شەتەحات


Loading

ئێوارە بە دوای خۆمدا
ڕائەکێشمەوەکۆڵان
ئەستێرەئەچنم لە حەوشە
لە سەربانەوە بانگت ئەکەم:
سەر هەڵئەبڕیت …
بە ئاماژە ئەڵێم: چاو بنووقێنە!
توند توند چاو ئەنووقێنیت
دەستم لە وردە ئەستێرە ئەتەکێنم و
مانگ …
فێنک و سووکەڵە و شیرین
هەڵئەدەمە
نێو باوەشت!

 

وشە چییە گەر بێدەنگیی پڕ نەکا
لە چێژی گوتن
گەر ئارنگ نەداتەوە بە تەنیایی
شیعر چییە ئەگەر نەبێتە پەرجوو
لە ساتی خۆهەڵدێرانماندا،
هەناسەیەک بەر لە تیاچوون

 

منو سیزیف
لە شتێکدا لە یەک ئەچین
ئەو مەحکوومە بە بێهودەیی سەرخستن و
غلۆربوونەوە و
بە چێژی هەمدیس
بەردەکە بۆ ترۆپکی چیا سەرخستنەوە
منیشسزادراو
بەچێژی شیعر نووسین و
بێهوودەیی نووسینەوە و تا ئەبەد
خۆ نووسینەوە

 

کات بەشی خۆشەویستیت ناکا
ناچارم لە زەمەنی قسە ببڕم و
بیدەمە دەم زەمەنی دڵەخورپە

 

ئەلفوبێی کوردیی
بەشی نووسینەوەتناکا
ناچارم
سواڵی پیتی تر بکەم
لە ئەلفوبێی زوبانی مێروولە و نەهەنگ و
حاجیلە

 

قسە بەشی
گێڕانەوەت ناکا
ئیتر لەمەولا
پەنا دەبەمە بەر
زوبانی ئاماژە

 

 

خودا ئێواران
خۆرمان بۆ هەڵئەداتە
خوارەوە
یاری پێ بکەین،
سبەینان زوو
هەڵئەگژێینە ئاسمان بۆ لای و
بە سوپاسێکی زۆرەوە ئەیدەینەوە

 

هەتاو ئەفرۆشن و
شەوێکبە تەنکەر و بۆری
بۆ جێگەیەکی زۆر دوور
ئەبرێ
بەڵام سبەی شەبەق
وەک کۆترێکی ماڵیی
بەرەوئاسمانی کۆڵان و
گوێسوانەکەی
ماڵی مناڵیی خۆمان
ئەدا لە شەقەی باڵ و
ئەفڕێ

 

دوو دەست جلک
بۆ شیعر ئەدەم
بە کرد
دەستێکیان
لە هەتاو
بۆ باران
دەستێکیش
لە باران
بۆ هەتاو!


سەرەتای ٢٠١٤