ئەنفالکراوەکە


Loading

وەک چۆن لەناو هەموو کردەیەکی تاوانکاریدا، پشکنەری یاسایی بنکوڵی بچوکترین کەرەسەی بەکارهاتوو دەکات کە لە کاتی ئەنجامدانی تاوانەکەدا بەکارهێنراوە و لە شوێنەکەیدا دەگەڕێت بۆ هەر سۆراغ و شوێنەوارێک کە دەزوولەی تاوانەکەی پێوە ببەستێتەوە، لەپێناوی ئەوەی لەڕووی یاساییەوە ئەو مادەی سزادانە

كاتژمێری ده‌ستی ئه‌نفالكراوێك له‌ باشووری ئێراق – گۆڕی به‌كۆمه‌ڵی دۆزراوه‌ له‌ ٢٠١٩

گونجاوە بۆ کردەی تاوانەکە بەکار بهێنێت کە شایستەی کەسی تاوانکارەکە بێت. واتە پشکنەری یاسایی دەخوازێت لەچییەتی تاوانەکە وا تێبگات؛ ئاخۆ تاوانەکە ڕووداوێکی ڕێکەوتانە بووە یاخود پلان داڕێژراو بووە. ئەم دوو پرسیارە بەسە بۆ ئەو پشکنەرە تاوەکو لە چییەتی تاوانەکە تێ بگات. کەچی  کەسی بیرمەند و لێکۆڵەر و شاعیر لەناو هەموو کارەساتێکی کۆمەڵکوژیدا دەگەڕێت بۆ لێکدانەوەیەکی شوێنئارایی و کاتئاراییانەی ئەو كاره‌ساته‌  و پێدانی ڕەهەندێک کە مرۆڤەکان نەخاتە بەردەم لێپرسینەوەی یاساییەوە، بەڵکو بەردەم لێپرسینەوەی مۆڕاڵییەوە.لەم ڕێبەرییە کورتیلەیەوە دەمەوێت لێکدانەوەیەکی جیاواز بۆ وێنەی ئەو کاتژمێرە بکەم کە لەم ڕۆژانەدا لەڕێی هەڵدانەوەی گۆڕێکی بەکۆمەڵی ئەنفالکراوەکان لە بیابانەکانی سەماوەدا لەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبۆوە و بەرکەوتە و لێکەوتەی جیاوازی بەرپاکرد.

لێرەدا کە من تێڕامان لەو کاتژمێرە دەکەم، بەو مانایە نا، گوایە پێموابێت هەقیقەت شتیکە دەبێت ئامڕازێک دەری بڕێت، واتە لەڕێی ئەم ئامرازەوە هەقیقەت خۆی نمایش بکات بۆمان، وە خودی مرۆڤە قوربانیەکان وەلا بنێم و ئەو هەقیقەتە زەبەلاحە نادیدە بکەم، بەڵکو من دەمەوێت کار لەسەر ئەوە بکەم چۆن هەقیقەت خۆی لەناو شتێکی تردا ئینتیگراسیۆن دەکات. بەنموونە وەک چۆن کەمێک ئاو لەناو پەرداخێکدا خۆی ئینتیگراسیۆن دەکات، وەک چۆن ناوەڕۆکێک خۆی دەخزێنێتە شێوەیەکەوە، وەکچۆن بیرۆکەیەک خۆی دەخزێنێتە نێو وشەیەکەوە، وەکچۆن ڕۆحێک لەناو جەستەیەکدا خۆی ئینتیگراسیۆن کردووە. ئاواش هەموو مانای میتافیزیکییانە و ئۆنتۆلۆگییانەی زەمەنی شاڵاوەکانی ئەنفال لەناو ئەو کاتژمێرەدا خۆی ئینتیگراسیۆن کردووە.

بۆیە ئەو کاتژمێرە تەنیا ئامرازێکی میکانیکی ڕووت نییە، بەڵکو میدیۆمێکە بەوە بووەتە کاتژمێر کە خۆی یەکسان دەکات بە کاتی ئەنفالکراوی خاوەنەکەی و بگرە تەواوی کۆمەڵە قوربانییەکە، کە هاوکات لەگەڵ ئەودا ئەنفال کراون. واتە ئەم کاتژمێرە دەربڕین لە ڕاستی ناکات، بەڵکو ئەو خودی ڕاستییەکەیە.

واتە هەموو ئەو فاجیعەیە لەناو ئەم کاتژمێرەدا دەبینینەوە. ئەو کاتژمێرەی ئێمە لە کاتی ئاسایی جیهانیژیاندا لەدەستی دەکەین، تەنیا ئامرازێکی ڕووتە بۆ ژماردنی کاتی شەووڕۆژانەمان، بەڵام ئەم کاتژمێرە ئەنفالکراوە لەوە تێدەپەڕێت ئامرازێکی ئاسایی بەکارهێنراوی ڕۆژانە بێت، بەڵکو ئەم کاتژمێرە خودی بەسەرهاتەکەیە، خودی قیامەتەکەیە، خودی فاجیعەکەیە. هەر لەبەر ئەمەیە کاتژمێرە میکانیکییەکە و زەمەنی ئەنفالکراوەکە خزاونەتە نێو یەکترییەوە. زەمەنی ئەنفالکراو لێرەدا لەسەر دوو دوورایی لێکدەدرێتەوە:

یەکەمیان: هۆریزۆنتال – ئاسۆیی، کە بریتییە لە زەمەنی جیهانیژیانی سەرڕووی زەوی، زەمەنی ڕووە دیارەکەی مرۆڤەکان، زەمەنی مێژوویی.

 

دووەمیان: ڤێرتیکال – ستوونی  یان شاقوڵی، واتە ئەو دووراییە زەمەنییەی کە مرۆڤەکان دەبەستێتەوە بە جیهانی باڵا و نادیارەوە. ڕێکەوتیش نییە کە خودی میلەکانی کاتژمێرەکەش بەو جۆرە لە جووڵە کەوتووە و وەستاوە کە میلی خولەکژمێرەکەی، کە درێژترە، بەرەو دووراییە ڤێرتیکالییەکە هێما دەنوێنێ و میلی کاتژمێرەکەش، کە کورتترە، لەسەر ژمارە نۆ بەشێوەیەکی ئاسۆیی تەخت لێی کەوتووە، وەک هێمانومایەک بۆ بکوژە سەرزەمینییەکانی زەمەن، بۆ کوشتن و پەلاماردانی زەمینیانە. لێرەوەیە وەستانی زەمەنی قوربانیەکە لە کاتژمێر نۆدا، وەستانی زەمەنی جیهان و زەمەنی غەیبیشە.

 

تەماشا بکەن میتافیزیکی مەرگ چۆن خۆی لەنێوان ستەمی فێرتیکالی و وەحشیەتی هۆریزۆنتالیدا بەرجەستە کردووە.. میلی کاتژمێرەکە، درێژەکەیان ستوونی وەستاوە وەک بڵێی زەمەنی خوا لەوێدا ئیتر ڕادەوەستێت و بەشە گەورەکەی ئەو قیامەتە ستوونییانە دابەزیوەتە خوارێ و میلە کورتەکەشی ئاسۆییانە خۆی سەپاندووە بەسەر زەمینی واقیعدا.. وەک ئەوەی پێمان بڵێت؛ ئەم کەوتنەی من ئەوەبوو دراوسێکەم، هاودینەکەم، هاوسێکەم خستوومی.

 

 

له‌نێوان وەستان و کەوتن دا، لەنێوان فێرتیکال و هۆریزۆنتالدا  ڕەهەندێکی نادیار دەمێنێتەوە بێ ئاراستە و بێ ئاقار بەرەو عەدەم درێژە بەخۆی دەدات و زۆرجاریش هەر دەبێت خۆی گۆڕی ئەو عەدەمە هەڵبداتەوە.. ڕەهەندی کوردبوون..پرسیارکردن لە ناسینی ئەو ڕەهەندە هەر بە نادیاری دەمێنێتەوە، وەک چۆن پرسیارکردن لەوەی ئایا وەستانی زەمەنی ناو گۆڕەکە لەسەر کاتژمێری 9 دا چ کاتێکە، نۆی شەو یان نۆی ڕۆژ؟

لێرەوە پێشنیاری ئەوە دەکەم لە بۆنەکانی یادهێنانەوەی ئەنفال کاتژمێر نۆ بکرێتە دەستپێکی ئەو بۆنانە.

 

 

پرینسیپی فاشیزمی بیابان

بەعسیزم ئەو کاتە خۆی نەسەپاند کە لەڕووی ئینفراسترەکتورەوە دەستی بە پرۆژەی ئاوەدانکردنەوەی شارەکان کرد، بەڵکو ئەو کاتەی کە بیابانی دۆزییەوە و کردییە کایەی جێبەجێکردنی ئایدیۆلۆژیا نەتەوەییەکەی. تەنیا لە بیاباندا گوتاری فاشیزم و بەعسیزم خۆی واڵادەکاتەوە بۆ تاکە ئایدیۆلۆژیا و تاکە دەسەڵات.

هەر لەو ڕۆژەدا کە کەسوکاری قوربانییەکان لەکاتی هەڵدانەوەی گۆڕەکاندا بە ئاڵای کوردستانەوە ئامادەبوون، لەو بیابانە دوورە دەست و نائاوەدانەدا ئەفسەرێکی سەربازی فاشیزمی خۆی دەردەبڕێت. کە ڕەنگە هەمان ئەفسەر لەناو شارێکدا بووایە، فاشیزمانەش بیری بکردایەتەوە، فاشیزمانە ڕەفتاری نەکردایە. پرینسیپی فاشیزم لەناو شارەکانەوە فراژوو دەبێت و  لەناو ئیکۆلۆگییەکی بیابانئاسادا پیادە دەکرێت. هەر لەوێدا گوێبیستی ئاهێکی کەسوکارێکی قوربانییەک دەبین کاتێک دەڵێت: تەماشاکەن… هێشتا ڕقیان لێمانە. وشەی <<هێشتا>> کە بڕگەیەکی زەمەنی دەردەخات، مانای بەردەوامی، مانای ئەمانیش هەروەکو ئەوانی پێشوو ڕقیان لێمانە، دەگەیەنێت. ئەم ڕەفتار فاشیزمە واتە: کۆنەکە هێشتا بەردەوامە و لەئێستادا دەژی. کۆنەکە لەسەردەمی دووبارە بەرهەمهێنانەوەی ئایدیۆلۆژیدا خۆی لەناو تازەکەدا دووبارە دەکاتەوە، بەجیاوازی ئەوەی لەتازەکەدا زیندووەکان تەنیا سەرزەنشی دەکرێن، بەڵام لە کۆنەکەدا سەرزەنشتیش کران و لەناویش بران. ئەنفال ئەو کردەوەیە بوو لەناو مەجلیسی قیادەی سەورەدا چەکەرەی کرد و لەناو بیابانەکاندا پیادە کرا. ئەمڕۆش لەناو عەقلی پەرلەمانتارەکاندایە و بەدەستی ئەفسەرەکان جێبەجێ دەکرێت، هەر بۆیە شیعەگەراییش بریتییە لە فاشیزم هەروەکو سونەگەرایی بەعسییەکان، بەڵام بەئامرازێکی تر. بەمپێیە هەموو ئەویترێک بۆ کورد ئەنفالچییە.

 

عوسمان ئه‌حمه‌د؛ ئه‌نفال

کاتژمێرەکە و ژماردنی کات

لەبنەرەتدا کاتژمێر ڕۆڵی پێوانەکردنی کات دەبینێت لەڕووی چەندێتییەوە، واتە تەنیا کات دەژمێرێت بۆمان و هیچ شتێکمان لەسەر چییەتی ئەو کاتە و چۆنێتی ئەو کاتە پێ ناگەیەنێت. ئەگەر ڕووداوێک ڕوویدا کاتژمێر تەنیا کاتی ڕوودانی ئەو ڕووداوەی پێ دیاری دەکرێت و هیچ شتێک لەڕووی چییەتی و چۆنێتی ڕووداوەکە ناگەیەنێت پێمان. مرۆڤی سەرەتایی بەپێی ڕەوتی سروشتییانەی مانگ و خۆر و ئەستێرەکان کاتی ژماردووە،  لەهەندێک کولتوری سەرەتاییدا لەڕێی ترپەلێدانی دڵەوە بووە. بەمە یەکەمین پێوەری کات داهێنرا، دواتر کاتژمێری لمین داهێنرا تا لە سەدەی چواردەهەمدا کاتژمێری میکانیکی دروستکرا و دواتر لەسەدەی هەڤدەهەمدا کاتژمێری چاڵمە داهێنرا پاشان کاتژمێری بنباخەڵ و مەچەک داهێنرا.

دیواربه‌ندی (ئه‌نفال ) له‌ شاری سله‌یمانی – كاری هونه‌رمه‌ند عوسمان ئه‌حمه‌د

لێرەوە کات دابەشکرا بەسەر کاتژمێر و خولەک و چرکەدا، ئەم سێ یەکەیە بۆ پێوانەکردنی کات و ژماردنی تائێستا درێژەیان هەیە. بەڵام ئایا کات خۆی چییە؟ لەکورتترین پێناسەدا کات بریتییە لەو شتەی پێمان دەڵێت شتێک، ڕووداوێک کەی ڕوویداوە، یاخود ڕووداوێک چەندێک دەخایەنێت و چەندێک بەردەوام دەبێت، زۆر بەکورتی دەتوانرێت بگوترێت کات بریتییە لە بەردەوامی. لە کوێشدا کات ڕاوەستا، لەوێدا ڕوودان ڕادەوەستێت، لەوێدا بوون و ژیان ڕادەوەستێت. بەپێی ئەریستۆ دەبێت شتێک ڕوو بدات ئەوسا ئێمە دەتوانین لەوە تێبگەیەن کات مانای چی دەگەیەنێت. چونکە کاتی خاڵی، کاتی وەستاو کە شتێک تییدا ڕوو نەدابێت بوونی نییە. بەمپێیە کات بریتییە لەو میدیۆمەی کە ڕووداوەکانی تێدا ڕوو دەدات. بۆیە ناکرێت لەکات تێبگەیەن بەبێ تێگەیشتن لە ڕووداو.

کەچی لە حاڵەتی ناوازەی ئەم کاتژمێرە ئەنفالکراوەدا جگە لەوەی کاتی ڕووداوەکە و کۆتایی هاتنی چرکەکانی ژیانمان پێ دەگەیەنێت، لەناواخنیشیدا ناوەڕۆک و چییەتی ئەو مەرگەساتەی پاراستووە بۆمان تاوەکو لە واتاکانی ئەو فاجیعەیە تێبگەین. گوتاری ستوونی و گوتاری ئاسۆیی لەناو کاتژمێر نۆدا یەکترینابڕن، بەڵکو پاڵپشتن بۆ یەکتری و یەکتریان ڕاگرتووە، خودی ئەنفال بریتییە لە ڕاگرتنی ئەو دووگووتارە پێکەوە، گوتاری دینی و گوتاری دنیایی.

ئەم دیسکۆرسە دووفاقییە خۆی لەناو ئەم كاتژمێره‌ زنجیرەدارەدا ئینتیگراسیۆن کردووە، بۆیە هەرکاتێک تەماشای ئەم کاتژمێرە دەکەین ڕێک و ڕاست  ستەمی زەمین و ئاسمانمان دێتەوە بیر.  ئیتر ئەم سەعاتە زنجیرەدارە دەزگایەکە بۆ بەمێژووییکردن و بۆ بەدۆکیومێنتکردنی زەمەنی ڕوودانی ئەنفال لە کاتژمێر نۆدا. بەپێی شەکسپیر، هاملێت دەڵێت؛ زەمەن لەگرێژنەچووە، بەڵام بەپێی ئەم قوربانییە، ئەم سەعاتە دەڵێت زەمەن ئەنفالکراوە، ئەنفالیش فەرمان و تووڕەیی خودای ئاسمانە و موجاهیدەکانی سەرزەوی هەڵیدەڕێژن بەڕووی ئەوانیتردا.

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین –
ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی.