تـــــــۆ من بە چی دەزانی؟!

Loading

من تا ئێستاش سەتەلایتم نییە، نیمە چونکە تەلەفزیۆنم نییە، من ئەھەلی ڕادیۆ کۆنەکانم، ئێستاش شەوی شـەممان؛ لە ئیزگەی ئیسرائیلەوە سەعاتێک گوێ لە ئوم کەلسوم دەگرم.. کە عەسران بیری مردووەکانم دەکەم، کە دڵم پڕ دەبێ؛ دەچم بۆ گۆڕستانە بێدەنگەکەی ئەوبەرەوە و بە ھێدفۆن؛ گوێ لە وەلید ئیبراھیم دەگرم، کە بەو دەنگە غەمگینەی سورەتی یوسف دەخوێنێ..
تۆ من بە چی دەزانی..؟ من ئێستاش سەموون دەکەمە زەرفی کاغەزی قاوەییەوە، سوبحانە کەرەی ئەلبان دەخۆم، بەسابوونی جەمال، بە شامپۆی یاسەمین خۆم دەشۆم.. من ئێستاش بەیانیان بە ڕۆبێک و جووتێ نەعلی پیاوانەوە؛ باخچەکە ئاوڕشێن دەکەم، لەو دیو دیوارە نزمەکەی حەوشەوە؛ بەیانی باش لە ست نەسرین دەکەم، ئەو

گراس؛  پێڵاو و ماچێکی بەردین
گراس؛ پێڵاو و ماچێکی بەردین

مامۆستایەی مێردەکەی لە شەڕی ئێران و ئێراق‌دا کوژرا و ئەم بەدیار منداڵەکانییەوە دانیشت و شووی نەکردەوە..
تۆ من بە چی دەزانی..؟ من ئێستاش لە جامی لێڵی پاسێکی پۆڵۆنییەوە قۆڵم دەردەھێنم و ھەزار دوعا دەکەم؛ دایکم وەک ھەمیشە، لە داڵغەی برا کوژراوەکەیدا بێ و لە من توڕە نەبێ.. لە من تووڕە نەبێ کە تەسجیلە کۆنی پاسەکە گۆرانییەکی ئیبراھیم خەیات دەڵێ، ئەھا ئەوەی دەڵێ (ئێمە گیانێکین لە دوو جەستەدا)..
تۆ من بە چی دەزانی..؟ من ئێستەش کە دەستم بەتاڵ دەبێ سەری سەتڵی ماستەکە دەتاوێنمە ناو شوشەی دەرزی ئەمپسلین و مەدالیای ڕەنگاوڕەنگی لێ دروست دەکەم، با ھەزار جار دەستم بلەرزێ و دڵۆپەی بتکێتە سەر پەنجەم و کسپە لە دڵم ھەڵسێنێ، چۆن کۆڵ دەدەم..؟!
تۆ من بە چی دەزانی..؟ من ئێستاش لە خانەقاکەی مەولانا خالیدا؛ لە دەرسی دووەمی مامۆستا مەلا عابیدا خۆم دەدزمەوە بۆ کالمیرۆ، بۆ بابەسەنفور، بۆ گلاندایزەر، با مەلا سبەینێ دە داری پشتی دەسیشم لێ بات.. بە جزمی عەممە قەستەم؛ من ئەفلام کارتۆنم لە تەحیات و کورسی نەعنام لە ئایەتەل کورسی پێ خۆشترە، ئەو خوداگیانەش ڕووڕەشم بکات ئەگەر درۆ بکەم..
بەس خۆزگە به خۆزگایەتی خودا بمزانیایە؛ تــــۆ من بە چی دەزانی..؟