فاشیزمی کۆمێدی، فاشیزمی سێکس

Loading

وا ڕاهاتووین فاشیزم کارئەکتەرێکی توڕەو توندڕەو خوێنڕێژ بێت و تێکڕا بەرهەمهێنەری سیستمێکی یان ڕژێمێکی پۆلیسی، سەربازیی و ئاسایشی و هەواڵگیری تۆکمەو پۆڵایین بێت؛ بەڵام ئەم مۆدێلە لەفاشیزم ئەم مۆدێلە لەکاریزمای نەژادپەرستی کە تڕامپ هەر لەسەرەتاکانی هەڵبژاردنەوە وێنایکرد تا ئەم سەروەختە کە بووە بەسەرۆکی سەرلەبەری ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، تێکڕا فاشیزمێکی تەواو جیاواز و کەم وێنەیە. ئەوەی میدیاکانی ئەمریکا و شرۆڤەکارانی ئەم وڵاتە بە قوڵی هەستیان پێنەکرد و نەیانتوانی لەئاستێکی ئەکادیمی و فیکریدا شیکاریی وردی بۆ بکەن ئەوە بوو کە مۆدێلە لە فاشیزم؛ فاشیزمێکی کۆمێدی و سێکسی و نەتەوەیی و جەماوەری و سەرمایەداریی بوو.

ئەم مۆدێلە لە فاشیزم خاڵییە لە فاشیزمێکی شۆڕشگێڕانەی نەتەوە پەرستی، بەڵام لێوڕێژە لەکاریزمای خودشەیدایی و نەژادشەیدایی لەئاستێکی کۆمێدیدا. ئەم مۆدێلە لە فاشیزم خاڵییە لە توندتیژی و خوێنڕشتن، بەڵام پڕە لە وەئاگاهينانەوەی  نەژادپەرستی و دەمارگیریی ڕەگەزخوازی بەڵام لەئاستێکی سایکۆلۆژی و فەرهەنگیدا.

فاشیزمی سروشتی و ئاسایی وەک کارئەکتەرێکی سەر شەقامەکان و ناوبازاڕەکان و ناو گازینۆکان، ترامپ کەسایەتییەکی سیاسی یان حکومڕانی نەبووە و مێژووی ئەم پیاوە لەبری ئەوەی لەناو حیزبدا پیر بووبێت، لەناو ئافرەتەکان و گازینۆکان و سەرمایەگوزاریدا قاڵبووە.

ترامپ لەهەناوی حیزبێکی فاشی و ڕەگەزپەرست و نەژادپەرستەوە نەهاتۆتە دەرێ وەک هێتلەر و بینۆشێ و مۆسۆلۆنی، بەڵکە لەهەناوی کۆمێدیایەکی کۆمەڵایەتی و گاڵتەجارییەکی سیاسی و کاریزمای میللی و سەرمایەگوزاریی بە ئەمریکاییبوونەوە هاتبووە دەرێ.

دەرئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکەی ئەمریکا سەلماندنی کە گرنگ نیە سەرۆک مێژووییەکی قوڵ و چەندین ساڵەی هەبێت لەناو سیاسەت و حکومڕانیدا، گرنگ نییە لەبواری زانستە سیاسییەکاندا یان فەلسەفەی سیاسی یان ئاسایشی نیشتیمانی یان فەلەسفەی تەواکردبێت. ترامپ کەسایەتییەکی میللییە وەک گۆرانبێژێکی میللی، کەسایەتییەکی سێکسی، کارئەکتەرێکی کۆمێدی، کارئەکتەرێکی خودشەیدا و نەژاد شەیدایە.

سەرجەم ناوەندەکانی لێکۆڵینەوەو شرۆڤەکاران و ناوەندەکانی راپرسی تێکڕا کەوتنە هەڵەیەکی گەورەوە، سەرجەم پێنوابوو کە ترامپ بەهۆی هەڵسوکەوتە ناشایستە و سێکسی و لێدوانەکانییەوە دژی ئیسلام و کۆچبەرانو شوبهاندن و تێکەڵکردنی تیرۆر و ئاین و پڕۆژەکانییەوە بۆ دروستکردنی گەورەترین دیواری جیهان لەنێوان ئەمریکاو مەکسیک بۆ رێگرتن لەهاتنی مەکسییەکیاکن بۆ ئەمریکا؛ تێکڕا لەم هەڵبژاردنەدا شکستێکی گەورە دەهێنێت، ئەوان پێنوابوو کاتێک ترامپ پرسی دروستکردنی دیواری بەرزی نێوان ئەمریکاو مەکسیکی وروژاند و وتی دەبێت کۆچبەرە نایاسییەکانی ئەم وڵاتە دەربکرێن و دەبێت بە سەرجەم دۆسێییەی کۆچبەرە یاساییەکانیشدا بچینەوە، تۆڕە میدیاییە گەورەکان و ناوەندەکانی شرۆڤە و لێکۆڵینەوە وایان دەزانی ئەمە تەنها دەبێتە هۆی ئەوەی پرسی پێکەوەژیان و فرە کولتوری دەخاتە بەر مەترسی؛ بەڵام خەیاڵیان بۆ ئەوە نەڕۆیشت کە ئەم لێدوانە وروژێنەر و سەختانە هەستی نەژادپەرستی و کاریزمای ئەمریکی لەخەو هەستان و ملیوێنەها مرۆڤی نەژادپەرستی و دەمارگیری خەبەرکردەوە.

هەستی قوڵی کاریزمای ئەمریکی یان ئەمریکان شەیدایی چەندین ساڵ لەخەوێکی قوڵ و لەدۆخێکی خەفەبوودا بووە، بەڵام ترامپ ئەو خەڵکەی خەبەر کردەوە. ئەمە یەک؛ خەڵکی ئەمریکی بە گشتی خەڵکانێکی فشقیات و کۆمێدیین یان حەزیان لە شتی کۆمێدی و تازەیە بەبەڵگەی ئەوەی شار نیە لەم ئەمریکایە کۆمیدیا کڵەب ان فەن کڵەبی تیادا نەبێت؛ ژیانی رۆژانەشیان پڕە لە کۆمیدیا و فشقیات و جوێن و گاڵتەو رابواردن. ترامپ ئەو کەسایەتییە کۆمێدیی و فلیمکارتۆنییە بوو، کە هەر زوو لە پیاوێکی ناو بازاڕ و کڵەپ و کازینۆکانەوە خۆیکرد بەناو باڵاترین سیستمی ئەم وڵاتەدا و بوو بە سەرۆکی گەورەترین وڵات و زلهێزترین وڵاتی دنیا.

هونەرمەنديکی سینەمایی بیڕوڕاکانی ترامپی بەرجەستە کردووەە / دەیلی مەیل
هونەرمەنديکی سینەمایی بیڕوڕاکانی ترامپی بەرجەستە کردووەە / دەیلی مەیل

ئەوەمان بیر نەچێت من لەناو خەڵکە هەژارەکەی ئەمریکادا زۆر ژیاوم، بە گشتی بارودۆخی ئابوری ئەمریکییەکان باش نیە، لەهەندێک ولایەت و کۆمپانیا خەڵک بە کەمترین و نزمترین رێژەی کرێی کار کاردەکەن، لەهەندێک شوێن کاتژێری 7$ تا دەگاتە 10$ ئەم خەڵکە رێژەیەکی زۆر لەخەڵکی ئەم وڵاتە پێکدەهێنن کە لە ژیانێکی زەحمەتدا دەژین.

ترامپ هەستاو دۆسێیەکی چەند سەرەی وروژاند، هاوکات نزیکەی لە 5% ی دانیشتوانی ئەم وڵاتە بێئیشە،  خەڵکێکی زۆر لەئەمریکا لەژێر هێڵی هەژاریی یان لەنێوان هێڵی هەژاریی و هێڵی ئاساییدا دەژین کە زیاتر  لە 58  ملیۆن کەس لەسەرو تەمەنی 16 ساڵەوە بۆ سەرەوە بە نزمترین کرێی کار کار دەکەن کە زۆر بە زەحمەت دەتوانن بژین و ئەمەش حەقیقەتێکی حاشا هەڵنەگرە. هەرچەند باڕاک ئۆباما شەڕی زۆری کرد ئەم دۆخە چارەسەر بکات، ئاستی بێئیشی لە 9% ەوە گەیاندە 5% بەڵام ئەمە بەس نەبوو بۆ لێدوانە دۆزەخییەکانی تڕامپ کە دەیوت هەرچی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی ئەم وڵاتەیە چونەتە دەرەوەی ئەمریکا و من هەمویان دەهێنمەوە بۆ ئەمریکا دەبێت لێرە سەرمایەگوزاریی بکەن و هاوڵاتیانی خۆمان بێئیش نەبێت و وڵات پڕ بووە لە شتومەک و کاڵای چینی و وڵاتانی دنیا و کوا بەرهەمی ئەمریکی، دەرەئەنجام ئەم لێدوانانە قوڵ ئەو خەون و ئازارانەی خەبەر کردەوە.

ترامپ وەک کارەئەکتەرێکی سێکسی، لەم سەروەختی هەڵبژاردنەدا ترامپ وەک کەسێک دەردەکەوێت کە ئافرەتانی لەڕوی سێکسییەوە بێزارکردووە، کۆمەڵێک لەو ئافرەتانە لە میدیاکاندا قسەیان کرد و یان لێدوانیاندا کە ترامپ داوای سێکس یان دەستی بۆ بردوون یان بەزۆر باوەشی پیادا کردوون، بەڵام تێکرای ئەم گلەیی و رەخنە بە شێوازێکی دیکەی ناخودئاگاییانە بە پۆزەتیڤانە شکایەوە بۆ ترامپ، ترامپ رایگەیاند کە ئافرەتان خۆیان منیان بە دڵەو بە خواستی خۆیان بووە، هاوکات چیرۆکی ژیانی ئەم پیاوە لەبری ئەوەی چیرۆکێکی وشک و رەقی سیاسی یان حکومڕانی بووبێت، بە پێچەوانەوە چیرۆکێکی سێکسی و پڕ خۆشگوزەرانی و ئافرەتی جوان و دەوڵەمەندی و گاڵتە و پێکەنین و خۆشیی بووە.

ئائەمەیە فاشیزمی کۆمێدی و سێکسی و میللی و کۆمەڵایەتی، تێکڕا دوو حیزبی گەورەی وەک دیموکراتەکان و کۆمارییەکانیش دەرحەقی ئەم هێزە کۆمێدییە نەهاتن، دەرەقەتی ئەم گاڵتەجارییە گەورەیە نەهاتن و شکستیان هێنا بەرامبەری. دیموکراتەکان پێنوابوو دەتوانن لەڕی زانستی ئابورییەوە دەتوانن کێش ریشەیی و قوڵەکانی ئابوری ئەم وڵاتە چارەسەر بکەن، بەڵام دواجار تڕامپ لەڕێی گاڵتەجارییەکی گەورەوە، لەڕێی رەخنەگرتن لەسەربەری پرۆژە ئابورییەکانی ئەم وڵاتەوە شکستی بە ستراتیژە گەورەکانی ئەم وڵاتە هێنا.

مافی بڵاوکردنەوە بۆ نوسەر و کولتور مەگەزین پارێزراوە! ڕێنوس و خاڵبەندی تایبەتە بەنوسەر خۆی.
مافی بڵاوکردنەوە بۆ نوسەر و کولتور مەگەزین پارێزراوە!
ڕێنوس و خاڵبەندی تایبەتە بەنوسەر خۆی.