ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌كه ته‌واوی میدیاكانی جیهان باس له‌به‌شداربوونی راسته‌وخۆی ڕوسیا ده‌كه‌ن له‌جه‌نگی سوریا. چاودێرانی سیاسی هه‌ریه‌كه‌و به‌جۆرێك باس له‌م هاتنه ناوه‌وه‌ی روسیا ده‌كه‌ن، كه ئه‌مه یه‌كه‌مجاره روسیا به‌شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ ده‌بێته لایه‌ن له‌جه‌نگه‌كه‌دا.
بۆچی ئێستا!
سه‌ره‌تا ده‌بێت له‌كاته‌كه‌وه ده‌ستپێبكه‌ین‌و بزانین بۆچی سه‌رۆك پوتین ئه‌م كاته‌ی هه‌ڵبژارد؟ دیاره روسیا هه‌ر له‌سه‌ره‌تای جه‌نگه‌كه‌وه پشتگیریی ته‌واوی ئه‌سه‌دی كردووه، به‌ڵام هیچ كاتێك به‌شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ نه‌هاتبووه ناو جه‌نگه‌كه‌وه، به‌ڵام له‌مانگی ته‌مموزه‌وه روسیا ده‌ستیكردووه به‌ناردنی چه‌ك‌و ته‌قه‌مه‌نی بۆ بنكه‌ی ته‌رتوس‌و یارمه‌تیه‌كانی بۆ ئه‌سه‌ر زیادكرد. به‌ڵام له‌سه‌ره‌تای مانگی تشرینی یه‌كه‌مه‌وه به‌شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ هاته ناو جه‌نگه‌كه‌وه، ئه‌مه‌ش به‌بڕوای چاودێرانی سیاسی بۆ كۆمه‌ڵێك هۆكاری ناوخۆیی‌و ده‌ره‌كی ده‌گه‌ڕێته‌وه.
لاوازبوونی رژێمی ئه‌سه‌د
له‌ماوه‌ی پێشوودا ڕژێمی سوریا له‌زۆربه‌ی ناوچه‌كاندا گورزی گه‌وره‌ی به‌ركه‌وتووه‌و به‌ره‌و لاوازبوون ده‌چوو. به‌شێوه‌یه‌ك كه زۆرێك له‌چاودێران پێیانوابوو به‌م زووانه دیمه‌شقی پایته‌ختیش ده‌گیرێت. هه‌رچه‌نده ئێران هه‌وڵی زۆری‌دا كه پارسه‌نگی هێز بگه‌ڕێنێته‌وه بۆ لای ئه‌سه‌د، به‌ڵام ئه‌وه به‌ته‌نها به‌س نه‌بوو. هه‌ربۆیه ترسی ڕووخانی ئه‌سه‌د، یه‌كێك بوو له‌هۆكاره‌كانی دابه‌زینی روسیا به‌شێوه‌یه‌كی راسته‌خۆ.
به‌هێزبوونی داعش‌و به‌ره‌ی نوسره
له‌به‌رامبه‌ر لاوازبوونی ئه‌سه‌ددا، رۆژ له‌دوای ڕۆژ هێزو توانای داعش‌و گرووپه نه‌یاره‌كانی ئه‌سه‌د له‌به‌هێزبووندان‌و ناوچه‌ی زیاتر ده‌گرن، ئه‌مه‌ش بۆته ترسێك نه‌ك بۆ ڕوسیا، به‌ڵكو بۆ ئه‌مریكاش، كه نایه‌وێت هێنده داعش‌و گرووپه توندڕه‌وه‌كان به‌هێزتربن.
به‌هێزبوونی رۆڵی ئێران‌و توركیا
له‌ماوه‌ی پێشوودا له‌شاری «زه‌به‌دانی»و چه‌ندین شوێنی تریشدا، به‌شێوه‌یه‌كی كاتی جه‌نگ راگیرا. قسه‌وباسی ئه‌وه‌ش ده‌كرا، كه توركیا‌و ئێران له‌ژێره‌وه خه‌ریكی دابه‌شكردنی هه‌ژموونی خۆیانن له‌سوریا. ئه‌مه له‌كاتێكدایه كه روسیا هه‌ر له‌سه‌ره‌تای جه‌نگه‌كه‌وه یاریزانێكی گه‌وره‌ی ئه‌م ته‌نگه‌ژه‌یه بووه، له‌به‌رئه‌وه روسه‌كان هه‌ستیانكرد، خه‌ریكه چه‌ند یاریزانێكی لۆكاڵی جێگه‌ی ئه‌و ده‌گرنه‌وه.
خه‌ریكبوونی توركیا به جه‌نگی خۆیه‌وه
له‌لایه‌كی دیكه‌وه توركیا كه گه‌وره‌ترین دوژمنی ئه‌سه‌ده‌و باشترین پاڵپشتی داعش‌و لایه‌نه توندڕه‌وه‌كانی سوریایه، خه‌ریكی كۆمه‌ڵێك كێشه‌ی ناخۆییه، له‌سه‌روو هه‌مووشیانه‌وه مه‌سه‌له‌ی هه‌ڵبژاردن‌و جه‌نگی كورد. هه‌ربۆیه بینیمان ئه‌ردۆغانیش ئێستا باس له‌ئه‌سه‌د ده‌كات وه‌كو چاره‌سه‌رێك. له‌لایه‌كی تریشه‌وه ئامانجی سه‌ره‌كیی توركیا له‌م كێشه‌یه ئه‌وه‌یه، كه كورد هیچ ده‌ستكه‌وتێكی نه‌بێت، له‌به‌رئه‌وه ئاماده‌یه هه‌موو ته‌نازوولێك بكات، ته‌نها كورد هیچی ده‌ستنه‌كه‌وێت.
سه‌رقاڵیی سعودیه به‌یه‌مه‌نه‌وه
بۆ ماوه‌ی شه‌ش مانگ ده‌چێت سعودیه تووشی جه‌نگێكی گه‌وره‌بووه له‌یه‌مه‌ن. رۆژ له‌دوای رۆژ ئه‌م جه‌نگه گه‌رمتر ده‌بێت‌و سعودیه‌ش لاوازده‌بێت. سعودیه كه گه‌وره‌ترین دوژمنی ئه‌سه‌د بوو، ئێستا له‌لایه‌كه‌وه به‌هۆی جه‌نگی یه‌مه‌ن‌و له‌لایه‌كی تریشه‌وه به‌هۆی كاره‌ساته‌كانی ئه‌م دوایه‌ی مه‌راسیمی حه‌جه‌وه ته‌واو وه‌زعی خراپه. دیاره هه‌میشه سعودیه دژی روسیا بووه له‌سوریا، به‌ڵام ئه‌مجاره سعودیه له‌چاو ساڵانی پێشوودا ته‌واو لاوازه. هه‌ربۆیه هه‌لێكی باشبوو بۆ روسه‌كان كه بێنه ناوه‌وه.
كێشه‌ی ئاواره‌كان
ئێستا هه‌موو ئه‌وروپا تووشی كێشه‌ی ئاواره‌كان بوون، كه زۆرێك له‌چاودێران پێیانوایه، ئه‌مه گوشارێكی توركیایه بۆسه‌ر ئه‌وروپا، تاوه‌كو رازیبن به‌دامه‌رزاندنی پشتێنه‌ی ئه‌منی كه ئامانجی ناوچه كوردییه‌كانه. به‌ڵام له‌زۆرێك له‌پایته‌خته ئه‌وروپیه‌كاندا پێچه‌وانه‌ی خه‌ونه‌كه‌ی ئه‌ردۆغان هاته‌وه، چونكه ئێستا چ له‌به‌رلین یان پاریس كه سه‌رسه‌ختترین دوژمنی ئه‌سه‌د بوون، ده‌ڵێن: پێویسته ئه‌سه‌د به‌شداریی چاره‌سه‌ی كێشه‌كه بكات. لێره‌وه روسیا هه‌ستیكرد كه ئێستا ئه‌وروپیه‌كان زیاتر لێوه‌ی نزیكن‌و دژی ناوه‌ستنه‌وه.
دوایین ساڵی سه‌رۆك ئۆباما
له‌كاتێكدا روسیا هاته ناوه‌وه، كه سه‌رۆك ئۆباما به‌ره‌و ساڵی كۆتایی هه‌نگاو ده‌نێت، ئه‌مه‌ش وا پێویست ده‌كات كه سه‌رۆك ئۆباما نه‌توانێت بڕیاری گرنگ‌و یه‌كلاكه‌ره‌وه بدات، بۆ نموونه جه‌نگێكی گه‌وره هه‌ڵگیرسێنێت. چونكه له‌ساڵی 2016 ئۆباما ته‌نها خه‌ریكی ئه‌وه ده‌بێت كه ئه‌و ساڵه‌ی ماوێتی، به‌ئارامی تێپه‌ڕێت‌و توانای بڕیاری گرنگی نابێت. پوتینیش توانی سوود له‌م لاوازییه‌ی ئۆباما وه‌ربگرێت‌و بڕیاره گرنگه‌كه‌ی خۆی بدات‌و سوپا بنێرێته سوریاوه.
كۆبوونه‌وه‌ی پوتین‌و ئۆباما
له‌لایه‌كی دیكه‌وه كۆبوونه‌وه‌كه‌ی نیویۆركیش له‌نێوان ئۆباما‌و پوتین، كاریگه‌ریی گه‌وره‌ی هه‌بوو، چونكه له‌پاش ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یه روسیا به‌شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ سوپای نارد، بۆیه زۆرێك له‌چاودێران پێیانوایه كه روسیا‌و ئه‌مریكا له‌سه‌ر كێشه‌ی سوریا رێكه‌وتوون.
هاوپه‌یمانیی به‌غدا، دیمه‌شق، تاران‌و مۆسكۆ
روسیا پێش ئه‌وه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ به‌شداریی جه‌نگه‌كه بكات، هاوپه‌یمانییه‌كی به‌هێزی ناوچه‌یی دروستكرد كه بریتییه له «عیراق، ئیران، سوریا»، ئێستا ژوورێكی هاوبه‌شیان پێكهێناوه بۆ ئیداره‌دانی ئه‌و جه‌نگه‌و كۆكردنه‌وه‌و ئاڵوگۆڕی هه‌واڵ‌و زانیاری. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ش هه‌یه، كه له‌به‌غداوه فڕۆكه روسییه‌كان به‌شداریی جه‌نگی دژی داعش بكه‌ن.
كورد‌و به‌شداریی ڕوسه‌كان
دیاره به‌شداربوونی ڕوسه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ له‌چه‌ند لایه‌كه‌وه سوودی بۆ كورد هه‌یه، له‌لایه‌كه‌وه لاوازبوونی داعش‌و به‌ره‌ی نوسره كه دوژمنی گه‌وره‌ی كوردن، به‌تایبه‌تی له‌خۆرئاوای كوردستان. له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه هاتنی روسه‌كان بۆ ناوچه‌كه ته‌واوی خه‌ونه‌كانی توركیا له‌ناوده‌بات، توركیا هه‌روا به‌ئاسانی ناتوانێت رۆڵی كورد له‌ناوچه‌كه‌دا له‌ناوببات، چونكه له‌وتاره‌كه‌ی سه‌رۆك پوتیندا له‌نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، وه‌سفی رۆڵی یه‌په‌گه‌و پێشمه‌رگه‌ی كرد، ئه‌مه‌ش ئاماژه‌یه‌كی زۆرباشه بۆ كورد. هه‌روه‌ها هاتنی روسه‌كان به‌ره‌ی توركیا‌و سعودیه‌و قه‌ته‌ر لاوازده‌كات، كه ئه‌مانیش دوژمنی سه‌رسه‌ختی كوردبوون. به‌ڵام پێم سه‌یره لێره‌و له‌وێ چه‌ند كه‌سێك له‌تیڤییه‌كانه‌وه ده‌رده‌چن‌و ده‌ڵێن: هاتنی روسیا زیانی بۆ كورد هه‌یه، ئه‌مه‌ش تێڕوانینێكی ته‌واو ناڕاسته.
به‌دڵنییایه‌وه سه‌رۆك پوتین پێش ئه‌وه‌ی بڕیاری هاتنه ناوه‌وه‌ی ئه‌م جه‌نگه بدات، له‌زۆر رووه‌وه لێكدانه‌وه‌ی بۆ كردووه‌و ئه‌و گرووپه‌ش كه ئیداره‌ی كێشه‌ی سوریا ده‌كات، به‌ووردی له‌م سیاسه‌ته نوێیه‌یان كۆڵیوه‌ته‌وه. به‌دڵنیاییه‌وه چ ره‌گه‌زی زه‌مه‌ن‌و چ ره‌گه‌زی نێوده‌وڵه‌تیش، له‌به‌رژه‌وه‌ندیی روسیایه. له‌هه‌مان كاتیش‌دا هاتنه‌ناوه‌وه‌ی روسیا به‌مشێوه‌یه، ته‌واوی نه‌خشه‌ی ناوچه‌كه ده‌گۆڕێت.