ژیژاك - پیته‌ر سلۆته‌ردایك

هەرەسی کولتوری خۆرئاوا


Loading

پیتەر سلۆتەردایک ـــ سلاڤۆی ژیژەک

لە ئەڵمانییەوە: بەکر عەلی

لۆ مۆند: ئەمە یەکەمینجارە لە مێژووی خۆرئاوادا کە داهاتوو کەوتبێتە تەنگژەوە. نەوەی نوێ باوەڕ ناکات بەوەی باشتر لە نەوەی پێشووی بژی. بایەخنەدانیان بە سیاسەت و، تەنگژەی ئابوری و پاشەکشەکردنەوەیان بەرەو ناسنامەی ڕەچەڵەک: ئەم چرکەساتەی ئێستا ئێمە دەیگوزەرێنین چۆن دیاری دەکرێت؟ وە ئایا ئێمە دەتوانین لەبارەی تەنگژەی کولتورییەوە بدوێین؟
سلۆتەردایک: ئایا ئێمە کاتێک ئەم دەستەواژەیە(( کولتوری خۆرئاوایی)) بەکاردەهێنین، کەلە سەدەی ١٧ وە تێیدا دەژین، مەبەستمان لە چییە؟
بەدیدی من لەم ساتەدا ئێمە لەبارەی ئەو شێوەیەی جیهانەوە دەدوێین، کە خۆی لەسەر هزری کۆتاییهاتنی ڕێچکەی سەردەمی ڕابوردوو هەڵچنیوە. واتە ئیدی لەپێشچاوگرتنی ڕابوردوو لەناوچوو؛ چونکە مرۆڤی خۆرئاوایی چیتر شێوەژیانێکی تری نەبیستراوی داهێناوە، کە لە پێشبینیکردنی داهاتوودا دامەزراوە. ئەمەش بەمانای ئەوەی، ئێمە لە جیهانێکدا دەژین، بەردەوام خۆی توند << ئایندەگەر>> کردووە. واتە من باوەڕم وایە، مانای قووڵی << لەناو ــ جیهان دا ــ بوون >> کەوتۆتە نێو ئایندەخوازییەوە، ئەمەش ڕووی سەرەکی شێوەژیان و هەبوونی ئێمەیە.
لەپێشچاوگرتنی داهاتوو لەو چاخەوە سەریهەڵداوە، کە تێیدا خۆرئاوا لەگەڵ دەستپێکردنی ڕێنیسانس دا ئەو هونەرە نوێیەی داهێنا، کە گفت بدات، واتە لەو ساتەوە، ئەمە وەکو قەرزێک خۆی خزاندۆتە نێو ژیانی ئەوروپییەکانەوە.
لە ئەنتیک و چاخی ناوەڕاستدا قەرز پێناچێت هیچ ڕۆڵێکی گەمە کردبێت، چونکە قەرزەکان لەدەستی ئەوبازرگانە زێدەبایی کەرانەدا بوون کە بە قازانجی ڕیبا و سوو وەرگرتن قەرزیان دەدا و ئەمەش کەنیسە سەرکۆنەی کردبوو. ئەم ڕیبا و قەرزە چنۆکانەیە بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ بەوە ڕێگرییان لە داهاتووی خەڵک دەگرت کە دەبوو قەرزەکەیان بدەنەوە. لەکاتێکدا قەرزی مۆدێرن کە سوودێکی مامناوەند و هەرزانی دەوێت، داهاتوو واڵادەکات. ئەمە بۆ یەکەمینجارە گفتی پێدانەوە ببرێتە سەر. ئیتر تەنگژەکانی کولتور لەمەدان: ئێمە چووینەتە چاخێکەوە، تێیدا توانای قەرزێک کە بتوانێت داهاتوویەک واڵابکاتەوە، بەردەوام دادەخرێت، چونکە ئێمە ئەمڕۆ قەرزێک وەردەگرین بۆ ئەوەی قەرزێکی تری پێ بدەینەوە.
بە وتەیەکی تر: << قەرزخوازی ـ کرێدیتیزم>> چووەتە نێو دواهەمین تەنگژەیەوە. مرۆ هێندە قەرزی کەڵەکەکردووە، کە چیتر ناتوانێت گفتی پێدانەوەی بباتە سەر، متمانەکردن بە بنەڕەتی ئەم جیهانەشمان لەسەر ئەو گفتە ڕاوەستاوە. واتە جیدییەتی گفتدان لەناو تەمتوماندا دەڕەوێتەوە. ئێوە پرسیار لە ئەمەریکییەک بکەن، ئەو چۆن پێدانەوەی ئەوقەرزانەی دەهێنێتە پێشچاو، کە لە لایەن ولایەتەکانی ئەمەریکاوە کەڵەکە کراوەتە سەری. بەدڵنیاییەوە وەڵامەکەی ئەمە دەبێت: << ئەوە هیچ کەس نازانێت>>. منیش باوەڕم وایە، ئەم نە ـ زانینە بریتییە لە ناوکە ڕەقەکەی تەنگژەکەمان. هیچ کەس لەسەر ئەم زەوییە نازانێت قەرزە کۆلێکتیڤییەکان چۆن دەبێت بدرێنەوە. ئیتر داهاتووی کولتورەکەمان بەر دیوارێک لەقەرز دەکەوێت.
ژیژەک: من تەواو تەبام لەگەڵ هزری تەنگژەی ئایندەخوازی Futurismus و لۆگیکی قەرزەکان دا. بەڵام با نموونەی ڕەهن و بارمتەی خانووبەرە Subprime ی تەنگژە ئابوورییەکەی ساڵی ٢٠٠٨ وەربگرین: هەمووکەس ئەوەدەزانێت، کە ناتوانێت ئەم قەرزی خانووبەرەیە/ ڕیبا، بداتەوە، کەچی وەها ڕەفتار دەکەن وەک ئەوەی لەتوانایاندا بێت قەرزەکە بدەنەوە. من بەزمانی شیکاردەروونییانەی خۆم ناویدەنێم، زوهدی یاخی: << ئەگەرچی دەزانم ئەوە ناشێت، بەڵام هەر هەوڵ دەدەم…>>. ئێمە باش دەزانین کە پێمان ناکرێت، بەڵام بەکردەوە دەبێت وەها ڕەفتار بکەین وەک ئەوەی پێمان بکرێت. بەڵام من چەمکی (( داهاتوو)) لەو پێناسەیەدا بەکاردەهێنم کە پیتەر سلۆتەردایک پێیدەڵێت(( قەرزخوازی)). بەلای منەوە چەمکی (( داهاتوو)) کراوەترە. دەستەواژەی << ئایندە نا >> ڕەشبینیە، بەڵام وتەزای (( داهاتوو)) گەشبینی دەگەیەنێت.
لێرەدا من هەوڵی ئەوە نادەم کۆمۆنیزمی مارکسییانە زیندووبکەمەوە، کە لەڕاستیدا هاوشێوەی قەرزخوازییە بەرفراوانەکەیە. بۆئەوەشی دۆخە ئابوری و سیاسی و ئیدیۆلۆگی و ڕۆحییەکەمان دەستنیشان بکەین، من دەتوانم ئەو چیرۆکە هەڵبەستراوە بهێنمەوە بیر، کەبریتییە لە ئاڵوگۆڕکردنی بروسکەی نێوان فەرمانبەرانی ئەڵمانی و نەمسایی لەکاتی جەنگی یەکەمی جیهاندا. ئەڵمانەکان بروسکەیەکیان بۆ نەمساییەکان بەم ناوەڕۆکە نارد: << لە بەرەی ئێمەدا بارودۆخەکە ئەگەرچی بەهەند وەرگیراوە، بەڵام کارەساتاوی نییە.>> نەمساییەکانیش وەها وەڵامیان داوەنەتەوە: << لای ئێمە ئەگەرچی بارودۆخەکە کارەساتاویییە، کەچی بە هەند وەرنەگیراوە.>>. ڕێک ئەمە خودی کارەساتەکەیە: ئێمە ناتوانین قەرزەکانمان بدەینەوە، کەچی بەشێوەیەک لەشێوەکان ئەمە بە هەند وەرناگرین. سەردەمی هاوچەرخمان لەودیوی ئەم دیواری قەرزەوە خۆی لە (( خاڵی سفر)) نزیک دەکاتەوە. یەکەم، قەیرانە ئیکۆلۆگییە توندەکە زۆرمان لێدەکات،چیتر بەسەر ئەم ڕێچکە سیاسی ـ ئابورییەدا نەڕۆین. دووەمیش سەرمایەداری، لەو وێنەیەی وڵاتی چین پیشانمانی دەدات، لەداهاتوودا چیتر بەشێوەیەکی سروشتییانە گرێدراوی دیموکراسییەکی پەرلەمانتاری نابێت. سێیەمیش، شۆڕشی بیۆجینەتیکی زۆرمان لێدەکات، بیۆپۆلیتیکێکی تر بدۆزینەوە. ئەو دووکەرتبوونی کۆمەڵایەتیەی تەواوی دنیای گرتۆتەوە، بووەتە مایەی دروستبوونی چەوساندنەوەیەکی بێوێنە و بەرپابوونی ڕاپەڕینی گەلان.
لۆ مۆند: سەرمایەداری فرەفەرهەنگی یاخود تاکایەتی هاوبەش، ناسیۆنالیزمی جیهانی یاخود کۆچەرایەتی بە جیهانیبوو: ئەمە شکستی ئەوروپایە، پاشەکشەکردنەوە بەرەو شوناسی ڕەچەڵەک، هەروەها بیرۆکەی کۆلێکتیڤیش لە تەنگژەدا چەقیوە. چۆن دەکرێت لەمڕۆدا مانایەکی نوێ بدەین بە (( هاوبەشایەتی ـ کۆمۆنەکان))؟
ژیژەک: کاتێک ئێمە خۆشمان ناچاربین کە تایەفەگەری ساویلکانە و، هاوڕەگەزاندنی کولتوری بەرپەرچ بدەینەوە، ئەمە تەواوهەروەکو ئەوەیە کە هەموو ئەو فرەکولتورییەی بووەتە ئیدیۆلۆگیای ڕۆحی نوێی سەرمایەداری بەرپەرچ بدەینەوە، کەواتە پێویستە ئێمە فەرهەنگەکان و تاکە تاکانەکان پێکەوە لەگەڵ یەکتریدا بخەینە دیالۆگەوە . لەسەر ئاستی تاکە کەس دا پێویستمان بە لۆگیکێکی تری نوێ دەبێت بۆ ئازادی ڕەفتارکردن و بۆ مەودا، یاخود تەنانەت بۆهیچ نەزانینیش.
لەبەرئەوەشی ئێستا پێکەوەژیان لە پانتاییەکی تەنگدا بووەتە شتێکی گشتی، ئەوا ئەمە بە پێداویستییەکی پێویستی ژیان دادەنرێت و هەرئەمەش خاڵە یەکلاکەرەوەکەیە. لەسەر ئاستی کۆگەلیش لەڕستیدا دەبێت ئێمە شێوازێکی تر بدۆزینەوە، کە بیرۆکەی هاوبەشایەتی بەشێوەیەکی کارا دەربڕین. لەگەڵ ئەوەشدا کەچی ئێستا مولتیکولتورالیزم ((فرەفەرهەنگی)) وەڵامێکی تەواو هەڵە و درۆزنانەی گێچەڵەکەیە، بەدیوێکدا لەبەرئەوەی ئەو جۆرێکە لە ڕاسیزم و ڕەگەزپەرستی دانپیانەنراو کە ئەگەرچی ڕێز لە ناسنامەی ئەویتر دەگرێت، بەڵام لەناو تایبەتمەندییەکانی خۆیدا قەتیسی دەکات. ئەوە جۆرێکە لە کۆلۆنیالیزمی نوێ کە بە پێچەوانەی کۆلۆنیالیزمی کلاسیکەوە ڕێز لە کۆمەڵگاکان دەگرێت، بەڵام لە دیدگای شوێنگەی خۆیەوە لە گەردوون دا. بەدیوێکی تردا بەخشندەیی فرەکولتوری بریتییە لە داوێک کە دەمەقاڵێ گشتییەکە لە سیاسەت دەخات و پرسە کۆمەڵایەتییەکان دەگەڕێنێتەوە بۆ پرسە ڕەگەزییەکان و پرسە ئابورییەکانیش بۆ بایەخە ئیتنییەکان. ئەم هەڵوێستەی چەپی پۆستمۆدێرن لەخۆیدا زۆر شتی نامۆی بە دنیا هەیە. بە نموونە بودیزم دەتوانێت بچێتە خزمەتی ڕەوتێکی سەربازگەرایی توندڕەوەوە و ڕەوایەتی بۆ بهێنێتەوە: لەساڵانی نێوان 1930 و 1940 دا تەواوی دامەزراوەکانی زێنی بودیزم نەک هەر پشتیوانی دەسەڵاتدارێتی ئیمپەریالیزمی ژاپۆنی کرد، بەڵکو بگرە ڕەوایەتیشی پێدابوو. من دەستەواژەی کۆمیونیزم پتر بۆ بەگژداچوونەوەی ئەو ڕۆحە پیرۆزە بەکاردەهێنم، لەبەرئەوەی پرسیارکردنەکانی من لەڕاستیدا سەبارەت بە شمەکە هاوبەشەکانە، وەکو: بیۆجینەتیک و ئیکۆلۆگی.
سلۆتەردایک: پێویستە ئێمە کێشە ڕاستەقینەکانی سەردەمەکەمان بدۆزینەوە. بیرهێنانەوەی کۆمیونیزم و ئەو ئەزموونە تراژیدییە گەورەیەی سیاسەت لە سەدەی بیست دا، ئەوەمان بیردەخاتەوە کەوا هیچ چارەسەرێکی دۆگماتیکی و ئەوتۆماتیکی ئیدیۆلۆگییانە بوونی نییە. کێشەی سەدەی بیست و یەک بریتییە لە پێکەوەبوون و پێکەوەژیان لە نێو مرۆڤایەتییەک دا، کە چیتر بووەتە ڕاستییەکی فیزیکی. مەسەلەکە چیتر لەبارەی گەردوونگەراییەکی ڕووتی ڕۆشنگەرییەوە نییە، بەڵکو لەبارەی هەمەکێتییەکی ڕاستەقینەی کۆگەلییەکی زەبەلاحەوەیە، کە دەستی بەوەکردووە ببێتە کۆمەڵگایەکی ڕاستەقینەی ئاڵوگۆڕکردن، کەئەگەرێکی گەورەی هەم بۆ پێکدادان و هەم بۆ دیدار لەگەڵ یەکتریدا لە هەناودا هەیە.
ئیتر ئێمە وەکو گەردیلەی گازێکمان لێهاتووە کە خرابێتە ژێر پەستانەوە. واتە لەمەودوا ئیتر مەسەلەکە بریتییە لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانمان لەنێو کۆمەڵگایەکی گەورەدا، وە من لەوباوەڕەدام ئەو میراتییەی پێی دەڵێین ئایین، شتێکی گرنگە، چونکە ئایین یەکەمین هەوڵە کە نوێنەرایەتی پێکهاتە سەروونەتەوەیی و سەروئیتنییەکان دەکات. سانگای بودیزم بریتی بوو لەو کەشتییە ئاسمانییەی، کە توانی بۆ هەڵهاتووەکانی هەموو ڕەگەز و ئیتنە جیاوازەکان ببێتە پەناگەیەک. بەهەمانشێوەش دەتوانین مەسیحییەتیش هەروا وەسف بکەین، کە جۆرێکە لەو پێکهاتە کۆمەڵایەتییەی کە دینامیکی ڕەگەزە داخراوەکان و دابەشبوونە چینایەتییەکەی کۆمەڵگا تێدەپەڕێنێت. دیالۆگی ئاین لەم سەردەمەماندا هیچیتر نییە جگە لە سەرلەنوێ فۆرماتکردنەوەی کێشەی (( کۆمیونیزم)). ئەو گردبوونەوەیەی لە ١٩٠٠ لە شیکاگۆ بۆ کۆنگرەی ئاینە جیهانییەکان بەسترا، بەجۆر و شێوەیەکی دیاریکراو بریتی بوو لەهۆکارێک بۆ پرسیارکردن لە هەنووکەمان لەڕێی ئەم پرسیارەوە، لەڕێی نوێنەرانی هەر بنەچە و سەرچاوەیەکەوە، لەڕێی ئەندامانی هەر بنەماڵەیەکی مرۆییەوە، کە لەدوای ئاوارەبوونیان لە ئەفریکاوە لەبەرچاو ون بوون… لەسەردەمی کۆبوونەوەدا دەبێت هەموو ئەو شتانەی لەبارەی گرێدانی پێکەوەژیانی مرۆڤگەلی ئەودیوسنوورەوە هەمانبووە، سەرلەنوێ ڕێکبخرێنەوە و ڕیفۆرم بکرێنەوە. لێرەوەیە من چەمکی (( هاوبەرگری، یان کۆبەرگری / کۆـ ئیمونیزم Ko-immunismus)) بەکاردەهێنم. هەموو باندە کۆمەڵایەتییەکانی مێژوو، هەر لە هۆزە سەرەتاییەکانەوە تاوەکو دەسەڵاتدارە جیهانییەکان، لەڕاستیدا بریتین لە بونیادی پەیکەری ئەم بەرگرییە هاوبەشە. هەڵبژاردنی ئەم چەمکەش میراتی کۆمیونیزمان بیردێنێتەوە. بەپێی ڕاڤەی من کۆمیونیزم دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆسۆ و بیرۆکەکەی لەسەر (( ئاینی مرۆڤ)). ئەمەش چەمکێکی توندی ناوەکییانەی خێڵایەتییانەی جیهانییە. ئەم هاوڕەگەزاندنە زێدەڕەوە دەبوو بەرەنجامی بەپیتی لێ بکەوێتەوە. بەڵام پێدەچێت ئەوانە ئەو هەڵانە بن کە نەمانتوانیوە خۆمانیان لێ لابدەین. ئێستا ئێمە زۆرتر دەزانین، کەچی سەرباری ئەوەش کێشەکە زۆرمان بۆ دەهێنێت. بۆیە ئێمە ناتوانین لەو باردۆخە خۆمان قوتار بکەین. لەکتێبەکەمدا(( تۆ دەبێت ژیانت بگۆڕیت))، خوداوەندەکان و بوونەوەرە خوداییەکان، کە لە لاپەڕەکانی کۆتاییدا دەردەکەون، بریتین لە قەیرانەکە: قەیرانەکان تاکە لایەنی دەسەڵاتدارن، کە دەسەڵاتدارێتی تەواوەتیان هەیە ناچاری ئەوەمان بکەن ژیانمان بگۆڕین. لێرەوە خاڵی دەستپێکمان بریتییە لە هەقیقەتێکی ئاشکرا و بروسکەئاسا: ئاوەها بەمجۆرەی ئێستا چیتر ناتوانین بەردەوام بین.
ژیژەک: بەلام منەوە مەسەلەکە گەڕان نییە بۆ کۆبەرگری/ کۆئیمونیزم، بەڵکو پتر بۆ بوژاندنەوەی بیرۆکەیەکی ڕاستەقینەی کۆمیونیزمە. بۆئەوەشی هەموو بەدحاڵیبوونێک لەمەدا بڕەوێنمەوە: شتەکە زیاتر بۆ کۆمیونیزمی کافکایە وەک لە هی ستالین، زیاتر بۆئەوەی ئیریک ساتی یە وەک بۆئەوەی لێنین. کافکا لە دواهەمین چیرۆکیدا، جۆزەفینی ژنەگۆرانیبێژ یاخود گەلی مشکەکان. یوتۆپیای کۆمەڵگایەکی یەکسانی داڕشتووە،جیهانێک کە تێیدا هونەرمەندێکی وەکو جۆزەفینی ژنەگۆرانیبێژ، بەگۆرانییەکەی خەڵکی پێکەوەکۆدەکاتەوە و سەرسامیان دەکات و ئاهەنگ و بەزم و خۆشی دەگێڕێت بەبێ ئەوەی هیچ دەستکەوتێکی مادی بەدەست بهێنێت.
ناساندن و دانپیانانی ڕیتوالەکانی کۆمەڵگا دەبێتە مایەی بوژاندنەوەی پەلوپۆکانی کۆمەڵگا، بەبێ هیچ هیرارشیەتێک و هیچ ڕەفتارێکی مێگەلی. هەمان ئەم شتەش بۆ ئەریک ساتی دەست دەدات. لەگەڵئەوەشدا وادیارە بەلای دانەرە بەناوبانگەکەی Gymnopedies, ەوە، کەئەوەی ڕاگەیاند، ئەو ((موزیکی مۆبیل)) ە دابنرێت کە لەدەوروبەرداو لە پشتەوەیە، و لە سیاسەتیش دورکەوتۆتەوە. کەچی ئەو خۆیشی ئەندامی پارتییەکی کۆمیونیستی بوو. زۆر دوور لەوەی کە گۆرانی پروپاگەندە بنووسێت، بەڵام جۆرێک لە گەرموگوڕییەکی ئینتیمیتی کۆگەلیمان لێ دەبیست، تەواو بەپێچەوانەی موزیکی سەرخەرەوە ((ئیلیڤاتۆر/مەسعەد)). بیرۆکەی من سەبارەت بە کۆمیونیزم ئا لەمەدایە.
لۆمۆند: بۆئەوەی لەم تەنگژەیە بچینەدەرێ، ئێوە، پیتەر سلۆتەردایک، لەگەڵ چالاککردنەوەی مەشقی ڕۆحی ئیندیڤیدوئێل دان، لەکاتێکدا ئێوە، سلاڤۆی ژیژەک، لەگەڵ مۆبیلەکردنێکی سیاسییانەی کۆلێکتیڤیدان و هەروەها چالاککردنی هێزە ڕزگاریخوازەکەی مەسیحییەت دان. ئەم جیاوازییە بۆچی؟
سلۆتەردایک: سووک و سانا پێشنیازەکەی من بریتییە لەوەی لێکۆڵینەوەی پراگماتیزم ببرێتە ناو ئەوەی پێی دەوترێت ئاین. چونکە ئەم دورییە پراگماتییە ئاین ناچار دەکات، بەتەواوەتی تەماشای ئەو کردەوە ناوەکی و دەرەکییەکان بکات، کە مرۆڤی ئاینی دەیانکات و، دەکرێت پێیان بڵێین ئەو مەشقانەی پەیکەری کەسایەتی دروست دەکەن. ئەوەشی من بە باسی سەرەکی فەلسەفە و پسایکۆلۆگی دادەنێم، بریتییە لە هەڵگری ڕیزێک لەو مەشقانەی کەسایەتی دروست دەکەن و دەکرێن بە شتێکی ئایینی وەسف بکرێن. بەڵام ئەمە مانای چی دەگەیەنێت؟ مرۆ مەشقی ڕۆحی دەکات بۆئەوەی لەگەڵ کەسێکی نادیاردا پەیوەندی ببەستێت. ئەمانەش ئەو شتە کۆنکرێتیە ڕەهایەن کە مرۆ بتوانێت وەسفیان بکات. لەمەشدا هیچ تەمومژێک بوونی نییە. من لەو بڕوایەدام، تا ماوەیەکی دواتریش چەمکی (( سیستەمی مەشقەکان)) هەزار هێندە چالاکترە لە چەمکی ((ئاین))، کە ئەمیان ئاماژەیە لەسەر پەڕگیری ئاینی دەوڵەتی ڕۆمەکان.
نابێت ئەوەش لەبیربکەین، بەکارهێنانی چەمکەکانی ((ئاین)) ، (( بەزەیی و تەقوا)) یان ((دڵسۆزی و وەلائ )) کە لای ڕۆمەکان هەڵگیرابوون بۆ وەسفکردنی ئەو بەتالیۆنانەی لە دۆڵی ڕاین و شوێنانی تر بارگەیان خستبوو.
ئیمتیازی گەورەی مۆڵبوونی بەتالیۆنێکیش لەوەدا بوو، کە سیفەتی ‘pia fidelis ی هەڵگرتبوو، کە گوزارشتی لە ئەمەکداری بۆ ڕەوایەتی قەیسەری ڕۆم دەکرد. من پێموایە زۆر بائاسانی ئەوروپییەکان ئەوەیان لەبیرکردووە، religio مانای چی دەگەیەنێت. واتای وشەییانەی بریتییە لە چاودێریکردن، ئاگاییکردن Sorgfalt . شیشرۆ Cicero دەستەواژەیەکی گونجاوی پێداوە: خوێندنەوە legere,religere ، واتە بە ئاگاییەوە پرۆتۆکۆلەکە بخوێنەوە بۆئەوەی پەیوەندی بە بوونەوەری باڵاوە ڕێکبخەیت. کەواتە مەسەلەکە سەبارەت بە جۆرێکی دیاریکراوی ئاگایی و وریایییە، کە من بەدەستەواژەی خۆم ئەمە ناودەنێم کۆدی مەشقکردن. لەبەر ئەم هۆیە من پێموایە << گەڕانەوەی ئاین>> تەنیا ئەوکاتە کاریگەر دەبێت، ئەگەر ببێتە مایەی پیادەکردنی مەشقێکی چڕ. لەکاتێکدا کەسە دینییە تازەکانمان زوربەی کات خەونبینێکی تەوەزەلن و هیچیتر. بەڵام لەسەدەی بیست دا لەکولتوری خۆرئاوادا وەرزش دەستەباڵاکەی خۆی زاڵ کردووە. ئەوە ئاین نییە گەڕاوەتەوە، بەڵکو ئەوە وەرزشە سەرهەڵدەداتەوە، پاش ئەوەی نزیکەی ١٥٠٠ ساڵ لەبیرکرابوو.
پیەر دی کاوبەرتین ویستی لەگەڵ هاتنی سەدەی بیست دا ئاینێک بۆ ماسولکە دابهێنێت. ئەو ئەگەرچی وەک دامەزرێنەری ئاین شکستی هێنا، بەڵام وەک ئەفرێنەری سیستەمێکی نوێی مەشق کردن سەرکەوتنی بەدەست هێنا.
ژیژەک: بینینی ئاین وەک ڕاهێنانێکی جەستەیی تەواو لای پێشڕەوان و ئاڤانتگاردە ڕووسەکانیش هەبووە. دەرهێنەری سۆڤیەتی سێرگی ئایزەنشتاین ( ١٨٩٨ــ ١٩٤٨) دەقێکی زۆر جوانی لەسەر یەسوع ئیگناتوسی لۆیۆلا ( ١٤٩١ــ ١٥٥٦) نووسی بوو، کە باسی ئەوەی دەکرد، خودا لەبیربکەین، پێموایە ئەو کەسێک بوو کە چەند مەشقێکی ڕۆحی دامەزراند.
تێزەکەی من لەبارەی گەڕانەوە بۆ مەسیحایەتی زۆر پارادۆکس و ناکۆکی لەخۆگرتووە: من باوەڕم وایە، کە ئێمە تەنیا لەڕێی مەسیحایەتییەوە دەتوانین هەست بە بێباوەڕیمان بکەین. گەر ئێوە بێباوەڕە گەورەکانی سەدەی بیست تەماشا بکەن، دەبینیت لە ڕاستیدا شتەکە لەبارەی لۆگیکێکی تەواو جیاوازەوەیە، کە بریتییە لە << قەرزخوازی>> یەکی تیۆلۆگی. نیلس بۆر( ١٨٨٥ـ١٩٦٢)، فیزیککاری دانیمارکی، کە یەکێکە لەدامەزرێنەرانی میکانیکی کوانتی، هاوڕێیەکی جارێک سەردانی خانووە گوندییەکەی دەکات، بەڵام ئەم پیاوە دوودڵ بوو لەوەی بە دەرگای خانووەکەیدا بچێتە ژوورەوە، لەبەر ئەو ناڵی ئەسپەی بەبزمار بەدەرگاکەدا داکوترابووــ کاتی خۆی لە ئەوروپای ناوەڕاستدا ئەوە نەریتێکی باو بوو بۆ ڕێگری لە هاتنەژوورەوەی ڕۆحە بەدکار و خێوەکان. هاوڕێکە بە بۆهر دەڵێت: << تۆ زانایەکی لە بەرەی هەرە پێشەوەدایت، چۆن دەشێت باوەڕ بەم شتە پڕوپووچانە بکەیت؟>>. بۆهر وەها وەڵام دەداتەوە:<< هەڵبەت باوەڕم بەشتی وەها هەر نییە>>. هاوڕێکەی سوور دەبێت لە پرسیارکردن و دەپرسێت:<< بەڵام ئەو ناڵەت بۆچی کردووە بەوێوە؟>>.
بۆهر وەڵامێکی زۆر جوان دەداتەوە:<< یەکێک پێی گوتم، مرۆ گەر باوەڕیشی نەبێت، ئەو ناڵە ئیشی خۆی هەر دەکات.>>. ئەمە دەبێتە وێنەیەکی دروستی ئیدیۆلۆگیای هاوچەرخمان. من پێموایە مەرگی مەسیح بە خاچەوە بریتییە لە مەرگی خودا، وە چیتر ئەو گەورەیەی تر نییە کە پەتەکانی بەدەستەوە بێت.
تاکە توانستێک وات لێ بکات لەدوای مەرگی مەسیحەوە کەسێکی باوەڕدار بیت، لەوەدایە کە، بەشدار بیت لە یەکگرتنە کۆگەلییە یەکسانەکان. دەشێت ئاینی مەسیحایەتی وەکو هاوەڵایەتیکردنی ڕێکخستنە زاڵەکان تێبگەین، یاخود وەک ئەو ئاینەی کە << نا>> دەڵێت و کۆمەکیش بۆ بەربەرچدانەوە دەدات.
من لەوباوەڕەدام، کە مەسیحایەتی و مارکسایەتی پێکەوە دەبێت شەڕی شەپۆلی تازەی ڕۆحانیەت و ڕەفتاری مێگەلی بکەن. من خۆم نوێنەرایەتی ئاینێک دەکەم کە بێ خودایە، کۆمییونیزمێک کە بێ ئاغایە.
سلۆتەردایک: با وای دابنێن ئێمە لەدانیشتنی کۆتایی دانیشگەکەی نیکیییا داین Nikäa و یەکێک لە قەشەکان<< مطران>> لەکاتی کۆبوونەوەکەدا دەپرسێت: ئایا ئێمە دەبێت سلاڤۆی ژیژەکی برامان بخەینە ڕیزی تۆماری فەهرەستەکەوە؟ پێموایە بەشی هەرە زۆریان لەگەڵ ڕای کەنیسە دا دەبوون، چونکە ئەو شتێکی وای وتووە کە کۆن پێی دەوترا هەڵبەستراو، بدعە Häresie . سلاڤۆی ژیژەک ڕایەکی هەڵبژاردرێراوی بەرامبەر بە ڕاستییەکی گشتی وەرگرتووە: هەڵبەستراو واتە هەڵبژێردراو. لەم بارە کۆنکرێتیەشدا هەڵبژێردراو بریتییە لەوەی ئەنجامەکانی ئەو چیرۆکەی بیبل فەرامۆش بکرێت، کە باس لە هەستانەوە و دووبارەلەدایکبوونەوەی مەسیح دەکات. بەڵام خۆ ئەگەر ئەو چیرۆکە فەرامۆش بکرێت، ئەوا ئێمە مەسەلە سەرەکییەکەمان لەیادکردووە، چونکە پەیامی مەسیحایەتی بریتییە لەوەی کەوا مەرگ چیتر ئێمە لەناونابات. سەرکەوتنی جیهانییانەی مەسیحایەتی تەنیا لەسەر ئەو پەیامە ڕانەوەستاوە، کە خۆشەویستییەکی گەردوونییە، بەڵکو بەرلە هەر شت بەندە لەسەر بە سروشتیکردنەوەی هەڕەشەی مەرگێک کە ڕووبەڕووی هەموو کەسێک دەبێتەوە، بەبێئەوەی دەسەڵاتی ترسە وەسەنییانەکەی پشتگوێ بخرێت، لێرەوەیە هەموو ئیمپراتۆرەکان لەسەر دەسەڵاتی ترس دامەزراون. مرۆ دەتوانێت مێژوو وەها بگێڕیتەوە، بەوجۆرەی سلاڤۆی ژیژەک کردی، بەڵام دەبێت ڕەهەندێکی تری ئازادانەی بخرێتە سەر: بەبێ خۆدابڕان لەدەسەڵاتی ترس ( فۆبۆکراتی) هیچ ئازادییەک بوونی نییە، نە ئازادی مەسیحییانە و نە هی مولحیدانە. بەڵکو شتەکە تەنیا دەبێتە گۆڕینەوەی یەزدانەکان و بەس؛ جا جوپیتەر بێت یاخود مەسیح، هیچ جیاوازییەکی نابێت، مادامەکی هەردوو یەزدانییەکە بە هێزێکی فۆبۆکراتی بمێنن. بەدبەختانە مەسیحایەتی بووە بە سامناکترین فۆبۆکراتی هەموو مێژووی ئاینەکان و، بەتایبەتیش لەڕێی ئاوگوستینوسەوە، کە ئەم لەڕێگای تیۆری قەزاوقەدەرەوە جۆرێک پەرچەکرداری ڕاستەقینەی ترسی داهێنا، کە خۆشبەختانە فەلسەفەی ڕۆشنگەری ڕاگرت. تەنانەت لەناو خودی سەرکێشییەکەی کۆمیونیزمیشدا فۆبۆکراتی مەسیحی لە شێوەی تیرۆریزمی دەوڵەتدا درێژەی بەخۆی دابوو. ئەمە هێشتا تەواو نەبووە. ئەوەتا فۆبۆکراتی ئیسلامیش واز ناهێنێت. بۆ هەموو ئەوانەشی دەگەڕێن بەداوای دەرچوونێک لە ئۆردوگاکانی زۆرەملێیی فۆبۆکراتی کلاسیکی، ئەوا دەبێت ڕەهەندێکی ڕزگارکراوی مەسیحایەتی ڕۆشنکراو دابمەزرێنن. من خۆم دامەزراندنی مولحیدانەم لاپەسەندە، بەومەرجەی کار بکات لەسەر لابردنی توخمە فۆبۆکراتییەکانی وەسەنییەتی ئەنتیک.
لۆ مۆند: ئەم ساتە مێژووییەی ئێستا ئێمە پیاتێدەپەڕین، نیشانە دیارەکەی بریتییە لە توڕەیی، بەڕادەیەک ئەم توڕەیی و ناڕازیبوونە خۆی گەیاندووەتە بەرزترین پلەو لە دروشمی (( بڕۆ، ون بە))دا خۆی دەبینێتەوە. بە نموونە لە شۆڕشە عەرەبییەکان ولە ناڕەزاییە دیموکراتییەکانی ئیسپانیا دا بینیمان. ئەگەر ئێستا بمانەوێت باوەڕ بە سلاڤۆی ژیژەک بهێنین، ئەوا ئێوە بەڕێز پیتەر سلۆتەردایک، بەرامبەر بە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، کە پێتان وایە لە کینە و ڕقەوە سەرهەڵدەدەن، زۆر توندن؟
پیتەر سلۆتەردایک: ئێمە دەبێت جیاوازی بکەین لەنێوان توڕەیی و ڕق دا.. بەڕای من پانتاییەکی بەرفراوانی ئەو هەستە کاریگەرانە هەن کە سەر بە کایەی تیمۆسن thymos ، واتە سەر بە بواری سەروەری و شانازین. جۆرێک سەروەری بنەڕەتی هەیە کە شیاوی پوکانەوە نیە و دەکەوێتە نێو قوڵترین بناغەی بوونمانەوە. هەر لەم بوارە تیمۆتیکییەوەیە کە شتە دڵخۆش و شادیهێنەکە دێتە ئاراوە، کە تێرامانکردنێکی خۆشی هەموو ئەو شتانەیە کە هەن. لێرەدا بواری دەروونی چ گێچەڵێک ناناسێت. ئەگەر ئێمە کەمێک لە پەیژەی بەهاکان بێینە خوارەوە، ئەوا دەگەین بە خودسەروەری و بە شانازیکردن بە خودەوە. وە ئەگەر زیاتر دابەزین ئەوا دەگەین بە سوکایەتیکردنی ئەم سەروەریەی کە توڕەیی بەرپا دەکات. هەر کاتێک توڕەیی نەتوانێت خۆی دەربڕێت و مەحکوم بکرێت بە چاوەڕوانکردن، تاوەکو لە کاتێکی درەنگتر و لە شوێنێکی تردا خۆی دەربڕێت، ئەوا ئەمە دەبێتە مایەی دروستبوونی ڕق و کینە و بگرە شتەکە هەر دەڕوات تا دەگاتە ڕقێکی تێکشکێنەر، کە گەرەکێتی ئەو بابەتەی ئەم سووکایەتییەی لێوە پەیدا دەبێت بەتەواوەتی لەناوبەرێت.
ئەوەشمان نابێت لەبیر بچێت، کەوا بەپێی ئەریستۆتێلس، توڕەیی چاک بریتییە لەو هەستەی کەداوای دادوەری دەکات. دادوەرییەک توڕەیی نەناسێت، بە خرۆشانێکی بێدەسەڵات و زەلیل دەمێنێتەوە.
تەوژمە سۆسیالیستییەکانی سەدەی ١٩ و ٢٠ توانییان ببنە کۆگای توڕەیی جەماوەری: بێگومان ئەمەش شتێکی زۆر دروست و زۆر گرنگ بوو. بەڵام بەشێوەیەکی تراژیدیانەش بینیمان ژمارەیەکی زۆری مرۆڤ و زۆر لە ڕێکخراوەکانی چەپی ترادیسیۆنالی بەرەو ڕق و کینە ملیان نا. لێرەوەیە من بیر لە پێداویستی چەپێکی نوێ دەکەمەوە کە بکەوێتە ئەودیوی ڕق و کینەوە.
ژیژەک: ئەوەی هۆشیاری لە کینەدا ئاسوودە دەکات، پتر پەیوەستە بەوەوە کە، تۆ زیان بەئەویتر بگەیەنێت و ئەو کۆسپە لەناوببەیت، وەک لەوەی پەیوەست بێت بەوەی سود بە خۆت بگەیەنیت. ئێمەی سلۆڤینی هەر لە بنەڕەتی سروشتەوە وەهاین. ئایا ئەو ئەفسانەیە دەناسن، کاتێک فریشتەیەک دەچێتە لای جووتیارێک و لێی دەپرسێت: دەتەوێت مانگایەکت پێ بدەم؟ بەڵام وریا بە دوو مانگا دەدەم بە دراوسێکەت؟ ئەم جووتیارە سلۆڤێنییە دەڵێت: (( بێگومان نا)).
هەڵبەت بەلای منەوە ڕق و کینە هەرگیز هەڵوێستی هەژاران نییە. بەڵکو ڕاستتر هەڵوێستی ئاغا و سەردارە هەژارەکانە، وەک ئەوەی نیتچە زۆر بەباشی شیکاری کردووە. کە بریتییە لە ڕەوشتی (( کۆیلەکان)). تەنیا ئەوە نەبێت ئەو لەدیدی کۆمەڵایەتییەوە کەمێک هەڵە بووە. شتەکە لەبارەی کۆیلە ڕاستەقینەکانەوە نییە، بەڵکو لەبارەی ئەو کۆیلانەوەیە کە فیگارۆی بۆمارشێ دەیەوێت جێگەی سەردارەکانی پێ بگرێتەوە. من پێموایە، لە سەرمایەداریدا پێکهاتەیەکی زۆردیاریکراوهەیە لەنێوان ڕووە تیمۆتیکییەکان و ڕووە ئیرۆتیکییەکان دا. ئیرۆتیک( حەز)ی سەرمایەداری بەبەراورد بە تیمۆتیکێکی (شانازی)یەکی خراپ، کە کینە دروست دەکات، تەواو بووەتە شتێکی نێوەندکاری ومێدیایی: (( من حەزدەکەم ئەوەم هەبێت، بۆخۆم نا، بەڵکو بۆئەوەی بۆ کەسیتر نەبێت.)).
من لەگەڵ پیتەر سلۆتەردایک دا تەبام لەسەر ئەوە: لە بەنەڕەتیشدا گرفتە گەورەکە لەم پرسیارەدایە: دەبێت چۆن بیربکەینەوە لە کرداری پێدان و بەخشین لە ئەودیوی گۆڕینەوەوە و لە ئەودیوی کینەوە ؟ ئا لێرەدا من ڕەشبینم. خەڵکی گەندەڵ بوون و ناتوانین بیانگۆڕین. بەڵام هەندێکجار بەپێی بارودۆخەکە ئەوە دەکرێت.
هەڵبەت ئێوە ئەم دەستەواژەی تۆتالیتاریزمە دەناسن: (( ئیوە لە ئەبستراکتدا مرۆڤایەتیتان خۆشدەوێت، کەچی بە کۆنکرێتی ڕقتان لێیەتی.)). هەنووکە من لێرەدا تۆتالیتێرێکم، کە ئەگەرچی مرۆڤایەتیم خۆشدەوێت، کەچی مرۆڤە کۆنکرێتییەکەی بەرچاوم زۆرجار بە لاواز و بە بەدکار و بەترسنۆک دەبینم. منیش سکاڵا و گلەیی لەم گەمژەیەتییەی مرۆڤ دەکەم. بەڵام هێندە هەیە من باوەڕم بە کاریگەری ئەو مەشقە ڕۆحییە نییە، کە پیتەر سلۆتەردایک پێشنیاری دەکات. ئا لەمەشدا من زۆر ڕەشبینم. من دەمەوێت شوێنێکی تر بخەمە سەر ئەم ڕاهێنانەی خۆدیسیپلینکردن وەکئەوەی لای وەرزشکاران هەیە. لەبەرئەمەشە من بەشی کۆتایی ئەم کتێبەم (( ژیان لە کۆتایی کات دا)) نووسی، کە تیایدا من بەشێوەیەکی تارماییئامێزانە شوێن و پانتاییەکی یۆتۆپییانەی کۆمیونیزم دەبینم و ئاماژە بەو کارانە دەکەم، کە ئەوەی پێیدەگوترێت پێکەوە بوونێکی کۆمەڵییانەی گەرموگوڕ، شیاوی بینین و بیستن بکات. من ئیلهامم لەو فیلمانەی فیکشنی زانستییەوە وەرگرتووە، کە پاڵەوانی گەڕۆک و جۆری دەمارگیری تێدایە و بەڕاستیش کۆلێکتیڤ دروست دەکەن. تەنانەت شێوەژیانی تاکەکەسەکانیش دەتوانن جڵەوگیریمان بکەن. زۆرجار ئەوەش لە بیر دەکەین، کە ڤیکتۆر کراوشێنکۆ (١٩٠٥ــ ١٩٦٦) ئەو ئەفسەرە سۆڤیەتییەی کە زۆر زوو سامناکی ستالیزنیزمی لە کتێبی: من ئازادیم هەڵبژارد. دا ئاشکرا کرد و دوایش بەشێوەیەکی شەرمنانە لەلایەن ڕۆشنبیرانی سۆڤیەتچێتییەوە هێرشی کرایە سەر. بەدوای ئەم کتێبەدا، کاتێک لەبۆلیڤیا خەباتی دەکرد بۆدامەزراندنی سیستەمێکی دادوەری بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی، کتێبێکی تری نووسی لەژێر ناونیشانی: من دادوەریم هەڵبژارد. ئێمە دەبێت شوێن ئەو کراوشێنکۆ نوێیانە بکەوین کە ئەمڕۆ لە هەموولایەک، هەر لە باشوری ئەمریکاوە تاوەکو کەنارەکانی دەریای ناوەڕاست پەیدابوون، و دەبێت هانیان بدەین.
سلۆتەردایک: پێموایە ئێوە قوربانییەکی گەشەکردنی پسایکۆسیاسییانەی دەوڵەتەکانی ئەوروپای خۆرهەڵاتن. بە نموونە، لە ڕوسیا هەموو کەسێک کارەساتی تایبەتییانە و سیاسییانەی سەدساڵی ڕەبەقی بە کۆڵەوەیە. تراژیدیای کۆمیونیزم لەسەر گەلانی خۆرهەڵات کەڵەکەبووە و ناتوانن وا بە ئاسانی خۆیانی لێ دەرباز بکەن. هەموو ئەمانە لوولپێچێکی گومانکاری ئەوتۆجینی دروست دەکەن. ئەگەرچی منیش لە بنەڕەتی سروشتەوە ڕەشبینم، بەڵام ژیان ئەم ئەم ڕەشبینییە بنەڕەتییەمی پووچەڵ کردۆتەوە. کەواتە بابڵێین، من گەشبینێکم لەسەر ڕێگایەکی تری دروستبوون و پەروەردەبوون. لێرەشدا مەبەستم ئەوەیە، کەوا ئێمە تەواو نزیکین لە یەکەوە، لەبەرئەوەی ئێمە بە چەند مانایەک لە پنتی دەستپێکی جیاواز و ڕادیکالەوە و بە بیۆگرافیایەکی تەریب ڕەوتمان کرد، کە تیایدا هەمان کتێبمان خوێندۆتەوە .
لۆمۆند: دوا سەرنجتان دەربارەی کێشە ئابڕوومەندییەکی دۆمینیک شتراوس کان. ئایا ئەوە بەدڕەفتارییەکی سادەی ڕەوشتە یان نیشانەیەکە بۆ هەراسانکردنێکی گرنگ؟
سلۆتەردایک: ئەمە ئەو ڕووداوە جیهانییەیە کە بازیداوە بەسەر ڕووداوە ڕۆژانەییەکاندا. لەوانەیە دۆمینیک شتراوس کان کەسێکی بێگوناه دەرچێت.
بەڵام چیرۆکەکە ئەوە دەگەیەنێت، کەوا دەسەڵاتی زەبەلاحی تاکەکەسێک دەشێت ئاینی دەسەڵاتداران دروست بکات، کە من پێی دەڵێم پانتیزمی سێکسی ( یەکێتی سێکسی). ئێمە لەو باوەڕەدابووین کە ئەم شتانە لەگەڵ پاشاکانی خۆردا تەواوبوو بێتن، کەچی وا دەبینین بەشێوەیەکی سەیر لەسەدەی ٢١ دا چۆن ئەم مرۆڤی دەسەڵاتە دەیان هەزار جار خۆی فرەهێند دەکات، بۆ ئەو کەسانەی پێیان وایە کە هەموو بابەتی حەزە چنۆکانەکانیان بە تیشکدانەوە و ڕەونەقیانەوە دەردەکەوێت.
ژیژەک: تاکە ڕوویەکی بایەخداری ئەم کێشەیەی شتراوس لەو بۆنکردنەدایە کە دواجار دۆستەکانی دەیگوێزنەوە بۆ خێزانی قوربانییەکە، کە لە گینیا نیشتەجێن، و بڕێک پارەی گومڕاکەریان دەخەنە بەردەست بۆئەوەی کچەکەیان ( نافیساتۆ دیالۆ) سکاڵاکەی ڕاکێشێتەوە. ئەگەر ئەمە ڕاست بێت، دەبێت ئەوە چ نەهامەتییەک بێت. ئایا چی ژیانی خێزانێک قووتار دەکات و خۆشگوزەرانییان پێدەدات، پارە یان شکۆ؟ ئەمە لادانێکی ڕەوشتییانەی ڕاستەقینەی ئەم سەردەمەمانە.


 

تێبینی : ئەم وتووێژە ڕۆژنامەی لۆمۆندی فەرەنسی لەگەڵ هەردوو فیلۆسۆفی گەورەی سەردەم پیتەر سلۆتەردایک و سلاڤۆی ژیژەک دا ئەنجامدراوە و بۆ یەکەمینجار بەزمانی ئەڵمانی لەم کتێبە نوێیەی سلۆتەردایک دا بڵاو کراوەتەوە<< هەڵبژاردە زێدەڕۆکان>> کە چەند دیدار و وتووێژێکە لە گەڵ سلۆتەردایک دا. بەوەدا هەردوو فیلۆسۆفەکە لای خوێنەری کورد هەم ناویان بیستراوە وهەم شتیان لەبارەوە دەنووسرێت، هەم لەبەر بایەخی وتووێژەکە لە دیدی دوو فیلۆسۆفی جیاوازەوە، سلۆتەردایک وەک نیتچەگەر و تاکخوازێکی لیبرال و ژیژەک وەک مارکسییەکی ڕادیکال، دەستنیشانی کێشە ڕۆحی و دەروونی و ماتەریالی و ڕەوشتییەکانی جیهانی خۆرئاوا دەکەن. بەپێویستم زانی بۆ خوێنەرانی خۆشەویستی بکەمە کوردی. بەکر عەلی


 

سەرچاوە:

Peter Sloterdijk
Ausgewählte Übertreibungen
S. 377-390
Suhrkamp Verlag
Berlin 2013


سه‌رچاوه: بابه‌تی گۆڤاری مه‌ده‌نیه‌ت