تورکیا و سەربەخۆیی کوردستان

Loading

لە ٢٠١٢ ـەوە یەکێک لەو هۆکارانەی کە بازاڕی قسەکردنی لەسەر سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان گەرمکردوە بەزەقی هەڵوێست وەرنەگرتنی تورکیایە لەو دەنگەدەنگەی کە لە هەرێم دەبیسترێت. دوای زیاتر لە ٢٠ ساڵ لەتەمەنی حکومەتی هەرێم، وادەردەکەوت کە تورکیا هەرێمی کوردستانی وەک واقعێک، ئەگەر تاڵیشبێت، قەبوڵکردوە.

هەندێک لە کوردەکان ئەوەیان وادەهاتە بەرچاو کە لەوانەیە تورکیا کوردستانێکی سەربەخۆشی هەر قەبوڵ بێت. دیارە لەبەرابەردا کەسانێک هەبوون پێیانوابوو کە بێدەنگییەکەی تورکیا لەوانەیە بگەڕێتەوە بۆ جدی نەبوونی هەوڵەکان لەباشور. هەندێکیش پێیانوایە هەر هەوڵێکی هەرێم بۆ سەربەخۆیی دەبێتە مایەی هێرشی تورکیا بۆ سەر هەرێم لەگەڵ داخستنی سنوورەکانی بەڕوویدا.

سەرەڕای نادیاریی هەڵوێستی تورکیا لەسەر پرسی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان, بەڵام هەندێک پێشهات‌و هۆکار هەن کە ئاماژەن بۆ جۆرێک گۆڕان لە دیدو تێگەیشتنی تورکیا، لەوانە:

یەکەم: تورکیا چاکی دەزانی کە هەر هێرشێک بۆ سەر هەرێمی کوردستان، دەهێندە کێشەی کوردەکانی خۆی لێ قوڵترو ئاڵۆزتردەکات.

دووەم: تورکیا لەوانەیە ئەو توانایەی هەبێت کە هەرێمی کورستان داگیربکات، بەڵام وەک چۆن ئەمریکا حکومەتەکەی سەدامی لە چەند هەفتەیەکدا ڕووخاند، کەچی زەحمەتێکی زۆری دیت لە کۆنترۆڵکردنی عێراق‌و دواجاریش پاش هەشت ساڵ بە پەلەپروزکێ عێراقی جێهێشت. چارەنوسی تورکیاش لە هاتنی بۆ هەرێم لەوە باشتر نابێت.

سێیەم: ئەگەر تورکیا هێرش بکاتە سەر هەرێم ئەوە ئەگەرەکانی بەئەندامبوونی لە یەکێتیی ئەوروپا، کە لەئاکامی داگیرکردنی قوبرس تا ئێستا بە ئامانج نەگەیشتوە، هێندەی دیکە دوادەخات.

چوارەم: گۆڕانکارییەکان لە دیدو تێگەیشتن‌و ئامانجەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دوای گیرانی سەرۆکەکەیان (عەبدوڵا ئۆجەلان) وانیشاندەدەن، کە کوردەکانی تورکیا کەمتر مەیل بەسەربەخۆیینە و زیاتر داوای خۆسەری دەکەن. ئەمەش لەوانەیە هەڵوێستی تورکیای لەبەرابەر سەربەخۆیی کوردەکانی عێراق هێورترکردبێتەوە.

پێنجەم: قەبەیی قەبارەی بازرگانی نێوان هەرێم‌و تورکیا، کە لە ٢٠٠٩ دا گەیشتبوە ١٠ ملیار دۆلارو لە ٢٠١٥ دا خۆی لە ١٢ ملیار دۆلار دەدا، لەوانەیە وایکردبێ تورکیا لەهێرشکردن بۆ سەر هەرێم سڵکاتەوە. لە سەرەتای ٢٠١٢ دا ژمارەی کۆمپانیا تورکییەکان لە هەرێم گەیشتبوە ١٠٢٣ کۆمپانیا. هەندێک سەرچاوە باس لەوە دەکەن کە ٩٠% ی ئەو کەلوپەلانەی لە بازاڕەکانی هەرێمدا دەفرۆشرێن تورکین. ئەمەش ئەگەرەکانی هێرشکردنە سەر هەرێم کەمتردەکاتەوە.

فۆتۆ له‌ ویكیپیدیای كوردیه‌وه‌؛ چەند سەرکردەیەکی سەربازی کۆماری مەهاباد- مستەفا بارزانی لە پێشەوە و لە ناوەڕاستدایە
فۆتۆ له‌ ویكیپیدیای كوردیه‌وه‌؛ چەند سەرکردەیەکی سەربازی کۆماری مەهاباد- مستەفا بارزانی لە پێشەوە و لە ناوەڕاستدایە

 شەشەم: دروستبوونی پەیوەندیەکی شەخسی‌و بازرگانی‌ لەنێوان بنەماڵەی بارزانی‌و هەندێک لە سەرکردەکانی پارتی عەدالەت‌و گەشەپێدان (ئەکەپە).

حەوتەم: ئێستا قسە لەسەر جێگرتنەوەی ڕوسیا دەکرێت لەلایەن هەرێمەوە لە دابینکردنی غازو نەوت بۆ تورکیا، بەتایبەتی دوای خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی ڕوسی لەلایەن هێزە ئاسمانییەکانی تورکیا لەگەڵ ئەو گرژیانەی لەنێوانیاندا هەیە لەسەر هەڵوێستیان لەپەیوەند بە سوریا. ئەم گۆڕانکارییانە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم‌و تورکیای بردە ئاستێکی دیکە.

هەشتەم:  لە ٢٠١٢ ـەوە پەیوەندییەکانی عێراق‌و تورکیا هەڵبەزو دابەزی زۆری بەخۆوەدیوەو ڕۆژبەڕۆژ خراپتربووە. تێکچونی پەیوەندییەکانی ئەنقەرەو بەغدا، لێکنزیککەوتنەوەی ئەنقەرەو هەولێری لێکەوتۆتەوە.

ئەو فاکتەرو گۆڕانکارییانە دەکرێت وامانلێبکات بڵێین؛ لەوانەیە تورکیا دەوڵەتێکی کوردی لە هەرێم قەبوڵبکات، بەڵام ئاماژەکانی دوای دروستبوونی ئەزمونی ڕۆژاڤا لە کوردستانی سوریا پێچەوانەی ئەوەمان پێدەڵێت. هەڵوێستەکانی تورکیا لەگەڵ بەهێزبوونی ڕۆژاڤا زۆر گۆڕاوە. بۆیە لەو پەیوەندە بەبنەما لەسەر گۆڕانکارییەکان، بەتایبەتی ئەو داوایەی کەئەردۆگان لە بارزانی کرد لەو سەردانەی کە بۆ تورکیا کردی لە ئابی ٢٠١٦ دا کە گفتوگۆ بکەن لەگەڵ بەغدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان، دەکرێت بڵێین؛ ئەگەری قەبوڵکردنی دەوڵەتێکی کوردی هاوسێ لەلایەن دەوڵەتی تورکیا زۆر دوورە مەگەر ئەو دەوڵەتە وەک قوبرسی باکوور هەر بەناو سەربەخۆ بێت‌و تەواو ملکەچی ئەنقەرە بێت.

ئەم بێدەنگیەی تورکیا لەبەرابەر پەیام‌ و وتەکانی مەسعود بارزانی‌ و میدیاکانی نزیک لە پارتی هێندەی مەبەست لێی بەستنەوەی هەرێمە بە تورکیا وەک پارێزراوێک (محمیة) ئەوەندە مەبەست لێی قەبوڵکردنی تورکیا نییە بە دەوڵەتێکی بەمانا کوردیی‌و سەربەخۆ.

ئەوەی ڕاستیبێت، ئەو هۆکارانەی پێشوتر هەڵوێستەیان لەسەر کرا تاکە هۆکار نەبوون بۆ نزیکبوونەوەی حکومەتی هەرێم‌‌‌و تورکیا،  بەڵکو بەهێزبوونی پێگەی ئێران لە بەغدا، بەتایبەتی دوای دەرچوونی ئەمریکییەکان لە عێراق لە ٢٠١١ دا زیاتر هانی تورکیایدا لە هەرێم نزیکبێتەوە.

لەئەنجامی باڵادەستبوونی ئێران لە عێراق‌و سەرلەنوێ سەرهەڵدانەوەی پۆلینبەندیی ناوچەکە لەسەر بنەمای مەزهەبیی، شیعە لەدژی سوننە، تورکیا قەناعەتێکی لادروستبووە کە بەیەکپارچەیی مانەوەی عێراق لەوانەیە زەحمەتبێت، بۆیە هێندەی دیکە خۆی لە هەرێم نزیکدەکردەوە بەمەبەستی ئەوەی کە زەرەر لە نیوەی بگەڕێتەوە. بەمانایەکی دیکە، لەجیاتی ئەوەی تەواوی عێراقی لەدەستبچێت با بەشێکی لەدەستبچێت، بەوەی کە هەرێم لەژێر باڵی ئەودا بمێنێتەوە جا ئەگەر سەربەخۆش بێت.

 تورکیا زۆر بە ووردی مامەڵە لەگەڵ پرسی هەرێم لە عێراق دەکات. ئەو دەیەوێت هەرێم ئەگەر سەربەخۆ بوو نەک هەر نەیاری ئەو نەبێت بەڵکو دەستکەلای ئەو بێت، بۆیە هەموو هەوڵەکانی خۆی خستۆتەگەڕ بۆئەوەی جێگەی هەرێم بکاتەوە لەژێر باڵی تەوەری سوننە لە ناوچەکە. بێدەنگیی تورکیا لەو وتانەی کە بارزانی‌و هاوبیرەکانی لەپەیوەند بە سەربەخۆیی دەیکەن تەنیا دەکرێت لەو چوارچێوەیەدا خوێندنەوەی بۆ بکرێت.

هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ لەسوریاو پشتیوانیکردنی حکومەتی عێراقی لەحکومەتەکەی (بەشار ئەسەد) کە هەردووکیان وەک حکومەتی شیعی ناسراون، لەبەرابەریشدا پشتیوانیکردنی تورکیا لە هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی سوریا بەهەندێک گروپی تیرۆرستیشەوە، تورکیای هێندەی دیکە لە حکومەتی مەرکەزی دوورو لە حکومەتی هەرێم نزیککردەوە.

ئەگەر هەرێم پشتیوانی، یان لانیکەم بێدەنگی تورکیا مسۆگەر بکات، کە ئاماژەکانی زۆر ڕوون نین، ئەوە ئەوکات زۆر سەختدەبێت بۆ حکومەتی مەرکەزی لە بەغدا ڕێگری لە جیابوونەوەی کوردەکان بکات. بەواتایەکی دیکە، جیابوونەوەی هەرێم ئەوەندەی پەیوەندی بە هەڵوێستی ئەنقەرەوە هەیە ئەوەندە پەیوەست نییە بە هەڵوێستی بەغدا.

هەرچۆنێک بێت، ساڵانێکە زۆر کەس دەڵێن کە جیابوونەوەی کوردستان پرسی کاتە زیاتر لەهەر شتێکی دیکە، بەڵام شکستی حکومەتی هەرێم لە سیاسەتی سەربەخۆی نەوت‌ لەگەڵ نغرۆبوونی ئەو نوخبە سیاسییەی کە بانگەشەی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی دەکات تا بنەقاقای لە گەندەڵی‌و دزی سامانی گشتیی وای لەزۆر کەس کردوە کە تا ئەو نوخبە سیاسییە باڵادەستبن دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی لە خەونێک بۆ گەل‌و گەمەیەک‌و موزایەدەیەکی سیاسی قێزەون لەلایەن نوخبە سیاسییەکەوە هیچی دیکە نییە.

تەواو

مافی بڵاوکردنەوە بۆ نوسەر و کولتور مەگەزین پارێزراوە! ڕێنوس و خاڵبەندی تایبەتە بەنوسەر خۆی.
ڕێنوس و خاڵبەندی تایبەتە بەنوسەر خۆی