دادگاییکردن - دانا ڕەئوف
دادگاییکردن - دانا ڕەئوف

له‌‌ ئازاری ڕاستەقینەوە بۆ بۆشایی هونەر


Loading

له‌‌ ئازاری ڕاستەقینەوە بۆ بۆشایی هونەر

دادگایییه‌ک بۆ مەینەتییەکانی کورد وه‌ک نه‌ته‌وه‌

ئه‌ژین فه‌همی

ئەژین فەهمی
ئەژین فەهمی

خوێندنەوەی دەقی شانۆیی (دادگاییكردن)ی دانا ڕەئووف، سەبارەت بە تاوانی “ئەنفال” بۆ من جیاواز بوو له‌هه‌ر ده‌قێكی تری نووسه‌ر. له‌گەڵ هه‌ڵدانه‌وه‌ی هه‌ر لاپه‌ڕه‌یه‌كیدا هێدی هێدی ده‌چوومه‌ قووڵایی ئه‌و ئازاره‌ی، کە ڕەگ و ڕیشەی له‌ ناخی‌ جینۆساید و ئەنفالی گەلی کورد داكوتیوه‌. ده‌كرێ بڵێین: هیچ کوردێک لەم ئازارە بێبەش نییە، چونکە برینێکە هێشتا سارێژ نەبووە، لایشم وانییه‌ سارێژ ببێت، ئێمه‌ وه‌ك تاكێكی كورد، هه‌م وه‌ك خوێنه‌ر هه‌م وه‌ك نووسه‌ر پێویستە ئاوڕ لەم تێكسته‌ وەک بەرهەمێکی گرنگ بدەینەوە، چونكه‌ ئه‌م ده‌قه‌‌، بەشێوەیەکی قووڵ و هەروەها ڕاستەوخۆیش باس له‌ تاوانێکی گەورە و قوربانیدانی گه‌لی کورد ده‌كات.

من وەک خوێنەرێکی بەردەوامی دەقی شانۆیی، ئه‌م فۆرم و شێوازە نووسینە گرنگ بوو به‌ لامه‌وه‌، له‌ ڕاستیدا لێره‌و له‌وێ كار له‌سه‌ر ڕووداو و تراژیدیاکانمان كراوه‌، باسی خه‌م و ئازار و كێشه‌كان كراوه‌، به‌ڵام كاركردن له‌ كه‌یسی ئه‌نفال لەم فۆرمەدا و به‌م ڕوونییه‌وه‌ زۆر جێی سه‌رنج بوو به‌لامه‌وه‌، هاوکات چەندین پرسیاری لەلا وروژاندم.

بە تێگەیشتنی من، جیاوازی سەرەکی ئەم شانۆنامەیە لەگەڵ زۆربەی دەقە شانۆییەکانی تری دانا ڕەئووف، ئەوەیە کە ئەو لە زۆرینەی دەقە شانۆییەکاندا ئاوڕ لە دۆخی سایکۆلۆژیی کارەکتەرەکان دەداتەوە و کار لەسەر بنەما دەروونییەکان دەکات، بەڵام لێرەدا هه‌وڵی داوه‌ به‌شێوازێكی دۆكیومێنتاری (به‌ڵگه‌یی) لە فۆرمێكی جیاوازدا كار بكات، ته‌نانه‌ت كاره‌كته‌ره‌کان، ئێمەی خوێنه‌ریش ڕادەکێشنە ناو ئەو دادگاییەوە و به‌شداریمان پێده‌كه‌ن له‌گه‌ڵ خۆیان.

(دادگاییکردن) لە ده‌ سروود دا باسی تاوانی ئەنفال و جینۆساید و بەندیخانەی نوگرەسەلمان و کیمیاباران و هەموو ئەو تاوانانە دەکات، کە ڕژێمی سەدام لە هەشتاکاندا بەرانبەر بە گەلی کورد کردوونی. كه‌یسی ئه‌نفال تەنیا ڕووداوێکی خەمناک و تاوانێکی قێزەوەن نییە لە ڕابردوودا ڕوویدابێت، بەڵکوو ئێستایشی پێوه‌ گرێدراوه‌ و بێگومان بەشێکیش دەبێت لە ئایندەمان، کە نەوە لە دوای نەوە بزانن ڕژێمی بەعس چی دەرحەق بە ئێمە کردووە؛ وه‌ك نیتچه ده‌ڵێت: “كات بازنه‌ییه‌، ڕابردوو و ئێستا و داهاتوو وه‌ك بازنه‌یه‌كه‌“، له‌ دادگاییكردنیشدا هه‌ر وایه‌.

هەریەک لەو کارەکتەرانەی لەم شانۆنامەیە دا بەشدارن، کە لە قوربانییانی ئەنفالن و لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستانەوە کراونەتە قوربانی، بە شێوەزاری خۆیان قسە دەکەن و بەم شێوەیە زوو دەناسرێنەوە، هاوکات ئاستی گەورەیی تاوانەکەیشمان بۆ دەردەخات، کە دژمن دەستی لە هیچ شوێنێکی کوردستان نه‌پاراستووە.

نووسەر ئاگایانە ئیشی لەنێو دەقەکە کردووە و وەک تەکنیک و پێویستی، گرنگی بە خاڵبەندی نەداوە، ئامانج لەم کارە، نیشاندانی سەرلێشێوان و لێکتێچوونی زمان و گۆڕانی وشەی کارەکتەرەکانە. ئەم تەکنیکەم لای نووسەرانی جیهانی دیوە، بۆ نموونە یۆن فۆسە، نەبوونی زمانی دروست و ڕێزمانی، سێمبولی سەرلێشێوان و ئاژاوەی ناوەکی کارەکتەرەکانە، کە نووسەر بە ورییاییەوە کاری لەسەر کردووە.

لە لایەکی دیکەوە وەک تەکنیکێکی شانۆیی، هەر ده‌ سرووده‌که‌ دیمەنی خۆیان هەیە، چیرۆکی خۆیان دەگێڕنه‌وه و نیشانمان دەدەن پرۆسەی ئەنفال چۆن بووە، بەو هەموو نەهامەتییەوە کە (شایەتحاڵ، دادوەر، منداڵ، ژن، پیاو، پارێزەری داکۆکیکار و پارێزەری تاوانباران)ی تێدان. لەگەڵ ئەوەیشدا، هەموو ده‌ سرووده‌کان پێوەندییان بە یەکەوە هەیە و لێک دانابڕێن، بەڵکوو وەک به‌شێكی یەکخراو، لە هاوکێشە و سیستەمێکی دیاریکراودا کار دەکەن و بەشێوەیەک لە شێوەکان یەکتری تەواو دەکەن، بێگومان ئه‌مه‌‌یش وه‌ك ته‌كنیكی شانۆ و تێكه‌ڵكێش له‌و بارودۆخه‌ ده‌روونی و ته‌نگه‌ژه‌یه‌ی كه‌ دروست بووه‌ زۆر باوه‌ڕپێكراوه‌. لەپاڵ ئەم کارەدا، نووسەر خۆی پاراستووە لە هەندێک وردەکاری تەکنیکی، بۆ نموونە ڕووناکی و تاریکی و مۆسیقا و هۆکاری دیکە، لەو کارەدا فۆڕمی شانۆی بەڵگەنامەیی دەسەپێت.

ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ مێژووی شانۆی جیهانی، له‌وێش نووسه‌ران له‌نێو ده‌قدا كاریان له‌سه‌ر دادگاییكردن وەک چەمک، وەک شوێن، وەک ڕووبەرووبوونەوەی ڕاستییەکان، وەک یەکاڵاکردنەوەی تاوانەکان کردووە، نموونەکان زۆرن، برێشت و پیتەر ڤایس دوو نموونەن. ڕەوتی شانۆی دۆکیومێنتاری زیاتر لە سەرەتای شەستەکاندا پەرەی سەندووە و کار لەسەر مێژوو و بەڵگەنامە و دۆکیومێنت و ڕووداوی ڕاستەقینە دەکات، کە لای ئێمە زۆر ناسراو نییە و کاری لەسەر نەکراوە.

“دادگاییکردن” گێڕانه‌وه‌ی چیرۆكێكی بە ئازارە و مێژوویەکمان بۆ دەخاتە ڕوو، کە هێندە دوور نییە، ئەم چیرۆکانە چیرۆکی ئێمەن، چارەنووس و بوونمان له‌ژێر هەڕەشەیەکی گەورەی بەردەوامدا بۆ دەخاتە ڕوو، کە هیچ گەرەنتییەک نییە تاوانی ئاوا دووبارە بەرانبەر ئێمە ڕوونەداتەوە.

له‌ كۆتایی ئەم دادگاییکردنەدا، خولی بازنەکە کۆتایی دێت، چۆن لە سروودی یەکەمدا لە نوگرەسەلمانەوە دەست پێ دەکات، لە کۆتایشدا هەر لەوێ کۆتایی دێت؛ لە دوا سرووددا، له‌ سروودی نوگره‌سه‌لماندا كاره‌كته‌ره‌كان هه‌ر یه‌كه‌یان قاپێكی له‌ دار دروستكراویان به‌ده‌سته‌وه‌ گرتووه‌ و پڕه‌ له‌ خۆڵ، له‌وانه‌یه‌ ئه‌مە ئاماژە بێت وەک كۆتاییه‌كی كراوه‌ له‌باره‌ی كه‌یسی ئه‌نفاله‌وه‌، ئه‌م وێنه‌یه‌ نیشانده‌ری ئه‌وه‌یه‌ زینده‌به‌چاڵكردن و ئه‌نفال گه‌رچی خوێنه‌ر نه‌یشی دیتبێت، به‌ڵام وێنه‌‌كه‌ی هه‌میشه‌ زیندووە و له‌ زەینی هه‌ر كوردێکدا دەمێنێتەوە.

سروودی کۆتایی

نوگرەسەلمان

شایەتحاڵەکان یەکی قاپێکی لەدار دروستکراوی کوردەوارییان بە دەستەوەیە، قاپەکان خۆڵیان تێدایە، لەگەڵ گوتنی ئەم دوا سروودەدا، بە مست خۆڵەکە بڵاو دەکەنەوە.

شایەتحاڵەکان

ئێمە زۆر گەنج بووین

لە ژیانماندا

مردوومان نەدیبوو

لێرە لەبەرچاوی خۆمانەوە

ژن و پیاوی پیر

منداڵەکان

هەموویان

وەک گەڵای

دار وەرین

دەمردن و لەناودەبران

ئەوەی بە کێبڵەکەی

دەستیعجاج

یان پاسەوان و ئەفسەرەکان

دەمردن

خوێن لە هەموو

جەستەیانەوە دەهات

ئەوانەیشی برسی

دەکران

هێندە بێ هێز دەبوون

لە جێگای خۆیاندا

دەمردن

نەخۆشی زۆر بوو

هەندێک جەستەی

هەمووی

برین بوو

هەموو ئەوانە

بە نەخۆشی

لە برسا

لە تینوێتیدا

مردن

جەستەیان

لەناو لمی

بیانانەکەدا

دەشاردرانەوە

هەموو ئەوانەی

خۆشمان دەویستن

لە دەستماندان

تەنیا

ماوینەتەوە

ئێستایش

ئێمە ناتوانین

شایەتحاڵ بین

لەنێو بیرچوونەوەدا

دەژین

شایەتحاڵە ڕاستەقینەکان

لێرە نین

نەماون

مردوون

لاشەکانیان

بووە بە خۆراکی سەگە

برسییەکان

گوێمان لە دەنگی

عجاجە

هاوار دەکات

کێبڵەکەی دەستی

ڕادەوەشێنێت

هەڕەشە

دەکات

سه‌رچاوه‌:

ده‌قیشانۆییدادگاییكردن،داناڕه‌ئووف،له‌بڵاوكراوه‌كانیده‌زگایسه‌رده‌م٢٠٢٦

ڕێنوس و خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌ نوسه‌ر خۆی.