سلڤادۆر دالی - كاتژمێره‌ تواوه‌كه‌ ١٩٥٤

فیزیکای ئەڕستۆیی، جوڵە و شوێن و بۆشایی و کاتیگۆریی چەندێتیی


Loading

نوسەر لە بواری فەلسەفەی گریک(ئەڕستۆ) وئایدیالیزمی ئەڵمانی(هیگڵ

دەستپێک

ئەوەی لێرەدا دەیخوێنیتەوە، بەرهەمی تێڕامانی منە لە فیزیکای ئەڕستۆ و فەلسەفەی سروشتی هیگڵ، لەوێشەوە، بۆ تێڕوانینی ئەڕستۆ و هیگڵ سەبارەت بە مەسەلەی کات. خوێندنەوەکە بە زنجیرە دەبێت و بەش بەش بڵاودەکرێتەوە. تێڕوانینەکە تەواو خودیی و کوردییانەیە و پشتم بە هیچ لێکدانەوە و تەفسیرێکی پێشیینە نەبەستووە. شایەنی باسە هەمیشە ئەڕستۆ و هیگڵ بۆ من جێی تێڕامان بوون، بە تایبەت هیگڵ! وە لەوەش گرنگتر، مەسەلەیەکی وەکو (کات – Time – Zeit).. من لێرەدا، هەوڵمداوە، بە یارمەتی ئەو دووانە کات بخوێنمەوە. کارکردنی من لە فیزیکادا، بۆ ئێستا ناگەڕێتەوە و، پێشتر کاری ترم لەسەر هەمان بابەت هەبووە.

 

سەرەتا

تێڕوانینی ئەڕستۆ بۆ کات، موتوربەیە بە کۆمەڵێک چەمک و بابەتی تر، کە دەبێت پێشتر یەک یەک ئەوانەمان  خوێندبێت و شرۆڤه‌ی خودییمان کردبێت، ئێمە ناتوانین لە کات تێبگەین، ئەگەر پێشتر لە بابەتی جووڵە و شوێن و بۆشایی و کاتیگۆریی چەندێتیی تێنەگەیشتبێتین. باشترین دەسکەلاش بۆ ئەمە، کتێبی فیزیکایە.

لە فیزیکای ئەڕستۆدا:

سەکشنی ١-٥ تایبەتکراوە بۆ شوێن،

سەکشنی ٦-٩ تایبەتکراوە بۆ بۆشایی،

سەکشنی ١٠-١٤ تایبەتکراوە بۆ کات.

 

 

جوڵە

ئەو لەوێدا، ڕاستەوخۆ، لەدوای باسکردنی بنەماکان (Principles) و هۆکارەکان (Causes) و توخمەکاندا(Elements)، دەچێتە سەر کتێبی سێیەم و باس لە جوڵە دەکات. باسکردن و گرنگیی جووڵە بۆ ئەڕستۆ بەڕاددەیەکە، گومانی ئەوەت بۆ دروستدەبێت کە زانای سروشتناس، دەبێت بە پلەی یەک دەرگیری مەسەلەیەکی وەکو جووڵە بێت تا شتەکانی تر. مەسەلەی جووڵە بۆ فیزیکا جەوهەرییە و تێگەشتن لە بابەتەکانی تری لەسەر وەستاوەتەوە. لە فیزیکادا، کتێبەکانی ٣، ٥، ٦، ٧، ٨ باس لە جووڵە و گۆڕان دەکەن.

ئەڕستۆ، باس لە هەندێک دەکات کە جوڵەیان سەر بە هیچکام لە پۆتێنشاڵ و ئاکچواڵ دانەناوە و، پێیان وابووە کە جوڵە جۆرێک لە ئاکچوالیتێی  ناتەواوە (ئێستاكێی ناته‌واوه‌)، وە ئەم جوڵەیە، ئاماژەیە بۆ نا-تەواوکۆیی ئەوەی کە لە پۆتێنشاڵدایە(Physics Book III, §1, 201b1).

ئەگەر گۆڕان نە سەر بە پۆتێنشاڵ و نەیش سەر بە ئاکچواڵ بێت، کەواتە دەکرێت سۆراغی گۆڕان لە نێوەندەکەدا(Medium) بکەین، لەنێوان دوو لایەنە دژوەستاوەکەدا؛ نێوەند وەکو خاڵی دەستپێک.(Physics Book V, §1, 224b30) ئەم خاڵە دواتر ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە دیالێکتیکی هیگڵیدا. بوونی ڕاستەوخۆ و بێ میدیەم بۆ هیگڵ ساتی هەژارییە و، دەبێت ئاستێک بەرز ببێتەوە و ببێت بە ناڕاستەوخۆ و میدیەمدار.

ئاکچواڵایزبوونی (ئێستاكێبوونی) ئەوەی کە پۆتێنشاڵە، پێناسە بەناوبانگی ئەڕستۆیە بۆ جوڵە (Physics Book III, §2, 201b30). ئەوەی کە خۆی دەرکەوتە کردووە و دێتە ناو واقیعەوە، جوڵەیە. کەواتە ئێمە لە ئاستی پۆتێنشاڵدا، جوڵەمان نییە، یان بەشێوەیەکی تر، لە ئاستی جەوهەردا، جووڵە(Motion) بوونی نییە، بەڵکو گۆڕان(Change) بوونی هەیە.

خاڵێک کە گرنگە و نابێت بە هەڵە بەسەرماندا تێپەڕ ببێت، ئەویش هەردوو تێرمی جوڵە و گۆڕانە لای ئەڕستۆ. دەکرێت بڵێین؛ جوڵە بۆ ئەڕستۆ نابێت لە جەوهەردا ڕووبدات، چونکە جەوهەر نابێت دژی هەبێت، کە دژ بوونی نەبێت، قسە کردنیش لە جوڵە نایەتە کایەوە(Physics Book V, §2, 225b10). بۆیە جوڵە بۆ ئەڕستۆ لە عەرەزدا ڕوودەدات. بۆیە کاتێک باس لە جوڵە دەکەین لە ئاستی جەوهەردا، بە گۆڕان ناوی دەهێنێت. جوڵە جۆرێکە لە گۆڕان(Physics Book V, §1, 225b1).

شایەنی باسە کە، جوڵە لە سێ ئاستدا ڕوودەدات: کاتیگۆریی لە شوێن، کاتیگۆریی چەندێتیی و، کاتیگۆریی چۆنێتیی.

کاتیگۆریی چەندێتیی

بۆ تێگەشتن لە کاتیگۆریی چەندێتیی من ناچار دەبێت بگەڕێمەوە بۆ کاتیگۆرییەکان و، لەوێوە لایەک لە چەندێتیی بدەمەوە.

لە لۆجیکی ئەڕستۆدا، دوو کاتیگۆریی پێچەوانەیان نییە، ئەوانیش جەوهەر و چەندێتیین. جەوهەری ئەڕستۆیی بنەیە و کۆی کاتیگۆرییەکانی تر دەبن بە بار(چەندێتیی بە نموونە) بۆی. (Categories, §5, 3b24-31)

شایەنی باسە، کاتیگۆریی چەندێتیی دەبێت بە دوو بەشەوە:

١. پچڕ پچڕ(Discrete)

٢. بەردەوام(Continuous)

هەرچی جۆری پچڕ پچڕە(نابەردەوام) بریتیین لە: ژمارە و زمان.

جۆری بەردەوامیش، بریتیین لە: هێڵ، ڕووتەخت، تەن، کات و شوێن. (Ibid., §6, 4b20-5a14)

ئەوەی بۆ من گرنگە، بوونی میدیەمە لە جۆری دووەمی کاتیگۆریی چەندێتیی، کە ئەمە دواجار ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە دیالێکتیکی هیگڵییدا. جۆری دووەم کە بریتییەلە جۆری بەردەوام، بۆ هەریەکێک لەو جۆرانەی کە باسی لێوەکردوون، لینکێکی بۆ داناون:

لینکی هێڵ خاڵە، لینکی ڕووتەخت هێڵە، لینکی تەنیش هێڵ و ڕووتەخت پێکەوە.

کات وەکو چەندێتیی بەردەوام، دەمی ئێستا لینکە لەنێوان ڕابوردوو و داهاتوودا. (Ibid., §6, 4b24-5a14) وەکو دەبینین، لێرەدا کات لەژێر کاتیگۆریی چەندێتیی بەردەوامدا دانراوە!

 

 

شوێن

شوێن بۆ ئەڕستۆ بەجۆرێک گرنگە، لە سەرەتای سەکشنی سەر بە شوێندا، پێناسەی جوڵە دەبەستێتەوە بە شوێنەوە. بە گوزارشی  خۆی: جوڵە بە تێگه‌یشتنه‌ گشتیه‌كه‌ی ، بریتییە؛  لە گۆڕان لە شوێندا (Physics, Book IV, §1, 208a32)… خاڵێک کە جێگای تێڕامانە و، نابێت بەسەریدا تێپەڕ ببین، ئەوەیە کە (نا – بوون) نابێت لەشوێندا بێت، یان ڕوونتر بڵێین؛ نابوون لە ناشوێندایە(Nowhere). وەکو ئەوەی بۆ ئەڕستۆ مەرجی سەرەکیی بوون، لە شوێن-بوون بێت.

ئاكادیمای پلاتۆن – له‌چه‌په‌وه‌؛ پلاتۆنی پیر و ئه‌رستۆی گه‌نج به‌پێوه‌ ڕافائیل ١٥٠٩- ١٥١١ –

ئەڕستۆ دوو شتی زۆر گرنگ دەبەستێتەوە بە شوێنەوە:

جووڵە و بوون. ئەوەی دەجووڵێت، دەبێت لە شوێندا بجووڵێت، ئەوەی بوونە(یان هەبووە) دەبێت لەنێو کاتیگۆری شوێندا بێت. گرنگیی شوێن بۆ ئەڕستۆ بەجۆرێکە، کە دەبێت پێش هەموو شتەکانی تر کەوتبێت، وە هیچ شتێک ناتوانێت بوونی ھەبێت، ئەگەر لە شوێندا نەبێت(Physics, Book IV, §1, 209a2). تەنانەت چوار هۆکارەکەشی(ئایدیاڵیی، فۆرمیی، ماتەریی، ئارمانجیی) بەسەردا جێبەجێ ناکرێت. من ئەمە ناو دەنێم بەخوداکردنی-شوێن(The power of place). شایەنی باسە کە، لەفەلسەفەی کانتدا، هەمانشت دووبارە دەبێتەوە و شوێن و کات، بوونێکی زەرووریی و پێشوەکییان هەیە لە مەعریفەدا.

پیشکەوتنی شوێن بەسەر شتەکانی تردا (کات بە نموونە)، پێچەوانەی دیدی فیزیای نوێیە بۆ فەزا-کات. لە فیزیای نوێدا، شوێن و کات پێکەوە دروست دەبن، نەک یەکێکیان پێش ئەوی دی بکەوێت. گرنگە بزانین، شوێن بۆ ئەڕستۆ خاوەنی ئەو سێ دوورییە(x, y, z) بووە کە ئێستا ئێمە لە ماتماتیک و فیزیادا پێی ئاشناین. ئەویش درێژیی و، پانیی، قووڵییە(بەرزیی).

خاسییەتێکی دیکەی شوێنی ئەڕستۆیی، حەدد و مەرزە(limit). شوێنی ئەڕستۆیی وەکو شێوەپێدەری ئەو شتەیە کە دەکەوێتە ناویەوە.(Physics, Book IV, §2, 209b1-4).

شوێنگۆڕکێ پێکردنی نێوان جووڵە و شوێن، هێند بۆ ئەڕستۆ، حەیاتییە، مرۆڤ سەری سوڕ دەمێنێت کە ئەمیان بەهۆی ئەوەوە پێناسە دەکرێت، یان ئەویان بەهۆی ئەمیانەوە! لە خاڵی چوارەمدا، ئەڕستۆ میتۆدەکەی پیچەوانە دەکاتەوە و، ئەمجارە بەڵگەی هەبوونی شوێن، دەبەستێتەوە بە بوونی جووڵەوە. ئەو دەڵێت: ئەگەر جووڵەی شوێنی بوونی نەبوایە، ئەوا شوێنیش بوونی نەدەبوو(Physics, Book IV, §4, 211a13-16).

 

چەند فراگمێنتێک دوای ئەوە، ئەڕستۆ شتێک دەڵێت، کە دازاینی هایدێگەرم بیر دەهێنێتەوە. وەکو دیارە، دازاینی هایدێگەریی بوونە لەنێو جیهاندا. ئەمەی ئەڕستۆ ڕێک شتێکی هاوشێوەی ئەوەیە، بە تۆزکێک جیاوازییەوە. ئەو دەڵێت: کە ئێمە دەڵێین شتێک لەنێو جیهانە، بەو مانا و مەبەستە دەیڵێین کە لەنێو شوێنە(Ibid., §4, 211a24).

ئەوەی گرنگە و نابێت بەسەریدا بازبدەین، ئەوەیە کە، هەرچەندە شوێن بەهۆی جوڵەوە پێناسە دەکرێت و، جوڵەش بەهۆی شوێنەوە، مەبەستم دووانەیی جووڵە-شوێنە. بەڵام نابێت ئەوەمان بیر بچێت، کە شوێنی ئەڕستۆیی بێ جووڵەیە(motionless). ئەوەی لەنێو شوێندایە، جووڵە و گۆڕانی هەیە، بەڵام نابێت خودی شوێن بجووڵێت.(Ibid., §4, 212a8-19).

پەیوەندی نێوان شت و شوێن، وەکو پەیوەندی نێوان جوزء و کولە. شت ڕۆڵی بەش دەگێڕێت و، شوێنیش ڕۆڵی گشت. بۆ ئەڕستۆ، شوێن و شت نابێت یەک بن، لەبەر ئەو هۆکارەی، شوێنی ئەڕستۆیی هاوشێوەی دەفرێکە و شتەکانی لەخۆیدا هەڵگرتووە، بۆیە نابێت لەگەڵ ئۆبژەکاندا یەک بێت. بەڵکو دەبێت (مفارق – Separate) بێت.

 

بۆشایی

بۆشایی خاڵێکی دیکەی فیزیکای ئەڕستۆییە. ئەو، لەپاش شوێن و پێش کات، باس لە بۆشایی دەکات. بە کورتی و کرمانجی؛  بۆشایی بۆ ئەڕستۆ نابێت بوونی هەبێت. چونکە ئاڕاستەی تێدا نییە. کە ئاڕاستەش نەبوو، قسەکردن لە جوڵە ناکرێت. پێشتر باسمان لەوە کرد، کە جووڵە بۆ ئەڕستۆ بەڕادەیەک  زینده‌گییه‌،  کە شتێکی وەکو شوێنی پێ پێناسە دەکات.

خاڵی هه‌ره‌ جیاوازی نێوان فیزیای گریکی-ئه‌ڕستۆیی و فیزیای کوانته‌میی بریتییە لە مه‌سه‌له‌ی هه‌بوون و نه‌بوونی بۆشایی له‌سروشتدا. له‌فیزیای نوێدا، ٩٩.٩٩%ی به‌شی پارتیکڵ بۆشاییه‌ و، ئه‌لیکترۆن تێیدا ده‌خوولێته‌وه‌. به‌ڵام ئه‌مه‌ بۆ گه‌ردوونی ئه‌ڕستۆیی ته‌واو پیچه‌وانه‌ ده‌بێته‌وه‌. لای ئه‌و سروشت بەره‌نگاری ده‌کات دژ به‌بوونی بۆشایی.

به‌ڵگه‌کانی ئه‌ڕستۆ دژ به‌نه‌بوونی بۆشایی زۆرن؛ به‌ڵام من لێره‌دا ته‌نها ئاماژه‌ بۆ دووان له‌وانه‌ده‌که‌م:

بۆ ئه‌ڕستۆ بۆشایی هاوشێوه‌ی ناکۆتا بێ ئاڕاسته‌یه‌. واته له‌بۆشاییدا ئاڕاستەکانی (سه‌ره‌وه‌، خواره‌وه‌، ڕاست، چه‌پ) بوونیان نییە.(Ibid, §8, 215a1-13)

هه‌ر ته‌نێک دوو جووڵه‌ی هه‌یه‌؛ ئه‌و جووڵه‌ی که‌ به‌هۆی هێزێکی ده‌ره‌کییه‌وه‌ ده‌خرێته‌ سه‌ر ته‌نه‌که‌؛ له‌گه‌ڵ جووڵه‌یه‌کی دیکه‌ش‌ که‌بریتییە لە جووڵه‌ی سروشتیانه‌ی ته‌نه‌که‌ خۆی. بۆ نموونه‌ ئاگر به‌سروشتی خۆی بۆ سه‌ره‌وه‌ ده‌چێت، خاک بۆ خواره‌وه‌.

به‌تێهه‌ڵکێشکردنی ئه‌و دوو تێزه‌ی سه‌ره‌وه‌، یان بۆشایی نابێت بوونی هەبێت٬ یان جووڵه‌. کە جووڵه‌ بوونی هه‌یه‌، که‌واته بۆشایی بوونی نییه‌. واتە بۆ ئەڕستۆ، زەروورەتی جووڵە نەوەستاوەتە سەر بوونی بۆشایی (Ibid, §7, 214a27-28).

 

ماویەتی…

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین
ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌.