پلانی نووسینی کتێبی سه‌فه‌رنامه، بۆ من له هیچکام لە پلانی پیشوه‌خت و ناوه‌ختی نووسینه‌کانی پێشووترم نەئەچوو، ئه‌مه‌ش په‌یوه‌ندی به ژیانی تایبه‌تی ئه‌و کاته‌ی خۆمه‌وه هه‌بوو، چونکە ئه‌و ڕۆژانه ته‌واو ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تیم به‌سه‌ر یه‌کتردا ڕووخابوو، به‌ته‌نیا ئه‌ژیام و ماندووی ده‌ستی بینین و نه‌بینینی منداڵه‌کانم بووم، له گێژاوی کریسێکدا ئه‌ژیام که دنیای لێ بچوککردبوومه‌وه،ته‌واو تاریکی داگیری کردبووم، ئه‌مزانی که ئه‌بوو پێش هه‌رچ که‌س بۆ ڕۆحی خۆمی بسه‌لمێنم که ژیانم خۆشئه‌وێت، وه‌ک هه‌میشه بۆ من ده‌ستگه‌یشتن به‌و خۆشی و سیحر و هێزه‌ش ته‌نها له‌ڕێگای نووسینه‌وه بوو، بۆیه بڕیارمدا نووسینێک بنووسم هەم دڵخۆشم بکات و هەم شوێنێکێشم پێ ببەخشێتەوە لەسەر ئەم ئەستێرە شینە، تا بتوانم لەو ڕەشبینی و تاریکییە بێمەدەرەوە کە خەریکبوو تەواو ئەیتاساندم، به‌چه‌شنێک هێنده ته‌نیا و ته‌نهای کردبووم له قه‌ره‌بالغییه‌کان ئه‌ترسام. خه‌ونم ته‌واو تێک‌چووبوو، بۆ ماوه‌یه‌کی زۆر هه‌موو شەوێک بێ ویستی خۆم سه‌عات چواری به‌رەبەیان خه‌به‌رم ئه‌بوه‌وه، ئه‌و خه‌و زڕاندنه‌ش هه‌رچی حه‌ز و ویستی خوێندنه‌وه و گوێگرتن له موسیقا و سه‌یرکردنی فیلم بوو تیایدا کوشتبووم، خه‌ریکبوو هه‌نگاوم به‌ره‌و دنیایه‌ک ئه‌نا که ئه‌مزانی تا زیاتر بچمه ناویی زیاتر عاسی و گیرۆده‌ئه‌بم، ترسی ئەوەم هەبوو ئەو دنیا تاریکە داگیرمبکات و بمشەمزێنێت، پێویستم به‌هێزێک هه‌بوو له خۆمدا بیدۆزمه‌وه، هێزی به‌رده‌وامی و ژیاندۆستی و عه‌شق بۆ جوانییه‌کان، سه‌ره‌تا لە شکاندنی پاکه‌تی جگه‌ره‌کانمەوە دەستم پێ‌کرد، کوڕە وەرزشەوانەکەی ناو خۆم دۆزییەوە و دەستمکرد بە ڕاکردن، به پاسکیک به خۆم و جانتایه‌کی کۆڵەوە، که بابۆڵه‌یه‌ک خواردن و بیره‌یه‌ک و کتێبێکی تیادابوو ئه‌چوومه ناو قوڵایی دارستانه‌کان، له‌بیرمه له‌یه‌کێک له‌و ڕۆژانەدا که چیتر گوێگرتن له مۆسیقای کلاسیکی به‌ده‌نگی به‌رز و ده‌ستڕاوه‌شاندن وه‌ک ماسترۆیه‌ک فریای هێنانه ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و هه‌موو وزه‌یه نه‌ده‌که‌وت که له‌ناومدا کۆبووبوونەوە، له‌پڕ ده‌ستم دایه ده‌فه هه‌ڵواسراوه‌که‌ی دیواره‌که و دام به شانمدا، نزیکه‌ی سه‌عاتێک به پاسکیک چوومه ناو قوڵایی دارستانێکه‌وه، ئێستاش دیمه‌نی ئه‌و ڕۆژە بەهارییە زۆر سه‌یره‌ی دارستانەکەم لەیادناچێتەوە، ته‌م هه‌موو شوێنێکی داپۆشی بوو، به‌ڵام تا به‌ره‌و قوڵایی ناو دارستانه‌که ئه‌چووم ته‌مه‌که به‌هۆی چڕی چڵ و پۆپی دره‌خته‌کانەوە ته‌واو نه‌نیشتبووه سه‌ر فه‌رده قه‌وزه پڕ لە ئاونگەکان، بەردەوام پاسکیلم لێ ئەخوڕی و سنگم پڕ بووبوو له بۆن و گه‌رمی، قوڕگم پڕبووبوو، بەدەم هەناسەبڕکێوە نەرەنەرم بوو، له پاسکیله‌که هاتمه خواره‌وه و له ژێر به‌رزترین و ئه‌ستورترین دره‌ختدا به‌جێمهێشت، لەنێوان قەدی درەختەکانەوە تاوێرێکم له دووره‌وه بینی و چوومە سەری، دەفەکەم لە شانم کردەوە و بە پێوە وەساتام، له‌سه‌رو سنگمه‌وه تا سه‌رم ته‌مه چڕه‌که دایپۆشی بوو، ده‌ستم کرد به ده‌فلێدان، به‌بێ ئه‌وه‌ی بیر له هیچ ڕه‌زمێکی تایبه‌ت بکه‌مه‌وه، کاتێک به قایمی ئه‌مکێشا به ده‌فه‌که‌دا ته‌مه‌که له‌ژێر ده‌ستمدا ئه‌بزڕکا، لەگەڵ گوێ لێبوون له به‌ریه‌ک که‌وتنی زڕه‌ی زنجیری ده‌فه‌که‌ی دەستم، هێنده‌ی تر ئاوی ناو قوڕگم سەرئه‌کەوت، له‌سه‌ر ئه‌و تاوێره سه‌ر سه‌وزه‌وه بەدەم دەفلێدانەوە دامه پڕمه‌ی گریان، نازانم چه‌نده گریام و چه‌نده‌ش ده‌فم کوتی، به‌ڵام که ئیتر هه‌ستم کرد ئه‌بێت بوه‌ستم، دوای هه‌ڵکێشانی هه‌ناسه‌یه‌کی قوڵی ته‌ماویی وه‌ستام و لە جێگەکەی خۆمدا لەسەر فەرشە قەوزەکە دانیشتم، من لەنێوان تەمە نزمەکەی سەرسەرم و په‌لکه گیا سەوزەکانی ژێر درەختەکانی دارستانەکەدا پشکۆیەک بووم لە گۆشت، هه‌ستم به سوکی سەر سنگ و جه‌سته‌م ئەکرد، دوای کەمێک دانیشتن و چاوگێڕان بەملاولای خۆمدا، لەسەر تاوێرە بەردەکەوه خۆم هەڵدایە خوارەوە و چومه‌وه بۆ لای پاسکیله‌که‌م، به عه‌شقێکی زۆره‌وه بۆ نووسین گه‌ڕامه‌وه بۆ ناو تاقه ژووره‌که‌ی خۆم، بڕیارمدا که ئه‌بێت نووسینێک بنووسم ڕزگارم کات له‌و هه‌موو خه‌مه قورسه‌ی سه‌ر سنگ و ناو سه‌رم، نووسینێک بێت ته‌نها بۆ خۆم نه‌ک بۆ بڵاوکردنه‌وه، وه‌ک هه‌وڵدان بۆ دروستکردنی ته‌راپیه‌ک له خۆمه‌وه بۆ خۆم. تا بتوانم له‌و گیرۆده‌بوونه به‌ده‌ست برینداربوونی خۆم و یاده‌وه‌رییه‌کانمه‌وه بۆ شوێن که نیشتیمان بوو ڕزگارم ببێت، تا بتوانم ئه‌و ڕۆژانه وه‌ک خۆیان ببینم که تیایاندا ئه‌ژیم، نه‌ک بهێڵم ببن به ژێر سێبه‌ری دوێنێیه‌که‌وه که زۆرینه‌یان یاده‌وه‌ریی ناخۆش و خوێناوین، ئەم خۆڕزگارکردنەش ئەبوو لەڕێی نووسینێکەوە بێت کە هێزی بەتاڵکردنەوەی هەموو ئەو برینداریی و یادەوەریانەی تێدابێت.
له‌گه‌ڵ بڕیاردانی ئه‌و نووسینه‌دا ته‌واو دڵنیابووم له‌وه‌ی که زۆر بریندارم، بۆ زیاتر ناسینه‌وه‌ی ئه‌و بریندارییه‌م بڕیارمدا سه‌فه‌رێک بۆ کوردستان بکه‌م، لە هەمان کاتیش‌دا بڕیارمدا سەفەرەکەم بکەم بە دوو بەشەوە، سەفەری دەرەوە و سەفەری ناوەوە، سەفەری دەرەوە قسەکردن و گێڕانەوەی هەموو ئەو دیمه‌نانه بوون که ئه‌هاتنه سه‌ر ڕێگام و ئه‌مبینین، سەفەری ناوەوەش قسەکردن لەسه‌ر یادوەرییەکان و خوێندنەوەکانم بوو.
چه‌ند مانگێک تێپه‌ڕی و ڕۆژێک بلیتێکی فڕۆکه‌م له ستۆکهۆڵمه‌وه بۆ شام بڕی، ئیتر ته‌واو دڵنیابووم که ئه‌بێت پلانێک بۆ نووسینه‌که‌م دابنێم تا بزانم چۆن ده‌ستپێبکه‌م، بێ ئەوەی بیر لە بڵاوکردنەوەی ئەم نووسینە بکەمەوە، به‌ڵکه ته‌نها ئه‌مویست نووسینێکی جیاواز له نووسینه‌کانی پێشووترم بنووسم، چوون که‌سێکی ته‌نیا و بریندار له شوێنێکی دووره‌ده‌ستا برینێک ئه‌که‌وێته جه‌سته‌یه‌وه و ناچار هه‌ر خۆشی ئه‌بێت خۆی تیماربکات بۆ ئه‌وه‌ی بژی و بگاته‌وه ئاوه‌دانی، منیش ئاوا ویستم ئه‌و برینداریی و تەنهاییەی خۆم به‌ده‌ستی خۆم تیماربکه‌م و بتوانم جارێکی تر بچمه‌وه ناو خوێنه‌ره‌کانم.
له چه‌ند ڕۆژی پیش سه‌فه‌ره‌که‌مدا بۆ کوردستان، ته‌واو نه‌خشه‌ی نووسینه‌که‌م لەلا بەرجەستە بووبوو، تەنها شتێک کە مابوو ئەوەبوو دەست بە نووسین بکەم، چونکه هه‌ستم به نه‌شئه‌یه‌کی بێ ئه‌ندازه ئه‌کرد و خه‌یاڵیشم له‌ناو ئه‌و نه‌شئه به‌رده‌وامه‌دا ئەیتوانی تا دوورترین شوێن بڕوات. دیاره من ئه‌زمونێکی دوورودرێژم له چێژوه‌رگرتن له‌گه‌ڵ نه‌شئه‌ی نووسیندا هه‌یه، به‌چه‌شنێک هه‌ندێک جار بێ ئه‌وه‌ی بنووسم ته‌نها ئه‌مه‌وێت له‌زه‌ت له‌و نه‌شئه و سه‌رخۆشییه‌م ببینم که خه‌یاڵه‌کانم پێم ئه‌به‌خشن، تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی هه‌ندێک جار له‌به‌ر خاتری درێژکردنه‌وه‌ی ئه‌و چێژی نه‌شئه‌یه دەستبەرداری نووسین ئەبووم، هه‌روه‌ک عارفێک یا موعتادێکی حه‌یران، خۆم ئه‌ده‌مه ده‌ست چێژوه‌رگرتن و چه‌شتنی ئه‌و خاوبوونه‌وانه، به‌هه‌رحاڵ پێش سه‌فه‌ره‌که‌م من تەواو خەمزەدە و حەیرانبووم و ئاماده‌ی نووسین بووم.
سه‌فه‌ره‌که‌م له فڕۆکه‌خانه‌ی ئارله‌نداوه له ستۆکهۆڵم ده‌ستی پێ‌کرد، وه‌ک چۆن له کتێبه‌که‌دا ئه‌یگێڕمه‌وه، دوای گه‌یشتنه‌وه‌م به کوردستان و تێپه‌ڕبوونی هه‌فته‌یه‌ک به‌سه‌ر گه‌یشتنه‌وه‌مدا، بڕیارمدا ئیتر ئه‌بێت ڕۆژانه بنووسم، یه‌که‌م دێڕم له هه‌مان ئه‌و ژووره‌ی خۆمدا له ماڵی باوکم نووسی که له ته‌مه‌نی هه‌رزه‌کاریمه‌وه ژووری نووسینم بوو، دیاره دووباره چوونه‌وه‌م بۆ ناو ئه‌و ژوورەش گوژمێکی تر بوو بۆ ئەوەی به‌رده‌وام بنووسم.
من پێموایه قورسترین دێڕ دێڕی یه‌که‌می نووسینه، ئێستاش دوای ئه‌و هه‌موو ساڵه له ئه‌زموونی نووسین هه‌میشه نووسه‌رێکی زۆر ترسنۆکم له‌به‌رده‌م یه‌که‌م ڕسته‌ی ده‌ستپێکردنی نووسیندا، که دێڕی یه‌که‌مم دوای ده‌یان جار گۆڕین و ده‌ستکاری کردن نووسی، ئیتر ئیقاعی خه‌یاڵ و نه‌فه‌سی نووسینی خۆمم له‌سه‌ر ئه‌و دیڕه میقاتکرد و ده‌ستم کرد به نووسین، ڕۆژانه ئه‌منووسی، چونکه ته‌قینه‌وه‌یه‌کی زۆر سه‌یر و خه‌فه‌بوو له خه‌یاڵمدا به‌رده‌وام هه‌ڵئه‌چوو، ڕۆژانه خۆم ئه‌دزییه‌وه و وه‌ک سه‌رده‌می منداڵی بێ هیچ به‌رنامه‌یه‌کی تایبه‌ت ئه‌چوومه ناو کۆڵانه‌کان و دیقه‌تی ئینسانه‌کان و ده‌رگای ماڵه‌کان و دیواره‌کانم ئه‌دا، جارانیش کە منداڵ بووم، هەمان خووم هەبوو، بێ ترسی ونبوون بەناو کۆڵانەکاندا ئەڕۆیشتم و دوور ئەکەوتمەوە، کۆمپارسەکەی منی منداڵ تەنها ئەو ئاپارتمانە گەورەیەی ناو شاربوو کە ئێستا ئوتێل سلێمانی پاڵاسە، لە گەڕانەوەشدا ڕووە و ئاپارتمانەکە ئەگەڕامەوە و ترسی ونبوونم نەئەما. به‌ڵام له‌و گه‌ڕانانه‌ی گه‌وره‌یمدا پەژموردەیی سیمای ئینسانەکان و ڕەنگ بزڕکاویی هەموو جێگا و شوێنه‌کانی تر، که جەنگی چەکداری نێوان دوو حیزبەکەی کوردستان ژیانی لێ سەندبوونەوە، هه‌ستێکی وای له‌لادروستکردم که من به‌ته‌نیا به‌ناو کێڵگه‌یه‌لی میندا تێئه‌په‌ڕم و له‌گه‌ڵ هه‌ر هه‌نگاوێکدا یاده‌وه‌رییه‌کم پیادا ئه‌ته‌قێته‌وه.
گه‌ڕانه‌وه‌ی که‌سی مه‌نفی بۆ شوێنی یه‌که‌می، وه‌ک سه‌فه‌ری گه‌شتیارێک نییه، که ئه‌یه‌وێت له‌گه‌ڵ شوێندا پردێک دروستبکات بۆ تێگه‌یشتن و له‌زه‌تبردن، که‌سی مه‌نفی که ئه‌گه‌ڕێته‌وه خۆی پرده، پردێکی برینداره له نێوان دوێنێ و ئێستادا، هه‌رچۆنێکیش ئه‌و به‌یه‌کگه‌یشتنه دروستبێت به‌یه‌کگه‌یشتنیکی بریندارانه‌یه، کردنه‌وه‌ی ده‌می بورکانێکه به‌ده‌ستی خۆی و چوونه ناوه‌وه‌یه‌تی، ئه‌و وه‌ک مه‌نفییه‌ک مه‌حکومه به‌نه‌مردن له گه‌ڕانی به‌ناو ئه‌و بورکانه‌دا، به‌ڵام گه‌ڕانی که‌سی گه‌شتیار سه‌یرکردنی بورکانه‌که‌یه نه‌ک چوونه ناوه‌وه‌ی. من ئه‌و ڕۆژانه که ئه‌گه‌ڕامه‌وه و ئه‌هاتمه‌وه ژووره‌که‌م، به‌چاوی ته‌ڕه‌وه بریندارانه ئه‌منووسی. ڕه‌نگه به‌شێکی تایبه‌تمه‌ندی کاتی نووسینی کتێبی سه‌فه‌رنامه، بگه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی که من شاعیرم، واتا ته‌نها له‌سه‌ر وه‌ره‌قه شاعیرنیم و شاعیربوون به‌شێوه‌یه‌کی زۆر خه‌ته‌رناک هاتۆته ناو ژیانمه‌وه، به‌چه‌شنێک قاچ دانه‌نانم له‌سه‌ر زه‌وی له ژیانی ڕۆژانه‌مدا زۆر زه‌ره‌ری لێداوم، چونکه ئه‌زانم قاچ دانانم له‌سه‌ر زه‌وی وه‌ک دابه‌زین و هاتنه‌خواره‌وه له په‌یژه‌یه‌ک وایه بۆ سه‌ر زه‌وی و هاتنه‌وه‌یه بۆ خاڵی سه‌ره‌تا. دیاره ئه‌م موسیبه‌ته‌ش هه‌ر په‌یوه‌ندی به منه‌وه نییه و موسیبه‌تی هه‌موو شاعیرانه له‌سه‌ر زه‌وی.
هه‌ڵبژاردنی سه‌فه‌رنامه به‌و شێوازی نووسینه، له یه‌ک کاتدا یاریکردنێکه له نێوان کایه‌کانی ڕۆمان و چیرۆک و شیعر و خوێندنه‌وه و ڕۆژنامه‌وانیدا، بۆیه نووسینی ئه‌م کتێبه ئازادییه‌کی زۆری له خه‌یاڵی نووسین پێبه‌خشێم. سه‌رباری ئه‌وه‌ی دواهه‌مین ساڵی سه‌ده‌ی ڕابردوو ساڵی دووهه‌زار که کتێبه‌که‌م تیادا نووسی، ساڵێکی ناشیرین و په‌ژموورده‌بوو بۆ کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی، به‌تایبه‌ت له دوای ئه‌و هه‌موو شه‌ڕه ناشیرینانه‌ی حیزبی کوردییه‌وه له پیناوی ده‌سه‌ڵاتدا کردبوویان، کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی و ئینسانی کوردیان ته‌واو وێران کردبوو، بینینی ئاشکرای ئه‌مانه هه‌موویان هێز و خه‌یاڵ و هێمابوون بۆ من تابتوانم ڕۆژانه له‌سه‌فه‌ره‌که‌مدا بنووسم. دوای گه‌ڕانه‌وه‌م له سه‌فه‌ره‌که‌ی کوردستان وه‌ک هه‌میشه چه‌ند هه‌فته‌یه‌ک تاریکبووم و دواتر ژیانم چووه‌وه سه‌ر ئیقاعی خۆی، هه‌موو ڕۆژێک له سه‌عاتی حه‌وتی به‌یانییه‌وه تا دوانیوه‌ڕۆ کارم له کتێبه‌که‌دا ئه‌کرد، دوای چه‌ندان جار نووسینه‌وه و ده‌ستکاری کردن کتێبی سه‌فه‌رنامه‌م ته‌واوکرد. دوای ته‌واوبوونیشی هه‌ستم کرد له زیندانێک ڕزگارم بووه که زیندانی یاده‌وه‌رییه‌کان بوو.
ئێستا یانزه ساڵ به‌سه‌ر نووسینی ئه‌م کتێبه‌دا تێپه‌ڕیوه، خوێنه‌رانیکی بێ شوماری جیاواز له‌سه‌ر ئه‌م کتێبه قسه‌یان له‌گه‌ڵدا کردووم، به‌ڵام ئه‌و خاڵانه‌ی که له‌ناو ئه‌و سه‌رنجه جیاوازانه‌ی ئه‌واندا هه‌یه و بۆ من جێی تێڕامانه، ئه‌وه‌یه که ئه‌م کتێبه به‌و گیڕانه‌وه ساده و نزیکه دڵه‌ی خۆیه‌وه توانیویه‌تی هه‌ره زۆرینه‌ی خوێنه‌ره‌کان له‌گه‌ڵ خۆی به‌رێت، به‌شێوه‌یه‌کی هاوته‌ریب هه‌م له‌گه‌ڵ ڕووداوه‌کانی ناو کتێبه‌که‌دا بژین و هه‌م له‌گه‌ڵ یاده‌وه‌رییه جیاوازه‌کانی خۆیاندا بژین که له ساتی خوێندنه‌وه‌دا له‌لایان دروستبووه، ڕه‌نگه ئه‌م تێکه‌ڵبوونه‌ی خوێنه‌ر و کتێبه‌که به‌م گه‌رموگوڕییه هۆی ئه‌وه‌بێت که ئه‌م کتێبه باس له ئینسان ئه‌کات، واتا به‌رهه‌مێکی ئه‌ده‌بی ئه‌وتۆیه که ئینسان تیایدا له‌چه‌قدایه، به پێچه‌وانه‌ی زۆر به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی کوردیی تره‌وه که ئینسان وه‌ک خۆی تیایاندا ئاماده‌نییه. هه‌روه‌ها له ڕوویه‌کی تریشه‌وه ڕووداوه راسته‌قینه‌کانی ناو سه‌فه‌رنامه وا له خوێنه‌ر ئه‌کات له باسکردنی ئازادییه‌کان و شکسته‌کان و ناشیرینییه‌کانی ژیانی خۆی نه‌ترسێت، ئازابێت له باسکردن و گوزارشکردن له خۆی وه‌ک ئه‌وه‌ی که هه‌یه، نه‌ک وه‌ک ئه‌وه‌ی که ئه‌بێت ببێت و کۆمه‌ڵگه داوای لێ ئه‌کات. هه‌روه‌ها به‌بارێکی گشتیشدا ئه‌م کتێبه باس له کۆمه‌ڵێک یاده‌وه‌ریی ئه‌کات که هه‌مووان ئه‌توانن به یاده‌وه‌ریی خۆیانی بزانن و قۆناغه جیاوازه‌کانی ئه‌م کۆمه‌ڵگه‌یه‌ی تیادا بناسنه‌وه. من پێموایه ناسینه‌وه‌ی ئه‌و دیوه شاردراوه و نادیاره‌ی خوێنه‌ر خۆی له کاتی خوێندنه‌وه‌ی کتێبێک‌دا، که به‌ته‌نها کتێبه‌که‌ی به‌ده‌سته‌وه‌یه و ئه‌یخوێنێته‌وه، وائه‌کات دوای خوێندنه‌وی کتێبه‌که به‌جۆرێکی تر سیمای خۆی ببینێت، که پێشتر به‌هه‌رچ هۆیه‌که‌وه‌بووبێت نه‌یویستووه یان نه‌یتوانیوه ئاوا به ڕوونی خۆی ببینێت.
من پێموایه جوانی ئاوێنه ته‌نها له‌وه‌دا نییه که ڕوخسار و جه‌سته‌مان به‌ڕووتی پیشان ئه‌دات بێ ئه‌وه‌ی که‌سی تر بیبینێت، به‌ڵکه جوانییه گه‌وره‌که‌ی ئاوێنه له‌وه‌دایه بێ ئه‌وه‌ی ئه‌وانی تر له‌گه‌ڵماندا ئاماده‌بن ئه‌توانین له رێگای بینینی خۆمانه‌وه ئه‌وانیش ببینین. ئه‌و خه‌یاڵی بینینه‌ش سه‌ره‌تای ئاماداکردنی ئێمه‌یه بۆ بینین و دانیشتن له‌گه‌ڵ ئه‌وانی تردا.