ترامپ

جیهان به‌ره‌و ترامپیزم

– ترامپیزم   Trumpismنوێنەری نەستی کۆمەڵایەتی ئەمریکی و پیاوی سپییە دونیایە.. 

 

بێگومان جیاوازی گەورە نییە لەنێوان هیلاری و ترامپ لەسیاسەتی ئەمریکادا، بەڵام بردنەوەی ترامپ بەخۆی وکولتوری فاشیۆن و نمایشکردن و تۆک شۆ و ڕەگەزپەرستیەیەکەیەوە، بەرجەستەی ئەو مۆديلە نوستووەیە کەلەناخی ئەمریکیەکاندا بوونی هەیە و ئەو تەعبیری لێدەکات، و چەندەها ساڵە میدیای پۆست مۆديرن و هۆلیود و فاشيۆن و پۆڕنۆگرافی کاری لەسەر دەکەن. بردنەوەی ترامپ وەک سەرۆکی ئەمریکا (  09.11.2016 )   زاڵبوونی تەوژمی پۆپۆلیستیە لەسیاسەت و  میتۆدی  دەربڕینی بیروڕاکانە لەدونیای ئەمڕۆدا، کە بێئەوە بردەنەوە بۆتە مەحاڵ.  بەمانای زاڵبوونی شۆیە بەسەر بەرنامەی سیاسی. 

 بردنەوەی سادەکردنەوەی مرۆڤە بەسەر  بیرکردنەوە لەدواڕۆژ، بردنەوەی  زیرەکیەکی کارگوزاریی خۆپەرستی و دواندنی ڕەمەکیەتەکانی نێو ناخی مرۆڤەکانە. بردنەوەی ترامپ بردنەوەی خۆنمایشکردن و ڕەگەزپەرستیە بەسەر دونیادا، وەک چۆن لەبریتانیا هەمان چیرۆک ڕوویدا و خەڵک دەنگیاندا بە بریکست Brexit  کەچوونە دەرەوەی بریتانیە لەئەوروپا و ڕەگەزپەرستەکانی وەک وەک یوکیپ  UKP هەلمەتی هەڵبژاردنیان بۆکرد و لەفەرەنسا ناسیونالستەکان لی پاین لەهەڵکشاندان و لەئەڵمانیا  پارتيکی نوێی ڕاستڕەوی چینی مامناوەند   AFD بردنەوەی بەرچاوی هەبووە و هەروەها لەسویسرا دژەبیانییەکان زۆرینەن  لەپەڕلەماندا!

ئەم بردنەوانەی تەوژمە ڕاستڕەوەکان لەئەوروپادا کاریگەریەکی قووڵی هەبوو بۆ کەش و  هەوای سیاسی و فەرهەنگی لەدونیادا، بەمانایەکی تر  بردنەوەیەک بوو بەسەر (ڕۆحی جیهاندا) کەلەسەر ئەسپ بوو ، بەتەعبیری فەیلەسوفيکی  وەک هێگڵ، کاتيک ناپلیۆن  پۆناپارتی  لەشاری (یێنا)  بینی بەسەر ئەسپەوە!   چونکە لای ئەو ناپلیۆن نوێنەری دروشمەکانی شۆڕشی فەڕەنسی بوو، نوێنەری ڕۆشنگەری بوو لەدژی ئەوروپای تاریک و دواکەتووی بەردەست ئۆرۆستۆکراتەکان. ئێستا چیرۆکەکە بەپێچەوانەیە ترامپ بەسواری لیمۆزین و قومارخانەکانی و یانەکانی شەوانیەوە  لەهەنای دونیای مۆدێرنەوە دێت و گاڵتە بە –  ڕۆحی جیهان –   دەکات کە ڕۆشنگەرییە بەمانا قووڵەکەی .  

 

ناپلیۆن لەسەر ئەسپەکەی / هیگڵ؛ ڕۆحی جیهان لەسەر ئەسپە..
ناپلیۆن لەسەر ئەسپەکەی / هیگڵ؛ ڕۆحی جیهان لەسەر ئەسپە..

  

مرۆڤەکان چ لەئەوروپا و چ لەئەمریکا  بۆ  پۆپۆلیستی و ڕەگەزپەرەستی و فوندەمينتالیزم و سادەخوازی دەگەڕێنەوە  لەدژی یەکتری، دیارە ئەمە مانای  دوورکەتنەوەیە لەخودی پڕنسیبەکانی ڕۆشنگەری بەمانا قووڵەکانیەوە، دوورکەتنەوەیە لەدروشمەکانی وەک (برایەتی ، یەکسانی ، دادپەروەری) ، هەربۆیە  لەئەورپادا دەوڵەتی کۆمەڵایەتی و بەختەوەری و بیمەی کۆمەڵایەتی و مافی پەناهەندەو پیر و هەژار و بێکاران ڕۆژ بەڕۆژ تەسک و تەنگەبەر دەبێتەوە. چونکە لیمۆزینە کەشخەکانی (تيرازا مەی ، مێرکل و هۆڵاند) و سوستيمی سیاسی و ئابوری لەئەوروپادا لەگەڵ لیمۆزینە زەبەلا‌حەکەی ترامپدا دەچنە یەک قافڵەوە . هەر بۆیە سەیر نییە لامان  کە ڕاستڕەوەکانی بریتانیا و کۆنزەڤاتیڤەکان و پڕۆ بریکستەکان، بەم سەرکەتنە بەختەوەرن . ناجلفەرەج  کە ڕاستڕەوێکی دژە پەنابەر و ناسیو نالستە لەگەڵ چوونە دەرەوەی بریتانیە لەئەوروپا (بریکست) دوو شەو لەمەوبەر گووتی؛ چۆن ترامپ  هات بۆ پیرۆزبایمان لەکاتی بردنەوەدا، ئاوەها منیش دەچم بۆ پیرۆزبایی! بێگومان ئەم سەرکەوتنەی ترامپ ڕەگەزپەرست و ڕاستڕەوەکانی فەڕەنسا زۆر دڵخۆشدەکات و  ترامپیزم  ژووريکی دیکە بۆ ئەوان دەکاتەوە، ژووريک بۆ هەموو  ڕاستڕەو و ڕەگەزپەرست و فاشیستيکی نوێ .

دیارە دەکريت ئاماژەیەکی بچوک بەوەبکەین  لەگەڵ چوونە مۆديرنەدا و تەواو لەگەڵ جەنگی جیهانی یەکەمدا پڕۆژەی  مۆديرنە ئەقڵانیەتێک بەرهەمدێنێت، کەتەنها سوود خوازە ، پراگماتیە ، خۆپەرستە و ماتماتیکیە و دەسەڵاتخوازە لەبەرژەوەندی خۆی. چەندەها جار لەنوسینەکانی دیکەماندا گوتوومانە مۆدێرنە پرۆژەیەکی فاشیل و شکستخواردووە. ئەوروپا بەتایبەت  کەکاریگەری بەسەر هەموو دنیایەوە هەیە، سلۆتەردایک وەک (کیشوەرێکی پیر)  پێناسەی دەکات، ئەمەش وەهایکردووە ئەمریکانزم  تەواو کاری لەسەر بکات بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەوەی لەڕۆشنگەریەوە بەدەستهاتووە کە دەوڵەتی کۆمەڵایەتی و مافەکانی مرۆڤە..ليرەدا نیچە و فوکۆ و سڵۆتەردایک ئامادەگیەکی زەق و دیاریان هەیە لەبانگەشەکردنی ئەم شکستیە گەورەیەی مۆديرنەدا.

 

 

بەدیوێکی تردا سیاسەتی شمەکخۆری مۆديرن و پۆست کاپیتال و ئەمریکانزم دەرئەنجامی سیاسەتی کلینتون و ئۆۆباما و جۆرج بۆسەکانن، دەرئەنجامی  ئەمریکانزمە بەگشتی، تامۆیش دەرچووی هەمان قوتابخانەیە.   ڕەگەزپەرستی لەسیاسەتی دەرەوە و ناوەوەی ئەمریکادا  زۆر زەق و دیارە، بەرهەمهێنانەی توندو تیژی کولتوریانە، ئیدی بۆچی ترامپ درۆ دەکات؟ ئەمە بیرکردنەوەی دەنگدەرە کەبەسادەیی بیردەکاتەوە و دەنگدەدات بەوەی لەگەڵ خۆی و خەڵکیدا ڕاستگۆیە.

 

بردنەوەی ترەمپ، مانای بردنەوەی ڕووە ڕاستەقینەکەی ئەمریکایە، ئەمریکایەک ماسکی هەبوو لەکاتەکانی تردا ، بەڵام ترەمپ بێ ماسک و ڕتووش قسەی لەسەر کرد و گووتی؛ درۆ دەکەن ئێمە وەهاین، نەمافی مرۆڤ و لێبوردەیی و نەئاشتیخوازی . کێ قسەی کرد دەیکوژین، کێ نەوتی هەبوو دەیبەین بۆ خۆمان، کێ لەدژی ئەم سیاسەتەمان قسەبکات تێکیدەشکێنین. دیارە پێش ترامپ ئەم سیاسەتە لەسەر زەوی پیادەکراوە، بەڵام نەگوتاراوە بەدەنگی بەرز. 

 

 کاراکتەری ترامپ  خۆی  نوێنەری ئەو فیگورە مۆديڕنەیە، کە ماسکولنیزمە، نێرسالاری مۆديرنەیە کەدونیا لەبەکاڵاکردنەوەی ژندا دەبینيتەوە،  لەبەپۆڕنۆگرافیکردنی جەستەی ژندا خۆی دەبینیێتەوە ، ترامپ دەربارەی کچە گەنجەکەی خۆی  دەڵێت؛  گەر تێفینی کچم نەبووایە، یەکسەر لەگەڵیدا دەچوومە جێگەوە!  ترامپ لەهەڵبژاردنەکاندا لەگەڵ لێداندایە، لەگەڵ دژە بيگانەدایە، لەگەڵ دیوار و هێز بەکارهێناندایە بۆ چارەسەری کێشەکان، لەڕاستیدا ترامپ نوينەری ڕۆحی ئەم دونیایە کەدەیبینین.

 

هونەرمەنديکی سینەمایی بیڕوڕاکانی ترامپی بەرجەستە کردووەە / دەیلی مەیل
هونەرمەنديکی سینەمایی بیڕوڕاکانی ترامپی بەرجەستە کردووەە / دەیلی مەیل
 

لێرەوە ترامپ نوينەری ڕووی ڕاستەقینەی ئەمریکایەکانە بێ قسەی زل و ماسک .  لەکاتی ئۆباما و ئەوانتردا درۆکان جوان بوون ، ماسک گەمەی خۆی دەکرد، تەنانەت ئۆباما درۆی کرد دەربارەی  ڕەش پێستی خۆی و   مافی ڕەش پێست لەئەمریکا ، لەڕاستیدا  ئۆباما نەک نەیتوانی ڕیفۆرم بکات لەبیمەی تەندروستیدا ، بەڵکو  بووە نوينەری سپی پيستەکان و سیاسەتی پیاوی سپی بووە لەجیهاندا ، بۆنمونە هەر لەوڵاتەکەی خۆیدا ڕەشەکان لەسەر جادە دەکوژران بەڵام ئۆباما خۆی بەقسەی زل گووتنەوە خەریکدەکرد و فەرامۆشی دەکردن . ئاوەها ترامپیزم لەشکستی ڕۆشنگەری و مۆديرنەوە جیهان بەسەرپۆشێکی دیکە دادەپۆشيت ، کەسەرپۆشی ترامپیزمە.

تەواو

 

 

 

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌