من و مەستوورە بە ئاسمانەوە ئەنفال کراینەوە


Loading

ئەم ڕۆمانەم لە کات گەشتی نێوان هەولێر و سوێد، لە نێوان دەمژێری، ٤:٣ و ١٢ شەو و بە ئاسمانەوە خوێندنەوە…

ڕۆمانێک منی بردەوە بۆ ئەو ڕۆژانەی کە بە جەلەمۆردا، بە شێوەسووردا و تاکوو نزیک جادەی سلێمانی کەرکووک تێپەڕیم. جووتیارەکانی شیوەسوورم بیرهاتەوە کە بەدیار ماڵە ئاگر گرتووە کانیانەوە ئاهی چارەنووسێکی نادیاریان هەڵدەکێشا…

ئەم جۆرە ڕۆمانانە بۆ خۆیان دیرۆکی ڕاستەقینەی گەلەکەمانن و دەبێت برەوەیان پێ بدرێت.

ئەم ڕۆمانە سێ ئامانجی سەرەکی پێکاوە، کە سەرچاوەیەکی گرنگە بۆ وێناکردنی دڕندەیی داگیرکەرانی کوردستان و ئەو وڵات فرۆشە کوردانەی وەک قاسم ئاغا/ قاسمە کوێری کۆیە، کە درێغیان نەکردوە لە کۆمەڵکوژی مرۆڤی کورد:

ل ١٨؛ باسی چەمی باوەرووشە دەکات کە چۆن قواتخاسە و جاشەکان دەستیان نە پاراستووە لە کوشتنی ژن و منداڵ و خەڵکی بێ تاوان.

ل ٥٧؛ دەستدرێژی سێکسی و دەیان جۆری سووکایەتی بە مرۆڤی کورد.

ل ٦٧؛ کاریگەری تراوما و دا خورپەی ڕووداوە ترسناکەکان کە بووەتە بەشێک لە ژیانی سەدانی وەک مەستوورە (قوربانییەکانی ئەنفال)و بێ خەمی دەسەڵاتی کۆن باوی خێڵەکی وڵات فرۆشی کورد…

ل ٧١؛ بەکارهێنانی قورئانی عەرەبی و وەک ژەهراویترین چەک بۆ لە ناوبردنی مرۆڤ کورد و ئەو نەتەوانەی کە عەرەب نین…

ل٧٢؛ ستەمی کۆمەڵگەی نێر سالاری کورد بەرامبەر ئەو ژن و کچە تاقانانەی کە بێکەس و لانەواز بوون و سووک سەیرکردنییان. سەربردەکانی بایز ئاغای جاش و ڕەفتاری لەگەڵ مەستوورە باشترین بەڵگەی مێژوویین…

ل ٨٨؛ دیاردەی قێزەونی ژن کوشتن، لەسەر ئەوین و جەستە، هەرچەند پیاوەکان چڵێسن..

ل ١٣٠؛ کاڵبوونەوەی بڕوای مەستوورە بە نزاکانی خودا و مەلا داعش بیرە کوردەکان..

ل ١٤١؛ تینویەتی نێرە چلێسەکانی کۆمەڵگەی کوردی و تاوانبارکردنی ئافرەتان ئەگەر کەمێک شان و ملیان ڕوتکەنەوە..

نووسەر لەم ڕۆمانە نایابترین ئامانجی پێکاوە، کە چۆن تراوما وەک درێل ژیانی مرۆڤەکان تێک دەدا و لە نێوان خەیاڵ و ژیندا ونیان دەکات. ژیانی مەستوورە و تێکچوونی دەروونی باشترین بەڵگەیە…

زمانی نووسەر، کوردییەکی جوانی سادە و وه‌ستایانە‌یه‌ و دیمەنەکانی وێناکردووە، توانای بەرزی باسکردنی سەربردەکان، کلۆجێکی دی بەهێزی نووسەرە.

من تەواو لە دێڕەکانیدا خۆم دیتەوە و هەرچەندە لە فڕۆکەدا بووم نەمتوانی وازی لێ بهێنم، تاکوو تەواو نەم خوێندنەوە نەمتوانی دەستبەرداری ببم..

دیمەنەکانی ئەم ڕۆمانە هیچی لە وێنە خوێناوییەکانی سەربازگەکانی ئاوشڤیزی نازییەکان کەمتر نییە، ئەگەر فرە تر نەوێ..


ئاسۆ بیارەیی

٢٥ مەی لە گەشتی فڕینی نێوان کوردستان سوێد ٢٠٢٢