سیاسەت و ئەخلاق (٢)

Loading

(بەشی دووەم)

بابەتی سەرەکی نووسينەکەمان بريتييە لە پەيوەندی نێوان سياسەت و ئەخلاق، لە بەشی یەکەمدا، بە کورتی باسی هەر یەک لە سياسەت و ئەخلاقمان کرد، تا بەرچاوڕوونیيەکمان لە بارەی ئەم دوو بوارە یا ئەم دوو چەمکە هەبێت. ئێستاش هەوڵدەدەين بێينە سەر باسکردنی پەيوەندی ئەم دوو بوارە بە یەکترەوە، دەمانەوێت باسی ئەوە بکەين ئایا سياسەت و ئەخلاق دوو بواری جياوازن یا یەک بوارن و تەواوکەری یەکترن یاخود ئایا پێويستە سياسەت، ئەخلاقی بێت؟ 

لەم بارەیەوە بە گشتی دوو وەڵام هەیە: وەڵامێک ئەوەیە کە سياسەت و ئەخلاق لە یەکتر جياناکاتەوە و وەک یەک بوار سەيری سياسەت و ئەخلاق دەکات واتە ئەم وەڵامە پێی وایە سياسەت دەبێت ئەخلاقی بێت و نەچێتە دەرەوەی چوارچێوەی ئەخلاقەوە. وەڵامەکەی تر ئەوەیە کە وەک دوو بواری جياواز لە یەکتر تەماشای سياسەت و ئەخلاق دەکات، ئەم وەڵامە پێیوایە وەزيفەی سياسەت جياوازە لە وەزيفەی ئەخلاق، بۆیە نابێت تێکەڵ بکرێن. ئەم دوو وەڵامە لەسەر ئاستی واقع و تيۆری دەبينرێت، واتە لە تيۆریەکانی فکری سياسيدا وەڵاممان دەستدەکەوێت، هەروەها  لە واقعی سياسيدا وەڵاممان دەستدەکەوێت. بۆیە لێرەدا هەوڵدەدەين کەم تا زۆر باس لە هەردوو ئاستەکە بکەين. سەرەتا تيشکێک دەخەينە سەر تێکەڵکردنی ئەم دوو بوارە لای هەندێ فەيلەسوف و هەندێ کۆمەڵگا و شارستانيەت، پاشان دەچینە سەر باسکردنی جياکردنەوەی سياسەت و ئەخلاق لە یەکتر، لەسەر ئاستی تێۆری و پراکتيک ئەم جياکردنەوەیە دەخەينە ڕوو. 

تێکەڵکردنی سياسەت و ئەخلاق

دياردەی تێکەڵکردنی سياسەت بە ئەخلاق، یەکێکە لە دياردە هەرە کۆنەکان کە هەر لە هۆز و کۆمەڵگا سەرەتاییەکانەوە تا شارستیانييە کۆنەکانی وەک ميسر و عيراقی کۆن… دەستپێدەکات و درێژ دەبێتەوە تا ئەم سەردەمەی ئێستامان. بەڵام ئەم تێکەڵکردنەی سياسەت و ئەخلاق لە کۆنەوە تا ئێستا بە یەک فۆرم و شێواز نەبووە، بەڵکو بە چەندين فۆرم و شێوازی جياواز بووە، بەڵام هەمووی لەوەدا یەکدەگرنەوە کە مەرج و چوارچێوەیەکی نا سياسی، بۆ سياسەت دادەنێن، کە واقع پێمان دەڵێت ئەو مەرج و چوارچێوە دانانە بۆ سياسەت زۆر کات بووەتە هۆکاری ستەمکاری و بەخشينی فۆرمێکی پيرۆز و موقەدەس بە سياسيەکان و سياسەت. ئەم تێگەيشتنە لە سياسەت بە پێی ئەو چوارچێوە ئەخلاقیە، زۆر کات وای کردوە کە سياسەت لە دەستی کەسێک یا کەمينەیەکی سياسی قۆرخ بکرێت. واتە ئەوەی بەشدارە لە سياسەتکردن بريتييە لە کەمينەیەک یا کەسی یەکەم، ئیتر کۆی کۆمەڵگا بە پێی ويستی ئەو کەسە ئاڕاستە دەکرێت و ئەوەی گرنگە و دەبێت تەرکيزی بکەينە سەر لە سياسەت و گەشەکردنی کۆمەڵگا بريتييە لە سەرۆک نەک گروپە کۆمەڵایەتیەکانی ناو کۆمەڵگا،لە کاتێکدا ئەم تێگەيشتنە بۆ سياسەت،تێگەيشتنێکی نا تەندروست و هەڵەیە لایەنی کەم بە پێی پێوەری ئەم سەردەمە و واقعی سياسی. 

وەک ئاماژەمان پێدا تێکەڵکردنی سياسەت و ئەخلاق یەک شێوازی نييە، بەڵکو زۆر شێوازی هەیە،بۆ نموونە لە سەردەمە کۆنەکاندا ئايين سەرچاوەی سياسەت بووە،لەو سەردەمانەشدا ئەخلاق بريتييە بووە لە ئايين، یا ئەخلاق بەشێک بووە لە ئايين، چونکە بەشێکی سەرەکی ئايين بريتييە لە ریکخستن و دياريکردنی رەفتار و هەڵسوکەوتی مرۆڤ، وەزيفەی سەرەکی ئەخلاقيش بە هەمان شێوە بريتييە لە رێکخستنی رەفتارەکانی مرۆڤ، یەکێ لە سەرەچاوە سەرەکيەکانی ئەخلاقيش ئايينە، زۆر کات لە مێژوودا ئەخلاق لە بەرگی ئايين وئستورە و ئەفسانەکاندا دەرکەوتووە. لێرەوە کاتێک دەڵێين ئايين سەرچاوەی دەسەڵاتی سياسی بووە، مانای وایە کە ئەخلاق سەرچاوەی دەسەڵاتی سياسی بووە، چونکە ئەخلاق کایەیەکی سەربەخۆ نەبووە، بەڵکو لە نێو ئاييندا بووە. لێرەوەیە دەلێين سياسەت و ئەخلاق تێکەڵکراون بە یەکتر.

خواوەندی خۆر (ڕەع)
خواوەندی خۆر (ڕەع)

سياسەتکردن و فکری سياسی لە ميسری کۆنی کاتی فرعەونەکاندا، یەکێکە لە نموونە ديارەکانی دياردەی تێکەڵکردنی سياسەت و ئەخلاق بە یەکتر. ميسريەکان باوەڕيان وابوو کە ((گەردوون لە لایەن یەک خواوەندەوە بەرێوەدەچێت ئەويش خواوەندی رەع (خواوەندی خۆر)ە، و ميسر یەک هەرێم و یەک گەل و یەک ڕووبار و یەک دەسەڵات و یەک حاکمی هەیە، فرعەون بەرجەستەبوونی خودایە یا کوڕی خودایە، بە تەنيا حوکمی ميسر و گەلی ميسر دەکات، لە رێگەی ئەو دەسەڵاتەی لە خوداوە پێێدراوە))٣٠. لێرەوە تێکەڵکردنی سياسەت بە ئەخلاق و ئاين و ئوستورە دەردەکەوێت، لە ميسری کۆندا جياوازیکردن و جياکردنەوە لە نیوان سياسەت و ئايين و ئەخلاق و ئستورە و کولتور و هونەر… ئەستەم بووە، سياسەت لەو چوارچێوە ئەستورەیی و ئەخلاقيەدا مومارەسە کراوە و تەماشا کراوە. فرعەون لە ميسردا خودا بووە و حاکمێکی سياسيش بووە، دەسەڵاتی سياسی و دينی هەبووە، ئەو کات پەيوەندی سەرۆک (فرعەون) لەگەڵ گەلەکەی و کۆمەڵگای ميسريدا بە دوو شێواز بووە، لە لایەک پەيوەندی سەرۆک بە گەلەکەیەوە، لە لایەکی دی پەيوەندی خودا بە عەبدەکانيەوە بووە، واتە لای کۆمەڵگای ميسری ئەو کات، فرعەون سەرۆک و خودا بووە، بۆیە لە هەموو کاتێک گوێرایەڵی و ملکەچی بۆ سەرۆک واجب بووە، چونکە مانای ملکەچیيە بۆ خودا٣١. لە دۆخێکی وادا ئەوەی سياسەت دەکات و بڕيار دەدات یەک کەسە، ئەو تاکە کەسە کۆی کۆمەڵگا ئاڕاستە دەکات، کۆمەڵگاش لە هەموو کات و دۆخێکدا دەبێت ملکەچی سەرۆک بن، چونکە سەرۆک لە هەمووان باشتر دەزانێت بەرژەوەندی کۆمەڵگا لە کوێدایە و چۆن بەدەستدێت، چونکە ئەو خودایە و هەموو شتێک دەزانێت و توانای لە هەموو کەس زیاترە، ئەوەی یاساکان دادەنێت بۆ رێکخستنی ژیانی کۆمەڵگا، تەنها فرعەونە چونکە (یاسا ئەوەیە کە فرعەون پێێ باشە و نا ياسايی ئەوەیە کە فرعەون پێی خەراپە، کەسيش بۆی نييە ناڕەزایی دەرببرێت، چونکە ئەو یاسایەیی فرعەون دەريدەکات،یاسای خودایە)٣٢.

ملکەچی بۆ فرعەون ئەرکێکی ئايينی و ئەخلاقیيە، بۆیە ئەرکێکی ئاينييە چونکە فرعەون خودایە، کە ئەرکێکی ئاينیی بوو  کەواتە ئەرکێکی ئەخلاقيشە، چونکە ئەخلاق ئەوەیە کە ئايين و فەرمانی پێدەکات.

ئەم تێکەڵکردنە تەنها لە ميسری کۆندا نەبووە، بەڵکو دياردەیەکی گشتی بووە. بۆ نموونە لە عيراقی کۆندا هەمان تێکەڵکردن هەبووە، بەڵام بە هەندێ جياوازیەوە. لە عيراقی هەزاران ساڵی پێش ئێستا واتە لە کاتی شارستانيەتی سۆمەری و ئەکەدی و بابليەکاندا… سەرچاوەی دەسەڵات سياسی، سەرچاوەیەکی ئاينی و ئستوری بووە، وەک پێشتر ئاماژەمان پێکرد لەو سەردەمانەدا ئەخلاق لە بەرگی ئايين و ئستورەدا دەردەکەوێت، واتە سياسەت و سەرچاوەیەکی ئەخلاقی هەبووە. عيراقیەکانی ئەو کات پێيان وابووە کە لە ئاسماندا حکومەتێکی خودایی هەیە یاخود ئەنجومەنێکی خودایی کە پێکدێت لە هەموو خواوەندەکان و خواوەندی گەورە سەرۆکایەتی ئەو ئەنجومەنە دەکات،ئەم ئەنجومەنە وەزيفەی ئەوەیە  کاروباری گەردوون و ژیان رێکبخات و بەرێوەببات، هەر وەها یەکێ لە ئەرکەکانی تری ئەم ئەنجومەنە بريتييە لە دياريکردنی مرۆڤێک بۆ ئەوەی ببێت بە سەرۆک و حاکم لەسەر زەوی و کاروبارەکانی سەر زەوی رێکبجات. لێرەوە دەردەکەوێت کە سەرچاوەی دەسەڵاتی سياسی بريتييە لە ئايين و ئەستورە، کەواتە ملکەچکردن بۆ سەرۆک ئەرکێکی ئايينی و ئەخلاقيە هاوشێوەی ئەوەی لە ميسردا بوونی هەبووە، بەڵام جياوازی تێڕوانينی عيراقیە کۆنەکان لەگەڵ ميسريە کۆنەکان بۆ خودی سەرۆک لەوەدایە، کە ميسریە کۆنەکان پێيان وابوو خودی سەرۆک خودایە، بەڵام عيراقييەکان بە پێچەوانەوە پێيان وا نەبوو کە خودی سەرۆک خودایە، بەڵکو تەنها باوەڕیان بەوە هەبوو کە ئەو دەسەڵاتەی کە سەرۆک هەیەتی، لە لایەن خوداوە پێيدراوە، واتە سەرۆک خودا نييە بەڵکو مرۆڤە، تەنها دەسەڵاتەکەی خوداییە و لە لایەن خوداوە پێيدراوە. چونکە عيراقييە کۆنەکان باوەڕیان وابوو تەنها ئەوە خودایە کە نەمرە و فانی نييە، لە کاتێکدا سەرۆک فانييە، کەواتە خودا نييە٣٣. بەڵام دواجار هەردوولا لە چوارچێوەیەکی ئايينی و ئەخلاقی مومارەسەی سياسەتیان دەکرد و لە سياسەتيان دەڕوانی. لە هەردوو شارستانيەتەکەدا سياسەت قۆرخ کراوە بۆ کەسێک، ئەوەی بۆ کۆمەڵگاش ماوەتەوە ملکەچی و گوێرايەڵی بووە.

دیمەنێک لە شارستانییەتی عێراقییە کۆنەکانەوە
دیمەنێک لە شارستانییەتی عێراقییە کۆنەکانەوە

ئەوەی باسمان کرد دوو نموونە بوون لە بارەی تێکەڵکردنی سياسەت بە ئەخلاق لەسەر ئاستی واقع ڕوويداوە، بێگومان ئەو تێکەڵکردنە تەنها لەو سەردەمە و لەو دوو شارستانييەدا نەبووە، کاتێک تەماشای مێژوو دەکەين دەزانين کە ئەو تێکەڵکردنە بۆ پێش ئەو شارستانيەتە دەگەرێتەوە بۆ هۆز و کۆمەڵگا سەرەتاييەکان، هەروەها تا سەردەمی ئێستاش ئەو تێکەڵکردنە چ لەسەر ئاستی پراکتيک یا تيۆری بەردەوامی هەیە.

پاش ئەو دوو نموونەیە ئێستا بە باشی دەزانين بێينە سەر ئاسی تيۆری، تێکەڵکردنی سياسەت و ئەخلاق  لەسەر ئاستی پراکتيک و واقع دواتر لەگەڵ سەرهەڵدانی فەلسەفەی سياسی لە يۆناندا، ئەو تێکەڵکردنە دەگوازرێتەوە بۆ ناو تيۆریە فەلسەفیە سياسيەکان بەڵام بە فۆرمی جياواز.

تێکەڵکردنی سياسەت و ئەخلاق لە فەلسەفەی سياسی يۆنانیدا

لە فکری سياسی يۆناندا سياسەت تا ڕادەیەکی زۆر ڕزگاری بوو لە ئايين و ئوستورە، تێرامان و تێگەيشتن لە سياسەت هاتە دەرەوەی ئەو چوارچێوە ئايينی و ئەفسانەیيەی کە لە شارستانييە رۆژهەڵاتیەکان بە گشتی باو بوو. ئەمەش بووە هۆکاری ئەوەی کە سياسی و حاکمە سياسيەکان ئیتر پيرۆز و موقەدەس نەبن وەک ئەوەی لە رۆژهەڵاتی کۆندا بەدی دەکرا، بەڵکو لای يۆنانييەکان حاکمی سياسی وەک هەر مرۆڤێکی دی هەڵە دەکات و دەسەڵاتەکەی لە لایەن خوداوە نەهاتوە باشترين بەڵگە لەم بارەیەوە ئەو ديالۆگەی نێوان سوقرات و تراسيماخۆسە لە کتێبی یەکەمی کۆمارەکەی ئەفلاتون کاتێک سوقرات بە تراسيماخۆس دەڵێت ((… ئایا تۆ پێتوایە کە سەرۆکی دەوڵەتان پارێزراون لە هەڵە و هەڵە ناکەن یاخود هەندێ کات هەڵە دەکەن؟ تراسيماخۆس: بێگومان هەڵە دەکەن. سوقرات: کەواتە کاتێک ئەوان (واتە سەرۆکەکان) یاساکان دادەنێن هەندێ کات دروست و راست دەکەن، هەندێ کات هەڵە دەکەن؟ تراسيماخۆس: ئەوە ڕاستە…))٣٤. لەم گفتوگۆیەی نێوان سوقرات و تراسيماخۆس ئەوە دەردەکەوێت کە قسەکردن لەسەر سەرۆکەکان و هەڵەکانيان شتێکی ئاسایی بووە و هەر وەها لای يۆنانييەکان هەڵەکردنی سەرۆکە سياسيەکان ڕاستیەکی ڕوون و ئاشکرا بووە،لە کاتێکدا تراسيماخۆس، سۆفستایی بووە و وەک ئاشکرایە ناکۆکی و جياوازیەکی زۆر هەیە لە نیوان فکری سوقرات و فکری سۆفستاييەکان، بەڵام لەگەڵ ئەو جياوازی و ناکۆکيە فکريانەی نێوانيان هەردوولا لەسەر ئەوە کۆک بوونە کە سەرۆکە سياسيەکان کەسانێکی ئاسایین و هەڵە دەکەن و هيچ قودسيەتێکی ئاينیی و ئوستوریان نييە. کەواتە لە فکری سياسی يۆناندا سياسەت لە پيرۆزی ئايينی رزگاری دەبێت و سەرچاوەی سياسەت، ئايينی و ئوستورەیی نييە، بەڵکو سەرچاوەیەکی مرۆيی هەیە و چالاگيەکی ئەقلانيە، لە مرۆڤەوە سەرچاوە دەگرێت و لە پێناو مرۆڤدا مومارەسە دەکرێت.

لەگەڵ ئەو دابڕانەی کە سياسەت لەگەڵ ئايين و ئەفسانەدا لە فەلسەفەی يۆنانيدا بەدی دەکرێت، بەڵام سياسەت نەيتوانی بێتە دەرەوەی چوارچێوەی ئەخلاق، بەڵکو ديسانەوە ئەخلاق بە بەرگێکی تر دەردەکەوێتەوە لە فکری يۆنانيدا، ئەمجارە بە بەرگی ئايينی نا، بەڵکو بە بەرگێکی فەلسەفی. سياسەت و ئەخلاق لە بەشێکی گەورەی فەلسەفەی يۆنانيدا ئاوێتەی یەکترن  لەم بارەیەوە (عبدالرحمن بدوي) پێی وایە کە يۆنانيەکان سياسەت و ئەخلاق وەک یەک بوار دەبينن و جياوازی ناکەن لە نێوان سياسەت و ئەخلاقدا٣٥.لە فەلسەفەی سياسی يۆنانيدا زۆر کات ئەوە دەبينين کە وەزيفەی دەوڵەت-شار و سياسەت بريتييە لە گەشەدان و بڵاوکردنەوەی بەها ئەخلاقيەکان لای تاکی کۆمەڵگا و هەوڵدان بۆ گەيشتن بە دەوڵەت-شارێکی نموونەیی یاخود فەزيلەیی، فەزيلەتيش (الفضيلة) چەمکێکی ئەخلاقی تەواوە، لێرەوە سياسەت چالاگيەکی ئەخلاقيە، و ئەخلاقيش چالاگيەکی سياسيە لە بەشێکی گەورەی فەلسەفەی يۆنانيدا، کە ناتوانين باسی سياسەت بکەين ئەگەر لە هەمان کاتدا باسی ئەخلاق نەکەين، بە تايبەت  لە فکری  سياسی هەر سێ فەيلەسوفە گەورەکەی يۆناندا مەبەستمان لە سوقرات و ئەفلاتون و ئەرستۆیە.

لێردا هەوڵدەدەين بە کورتی تيشکێک بخەينە سەر تێکەڵکردنی سياسەت و ئەخلاق  لای ئەفلاتون وەک یەکێک لە ديارترين فەيلەسوفەکانی يۆنان. 

ئەفلاتون: (plato)                                             

کۆمار ــ ئەفلاتۆن
کۆمار ــ ئەفلاتۆن

گرنگترين و بەناوبانگترين چەمک لە فەلسەفەی سياسی ئەفلاتوندا بريتييە لە شاری نموونەیی (المدينە الفاضلة)، کتێبی (کۆمار) ناوبانگترين کتێبی ئەفلاتونە و هەوڵدانە بۆ باسکردن و هێنانەدی ئەو دەوڵەت شارە نموونەییە. کاتێک ئەفلاتون باسی دەوڵەت شارە نموونەیەکەی دەکات راستەخۆ تێکەڵکردنی سياسەت و ئەخلاق بەديدەکەين، چونکە ئەو دەوڵەتە نموونەیەیی ئەفلاتون بانگەشەی بۆ دەکات گرنگترين سيفەتی ئەو شارە بريتييە لە فەزيلەت، فەزيلەتيش ئەوەندەی چەمکێکی ئەخلاقييە، ئەوەندە سياسی نييە.

ئەفلاتون کاتێک باسی دەوڵەتە نموونەییەکەی دەکات، وەک چاکترين دەوڵەت باسی دەکات و پێیوایە چاکترين کۆمەڵگا، کۆمەڵگای ئەو دەوڵەتەیە، هەر وەها سيستەمی سياسی ئەو دەوڵەتە، چاکترين سيستەمی سياسيە. بناغە و بنەمای ئەم دەوڵەتەش بريتييە لە دادپەروەری،چونکە دادپەروەری لای ئەفلاتون فەزيلەتێکی باڵایە،کەواتە بۆ تێگەيشتن لە فکری سياسی ئەفلاتون و بۆ تێگەيشتن لەو دەوڵەتەی کە بانگەشەی بۆ دەکات و بۆ نيشاندانی پەيوەندی نێوان سياسەت و ئەخلاق لای ئەفلاتون دەبێت سەرەتا لە چەمکی دادپەروەری تێبگەين.

 دادپەروەری لای ئەفلاتون (Plato) چييە؟

لە کۆماردا ئەفلاتون لە سەر زاری سوقراتەوە دەڵێت دادپەرەوەی لە مرۆڤ (تاك) و دەوڵەتدا هەیە٣٦. واتە مرۆڤی دادپەروەر و دەوڵەتی دادپەروەر هەیە، با سەرەتا بزانين مرۆڤی دادپەرەوە یاخود مرۆڤی چاک  کێيە پاشان دەچينە سەر دەوڵەتی دادپەرەوەر یاخود دەوڵەتی چاک.

بە پێی بۆچوونی ئەفلاتون دەروونی مرۆڤ لە سێ بەش یاخود سێ هیز پێکدێت، ئەو بەشانەش بريتيين: لە بەشی عەقل، کە شوێنەکەی لە سەری مرۆڤدایە بە هۆی عەقلەوە مرۆڤ خەراپە و چاکە، ڕاست و هەڵە لە یەکتر جيادەکاتەوە، هەر وەها بە هۆی عەقڵەوە مرۆڤ دەگاتە هەقيقەت و فەزيلەت. بەشی دووەمی دەروونی مرۆڤ، ئەفلاتون ناوی دەنێت بەشی توڕەیی (‌غضبية) کە شوێنەکەی لە سنگی مرۆڤدایە، ئەمەش سەرچاوەی سۆز و ئازایەتی و شانازی و بەرەنگاربوونەوە… پێکدێنیت لای مرۆڤ. سێهەم بەش کە لە خواری خوارەوەیە بريتييە لە ئارەزوو یا  شەهوەت، شوێنەکەی لە سکی مرۆڤدایە، ئەمەش هەوڵی بەدەستهێنانی چێژ دەدات و هەروەها وەڵامی کۆمەڵێ پێداويستی غەريزەیی دەداتەوە وەک سێکس و برسێتی…هەر یەک لەم سێ بەشە چاکە و فەزيلەتی خۆی هەیە، چاکەی عەقل بريتييە لە بيرکردنەوە یا تێگەيشتن یا دانایی (الحکمة)،چاکەی بەشی توڕبوون بريتييە لە دلێری یا ئازایەتی، چاکەی بەشی ئارەزوو بريتييە لە خۆراگری یا زیادڕەوی نەکردن (العفة). مرۆڤی دادپەروەر بريتييە لەو مرۆڤەی کە گونجاندن و تەنسيق لە نێوان ئەم سێ بەشەی دەروونيدا دەکات، ئەمەش لای ئەفلاتون لە رێگەی عەقلەوە دەکرێت، واتە هەردوو بەشەکەی مرۆڤ دەبێت ملکەچی بەشی عەقل بن تا زيادڕەوەی لە بەشەکانی تر ڕونەدات، چونکە زیادەڕوی لە بەشی ئارەزوو مرۆڤ دەکات بە مرۆڤێکی چێژ و شەهوەت پەرست، هەروەها زيادەڕوی لە بەشی توەڕیی مرۆڤ دەکات بە کائينێکی شەرانگێز و ترسناک. بەڵام ئەم تەنسيق و گونجاندنە کەمينەیەک دەتوانن پێی هەستن، چونکە زۆرينەی مرۆڤ بەشی ئارەزوو زاڵە بەسەر دەروونياندا، یاخود بەشی توڕەیی زاڵە بەسەریاندا، کەمينەیەک لە مرۆڤ بەشی عەقل زاڵە بەسەر دەروونياندا، ئەو کەمينەيەش فەيلەسوف و حەکيمەکانن. ئەفلاتون پێی وایە کە هەر یەک لەم سێ بەشە وەزيفە و کاری تايبەت بە خۆیان هەیە، ناکرێت و نابێت وەزيفەی ئەم بەشانە تێکەڵ بکرێن بۆ نموونە نابێت بەشی توڕەیی کاری بەشی ئارەزوو بگرێتە ئەستۆ بە پێچەوانەشەوە ڕاستە، کەواتە دابەشکردنی کار و پسپۆری لە بەشەکانی دەروونی مرۆڤدا لای ئەفلاتون دەبێتە هۆی دروستبوونی مرۆڤێکی دادپەرەوەر کە یەکسانە بە مرۆڤی چاک و چاکەکار٣٧.

پێشتر باسی مرۆڤی دادپەروەرمان کرد، ئێستا دەبێت بپرسين ئایا دەوڵەتی دادپەروەر چييە؟ ئەو دابەشکردنەی کە ئەفلاتون لە دەروونی مرۆڤدا کردویەتی، دەيگوازێتەوە بۆ دەوڵەت و کۆمەڵگاش، واتە چۆن دەروونی مرۆڤ لە سێ بەش پێکدێت بە هەمان شێوە کۆمەڵگاش لە سێ چين پێکدێت، هەر وەک چۆن بەشەکانی دەروونی مرۆڤ پێکهاتبوون لە عەقل و توڕەیی و ئارەزوو، بە هەمان شێوە چينەکانی کۆمەڵگا پێکهاتوون لە سێ چين کە بريتين لە چينی فەرمانڕەوا کە پێکدێت لە فەيلەسوفەکان، ئەم چينە بەرامبەر بەشی عەقلە لە دەروونی مرۆڤدا. دووەم چينی کۆمەڵگا بريتييە لە چينی پاسەوانەکان کە سيفەتی ئازایەتی بەسەرياندا زاڵە ئەم چيينە بەرامبەر بەشی توڕەييە لە دەروونی مرۆڤدا. سێهەم چينی کۆمەڵگا بريتييە لە چينی بەرهەمهێنەرەکان کە کرێکار و پشەوەرەکان… دەگرێتەوە، ئەم چينە ويستی بەدەستهێنانی سامان و چێژەکانی ژیان بەسەریاندا زاڵە، ئەم چينە بەرامبەر بەشی ئارەزووە لە دەروونی مرۆڤدا. وەک ئاماژەمان پێکرد دادپەرەوەی لە مرۆڤدا بريتیی بوو لە گونجاندن و تەنسيق لە نیوان هەر سێ بەشەکەی دەروون بەوەی هەر بەشە و کاری خۆی بکات و تەدەخولی کاری بەشەکانی تر نەکات و هەروەها هيچ لە بەشەکان زيادڕەوی نەکەن بۆ ئەمەش دەبێت هەردوو بەشەکەی تر ملکەچی بەشی عەقل بن و عەقل ئاڕاستەی دوو بەشەکەی تر بکات. بە هەمان شێوە دادپەروەری لە دەوڵەتيشدا بريتييە لەوەی کە هەر سێ چينەکەی کۆمەڵگا کاری خۆیان بکەن و تەدەخولی کاری چينەکانی دی نەکەن، واتە چينی پاسەوان وەزيفەی ئەوەیە کە دەوڵەت بپارێزێت لە هەر هەرەشەیەک،چينی بەرهەمهێنەر دەبێت پێدوايستی دەوڵەت دابين بکات وەک خۆراک و جل وبەرگ… بەڵام هەر یەک لەم چينانە دەکرێت زيادڕەوی بکەن و کۆمەڵگا بەرەو پەرتەوازەیی ببەن،بۆیە دەبێت هەردوو چينەکە ملکەچی چينی فەرمانرەواکان بن کە فەيلەسوفەکانن،چونکە فەيلەسوفەکان دەزانن چی چاکە و چی خەراپە،کاری فەيلەسوفەکان بريتييە لە بەرێوبردن و ئاڕاستە کردنی کۆی کۆمەڵگا و هەردوو چينەکەی تر،هيچ کەسيش لە چينەکانی تر نابێت تەدەخولی کاری سياسی و بڕيارە سياسيەکان بکات،چونکە ئەوە کاری فەيلەسوفە فەرمانڕەواکانە.

کەواتە دادپەرەوەری لە دەوڵەتەکەی ئەفلاتون گرنگترين بنەمایە،بێ دادپەروەری ئەو دەوڵەتە نموونەییە دروست نابێت دادپەروەريش بريتييە لە دابەشکردنی کار و پسپۆری لە ناو چينەکانی کۆمەڵگادا،هەر یەک لەو چينانە کاری خۆیان بکەن بێ دەستتێوەردان لە کاری چينێکی تر لەم بارەیەوە ئەفلاتون لە کتێبی چوارەمی کۆماردا دەڵێت ((گەورەترين هۆکار بۆ کامڵبوونی دەوڵەت بريتييە لەو فەزيلەتەی کە وا دەکات هەر یەک لە مناڵان و ئافرەتان وکۆيلەکان و ئازادەکان و پيشەوەرەکان و فەرمانڕەواکان…کاری خۆیان بکەن و بێ ئەوەی کەس دەست وەربداتە کاری ئەوی دی))٣٨.کەواتە دادپەرەوەری لای ئەفلاتون لەسەر بنەمای دابەشکردنی دەروونی مرۆڤ و چينەکانی کۆمەڵگایە،ئەو دابەشکردنەش لەسەر بنەمایەکی نایەکسانييە.چونکە ئەفلاتون باوەڕی بە نایەکسانی هەبوو لە سروشتی مرۆڤەکاندا و پشتگيری لەو نا یەکسانيەش دەکرد،پێی وا بوو مرۆڤەکان بە سروشت یەکسان نين لەگەڵ یەکتر، نەک بە هۆی بارودۆخ و ژينگەی کۆمەڵایەتی.دادپەروەری لای ئەفلاتون بريتیی بوو لە پاراستنی جياوازی و نا یەکسانی نێوان مرۆڤ،یەکسانی و دادپەروەری یەکناگرنەوە بەڵکو دادپەروەری لەگەڵ نا یەکسانی یەک دەگرێتەوە٣٩.

کاتێک لە چەمکی دادپەرەوەری لای ئەفلاتون تێدەگەين، ئەو کات دەگەين بەو ڕاستیەیی کە سياسەت و ئەخلاق لای ئەفلاتون یەک بوارن و ناکرێت لە یەکتر جيابکرێنەوە، چونکە؛

١- دادپەروەری ئەفلاتونی فۆرمێکی یاسایی و دەستوری نييە،بەڵکو دادوەرييەکی ئەخلاقييە،چونکە ئەگەر بگەرێينەوە بۆ لای دابەشکردنی دەروونی مرۆڤ و چينەکانی کۆمەڵگا ئەوە بە ڕوونی دەبينين،بۆ نموونە بەشی توڕەیی لە دەروونی مرۆڤ کە یەکسانە بە چينی پاسەوان و سەربازەکان،ئەفلاتون پێی وابوو کە چاکە و فەزيلەتی ئەم بەشە لە دەرونی مرۆڤدا بريتييە لە ئازایەتی، ئازایەتی چەمکێکی ئەخلاقيە،چونکە چاکەیەکە لە نێوان دوو خەراپە کە ئەوانيش شەرانگێزی و ترسنۆکييە٤٠. کەواتە ئەم چەمکە ئەخلاقيە دەگوازرێتەوە بۆ چينی پاسەوانانی دەوڵەت کە دەبێت ئازا ودلێر بن نەک شەرانگێز و ترسنۆک،واتە دەبێت ئەخلاقی بن .بۆ بەشەکانی تری دەروونی مرۆڤ  و چينەکانی ديکەی کۆمەڵگا هەمان پێوەر بەکارهاتووە،یانی دەوڵەتی دادپەروەر و چاک ئەو دەوڵەتەیە یاسا و بەها ئەخلاقيەکانی وەک ئازایەتی و خۆراگری و زيادڕەوی نەکردن، لە چينەکانی کۆمەڵگاکەیدا رەنگدەداتەوە. چونکە لای ئەفلاتون دەوڵەتی نموونەیی ئەو دەوڵەتەیە کە هەر چوار فەزيلەتەکەی تێدا جێبەجێبکرێت ئەو چوار فەزيلەتەش بريتين لە دانایی (الحکمة) و ئازایەتی و خۆراگری (العفة) و دادپەروەری. دانایی(الحکمة) لە چينی فەرمانڕەوا فەيلەسوفەکاندا هەیە،ئازایەتی لە چينی پاسەوان و سەربازەکان،خۆراگری لە چينی پيشەوەرەکاندا. دادپەروەريش واتە هەر کەس و هەرچينێک بەپێی ئەو سروشتەی کەهەیەتی کاربکات٤١.                                                       

٢- لە کۆماری ئەفلاتوندا فەيلەسوفەکان دەسەڵاتێکی ڕەهایان هەیە، چونکە فەيلەسوفەکان چاکە و فەزيلەت دەناسن و مرۆڤگەلێکن عەقل زاڵە بەسەرياندا.لای ئەفلاتون وەزيفەی دەسەڵات بريتييە لە دابينکردنی بەختەوەری بۆ کۆمەڵگا ئەمەش لە رێگەی یارمەتیدانی ئەو کۆمەڵگایە بۆ گەيشتن بە فەزيلەت، فەزيلەتيش لای ئەفلاتون زانينە (معرفة)،مەعريفەش تايبەتە بە فەيلەسوفە دەسەڵاتدارەکان٤٢. وەک لە سەرەتای نووسينەکەماندا ئاماژەمان پێکرد چەمکەکانی چاکە و فەزيلەت و بەختەوەری هەموویان کۆمەڵێ چەمکی ئەخلاقين کە ئەفلاتون لێرەدا بەکاریان دەهێنێت لە فەلسەفە سياسيەکەيدا.

٣- ئەفلاتون لە کتێبێکی بە ناوی (سياسەتمەدار)دا، دەسەڵاتی سياسی و دەسەڵاتی باوک لە خێزاندا دەشوبهێنیت بە یەکتر،ئەو پێی وایە چۆن دەسەڵاتی باوک لە خێزاندا لە بەرژەوەندی ئەندامانی خێزان کار دەکات، بە هەمان شێوەیە دەسەڵاتی سياسی یا سياسيەکان لە بەرژەوەندی ئەندامانی کۆمەڵگا کار دەکەن و هەوڵدەدەن٤٣. شوبهاندنی دەسەڵاتی سياسی بە دەسەڵاتی باوک تێکەڵکردنێکی ئاشکرای ئەخلاق و سياسەتە،چونکە دەسەڵاتی باوک و پەيوەندیەکانی ناو خێزان،پەيوەنديەکی ئەخلاقیە و تايبەتمەندی خۆی هەیە کە زۆر جياوازە لە پەيوەندی نێوان کۆمەڵگا و دەسەڵاتی سياسی یاخود حکومەت، کە پەيوەندیەکی سياسيە و زۆر کات ململانێ و بەرژەوەندی خوازی تيايدا بەدی دەکرێت.

 بێگومان بێجگە لەو خاڵانە دەتوانرێت چەندين خاڵی ديکە دياریبکەين لەبارەی تێکەڵکردنی سياسەت و ئەخلاق بە یەکتر لای ئەفلاتون. ئەمە بێجگە لەوەی کە هەندێ شارەزایان لە فەلسەفەی ئەفلاتون پێيانوایە کتێبی کۆمار کە بەگرنگترين کتێبی سياسی ئەفلاتون دادەنرێت،لە بنەرەتدا کتێبێکی ئەخلاقی و پەروەردەییە، نەک سياسی٤٤ رەنگە ئەم بۆچوونە تا ڕادەیەک زيادڕەوی تێدا بێت،بەڵام ئەم بۆچوونە لە ئەنجامی ئەو ئاوێتەبوونەی نێوان سياسەت و ئەخلاق دروستبووە کە لە فکری سياسی ئەفلاتوندا بوونی هەیە.

پێش کۆتاییهێنان بەم بابەتە کە تايبەت بوو بە پەيوەندی نێوان سياسەت و ئەخلاق لای ئەفلاتون،پێويستە ئاماژە بەوە بکەين،کاتێک دەڵێن ئەفلاتون سياسەت جياناکاتەوە لە ئەخلاق و بەها ئەخلاقيەکان لە فکری سياسی ئەفلاتوندا جێگەیەکی گەورە و گرنگی هەیە،نابێت وا تێبگەين کە ئەفلاتون فەيلەسوفێکی ئەخلاقی بووە بە مانا باوەکەی ئەخلاق لەم سەردەمەی ئێستاماندا،چونکە ئەفلاتون زۆر بيرۆکە و بۆچوونی هەیە،بە پێوەری ئەم سەردەمە و تا ڕادەیەک بە پێی پێوەری سەردەمەکەی خۆشی،ئەو بۆچوونانە نا ئەخلاقین،وەک باوەڕبوونی تەواوی ئەفلاتون بە سيستەمی کۆيلایەتی،ڕاستە کۆيلایەتی لەو سەردەمەدا دياردەیەکی باو و ئاسایی بوو، بەڵام ئەمە نابێتە پاساو بۆ ئەفلاتون لەبەر دوو هۆکار،یەکەم:ئەفلاتون لە کۆماردا چەندين دياردەی کۆمەڵایەتی و سياسی باو لە ئەسينای ئەو کات رەد دەکاتەوە و رەخنەی توندی لێدەگرێت،وەک بانگەشەکردنی بۆ هەڵوەشاندنەوەی خێزان لە هەردوو چينی فەرمانڕەوا و سەربازەکان،واتە ئەندامانی ئەو دوو چينە نابێت خێزانی تايبەت بە خۆیان هەبێت،بەڵکو دەبێت لە کاتێکی دياريکراودا کە دەوڵەت دياری دەکات ئافرەتان و پياوانی ئەو دوو چينە لەگەڵ یەکتردا جووت ببن،دەکرێت پياوێک لەگەڵ چەندين ئافرەت سێکس بکات هەر وەها ئافرەتێک لەگەڵ چەندين پياو.ئەو منداڵانەی کە لە ئەنجامی ئەو جووت بوونەوە لە دايک دەبن نابێت باوک و دايک و خوشک و برای خۆیان  بناسن، بەڵکو دەبێت دەوڵەت بەخێویان بکات و پەروەردەیان بکات.ئەم دياردەیە لە ئەسينای ئەو کات بوونی نەبووە و قبول نەکراوە بەڵام ئەفلاتون بانگەشەی بۆ کردوە.دياردەیەکی تر کە لە ئەسينای سەردەمی ئەفلاتون باو بووە،بريتیی بووە لە جياوازی و نا یەکسانی نێوان ئافرەت و پياو، بەڵام ئەفلاتون لە کۆمارەکەيدا باوەڕی بە یەکسانی نیوان پياو و ئافرەت هەبووە،ئافرەت بۆی هەبووە بچێتە پرۆسەی فێربوون و ببێت بە سەرباز و تەنانەت ببێت بە فەرمانڕەوا،کە ئەمە شتێکی زۆر نامۆ بووە بۆ ئەسينای سەردەمی ئەفلاتون.هەر وەها ئەفلاتون رەخنەی توندی ئاڕاستەی سيستەمی سياسی ئەسينانی ئەو کاتە کردوە. واتە ئەفلاتون هەميشە پەيوەست نەبووە بە دياردە کۆمەڵایەتیەکانی سەردەمی خۆی، چونکە زۆر کات رەدی کردوەتەوە،بۆیە کاتێک بەرگری لە مانەوەی سيستەمی کۆيلایەتی دەکات ئەوا لە ئەنجامی باوەڕبوونی تەواوی خۆی بووە بەو سيستەمە نەک لەبەر ئەوەی لە کۆمەڵگای ئەو کات دياردەیەکی ئاسایی بووە. دووەم: لە ئەسينای سەردەمی ئەفلاتون کەسانێک هەبوونە ڕەخنەیان ئاڕاستەی بوونی سيستەمی کۆيلایەتی کردوە، لەوانە گۆرگياسی سۆفستایی کە دەيگووت؛ ((خودا مرۆڤی بە ئازادی دروستکردوە و کەس بە سروشت کۆيلە نييە))

واتە ناڕەزایی دەربڕين دژی بوونی سيستەمی کۆيلایەتی شتێکی نامۆ نەبووە بە ئەسينای ئەو کات، بەڵام ئەفلاتون کۆی فەلسەفەی لەسەر بناغەی نا یەکسانی لە سروشتی مرۆڤدا دارشتووە،تەنانەت ئەفلاتون ناڕەزایی دەربڕيوە دژی هەندێ یاسای ئەو کاتی ئەسينا کە هەندێ مافی بە کۆيلەکان بەخشی بوو. ئەمەش بەشێکی بۆ پەروەردە و خێزانی ئەفلاتون دەگەرێتەوە،کە خێزانێکی ئەرستۆکراتی بووە٤٥.

 پشتگيری ئەفلاتون لە مانەوەی سيستەمی کۆيلایەتی، و باوەڕبوونی بە نا یەکسانی نێوان مرۆڤ و ئەو شێوازە سەيرە لە جووت بوون و مناڵ بوون، داواکردنی بۆ هەڵوەشاندنەوەی خێزان و پرۆسەی زەواج لە نێوان ئەندامانی هەردوو چينی فەرمانڕەواکان و سەربازەکان،لە ناوبردن و کوشتنی مناڵی کەم ئەندام،تەدەخول نەکردنی زۆرينەی کۆمەڵگا لە کاروباری سياسەت بەو پاساوەی کە سياسەت کاری فەيلەسوفەکانە…

هەموو ئەمانە وادەکەن کە ئەفلاتون لەگەڵ زۆرێک لە پێوەرە ئەخلاقیەکانی سەردەمی خۆی و ئەم سەردەمەش ناکۆک بێت،ئەمەش لە لایەک رێژەییبوونی ئەخلاق دەردەخات،کە فەيلەسوفێکی ئەخلاقی وەک ئەفلاتون باوەڕی بە هەندێ دياردە هەیە کە پێی وایە گونجاوە لەگەڵ بەها ئەخلاقیەکان،لای زۆریکی تر ئەو دياردانە نەک نە گونجاوە لەگەڵ بەها ئەخلاقيەکان،بەڵکو دياردەگەلێکی نا ئەخلاقي تەواون.لە لایەکی تر ئەوە دەردەخات کە تێکەڵکردنی سياسەت و ئەخلاق نابێتە هۆی دروستبوونی سياسەتێکی تەندروست. 

ئەخلاق و سياسەت لە فکری سياسی ئيسلاميدا

لە فکری سياسی ئيسلاميدا ئەخلاق لە بەرگی ئاييندا دەردەکەوێت،وەک پێشتر ئاماژەمان پێکرد،بەشێکی سەرەکی ئايينی ئيسلام بريتييە لە رێنمایی کردن و رێکخستنی رەفتاری مرۆڤ، وەزيفەی ئەخلاقيش بريتييە لە رێکخستنی رەفتاری مرۆڤ. کەواتە ئايينی ئيسلام بە سەرچاوەیەکی سەرەکی ئەخلاق دادەنرێت لە کولتوری کۆمەڵگا ئيسلاميەکان.

سەرچاوەکانی فکری سياسی ئيسلامی،بريتييە لە دوو سەرچاوەی سەرەکی: یەکيمان ئايينی ئيسلامە،واتە قورئان و فەرمودە (الحديث). دووەمیان فەلسەفەی يۆنانی کۆنە،بە تايبەت فکری ئەفلاتون و ئەرستۆ، پێشتر زانيمان کە لە فەلسەفەی يۆنانيدا سياسەت و ئەخلاق وەک یەک بوار دەبينرا و جياوازی لە نیوانيان نەدەکرا.

ئەوەی پەيوەندی بە سەرچاوەی یەکەمەوە هەیە کە خۆی لە ئايينی ئيسلام دەبينێتەوە،بە هيچ شێوەیەک جياوازی نەکراوە لە نێوان سياسەت و ئايين،ئيسلام ئايين و دەوڵەتە لە یەک کاتتدا،لە ئيسلامدا دەبێت ئايين ئاڕاستەی سياسەت بکات، سياسەتکردن و حوکمردن دەبێت بە پێی یاسا و رێساکانی ئايينی ئيسلام و قورئان بێت (مبد‌‌ا الحکم بما انزل اللە)، لەم بارەیەوە لە قورئاندا چەندين ئایەت هەیە  بە ڕوونی ئاماژە بەوە دەکات کە دەبێت حوکم کردن و یاسا داڕاشتن بە پێی قورئان بێت وەک ئایەتی ((ومن لم يحکم بما انزل اللە فاولئك هم الکافرون)). لێرەدا بە ڕوونی تێكەلکردنی سياسەت و ئايين دەردەکەوێت کە مانای تێکەڵکردنی سياسەت و ئەخلاقە. کاتێک هەردوو سەرچاوە سەرەکيەکەی فکری سياسی ئيسلامی بەم شێوەیە سياسەت و ئەخلاق تێکەڵ دەکات، ئیتر دەبێت ئاسایی بێت بەلامانەوە کاتێک دەبينين  بيرمەندە سياسيەکانی ئيسلام بە شێوەیەکی زۆر ڕوون و ديار سياسەت و ئەخلاق تێکەڵ بە یەکتر دەکەن.

لە ئايين و فکری سياسی ئيسلاميدا گرنگترين بەش لە دەوڵەتدا بريتييە لە سەرۆک (الخليفة) چونکە لە ئيسلامدا سەرۆک وەک جێنشينی پێغەمبەر دەبينرێت،چۆن پێغەمبەر لە شاری مەدينەدا سەرۆک دەوڵەت و پێغەمبەريش بوو،واتە ئەرکی سياسی و ئايينی هەبوو،خەليفەش دەبێت کاروباری دنيایی  بەرێوەبەرێت و لەهەمان کاتتدا دەبێت کاروباری ئايينیش بەرێوەببات و ئايينی ئيسلام بپارێزێت و بە پێی قورئان و فەرموودەکانی پێغەمبەر حوکم بکات،لێرەوەیە سەرۆک لە ئيسلامدا بایەخ و گرنگیيەکی زيادڕەوانەی پێدەدرێت. وەک پێشتر چ لە فکری سياسی ئەفلاتون یاخود لە فکری سياسی شارستانيەتە کۆنەکانی رۆژهەڵات بينيمان کە سەرۆک گرنگترين بەش بوو لە سياسەتی دەوڵەتدا.ئەم تێڕوانينە لە ئاينی ئيسلامشدا بە ڕوونی دەردەکەوێت.لە ئيسلامدا گوێرايەڵی سەرۆک بە مانای گوێرايەڵیە بۆ خوداو پێغەمبەرەکەی،وەک لە فەرموودەیەکی پێغەمبەردا هاتووە ((من اطاعني فقد اطاع اللە،ومن يعصني فقد عصي اللە، ومن يطع الامير فقد اطاعني،ومن يعصي الامير فقد عصاني))٤٧ هەر وەها لە قورئاندا بە هەمان شێوە ئەمری ئەوە دەکات کە گويرايەڵی خودا و پێغەمبەرەکەی و سەرۆکی موسڵمانان بن وەک لە ئایەتی (اطيعوا اللە واطيعوا الرسول واولی الامر منكم))٤٨ .پاشان ئەم بایەخدان و گرنگيە زۆرەی بۆ کەسی سەرۆک دەگوازێتەوە بۆ ناو فەلسەفەی سياسی ئيسلامی،بۆ نموونە فەيلەسوفێکی وەک فارابی سەرۆکی وڵات دەشوبهێنێت بە خودا و پێی وایە پێگەی سەرۆک بۆ دەوڵەت هەر وەک پێگەی خودایە بۆ گەردوون، خودا هۆکاری یەکەمە لە گەردووندا،سەرۆکيش هۆکاری یەکەمە لە دەوڵەتدا. ئەو دەوڵەتە نموونەیەیی (المدينة الفاضلة) کە فارابی بانگەشەی بۆ دەکرد بێ سەرۆکێکی نموونەیی نایەتە دی، واتە سەرۆک هۆکاری دروستبوونی دەوڵەتێکی نموونەییە نەک کۆمەڵگا و بەشەکانی تری دەوڵەت، فارابی پێی وایە ئەگەر سەرۆک چاک و نموونەیی بوو ئەوا کۆمەڵگاش چاک و نموونەیی دەبێت.ئەمەش مانای وایە ئەوەی سياسەت دەکات و ئاڕاستەی کۆی کۆمەڵگا دەکات بريتييە لە سەرۆک٤٩.

ئەم تێڕوانينە بۆ سەرک تەنها لای فارابی بوونی نەبووە،بەڵکو لای زۆرێک لە بيرمەندە سياسيەکانی ئيسلام هەبووە،بۆ نموونە بيرمەندێکی سياسی وەک (ابوبکر الطرطوشي) سەرۆکی دەشوبهاند بە سێبەری خودا لەسەر زەوی٥٠.یاخود بيرمەندێکی سياسی وەک (ابن ابی الربيع) کە پێی وابوو (بەختەوەری گشتی لە رێزگرتن و گەورەکردن و گوێرایەڵی کردنی پاشاکاندایە)٥١. ئەم تێڕوانينە لای زۆربەی بيرمەندە سياسيەکانی ئيسلام لە سەدەکانی ناوەڕاستدا دووبارە بووەتەوە.

پێويستە ئاماژە بەوە بکەين،لە ئايين و فکری سياسی ئيسلامدا،کاتێک باسی ملکەچکردن و گوێرايەڵی کۆمەڵگا بۆ سەرۆک دەکرێت،ئەوا ملکەچیيەکی ڕەها نييە،چونکە لە ئيسلامدا مەرج دانراوە بۆ ئەو ملکەچييە،واتە کاتێک گوێرايەڵیکردنی سەرۆک دەبێتە ئەرک،کە سەرۆک بە پێی قورئان و سووننە حوکم بکات و هەر وەها سەرۆک موسڵمان بێت،ئەو کات ئەرکی موسڵمانانە گوێرايەڵی سەرۆکی دەوڵەت ببن،بەڵام ئەگەر سەرۆک بە پێی رێسا و یاساکانی ئيسلام حوکم نەکات،ئەوکات نابێت کۆمەڵگا گوێرايەڵی بکات.واتە لە ئيسلامدا سەرۆک جێبەجێکاری یاسا و ئەمرەکانی ئايينی ئيسلامە،نەک یاسادانەر و داهێنەری بڕيارە سياسيەکان بێت٥٢.

بەڵام ئەم مەرجە،تا ڕادەیەک مەرجێکی ئاڵۆزە و تەمومژ لە خۆ دەگرێت،چونکە تێگەيشتن و زانينی ئەوەی کە سەرۆک بە پێی یاساکانی ئايينی ئيسلام حوکم دەکات یاخود نا،زانينێکی قورسە چونکە مەزهەب و تەفسيرەکان زۆر تا کەم جياوازن لەو ڕوەوە،هەر بۆیە دەبينين لە مێژووی ئيسلامدا ستەمکاری و سەرۆکی ستەمکار زۆر بەرچاودەکەون و زۆربەشيان بانگەشەی ئەوەیان کردوە کە بە پێی قورئان و سوننە حوکم دەکەن.

ئەو هەموو گرنگیدان و پيرۆزکردنەی سەرۆک لە فکری سياسی ئيسلاميدا هۆکارێکە بۆ دەرکەوتنی ئەو هەموو ستەمکارییەی کە لە مێژووی ئيسلامدا روويداوە.ئەو تێڕوانينە ئايينی و ئەخلاقيەيە بۆ سياسەت و سەرۆک و سياسيەکان کە وای کردوە، خەليفەی دەوڵەتی عەباسی هەبووە خۆی وەک سێبەری خودا لەسەر زەوی ناساندوە و خەليفەیەکی وەک (منصور) بە ئاشکرا بە خۆی وتووە ((من دەسەڵاتی خوام لە زەويەکەی)) یاخود  ستەمکارێکی وەک (الحجاج بن يوسف الثقفي)دروست ببێت و جارێکی لە مينبەری مزگەوتەوە بە موسڵمانانی وت:((سوێند بە خوا،ئەگەر ئەمرم بە کەسێک کرد  لە دەرگایەکی دياريکراو لە دەرگاکانی مزگەوتەکە بچێتە دەرەوە،ئەگەر ئەو کەسە لە دەرگایەکی تر چووە دەرەوە،ئەوا لە ملی دەدەم!))٥٣.

بۆ زیاتر تێگەيشتن لە تێکەڵکردنی سياسەت بە ئايين و ئەخلاق، بە پێويستی دەزانين ئاوڕێک لە فکری سياسی ماوردي بدەينەوە، وەک یەکێک لە ديارترين بيرمەندە سياسيەکانی ئيسلام لە سەدەکانی ناوەڕاست. 

ابوالحسن الماوردي (٩٧٤-١٠٥٨ز)

ابوالحسن الماوردي
ابوالحسن الماوردي

ماوردی وەک زۆربەی بيرمەندە سياسيەکانی ئيسلام، لە ڕەهەندێکی ئايينی و ئەخلاقيەوە دەڕوانێتە سياسەت، هيچ جياوازيەک بەدی ناکرێت لە نێوان سياسەت و ئايين. بۆ تێگەيشتن لە دياردەی ئاوێتەبوونی سياسەت بە ئايين و ئەخلاق لای ماوردی،پێويستە تەرکيز بکەينە سەر پێگەی سەرۆک (الخليفة) لە فکری سياسی ماوردی،چونکە سەرۆک یاخود پاشا چەقی فەلسەفەی سياسی ماوردی پێکدێنێت هاوشێوەی زۆرێک لە بيرمەندەکانی تری ئيسلام.بۆیە ئەگەر بمانەوێت بزانين سياسەت چي دەگەيەنێت لای ماوردی و هەر وەها بزانين چۆن سياسەت و ئايين و ئەخلاق تێکەڵدەبن بە یەکتر و جياوازيان نامێنێت لای ماوردی و زۆرێک لە بيرمەندە سياسيەکانی ئيسلام،دەبێت سەيری پێگە و مەرج وئەرکەکانی سەرۆک بکەين لای ماوردی و بيرمەندە سياسيەکانی ئيسلام،چونکە لای ماوردی ئەوەی سياسەت دەکات سەرۆکە،ئەوەی بڕيارەکان دەردەکات و کۆمەڵگا ئاڕاستە دەکات و دەوڵەت بەرێوە دەبات تەنها سەرۆکە.

سەرۆک (الخليفة) کێيە لە فکری ماوردی؟

ماوردی سەرۆک دەشوبهێنێت بە (سەر) لە جەستەی مرۆڤدا، هەموو ئەندامانی لەش لە خواروی ئەون و ئەو هەڵدەگرن،لەبەر ئەوەی مانەوەی لەش پەيوەستە بە مانەوەی سەر٥٤.واتە بەرزترين و گرنگترين بەش و ئەندام لە دەوڵەتدا، بريتييە لە سەرۆک کە لە سەروی هەموو بەشەکانی کۆمەڵگایە.ماوردی چەند مەرجێک دادەنێت کە دەبێت لە کەسی سەرۆکدا بوونیان هەبێت،یەکێ لەو مەرجانەی کە تەواو تێکەڵکردنی سياسەت و ئايين پيشاندەدات بريتييە لەو مەرجەی کە دەبێت سەرۆک قورەيشی بێت و سەر بە هۆزی قورەيش بێت٥٥. هەر وەها ماوردی کۆمەڵێک ئەرک دادەنێت بۆ سەرۆک کە دەبێت جێبەجێيان بکات یەکەم ئەرکی سەرۆک بريتييە لە پاراستنی ئايينی ئيسلام و دژایەتی کردنی بيدعە،ئەرکێکی تری سەرۆک بريتييە لە جيهادکردن دژی ئەوانەی کە نایەنە ناو ئايينی ئيسلام لەگەڵ چەندين مەرجی تر کە زۆربەیان لە چوارچێوەی ئايين و ئەخلاقن٥٦.

ماوردی پێ وایە کە دادپەرەوەی و ئاسايش و رێکخستنی کاروباری دەوڵەت و دنيایی  پەيوەستە بە بوونی ئايين و سەرۆکێکی بە توانا،لای ماوردی مەرجی سەرەکی دەوڵەت بريتييە لە بوونی سەرۆکێکی بە توانا کە بە پێی قورئان و سوننە حوکم بکات٥٧.

کاتێک تەماشای پێگەی سەرۆک و مەرجەکانی بوون بە سەرۆک و ئەرکەکانی  دەکرێت لای ماوەردی،دەردەکەوێت کە سەرۆک پياوێکی سياسی و ئاينييە لە هەمان کاتدا،وەک خۆی ئاماژەی پێدەکات کە خەليفە جێنشينی پێغەمبەرە بۆ کاروباری سياسی و ئايينی٥٨.

ماوردی بێجگە لە پۆستی خەليفە،باس لە چەند پۆستێکی تر دەکات وەک پۆستی وەزير،بەڵام ئەو پۆستانە تەنها ئەمرەکانی خەليفە جێبەجێدەکەن و هاوکاری دەکەن لە بەرێوەبردنی کاروباری ئايينی و سياسی دەوڵەت.بۆ پۆستی وەزيريش چەن مەرجێکی دادەنێت کە زۆربەیان هەر ئايينی و ئەخلاقين،ئەو مەرجانەی کە پێويستە لە کەسی وەزير هەبن بريتين لە ڕاستگۆیی و فێڵ نەکردن و دوورکەوتنەوە لە شەهوەت و تەماحکاری…٥٩.

وەک بينيمان چەمک و بەها ئايينی و ئەخلاقيەکان بە شێوەیەکی فراوان و قووڵ چوونەتە ناو سياسەت و بەرێوبردنی دەوڵەت و بوونە بە پێوەر بۆ چالاگی سياسی لە فکری سياسی ئيسلامیدا.کاتێک باس لە دادپەرەوەی دەکرێت لە فەلسەفەی سياسی ئيسلاميدا،ئەوا دادپەرەوەی مانایەکی ئايينی و ئەخلاقی نەگۆر وەردەگرێت نەک مانایەکی سياسی و دەستوری واقعی،بۆ نموونە ماوەردی پێی وایە کە یەکەم مەرج کە پێويستە لە کەسی سەرۆکدا هەبێت،ئەوا مەرجی دادپەروەرييە،بەڵام لای ماوردی دادپەروەری واتە راستگۆیی و خۆراگری و دەستپاکی و بەوەفایی و دوورکەوتنەوە لە هەڵە و گوناهە… کە زۆربەی چەمک و بەهای ئەخلاقی و ئايينين نەک سياسی.

ئەوەی لەسەرەوە باسکرا تەنها باسکردنێکی کورتی لایەنێکی فکری سياسی ئيسلامی بوو،نەک چەند لایەنێک،چونکە تەنها ويستمان چەند نموونەیەک بخەينە ڕوو بۆ دەرخستنی ئەوەی کە چۆن سياسەت لە فکری سياسی ئيسلاميدا ئاوێتە بووە بە ئايين و ئەخلاق ،هاوشێوەی فکری سياسی ئەفلاتون و فکری سياسی ميسر و عيراق و يۆنانی کۆن،کە پێشتر ئاماژەمان پێدا.بە دڵنیاییەوە هەر یەک لەو فکرە سياسيانەی کە تا ئێستا ئاماژەمان پێکردوە،جياوازی و ناکۆکی هەیە لە نێوانيان،بەڵام لەوەدا هاوشێوەی یەکترن،کە تێڕوانينێکی ئەخلاقی و ئايينيان هەیە بۆ سياسەت و سياسەت دەخەنە ناو چوارچێوەیەکی ئەخلاقی و ئايينی. 

ئيمانۆيل کانت (١٧٢٤-١٨٠٤)

Immanuel-Kant

تێکەڵکردنی سياسەت و ئەخلاق لای فەيلەسوفی ئەڵمانی کانت جياوازە لە نموونەکانی پێشتر،لە نموونەکانی پێشتر وەک لای ئەفلاتون و بيرمەندە سياسیەکانی ئيسلام بينيمان لە پێناو بە ئەخلاقی کردنی سياسەت زیاتر تەرکيز دەخرایە سەر کەس یا چينی فەرمانڕەوا، هەر بۆیە لە نموونەکانی پێشتر وەک بينيمان بە شێوەیەکی زيادڕەوانە،پيرۆزی و قودسيەت دەدرا بە کەسی فەرمانڕەوا، چونکە لە نموونەکانی پێشتر سياسەتکردن لە سەرۆکدا بەرجەستە دەبوو،کۆمەڵگا یا رۆڵی نەبوو یا رۆڵێکی زۆر کەمی هەبوو لە سياسەتکردندا،ئەمەش لە ئەنجامدا زۆر کات دەبێتە هۆکاری دروستبوونی دياردەی دستەمکاری وەک پێشتر نموونەمان لە بارەیەوە هێنایەوە.

بەڵام لای کانت بۆ ئەوەی سياسەتێکی تەندروست و ئەخلاقی بوونی هەبێت،دەبێت پشت بە عەقلی مرۆڤ ببەسترێت.کاتێک کانت باس لە عەقل دەکات،بە پێچەوانەی  ئەفلاتون عەقل ناکاتە موڵکی کەمينەیەک کە فەيلەسوفەکانن و دەبێت ئەوانيش حوکم بکەن،بەڵکو لای کانت عەقل زیاتر موڵکی گشتیە و بە مانای ئەوەی هەموو مرۆڤێک توانای بەکارهێنانی عەقلی هەیە،لێرەوە کانت هەنگاوێکی گرنگ دەنێت و ڕووبەری بەشداریکردن لە سياسەتدا فراوان دەکات و سياسەت قۆرخ ناکات لە دەستی کەسێک یا کۆمەڵێک کەس،چونکە لای کانت سەرچاوەی سياسەت عەقلی مرۆڤە،عەقليش توانایەکە گشتییە و هەموو مرۆڤێک دەتوانێت ببێتە خاوەنی ئەو توانایە،کەواتە هەموو مرۆڤێک دەتوانێت بەشداری بکات لە سياسەتدا.رەنگە کاتێک دەڵێين عەقل سەرچاوەی سياسەتە،نا ڕوونيەک هەبێت لەم ڕستەیەدا،بۆیە پێويستە زیاتر نزيک ببينەوە لە فەلسەفەی ئەخلاقی و سياسی کانت.

گرنگترين ڕەهەندی فەلسەفەی ئەخلاقی و سياسی کانت بريتييە لە گەردوونی بوون یا جيهانی بوون (الکونية)، کانت کە باس لە یاسا ئەخلاقيەکان دەکات (وەک پێشتريش ئاماژەی پێدرا) ئەوا باس لە کۆمەڵێ یاسای گەردوونی و نەگۆر و جێگير دەکات،یاسای ئەخلاقی لای کانت ڕەهایە و لە کۆمەڵگایەک بۆ کۆمەڵگایەکی دی و لە سەردەمێک بۆ سەدەمێکی دی گۆڕانی بەسەردا نایەت،واتە ئەوەی لای کوردێک ئەخلاقييە -بە پێی کانت- لای فەرەنسيەکيش دەبێت ئەخلاقی بێت، ئەوەی لە ئێستادا ئەخلاقييە دەبێت لە رابوردوو و لە ئايندەشدا ئەخلاقی بێت،ئەگەر وا نەبێت،کەواتە ئەوە یاسایەکی ئەخلاقی نييە.بۆیە کانت پێی وایە بنەماکانی ئەخلاق هاوشێوەی بنەماکانی بيرکاری بنەماگەلێکی گەردوونيين و ناکەونە ژێر کاريگەری ژينگە و واقعەوە.بۆیە بۆ کەشفکردنی بنەما و یاسای ئەخلاقی کانت پەنای بۆ تاقيکردنەوە و ئەزموونی واقعی نەبردوە، بەڵکو لای کانت بنەما و یاسا ئەخلاقيەکان بە شێوەیەکی پێشينەیی و زگماکی (قبلية) لە عەقلی مرۆڤدا بوونی هەیە، لە ژينگەی کۆمەڵایەتی و واقعەوە دروست نابن و نایەن،بەڵکو لە عەقلی مرۆڤدا بە شێوەیەکی پێشينەیی بوونیان هەیە، هەر بۆیە کانت ئەوە رەد دەکاتەوە کە لە رێگەی ئەزموون و تاقيکردنەوەی واقعیانە بگەين بە بنەما ئەخلاقيەکان،چونکە واقع و ژينگەی کۆمەڵایەتی هەميشە لە گۆڕانکاريدان و ناتوانين یاسایەکی نەگۆر و گەردوونی لە واقعێکی گۆڕا و ناجێگيردا بەدەست بێنيين٦٠.

وەک بينيمان فەلسەفەی ئەخلاقی کانت،فەلسەفەیەکی جيهانیيە و ئەخلاق لای کانت ئەخلاقێکی ڕەهایە،کاتێک دێينە سەر فەلسەفەی سياسی کانت ديسانەوە ڕووبەروی ئەم ڕەهەندە گەردوونييە دەبينەوە. لای کانت وەک ئاماژەمان پێيدا سەرچاوەی ئەخلاق و سياسەت بريتييە لە عەقل،چونکە لە عەقلدا کۆمەڵێ بنەما و بيرۆکەی پێشينەیی و هەميشەیی و گشتی هەیە،کە سەر بە جيهانی دەرەوە نيين بەڵکو سەر بە جيهانی ناوەوەی مرۆڤن وەک یاسا ئەخلاقيەکان،ئەخلاقيش لای کانت ئاڕاستەی زۆرێک لە رەفتار و بيرکردنەوە و چالاگی و پەيوەندیەکانی مرۆڤ دەکات،سياسەتيش بريتييە لە کۆمەڵێ چالاگی و رەفتار و بيرکردنەوە و پەيوەندی، لێرەوە سياسەت لای کانت دەبێت بە سياسەتێکی ئەخلاقی و ئەخلاق سياسەت ئاڕاستە دەکات، یاخود دەتوانين بڵێن لێرەوە لای کانت سياسەت و ئەخلاق تەواو ئاوێتەی یەکتر دەبن.کانت پێی وایە پەيوەندی نێوان ئەخلاق و سياسەت بريتييە لە پەيوەندی نێوان تيۆر و پراکتيک،واتە ئەخلاق تيۆرە و سياسەت پراکتيکە٦١،هەر بۆیە کانت پێی وایە گەورەترين ئامانجی سياسەت بريتييە لە ئامانجێکی ئەخلاقی کە ئەويش ئاشتی هەميشەييە لە جيهاندا.

 ئاشتی هەميشەیی گرنگترين چەمک و پرۆژەی سياسیە لای کانت،مەبەستی کانت لەم پرۆژە فەلسەفييە ئەوەیە  کۆتایی بە جەنگ بهێنرێت و مرۆڤایەتی لە ئاشتيەکی هەميشەیی بژێت لە هەموو جيهاندا،وەک ئاماژەمان پێکرد فەلسەفەی ئەخلاقی و سياسی کانت ڕەهەندێکی جيهانی و گەردوونی هەیە،ئەوەتا کاتێک بانگەشە بۆ ئاشتی دەکات، بۆ هەموو جيهان بانگەشەی دەکات نەک تەنها بۆ ناخۆی وڵاتێک یا کيشەوەرێک. لای کانت ئامانج و مەبەستی سەرەکی سياسەت بريتييە لە هێنانەدی ئاشتی بۆ هەموو مرۆڤایەتی، هەر بۆیە کانت داوای سڕينەوە و نەهێشتنی سوپای دەوڵەتان دەکات،چونکە بوونی سوپا هۆکارێکە بۆ هەڕەشە و ئامادەبوونی دەوڵەتان بۆ جەنگ٦٢. پەيوەست بوونی فەلسەفەی سياسی کانت بە فەلسەفە ئەخلاقيەکەی وایکردوە کانت بانگەشە بۆ سياسەتێک بکات کە لە ژێر هيچ پاساو و لەبەر هيچ ئامانجێکی سياسی، پەنانەبرێتە بەر ئامرازی خەراپ و نائەخلاقی لەم بارەیەوە کانت دەڵێت ((پێويستە لەسەر گەلانی ناو دەوڵەتان وهەر وەها دەوڵەتان لە پەيوەندیاندا بە یەکەوە، بە پێی ئەو بنەمایانەی کە بە شێوەی پێشينەیی لە عەقلدا بوونیان هەیە رەفتار بکەن تەنانەت لەو کاتانەشدا کە سياسەتی پراکتيکی (واقعی سياسی) ناکۆک بێت لەگەڵ ئەو رەفتارە))٦٣،واتە سياسەت دەبێت بە پێی یاسا ئەخلاقيەکان پراکتيک بکرێت لە هەموو کات و شوێنێکدا، وەک پێشتر ئاماژەمان پێيدا ئەخلاق لای کانت ئەرکە (واجب)،واتە بێ گوێدانە ئەنجامی کارێک کە سودی هەیە یا نا، مرۆڤ ئەرکی سەر شانيەتی ئەخلاقی بێت لە کار و رەفتارەکانیدا،کاتێک ئەرکی سەر شانمان بێت ئەخلاقی بين،ئەوا لە سياسەتيشدا ئەرکی سەرشانمانە سياسەتێکی ئەخلاقی پەيڕەو بکەين، بۆیە ئامانجی سياسەت بريتييە لە ئاشتی هەميشەیی بۆ هەموو جيهان.

فەلسەفەی کانت فەلسەفەیەکی فراوان و گشتگيرە،بۆ تێگەيشتن لە فەلسەفە ئەخلاقی و سياسيەکەی دەبێت باس لە لایەن و بەشەکانی ديکەی فەلسەفەکەی بکرێت و زۆر لەمە زیاتر قسەی لە بارەوە بکەين، ئەمەش ئامانجی ئەم نووسينە نييە،ئەوەی ئامانجی ئەم نووسينەیە تەنها ئەوەیە  بە کورتی تيشکێک بخەينە سەر ئاوێتەبوونی سياسەت و ئەخلاق لای کانت و ئەوە پيشان بدەين کە لای ئەم فەيلەسوفەش سياسەت و ئەخلاق وەک یەک بوار تەماشا کراوە و جياوازی نەکراوە لە نێوانيان.

هۆکار و دەرئەنجامی تێکەڵکردنی سياسەت و ئەخلاق بەیەکتر

باسی شێواز و چۆنيەتی تێکەڵکردنی سياسەت و ئەخلاقمان کرد،لە ئێستادا بە پێويستی دەزانين لە چەند خاڵێکی کورتدا ئاماژە بەو هۆکار و دەرئەنجامانەش بدەين کە لە دياردەی تێکەڵکردنی سياسەت و ئەخلاقدا بەدی دەکرێت، واتە ئەو هۆکارانە چيين کە سياسەت و ئەخلاق تێکەڵدەکەن چ لەسەر ئاستی تيۆری و چ لەسەر ئاستی پراکتيک؟ هەر وەها ئەم تێڕوانينە بۆ سياسەت کە ئاوێتەی دەکات بە ئەخلاق چ دەرئەنجامێکی لێوە دروست دەبێت؟

سەرەتا لە سێ خاڵدا هۆکارەکان دەخەينە ڕوو:

١- دەتوانين بە کۆمەکی فەيلەسوف و کۆمەڵناسی ئينگليزی هێربرت سبنسەر یەکێک لە هۆکارەکان دياری بکەين،ئەويش بريتييە لە یاسای (لە یەکڕەنگیەوە بۆ فرەڕەنگی) یاخود لە یەکانگيری و لەیەکچوونەوە بۆ فرەیی و جياوازی (من التجانس الی التمايز) کە سبنسەر کەشفی کردوە.سبنسەر پێی وایە بە پێی ئەم یاسایە دەتوانرێت تەفسيری گەشەکردن و پێشکەوتنی هەموو دياردە سروشتی و مرۆييەکان بکرێت،واتە گەردوون و ئەوەی لە گەردووندا هەیە بە پێی ئەم یاسایە گەشە دەکات. بە پێی ئەم یاسایە هەموو شتێک لە سەرەتادا سادە و یەک ڕەنگ و یەکگرتوو بووە، پاشان گەشەی کردوە بەرەو فرەڕەنگی و نا یەکگرتووی و جيابوونەوە،بۆ نموونە سەرەتا بە تايبەت لە سەردەمی يۆنانی کۆندا،زۆربەی زانستەکان لە چوارچێوەی فەلسەفەدا باسکراون، پاشان لەگەڵ گەشەکردندا چەندين زانست لە فەلسەفەوە دروست بوون و جيابوونەوە لێی، وەک زانستی فيزيا و کۆمەڵناسی و دەروونناسی… سەرەتا هەموو ئەو زانستانە لە چوارچێوەی فەلسەفەدا بە شێوەیەکی یەکگرتووی و یەک ڕەنگی هەبوونە،پاشان بەرەو فرەڕەنگی و جياوازی گەشەی کردوە،پاشان ئەو زانستانەش لە ناو خۆیاندا ديسانەوە دابەشبوونەتەوە بەسەر جەندين لق و بەشی تر.سبنسەر هەموو دياردەیەکی سروشتی و کۆمەڵایەتی بە پێی ئەم یاسایە تەفسير دەکات و پێی وایە جيهان و ئەوەی لە جيهاندایە سەرەتا سادە و تێکەڵ و یەکگرتوو بووە پاشان بەرەو ئالۆزی و بەش بەش بوون و جيابوونەوە چووە٦٤.

لێرەوە دەتوانين بە پێی ئەم یاسایە هۆکاری دياردەی تێکەڵکردنی سياسەت و ئەخلاق تەفسير بکەين، واتە سەرەتا ئايين و ئەخلاق و سياسەت یەک بواری یەکگرتوو و تێکەڵ بووە، وەک لە نموونەی شارستانيەتی ميسر و عيراقی کۆندا بينيمان، پاشان بە هۆی گەشەکردنەوە لای يۆنان، ئەخلاق و سياسەت بەیەکەوە مانەوە و ئايينی لێ جيابوەوە، دواتر و بە تايبەت لای ميکياڤيلی سياسەت و ئەخلاقيش لە یەکتر جيادەبنەوە و دەبنە دوو بواری جياواز. کەواتە دەتوانين بە پێی ئەم یاسایە بڵێين تێکەڵکردنی ئايين و ئەخلاق بە سياسەت،دياردە و تێڕوانينێکە لەگەڵ کۆمەڵگا و سەردەمە سەرەتایی و کۆنەکاندا دەگونجێت کە جارێ نەگەيشتوونەتە قۆناغی گەشەکردن.

٢- هۆکاريکی دی بريتييە لە زاڵبوون و هەژموونی ئايين لە کۆمەڵگای سەردەمە کۆنەکاندا،ئايين لەو سەردەمانەدا بزوێنەری کۆمەڵگا بووە و هەر وەها وەڵامدەرەوەی زۆرێک لە پرسيارەکانی مرۆڤی ئەو سەردەمە بووە لە بارەی ژیان و بوون و دياردە سروشتی و مرۆييەکان..بە حوکمی ئەوەی زانست و فەلسەفە بە مانا سەردەميەکەی بوونی نەبووە.لەو سەردەمانەدا ئايين ئاڕاستەکەری یەکەمی کۆمەڵگا و عەقلی مرۆڤ بووە،بۆیە لە دۆخێکی ئاوهادا بی گومان دەبێت سياسەت و بەرێوبردنی کۆمەڵگاش لە لایەن ئايينەوە ئاڕاستە بکرێت.وەک چەند جارێکيش ئاماژەمان پێيدا کاتێک سياسەت لە چوارچێوەی ئاييندا مومارەسە بکرێت و تێکەڵ بکرێت بە ئايين،ئەوا بێ گومان مانای تێکەڵکردنی سياسەت و ئەخلاق دەگەيەنێت. هەر بۆیە ئێستاشی بەسەرەوە بێت لەو کۆمەڵگا و وڵاتانەی کە ئايين هەژموونی و قورسایی زۆری هەیە و ئايين بە سەرچاوەی یەکەمی بيرکردنەوە و کۆلتور دادەنرێت،زۆربەی کات لەو جۆرە کۆمەڵگا و وڵاتانە تێڕوانين و تێگەيشتنێکی ئايينی و ئەخلاقی هەیە بۆ سياسەت، زۆربەی کاتيش  سياسەت بە شێوازێکی ستەمکاری مومارەسە دەکرێت و کۆمەڵگا پەرواێز دەخرێت و سياسەت لە دەستی تاکە کەسێک یا کەمينەیەکدا قۆرخ دەکرێت.

٣- دەکرێت هۆکارێکی دی بريتی بێت لەوەی کە سەرۆک و فەرمانڕەواکان ئەخلاق و ئايين بەکاردەهێنن بۆ پاراستن و مانەوەی دەسەڵاتی سياسی خۆیان، بۆ ماوەیەکی درێژ یا تا مردن و پاشان گواستنەوەی دەسەڵات بۆ نەوەکانی خۆیان. واتە سياسەت ئاوێتەی ئەخلاق و ئايين دەکرێت تا کۆمەڵگا ملکەچی ئەو بڕيار و یاسایانە بێت کە فەرمانڕەواکان دەریدەکەن،وەک یاساکانی حەمورابی، حەمورابی ئيديعای ئەوەی دەکرد ئەو یاسایانەی لە خوداوە وەرگرتووە، بۆیە ملکەچکردن بۆ ئەو یاسا و سياسەتانەی حەمورابی ئەرکێکی ئايينی و ئەخلاقی و سياسی بووە. 

بێگومان چەندين هۆکاری ديکەش هەیە بۆ دياردەی تێکەڵکردنی سياسەت بە ئەخلاق،بەڵام ئەو سێ هۆکارە، سێ نموونەی ديار و ئاشکران.دوای باسکردنی هۆکارەکان،ئێستا بە چەند خاڵێک هەندێ لەو دەرئەنجامانەش دياری دەکەين کە لە ئەنجامی تێکەڵکردنی سياسەت و ئەخلاقەوە دروست دەبن:

١-یەکێ لەو دەرئەنجامانەی  تێکەڵکردنی سياسەت و ئەخلاق، بريتييە لە زيادڕەویکردن لە گرنگیدان بە سەرۆک تا ئەندازەی پيرۆزکردنی لە زۆر کاتدا. تێڕوانينێکی ئەخلاقی بۆ سياسەت واتە گرنگینەدان بە دامودەزگايکردنی سياسەت و بە یاساییکردنی،بۆیە ئەوەی سياسەت دەکات کەسێکە یا کۆمەڵە کەسێکن،بۆ ئەوەی سياسەتێکی تەندروست و دادپەروەرانە هەبێت،پێويستە ئەو کەسە (سەرۆک) کەسێکی بە ويژدان و عاقل و بە ئەخلاق بێت،وەک لای ئەفلاتون بينيمان سەرۆک دەبێت فەيلەسوف بێت،و هەموو بڕيارەکان لە لایەن سەرۆکە فەيلەسوفەکانەوە دەردەچێت.یا لای بيرمەندە ئيسلاميەکان کە خەليفە دەبێت پياوێکی ئايينی بێت و هەموو بڕيارە سياسيە گرنگەکان دەبێت لە لایەن ئەوەوە دەربچێت و گوێرايەلی کردنيشی واجبە.چ لای ئەفلاتون و چ لای زۆرێک لە بيرمەندانی ئيسلام یا لە شارستانيە کۆنەکانی رۆژهەڵات،سياسەت قۆرخکراوە بۆ سەرۆک،سياسەت پيشەی سەرۆکە بە تەنها.ئەمەش هۆکارێکە بۆ دروستبوونی دياردەی ستەمکاری کە ڕووبەرێکی گەورەی مێژووی مرۆڤایەتی داگيرکردوە.

٢- ئەم تێڕوانينە بۆ سياسەت، تێڕوانينێکی هەرەمييە بۆ دەوڵەت و سياسەت،سەرۆک لە لوتکەی هەرەمەکەیە پاشان وەزير و یاريدەدەرانی سەرۆک دێت تا دەگاتە خواری خوارەوەی هەرەمەکە،کە کۆمەڵگایە.ئەم تێڕوانينە لای ئەفلاتون و بيرمەندانی ئيسلام و هەر وەها لە زۆر واقعی سياسيدا دەبينرێت. ئەم تێڕوانينە بە هەموو شێوەیەک بەشداری کۆمەڵگا لە سياسەتدا ناهێڵێت یا کەمی دەکاتەوە،هەر وەها رۆڵی یاسا فەرامۆش دەکات، چونکە سەرۆک بە گرنگترين کەسی وڵات دادەنێت و لەسەروی کۆمەڵگاوەیە،بۆیە لای زۆرێک لە بيرمەندانی ئيسلام خەليفە بە پێی قورئان و سوننە و ويژدانی خۆی حوکم دەکات، لای ئەفلاتونيش بە پێی توانای عەقلی خۆی حوکم دەکات،کەواتە چاودێری کۆمەڵگا و یاسا کەمترين رۆڵی هەیە یا هەر نيەتی٦٥.

٣- ڕەنگە ئەم تێڕوانينە ئەخلاقييە بۆ سياسەت تەنها ئەو دەرئەنجامانەی لێ نەکەوێتەوە کە ئاماژەمان پێيدا،وەک لە فەلسەفەی سياسی کانت بينيمان کە پێچەوانەی ئەو دەرئەنجامانە بوو.بەڵام وەک بينيمان فەلسەفەی سياسی کانت لەسەر هەندێ بنەمای نا واقعی بنياتنراوە، بە تايبەت ئەو ڕەهەندە گەردوونی و ڕەهاییەی لە فەلسەفەی ئەخلاقی و سياسی (کانت)دا بوونی هەیە، چونکە یەکێ لە سيفەتە سەرەکيەکانی سياسەت بريتييە لە رێژەييبوون و خۆگونجاندن و هەر وەها گۆرينی واقع، یاخود ئەو بۆچوونەی کانت کە پێی وایە سياسەت دەبێت هەميشە ئەخلاقی بێت و ئامرازی خەراپ بەکارنەهێنیت بۆ گەيشتنە هەندێ ئامانج،ئەمە تەواو پێچەوانەیە لەگەڵ واقع و مێژووی سياسەت. لەم بارەیەوە ميشال فۆکۆ پێی وابوو کە نووسينەکانی کانت یارمەتی مێژوونووس و توێژەر نادات لە گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و سياسی و کولتوريەکان تێبگات و شييبکاتەوە،چونکە مەبەستی کانت،مەبەستێکی گەردوونی بووە،نەک مێژووی٦٦، لە کاتێکدا سياسەت پرسێکی مێژووی و واقعيە.

لە فەلسەفەی سياسی کانت زۆر لایەنی نا واقعی دەبينرێت،کە ئەستەمە یا مەحاڵە لە سياسەتدا پراکتيک بکرێت،بۆ نموونە کاتێک کانت بانگەشەی ئەوە دەکات دەبێت ئامانجی سەرەکی سياسەت بريتی بێت لە ئاشتی هەميشەیی،چونکە ئەوە ئەرکێکی ئەخلاقييە و ئەرکی سەرشانی مرۆڤە جێبەجێیی بکات.ئەم بانگەشەیە لەگەڵ مێژوو و جەوهەری سياسەتدا یەکناگرێتەوە، چونکە سياسەت و ململانێ ئەستەمە لەیەکتر جياببنەوە، کە ململانێش هەبوو، ئەوا ئەستەمە باسی ئاشتی هەميشەیی بکەين.ئەمە بێجگە لەوەی جەنگ یەکێکە لە ئامرازەکانی گەيشتن بە ئامانج لە سياسەتدا، ئامانج و بەرژەوەنديش بزوێنەری سياسەتن، بێ بەرژەوەندی و ئامانج، سياسەت بوونی نييە.

٤-کەواتە دەرئەنجامەکانی تێکەڵکردنی سياسەت و ئەخلاق لە دوو شێوازدا دەردەکەوێت، یەکەميان ئەوە بوو کە ستەمکاری و پەراوێزخستی کۆمەڵگا بەرهەمدەهێنیت. دووەميان تێگەيشتن و تێڕوانينێکی نا واقعیە، ئەگەر مەحاڵ نەبێت ئەوا ئەستەمە بێتە دی لە واقعدا، سياسەتيش لە واقعدا بوونی هەیە. 

سەرچاوە و پەراوێزەکانی به‌شی دووهه‌م

٣٠-د.عامر حسن فياض و د.علي عباس،مدخل الی الفکر السياسي القديم والوسيط،دار الکتب الوطنية،بنغازي،٢٠٠٤،ص٥٤

٣١-المرجع نفسە،ص٥٦

٣٢-د.عبدالرضی الطعان و د.صادق الاسود،مدخل الی علم السياسة،مطبعة جامعة الموصل،موصل،١٩٨٦

٣٣-د.عامر حسن فياض،مدخل الی الفکر السياسي القديم والوسيط،مرجع سابق،ص٦٨-٧٠

٣٤-افلاطون،الجمهورية،دراسة وترجمة د.فٶاد زكريا،الهيئة المصرية العامة للکتاب،١٩٧٤،فقرة(٣٣٩)، ص١٩٥

٣٥-د.عبدالرحمن بدوي،ربيع الفکر اليوناني،مکتبة النهضة المصرية،القاهرة،الطبعة الثالثة،ص٨٩،٤٢

٣٦-افلاطون،الجمهورية،المصدر السابق،فقرة(٣٦٨)،ص٢٣٢

٣٧- د.حورية توفيق مجاهد،الفکر السياسي من افلاطون الی محمد عبدە،ص٥٢-٥٤

٣٨-افلاطون،الجمهورية،المصدر السابق،فقرة(٤٣٣)،ص٣٢٤-٣٢٥

٣٩- افلاطون،الجمهورية،المصدر السابق،ص٨٧

٤٠- د.مصطفی عبدە،فلسفة الاخلاق،مرجع سابق،ص٨٧-٨٩

٤١- امام عبدالفتاح امام،الاخلاق والسياسة،مرجع سابق،ص١٦٠

٤٢- د.عامر حسن فياض،مدخل الی الفکر السياسي القديم والوسيط،المصدر السابق،ص٢١٢

٤٣- د.حورية توفيق مجاهد،الفکر السياسي من افلاطون الی محمد عبدە،ص٧١           

٤٤- افلاطون،الجمهورية،المصدر السابق،ص٥٩

٤٥- افلاطون،الجمهورية،المصدر السابق،ص٨٨-٩٤

٤٦-المائدة:٤٤

٤٧-محمد بن اسماعيل البخاري،صحيح البخاري(بيروت،دار الفکر،١٤٠١هجري):٤/٨

٤٨-النساء:٥٩

٤٩- امام عبدالفتاح امام،الاخلاق والسياسة،المرجع السابق،ص٢٠١-٢١١

٥٠-د.نزار محمد قادر،د.نهلة شهاب احمد،دراسات في تاريخ الفکر السياسي الاسلامي،دار الزمان،دمشق،٢٠٠٩،ص١٠٨

٥١- امام عبدالفتاح امام،الاخلاق والسياسة،المرجع السابق،ص١٩٠

٥٢- د.حورية توفيق مجاهد،الفکر السياسي من افلاطون الی محمد عبدە،المرجع السابق،ص١٧٢-١٧٣

٥٣- امام عبدالفتاح امام،الاخلاق والسياسة،المرجع السابق،ص١٩٠و٤٣٤

٥٤- د.نزار محمد قادر،د.نهلة شهاب احمد،دراسات في تاريخ الفکر السياسي الاسلامي،مرجع سابق،ص٤٨

٥٥-بۆ زانينی هەموو مەرجەکانی تر کە پێويستە لە کەسی سەرۆکدا هەبێت بڕوانە هەمان سەرچاوەی پێشوو،ص٣٩

٥٦-بۆ زانينی هەموو ئەرکەکانی سەرۆک بڕوانە هەمان سەرچاوەی پێشوو،ص٤٦-٤٧

٥٧-المرجع نفسە،ص٣٦

٥٨- امام عبدالفتاح امام،الاخلاق والسياسة،المرجع السابق،ص٢١٦

٥٩-د.حورية توفيق مجاهد، الفکر السياسي من افلاطون الی محمد عبدە،مرجع سابق،ص٢٣٢

٦٠-سمير بلکفيف،ايمانويل کانط فيلسوف الکونية،دار الامان،الرباط،٢٠١١،ص١٩-٢٥

٦١- د.السيد علي المحمودي،فلسفة کانت السياسية،المرجع السابق،ص١٩٤

٦٢- سمير بلکفيف،ايمانويل کانط فيلسوف الکونية،مرجع سابق،ص١٩٧

٦٣- المرجع نفسە،ص١٥٩-١٦٠

٦٤- امام عبدالفتاح امام،الاخلاق والسياسة،المرجع السابق،ص١٠١-١٠٥

٦٥-نفس المرجع،ص٢٢٨-٢٢٩

٦٦- سمير بلکفيف،ايمانويل کانط فيلسوف الکونية،مرجع سابق،ص٢٤٢

 

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین ڕێنوس و خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی - مافی بڵاوكردنه‌وه‌ بۆ نوسه‌ر و كولتور مه‌گه‌زین پارێزراوه‌
تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین
ڕێنوس و خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی – مافی بڵاوكردنه‌وه‌ بۆ نوسه‌ر و كولتور مه‌گه‌زین پارێزراوه‌