په‌یكه‌ری خۆشه‌ویستی - زیره‌ك میره‌ - ٢٠١٨ - له‌سه‌ر شه‌قامی مه‌لیك مه‌حمود

جڤینی ژنکوژیی زیرەک میرە


Loading

د. فازڵ مورادی – زانكۆی هاله‌ – ئه‌ڵمانیا

زیرەک میرە پێکەوە لەگەڵ هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی، ڕۆژی شەممە ١١ی ئابی ٢٠١٨ پەردەیان لەسەر پەیکەری ”خۆشەویستی و کولتور” لە سلێمانی، لابرد. کەناڵە تەلەفزیۆنییە ئاسمانییە کوردییەکان وەک پەیکەرسازێکی دەگمەن و سەرکەوتوو ستایشی زیرەک میرەیان کرد. لە چاوپێکەوتنەکانیدا لە پێش و لە دوای لابردنی پەردە لەسەر پەیکەرەکە، زیرەک میرە وەڵامی جیاوازی سەبارەت بە کاتی تەواوبوونی پڕۆژەکەی ”خۆشەویستی و کولتور” هەبوو. بەگوێرەی وەڵامە جیاوازەکانی، پڕۆژەکە (ساڵێک، ساڵ و نیوێک، یان سێ ساڵی) خایاندووە.

 

 

هەروەها زیرەک دەڵێ کێشی ئیشەکە ”٤.٥” تەنە و بەرزییەکەی ”٩ مەترە”. چەقۆیەکی گەورەی سەربازی لەسەر دەسکەکەی جێگیرکراوە و نوکەکەی ڕووەو پێشەوە نووشتاوەتەوە. فیگورێکی نێر لەسەر پێی چەپی لەسەر نوکی چەقۆکە وەستاوە، فیگورێکی مێی لە ئامێزگرتووە و لە هەوادا ڕایگرتووە. توێکاری چەقۆکە -” هێمای توندتیژی دەکات”- زۆر هەقیقیتر و جیاوازترە لە فیگوری مرۆڤەکان، کە ” هێما خۆشەویستی دەکەن.”  لە ڕاستیدا، باسک و قاچی کراوەی فیگورە مێیەکە، نەک گۆڕانی جێندەر نیشان نادات، بەڵکو تۆمارکردنی سامناکی، پۆلێنکردنی جەستەی مرۆڤ چ وەک نێر یان مێ پێشان دەدا. پتر لەمەش، زێدە-پیاویێتی (hyper-masculinity) دەچێتە چاوی لێڕوانەرەوە. پیاویێتی زۆر بەڕوونی لە پێشەوە و پشتەوەی ”پەیکەری خۆشەویستی” دەردەکەوێت کە لێیەوە تۆمارکارانی سامناکی ڕووبەڕووی لێڕوانەر دەبنەوە. زیرەک بەئاگایی بێت یان نا، وێناکردنی خۆی و حەزی پیاویێتی بۆ مێیەتی لەنێو پێشاندانەکانی خۆشەویستی/توندوتیژی نمایشکردووە.

 

 

لەگەڵ ئەوەشدا، ”خۆشەویستی و کولتور” بە پیتی گەورە لەسەر هەردوو دیوی چەقۆکە بە ئینگلیزی نووسراوە. پاشان وەک واژۆی هونەرمەند لەسەر ئیشەکە ”زیرەک میرە” نووسراوە. وەک لێڕوانەری چەند وێنەیەکی ئۆنلاینی ئیشەکە و چەند چاوپێکەوتنێکی زیرەک، لە خۆمم پرسی، ئەم پێکەوەیییەی چەقۆ و زێدە-پیاویێتی چ شتێکمان لەبارەی سیاسەتی هونەر و جێندەر لە کوردستان پێدەڵێت؟ بۆچی زیرەک ”یەک تا سێ ساڵ” بە بەرهەمهێنانی ئەو چەشنە چەقۆیە زۆر ڕاستەقنە و ڕیالیستیکییەوە خەریک دەبێت، کە لەو فیگورە نێرە گەورەترە لەسەر نووکەکەی جێگیرکراوە؟ جگەلە پێگەی فیگورە نێرەکە، داخۆ چەقۆ خۆی نیشانەی پیاویێتی نییە؟ داخۆ پەیکەرێکی بەم چەشنە چ واتایەک دەگەیەنێت و بۆچی دەبێ بۆ بینین جێگەی سەرنجی کوردەکان بێت کە زۆرینەیان ئینگلیزی نازانن؟ داخۆ کێش و بەرزی پەیکەری ”خۆشەویستی و کولتور” نیشانەی خۆبەزلزانی-مەگلەمەنیا (megalomania) نییە؟ وشەکانی ”خۆشەویستی و کولتور” لەسەر ئەم چەشنە چەقۆیە چ واتایەک دەگەیەنن؟ بۆچی زیرەک میرە زمانی ئینگلیزی نەک کوردی هەڵبژاردووە؟ ئایا ئەمە واتای ئەوە دەگەیەنێت تەنیا ئاخێوەری ئینگلیز کولتورمەندن و باڵاترن، بۆیە لێڕوانەرێکی ڕاستەقینەن؟ داخۆ هیچ شتێکی هونەری یان ئێستێتیکی لەبارەی ”پڕۆژەی خۆشەویستی و کولتور” هەیە؟ داخۆ دیارهێنانی توندوتیژی پەتی نییە؟ لە کۆتاییدا، گەرەک نییە پەردەلادان لەسەر ئەو چەشنە پەیکەرانە وەک ”ئیشی هونەری” لە شارێکی وەک سلێمانی، مێژووناسانی هونەر، ڕەخنەگرانی کولتوری و بەتایبەتی فێمێنیستەکان لە کوردستان هان بدات بەوردی و ڕەخنەییانە سەیریان بکەن؟

 

 

لە کوردستان شتێکی باوە کە لە نوخبەی کوردی گوێت لێ دەبێت؛ نووسین یان ئاخاوتن بە ئینگلیزی دەتکات بە ئینتەرناسیۆنال (نێودەوڵەتی). ئەوان زمانی کوردی (سۆرانی یان کرمانجی) لە بنەڕەتەوە وەک نزمتر لە ئینگلیزی دەبینن. هەرچەندە ئەوان لە کوردستان دەژین، هۆشیان لە شوێنێکی دیکە نیشتەجێیە، کە ئەمەش ئەوان بێگانە و نامۆ دەکات بە هەر شتێک کە وەک کوردی دایدەنێن. لەبەرئەوە، ئەوان هیچ حەزێکیان بۆ مێژووی زمانی کوردی یان مێژووی هونەر یان کولتووری ئەو شوێنە نییە کە تێیدا لەدایکبوون. ئەم دیارهێنانەی هۆشی داگیرکراو، ئەگەر ئەم زاراوەیە لە ڕۆماننووس (Ngũgĩ wa Thiong’o) بخوازم، شتێکی دیکە پێشان دەدات کە ڕوودەدات کاتێک ئێمە لە بەردەم پەیکەرەکەدا وەستاوین.

دەپرسم داخۆ پەیکەرەکە هەوڵێکە بۆ نیشاندانی ڕەگەزی-بەرانبەر-خوازی (heterosexuality ) وەک مەرجی ”خۆشەویستی و کولتور”؟ خۆشەویستی و کولتور واتا پنتی پەیوەندی تەنیا لە نێوان ”پیاو” و ”ژن”دا، ئایا هەموو جۆرەکانی دیکەی پەیوەندییەکانی مرۆڤ گەرەکە وەک حەزێکی نامرۆڤانە پۆلێن بکرێن؟

 

زیره‌ك میره‌ و په‌یكه‌ری خۆشه‌ویستی

پێشاندانی پێگەی جیاوازی بنەڕەتی کە بۆ فیگوری مرۆڤەکان دیاریکراوە، بەبێ توێکاری، من بەڕوونی دەبینم کە چۆن ژنکوژی لەژێر پرسیاردایە. لە کاتێکدا فیگورە نێرەکە لەسەر پێی چەپی وەستاوە، لێرەبوونی فیگورە مێیەکە بەتەواوی پابەندە بە باسکی ئەوەوە کە وەکو مار لە قەدی ئاڵاوە. ئەگەر فیگورە نێرەکە لابەریت، ئەوا هەردووکیان دەمرن، بەڵام ئەگەر فیگورە نێرەکە قۆڵی لەدەست بدات، مێیەکە دەکەوێت و مەرگێکی زۆر خراپ دەمرێت. کەواتە دەتوانین بپرسین؛ داخۆ ئەمە ڕێزگرتنە لە مرۆڤبوونی ژن، زۆر قووڵتر لەوەی وەک پەیکەر لەژێر ناوی ”خۆشەویستی و کولتور” پیشان بدرێت، کە ئەمە شۆکە بۆ وێناکردنی مرۆڤ و مێژووی هونەر و ئێستێتیک یان پەیکەرسازی لەو شوێنەی ئەمڕۆ پێی دەگۆترێ عێراق یان کوردستان. هەروەها بە هەمان شێوە، شۆکەکە بریتییە لە تێگەیشتنی یەکسانی جێندەری کە ژیانی فیگورە مێیەکە بەتەواوی لەسەر قۆڵەکانی نێرەکە بەندە.

زیرەک بۆ خۆی ئاسانی کردووە، پێچانەوەی پەیکەرەکە بە چیرۆکێکی سادە بەڵام بنەڕەتخواز و شەرمەزاریی: کوردەکان ”خەڵکانێکن بێکولتورن و ناتوانن خۆشەویستی بکەن” لەبەرئەوە ئەو وەها بیر دەکاتەوە کە ئەوەی پێویستە خەڵکی کورد فێری بێت: ”چەقۆ جیهانەکان دەبڕێت و دابەشیان دەکات، بەڵام خۆشەویستی بە یەکدییانەوە دەبەستێتەوە”. هەروەها لە چاوپێکەوتنەکانیدا، ئەوەش دووبارە دەکاتەوە: ”هەر کۆمەڵگەیەک لەسەر بناغەی خۆشەویستی چێکرا، ئەوا کۆمەڵگەیەکی تەندروستە؛ هەر کۆمەڵگەیەکیش لەسەر بناغەی توندوتیژی بونیادنرا ئەوا ناتەندروستە”. ئەم وشانە گەرەکە لەگەڵ پەیکەرەکە تێکەڵ نەکرێن. ئاخر وشەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە چۆن زیرەک میرە فێربووە مێژوو فەرامۆش بکات، جیاوازی لە نێوان کولتور و ”نا-کولتور”، خۆشەویستی و ”نا-خۆشەویستی” بکات، ئەوجا زانیارییە سەرەتاییەکانی و کاردانەوە دووانییەکەی بەرانبەر جیهانی هاتنە ژیانیەوە پێشان بدات.

ڕووخانی تەواوی دەوڵەتی عێراقی بەعسی بەڕوونی لەنێو کولتورێکی سیاسی جیاواز یان خۆشەویستیدا کۆتایی نەهات، بەڵکو بە سەردەمی ترس و تۆقاندن. توندوتیژیی سیاسی لە شێوەدان بە دامەزراندنی ئەوەی ئێستا پێی دەگۆترێ ”حکومەتی عێڕاقی فیدڕاڵ” یان ”حکومەتی هەرێمی کوردستان” بەردەوامە. عێڕاق بەوەدا تێپەڕی کە بەگشتی پێی دەگۆترێ چەند-جا-کردنی-سەردەمی-سەدام. پارتە سیاسییەکانی کوردستان موڵکی پیاوانن، ئەوان وەک دەسەڵاتی سەربازی گەشەیان کردووە نەک بۆ بەرگریکردن لە سنووری هەرێمی کوردستان بەڵکو بۆ سەرکوتکردنی هاووڵاتیانی سیڤیلی کورد. مەحاڵە ئەمە نکۆڵی لێ بکرێت کاتێک یەکێک دەبینێت ئەو ڕێگایانەی تێیدا ئەو پارتانە دەیگرنەبەر بۆ کۆنتڕۆڵکردن، ستایشکردنی پێشمەرگە لەبری پەروەردەی ئێستێتیکی، فەلسەفە، مێژوو، زانست، موزیک، ئەدەب، شوێنەوارناسی، تەلارسازی؛ دروستکردن و ناساندنی ”هونەرمەندان”ی خۆیان لەبری ڕێزگرتن لە هونەر و هونەرمەندان، کوشتنی خۆپێشاندەران لەبری ڕێزگرتن لە شکۆمەندی مرۆڤبوونیان و تواناکانیان، هەروەها گواستنەوەی سامانی کوردستان بۆ بەشەکانی دیکەی جیهان. ئەوە پارتە سیاسییەکان و پەیوەندییە سیاسییەکانن بڕیار دەدەن ”ئیشی هونەری”ی گشتی چییە، پێویستە لە کوێ دابنرێ و پەردەی لەسەر لابدرێت. پارتە سیاسییەکان لەسەر یادەوەری کاتەکی و توندتیژی دەژین کە بەعسی بۆ ماوەی پتر لە ٣٠ ساڵ بەزیندوویی هێشتەوە.

 

ئێمە وەک دەزانین توندوتیژییەکی گەورەتر (بەڕێی داگیرکاری ئەمریکا-بەریتانیاوە) وەهای کرد پارتیی بەعس و شێوازی لێرەبوونەکەی دیارنەمێنێت. هەروەها وەک ئێمە دەزانین ئەمریکا، بەریتانیا، ئێران و تورکیا، پارتە کوردییەکان و کورد تا ئەو کاتە قبووڵ دەکەن کە وەک ژێردەستە بمێننەوە و وەک شەڕکەری باش بەرگری لە ئۆپەراسیۆنە داگیرکارییەکانی ئەوان لە گشت عێراقدا بکەن. بۆیە هیچ ڕاهەژێن نییە کە پارتە کوردییەکان بەبێ هیچ ڕوانگەیەک بۆ داهاتوو دەژین، یان دیمەنی هونەر زۆر دەمێکە لەلایەن سیاسەت و پیاوانەوە داگیرکراوە. پارتەکان بەشێوەیەکی ترسناک زۆر چەکدارن و ئازادییان بە خۆیان داوە بۆ توندوتیژی نواندن و ستەمکردن لە خەڵکی سیڤیل. ئەوان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە خەڵکیان لە توندوتیژی جینۆسایدی بەعسییەکان ڕزگار کردووە. کاتێک خەڵکی سیڤیل بۆ مافە سەرەتاییەکانیان وەک پرۆتێست دەنگهەڵدەبرن، پارتە کوردییەکان بەخێرایی ستەمکاری زیاد دەکەن. وەک دەتوانرێ بەڕوونی ببینرێ، هەروەها پارتەکان دژی هەر خەباتێکن کە بەدوای یەکسانی سیاسی و ئابووری بۆ ژنان بگەڕێت، ئەوان سەرکەوتوون لە شێوەدان بە کۆمەڵگەیەک کە لەسەر بنەمای توندوتیژیی سیاسی، بەهێزی و دەسەڵاتی پیاوان بونیادنراوە.

 

 

زیرەک میرە، بەگوێرەی وشەکانی نەک پەیکەرەکەی، وەها خۆی نیشان دەدات کە ئەو خۆی دژی ژیانی سیاسی، جڤاکی، ئایینی و کولتوریی هەنووکەیە. ئەو بۆ هیوا جەمال دووبارەی دەکردەوە کە ”کۆمەڵگەکەمان ژنکوژە”، بۆ ئەو کردارەکانی ژنکوژی هێشتاش دەشێ ببن بە جێگەی نیگەرانی. ئەو مەسیحای کوردە و بە چارەسەرێکی تەواوەوە گەیشتووە کە ”خۆشەویستی و کولتور” بۆ چاوی خەڵکی کورد ئاوەڵا دەکات. لە ڕاستیدا، ژنکوژی لە هەموو کۆمەڵگە و کولتورێکدا دەردەکەوێت، بۆیە دەبێت لە هەموو شوێنێکدا دژایەتی بکرێت، لە خودی پەیکەرەکەی زیرەک میرەشدا. یەکێک دەبێت نکۆڵیکار بێت، ئەگەر وەها بیر بکاتەوە کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئێستای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، باوەڕی بە یەکسانی جێندەری هەیە، یان هۆنەر و براوەی نۆبڵ ت.س. ئیلیۆت فێمێنیست بووە، یان جۆزێف فریتزل (Josef Fritzl) هاووڵاتی ئوستریا (نەمسا!) زیندانی نەکراوە لەبەر ئەوەی بۆ ماوەی چەند دەیەیەک هێرشی سێکسی کردۆتە سەر کچەکەی. لیستەکە درێژە.

 

په‌یكه‌ری خۆشه‌ویستی – زیره‌ك میره‌ – ٢٠١٨ – له‌سه‌ر شه‌قامی مه‌لیك مه‌حمود

ئەو چەوتەوێنا زلەی پەیکەرەکەی زیرەک و جەختکردنەوە لەسەر پیاویێتی؛ وێناکردن و خەیاڵی ئەو دەخاتە ڕوو و پەیوەندی بینینەکی ئەو بە جیهانی نیشتەجێبوونیەوە دەباتەوە. بەڵام لێگەڕێ با پیاوەکە لەسەر شەپۆلی چەقۆیەکی گەورە بوەستێ، و هەمووی لەنێو ڕووخاندا بێت. بە هەر شێوەیەک بێت، ڕووخانەکە بەسەر ژنەکەدا دەکەوێت.

 

پەیکەرەکە و تەنانەت ئەوەش کە پێی دەگۆترێ ”خواوەندی سەرکەوتنی ژنان” کە لە شاری سلێمانی تایبەت بە ژنە شەڕڤانانی ڕۆژاڤا دروستکرا، بێئاگایی تەواو لە توێکاری مرۆڤ و ژیانی سیاسی و جڤاکی دەردەخات، هەروەها لە ڕووی وێناکردنی هونەری و ئێستێتیکییەوە هەژارە. پەیکەری [خۆشەویستی و کولتور] بە هیچ شێوەیەک پەسەندکردنی هونەر نییە، یان حەزی یادەوەری جێندەری یان وەڵامێکی وردی کردارەکانی ژنکوژی لە هەرێمی کوردستان یان عێراق نییە. پەیکەرەکە لە لایەکەوە نیشانەکانی سیاسەتی هونەر و جێندەر، لە لایەکی دیکەوە دەسەڵاتی پیاوان دیار دەخات. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەوە ڕوونە لە بەشێکی جیهاندا: میزۆپۆتامیا، شوێنێکە کولتوور و خۆشەویستی مێژوویەکی هاوبەشیان هەیە و شوێنێکە هونەر و ئێستێتیک تێیدا گەشەیان کردووە. زیرەک بە پەیکەرێکی-زلی-ژنکوژییەوە دەردەکەوێت کە هیچ پەیوەندییەکی بە کولتور یان خۆشەویستییەوە نییە، بۆیە هەر شتێکی دیکەیە جگەلە ئیشێکی هونەری.

 

سه‌رچاوه‌:

Fazil Moradi, Zirak Mira’s Feminicidal Assembly, Culture Project 22 Aug, 2018

 

Culture Magazine 4 – Dec.2018
تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین
ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌.