دۆگڤیل؛ دیوە تاریک و نەخۆشەکەی هزری مرۆڤ!

Loading

ئیسماعیل ئەحمەد

دۆگڤیل-ی دەرهێنەری دانیمارکی گەورە ‘لارس ڤۆن ترێیە’ شاکرارێکی مۆدێرنە! هەرچەندە ڤۆن ترێیە نامۆ نییە بە سەرسامکردنی بینەرەکانی بە ستایلە جیاواز و تایبەتەکەی، بەڵام ئەو فیلمەی ئەزمونێکی نوێ و جیاوازە لە دونیای سینەما کە لە ڕوی دیزاین و فۆرم و گێرانەوە و ناوەڕۆکیش لە کارەکانی تری جیایە.

هەرچەندە  تەوژمی پیداگۆگی/ پەروەردەیی  شانۆی ‘برێخت’-ی بە جوانی بەسەر ئەو کارەوە دیارە، بەڵام لەگەل ئەوەش، دۆگڤیل دەکرێت وەک ژانرێکی نوێی هونەری تێکەل لە شانۆ و سینەما، کە ڤۆن تێریە زۆر سەرکەوتوانە و شارەزایانە خولقاندویەتی سەیربکرێت. ڕۆلبینینی بەرجەستە  و نایابی ‘نیکۆل کیدمان’ لە ڕۆلی پالەوانی سەرەکی (گرێیس) و هەروەها ئەدای سەرکەوتوانەی ئەکتەرە یاریدەدەرەکانی تر و دیزاینی فەزا سنووردار و بچوکراوەکەی شوێنی ڕووداوەکان زیادتر ڕۆحێکی شانۆئاسا لەو فیلمە بەرجەستەدەکات.

خودی چیرۆکەکە دەرخستنی ئەو لایەنە تاریک و بزر و ناشیرنانەیە کە لە ناخی هەموو کۆمەلێک بە شاراوەیی پەنگی خواردووە، جا ئەو کۆمەڵە کۆمەڵێکی بچوکی وەک ئەوەی دۆگڤیل بێت یان کۆمەڵگەیەکی گەورە بێت. خیانەت، ترس، فەساد، بەکۆیلەکردن و خود بەڕاستزانین لە ناخی هەموو ئەوانەی لە دۆگڤیل دەژین پەنگی خواردووە و ئەوەش بینەر ڕاستەوخۆ   ڕوبەڕودەکاتەوە لەگەڵ لاینە هەرە تاریک و نەخۆشەکانی هزری مرۆڤ.

گرێیس (نیکۆل کیدمان) دەستحەقی وەردەگرت؛ ئێ ڕاستە زۆر نەبوو، بەڵام خەڵکی دۆگڤیل خانوێکیان بۆ دروستکرد کە تێیدا بژیت. کەس ناتوانیت لەوە زیادتر داوابکات، و گرێس-یش بۆ ئەوە سوپاسگوزار و گوێرایەڵ بوو تا ڕادەی تاوان.

لە راستیدا خەلکی دۆگڤیل نە یارمەتی ئەویان دەوێت و نە پێویستیان بە بەهرەکانیەتی. ئەواندەتوانن کارەکانی خۆیان بکەن. ئەوان پێش ئەوەی گرێیس-یش بێت خۆیان ئەو کارانەیان ئەنجامداوە. گرێس-ی هەڵاتوو لەلایەن ئایدیالیستی گوندەکە ‘تۆم ئەدیسون جونیۆر’ (پۆل بێتنی) دەدۆزرێتەوە.

تۆم نوسەرە. ئەو خاوەن خەون و ڕوئیایە. ئەو “پاکە”. ئەو هەوڵدەدات روناکی بخاتە سەر لایەنی چاکە لەمرۆڤەکان. ئەو هەژارەکانی خۆشدەوێت، چڵکنەکان، خەلکی زەحمەتکێشی دۆگڤیل کە وەک ‘تۆم’ خۆی دەلێت زیادترلە “بۆقی بە پەل وپۆی بچوکی چلکن” دەچن نەک مرۆڤ. ئەوان خەڵکی باش و بەخشەندەن و یارمەتی ‘گرێیس’-یان دا.

ئەوان گرێیس-یان هەیە. گرێیس ئەوانە بۆ خۆشویستن و بۆ کوشتن. گرێس بە جۆرێک لە جۆرەکان خزمەتکاری ئەوانە. ئەوان ئەگەر خۆشیشیان نەوێت ڕقیان لێی نییە. گرێیس هندێک لە کارە سوکەکانی ئەوان دەکات. کرێیس گوێڕایەلە و کارەکانی خۆی زۆر بە باشی ئەنجامدەدات. گوندەکە وەک ئەوەی زۆر بەوە دلخۆشە و بە تێپەربونی کات لە گەشانەوەیە. لە زستانێکئ سارد و خامۆش دۆگڤیل دەپەرێتەوە بۆ بەهار، لوێشەوە بۆ هاوێنێکی ڕووکراوە بەڵام بە حەزەر، و گرێیس؟ ئەو سوپاسگوزارە.

شتەکان بە باشی بۆ گرێیس و دۆگڤیل بەڕێوەدەچن، بەڵام دەستەڵات فشاری بەردەوام دێنیت بۆ دۆزینەوەی گرێیس. خەڵکی گوندەکە وردە  وردە هەست بە ناڕەحەتی دەکەن. لە کۆتایی، ئەوان خەلکێکی گوێڕایەڵی یاسان و دەستیان بە کڵاوی خۆیانەوە گرتووە تا با نەیبات، ئەوان نایانەوێت هیچ شتێکی هەڵە بکەن، بۆیە وەک خەڵکێکی دادپەروەر، سازان لەسەر ئەوە دەکەن کە مل بۆ فشاری دەسەڵات نەدەن و لە بەرامبەر کاری زیادتر و دەستحەقی کەمتر بەردەوامی بە پەنادانی گرێیس بدەن.

p34144_p_v7_aaدادپەروەری، به هەرحال، پێوستە بپێورێت و عادیلانە جێبەجێبکرێت، بەتایبەتی کاتێک کە تاوانێک بە ئاسمانەوەیە. بێگومان خەلکی دۆگڤیل تاوانبارنین و گرێیس خالی سەرنجی ئەو پۆستەرانەیە کە تێیدا وێنەکەی وەک تاوانبارێک دەردەکەویت و لەهەر کوێیەک تاوان هەبیت سزاش هەیە. هەموو ئەوە دەزان، تەنانەت منالیش، وەک ئەو مناڵەی کە پەڕخاشی لە گرێیس دەکات تا لێبدات و سزایبدات، ئەوە دەزانیت. مناڵەکە خەراپ ڕەفتاری کردووە و دەزانیت بۆ تاوانەکەی پێویستە سزاربدرێت. گرێیس بە نابەدڵی ملدەدات بۆ داواکەی و لە منالەکە دەدات. لێرە دیسان دادپەروەری  بەرقەرارکرا و جارێکی تریش باڵانسی ‌هێزی ناسک و هەستیاری  نێوان دەسەڵات و گوێرایەڵ پارێزرا.

گۆێڕایەڵی باشە. هەر ئایدۆلیجستێکی باش ئەوەت پێدەڵێت. بیرۆکەی باش پێوستە زاڵ بیت بەسەر مرۆڤ. تۆم ئەدیسون (پۆل بێتنی) ئەوەت پێدەڵێت ؛ کاتێک بەکۆلانەکانی دۆگڤل دا دەسوڕێتەوە یان لەو کۆبوونەوانەی کە ڕێکیان دەخات یان لە ناو ئەو کتێبانەی کە پیلانی داناوە رۆژێک لە رۆژان بیان نوسێت،  گرێیس-یش گوێڕایەڵە. هەرکە فشار و پاداشت لە لایەن  دەستەڵاتەوە زیاد دەکات بۆ دۆزینەوە و بەدەستەوەدانی گرێیس، بۆ ئەوەی دادپەروەری بەرقەراربیت پێویستە باڵانسی هێز لە نێوان دۆگڤیل و گریێس رێکبخرێتەوە.

کات تێدەپەریت….زستانە، گرێیس گوێڕایەلی خواست و داوای هەموو پیاوانی گوندەکە بووە. هێز پێوستە خزمەت بکرێت. ژنانی دۆگڤیل ئەو خزمەتەی گریێس-یان بۆ پیاواەکانیان زۆر بە دڵ نییەوە، بۆیە ویستی بەکارهێنانی هەموو زانیاری و توانای خۆیان بۆ ئەوەی گرێیس لەو بەهەشتەی خۆیان دوورخەنەوە ڕۆژ بە ڕۆژ زیاددەکات. لە کۆتایی بڕیار لەسەر ئەو کارە خێرە دەدرێت، بەڵام نەک پێشئەوەی ئەدیسۆن خۆشەویستی نەمری خۆی دەبرێت و گرێیس ئیزنی ئەوەی لێبخوازیت کە لە هەلومەرجێکی لەبارتر خۆی تەسلیم بکات. چونکە لە ئێستا، واقع تەنها ئەوزنجیرانەیە کە پەیوەندە بە زەنگولێکی مانگای قایمکراو لە گەردەنی بۆ ئەوەی ڕانەکات.

بێگۆمان، تۆم ویستویەتی یارمەتی بدات بە دزینی پارە لە باوکی. بۆ خۆشبەختی دانشتوانی دۆگڤیل، ‘یەهودا’یەک لە و ناویە کە لەدوای یان لە کاتی ماچە خیانتکارەکانی دەستدرێژیکراوتە سەر، کەم تا زۆر بە خواستی خۆی. سێکس دزەناکاتە ناو دڵە پاکەکان و تۆم بڕیار دەدات گرێیس پێوستە بڕوات. گرێیس ئیستا مەترسیە لەسەر ئایدیاکانی، بۆیە ئەوە یان ئەو یان بڕواکانی. بەفر دەبارێت.

مانگەشەو دەدرەوشێتەوە. دەسەڵات دێت. خەڵکی دۆگڤیل وەک هەمیشە گوێڕایەلن. ئەوە هێزە وەک شانازی ئەبەدەی. پیاوەکانی نوێنەری هێز و دەستەلات…بە ڕابەرایەتی باوکی گرێیس کۆڵانەکانی دۆگڤیل پڕدەکەن لەڕەحمەتی خۆیان. ئەوجارە ئەوان هەڵگری ئاڵای بەرقەرارکردنی دادپەروەرین و دادپەروەری خۆیان بە سەخاوەتێکی ئیلاهیانە بەسەرە خەلکی دۆگڤیل دەبارێنن. تەنانەت گرێیس-ی جارێک کۆیلە و دڵ پر بەزەی و لێبوردنیش هێزی تازە بەدەستهاتووی خۆی دەرچوو لە لولەی دەمانچەیەک لە کەلسەری خۆشەویستە ئایدیالیستەکەی بەتاڵدەکات.

چیرۆکی دۆگڤیل تەنها چیرۆکێکی مەجازی گوندێکی خەوتووی ئەمریکی لە بناری چیاکانی رۆکی لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەم نییە. هەر گوندێکی دوورە دەست و داخراو لە هەر شوێنێکی ئەو دونیایە دەکرێت دۆگڤیلێک بێت. دۆگڤیل دەکرێت کۆلانی هەر شارێک بیت لەو جیهانە. دەکرێت لە ناخی هەر یەک لە ئێمە دۆگڤیلێک خەوتبێت!  دۆگڤیل ئەوەمان بیردەخاتەوە کە مرۆڤ نە فریشتەیە و نە ئەهریمەن، بەلکو مرۆڤ تەنها مرۆڤە، مرۆڤیش ئەو مەخلۆقە خۆپەرست و هەلپەرست و دڕندەیە کە تەنها لە کولانەی بەژەوەندیەکانی خۆیەوە دونیا دەبینێت.

 لەکۆتایی، ئەوەی کە وەک ڕەخنە دەکرێت ئاراستەی ناوەڕۆکی ئەو فیلمە بکرێت ئەوەیە؛ کە پەیامەکەی تەواو ڕەشبینانەیە بەرامبەر بە سروشتی مرۆڤ و هیچ دەلاقەیەک بۆ گەشبینی لایەنە ڕۆشنەنکانی مرۆڤ نایەلێتەوە. بەتایبەتی کاتێک لە کۆتایی ئایدیالیست و فەیلەسوفی گوندەکەش وەک کەسێکی دووڕوو  و نغرۆ لە حەزی خۆپەرستانە و ویستی تۆلەکردنەوە بەرجەستەدەکرێت و گرێیس-ش تەسلیم بە شیعر و ئەفسونی هێز و دەسەڵات و حەزی تۆڵەکردنەوە دەبیت.

تەواو

کولتور مەگەزین ؛ ڕێنوس و خاڵبەندی کەمێک دەستکاری کراوە ، بەگشتی تایبەتە بەنوسەری  بابەت !