دەغیلت بم خودا، دەسا چ بکەم: باغەوان گوڵی پێ فرۆشتم، گوڵێکی ناکامڵ.
چ لە ئەمڕۆکە بکەم: گریانی عیشقم دەمبزوێنێت، بۆ نووسینی شیعرێکی تاڵ.
داخ بۆ سپێنێ: لە ئەزەلەوە هەستم دەدوێنێت، دڵێکی کرچ و کاڵ.
وای لە باخەوان/ بێ ئاگای ئەو، “با” دێت و هەڵمدەگرێت و بە تەنیایی دەمپێچێتەوە/ وەك پەڕەی کاغەزی لوولدراو/ بەرەو کەناری دەریا دەمبات و بە کەشتیێك دەمسپێرێتەوە/ وەك دۆلفین نقوم دەبم و سەر دەردێنمەوە/ وەك ماسییەك لە بەندەردا گێژ دەبم و ماسیگرێك بە تۆڕ دەمگرێتەوە.
وای لە ئەدگاری خۆم/ تەمەنم تیشکی خۆر لێیدا و، باخەوان نەیبیست کە بوومەتە سووتوو/ وای لە پەرتبوونی خۆم/ کەوتمە کەلێنی ڕۆح و، نەتزانی بۆچی وا بە جارێك دڵم شێت بوو.
وای لە بوونی من، ئەی خودا…
دەی هەستم لە کوێیە/ کە خودا ستوونی تێم بڕوانێت/ ڕۆحم لە کوێیە/ کە ئێسقانم وردوهاڕ بێت/ مرۆڤ چ دزێکە سەرتاپا بۆنی باغ هەڵدەمژێت/ باغەوان چۆن مرۆڤدۆستێکە کە بۆنی باغ بۆ هەمووان دەپڕژێنێت/ باغەوان بۆ هات/ کە فیردەوس لێرە نەبێت/ ئاگر بۆ داگیرسا/ کە جەهەننەم لێرە نەبێت.
باخەوان گەر ئهقڵی هەبێت:
هەرگیز ڕێگە نادات، گوڵ لە نێو پەنجەکاندا بڕووشێت.
من کە بۆنی گوڵ ناکەم:
هەرگیز پەنجەکانم نانێرمە پێشوازی گوڵ و، باغەوان لێم تووڕەبێت.
“با” کە ناناسیت
هەرگیز هەڵناکات، لە ڕۆخی ڕووبارەوە بەرەو ماڵی من ڕەت بێت.
من کە “با” ناناسم:
هەرگیز ناهێڵم “با” بمپێچێتەوە و ، عیشق با هەر لە جوانی خۆی بدوێت.
ئاوێنە گەر ناوەوەی خۆی ببینێت:
هەرگیز ڕێگە نادات، کەس لە ڕووخساری بڕوانێت.
من کە ئاوێنە ناناسم
هەرگیز ناچمە بەردەمی، قیت وەستێم و، ڕووت تێم بڕوانێت.
کۆتایی
٢٠٠٨