گوستاف كلیمت - ماچ ١٩٠٩ The Kiss by Gustav Klimt, 1909

لەبارەی خۆشەویستی


Loading

خۆشەویستی و هیوا

 

خۆشەویستی هیوا بەخشە، هیوای ئایندەیەکی جوانتر و باشتر، هیوای بەیەک گەیشتن و لەتەک یەکدی بوون، هیوای چێکردنی ژیانێکی شایستە و هاوژین بوون … هتاد. خۆشەویستی وەهامان لێ دەکات بە هیوا و ئومێدەوە لە ژیان بڕوانین، ڕاڤەیەکی ئەرێنییانەمان بۆ ژیان هەبێت. خۆشەویستی هیوامان لەلا چێ دەکات و متمانەمان بۆ سەرکەوتن بەهێزتر دەکات، ئاخر مرۆڤ لەنێو خۆشەویستیدا بەو باوەڕە دەگات، کە ئەو هەرگیز بۆ ئەوە لێرەبوونی نییە تاکو ببەزێ! مرۆڤ دەشێ تێکبشکێنرێ، بەڵام هەرگیز نابەزێنرێ.
بۆیە لە هەر شوێنێک خۆشەویستی هەبێت، هەر لەوێشدا هیوا هەیە. کەواتە لەنێو خۆشەویستییەوە هیوا و ئومێد سەرهەڵدەدەن، بەڵام لەنێو ڕک و کینەدا بێهیوایی و نائومێدبوون دێنەگۆڕێ و ئەم دووانەش جارێکی دی ڕک و کینە بەرهەمدەهێننەوە. لە کوێدا هیوا نەما، ئەوا لەوێدا ژیان بە ناشرینی و دزێوی سەیر دەکرێت. دەشێ ئەو سەیرکردنەش ڕک و کینە و توندوتیژی بەرانبەر بە ژیان و جوانییەکان بەرهەمبهێنێ.

 

گوستاف كلیمت – ماچ ١٩٠٩ The Kiss by Gustav Klimt, 1909
خۆشەویستی و ئازادی

 

خۆشەویستی بێسنوورە، کە هات گشت سنوورەکان هەڵدەگرێ، ئاخر پابەند نابێ بە هیچ سنوور، کۆت و بەندێک نە کۆمەڵایەتی، نە سیاسی، نە ئاینی، نە کولتووری. بۆیە خۆشەویستی دیسپلین و کۆنتڕۆڵ ناکرێت، ناتوانرێ بخرێتە نێو چێوەیەکی دیاریکراوەوە، تەنانەت چێوەی کات و شوێنەوە. ناتوانرێ کاتێک بۆ خۆشەویستی دیاری بکرێ و بگۆترێ: ئەمە کاتی خۆشەویستییە، چونکە خۆشەویستی لە هەموو کاتێکدا هەیە. بۆیە خۆشەویستی درەنگ و زووی نییە، هەروەها پابەندی تەمەنیش نییە. هەرکاتێک مرۆڤ ئەویدی خۆی دۆزییەوە، لەو ساتەوە ئیدی خۆشەویستی دەستپێ دەکات. هەروەها خۆشەویستی پەیوەست نییە بە شوێنیشەوە، ناشێ شوێنێک تایبەت بێ بە خۆشەویستی و شوێنێکی دیکە بۆ خۆشەویستی نەشیاو بێت. خۆشەویستی لە هەموو شوێنێک سەرهەڵ دەدا و دێتەگۆڕێ.
خۆشەویستی هێزێکی هەڵوەشێنەری ئازادیهێنەرە، ئاخر دەتوانێ گشت سنوورەکان، تابووەکان، و یاساغەکان هەڵبوەشێنێتەوە. بەڵام هاوکات خۆشەویستی هێزێکی بونیادنەرەوەیە، دەتوانێ جارێکی دی سەرلەنوێ ژیان بونیادبنێتەوە، خۆشەویستی دەکارێ ژیانی ئەو یەکە کە ئەزموونی دەکات ژێرەوژوور بکات و سەرلەنوێ بە شێوازێکی دیکە بناغەی بڕێژێتەوە. کەواتە خۆشەویستی پنتی دەرچوونە ڕووەو چێکردنی ئایندەی خۆمان، ئاخر بەڕێی خۆشەویستی ئەودییەوە ئێمە دەگەڕێینەوە بۆ خودی خۆمان، خودە کۆنەکەمان هەڵدەوەشێنینەوە و سەرلەنوێ جارێکی دیکە لەتەک ئەویدیدا خۆمان دەئافرێنینەوە.
خۆشەویستی دەتوانێ ئازادمان بکات لەو کۆت و بەندانەی کە بۆمان دانراون، هەروەها ئەو شتانەی لێمان سەندراوەتەوە، لێمان یاساغکراوە جارێکی دیکە بۆمان بگەڕێنێتەوە. ئاخر ئەوە خۆشەویستییە جوانییەکانمان پێدەداتەوە، بۆیە خۆشەویستی هێزێکی بەخشندەیە. ئەمەیە سروشتی خۆشەویستی، ئەمەیە ڕازی ترسان لە خۆشەویستی، بۆیە ئەوانەی کە ئێمەیان بەڕێی ئاین، نەریتی کۆمەڵایەتی، سیاسی، و کولتووری سنووربەند کردووە، کۆنتڕۆڵکردووە، لە هێز و توانستی خۆشەویستی دەترسن. بەتایبەتی لە کۆمەڵگە و کولتوورە داخراوەکاندا لە خۆشەویستی دەترسن، چونکە خۆشەویستی داواکاری بۆ ئازادی بەرزدەکاتەوە. لە کولتوور و کۆمەڵگە داخراوەکانی وەک کورد، خۆشەویستی دەبێ بە نهێنی بکرێ، بەڵام توندوتیژی بە ئاشکرا؛ ماچ بە دزییەوە دەکرێ بەڵام کوشتن بە ئاشکرا! ئاخر خۆشەویستی داواکاری بۆ ژیاندۆستی نەک مەرگدۆستی بەرزدەکاتەوە، بۆیە لەتەک بێرتراند ڕەسڵدا دەشێ بێژین ترس لە خۆشەویستی، ترسە لە ژیان. بەڵام ئەوانەی لە ژیان دەترسن، بەرلەوەی بمرن، سێ چارەگی ژیانیان مەرگ بووە.

 

خۆشەویستی وەک ئاتاج
 خۆشەویستی زەروورە، پێویستی و ئاتاجە بۆ مرۆڤ، چونکە مرۆڤ بوونەوەرێکە ناتوانێ لە تەنیاییدا بژی، بۆیە هەر لە سەرەتاوە بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی هەوڵی کۆمەڵبوون، کۆبوونەوە و پێکەوەگەری لەگەڵ هاومرۆڤانی دیکەدا داوە، بەم ڕێیەوە بووە بە بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتی. ڕەنگە مرۆڤ بتوانێ لە تەنیاییدا زۆربەی پێداویستییەکانی پەیدا بکات، بەتایبەتی پێداویستییە ماتریاڵییەکان، بەڵام ناتوانێ ئاتاجە ناماتریاڵییەکانی وەک: خۆشەویستی، سۆز و هەستە ناخەکییەکانی دابین بکات. بۆیە ئەمەیە ڕاز و نهێنی پێکەوە ژیانی مرۆڤان.
مرۆڤ ناتوانێ بەبێ خۆشەویستی بژی، چونکە پێویستی بە خۆشەویستییە، لەبەرئەوەی لەنێو خۆشەویستیدا هەست بە ئارامی، ئاسایش، ناخسەنگینی و شادومانی دەکات، بەپێچەوانەوە لە دۆخی تەنیاییدا مرۆڤ لە شتەکانی نێو سروشت و ئەودیوی سروشتیش دەترسێ، بۆیە هەست بە ناجێگیری، نائارامی ناخەکی، نائاسایش و مەترسی دەکات، لەبەرئەوە خۆی لە دۆخێکی سامناکدا دەبینێتەوە.
خۆشەویستی بزوێنەری ژیانە و هێزێکی ئافرێنەرە، مرۆڤان لە یەکدی نزیک دەکاتەوە و ئاوێتەیان دەکات، شتەکان و توخمەکان پێکدەهێنێ، شتی تازە دەئافرێنێ. بەپێچەوانەوە، ڕک و کینە هێزێکی هەڵوەشێنەرە، مرۆڤان لە یەکدی دووردەخاتەوە، شتەکان و توخمە ئاوێتەکان لە یەکدی جودا دەکاتەوە.

 

خۆشەویستی، لێبوردەیی و ناتوندوتیژی
خۆشەویستی مرۆڤ دەکات بە بوونەوەرێکی لێبوردە و خاوەن تۆلێرانس، ئاخر مرۆڤ لە هەموو شتێکی ئەو کەسە یان ئەو شتە دەبوورێ کە خۆشی دەوێ بە جوداوازییەکانی و تەنانەت هەڵەکانیشیەوە. واتا ئەویدی وەک خۆی کە هەیە قبووڵ دەکات. هەر خودی خۆشەویستی بۆ خۆی لێبوردەیی و تۆلێرانسە، چونکە کاتێک تۆ کەسێک یان شتێکت خۆشدەوێ ئەوا واتا تۆ لێبوردەیی و تۆلێرانست بەرانبەری هەیە. ئاخر تۆ ڕێز لە بوونی ئەو دەگری و بە پێشمەرجێکی ئۆنتۆلۆگی بۆ لێرەبوونی خۆتی دادەنێیت. واتا تۆ بەبێ ئەویدی دەرک بە نوقسانی خۆت دەکەی و بەدوای لەتەکەی دیکەی خۆتدا دەگەڕێی و هەست دەکەی بەشەکەی دیکەی خۆتت لەودا دۆزیوەتەوە.
مرۆڤ دوو لەتە، بۆیە هەمیشە ئەڤداڵ و وێڵە بەدووی ئەو لەتەی دیکەی خۆیدا. مرۆڤ لە خۆشەویستیدا، لەتەکەی دیکەی خۆی دەدۆزێتەوە، لێرەوە ڕووەو کامیلێتی خۆی ڕەوتدەبەستێ. مرۆڤ لە دەرککردنی نوقسانی خۆیەوە، دەرک بە زەروورەی لێرەبوونی ئەویدی دەکات. لەمەوە هەوڵدان بۆ گەیشتن بە ئەویدی و خەبتین بۆ کامیلێتی لەتەک ئەویدیدا سەرهەڵدەدات. بۆیە خۆشەویستی گەشتی خۆ_ئەفراندنە، چونکە تۆ لەتەک ئەویدیدا خۆت دەدۆزییەوە و خۆت دەئافرێنی.
بۆیە بەڕێی ئەو لێبوردەییەوە، خۆشەویستی دەبێتە هۆی هێنانەگۆڕێی کەشێکی ئارام و ژینگەیەکی لەبار بۆ پێکەوە ژیانێکی ئاشتییانە و دوور لە توندوتیژی. ئاخر مرۆڤ دەتوانێ لەنێو خۆشەویستیدا خۆی لە ڕک و کینە، تووڕەیی، بێهیوایی، نائومێدبوون، ڕەشبینی و هزرینی نەرێیی بەرانبەر بە ژیان دابماڵێ، کە ڕەنگە هەموو ئەوانە سەرچاوەی توندوتیژی بن. مرۆڤ کاتێک هاومرۆڤێکی خۆی، یان شتێک، ئاژەڵێک، یان باڵندەیەکی خۆشدەوێ، ئەوا هەروا بەسانایی ناتوانێ توندوتیژی بەرانبەر بنوێنێ. بەڵێ مرۆڤ لەنێو خۆشەویستیدا، دەبێ بە بوونەوەرێکی بەخشندە و خاوەن لێبوردەیی و تۆلێرانس، هەروەها بوونەوەرێکی ڕێزمەند بۆ ژینگە و دەوروبەرەکەی. مرۆڤ لە خۆشەویستیدا پتر هەست بە بەختەوەری، ناخئارامی، و ئاسایش دەکات، بۆیە ژیان وەک خۆشەویستی دەبینێ. لێرەوە مرۆڤ لێبوردە و ناتوندوتیژ دەبێت.
 
خۆشەویستی، بەختەوەری و بەخشین
خۆشەویستی دەشێ ببێ بە بناغە و بنەمای بەختەوەری، ئاخر دوو خۆشەویست هەرگیز ناخۆشی بۆ یەکدی ناخوازن. لەگەڵ ئەوەشدا، کە ژیان پڕە لە هەڵکشان و داکشان، ژیان لێرە لەم هەرێمە جەنگەڵە؛ ئێرە نیشتیمانی کوشتنی جوانییەکانە، بەڵام خۆشەویستی فێرمان دەکات، کە چۆن لەنێو ئەو جەنگەڵستانی ناشرینییەدا جوانی بدۆزینەوە. خۆشەویستی وامان لێ دەکات خۆڕاگر و کۆڵنەدەر بین، ئاخر خۆشەویستی بۆ مانەوەی ئێمە لێرەیە. کەواتە خۆشەویستی نەمرە، دەتوانێ لە سەردەمی، جەنگ، جینۆساید، ئەنفال، و نەهامەتییەکاندا لێرەبوونی هەبێ و زیندوو بێت. خۆشەویستی فێرمان دەکات چۆن بەختەوەری بگرین، جوانی بپێکین، وشە بدرکێنین، سۆز بەش بکەین، قەناعەت دروست بکەین، و بەسەر پەیژەی بەختەوەریدا سەربکەوین.
خۆشەویستی بەخشینە، بەخشینیش مرۆڤ بەختەوەر دەکات. مرۆڤ تەنیا لە خۆشەویستیدا بەبێ مەرج دەبەخشێ، بەم بەخشینەشی هەست بە بەختەوەری دەکات. کەواتە خۆشەویستی مرۆڤ دەکات بە بوونەوەرێکی بەخشندە، بەبێ ئەوەی ڕەچاوی هیچ پاداشت، بەرژەوەندی، یان هەر شتێکی دیکە بکات. بۆیە خۆشەویستی بێمەرج و بێهۆکارە. مرۆڤ تەنیا لە خۆشەویستیدا ئامادەیە هەموو شتێک ببەخشێ، مرۆڤ کاتێ خۆشەویستی دەبەخشێ ڕەنگە تاکە شتێ کە چاوەڕوانی وەرگرتنەوەی بێت خودی خۆشەویستی بێ، واتا تەنیا خۆشەویستی بۆ خۆشەویستی دەبەخشێ، نەک بۆ هیچ شتێکی دی.
خۆشەویستی وەها لە مرۆڤ دەکات ئامادەبێ لەپێناو خۆشەویستەکەیدا قوربانی بدات، وەها لە مرۆڤ دەکات لە مەرجەکان، کۆت و بەندەکان یاخی ببێت، گشت سنوورەکان تێکبشکێنێت. کەواتە خۆشەویستی یاخیبوونە بەرانبەر ترادیسیۆن و پاڵهێزە بۆ بەرهەڵستی و بەرەنگاربوونەوە. خۆشەویستی وزە بە مرۆڤ دەدات بۆ مانەوەی خۆی تێبکۆشێ. کەواتە خۆشەویستی بۆ مانەوە لێرەیە.

 

خۆشەویستی، جوانی و داهێنان
خۆشەویستی و جوانی لە یەکدی جودانابنەوە، لە پەیوەندییەکی نێویەکیدان، یەکدی تەواودەکەن. مرۆڤ کاتێک دەچێتە نێو خۆشەویستییەوە ژیان جوانتر و واتادارتر دەبینێ، ژیان بەبێ خۆشەویستی پڕ دەبێ لە ناشرینی، لە ڕک و کینە. بەڵام خۆشەویستی فێرت دەکات، ئەگەر نەتوانی هەمووانیشت خۆشبوێت، ئەوا دەتوانی ڕک و کینەت بەرانبەر بە کەس نەبێت. خۆشەویستی و جوانی هەوێن و بزووێنەری داهێنانن. بۆیە مرۆڤ کاتێک دەچێتە نێو خۆشەویستییەوە، ئەوا دەبزووێنرێ، سۆز، دەروون و هۆشی دەورووژێنرێ و ئۆقرە ناگرێ، نەسرەوتووە. ئاخر بەدووی ئامرازێ، هۆکارێ، دەسوێژێ، دەگەڕێ کە بەڕێیەوە ئەو هەستە ناخەکییەی خۆی پێدەرببڕێ و بتوانێ گۆزارشتی لێ بکات، جا بەڕێی هۆنراوە، تابلۆ، هێما، پەیڤ… هتاد، بەڵام خۆشەویستی هێندە مەزنە هیچ یەکێک لەمانە بەتەنیا ناتوانن ئەو هەستە بەتەواوی دەرببڕن.
خۆشەویستی مرۆڤ دەکات بە گەڕیدە، لەبەرئەوەی وێل و ئەڤداڵە بە دوای دۆزینەوە و داهێنانی وشەیەکی جوان، شتێکی جوان… هتاد تاکو پێشکەشی خۆشەویستەکەی بکات، چونکە مرۆڤ هەر شتێک پێشکەشی خۆشەویستەکەی بکات هەر پێی کەمە. بۆیە خۆشەویستی داواکاری بۆ شتی تازە بەرزدەکاتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی داهێنان و ئەفراندن. بۆ نموونە: هۆنراوەی حەبیبەی نالی، شەمی دێوانە، ست فاتیمەی هەردی، و خەندەکەی بایی دڵدار هەموویان خۆشەویستی بزووێنەر و داهێنەریانە.

 

 

تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین