من باوکی ناو ته‌له‌فۆنم ، کچێکم هه‌یه و ڕۆژانه به ته‌له‌فۆن قسه ده‌که‌ین .ته‌مه‌نی یه‌ک ساڵان بوو کاتێ من و دایکی جیابووینه‌وه، ئێستا پێنج ساڵه و هه‌موو ئێوارانێ کاتێ بیه‌وێ بنوێ، ده‌بێ من ته‌له‌فۆنی بۆ بکه‌م و حیکایه‌تێکی تازه‌ی بۆ بکه‌م ، ماچێکی به ته‌له‌کاندا بۆ بنێرم و شه‌وباشی لێ بکه‌م.به‌ڵام زۆرجار ناگاته شه‌وباشه‌که ئه‌و وه‌ک
فریشته‌یه‌کی چکۆلانه بێ غه‌م ده‌نوێ . دوکتۆر گیان ! من بۆیه هاتوومه‌ته لای تۆ ، ده‌مه‌وێ منیش بخه‌وم، من چوار ساڵه نه‌خه‌وتووم ، هه‌ست ده‌که‌م نه‌خه‌وتووم ، ڕاستر بڵێم زۆر که‌م ده‌خه‌وم .شه‌وانه دوو سه‌عات زیاتر ناکات، هاوڕێکانم زیاتر هانیان دام که دوکتۆرێکی ده‌روونی بدۆزمه‌وه و قسه‌ی له‌گه‌ڵدا بکه‌م.من داوای لێبووردن له تۆ ده‌که‌م گه‌ر بڵێم من زۆر بڕوام به‌و شتانه نییه ، من بڕوا ناکه‌م تۆ گرفتی من چاره‌سه‌ر بکه‌یت ،چونکه گرفتی من خۆم بۆ خۆمم دروست کردووه .وه‌ک من خۆم چاڵێکی قووڵم هه‌ڵکه‌ندبێ و به پێی خۆم چووبێتمه ناوی، چاڵێک له من زیاتر که‌س نه‌یبینێ ، هه‌زار هاواریش بکه‌م که تۆ چاڵه‌که نه‌بینی چۆن ده‌رم دێنی؟ با تۆ په‌تێکیشت پێ بێ ، به کوێدا شۆڕی ده‌که‌یته‌وه بۆم پێم ناڵێی ؟
من ڕه‌نگبێ چه‌ند جار بێمه لات و له‌سه‌ر ئه‌م که‌ره‌ویته‌یه پاڵ که‌وم و چیرۆکی خۆمت بۆ بگێڕمه‌وه ودڵم که‌مێ ئاسووده‌تر بێ ، له‌وانه‌یه به گێڕانه‌وه‌ی قوورسایی سه‌ر دڵم تۆزقاڵێ فه‌رق کا، به‌ڵام من ئه‌و ئاگره‌م تازه به فوو بۆ ناکوژێته‌وه که له ده‌م و چاو و سه‌روقژم به‌ربووه .ئه‌و شه‌ڕه‌شمشێره‌م بۆ نابرێته‌وه به ڕووت و قووتی .
دوکتۆر گیان ! پێت سه‌یر نه‌بێ ئه‌و تابیرانه به‌کاردێنم ، من که ده‌چمه سه‌ر جێگای نووستن ده‌ڵێی ده‌چم بۆ شه‌ڕ ،
من شه‌و دوای شه‌و هه‌ست ده‌که‌م ئه‌م شه‌ڕه‌م بۆ نابرێته‌وه، من له سیزیف خراپترم له جیاتی به‌ردێک دوو به‌ردم به کۆڵه‌وه‌یه ، به‌ردێکیان سزای خوداوه‌نده‌کانه و به‌رده‌که‌ی تریان سزای منه بۆ خۆم .سوور ده‌شزانم به ته‌شتێک عاره‌ق کردنه‌وه‌ی شه‌وانه‌وه و به ئاوساویی چاوانمه‌وه که له کولێره ده‌چن به به‌یانییان به‌و دوو به‌رده‌وه ناگه‌مه لووتکه‌ی شاخ .
من ئه‌زموونی ئه‌م چه‌ند ساڵه‌م ئه‌وه‌یان فێر کردم که تاقه شتێ من بتوانم بیکه‌م ئه‌وه‌یه که خه‌و وه‌ک شه‌ڕ نه‌بینم، بۆیه هاتوومه‌ته لای تۆ ده‌مه‌وێ له‌گه‌ڵ خه‌ودا ئاشتم بکه‌یته‌وه . نامه‌وێ نووستن بکه‌مه دوژمنی خۆم ، چونکه دوواجار هه‌ر من ده‌یدۆڕێنم ، ئه‌وه منم پێویستم به‌وه نه‌ک ئه‌و به من .ئه‌وه منم هه‌موو ڕۆژه‌که به گێژی ده‌سووڕێمه‌وه و به حه‌پۆلی کار ده‌که‌م و به شه‌ویش دێمه‌وه لای ئه‌و . دوکتۆری ئازیز ! پێم بڵێ من چی بکه‌م؟
_ تۆ با جارێ بچینه‌وه سه‌ره‌تا . که له حیکایه‌ته‌که ده‌بیته‌وه و کچه‌که‌ت خه‌وی لێ ده‌که‌وێ و تۆش ته‌له‌فۆنه‌که‌ت به ده‌سته‌وه‌یه . وه‌ک باوکێک هه‌ست به چی ده‌که‌یت ؟
به هه‌ناسه‌کانیدا ده‌زانم خه‌وتووه ، دڵم نایه‌ت هه‌لاو هه‌لاو بکه‌م تا خه‌به‌ری نه‌که‌مه‌وه ، به ئاسووده‌ییه‌وه بۆ ماوه‌یه‌ک گوێ له هه‌ناسه‌کانی ده‌گرم ، له دڵی خۆمدا ده‌ڵێم هه‌لاو،، هه‌لاو کچه جوانه‌که‌م هه‌لاو ، هه‌لاو .. ئه‌ستێره‌کانی ئاسمان هه‌لاو .تا دایکی دێته سه‌ر خه‌ته‌که‌و ده‌ڵێ ..ئه‌وا ئیتر ئێستا خه‌وی لێ که‌وتووه ، سوپاس،
تاقه شتێ که به‌یانیان خه‌به‌ری ده‌بێته‌وه و بیری لێ ده‌کاته‌وه له کوێی حیکایه‌ته‌که‌دا خه‌وی لێ که‌وتووه ، تکایه
لای خۆت بینووسه دوایی سه‌رم کون ده‌کات .
_ ئه‌ی که ته‌له‌فۆنه‌که داده‌خه‌یته‌وه چ هه‌ستێکت هه‌یه ؟
هه‌ست ده‌که‌م که کچه‌که‌م لای منه ، گوێم له هه‌ناسه‌کانێتی ، به‌ڵام نایبینم ، هه‌روه‌ک نابینایه‌ک که له به‌رده‌می ئاوێنه‌یه‌کدا دانیشتبێ و سووربێ له سه‌ر ئه‌وه‌ی که وێنه‌که‌ی خۆی له ئاوێنه‌که‌ی به‌ر ده‌میدایه به‌ڵام ئه‌م نایبینێ ، منیش هه‌مان ئه‌و هه‌سته‌م هه‌یه .
کچی خۆم ! هه‌بوو نه‌بوو مێرووله‌یه‌کی بچکۆلانه هه‌بوو جوان و ئازا بوو هه‌روه‌کو تۆ ، ئه‌م مێرووله‌یه ڕه‌نگی
پرته‌قاڵی بوو . ده‌گێڕنه‌وه و ده‌ڵێن که گوایه دایکی ئه‌م مێرووله‌یه‌ی هه‌ر به منداڵی بۆ ماوه‌ی دوو مانگ له ناو قۆخێکدا شاردۆته‌وه ، بۆ ئه‌وه‌ی که‌س ئازاری نه‌دا ، دوایی که هاتۆته ده‌ره‌وه ڕه‌نگی له ڕه‌شه‌وه بووه به نارنجی .
کچی بابه .. فریشته‌که‌م ! مێرووله چه‌ندێ بچووکه هه‌زار ئه‌وه‌نده‌ش به هێز و به ئیراده‌یه ، تاقه گیان له‌به‌رێکه که ده‌توانێ چه‌نده‌ها جار له کێشی خۆی زیاتر هه‌ڵگرێ و نه‌شڵێ ئاخ . تۆ ده‌زانی بۆ ناڵێ ئاخ ؟
_ چونکه مێرووله‌که کوردی نازانێ تا بڵێ ئاخ ، وا نییه بابه ؟
_ نا کچه‌که‌م ئه‌م مێرووله‌یه کوردی باش ده‌زانێ ، هێنده هه‌یه مێرووله ماندووبوون نازانێ ، بۆیه منیش حه‌زده‌که‌م تۆش وه‌ک مێرووله وابیت ، ئازابی و قه‌ت به‌و بچووکییه‌ی خۆته‌وه ، خۆت به لاواز و بێده‌سه‌ڵات نه‌زانی .
_ ئه‌ی که ده‌چیته سه‌ر جێگا بیر له چی ده‌که‌یته‌وه ؟
بیر له هه‌موو شتێک ده‌که‌مه‌وه دوکتۆر ، شتی هێنده قۆڕ قۆڕ دێن به مێشکمدا ناتوانم کۆنترۆڵیان بکه‌م ، بۆ نموونه ،کچه‌که‌م زۆر خراپ ده‌خه‌وێ ، هه‌ندێ جار به پێ له کاتێکدا له شیرین خه‌ودایه لێفه‌که‌ی هه‌ڵده‌داته سه‌ر ده‌م و چاوی خۆی ، ده‌ترسم ڕۆژێ له ژێر به‌تانییه‌که‌یدا شتێکی لێ بێ ،یه‌ک جار ئه‌مه ڕووی داوه ، به په‌له فریای که‌وتم، هه‌ناسه‌ی تووند بوو بوو ، ئێستاش دوای دوو ساڵ ئه‌و دیمه‌نه‌م بیر ناچێته‌وه ، دیمه‌نێکه له ناو گلێنه‌کانمدا خۆی حه‌شارداوه و هه‌موو شه‌وێ له‌قه‌یه‌کی تازه ده‌دا له ته‌مه‌نم .
_ ئه‌ی دایکی ئاگای لێ نابێ ؟
با ، من هیچ گله‌ییه‌کم له دایکی نییه ، چه‌نده‌ها جار به شه‌وان وه‌ک خۆی ده‌ڵێ سه‌یری ده‌کات ، هه‌رچه‌نده ئێستا وازی له‌و ئه‌تواره هێناوه به‌تانی هه‌ڵداته سه‌ر ده‌م و چاوی خۆی ، به‌ڵام ئیتر من باسی مێشکی خۆمت بۆ ده‌که‌م .
جار جاریش به‌تانییه‌که له خۆی لا ده‌دات ، هه‌ندێ جار که دێته لای من بخه‌وێت ، تا به‌یانی سه‌د جار ده‌چمه ژووره‌که‌ی و دایده‌پۆشم تا سه‌رمای نه‌بێت .به که‌مترین جوڵه‌ی له‌و دیوه‌وه ،من له‌مدیو به خه‌به‌ردێمه‌وه و دوایش به زه‌حمه‌ت خه‌وم لێ ده‌که‌وێته‌وه.
کچی جوان ! ئه‌م مێرووله پرته‌قاڵییه ، هه‌رچه‌نده هه‌میشه بۆنی قۆخی لێ ده‌هات ، به‌ڵام حه‌زی له سێ‌و بوو ، به دارسێوێک فێربوو بوو هه‌موو ڕۆژێک پیا هه‌ڵده‌گه‌ڕا و سێوی ده‌خوارد و چه‌ند قه‌پاڵێکیشی ده‌برده‌وه بۆ ماڵه‌وه .
ڕۆژێکیان که چووه سه‌ر دارسێوه‌که سه‌یری کرد یه‌ک سێ‌و چییه پێوه‌ی نه‌ماوه ، ئه‌م لقی کرد و ئه‌و لق، له‌م گه‌ڵا به‌ربووه‌وه بۆ ئه‌و گه‌ڵا ، زۆر تووڕه و بێتاقه‌ت بوو . بیهێنه به‌ر چاوی خۆت به چه‌ند سه‌عاتێک بچیته سه‌ره‌وه و به ده‌ست به‌تاڵی ئه‌وه‌نده‌ی تریشت پێ بچێ و بێیته خواره‌وه . برسێتی بڕستی لێ بڕی بوو . که هاته خواره‌وه چوو بۆ ماڵی که‌روێشکێکی سپی جوان که نزیکترین ماڵ بوو له دارسێوه‌که‌وه و له ده‌رگای دا .
_ئه‌ی ئه‌و دووسه‌عاته‌ی که ده‌ڵێی ده‌خه‌وم ، باش ده‌خه‌وی یان زوو زوو خه‌به‌رت ده‌بێته‌وه ؟
نا دوکتۆر باشی چی ، هه‌موو ده خوله‌کێک خه‌به‌رم ده‌بێته‌وه ، له ماوه‌ی ئه‌و دوو سه‌عاته‌دا به ده‌یه‌ها خه‌ونی ناخۆش ده‌بینم ، من ڕۆژێ خه‌ونه‌کانم ده‌مکوژن ، دوکتۆر گیان ، خه‌ونه‌کانم ده‌مکوژن .
خه‌ون ده‌بینم و له شوێنێکی زۆر به‌رزه‌وه ده‌که‌ومه خواره‌وه ، خه‌ون ده‌بینم و مۆبایله‌که‌م لێده‌که‌وێته ئاوه‌وه له‌و کاته‌دا که له‌گه‌ڵ کچه‌که‌مدا قسه ده‌که‌م و ئه‌و ده‌ڵێ بابه قسه‌یه‌کی زۆر گرنگت پێ ده‌ڵێم ، فریا ناکه‌وم بزانم چی ده‌ڵێ ، له‌ژێر ئاوه‌که‌وه ده‌نگه‌کان وه‌ک چه‌ند پارچه سه‌هۆڵێکی بچووک ده‌توێنه‌وه . خه‌ونێکی تر دووساڵه لێم نابێته‌وه و هه‌موو شه‌وێ دووباره ده‌بێته‌وه ، ده‌مه‌وێ بچمه‌وه بۆ ماڵه‌وه و ماڵه‌وه‌م بۆ نادۆزرێته‌وه ، من له خه‌ونه‌کانمدا زۆر بێ ماڵم ، زۆر بێ حاڵم ، زۆر بێ هاوڕێم ، ده‌چمه‌وه شاری منداڵیم و که‌س ناناسمه‌وه و که‌س نامناسێته‌وه، نیوه‌ی شار‌شت له نیوه‌که‌ی تر ده‌بات و نیوه‌که‌ی تریش جنێوده‌دات ، به کۆڵانی خۆماندا ڕه‌ت ده‌بم و هه‌موو ده‌مووچاوه‌کان تازه‌ن ، ده‌مه‌وێ به کلیله‌که‌م ده‌رگای کۆڵان بکه‌مه‌وه و کلیلم پێ نییه ، زه‌نگ لێده‌ده‌م و که‌س ده‌رگام لێ ناکاته‌وه ،زه‌نگ لێ ده‌ده‌م و کاره‌باش نییه کاره‌با ده‌مگرێ .
که مێرووله‌که له ده‌رگای دا ، که‌روێشکه‌که ده‌رگاکه‌ی لێ کرده‌وه و وتی کێیه ؟ ئه‌وه منم ، مێرووله نارنجییه‌که‌ی هاوڕێت ، ده‌توانم بێمه ژووره‌وه بۆ لات ؟
که چووه ژووره‌وه به سه‌ده‌ها سێوی بینی یه‌کسه‌ر تێگه‌یشت که که‌روێشکه‌که هه‌موو سێوه‌کانی داره‌که‌ی لێ کردۆته‌وه ، بردوویه‌تی بۆ خۆی ، زۆری پێ ناخۆش بوو ، وتی ..که‌روێشکی ئازیز ! ده‌زانم تۆ دڵت پاکه به‌ڵام تۆ هه‌موو سێوه‌کانت بۆ خۆت بردووه ، تۆ به‌س بیرت له خۆت کردۆته‌وه ، وا نابێ کوڕی باش ، ئه‌وه دارسێوی هه‌موومانه ماڵت ئاوا بێ ،
_ ئاخر من بیرم له زستان کرده‌وه مێرووله‌ی بۆن خۆش ، ئه‌ی که زستان هات من چی بکه‌م ؟ تۆ مێرووله‌ی له من ئازاتری ، خواردنی خۆت له بن عه‌رزا ده‌ردێنی ، به‌ڵام من چی ؟ که‌روێشکه‌که به چاوچنۆک و مێرووله‌که‌ش له ناو هاوڕێکانیاندا به زیره‌کی ناسرا بوون ، وتی باشه من برسیمه ، ئه‌ی که‌روشکی جوان ، چووم سێ‌و بخۆم و هیچی لێ نه‌بوو ، ماڵه‌که‌ی تۆش پڕه له سێ‌و ، تۆ ده‌توانی سێوێک به من بده‌ی کاتێک ده‌چمه ده‌ره‌وه ،
_ بێگومان سێوێکت ده‌ده‌مێ بیبه‌یت له گه‌ڵ خۆتدا
_ ده باشه من ئێستا ده‌ڕۆم، سێوێکی وه‌رگرت و سه‌یرێکی که‌روێشکه‌که‌ی کرد و وتی .. که‌روێشکی جوان ، من زۆرم برسییه ، ده‌توانم سێوه‌که‌م لێره بخۆم ؟
_ هی خۆته ، چی لێ ده‌که‌ی لێی بکه .
ئه‌ویش هه‌موو سێوه‌که‌ی خوارد ،
سوپاس ، وا ئیتر خه‌وتووه ، لای خۆت بینووسه‌وه ، تا بیرت نه‌چێ ، سبه‌ی ئێواره بۆی ته‌واو بکه ، ده‌نا هه‌زار جار پرسیارم لێ ده‌کات ، ئه‌م کچه‌مان له خۆت ده‌چێ ، ئا .. هه‌ر ته‌واو له خۆت ده‌چێ ، حه‌زی له حیکایه‌ت و به‌سه‌رهاته .
دوکتۆر گیان ! من تا به‌یانی هه‌رچی که‌سێک به منداڵی له من زوویر بووه دێته‌وه یادم ، هه‌موو ئه‌وانه‌ی دڵڕه‌قییان به‌رامبه‌ر من نواندووه دێنه‌وه به‌رچاوم . ژووره‌که‌م له جیاتی ئه‌وه‌ی ژووری نووستن بێ ده‌بێته ژووری یادگار، ئه‌و قه‌ره‌وێڵه‌یه‌ی له سه‌ری ده‌نووم ، له جیاتی ڕاکشان و خه‌وێکی قووڵ تا به‌یانی ، ده‌بێته شوێنی هه‌ڵکۆڵینی یاده‌وه‌رییه‌کانی منداڵیی ، له جیاتی ئه‌وه‌ی خه‌و ئامێزم بۆ بکاته‌وه ، دوودڵییه‌ک له باوه‌شم ده‌گرێ که تا به‌یانی هه‌زار گاز له گلێنه‌ی چاوانم ده‌گرێ .به‌ڵام ئیتر هه‌ندێ جار له‌و گه‌رانه‌مدا هێنده ماندوو ده‌بم ، ئاگام له خۆم نامێنێ و وه‌ک ببوورێمه‌وه خپ لێی ده‌خه‌وم .
کچی خۆم ! مه‌یموونی جوان ! که مێرووله‌که سێوه‌که‌ی خۆی خوارد ، وتی ده‌باشه زۆر سوپاس وا ده‌ڕۆم ، ئه‌و سێوه‌م بده‌رێ که په‌یمانت پێدام له‌گه‌ڵ خۆمدا بیبه‌م کاتێ ده‌ڕۆم .که‌روێشکه‌که وتی _ ئه‌ی نه‌تخوارد ؟ ئه‌ویش وتی ئاخر تۆ په‌یمانت به من دا کاتێ ده‌ڕۆم سێوێک له‌گه‌ڵ خۆمدا به‌رم ، وا منیش ده‌ڕۆم .
که‌روێشکه‌که ناچاربوو سێوێکی بداتێ تا په‌یمانه‌که‌ی خۆی به‌رێته سه‌ر ، ئا ماڵه‌که‌م ! وه‌ک ده‌بینی په‌یمان بردنه‌سه‌ر زۆر گرنگه بۆیه مرۆڤ ده‌بێ ئاگای له‌خۆی بێ که په‌یمان ده‌دا.که سێوێکی تری پێ دا مێرووله‌که وتی _ که‌روێشکی ئازیز ! ئایا ده‌توانم سێوی خۆم لێره بخۆم ؟
_سێوی خۆته چی لێ ده‌که‌ی لێی بکه .
ئه‌ویش سێوه‌که‌ی خوارد و وتی ده‌ی وا ده‌ڕۆم ، سێوه‌که‌ی خۆم به‌رێ بیبه‌م له‌گه‌ڵ خۆم ، _ ئه‌ی نه‌تخوارد ؟
_ ئه‌ی تۆ وتت چی ؟ تۆ نه‌توت که ده‌رۆی سێوێک له‌گه‌ڵ خۆتدا به‌ره ، خۆ بێ سێ‌و نامکه‌یته ده‌ره‌وه .
گوڵی باخ ! گوڵی بابه ! به‌م جۆره مێرووله‌که به ده‌یه‌ها سێوی خوارد ، تا دوواجار کاتێ وتی ده‌توانم سێوه‌که‌م لێره بخۆم ؟ که‌روێشکه‌که به فێڵه‌که‌ی زانی و وتی نا لێره مه‌یخۆ خۆ ماڵی باوکت نییه ، بیبه‌ره‌وه بۆ ماڵی خۆت ، خۆشم تا ماڵه‌وه بۆت هه‌ڵده‌گرم ، له جیاتی سێوێکیش سیانت ده‌ده‌مێ ، دانه‌یه‌ک بۆ نانی به‌یانی ، دانه‌یه‌ک بۆ نیوه‌ڕۆ ، دانه‌یه‌کیش بۆ ئێواره ، مێرووله‌که‌ش به فرسه‌تی زانی و وتی _ تووخوا دانه‌کیش بۆ خاڵخاڵۆکه‌که‌ی هاوڕێم ، سێوێکیش بۆ ئه‌و مێشووله‌یه‌ی که تازه هاتۆته گه‌ڕه‌کی ئێمه ، یه‌ک دانه‌ش بۆ ئه‌و کرمه بچکۆله باڵاکورته‌ی که قه‌له‌باچکه ڕه‌زاقوورسه‌که دایکی خوارد ، وتی باشه منیش داوای لێ بووردن ده‌که‌م که هه‌موو سێوه‌کانم لێکرده‌وه .ده‌کاته چه‌ند سێ‌و کچه‌که‌م ؟ شه‌ش سێ‌و ، ڕاست ده‌که‌یت ، شه‌ش سێوی وه‌رگرت و هه‌ر شه‌شیانیشی بۆهه‌ڵگرت تا ماڵه‌وه .
دوکتۆر ! که خه‌به‌ریشم ده‌بێته‌وه یه‌کسه‌ر ڕاده‌که‌م و سه‌یرێکی ته‌له‌فۆنه‌که ده‌که‌م ، نه‌وه‌ک کچه‌که‌م ته‌له‌فۆنی بۆ کردبێتم و ئیشی پێم بووبێ و من گوێم لێ نه‌بووبێ .
_ به داخه‌وه ، وا ئیتر کاته‌که‌ت ته‌واو بوو ، ئه‌مانه‌ی تۆ وتت ، من جارێکی‌تر گوێیان لێ ده‌گرمه‌وه ، گه‌ر پێت خۆش بوو به‌رده‌وام بی ، ئه‌وا ده‌توانی چوارشه‌ممه کاتژمێری ده‌ی سه‌ر له به‌یانی بێیته‌وه بۆ ئێره بۆ ته‌واو کردنی به‌شێکی تری چیرۆکی ژیانت .
نا ، دوکتۆر ! بڕوا ناکه‌م بێمه‌وه، وه‌ک وتم زۆر بڕوام به‌و شتانه نییه ، هه‌رچه‌نده ڕێزی زۆرم بۆ ئه‌و پیشه‌یه‌ی تۆ هه‌یه ، به‌ڵام من هه‌ست ده‌که‌م ئه‌م شه‌ڕه شه‌ڕی خۆمه و ده‌بێ من خۆم بیکه‌م . ده‌بێ من ڕۆژێ له ڕۆژان جورئه‌تی ئه‌وه‌م هه‌بێ ئه‌م چیرۆکه له پێش هه‌موو که‌سێکدا بۆ خۆم بگێڕمه‌وه، دوایی بتوانم بۆ خۆمی بنووسمه‌وه ، تا له کۆتاییدا بتوانم بۆ که‌سێکی ئازیزی وه‌کو تۆی باس بکه‌م ، تا یارمه‌تیم بده‌یت ، ئه‌وه‌ی من ئه‌مڕۆ گێڕامه‌وه ته‌نها دڵۆپێک بوو له ده‌ریایه‌ک که نه‌ئه‌مسه‌ری هه‌یه و نه ئه‌وسه‌ر ، به‌ڵام تا چوار شه‌ممه گه‌ر ڕام گۆڕی ئه‌وا دێمه‌وه بۆ لات و چیرۆکه‌که‌مت بۆ ته‌واو ده‌که‌م .