فیلسی سۆزانی سواری پشتی ئه‌رستۆی فه‌یله‌سوف بووه‌ - كار له‌سه‌ر ته‌خته‌ ١٥١٥ Woodcut of Aristotle ridden by Phyllis by Hans Baldung, 1515

Loading

کە دێمە سەر ئەم بەشە، موچڕکە بە کۆی جەستەمدا دێت، دەستەکانم دەلەرزن و  دەماری گیانم دەخروشێت. هەیەجانێک سەراپای بوونم دادەگرێت، چونكه‌  کات مۆتەکەیە، مەتەڵی هەڵنەهێنراوی بوونە، (سرالاسرار)ی وجودە.

کە ئێمە دێینە سەر کات لە فەلسەفەی ئەڕستۆدا، دەبێت هەمیشە ئەو (نەفییە هیگڵییە)مان لەبەرچاو بێت، کە؛ کات نەفیی کۆی ئەوانەی پێشووی خۆیەتی و، هەموویانی لە خۆیدا پاراستووە. کات لێرەدا کاتیگۆرییەکی ڕووت نییە بەبێ موتوربەی ئەوانیتر. بەڵکو کۆی هەموو ئەوانەی پێشووی خۆیەتی، مەبەستم جوڵە و شوێن و بۆشایی و چەندێتییە. هه‌ربۆیە دەبێت وتاری پێش ئەمەمان بە باشی هەرسکردبێت. بەبێ  گوتاری پێشوو، خوێندنەوەی ئەم وتارە، کوتانی ئاسنە بە ساردیی!

 

فیزیکای ئەڕستۆیی، جوڵە و شوێن و بۆشایی و کاتیگۆریی چەندێتیی

 

ئەڕستۆ لە سەکشنی ده‌هه‌مینەوە، پرسیارەکانی سەبارەت بە کات دەوروژێنێت.  بۆ ئەو، دوو پرسیاری سەرەکیی دێته‌ به‌رباس؛  مەسەلەی بوون و نەبوونیی کات… ئایا کات سەر بە پۆلی هەبووەکانە؟  یان ناهەبووەکان؟  پرسیاری دووەمیش؛ پرسە لە ماهییەت و چییەتیی کات.

بڕوانە (Physics, Book IV, §10, 217b29-218a3).

 

کات و جوڵە

 

کات و گۆڕان، دووانەیەکی لێکدانەبڕوان. بەجۆرێک، بە بێ کات، ناتوانین باس لە گۆڕان بکەین. بۆ ئەڕستۆ، گۆڕان یان خێرایە یان خاو، بەڵام کات وا نییە. چونکە خێرایی و خاویی لەلایەن کاتەوە پێناسە دەکرێن.  خێرا ئەوەیە کە بەخێرایی دەجوڵێتەوە لە کاتێکی کەمدا. خاویش پێچەوانەی ئەمەیە، ئەو شتەی بە خاویی دەجووڵێتەوە لە کاتێکی زۆردا.

ئەڕستۆ گۆڕان (یان جوڵە) بەهۆی کاتەوە پێناسە دەکات. بەڵام دەڵێت: کات بەهۆی کاتەوە پێناسە ناکرێت.(Physics, Book IV, §10, 218b15-20)  ئەمە ڕێک لە پێناسە-بەدەربوونی بوونم دەهێنێتەوە یاد. کات هاشێوەی بوون، هەموو شتەکانی تری لەسەر وەستاوەتەوە، بەڵام خۆی لە پێناسە بەدەرە!

چەند دێڕێک دواتر، دەڵێت: کات جوڵە نییە.

کەواتە لێرە بۆمان ڕوون دەبێتەوە، کە کات جوڵە نییە. بەڵام بوونی کات، بەستراوەتەوە بە جوڵەوە. چونکە کات بەبێ گۆڕان بوونی نییە(یان بە سەربەخۆیی بوونی نییە)(Physics Book IV, §11, 218b21-219a2). ڕەنگە ئەرستۆ کاتی ڕەها بە کات نەزانێت!

 

جوڵه‌ی ئه‌ڕستۆ له‌ هونه‌ردا –  فیلسی سۆزانی سواری پشتی ئه‌رستۆی فه‌یله‌سوف بووه‌ – كار له‌سه‌ر ته‌خته‌ ١٥١٥
Woodcut of Aristotle ridden by Phyllis by Hans Baldung, 1515

 

ئەڕستۆ دوو ئارگیومێنت سەبارەت بە کات دەهێنێتەوە:

١. کات دەبێت جوڵە بێت.

٢. یان شتێک پەیوەست بە جوڵە (دەگەڕێتەوە بۆی-belongs to).

ئارگیومێنتی یەکەم نابێت ڕاست بێت (پێشتر باسمان لێوە کرد). کەواتە کات سەر بە جوڵەیە.

 

کاتی چەندەکییانە

 

ئەڕستۆ لە پەرەگرافی دواتردا (Physics, Book IV, §11, 219a10-14) باس لە میقدار (magnitude – پێوه‌ر )  دەهێنێتەوە ناو باسەکە. ئەمە ئەو دیدە پشتڕاست دەکاتەوە کە دیدی ئەڕستۆ بۆ کات، دیدێکی چەندەکییە!

ئەو دەڵێت؛ کە شتێک دەجوڵێت، ئەوا جوڵەیەکی کردووە لە شتێکەوە بۆ شتێکی تر، کە بریتییە لە چەندەکیی بەردەوام. ئەڕستۆ، سێنتێنزێک لە (کاتیگۆری چەندەکیی، جوڵە، کات) باسدەکات. لە چەندەکییەوە دەڕواتە سەر جوڵە و، لەوێشەوە بۆ مەلەسەی کات. ئارگیومێنتەکەی ئەرستۆ، بەم شێوازەی لای خوارەوەیە:

١. چەندەکیی بەردەوامە

٢. لێرەوە، جووڵەش بەردەوامە

٣. کەواتە کاتیش دەبێت بەردەوام بێت.

لە فراگمێنتی (Physics, Book IV, §11, 219a22-29)دا، باس دەێتەسەر لەپێش-بوون (Before) و لەپاش-بوون(After)، لەوێشەوە بۆ نێوەنجگیریی (Intermediate). تێزەکە بەمجۆرەیە:

کە ئێمە هەست بە  (لەپێش-بوون)  و (لەپاش-بوون)  دەکەین، لەو کاتەدا دەڵێین: کات تێپەڕیووە (Elapsed).

کە ئەم فراگمێنتانە دەخوێنمەوە، ترسێک کۆی بوونی داگیرکردووم. ترسێکی جوان، هەیەجانێکی خۆش، خرۆشانێک لە جۆری ترس. بەدەستی خۆم نییە، باسی کات وەکو ژمارە، کاتی چەندەکیی هەمیشە ترساندوومی. ڕوعبێک لەوێدایە و، من هێشتا دەرکم نەکردووە. دەعبایەک لەو بانگه‌شه‌كردنه‌دایه‌ و دەترسم ڕۆژێک بێت و هەموو بوون هەڵلوشێت!

ئەرستۆ دەڵێت:

کات تەنها ئەم ژمارەی جوڵەیەیە، سەبارت بە لەپێش-بوون و لەپاش-بوون. دوو دێڕێک ئەولاتر، ڕێک بە ڕوونی دەڵێت: کات جۆرێکە لە ژمارە! بەڵام ژمارە بۆ ئەڕستۆ، دوو جۆرە:

١. ئەوەی کە دەژمێردرێت، قابیلە بە ژماردن (counted or countable).

٢. ئەوەی کە بەهۆیەوە، شتەکانی تر دەپێوین.

کاتی ئەڕستۆیی، لە جۆری دووەمی ژمارەیە، کە لەڕێیەوە، شتەکانی تر دەپێوین.

(Physics, Book IV, §11, 219b2-9). هەروەها بڕوانە (Physics, Book IV, §12, 220b6-14).

بۆ تێگەیشتنی تەواو، لە «کات جۆرێکە لە ژمارە» دڵنیام دەبێت و پێویست دەکات بگەڕێینەوە بۆ فیساگۆرسییەکان (Pythagorean) و لەوێوە، خوێندنەوەی ژمارە دەست پێبکەین. وە بزانین تەفسیری ئەوان بۆ بنەمای هەمووشتێک برتییە لە ژمارە، چییە و، ئارگیومێنتەکاتی ئەم گوزارەیە، چییە و لە چییەوە سەرچاوە دەگرێت. لێ مخابن، کات و شوێن یارمەتیم نادەن  و ئێستا ناتوانم ئەوە بکەم. ڕەنگە ئەوەیان کاری داهاتووی ئەوانی تر بێت، کە دەیانەوێت لەم بوارەدا، لێکۆڵینەوە بکەن.

لە سەکشنی ١٢دا، ئەڕستۆ، دوو خاسیەت دەبەخشێت بە کات و، دووانیش نەفی دەکاتەوە.

بە دیدی ئەڕستۆ، کات نابێت بەهۆی خێرایی و خاوییەوە پێناسە بکرێت، بەڵکو لەڕێی درێژ و کورتەوە. هۆکاریش بۆ ئەمە، بەردەوامییەتی(Continues) کاتە.( Physics, Book IV, §12, 220b6-14).

لە فیزیکای ئەڕستۆدا، دوو ئاڕاستەیی کات-جووڵە، جووڵە-کات بەجۆرێکی وەها پێکەوە بەستراونەتەوە، لێکردنەوەیان مەحاڵە. ئەو دوو خاسیەتەی ئەڕستۆ دەیبەخشێت بە کات (مەبەست لێی زۆر و کەمە) لەڕێی جووڵەوە دەناسرێت و دەزانرێت.

ئاكادیمای پلاتۆن – له‌چه‌په‌وه‌؛ پلاتۆنی پیر و ئه‌رستۆی گه‌نج به‌پێوه‌ ڕافائیل ١٥٠٩- ١٥١١ –

چەند فراگمێنتێک ئەولاتر، ئەڕستۆ، داهێنانەترین فیکری خۆی سەبارەت بە کات دەخاتەڕوو. بەجۆرێک ئەگەر ئەم فراگمێنتەم لە شوێنێکی تردا بەرچاو بکەوتایە، بەبێ چاولێکردن لە بەرگی کتێبە، ڕاستەوڕاست دەمگووت قسەی هیگڵە. لێرەدا ئەڕستۆ دۆنادۆنی هیگڵی کردووە و، هیگڵ گەڕاوەتەوە بۆ ڕابردوو. ئەرستۆ لێرەدا نادوێت، بەڵکو هیگڵە و، خۆی لەنێو دێڕەکانی ئەرستۆدا حەشار داوە. هەروەکو دیارە، سێکوچکە دیالێکتیکیە هیگڵییەکە بەمشێوەی لای خوارەوەیە: تێز و ئەنتی تێز و تێهەڵکێش. لێرەدا:

تێز= دووریی

ئەنتی تێز= جوڵە

سینێتێز= کات

 

لێرەوە، دووریی وەکو نوێنەری کاتیگۆریی شوێن، جوڵەش وەکو نەفیی ئەم دوورییە، کاتیش وەکو تێهەڵکێشی هەردووکیان دانراوە. ئەمەیە لینکی نێوان شوێن و کات. شوێن لێرەوە، لەڕێی جوڵەوە، دەگاتەوە بە کات. واتە جوڵە ئەو میدیەمەیە کە کات و شوێن پێکەوە گرێدەدات. جووڵە وەکو ڕۆڵی نێوەنجگیریی.

بۆ ئەڕستۆ، هەریەکە لە دووریی و جووڵە و کات، خاوەنی سێ سیفاتن کە لە دوورییەوە بۆیان هاتووە، ئەوانیش: پارچەپارچەیێتی(quanta)، بەردەوامێتیی(continues)، توانای دابەشبوون(divisible). ئەو سیفەتانە هی دوورین، لەڕێی جوڵەوە، دەگات بە کات و کاتیش دەبێتە هەڵگری ئەو خاسییەتانە.

 

ئه‌ڕستۆ نموونەیەک دەهێنێتەوە:  کە ئێمە دەڵێین ڕێگاکە درێژە، یان سەفەرەکە زۆری خایاند، کە ڕێگا زۆر بێت، کاتیش زۆر دەبێت، کات و جوڵەش هەروەها.

بڕوانە (Physics, Book IV, §12, 220b15-220b32).

پێشتر باسمان لەوە کرد، کە بۆ ئەڕستۆ، شوێن جۆرێکە لە حەدد و مەرز، هاوشێوەی دەفرێکە و شتەکان لەخۆیدا هەڵدەگرێت. ئەڕستۆ، ئەم سیفاتەش دەبەخشێت بە کات و، کات وەکو كۆنتێنه‌یه‌ك (container) دەبینێت. (Physics, Book IV, §12, 221a27-29)  ئیدی کە ئەم دێڕانە دەخوێنیتەوە، ئیتر ئەوسه‌رسامی  و سەرسووڕمانییەت تێدا نامێنێت، کە دەبینیت هزری ئەوروپی داهێنەری تێرمی (فەزا-کات)  بێت. ڕه‌گی مەسەلەکە لێرەیە، لای ئەڕستۆ.

هەروەکو چۆن، کات پێوەری جووڵەیە، ئاوهاش پێوەری سکوونە – خامۆشی (rest). بڕوانە (Physics, Book IV, §12, 221b8-221b14).

لە سەرەتای سەکشنی (به‌ش)  ستانزه‌ ١٣دا، ئەڕستۆ، دوو خاسیەت دەبەخشێت بە ئێستا(now):

١. ئێستا وەکو لینک: ڕابوردوو و داهاتوو، وەک دابەشکەری پۆتێنشاڵانە (خۆكرده‌یی – خۆبوویی) .

٢. ئێستا وەکو سنوور و چوارچێوە(limit): وەکو سەرەتای شتێک و کۆتایی شتێکی تر.

دواتر دەڕواتە سەر مەسەلەی ئەزەلیی-بوونی کات و، پێی وایە؛ کات، هیچ کات لەناو ناچێت(not fail)، ئەگەر جو ڵە هەمیشە بوونی هەبێت.

بڕوانه‌ (Physics, Book IV, §13, 222a30-33).

کات و ڕۆح

کۆتا لێکۆڵینەوەی ئەڕستۆ لەسەر مەلەسەی کات، لینکی نێوان کات و ڕۆحە. شایەنی باسە کە ئەڕستۆ کتێبێکی تایبەتی لەسەر ڕۆح (De Anima) هەیە و هیگڵ بەحوکمی ئەوەی دەغدەغەی سەرەکیی ئەویش مەسەلەی ڕۆح بووە، بۆیە لە ئاست ئەو کتێبەدا دەڵێت:

“کتێبی ڕۆحی ئەڕستۆ، باشترین، یان تەنها کارە لەسەر ئەم بابەتە کرابێت.”

بڕوانە (Martin Heidegger, Hegel’s Phenomenology of Spirit Pp)

بۆ ئەڕستۆ مەسەلەی دەرگیربوونی کات و ڕۆح مایەی گرنگیپێدانن، نەک هەر ئەمە، بەڵکو، بۆچی وا بیر دەکرێتەوە کە کات هەمووشتێک بێت، بە قەولی خۆی، لە زەمین و دەریا و ئاسماندا. ئەڕستۆ لێرەدا باس لە “عەرەز”بوونی کات دەکات. کات وەکو عەرەز یان حاڵەت بۆ جووڵە، مەسەلەی کات و جوڵە دەبەستێتەوە بە پۆتێنشاڵیتیی و ئاکچواڵیەتییەوە(223a16-21) وەکو ئەوەی یەکێکیان پۆتێنشاڵی ئاکچواڵیتیی ئەوی تریان بێت.

ئەڕستۆ لە سەکشنی ١٤دا، فراگمێنتی (223a29-33)دا، ڕۆح وەکو  (سوژە – سوبێكت – خود) چاو لێ دەکات. ئەو دەڵێت: ئەگەر کەسێک نەبوایە ژماردنی ئەنجام بدایە(someone to count)، ئەوا نە شتی ژمێردراو(cointed things) بوونی دەبوو و  نە ژمارە(number). لێرەوە دەڕواتە سەر گرنگی ڕۆح بۆ کات و دەڵێت بەبێ بوونی ڕۆح، بوونی کات مەحاڵ دەبوو. ئەمەیان ڕەنگە یەکێک بێت لە جوانترین داهێنانه‌کانی ئەڕستۆ. لەباتی ئەوەی کات میکانیکی بێت، بەڵکو کاتی ئەڕستۆیی، کاتی ڕۆحییە.

لێرەدا، کۆتایی دەهێنم بە لێکۆڵینەوەکانم لەسەر کاتی ئەڕستۆیی و، وتارەکانی دواترم لەسەر سروشتی هیگڵیی دەبێت…

 

Resources

[1] Aristotle, Complete Works, Volume I, Physics, Translated by: R. P. Hardie and R. K. Gaye, Oxford, 1950.

[2] Martin Heidegger, Hegel’s Phenomenology of Spirit, Translated By: Parvis Emad & Kenneth Maly, Pp 143.

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین
ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌.

 

بۆ كۆی  زنجیره‌ گوتاره‌كان ؛ ئه‌رستۆ كات و جوڵه‌ – فه‌رموون

http://cultureproject.org.uk/kurdish/category/فه‌لسه‌فی-philosophy/سندوق/ئه‌رستۆ-كات-و-جوڵه‌/

http://cultureproject.org.uk/kurdish/category/فه‌لسه‌فی-philosophy/سندوق/ئه‌رستۆ-كات-و-جوڵه‌/