منم دیدەوانی گوڵ دەكەم

Loading

–  1-
وەرن بۆ دیدەنی باغ
جا سەیر بكەن: گوڵ چۆن سەرنجمان دەبات
وەرن بۆ بۆنكردنی گوڵ
جا بزانن: بۆنی چۆن دەماغمان دەبات
ئەها… سەیر بكەن
ئەوە ئێمەین/ لە بەردەم گوڵدا… سوژدە بۆ عیشق دەبەین/ تا گوڵ… عیشقمان بگەیێنێتە لای ئافرەت/ ئەوە ئافرەتیشە/ لە بەردەم گوڵدا… عیشقمان شەرمەزار دەكات.
                                                                           * * *
وەرن بۆ دیدەنی جەنگەڵەكان
جا سەیر بكەن: تەمومژ چۆن چڕوپڕی دارەكانی داپۆشیوە
وەرن بۆ هەڵمژینی هەناسەی نێو تەمومژ
جا بزانن: هەناسەكانمان چ ئاخێكی گرتووە
ئەها… تەماشا بكەن
ئەوە ئێمەین/ ئاخ هەڵدەكێشین… تا جەنگەڵەكان ببینین و لە ترسی خامۆشی ڕزگارمان بێت/ ئەوە ترسیشە/ هەنگاوی ڕۆشناییمان نیشان دەدات.
–  2-
بڕوانن… من لێرە گرفتارم
دەمەوێت بگەڕێمەوە بۆ باوەشی باغەكان

بیکاسۆ ؛ ژنێک
بیکاسۆ ؛ ژنێک
تۆز و خۆڵەكەم ببەخشمەوە بە گوڵ و،
دڵۆپە ئاونگەكەش ببەخشمەوە بە خودا.
من پێكهاتەیێكی دوو كیشوەریم
كیشوەرێك پڕە لە دڕندەیی و،
كیشوەرەكەی دیكەش پڕە لە سۆزی خوڵقاوی خودا.
من لە نێوان ئەم دوو كیشوەرەدا سەرم گێژە
كیشوەری باغەكان بوونەتە كۆیلەی عاشقەكان و،
عاشقەكانیش بوونەتە كۆیلەی كیشوەرەكەی خودا.
–   3-
خودایە ئێمەت تووشی چ گێچەڵێك كردووە
لەگەڵ گوڵدا بە شەڕمان دەدەیت
گەر دەزانیت گوڵ ئێمەی كۆت و بەند كردووە
بۆچی ئێمە بە گژ ئەودا دەبەیت
سەیر… غەمگینی گوڵ لە غەمگینی ئێمە غەمگینترە
لە ئێمە دوژمنی زۆرترە
لە ئێمە عیشقی موقەدەسترە
دەی خودایە تۆ… چۆن سەیری گوڵت كردووە؟
–   4-
بۆنكردنی گوڵ زۆر دژوارە
ئەها… سەیری گوڵ بكەن
نەختێك جار لە نێو لق و پۆپی دەستماندا ملی دەشكێ‌
نەختێك جار لە نێو دەستماندا غەم دەخوات و ڕەش دادەگەڕێ
نەختێك جار زیندەبەچاڵ و،
نەختێك جار بێكفن و،
نەختێك جاریش لە هەزار شوێندا لاشەی گوڵ فڕێ دەدرێ
دەی خودایە… گوڵ بە دەستی كێ ئەنفال دەكرێ‌؟
–   5-
شوناسی گوڵ بێئەندازە بەدبەختە
ئەها… تەماشای گوڵ بكەن
بڕێك جار گوڵ مەرد ئاكارانە خۆدەخوڵقێنێ
بڕێك جار گوڵ ژن حەزانە خۆدەنوێنێ
گوڵ لە پرسەی هەردووكماندا حزووری دەبێ
ئێمەش لە پرسەی گوڵدا بێشوناس
دەی خودایە تۆش… لە پرسەی گوڵدا حزوورت دەبێ؟
–   6-
ئەی گوڵ تۆ موحیبەتیت
چۆن دڵم دێت ڕ‌وَحت بكێشم
سەرت لە لاشەت جـیا بكەمەوە و،
بتكەمە قوربانی خۆم… بۆ یارەكەم
ئیزنم بدە ئەی گوڵ…
بە خاكەوە بتگوێزمەوە بۆ لای یارەكەم
تا ببینێت…
دەستێكم  بە قەدتەوە بێت و،
دڕكەكانیشت بە پەنجەكانما بچن و خوێناوی بێت
دەستێكیشم لە ژێر ڕەگوڕیشەی نێو خاكتەوە بێت
تا تێبگات یارم كە تۆش موحیبەتیت…
ئیزنم بدە ئەی گوڵ…
دیدەوانیت بكەم و نەهێڵم كەس لە دژت بجەنگێت
تا ئەوساتەی تەمەن یەخەت دەگرێت
تا خودا… پلانی مەرگت بۆ دەكێشێت
–   7-
ئەی گوڵ تۆ سەر بە خێڵی باغەكانی
ئێمەش بە ڕەچەڵەك دەچینەوە سەر تۆ
بەهەشتی تۆ لە نێو دۆزەخی دەستی ئێمەدایە و،
بەهەشتی ئێمەش لە قووڵایی بۆن سروشتی تۆ

بەهادین ؛ گرافیک
بەهادین ؛ گرافیک
ئەی گوڵ…
تۆ بوویتە قوربانی دەستی عاشقان و،
عاشقانیش بوونەتە كۆیلەی هاوغەزەلیان و،
هاوغەزەلیش بووەتە گەمەی گەورەی خودا.
ئەی گوڵ…
گەر ڕۆژێك بێمە سەر مەزارگاكەت
دەبێت گشت عاشقەكان وە ئاگا بێنمەوە
چوونكی مەزارگای تۆ… لە نێو دەستی عاشقاندایە
ئیزنم بدە ئەی گوڵ…
بەڵێنت پێ دەدەم كەس ئەزیەتت نەدات
مووژدەت پێ دەدەم كەس نەزۆكت نەكات
تا بێم تۆوی خۆت… لە ژێر عەرد بچێنم و،
دواتر بیبینیت… وەچەی دەمبەخەندەی خۆت.
–   8-
ئەی گوڵڕۆشن… نیگاوانیت دەكەم
نەوەك لە قەراغ دەریا غەم بخۆیت و پەژمووردە ببیت
ئەفسوونساز تووخنت بكەوێت و ڕۆحت ببات
هەنگ تووخنت بكەوێت و خوێنت بمژێت
باغەوان تینوویێتیت نەشكێنێت و وشك ببیت
نەوەك شێت بیت و تاڵە موویێك بە سەرتەوە نەهێڵیت.
–   9-
ئەی گوڵڕۆشن… بۆ ئەبەد دڵتەنگی تۆم.
من هەمیشە خەیاڵم لای ئەو بێوەژنانەیە/ كە دەچنە نێو باغەكان/ لە بەردەم تۆدا… سیگار دەكێشن و بە دووكەڵەكەی هەناسەتەنگت دەكەن/ ڕقم لەو مەیخۆرەوانەیە/ كە سەرخۆش دەبن لە نێو باغەكان/ شووشەی شەڕاب لە بەردەم تۆی گوڵدا… فڕێ دەدەن/ تا بە بۆنی شووشەكەی سەرخۆشت بكەن/ ڕقم لەو حیزبانەیە/ لە كاتی كۆبوونەوەكاندا/ ڕۆحی چەندانی وەك تۆ… دەكێشن و دەیخەنە نێو ئینجانەیێَكی ئاو/ دوای تەواوبوونی كۆبوونەوەكەش/ گوڵەكان لە نێو ئاوی سەر مێزەی كۆبوونەوەیان… دەردێنن و بۆ نێو زبڵدانی مێژووی خۆیان فڕێ دەدەن.
 
–   10-
ئەی گوڵڕۆشن… بۆ هەمیشە لە تەفسیری تۆدا دەبم.
من منداڵیێتیم بیر دەكەوێتەوە/ هەمیشە دەمبەخەندە بوویت/ ئێستاكە جەوانیت… جەوانێكی سەرلێشێواویت/ دەگریت/ قەڵس دەبیت/ تۆ… سادەیت و هەر لە خەیاڵدایت/ تووشی واقورمانم دەكەیت/ لە سەرەمەرگیشدا… هیچ نهێنییێك نادركێنیت/ وەی… كە بە ئەشكەنجەوە ماڵاوایی دەكەیت/ دەی دەبێت ڕۆحكێشانی من و تۆ… چ جـیاوازیێكی هەبێت؟
خودایە من ڕایدەگەیێنم/ بە عیشقەوە لەگەڵ گوڵدا… دەدوێم/ خودایە بۆ نەتهێشت پاسەوانی گوڵی نێو حەوشەی ماڵی هاوغەزەلەكەم بكەم/ بۆ نەتهێشت لەگەڵ ئەو كچە ئەفسوونكارەدا بجەنگێم/ دەی خودایە… ئێستا من پاسەوانی كام كچە جوانەی سەر ڕووی زەمین بكەم…؟
دەتەوێت لەگەڵ پەرییەكانی بەهەشتدا بفڕم/ وەك پەپوولەیێكی ڕۆحانی پاك ببم و لەگەڵیاندا بفڕم/ ئەمە ئیشێكی مەحاڵە/ گەر من بە منداڵی نەمناسیبن/ هەڵماقۆیێنم لەگەڵ نەكردبن/ شەوانە خۆشاركەوێنم لەگەڵ نەكردبن/ قژی سەریانم بۆن نەكردبن/ چۆن بتوانم عاشقی ئەو پەریانە ببم/ چۆن ڕووم دێت لەگەڵ هەموویاندا… ئەو شەوە مانگی هەنگوینی ڕاگوزەر بكەم/ خودایە من واوەیلای عیشقی ئەو ئەفسوونیارەمم/ بۆ دەتەوێت درز بە عیشقمدا ببەیت/ كە من ناتوانم درز بە عیشقی گەورەیی تۆدا ببەم؟
–   11-
ئەی گوڵڕۆح…
كە ئێوارە لەسەر ڕۆخی دەریا دانیشتم، سەیرمهات:
دەریا گڕی گرتووە و لە سوختان دەرچووە
كە نێو دڵی دەریام بینی، سەیرمهات:
ماسییە و لە نێو دڵیدا… عاشقی بووە
ویستم هەرچی لمستانی ڕۆخی دەریا هەیە/ پێیدا بكەم و بیكوژێنمەوە/ دڵم نەهات/ گوتم عاشق هەر خۆی دادەمركێتەوە/ تخوا گەر منی عاشقیش مردم/ بمبەن بۆ ساحیلی گەزی گوڵستان/ لە نێو سەدەفەكاندا… بمنێژن/ بۆ ئەوەی منی عاشق/ هەمیشە گوێم لە ترپەی دڵی ماسییەكان بێت.
–  12-
ئەی گوڵپەروەر…
مەفتونی تۆم و شێوەتم بیركەوتەوە
وەختی غەمگینی و پەژمووردەیت
دێم ڕۆحت ڕۆشن دەكەمەوە

ڤان کۆخ ؛ سروشت
ڤان کۆخ ؛ سروشت
كە خۆت سەرنجی عاشقان ڕادەكێشیت
كێ وەك كۆیلە زنجیر بكەم و،
دڕكت بخەمە نێو دڵییەوە؟
غەمناكم كە دەتبینم مرۆڤە لاسارەكان
ڕۆحت دەكێشن و لاشەت دەخەنە نێو دەستیانەوە.
 ئەی گوڵپەروەر…
گەر مرۆڤەكان لە تۆز و خۆڵی پەڕەت و،
دڵۆپێك فرمێسكی خودا دروست بوون…
بۆ دەتكەنە كۆیلەی خۆیان؟.<< ( 1 )
ئیزنم بدە ئەی گوڵڕۆح
بازنەیێك بە دەوری خۆتدا بكێشمەوە
هەر كەسێك بە دەستی چەقۆوە بێت بۆ دیدەنیت
نەهێڵم تووخنت بكەوێت و،
هەمیشە بۆت بەرەنگاری ببمەوە.
 
–   13-
ئەی گوڵەنێرگز…
وەختێك كە منداڵ بووم
پیشەم ئەوە بوو چڵە نێرگز بكرتێنم و،
لە بەردەم قوتابخانەكەم… بە كیژە عاشقەكان ببەخشمەوە
خودایە تۆ بڵێیت: ئەو چڵە نێرگزانە بمبەخشن
تۆ بڵێیت: خودا ڕازیان بكات
تۆ بڵێیت: نەبمە پاسەوانی گشت چڵە نێرگزەكان
كە منداڵ  بووم لەسەر تەپۆلكەی خوار گردەكان
نەختێك جار چڵە نێرگز و،
نەختێك جاریش گوڵەهەڵاڵەم لێ دەقرتاندن
كە ڕۆحیان لە ڕێحانە كەمتر نییە
تۆ بڵێیت: بمبوورن… تف لەپەنجەكانم بكەم
تۆ بڵێیت: لێم خۆش ببن… گشت پەنجەكانم ببڕم
تۆ بڵێیت: ڕێگەم بدەن… نیگاوانی سەرمەدییان بكەم
خودایە تۆ ئەو كیژانەت پێ سەرسام كردم
بە خۆشی ئەو كیژانەش… ڕۆحی ئەو چڵە نێرگزانەم كێشان
دەی خودایە ئێستا چ بكەم تا بمبوورن؟
 
–   14-
 
ئەی گوڵ… سوپاسی من مەكە
كە هەموو دەمەو بەیانییێك لە خەوم دەكەیت و،
دێم زەمبیلەی ئەو عاشقانە دەشكێنم.
ئەوان هەستیان لە دەرەوەی بازنەیە.
ئەوان بێپرسی تۆ ڕۆحت دەكێشن و،
دەتخەنە نێو زەمبیلەكەی خۆیانەوە.
ئاخر ئەوان پیشەیان بۆتە گوڵچنینەوە…
ئەی گوڵ…
تۆ بڵێیت: پێغەمبەریش ڕۆحی تۆی نەكێشابێت و،
بە عاشقەكانی خۆی نەبەخشیبێَتەوە؟
تۆ بڵێیت: بە گوڵی نەفەرمووبێت لەم تاوانە بمبەخشە
وەلێ هاوەڵەكانی ئەم فەرموودەیان نەنووسیبێتەوە؟
دەی خودایە من دیدەوانی لە گوڵ هەر دەكەم
گەر گشت پێغەمبەرەكانیش ڕۆحی گوڵیان كێشابێت…
–   15-
ئەی ئەوانەی بۆنی گوڵ دەكەن… سەرنج بدەن
ئەو سوارچاكانەی لە شەڕدا بوون و لەگەڵ نەیارەكانیاندا كەوتبوونە شمشێربازی/ لغاوی ئەسپەكانیان گرتبوو و ئەسپەكانیشیان هێنابووە حیلە و سەما/ ئەو ئەسحابانەی لەگەڵ كافرەكاندا لە تیرانبازیدا بوون/ خوێن ببوو بە ئاو و بۆنەكەشی ببووە هەوا/ ئەو سەرلەشكرانەی لەسەر تەپۆلكەی خوار گردەكان لە گەرمەی دۆڕاندا بوون/ ڕقی خۆیانیان بە گوڵ ڕشت و سەری گوڵیشیان بڕی بۆوە لە ملڕا/ كە لاشەی گوڵ لەسەر زەمین و سەری گوڵیشیان بردبووە لای پێغەمبەری خودا/ ئەی گوڵ… ئەوە چ جۆرە جەنگێك بووە، لە نێوەندی زەمین و خودا؟
 
–   16-
ئەی پێغەمبەری گەورە و  هەمیشە ئاشنا بە ڕۆحم…
گەر بە فرمێسكەوە فەرموودەیێكی درێژت لەسەر گوڵ گوتووە
ئەی بۆچی هاوەڵەكانت… پشتگوێیان خستووە؟
ئەی ئیمامی غەزالی بۆچی ژنت نەهێنا
دەترسای عاشق ببوای و ڕۆحی گوڵت كێشابایە؟
ئەی ئیمامی عومەر بۆچی كچەكەت بە منداڵی زیندەبەچاڵ كرد
دەترسای گەورە بوایە و كوڕێك هەزار گوڵی پێشكەش كردبایە؟
ئەی ئیمامی عەلی بۆچی شمشێرت بەكارهێنا
تا چل هەزار گوڵت سەربڕیبایە و قوربانی كچی پێغەمبەرت كردبایە؟
ئەی خودا… منیش لە باتی ڕۆحكێشانی گوڵ بۆ هاوغەزەلم
مێژووی خوێناوی گوڵی بۆ دەخوێنمەوە…
كە لە نێو شیعرەكانی مندا هەیە.
–   17-
ئەی گوڵ… بۆ حزوور خوایت بۆ ڤانكۆخ نەهێنایەوە؟
ئەو لە جـیاتی تۆ/ گوێچكەیێكی خۆی بۆ ڕاشیل بڕی/ ئای…
چ كارەساتێك بوو/ خوێن وەكوو كانیاو لە گوێی هەڵدەقووڵی/ وای…
وەختێك خوێن پژایە سەر مێزەی كافتریا/ ڕاشیل تاسا…
وەختێك خوێن ببوو بە گۆم لەو ناوەدا / ڕەشهەڵگەڕا…
 وەختێك كە بەدچارەی گوڵ هات / فڵچەكەی لە خوێن هەڵكێشا…
وەختێك كە خۆشچارەی گوڵ هات / وێنەكەی بۆ ڕاشیل كێشا…
 ئەی گوڵ… ئەوە پرسەی تۆ بوو/ كە ڤانكۆخ دای…
 ئەی گوڵ… ئەوە ڕۆحی ئەو چوو/ لە ڤانكۆخ وای…

فۆتۆگرافی ؛ ئەکت
فۆتۆگرافی ؛ ئەکت
كە شەویش چۆوە ژوورەكەی خۆی/ خودا ڕۆحی هەڵَكێشا
سەیر لەوە… لە دوای مردنیشی/ دوا وێنەی لێ بەجێما
كە بەیانیش خەڵك خۆی كرد بە ژوورەكەیدا
لاشەی مردوو/ وێنەی زیندوو/ دەدرەوشایەوە…
لەسەر شووشەی پەنجەرەكەشی بۆی نووسیبووین:
لە تاو ڕۆحی گوڵ… ئەم مەرگەساتەم نایەوە.
–   18-
سەرنج بدەن ئەی ڕۆحلەبەرەكان…
ڕۆژێك دێت… ئەم گوڵانە سكاڵا لە لای خودا بكەن
ڕۆژێك دێت… ئەم عاشقانە شەرمەزاری خۆیان بنوێنن
ڕۆژێك دێت… ئەم شاعیرانە داوای بەخشین لە گوڵ بكەن
ڕۆژێك دێت… ئەم سەركردانە ببنە غوڵامی نێو باغەكان
ڕۆژێك دێت… ئەم گوڵانە ڕووبەری دونیا دابپۆشن
ڕۆژێك دێت… سەگی ژێر چۆڕاوگەكانیش بۆنی گوڵ بكەن
ڕۆژێكیش دێت… خودا بفەرمووێت:
گوڵی نێو باغەكان… هەوەڵ شەهیدی ئەزەلی دونیان.
–    19-
ئەی گوڵ… لە زۆر شت پاڕامەوە
لە مجێوری نێو مزگەوتەكان، تا گوڵەبەیبوونەی بن دیوارەكان ئاو بدەن/ لە سۆفییەكان، كە دۆعا بكەن گوڵی نێو حەوشەی مزگەوتەكان نەژاكێن/ بە دەنگی بەرز و نووزەنووزی گریان… لە خودا دەپاڕامەوە/ با لاولاوە و چنگەپشیلەكان… دیوار و گومەزی مزگەوتەكان دابپۆشن/ وەك نووری سەوزی تۆ… سەوزت بكەن/ با فەقێیەكان، ڕێحانە لێ نەكەنەوە و بیخەنە نێو لاپەڕەی كتێبەكان/ نەوەك كتێبەكان تووڕە ببن/ با حاجییەكان، بە سەری گۆچانەكەیان… تۆزی سەر لخی گوڵەكان نەتەكێنن/ نەبادا بریندار ببن/ با منداڵە بچووكەكانیش، میز لە بن درەختەكان نەكەن/ نەوەك بە گەڵا تارەت بكەن/ داواجار ئەی خودا، كۆمەك بە بێوەژنەكانیش بكە/ چیدی گوڵ و ڕێحانە نەبەنە سەر گۆڕی مێردەكانیان و ئیدی ئەوانیش بمرن.
–   20-
ئەی گوڵ… لێرەدا دوایین ستایشت دەكەم
ستایش بۆ ئەو باغەوانانەی تا درەنگانی شەو… فانۆس هەڵدەگرن و ناخەون/ نەوەك عاشقەكان بەو شەوە بێن و گوڵ بدزن/ نەفرەت بۆ ئەو قەرەجانەی سیپاڵەكانیان… پڕ دەكەن لە گوڵ و لەسەر شەقامەكان دەیفرۆشن/ خودایە ئەو پیاوكوژانەش بگەڕێنەوە بۆ كۆشی سەركردەكان/ چوونكی ئەوان فێریان دەكەن/ بەر لەوەی ماڵاوایی لە دارستانەكانیش بكەم/ شیوەنێك دەگێڕم بۆ گەڵاكان/ بە بولبول دەڵێم بخوێنە گۆرانی بۆ گوڵ/ بە عەلەشیش دەڵێم ئاوازێك دابنێ بۆ مردن/ بە پەڕەسێلكەش دەڵێم تەڵقینی بۆ لەسەر بدە/ گشت دەفژەنەكانیش بانگ دەكەم و سەڵاواتت بۆ لەسەر بدەن/ دەی خودایە، كۆمەكم بكە خۆشەویستەكەم بمبوورێت/ با تێبگات كە من ناتوانم چنگە جوانەكانی پر ِبكەم لە گوڵ/ با تێبگات من پاسەوانی سەرجەم باغەكان دەكەم/ با تێبگات یاری من… با تێبگات ژینی من…/ خودایە كۆمەكم بكە دڵی نەرمتر بێت لە گوڵ/ بە هەستر بێت لە پەپوولەی سەرچڵ/ ئەفسووس… ئەی خۆشەویستەكەم، ئەفسووس…/ بمبوورە ئەی جوانتر لە گوڵ و پتر لە تاوس…/ بمبوورە كە تێناگەیت لە مەرگی گوڵ و بۆنی ژین و هەوەس.
  زەمەنی نوسینی قەسیدەکە؛  2007  ـ   2008  ـ  2009
پەراوێز :

(1). لەو پارچە شیعرەمدا، كە دەلێم: >>ئەی گوڵپەروەر… تا ڕۆحت دەكێشن و لاشەت دەخەنە نێو دەستیانەوە.<<، داڕشتنەوە و پێچەوانە كردەنەوەی شیعرێكی >>فایەق بێكەس<<ە، وەلێ ئەو بۆ خاك دەدوێت و منیش بۆ گوڵ.