ئاپۆ و ژنۆلۆژی

ئاپۆ (دۆنجوان/فرانکشتاین)ە سیاسییەکەی کورد


Loading

(١)

ژنۆلۆژی یان فێمێنیزمی ئاپۆیی؟

شارا تاهیر

ئاپۆ تۆقێنەرە، دڕندەیە و بکوژ، هەڕەشەکارە و مەترسیدار، جۆرێکە لە فرانکشتاینی سیاسی لە بۆسەی ناکاودا کە ئیشی بەتەنها ئەوەیە تیرۆری خۆمان و ژن و کچ و مناڵەکانمان بکات، ناخافڵانە و بە شەو بێتە سەرمان، پەلامارمان بدات و بە بارمتە بمانگرێت و لەبەرامبەر نرخێکدا بمانداتەوە بە خاوەنەکانمان. دۆنجوانیشە، بەو مانایەی کە کارەکتەرێکی رۆمانسی و سەرنجڕاکێشی خاوەن ئەفسونێکە یەزدانی، کە بە ناوی عەشق و سۆزەوە کچۆڵەکان، کیژەکان، ژنەکان دەبات بۆ خۆی، سەرسامیان دەکات و بەڵێنی ژیانێکی ئازاد و خۆشگوزەرانیان پێدەدات. وەک دەبینین ئێمە لەبەردەم دوو چەشن ئاپۆداین کە هەردووکیان زادەی گوتاری میدیای تورکی و حیزبە کوردستانیەکانن بۆ ئاپۆ کە ‌هیچ نییە جگە لە ترسیان لەو، نەوەک بنچینەیەکی واقیعیانەی هەبێت. گومان لەوەدا نیە کە ئاپۆ وەک دامەزرێنەری بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێڕیی کە یار و نەیاری خۆی هەیە، هەوادار و دوژمنی خۆی هەن، بەڵام ئەمە هیچ لەوە ناگۆڕێت کە ئاپۆیزم شتێکی ترە کە دەبێت لە دەرەوەی ئەم دوالیزمە (دۆنجوان/فرانکشتاین) یە بخوێنرێتەوە و ببینرێت. فۆبیا لە ئاپۆیزم وەک یەکێک لە تاعونەکانی گوتاری چارەکە سەدەی ڕابردووی حیزبە کوردیەکانی باشوری کوردستان، نەک هەر دیاردەیەکی مێژووییە کە شایستە بە لەسەر وەستانە، بەڵکو جۆرێکیشە لە ڕەفتار و بەرپەرچدانەوەی سایکۆلۆژی کە بووە بە دۆخ، دۆخێک کە جۆرێکە لە میکانیزمی بەرگری دژ بە ئاپۆیزم و بەرەنگاربوونەوەی.

تۆقین لە ئاپۆیزم بەربەستێکی وای دروستکردووە کە هەمووان وەک زۆنێکی مەترسیدار، ئەدەبیاتێکی دڕندە لە کارەکانی دەڕوانن و تا ئاستی شێواندن و سانسۆرکردنی، هێرشی دەکەنە سەر. هەر وەک ئاپۆ خۆی دەڵێت (کاتێک دەرکم بە زەرورەتی ئەم خەباتە کرد، خەبات بۆ ئازادیکردنی ژن منیان کردە بۆمبێکی ئامادەکراو، کە لە هێرۆشیما مەترسیدارە، لێ منیش بە ئاگاوە ئەلقەی بۆمبەکەم ڕاکێشا و تەواوی کەرەستەکانم بە ڕووی خوڵقێنەری بۆمبەکەدا دایەوە). ئاپۆیزم مەترسیدار نیە بەو مانایەی کە گوتاری میدیای حیزبە کوردیەکان بە بەردەوامی هۆڤاندویانە و لەبەرگە مرۆیی و ژندۆستیەکەی کە لە بنەڕەتدا لای خودی ئاپۆ ژیاندۆستیە، دایانبڕیوە و هەمیشە وەک خێوێکی ڕفێندەری ژن، هەڵگری ژن و گرتن و بردنی بە بارمتە، وێنایانکردووە، واتە دوورخستنەوە و دابڕینی ژنان لە شوێنە ئەبەدیەکەی خۆیان کە بریتیە لە چەقی ماڵ و دروستکردنی مناڵ و پەیڕەویکردنی یاساکانی پیاو، بەڵکو خودی ترسەکە لە بینین و دانپێدانانی ئەو وێنەیەدایە بۆ ژن کە ئاپۆ لە هەوڵی دامەزراندنی کارەکتەرەکەیدا وەک هاومانای ژیان و سەرچاوەی خودی ژیان خۆی. بەم مانایەیش دەتوانین قسە لەسەر جۆرێکی دیکە لە ئاپۆیزم بکەین کە جێندەری و فێمێنیستیانەیە: فێمێنیزمی ئاپۆیی کە لە لای خۆی بە تێرمی ژنناسی یا ژنۆلۆژی ناودەبرێت.

بە باوەڕی من یەکەمین کار کە بۆ شێواندنی فەلسەفەی ئەم سەرکردە کوردە کرابێت و پەراوێزی خستبێت، بەرجەستەکردنی میکانیزمە سەربازی و پارتیزانیەکانی بەرنامەکەی بووە، واتە بەبەردەوامی میلیتاریزەکردنی ئافرەت لە شۆڕشێکدا کە وەک خودی ئاپۆ خۆی دەڵێت: یەک پارچە ئاگرە[1]! هیچ کام لە شیکەرەوە سیاسیەکانی ئەم مانیفێستە فێمێنیستیەی ئاپۆ بۆ ژنناسی بایەخیان بە ڕەهەندە جێندەریەکەی ئەم کتێبە نەداوە، هێندەی جەختیان لەسەر لایەنە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکەی کردۆتەوە کە گوایە ئاپۆیزم جۆرێکە لە ئایدیۆلۆژیای مەحف و هەڵوەشاندنەوەی سترەکتوری تەقلیدیانەی خێزانی کوردی، بەوەی کە کچەکان لە ماڵ دەردەکات و بە فریوی ئازادی دەیانکاتە سووتەمەنی جەنگێکی نابەرابەر و بێوادە کە دەرەنجامەکەی هەر ماڵوێرانیە بۆ ژنان خۆیان. دیارە ئەمە بەو مانایە نایەت کە ئاپۆ ڕەخنە لە خێزان ناگرێت وەک مۆدێلێکی بچووکراوەی دەسەڵات و پیاوگەرایی کە پیویستی بە هەلوەشانەوە و سەرلەنوێ دروستکرندوەیە، بەڵام داخۆ ئامانجی ئاپۆ لەو تێزەیەی بۆ ژنناسی دیسانەوە بە قوربانیکردنەوەی ژنە یان مەبەستی بەخشینەوەی خەسڵەتە پۆزەتڤەکانی ژن خۆیەتی بە خۆی کە پێشتر پیاو لێی دزیوە: ئازایەتی، ژیاندۆستی، شکۆمەندی، خوداوەندی و ڕۆڵی وەک کارگێڕێکی چالاکی ئابووری؟ بەکورتی، ئامانجی من لە سەرلەنوێ خوێندنەوەی ئەم کتێبە وەک یەکەمین مانیفێستی فێمێنیستیانەی کوردی کە لەلایەن پیاوێکەوە نووسراوە و دەستپێشخەری کردووە لە دامەزراندنیدا وەک گوتار، بریتیە لە تیشکخستنە سەر ڕەهەندە فێمێنیستیەکانی و گفتوگۆکردن لەسەر خودی تێزەکە تا بەرچاوڕوونیەک بدەین بەوانی تر، تا بتوانن لە دەرەوەی قاڵبە ئایدیۆلۆژیەکەی ئاپۆیزم وێنەی ئەو ژنە ببینن کە ئەم پیاوە هەوڵ بۆ دامەزراندن و سەرلەنوێ داهێنانەوەی، دەکات.

(٢)

ژن لە نێوان خوداوەند و کۆیلەدا

بەبێ گەڕانەوە بۆ شیتەڵکردنی بونیادی ئەفسانەی چاخی نوێی بەردین و وێنەی ژن تیایدا وەک بەرهەمهێنەر، ناتوانین ڕای ئاپۆ لە بارەی ژنەوە بزانین. هەموو ئەوانەی قسەیان لە سەر ئەم تێکستەی ئاپۆ کردووە، بە مەبەست بووبێت یان گێلانە، بە سەر ئەو ڕاستیەدا تێپەڕیوون کە وێنا ئەفسانەییەکەی ژن لای ئاپۆ کۆمەڵێک تایبەتمەندێتی کارەکتەری واقیعیانەیشی هەیە نەوەک بە تەنیا فریوێکی ئایدۆلۆژی بێت و بیەوێت ژن لە خشتە ببات و بیکاتەوە بە کەرەستەیەک بۆ سەودا و مامەڵە پێوەکردن. هەموو ڕەخنەکان لە ئاپۆ بەو ئاقارەدا دەڕۆن کە پێیانوایە دید و بۆچوونە ئایدۆلۆژییەکانی بە ئەندازەیەک ئەفسانەیین کە هەندێک جار دەگۆڕێن بۆ یۆتۆپیا و لە مەحاڵ نزیک دەبنەوە، لێ لە ڕاستیدا ئەمە هەڵەی ئاپۆ نییە، بەڵکو هەڵەی ئەو ڕەخنەگرانەیە کە نەیانتوانیوە ڕووبەرێکی گەر بچووکیش بێت لە ئامادەیی، بە یۆتۆپیا لە ناو ئایدۆلۆژیادا ببەخشن. مەبەستم لەوەیە کە هیچ ئایدیۆلۆژیایەک نییە کە لە بنەڕەتدا ڕەهەندێکی یۆتۆپییانەی نەبووبێت. کەواتە گەڕانەوەی ئاپۆ بۆ ئەو وێنەیەی چاخی بەردینی ژن کە تیایدا ڕۆڵەکانی وەک بەڕێوەبەر و رێکخەر و بەرهەمهێنەر و دابەشکەر و… هتد، بەو ئامانجەیە کە سەر لەنوێ ئەو تایبەتمەندییانەی کارەکتەری ژن زیندوو بکاتەوە و بیداتەوە بە خودی ژن خۆی، کە پیاو دواتر لە گەشەی قۆناغی ڕاو و بوونیدا بە ڕاوچی و نێچیرەوان و چەلەنگ و دلێر، لێی دزیوە و بێبەریکردوون لێی. بە مانایەکی تر، سوود وەرگرتنەوە لەو وێنەیەی ژن ڕەنگە بە دیوێکدا جۆرە مۆركێکی ئەفسانەیی و یۆتۆپی ببەخشیتە ئایدۆلۆژیای ئاپۆ، بەڵام بە دیوەکەی تریشدا دەبێت بزانین کە سەر لەنوێ زیندووکردنەوەی ژنە و بەخشینەوەی تایبەتمەندییە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووریەکانی خۆیەتی کە پیاو لە چنگی دەر‌‌هێناون و ئامادە نیە پێی بداتەوە و دان بە ژندا وەک بوونەوەرێکی هاوماف و هاوتوانا، بنێت.

ئاپۆ لە کتێبی ژنۆلۆژیدا بە گەڕانەوە بۆ میتۆلۆژیا و چاخەکانی پێش زایین باس لە سروشتی ژن دەکات دەڵێت: ((ھێزی دەست پێکردنی شۆڕشی کشتوکاڵی نیۆلیتیک ژنە و ھێزیش لەتواناکاری زاوزێ وەردەگرێت، بۆیە تەواوی خواوەندەکان لە رووخساری ژندان .لەیەکەمین قۆناخی سۆمەرییەکان، میسریەکان و ھیندیەکانیش ناوی خواوەندی لەژنان دەنرا .لایەنی پیاوێتی خواوەندی زۆر دوای ئەوە دەردەکەوێت .تەواوی ئەو پەیکەرانەی لەسەردەمی نیۆلیتیکەوە ماونەتەوە لە شێوەی ژن دروستکراون[2])).

ئەمە زۆر بە ئاشکرا پلەوپایەی ژنمان لەو قۆناغە لە ژیاندا بۆ دەردەخات کە بەر لە قۆناغی ڕاوکردن لە ئارادابووە و ژن تێیدا سەنتەری کردار، چالاکی و بڕیاردان و دواجار بەرهەمهێنانیش بووە. لە شوێنێکی تردا دەڵێت: ((کۆمەڵگای نیۆلیتیک ھێندە مۆرکی ژنی پێوەیە و ژن تێیدا بە کاریگەرە، وەکو بڵێی پیاو سڕاوەتەوە .ئەمەش ھەروەکو ژنانی رۆژگاری ئەمڕۆمان وایە کە وەکو ھێزێکی سەرەکی کۆمەڵگا نین .ژن ئەم ھێزە لە پێگەیاندنی دانەوێڵە، ماڵیکردنی ئاژەڵ، ئاواکردنی شوێنی حەوانەوە، لە چنین و ھاڕین و منداڵ بوون و بەخێوکردنیدا بەدەستدێنێ .ئەمەش بەھێزبوونێکی نائاساییە.[3])). ژنسالاری و هەژموونی وێنەی دایک لەو قۆناغەدا کە ئاپۆ باسی دەکات، بە مەبەستی بەکارهێنانیەتی وەک دژە مۆدێلێک بە دۆخی ئێستای ژینی ژن لە کۆمەڵگەدا کە بە تەواوەتی لە بەرهەمهێنان و بڕیاردان دابڕێندراوە و بووەتە بەکاربەر و بەگەڕخەر و پێدروستکەر.

ئاپۆ خۆی ئەو ڕاستیە ناشارێتەوە کە زمانی ئەفسانەکان و وێنەکانیان بۆ ژن وەک جادووگەر و خاوەنئەفسون درێژکراوەی ئەو بۆچوونەیە کە وەک خواوەند بینراوە. سیحر و ئەفسوون لەو چەشنە کۆمەڵگەیەدا هەمان ئەو مانایەی نیە کە لەسەردەمی چاخەکانی ناوەڕاست و هەژموونی کەنیسەدا بە ناوی جادوگەریەوە ژنان قاتوقڕدەکات، نا! ئەفسوون و جادوگەریی وەک خەسڵەتی ژن مۆرکە پۆزەتڤەکەی داهێنان بوون وەک خوڵقێنەر. ژنان چونکە توانیویانە داهێنەرببن، لە نەبوو شت دروستبکەن، هەر بۆیە وەک خاوەن توانای بانزەمینی و بانسروشتی بینراون. ژان توانیویانە دانەوێڵە بچێنن، ئاژەڵ ماڵی بکەن، کەرەسەتەکانی ئاودێری و دوورینەوەی دانەوێڵە یا گواستنەوە دروستبکەن. ئاپۆ دەنووسێت: ((چەندین دۆزینەوە و داھێنان لەلایەن ژنەوە ئەنجامدراوە .شیمانەی ئەوە لەپێشە دانەوێڵەی بە سوود، دارەکانی میوە، ماڵیکردنی ئاژەڵ،   منداڵ بە خێوکردن، کێڵان، ئاشی دەست و یەکەمین گالیسکە لە دۆزینەوە و ،” بەکارھێنانی زەوی، ئاواکردنی ماڵ “خانوو داھێنانی ژن بووبێت .چەرخی خواوەندەکانی دایک دوای ئەم پێشکەوتنە مەزنانە دەبێتە سەمبۆلی رۆڵی ژن. ))[4].

بۆ سەلماندنی زیاتری ئەوەی کە ئەم وێنە ئەفسانەییە بۆ ژن جەوهەرێکی واقیعیانەیشی هەیە و بەتەنها خەیاڵ یا میتافۆر نیە، ئاپۆ دێتە سەر شیکردنەوەی دۆخە کۆمەڵایەتی و هیرارکیە سۆسیۆلۆژیەکەی ژن بە پاڵپشتی ئەو بەڵگە و سەرچاوانەی کە لە مێژووەوە وەرگیراون و ماونەتەوە. بۆ نمونە پلەوپایەی کۆمەڵایەتی ژن لە خێزاندا وەک ئێستای نیە کە سیمبولێک بێت بۆ کەموکورتی، بەڵکو خاڵی بەهێزی تۆکمەیی و یەکگرتووی خێزان و خێڵە. ئاپۆ دەنووسێت: ((ئەو کۆمەڵگایەی لەتەوەرەی دایک ــ ژن پەرەیسەند بەھۆی ئاواکردنی یەکەمین کۆمەڵگای خزمایەتی جێگای گرنگی و بایەخ پێدانە .خزمایەتی لەسەر بنەمای نزیکبوون لەدایک ــ ژن دەستنیشان دەکرێت. لە رێگای ئەو خزمایەتیەوە لە کڵانی سەرەتاییەوە بە یەکەمین کۆمەڵگای قەبیلە دەگەن))[5].

هەموو ئەو وێنە دێرینانە بۆ ژن لەو سەردەمەدا و بەکارهێنانەوەیان لای ژن بەو مانایە وەردەگیرێت کە داخۆ چ گۆڕانکاریەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی هەیە وا دەکات کە ژن لە داهێنەر و پیرۆز و بەرهەمدارەوە بچووکبکرێتەوە بۆ بێکردار و پۆخڵ و بوونەوەری ملکەچ و بێبەرهەم، جۆرێک لە سترەکتوری کۆمەڵایەتی کە لە کتێبەکەیدا بە هەژموون و زاڵبوونی دوالیزمەی (شێرەپیاو/چێلەژن) گوزارشتی لێدەکات؟

ئاپۆ مێژووی کۆیلایەتی ژن دەگەڕێنێتەوە بۆ سەردەمی ئەفسانەکان و دەڵێت(( ململانێی نێوان خوداوەندە ژنی ئوروک ئینانا ) رەگی خۆی لە دایکە خوداوەند ستار عەشتاری میرۆپۆتامیایی سەروو وەردەگرێت( و خوداوەندە پیاوی ئەریدۆ، ئەنکیدۆ )یەکەم خوداوەندی پیاوی شار( لەم لایەنەوە زۆر بەکاریگەرە. ئینانا ھەوڵدەدات بسەلمێنێت چۆن و لەبەرچی تەواوی مافە ئیلاھییەکان ھی دایکە خوداوەندە ) ٠٥٤ ما بەناوبانگەکە، ٩٩ فەزیلەتەکە، بەھرە، داھێنان( بەرامبەر بەمەش ئەنکی وەعزی ئەوە دەدات کە ئەمە گرنگی خۆی لەدەست داوە، وەک بەڵگەی گوێڕایەڵیش داوا دەکا گوێ لە باوکی ) لە کاتێکدا خۆی وەک خوداوەندی باوک پیاو رادەگەیەنێت، ئیتر ئینانای کۆنە خوداوەندەژنی کردۆتە کچ ژنی خۆی ( بگرێت.))[6].

ئیتر ئەم پێشینە ئەفسانەیە دەبێتە سەرەتایەک بۆ داڕمان و لەناوچوونی کۆمەڵگەی دایکسالاری و چەسپاندنی کۆمەڵگەی باوکسالاری. لێرە بە دواوە ژن ووردە ووردە هەموو خاسیەت و تایبەتمەندە ئەفسانەیی و یەزدانیەکانی لێ وەردەگیرێتەوە و دەبێتە کۆیلەی پیاو و کۆمەڵگە.

لە ڕووی مێژویشەوە کاتێک پیاو دەچێتە دەرەوە و دەبێت بە ڕاوچی، هاوکات دەیشبێت بە جەنگاوەر و دەکەوێتە ململانێی سەخترەوە لە ململانێی کۆمەڵایەتی لەگەڵ ژن، کە بۆ گەرانتیکردنی مانەوەی خۆی و هاتنە دەرەوە بە زیندووی لێی، ناچارە هەم چەلەنگ و بە جەرگ بێت، هەم بکوژ و ببڕیش. دواجار هەر ئەم کەڵکەڵەی مانەوەیەیشیەتی کە وای لێدەکات هێز و دەسەڵاتی خۆی بە سەر هەم ژن و هەم ئەو سروشتەیشدا بسەپێنێت کە تیایدا دەژی. هاوکێشەکە ڕوونە کە پیاو بۆ دەگۆڕدرێت، چونکە ئەوە بە تەنها پیاوی ئازایە کە دەتوانێت بە نێچیرەوە بێتەوە، بە دەستکەوت و غەنیمەوە، ڕێک پێجەوانەوەی سروشتی ژن کە جێگیرە، هەم هەڵگرە وە هەم پارێزەرە بەڵام بەبێ بەکارهێنانی هێز و توندوتیژی کە دەبێت بە خەسڵەتی پیاو وەک شوناسی سەرەکی: خراپەکار و شەڕانگێز.

ئەم تێزەی ئاپۆ گەر گریمانەیەکی مێژوویش بێت ئەوا بە ڕای من شتێک لە ڕاستی و دروستی تێدایە چونکە ئەو قسە لەسەر قۆناغێک دەکات کە پیاو تیایدا دەگۆڕێت لە کارەکتەرێکی پەراوێزخراوەوە بۆ جەنگاوەر، پەلاماردەر، هێرشبەر، واتە سەنتەری دەسەڵات کۆنترۆڵ دەکات.

ئەم بۆچوونەی زیاتر لەو خاڵەدا زیاتر ڕوون و ساغدەکاتەوە کە ئیدی دێتە سەر قسەکردن لەسەر ئایینە یەکتاپەرستیەکان. ئاپۆ پێی وایە کە ئایینە یەکتاپەرستیەکان پشکی شێریان هەیە لە کۆیلەکردن و دابڕینی ژن لە هەموو خەسڵەتەکانی وەک خوداوەند، بۆ سەلماندنی ئەم ڕاستیەش دەبینین کە لە هەزار پێغمبەرە تەنها یەک ژنیش بوونی نییە. ئاپۆ دەڵێت لە ئاینی مەسیحیدا ژن دەگاتە ئەوپەڕی لاوازی پاسیڤی خۆی، چیرۆکی دروستبوونی مەسیح کە گوایە مەریەمی دایکی بە هیچ شێوەیەک جووت نەبوە لەگەڵ پیاوێک بەڵکو زادەی فوویەکی ئیلاهییە، ئەم چیرۆکە هیچ نییە جگەلە هەڵکشانی پیاو تا ڕادەی خوداوەند وەکچۆنیش داکشانی ژنە بۆ ئاستی بوونەوەرێکی بێگیان و بێدەسەڵات. بە ڕای ئاپۆ سێکوچکەی ڕۆحی پیرۆز_ باوک_ کوڕ، سەلماندنی ئەو ڕاستیەن کە دایک_ژن وەک پاشکۆ و کۆیلەی پیاو دەبینرێت، مەریەم ئاماژەو سیمبولی دایکێکی چاو بە فرمێسک و بێدەسەڵاتە.

ئەگەرچی لە ئایینی ئیسلامدا دایکی موحەمەد ڕۆڵێکی ئەوتۆی نییە و تا ڕادەیەک لە پەراوێزدایە بەلام ناتوانین ڕۆڵی خەدیجە پشتگوێ بخەین. ئاپۆ دەڵێت ئەوەی کە موحەمەد دەکاتە پیغەمبەر زیرەکی و لێهاتووی خەدیجەیە، خەدیجە وەک فیگەری ژنێکی زیرەک و بازرگان و خاوەن دەسەڵات، هەربۆیەش تا خەدیجە لە ژیاندایە موحەمەد هیچ ژنێکی تر ناناسێت. کەچی پاشتر و دوای مردنی خەدیجە کارەکتەری موحەمەد تەواو دەگۆرێت وەک پیاوێکی ژنباز تەنانەت کار دەگاتەوە ئەوەی کە بە ناوی عەشقەوە لەگەڵ عائیشەی تەمەن نۆ ساڵ هاوسەرگیری دەکات. هەڵبەت گەر زۆربەی زۆری شیکردنەوەکان بە لای ئەوەدا بچێت کە ئاپۆ دەیڵێت کە موحەمەد بە نیازی ئاشتی و سەقامگیری نێوان خێڵە عەرەبەکان بۆ کوژاندنەوەی ئاگری شەڕ ئەم کارەی کردبێت، ئەوا من هاوڕای ئەو گوتارە شیعییەم(بۆ نموونە تێزەکەی ئەحمەد قوپانچێ) کە پێیوایە ناسینی موحەمەد بۆ ئەو هەموو ژنە لە خێڵی جیاواز و تەمەنی جیاواز ڕەنگی جیاواز بە تەنها ئەوە نییە کە وەک پیاوێکی هەوەسباز سێکسوالیتی خۆی تێرکردبێت بەڵکو ئامانجی سەرەکی بوونی کوڕێک بووە تا ببێتەوە میراتگری ڕێبازو دینەکەی، دەشبینین کاتێک موحەمەد شکست دەهێنێت تا ببێتە باوکی کوڕێک کە ئەم پرۆسەیەش بۆ خۆی زیاد لە بیست ساڵ دەخایەنێت، ئەوجا بانگەوازی ئەوە دەکات کە ئەو خۆی دوا پێغەمبەری دونیایەو هیچ پێغەمبەرێکی تر لە دوای خۆی بوونی نابێت. لە بەرئەوەی موحەمەد بە ئاگابووە لەوەی کە کوڕ ریشە و میراتگری باوکە نەک کچەکانی.

(٣)

شەڕی عەشق و ڕزگارکردنی لە چنگی پیاوگەرایی

قسەکردن لەسەر شەڕانگێزی ناڕاستەخۆ ناچار بە قسەکردن لەسەر خۆشەویستیمان دەکات. دیارە هەمیشە پانتایی ئاخاوتن قسەکردن لە کەلتوری ئـێمەدا لە دەوری شەڕانگێزی دا خولاوەتەوە بەڵام هیچ کات قسە لە سەر دژەکەی کە خۆشەویستییە نەکراوە. بە مانایەکی تر، ووزەیەکی بێشوومار لە وەسفکردن و ڕاڤەکردنی مانا جیاواز جیاوازەکانی شەڕەنگیزی جا چ لە بواری سیاسیدا بێت یان لە بواری کۆمەڵایەتیدا بە هەدەر براوە، لە کاتێکدا تاکە پانتایی بۆ تیوریزەکردن و ڕاڤەکردن خۆشەویستی وەک یەکێک لە هەرە بابەتە گرفت ئامێزەکانی ئێمە بە تەنها بە زمانی سۆز و غەزەلی ئەدەبی قسەمان لە سەر عەشق و سۆز کردووە. کاتێک ئاپۆ لە ناو کێشمەکێشمی ئەو گوتارە سیاسیەی ناوچەکەدا باس لە پرسی عەشق دەکات و کێشەی ژنیش وەک شاکلیلێک بۆ چارەسەرکردنی تەواوی کێشەکانی ئازادی، یەکسانی و دیموکراتیزەکردن دەبینێت، بەم کارەشی بابەتی عەشق و جەستەی ژن دەبات بە ئاقارێکی تەواو جیاواز لەوەی کە ئێمە پێڕاهاتووین و بیستوومانە، ئەوا لە جێ خۆیدایە کە هەڵوەستە لە سەر تێزەکەی ئاپۆ سەبارەت بە عەشق و خۆشەویستی بکەین. ئاپۆ عەشق و جەستەی ژن لە خەیاڵێکی شاعیرانەوە دەهێنێتەوە و دەیگۆڕێت و دەیکاتەوە بە هەوێنێک بۆ کەرەستەی شەڕێکی گەورەتر کە شەڕی ئازادیە، ئەو دەڵێت: عەشق ئەو ڕاستییە دژوارەیە کە دەمانکاتە جەنگەوە، بەڵام چ جەنگێک، جەنگی ئازادی و یەکسانی نێوان ژن و پیاو بەر لە ئازادیکردنی نیشتمان. ئاپۆ پێیوایە گەر پیاوەتییەک بڕوای بە بوونی خۆی هەبێت ئەوا نەک لە ئازادی ژن دەترسێت و دەبێتە بەربەست لە بەردەمیدا بەڵکو دەبێت بە فیداکارترین شێوە هاوکار و هاوپشتی بێت. پێویستە لە بری شانازیکردن بە گوتەی ژنی من، جەخت و قورسیایی بخاتە سەر گوتەی ئەو ژنەی کە دەبێت ئازاد بێێت ئاپۆ سەبارەت بە خۆی دەڵێت(( من ژنم نەهێنا، بەڵام ئازادیم هێنا)).

دیارە خاڵی گرنگی پرەنسیپی تێزەکەی ئاپۆ سەبارەت بە کێشەی ژن لەو ڕاستییەوە سەرچاوەی گرتووە کە کوێلەبوونی ژن شتێک نییە جەستەیی و بایەلۆژی بێت بەڵکو زادەی ئەو کەلتورە پاتریارکییە کۆمەڵاتییە، ئایینییە کە ڕەگو ڕیشەی بۆ هەزاران ساڵ دەگەڕیتەوە وا ڕۆچۆتە ناو هەموو سوچ و کونوقوژبنێکی کۆمەڵگەی کوردییەوە کە ژن خۆیشی ئەو باوەڕەی نییە بتوانێت لە دەرەوەی ئەو نۆرمە باوانەی پیاو بۆی دایڕشتووە جیاواز مامەڵە بکات. هەر بۆیە ئەوەی کە بۆ ژن و جەستەی ژن ماوەتەوە درۆ و دەلەسەی عەشقە یان چێژ لە عەشق. بەڵام داخۆ چ عەشقێک؟ بۆچی؟ بۆ کێ؟ لە نێوان کێ و کێدا؟ عەشق و چێژ لە ناو ئەو پەیوەندییە باوەی نێوان ژن_پیاوی ئەمڕۆدا چرۆ ناکات و ڕوو نادات چونکە پیاوی سەردەستەو ئاغا خۆی با تاک و تەنها خوداوەند دەبینێت، بە مانایەکی تر، چێژ و عەشقێکی نارسیستی کەلە نێوان هەمان توخمدایە کە ئەویش پیاو خۆیەتی بە مانا لاکانییەکەی. ئاپۆ دەڵێت کورد میللەتێکە بە درێژایی مێژووی خۆی لە خۆشەویستی بێبەشکراوە، هەر بۆێەش پرسیارە جەوهەریەکە لای من ئەوەیە کە ئەم عەشق و دڵو دڵخوازییەی کورد هی کێێە؟هەست و نەستەکەی هی کام داگیرکەر و کام دوژمنەیە؟ ئەو پیاوەی کە لە ‌هەڵپەیەکی بەردەوامدایە بۆ گەشتن بە عەشق و گەرەکییەتی لە ڕێێ کویلەکردنی ژن بگات بە ترۆپکی سەرداری خۆی لە بنەڕەتدا لە ژن کۆیلە ترە. ئەم دیدە فانونییە بۆ لێكشیتاڵکردنی نەستی پیاوی کورد وەک داپڵۆسێنراوێک و چەوسێنراوێکی دەستی دوژمنانی دەوری خۆی وا لە ئاپۆ دەکات بگاتە ئەو دەرئەنجامەی کە شتێک نییە بە ناوی پیاوی کوردەوە کە بۆ خۆی خاوەنی هەست و سۆزی سەربەخۆ بێت، تا بتوانێت عەشق و خۆشەویستی بکات بەڵکو ئەوەی کە هەیە پیاوێکە بە نەستی سەردەستە تورکەکەی یاخود عەرەەبەکەی یان فارسەکەی دوژمنییەوە کە بە بەردەوامی گەمەی پێدەکرێت و پێیکراوە. ئاپۆ بەئاگایە لە چەمکی ئاوێنە بە مانا لاکانییەکەی زۆر ژیرانەیش لە پەیوەندی نێوان ژن و پیاوی کوردا تەوزیفی دەکاتەوە. بە ڕای ئاپۆ ئەو ژنە کوردە باوەی کە هەیە ئاوێنەی پیاوی کوردە، بە مانایەکی تر، ژن دەبێتەوە بە نیشانەکانی پیاو، ئەو وێنای خۆی لە ژندا دەبینێتەوە وەک بوونەوەرێکی خەسییو، بچووک و داپڵۆسێنراو، بۆ ڕاستکردنەوەی ئەم وێنە نالەبارەش پیاو بە شیوەیەکی هیستری و نا ئاقڵانە هەموو توندو تیژی خۆی لە ژن و دواتر لە مناڵەکانیشیدا بەتاڵدەکاتەوە. هەر لەبەرئەوەی پیاوی کورد وەک سوبێکتێکی ئازاد سیفات و خەسلەتاکانی دیار نین، سەیر نییە ئەو پیاوە توندوتیژە لە هەمان کاتیشدا نەرمونیانە دەخوازێت عاشق بێت. بە مانایەکی تر. لەیەک کاتدا پیاوی کورد هەم لە ژنەکەی دەدات وەک دوژمنی سەرسەختی خۆی دەیبینێت وە هەمیش خۆشیدەوێت و فرمێسکی بۆ دەڕژێت و وەک تاقانەترین یار دەیبینێت. ئەم دووفاق و دوو ڕووییەی پیاوی کورد لە پەیوەندی بە جەستەی ژنەوە لە شیعر و ئەدەبیاتە دەگاتە ئەوپەڕی هەر لەوێیشدا ژن و جەستەیشی پارچە پارچە دەکرێت هەر پارچەیەشی تامێک و نرخێکی خۆی هەیە. ئەمەش ئەو ڕاستییە دەسەلمێنێت کە لە کەلتوری کوردیدا تەنها پیاو قسەدەکات هاتۆتەو ناو بونیادی زمان، ژن کاتێک دێتە ناو زمانەوە ئەوا وەک جەستەو بە پارچە پارچەکراویش دێت، بۆ نموونە ژن وەک چاو و برۆ. برژانگ، پاو پووز… جەستەی ژن بە شیوەیەکی هیرارکی و قات قات لە زماندا داڕێژراوە. لە سەرەوە تاوەکو ناوەقەدی ڕێپێدراوە بۆ گوزارشت لێکردن وەسفکردنی و عاشقبوونی، لە کاتێکدا لە خوار ناوەکییەوە وەک تابو_مەحرەم دەبینرێت و باسی لێوەناکرێت تەنها لەو دۆخەدا نەبێت کە پێدەوترێت ڕەحم لە دۆخە سێکسوالیتیەکەی خۆی دابڕاوە بۆتە ئۆرگانێکی تر بۆ بەرهەم هێنانی مناڵ[7].

دیدی ئاپۆ لە سەر جەستەی ژن لە سیستمی سەرمایەدرایدا ڕوونە، ئەو دەڵێت: ژن وەک کاڵایەکی هەرزانبەها لە هەموو کات و سەردەمێکدا کڕین و فرۆشتنی پێکراوە بەڵام بە بەراود لەگەڵ سەردەمی سەرمایەداری ژن لە کۆندا وەک یەک پارچە کاڵا کرێن و فرۆشتنی پێکراوە، بەڵام لە سەردەمی ئێستادا لە ژێر سایەی پیاوگەراییدا(سەرمایەدارییدا) هەر وەک چۆن لای قەساب لاشەی ئاژەڵ پارچە پارچە دەکرێت و هەر پارچەیەکیشی نرخێکی جیاوازی هەیە، جەستەی ژنیش ئابەو شێوەیە لە پاژنەی پێیەوە تا تەوقی سەری، لە سنگ و مەمکییەوە تا ڕانەکانی، لە وورگی تا دەگاتە ئۆرگانی سێکسی، لە باوەشیەوە تا ئەژنۆکانی ، لەپشتییەوە تا پاووپوزی، لە چاوەکانییەوە تا گەردن و ملی پارچە پارچە دەکرێت لە بازاڕی سەرمایەدارییدا هەر پارچەیەکی نرخێکی جیاوازی خۆی هەیە. تاکە شوینێک کە بێ نرخ دەمێنێتەوە ڕۆحییەتی لەبەرئەوە سەیر نییە گەر زۆر جار ئەو پرسیارە بە خەیاڵماندا بێت بلێین ئایا ژن خاوەنی ڕۆحە یان نا؟ با بیریشمان نەچێت کە ژن لە بواری ئەقڵ زیرەکییەوە بە کەم ئەقڵە ئەبەدییەکە دەبینرێت وەک کاڵایەکی چێژبەخشی قەحبەخانە تایبەتی و گشتیەکانە، ژن ئەو مرۆڤەیە کە بە مرۆییانە نابینرێت و مامەڵەی لەگەڵ ناکرێت، ئەو مرۆڤەیە کە تەنانەت لە لایەن بژاردەترین پیاویشەوە دووچاری هێرشی سۆزداری دەبێتەوە، بە کورتی ژن بابەتگەلێکە کە هەموو پیاوێک بە بێ جیاوازی وەک ئیمپراتۆر خۆی بەسەریدا دەسەپێنێت و زاڵدەکات.

هەڵبەت ئاپۆ تەواوی ئەو سیستمە خێزانییە کوردییە ڕەتدەکاتەوە کە لەسەر پرەنسیپی موڵکدارێتی و ناموس دامەزراوە، بە باوەڕی ئەو ئەم جۆرە لە خێزان لە مرۆڤی نەخۆش و بێ ئیرادە زیاتر هیچی تر بەرهەمناهێنێت. ناموسپەرستییەک کەلە سەر ژن و جەستەی ژن بونیاد بنرێت نیشانەو ئاماژەی بێناموسیەکی زۆر قووڵی کۆمەڵایەتییە. ئەوەی کە پیاوی کورد عەوداڵی دڕانی پەردەیەکی وەهمی بە ناوی پەردەی کچێنیەوە هیچ نییە جگە لە بێناموسەیەک بە ناوی ناموسەوە. کوشتنی ژن بە ناوی پاراستنی شەرەف و ناموسەوە نەک تەنها هەر جەهالەت و نەزانینە بەڵکو بێئەخلاقیە بە ناوی ئەخلاقەوە، ئاپۆ دەڵێت من لە کچی کورد دەپرسم تۆ چۆن دەتوانیت لەگەڵ ئەم جۆرە لە پیاو ژیان بەسەر بەریت، وەکچۆنیش لە پیاو دەپرسم و دەلێم چۆن دەتوانیت لەگەڵ ژنێک ژیان بەسەر بەریت کە تۆ خۆت پێتوابێت هەموو شتێکی ئەو هی تۆیە، ئەم ژنە چ کەڵکێکی دەبێت کە خۆی خاوەنی هیچ شتێکی خۆی نییە؟

گرنگیشە لێرەدا ئاماژە بە هەڵپەی پیاوی کوردە بۆ ژنانی غەیرە کورد بدەین هەڵبەت ئەمەش هەر بە بیانووی عەشقەوەیە بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە کە لە گەڵ ژنانی غەیرە کوردە پیاوی کورد تەنها دیوە نەرمونیانەکەی بە گشتی دەردەکەوێت، هەڵبەت ئەمە بە تەنها هەر لە بەر ئەوە نییە کە بیەوێت قەرەبووی ئەو تێبڕین و سمینە سیاسیە بکاتەوە بەڵکو بە ڕای من زیاتر زادەی ئەو ڕاستییە کە پیاوی کورد دیسان لەویاشدا لەبەرکەموکورتی خۆی وەک بوونەوەرێکی سیاسی هەوڵدەدات بناسرێتەوە دانی پیادابنرێت.

بۆ زیاتر ڕاڤەکردنی ئەم تێزەی ئاپۆ سەبارەت بە پەیوەندی نێوان ژن و پیاوی کورد ئەوا پێمباشە تێزەی فانون[8] بە بیری خۆمان بهێنینەوە کە پێوایە هەردوو لە کەسی باڵادەستی ستەمکار و و ژێردەستەی چەوساوە نیشانە و سیپتۆمی پاتەلۆژی ستەمکاریین . هەر لە بەر ئەم هۆیەش شتێک نییە بە ناوی پیاوی سپی و پیاوی ڕەش بەلكو هەردووکیان لە پەیوەندییەکی هەماهەنگییدان لە گەڵ یەکدا پێکەوە دروستدەبن. ئەم دیدە بۆ ژن و پیاوی کوردیش هەر ڕاستە، واتە شتێک نییە بە ناوی ژن و پیاوی کوردییەوە بەڵکو ئەوەی هەیە هەر پیاوە و ئەویش کائینێکی خەسیوە هیچ لە بارەنەبووە هەم لە ڕویی سیاسیەوە وە هەمیش لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە. بە باوەڕی من ئاپۆ زۆر زیرەکانە ئیشی لە سەر ئەم دیوە پاتەلۆژییەی پەیوەندی نێوان ژن وپیاوی کورد کردەوە و توانیویەتی تەواوی ئەو هاوكێشەیە هەڵبوەشێنێتەوە. ئاپۆ دێت وێنای ژنێک دروستدەکات دەکاتەوە و زیندوویدەکاتەوە کە تەواو جیاوازە لەو مۆدێلەی کە هەیە بۆتە ئاوێنەی پیاو. ئاپۆ ئاقڵانە ئیش و دەستکاری سوبژێکتیڤتی ژنی کورد دەکات لە ڕێی ئەوانەوە دەیەوێت جارێکی تر بگاتە سوبژێکتیڤی پیاو کورد و ئەو وێنا خەسیوو و پووچەڵەیان بۆ ڕاستبکاتەوە کە مێژووی کۆیلایەتیبوونی سیاسیان بۆی دروستکردوون.

ئاپۆ دەپرسێت:ئایا عەشق دەتوانێت هێلانە لەناو دڵ ئەو شوێنانە نەشونمابکات و دروست بێت کە تا بینەقاقای داگیرکراوە؟. ئاپۆ بە ئاماژە بە ئەزموونی خۆی[9] دەڵێت بە بێ خیانەتکردن لە ئەرکە شۆڕشگێڕیەکان، ئاستەمە بتوانیت لەگەڵ ژنێکی سیستەمدا بژیت. شۆڕشی ژن لە خۆیدا شۆڕشێکە لە ناو شۆڕشدا. دیارە مەبەست لە شۆرشی ڕزگارکردنی ژن و جەستەی ژن لە چنگی پیاوگەرایی و قوتارکردنی وەک ماشێنێک بۆ خستنەوەی مناڵ لە زهنییەتی کۆنپەرستی ئایینی و زهنیەتی سەرمایەداری یەکێکە لە ئەرکە هەرە گرنگ و سەرەکییەکانی ئەو جەنگە. عەشق پێویستی بە ئازادی، ئازایەتی، سەرکەوتن و خۆشەویستیەکی مەزن هەیە.

ئەوەی جێی سەرنجە لە تێزەی ئاپۆ سەبارەت بە عەشق، دابڕاندنیەتی لە سێکسوالیتی و پێیوایە هەرکەسێک عەشق بۆ ئاستی تامەزرۆیی جەستەیی و سێکسی نزمبکاتەوە ئەوا بێگومان خیانەتی لە عەشق کردووە. ئەم دۆگمایەی کە عەشقی پیرۆز ئەو عەشقەیە بێ بوونی ئارەزووی سێکسی، پێچەوانەکەشی بۆ سێکس ڕاستە، چونکە بەرەیەکی تر هەیە کە پێیوایە سێکس و چێژی پاک و بێگەرد ئەوەیە کە خاڵی بێت لە خۆشەویستی و پۆخڵنەکرابێت بە خەیاڵی عەشق. بە مانایەکی تر، ئەوەی کە تۆی خۆشدەوێت لە بەرخاتری سێکس ئەوا بە ڕاستی عاشقی تۆ نییە، وەکچۆنیش ئەوەی کە سێکست لەگەڵ دەکات لە بەرئەوەی خۆشی دەوێیت ئەوا لە ڕاستیدا ئارەزووی تۆ ناکات. هاوشێوەی شۆبنهاوەر ئاپۆش زۆر ڕەشبینانە دەڕوانێتە پەیوەندی نێوان خۆشەویستی و سێکسوالیتیەوە دەڵێت: لە سێکسدا هەموو دەمامکەکان دەکەون، سێکس ئەو پانتاییە کە کە کۆیلەبوونی تاکەکان تیایدا باڵا دەکات. ئاپۆ دەلێت گەر عەشق لە مانا شۆڕشگێڕییەکەی خۆی لە دەستبدات ئەوە هیچ نییە جگە لە وەهمێک نەبێت بۆ پاراستنی ڕەگەزی مرۆڤ لە سەر زەوی. هەر بۆیە ئەو دوو خۆشەویستەی کە وا دەزانن لە سایەی خۆشەویستی و خەیاڵەکانیدا دەژین لە ڕاستیدا ئەوانیش وەک هەموو ئەوانی تر ملکەچی مێگەلن، جونکە دواتر هەموو بە عەزرەتی دەنگی مناڵێکەوەن.

دیارە ئاپۆ بە تەواوی دژی بەکارهێنانی ژنە وەک ماشێنێک بۆ خستنەوەی مناڵ و زیادکردنی ژمارەی دانیشتوان لە ڕێی بەکارابوونی ژن وەک کارخانەیەک. لە کاتێکدا ئێمە وەک میللەتێک کە هەمیشە لە بەردەمی هەڕەشەی قاتوقڕیدان لە لایەن داگیرکەرەکانمانەوە، ڕەنگە دروستکردن و خستنەوەی مناڵی زۆر بە تایبەت کوڕان یەکێک بوبێت لەو میکانیزمانەی کە بە هۆیەوە درێژە بەم شەڕە نابەرابەرە درابێت. کەچی لێرەشدا ئاپۆ جەوهەری ژن وەک مرۆڤ دەبێنێت و نایەوێت بیکاتەوە بە بەشێک لەو کارخانەیە. بە ڕای ئاپۆ کێشەی زیادەڕۆیانەی ژمارەی دانیشتوان لە کیشەی چینایەتی زیاتر هەڕەشە لە کۆمەڵگەی کوردی بە تایبەتی و جیهان بە گشتی دەکات. بە مانایەکی تر، زیادبوونی لە ڕادەبەری ژمارەی دانیشتوان لە نزیکەوە گرێدراوی کۆمەڵگای پیاوگەرایی و سەرمایەدارییە. پرۆسەی لە دایکببونی مناڵ کە بەیکێک لە قورسترین بە ئازاترین ئەرکەکانە لە ژیانی ژندا کەچی بە ڕەنجی لە قەڵەم نادرێت. ئاپۆ دەڵێت: دەبێت ئێمە ئەوە زۆر باش بزاننین کە وەچەخستنەوە دیاردەیەکی سیستەماتیک و کولتورییە نەک بایەلۆژی. لە دایکببونی هەر مناڵیک لە خۆیدا جەندین جار مانای مردنی ژنە بەڵکە هەر زۆربوونێک مانای مردنە. ئەو بوونەوەرەی کۆتاییەکەی مردن لە ناوچوونە باوەڕی وایە کە لە ڕێی زۆربوون و زاوزێکردنەوە دتوانێت خۆی بۆ هەمیشە بژێنێت و بمێنێتەوە. بە مانایەکی تر، کورتکردنەوەی فەلسەفەی ژیان بۆ زاوزێ لەگەڵ ژندا لە خۆیدا لەدەستدانی مانای ژیانە.

هەڵبەت ئاپۆ زۆر بە ئاگایانەوە دەستی بۆ چەمکی ئیرۆتیزم و مەرگ بردوەو تێزەکەشی مۆرکێکی فەلسەفی قووڵ و ووردی پێوە دیارە، هەر بۆیە لە جێ خۆیەتی کە لێرەدا بۆ زیاتر جەختکردنەوە لە قووڵی ووردی بابەتەکەی بیبەستینەوە بە تێزەی فەیلەسوفی فەڕەنسی جۆرج باتای لەسەر ئیرۆتیزم. باتای لە پێشەکی کتێبەکەیدا بە ناوی (مەرگ و چێژ: توێژینەوەیەک لەسەر ئیرۆتیزم و تابو) پێوایە کە ئیرۆتیزم تا ئەوپەڕی مردنیش هەر ژیانبەخشە، هەرچەندە باتای خۆی دەڵێت کە ڕەنگە ئەمە پێناسەیەکی وردی ئیرۆتیزم نەبێت بەڵام بە ڕای ئەو ئەم دەستەواژەیە لە هەموو پێناسەیەکی تر زیاتر مانابەخشە. بە ڕای باتای چالاکی سێکسی وەک پرۆسەیەک بۆ بەرهەمهێنانەوە و بەردەوامی ژیان تایبەتە بە هەردوو مرۆڤ و ئاژەڵیش، بەڵام ئەوە تەنها مرۆڤە کە ئەم چالاکیە سێکسیەی گۆڕیوە بۆ چالاکیەکی ئیرۆتیکی. ئیرۆتیزم بە پێچەوانەی هەر چالاکیەکی سێکسی تر داوایەکی سایکۆلۆژییە و ئامانجە سروشتیەکەی بریتیە لە زاوزێ و خستنەوەی مناڵ. بە بەکارهێنانی ئەم فۆڕمەلەیە، باتای دەگەڕێتەوە بۆ پێناسەکەی خۆی بۆ ئیرۆتیزم و پێوایە گەر ئامانجی سەرەکی لە ئیرۆتیزم بەرهەمهێانەوە و خستنەوەی مناڵ بێت ئەوا ئەم پرۆسەیە بە دەر نییە لە ڕەگەزی مەرگ، واتە ناتوانین باس لە چێژ و خرۆشی سێکس بکەین بە بێ باسکردنی مەرگ. بە واتایەکی تر، ئەنگێزەی مەرگ بۆخۆی چێژوخرۆشی سێکسوالیتی دروستدەکات. لەم بارەیەوە باتای دەڵێت: (مناڵخستنەوە پێچەوانەی ئیرۆتیزمە تەنها لە کاتێکدا نەبێت کە ئامانج لە ئیرۆتیزم گۆڕینەوەی چێژو خرۆشی چوونیەکی نێوان دووکەس بێت کە ئامانجیان خستنەوەی مناڵ نەبێت). مناڵ خستنەوە واتە بوونی بونەوەری جیاواز و دابڕاو لە یەکتری، بونەوەرگەلێک کە خۆیان دووبارە دەکەنەوە وەک یەکەیەکی جیاواز و دابڕاو لەوی تر، وەکچۆن ئەوەی کە دروستیش دەبێت یەکەیەکی جیاوازو دابڕاوە لەوانی تر،و لەو دایک و باوکەیش ناچێت کە لێوەی دروستبوون. هەر بوونێک لەوی تر جیاوازە بەو مانایەی هەر کەسێک لە دایکبوونێکی جیاواز، ژیانێکی جیاواز و مردنێکی جیاوازی هەیە، ئەگەرچی ژیانی هەرکەسێک کەم تا زۆر گرنگی و پەیوەندی بە وانی ترەوە هەیە بەڵام دواجار ئەو ژیانە بە تەنها پەیوەستە بە خۆی. باتای دەڵێت: ئێمە بە تەنیا لە دایک دەبین و بە تەنیاش دەمرین. لە نێوان بوونێک و بونێکی تردا بۆشاییەکی گەورە لە جیاوازی و لێکپچڕان هەیە، هەربۆیە کاتێک تۆ دەمریت ئەوە بە تەنها مردنی تۆیە نەک مەرگی من. بە ڕای باتای مرۆڤ بۆ خۆی بوونەوەری جیاواز و لێکدابڕاوە، مەرگیش بەردەوامی دەدات بەم جیاوازییە. مناڵخستنەوە واتە جیاوازبوونی بوونەکان، بەڵام لە ڕێی بەردەوامبوونیانەوە. بۆ ئەوەی مەبەستی باتای لە پەیوەنی نێوان مەرگ و مناڵخستنەوە ڕوونبکەمەوە ئەوا پێویستە درێژە بە تێزەکە؛ی بدەم و ووردەکارییەکانی باسبکەم. باتای بۆ ڕوونکردنەوەی ئەو پەیوەندییە باس لە دوو جۆر بەرهەمهێننانەوەی بوونەوەرەکان دەکات: یەکەمیان بە زیادکردنی نا سێکسوێل دەناسرێت کە زیاتر دابەشبوونی خانە دەگرێتەوە بە بێ هیچ چالاکییەکی سێکسی بۆ دوو خانە، ئەو دوو خانە نوێیە بەرهەمی خانەی یەکەم. بەڵام خانەی یەکەم خۆی نامێنێت و دەمرێت. بە مانایەکی تر نابەردەوامی و مەرگی یەکەم دەبێتە بەردەوامی ژیان بۆ دوو خانەکەی تر. جۆری دووەمیش لە پرۆسەی بەرهەهێنانەوە لە نێوان بووبەوەرە سێکسوالیەکان تا ڕادەیەک بە هەمان شێوەیە، بەو مانایەی یەکگرتنی سپێرم و هێلکە وەک دوو یەکەی نابەردەوام دروستبوونی کۆرپەلە وەک یەکەیەکی بەردەوام کەلە دیارنەمان و مەرگی ئەو دوو یەکەیەوە(سپێرم و هێلکە)ەوە دروستدەبێیت.

بۆ پێچانەوەی ئەم بابەتە و بەستنەوەی بە تێزەی سەرەکی ئاپۆ سەبارەت بە عەشق و بەکارهێنانی ژن وەک جەنگاوەرێکی دانەبڕاوی شەڕی گەشتن بە عەشق، ئەوە ماوە بڵێین گەر ڕامبۆ پێیوابێت کە عەشق پێویستە سەر لەنوێ دابهێنرێتەوە‌، لای ئاپۆ زیندووکردنەوەی عەشق یەکێکە لە زەحمەترین ئەرکە شۆڕشگێڕییەکان کە پێوستی بە ڕەنجێکی گەورەو و بیر و هۆشێکی ڕۆشنگەر هەیە. ئاپۆ دەڵێت ووردە ووردە درک بەوە دەکرێت کە من لە سیاسەتی کادیرانی ژندا عەشق دەچەسپێنم، هەوڵمداوە دوور لە ڕەهەندە جێندەرییەکەی ئەم هەڵوێستە لە ناو چەمک و بیرۆکەی کولتوری، سیاسی و ئازادی و یەکسانیدا پێشبخرێت. بە مانایەکی تر، پێویستە سەرلەنوێ پێناسەیەکی ترمان بۆ عەشق هەبێت، ئەمەش شانبەشان و هاوتای ڕزگاریکردنی ژن دێت لە ژیر کۆتو بەندی کۆیلایەتی کولتووری کۆمەڵایەتیدا. بۆ ئەوەی بگەین بە دیوە ڕاستەقینەکەی عەشق ئەوا پیشوەخت پێویستە هەردوو ژن و پیاو لەگەڵ یەکتر ئاشتبکەینەوە و دەرک بەو ئیلاهیبوونە بکرێت کە پێویستە لە نێوان هەردوو ژن پیاودا هەبێت. هەڵبەت گەشتن بەم دۆخە گەر کارێکی مەحاڵ نەبێت ئەوا زۆر قورسە لە سایەی شارستانییەتی چینایەتی بە تایبەتیش سیستمی سەمایەداریدا بێتەئاراوە.

بە ڕای من ئاپۆ بۆ گەشتن بە مەرامە سیاسیەکانی و هێنانی ژن و ئامادەگی بۆ ناو کایەی سیاسی و بەکارهینانی وەک جەنگاوەرێک لە شەڕی عەشقدا زۆر ئاقلانە و بە ئاگایانە ئیشی بە زمان و بونیادە کۆمەلایەتیی و سیاکۆلۆژییەکەی پشت زمانیشەوە کردووە. ئەو بە ئاگایە لەوەی کە زمان وه‌ك سیستمی كه‌لتوری كۆمه‌ڵایه‌تی ڕۆڵ و كاریگه‌ریه‌كی ته‌واوی هه‌یه‌ له‌ سه‌ر دروستكردنی وێنای ژن، سه‌یركردنی كۆمه‌ڵگه‌ بۆ ژن په‌یوه‌سته‌ به‌ بونیادی ئه‌و زمانه‌وه‌ كه‌ كه‌لتوره‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كه‌ی لێ پێك هاتوه‌. بە مانایەکی تر، زمان به‌ ته‌نها وێنای حه‌قیقه‌تمان نیشاننادات به‌ڵكو ئامرازێكیشه‌ بۆ دروستكردنی حه‌قیقه‌ت خۆی. دیاره‌ كه‌ كه‌لتوری كوردی كه‌لتورێكی پاتریاركیه‌و هه‌موو شته‌كانی له‌ ده‌وری سه‌یركردنی پیاو‌ بۆ وجودی خۆی كۆده‌بێته‌وه‌ ، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م وجوده‌ ته‌واو بێت پیاو پێویستی به‌ ژنه. هاوشێوەی سیمۆن دیبوڤوار ئاپۆیش جه‌سته‌ی ژن به‌ (حاڵه‌ت) دەبینێت و پێیوایه‌ ژن به‌هۆی وه‌زیفه‌ی به‌رهه‌مهێنانی مناڵ و بازنه‌ی هۆرمۆنیه‌وه‌و له‌ ژێر خانه‌ی مرۆڤدا ده‌كرێته‌ كۆیله‌، ئه‌وه‌ی ئه‌م كۆیله‌و به‌ندبونه‌شی بۆ تۆخ ده‌كاته‌وه‌ بیروڕاو لێكدانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌كه‌یه‌تی له‌ سه‌ری. واته‌ ئه‌وه‌ی وا ده‌كات كه‌ جه‌سته‌ی ژن وه‌ك حاڵه‌تێك سه‌یر بكرێت ئه‌و وێناو ڕاستیانه‌یه‌ كه‌ ژن تیایدا ده‌ژی. بۆ نمونه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا جه‌سته‌ی ژن به‌ندی حاڵه‌تێكه كه‌زیاتر لێكدانه‌وه‌ی بیروڕای كۆمه‌ڵه‌گه‌كه‌یه‌ نه‌وه‌ك هه‌قیقه‌تی ئه‌و جه‌سته‌یه خۆی‌ وه‌ك سوبێكتێك. بۆ نمونە، كاتێك ده‌ڵێن ژن(زه‌عیفه‌یه‌)، ئا لێرەدا ئاپۆ ئیشی لە سەر جەستەی ژن کردەوە لە جەستەیەکی لاواز و بێدەرەتانەوە گۆڕیویەتی بۆ جەستەیکی زاڵ و جەربەزەو ئازاد کە باکی بە هیچ شتێک نییە تەنانەت بە مەرگیش. وا بزانم هەموو ئەوەمان لە یادە کە چۆن یەکێک لە هەرە سیما زۆر دیار و بریقەدارەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی داعشیزم لە واقیع و میدیای کوردیدا بریتی بوو لە بەجێنده‌ركردن و ڕەگەزاندنی جەنگ، هەروەها پیرۆزکردنی هاتنی ژن بۆ ناو مەیدانی شەڕ: ژن وەک چەکهەڵگر، وەک پێشمەرگە و شەڕڤان و گەریلایەک کە دەتوانێت شانبەشانی پیاو لە ڕیزەکانی پێشەوەی شەڕدا، بجەنگێت. کەم نەبوون ئەو گوتار و شیعر و شانامانەی کە لەو جەنگەدا دژ بە داعش، بە شانوباڵی ژنی چەکهەڵگردا نوسران و هەڵیاندا: واتە وێنا و مەزنکردنی ژنەپێشمەرگە و ژنەگەریلا و ژنەشەڕڤان وەک دلێر، جوامێر، جەربەزە، نەسرەوت و ئازا و شێری مەیدان… هتد، کە هەموو ئەم زمانە میتافۆرییە وەسفگەرایە لە بنەڕەتدا خۆی زادەی ڕیتۆریک و سیمبولەکانی جیهانی پیاوە، زمانێکە پیاو دروستیکردووە تا ستایشی خودی خۆی وەک بونەوەرێکی میلیتاریزەکراو، پێبکات. بەکارهێنانی ئەم زمانە میتافۆڕییە بۆ ژنیش ئەوە دەسەلمێنێت کە ئاپۆ سەکەوتوو بووە لە دەستکاریکردنی سیستمی سیمبولی زمانی کوردی سەبارەت بە جەستەی ژن و گۆڕینی لە دۆخی زەعیفەو لەرزۆکەوە بۆ جەستەیەکی جەربەزەو نەبەرد.

لەم کتێبەدا ئاپۆ چەند جار ئاماژە بەو کۆجیتۆ ئیسلامیەی بۆ ژن دەدات کە دەڵێت: (ژنەکانتان کێڵگەکانتان، چۆن دەتانەوێت ئەوا بیانكێڵن)، یان گوتەی (ژنەکان وەک ئامێری موزیک وان، چۆن پێتانخۆشە ئاوەها بیانژەنن). بە مەبەستی ئەوەی کە پیاو بە درێژایی مێژووی خۆی هەوڵی سڕینەوەی کارەکتەری ژنی داوە و ویستوویەتی بیکاتە بەو شتەی کە خۆی دەیەوێت هەبێت، واتە ژنێکی پاسیڤ و گوێڕایەڵ و ترسنۆک و لەرزۆک کە ئەم بۆ خۆی هیچ بوون و سوودێکی نییە بەڵکو تەنها وەک پاشكۆی دەتوانێت هەبێت، ئەرکی سەرەکیشی لە ژیندا ڕازیکردنی غەریزەو سێکسوالیتی پیاوە. هەڵبەت بۆ کەسێک کە بەچاوی ڕەخنە ئەم کتێبە بخوێنێتەوە یەکەم پرسیار کە بەخەیاڵیدا بێت ئەوەیە: ئەی داخۆ ئاپۆش هەمان میکانیزم بەکارناهێنێت بۆ میلیتاریزەکردنی ژن، بە مانایەی کە ئەمیش وەک ئەوانەی پێشخوی ژن دەکاتە ئامرازێک بۆ شەڕ بە ناوی شەڕی عەشقەوە؟ بەڵام ئاپۆ هەر خۆی وەلامی ئەم پرسیارە دەداتەوە دەڵێت کە ئەو بە ئاگایە لەوەی کە ژنی خستۆتە چ تەنگەژە و ئاگرێکەوە ئاپۆ ڕوو دەکاتە ژنە شوڕشگێڕەکان دەڵێت:(… هەرچەندە خیانەتکارو بەکرێگیراویش دەرکەوتبن هەرگیز نابێت ئەوانە لە بیربکرێن کە بە دڵ و بە گیان تەڤنی بوون. بە تایبەتیش شەهیدەکانیان بەردەوام وەک عەزیزە پیرۆزەکانی ئەم خاک و گەلەکانمان یادیان دەکڕێتەوە. ئەوان هەریەکەیان خوداوەندێکی ئازای ڕاستەقینەن. بە ڕیزەوە پێشوازیم لە یەکێتی و بە پارتیبوونیان کردو یارمەتیانم دا. بەردەوام جەختم لەسەر ئەوە کردەوە کە پێویستە ببنە گەرەنتی ژاینێکی ئازادو جوان. بەو باوەڕەوە درێژەم بە هەوڵ کۆششەکانی خۆم دا کە مسۆگەر ڕۆژێک بە ئاستی ئەو ژنە بەهێزە دەگەن کە پیاوی ستەمکارو درۆزن و پاشڤەڕۆ دێنێتەوە سەر ڕێ. مرۆڤ تەنیا لە میانەی ئەو ژنەوە مەزن نابێت و نابێت بە پیاو، کە موڵکیەتی. من نەمخواست بەم جۆرە مەزن ببم و ببم بە پیاو: تەنانەت ڕەوشێکی وام بە کەرەمات شکێن بینی. دەزانم کە ژنانم خستۆتە ڕەوشیكی سەختەوە، دەرک بەوەش دەکەم کە ئەوانم کردووە بە پارچەیەک لە ئاگر، ئەویش دەزانم کە هی وەها لە نێوانیاندا هەن کە دوژمنایەتیەکی مەزن و ستەمکاریش دەکەن، ئەویش دەزانم کە بەتەنیام هێشتوونەتەوە، بەڵام گرنگترین ڕاست کە دەخوازم بیزانن کە پیویستە بیزانن هێندە بەهێز بن کە چارەنوسی شەڕ و ئاشتی دیاری بکەن. ئەگەر ئەمە نەبێت ژیان حەرامە، ئەگەر ئەمە نەبێت عەشق نابێت …)

ڕەنگە ئەم چەند دێڕەی سەرەوە بەس بێت بۆ خوێندنەوە و تێگەشتن لە تەواوی گوتاری ئاپۆ لە سەر بەشداربوونی ژن لەو بزوتنەوە شۆڕشگێریەدا کا ئاپۆ خۆی سەرکرادیەتی دەکات، بەڵام سەڕەرای هاوسۆزی و سەرسوڕمانم بۆ ئەو هەست و نەستەی کەلە پشت ئەم گوتارەوەیە هێشتا ئەمە بەو مانایە نایەت کە خودی ئەم گوتارەش جێی ڕەخنە نییە. ئەم دیدەی ئاپۆ بۆ دەسەڵاتدارکردنەوەی ژن بێگومان پڕۆژەیەکی قەشەنگە و باوەڕناکەم هیچ ئازادیخوازێکی راستەقینە دژی بێت، لێ گرفتەکە ئەوەیە کە ئاپۆ بیری دەچێت دەسەڵاتدارکردنی ژن ناڕاستەوخۆ یەکسانە بە بەنێرکردنەوەی ژن: بەو مانایەی کە بەر سترەکتورێکی درێژخایەن و کەڵەکەبوو لە بەها دەکەوێت کە بەردەوام بە نۆرم و ئایدیای پیاوسالارانە بەرهەمهاتووە و داڕێژراوە. ئاپۆ بیر لەوە ناکاتەوە کە بەهاکانی پیاوسالاری کە لانیکەم گەر بەس لە ئیمپراتۆریەتی عوسمانیەوە لێی بڕوانین، بۆ ماوەی نزیکەی ٧ سەدە چەسپیون، کۆی شێوەکانی پەیوەندی و دەسەڵاتیان لەسەر هیرارکیزمی سوڵتان و ڕەعیەت، دەسەڵاتدار و ژێردەستە بەرهەمهێناوە، بەو مانایەی کە دەسەڵاتداری بووە بە پیاوسالاری، هەر بۆیە تێکشکاندنی وا ئاسان نیە. کەواتە ئەوەی کە لێرەدا گرنگە و ئاپۆ گفتوگۆی ناکات ئەو میکانیزمەیە بۆ گۆڕینی فۆرمی دەسەڵات لە نێرینەوە بۆ مێیینە بەبێ وەستان لەسەر میکانیزم و پێشنیارەکان بۆ چۆنێتی هەڵوەشاندنەوەی دەسەڵات بەو مۆدێلەی کە بەس پیاو بکەر و بەرهەمهێنەر و بڕیاردەریەتی.

 

په‌ڕاوێز:

بڕوانە، ئاپۆ: ژنۆلۆژی، لاپەڕە ٦٠. [1]

[2] بڕوانە: ژنۆلۆژی، لاپەڕە ٣.

[3] هەمان سەرچاوە، لاپەڕە ٥.

[4] هەمان سەرچاوەی پێشوو، لاپەڕە ٤.

[5] هەمان سەرچاوەی پێشوو، لاپەڕە ٩.

[6] هەمان سەرچاوەی پێشوو، لاپەڕە ١٠.

[7] بەشی دووەمی ووتاری کلیترۆس.فۆبیا: ژن پانتاییەک لە چێژو سێکسولیتی(بەم زووانە لە ژمارە چواری کەلتور ماگەزیندا بڵاودەبێتەوە)

[8] فرانز فانون: کتێبە بەناوبانگەکەی بە ناوی(پێستی ڕەش و ماسکی سپی کەلە ساڵی ١٩٥٢ دا ىلاوکرایەوە).

[9] پەیوەندی سۆزداریی ئاپۆ خۆی لەگەڵ خاتوو کەسیرە کە لێرەدا بە پێویستم نەزانی باسی لێوە بکەم، چونکە ئەو بابەتە بە تەنیا خۆی قسەی زۆر هەڵدەگرێت.

 

مافی بڵاوکردنەوە بۆ نوسەر و کولتور مەگەزین پارێزراوە!
ڕێنوس و خاڵبەندی تایبەتە بەنوسەر خۆی.