شیرازنامە (٤)

Loading

پاش بڵاوبوونەوەی بەشی یەکەم، بەشی دووەم و بەشی سێیەم

بەشی چوارەم

بۆ فەتانەی خادم فارس

peshawakakayy
پێشەوا کاکەیی

سڵاو … لە حیکمەتی بەردەوە، ستاییشێک بەر لە ڕۆح، لە سروشت بێت. هەڵبەت ئەم هاوکێشەیە، گەر بە کوفرتان وەرگرت، بە کوفرێکی شیرین وەریبگرن. موناجاتێکە ئەمڕۆکە دەگەڵ ڕۆحی ئێوەدا نییە و، لە نائامادەیی ئێوەوەیە، گەر ئەم درێژدادڕییە دەکەم و دەبەر خۆمەوە تا دەگەیتە ئێرەکانێ، من لەگەڵ جیهانی نا بەجیهانکراودا دەدوێم. چ دەبێت کچی سەید زادەی ڕۆحبەر … بەر لەوەی بێیت و، وەڵامی پێشووتان لێ وەربگرمەوە و بچینە نێو دونیای شاعیرانی دییەوە؛ وەها بڵێم: کە “بەرد” لە دونیای شاعیران و عاریفانیشدا، هێندە دۆخی ڕەقی دراوەتێ، وەک ئەوەی جیهانی نائامادەیی بەجیهاننەکراوی بەرد، پشکی کوفری شیرینی بەرکەوتووبێت کە بۆ بە جیهانیی نەکراوە و، گانەوەر و ئاژەڵ و ئاو و هەوا و بەرد و درەخت … سەرتاپای بە بوون و نەبوونی ڕۆحەوە، جگە لە مرۆڤ، جیهانی نائامادەییان دراوەتێ پاڵ و، بە جهیانیی نەبوون. هەڵبەت بۆ وەی سەرتان نەهێشێنم، ئەم ورتەورتەی من، هەر لەم ورتەورتەوە سەرچاوە دەگرێت؛ کە مرۆڤێکی وەهای وەکوو منیش، گەر لە دەرەوەی عەقڵی مرۆڤ نەبێت، هەموو شتێک ناجیهانییە. بەس بۆ وەی بە جیهانیی کەرەستەکانی چ بەرد و ئاووهەوا و گانەوەر و ئاژەڵ و تا دوایی، بە جهیانی جیهانکراوی بدرەوشێنەوە، مرۆڤ چ هەنگاوێکی ناوە، بۆ وەی بەجیهانییان بکات. ئینجا هەچەڵ لێرەوە دەست پێ دەکات، کە دونیای شیعر لە کوێی ئەم بە جیهانیبوونەدایە و، شیعر چی کردووە و چی پێ بووە، بۆ وەی لەم ڕۆح و نا ڕۆحەی جیهانەدا، بە حەسرەتەوە بڕوانینەوە شتەکان.

پێشباس:
هێشتا هیچ نەبووبوو، سپێدە، بە ئاستەم باوێشکی دەدا، کە دوو تاڵە دەزووی سپیی لە ڕەشی جیا کردبۆوە، بۆ وەی ئەستێرە واز لەو خەوە قورسە بێنێت و، سەیری شەونمی سەر گیا بکات؛ کە چلۆن وا بەو سبحێنە زووییەوە، دەستونێژی بە زەنگۆڵ هەڵبگرێت، ئەویش چ زەنگۆڵێک، لە ئارەقەکردنەوەی زیکری ڕۆحی خۆیدا. من دەزانم، شەوانە: ئەستێرە، بە کوتەکیش وە ئاگا نایەتەوە؛ چوونکی هێندەی نازدرایە، هەر بچووکترین شتی بە دڵ نەبێت، ڕۆشنایی لەدەست دەدات. ئیدی مرۆڤ، کە سروشت دەبینێت، یان دەچێتە نێو سروشتەوە، وەها دەزانێت، قووڵایی بە جیهانبوونی جیهان لەوێدایە، نازانێت، کە جیهانی سروشت، دەبێت بە کردەیی مرۆڤەوە ببەسترێت و چۆن دەیبات و چلۆن لەگەڵیدا دەژیێت و چۆن لە نەمان دەیپارێزێت. ڕەنگە پێتان سەیر بێت، کچی سەید زادەی ڕۆحبەر … لەوەیە ئێوە بڵێن: چۆن مەگەر سروشت بە جیهانی جیهانکراو نییە، منیش بڵێم: نا؛ گەر مرۆڤ بە جیهانی جیهانکراوی نەکات، ئەرکی مرۆڤ و مرۆڤبوون و بوونەوەی سروشت لە کردەیدا چییە، گەر مرۆڤ دونیای ڕەسەن و ناڕەسەن لێکدی جودا نەکاتەوە. مەبەستم ئەوە نییە، لە حزوورتاندا بڵێم: سروشت ناڕەسەنە، نا سروشت ڕەسەنە، بەس شاعیر و عاریفەکان چۆن بە ڕەسەنێتیی دەکەن. مرۆڤ، وەک بازاڕەکی، سەیری شەتەکان نەکات؛ جیهانی شیعر، دەبێت لە جیهانی سروشت دەریبهێنێت و بە جیهانی سروشتیی بکاتەوە. سروشت وەک کەرەستەیەک، لە شیعربووندا بەردەوام بوونی هەیە. بەس گرنگ ئەوەیە چۆنییەتی بەردەوامی، چۆن بە بوونی بدەیەنەوە. گەر دڵتان هێشا، تکا دەکەم، بە گەوەرەییتان لەم ڕایەی من، بە جیهانبوونی جیهانی شیعر، ببەخشن.

جیهانی سروشت و بە جیهانبوونی جیهان:
با بچینە نێو سروشت و، ساتێک ڕا بمێنینەوە، تا لە نامەی ئایندەدا، لەمەڕ شاعیرێك قسە دەکەین. هەڵبەت گەر نەبمە سەرهێشە بۆ ئێوە، دەمەوێت بڵێم: “بەرد و حزووربوونیی و بە حزووربوونی بەرد”، ئەمە ئەو دوو جیهانە ڕۆحییە و نا ڕۆحییەیە، یان بڵێم: جیهانی ناڕۆحیی، چلۆن بە ڕۆحی بکەین. بەرد، گەر لە حزووردا شیعری لێ بتکێت، یان شیعری لێ داتاشرێت، ئەم شیعرە: سروشت دەباتەوە کوێی سروشت، گەر مرۆڤ، وەستاکاریی تێدا نەکات و، لەم جیهانە ڕووتەی دەربهێنێت و بیباتەوە نێو قووڵییەکەی. دەبێت بەرد، بگوازرێتەوە و، لە سادەییەکەی بێنینەوە دەرێ و جارێکی دیکە بە سادەیی بکەینەوە، سادەییەک لە قووڵیدا. ئەوسا، شیعر لە حزووری بەرددا، بە جیهانبوونی سروشتی دەکات. هەڵبەت ئەمە بۆ درەخت و گانەوەر و ئاو هەواو ئاژەڵ و تا دوایی، کە جیهانیی جووڵاو و نەجووڵاو، بە حزووربوون دەکرێت.

سروشت لە متبوونی مرۆڤدا:
هەر بە ڕاست، کامیان جووڵاوە و کامیان نەجووڵاوە، مرۆڤ بە هانای سروشتەوە دەچێت؟ ئەوە مرۆڤە لەم ساتەدا، مت بووە و، چاوەڕێی سروشتە بە بێ باڵ دەری بهێنێت، یان ئەوە سروشتە، لە نێو دونیا ڕۆحیی و چاوەکانیی مرۆڤدا مردووە و مرۆڤ نایەوێت ڕزگاری بکات؟ سروشت، چۆن مرۆڤ ڕزگار دەکات لە ناهەمواریی نێوەوەی مرۆڤ، دەبێت مرۆڤیش بە هەمان چەشن سروشت بباتە مەنزڵ و تەواوکەی یەکدی بن. لە تەشریف ئێوەدا، دەڵێم: هەچەڵی ئەم بێنەوبەردەیەی ژیان لەوەوە سەرچاوە دەگرێت، کە چۆن مرۆڤ لە هەناوی خۆیدا بێزار بووە، ڕەنگدانەوەی دەرەوەشی هەیە، سروشتیش بە دەست ئەم نەخۆشییەی مرۆڤ، تووشی شپرزە و نەخۆشبوون چووە و تووخنی مەرگ دەکەوێت. متبوونی سروشت و متبوونی مرۆڤ، تەواوکەریی یەکدین، بەس کچی سەید زادەی ڕۆحبەر … متبوونی سروشت، بە بڕوای من، لە بێهیوایی مرۆڤەوە سەرچاوە دەگرێت. وە بیر ڕۆحتان دەخەمەوە، کە دەبێت سروشت و بە جیهانی جیهانکراوی سروشت، ترووسکاییەکی پێ بدەینەوە و نابێت سروشت دەگەڵ خۆماندا ببیەنەوە دۆخی متبوونەوە. با سروشت، بکەینە ئیلهامی دەربازبوون لە متبوونمان. تاوەکوو دیدارێکی دی، ڕۆحتان هەر ئاسوودە بێت.

 

19/ ١٠ / ٢٠١٦ قەڵادزێ

 

مافی بڵاوکردنەوە بۆ نوسەر و کولتور مەگەزین پارێزراوە! ڕێنوس و خاڵبەندی تایبەتە بەنوسەر خۆی.
مافی بڵاوکردنەوە بۆ نوسەر و کولتور مەگەزین پارێزراوە!
ڕێنوس و خاڵبەندی تایبەتە بەنوسەر خۆی.