ڕۆژئاڤا، لە نەبوونەوە بۆ ویستی بوون

Loading

ڕۆژئاڤا: لە نەبوونەوە بۆ ویستی بوون
بایەخی راگەیاندنی خۆسەریی کورد لە رۆژئاڤادا لەوەدایە لەو دەمەی کە زلهێزەکانی جیهان، بە تایبەتیش ئەمەریکا، یەکێتی ئەوروپا و رووسیا کە وەک دەمڕاستگەلێک بۆ مەڕو ماڵاتی جیهانی ئیسلامیی، باشووری کوردستانیشی تێبخەن، تەڵەکەبازانە خەریکی مافی بەشداربوون و نەبوونی کوردن لە کۆنگرەکەیاندا، ئا لەو کاتەدا رۆژئاڤا جاڕی سیستەمی فیدرالی رادەگەیەنێت.

 

منداڵ کە کاتی بۆ لە دایکبوونی خەمڵی دایکەکەی پێویستی بە پرسی دکتۆر و مامان نییە، بە خۆی دەبێ بە بوون. بوون بە خۆت ، بە بوون و نەبوونی ئەوانیتر نابێت، بەڵکە ئەوە ویستی خۆتە دەتکات بە خۆت. ئەوانیتر بۆ بوونی خۆیانەوە، دەتکەن بە بوونی خۆیان. کە ئەوانیتر بتکەن بە خۆت، تۆی مرۆڤ، تۆی نەتەوە بوونێکی نەبوویت. ئەوە ناچارییە، دەتکات بە خۆت. تۆ کە هەیت، ناچاریت هەبیت، کە نەچاری لە دایکبوون نەبوویت، تۆ وەک مرۆڤ، وەک نەتەوە هێشتا نیت، هێشتا ئاگاییت بە بوونی خۆت، بە مەیلی خۆت، بە ناچاری چارەنووست نییە.
مرۆڤ کە مرۆڤ بوو، لەوەش زێتر کە ناچاری، چارەنووست بە ناسنامەکەتەوە گرێدرابوو، ئەگەر بەو ویستەی بوون، سەربەخۆییەی رۆژئاڤا شاگەشکە نەبوویت، هێشتا خۆت نیت، هێشتا لە قۆناغی خشۆکییەوە نەبووی بە بوونەوەرێکی پێناسەدار.
لە دەستپێکی مرۆڤایەتییەوە، ئەوە ناچاری بوون بوو کە مرۆڤەکانی هاندا واز لە نائاگایی، نەبوونی بهێنن و بەرەو بوون، بەرەو ماڵەکەی، بەرەو ئاگایی خۆیەوە سەرکیشانە رێبکەن.
من بەو ویستی خۆبوونەی رۆژئاڤا هاوسۆزم، چونکە سەرکێشانە، شۆڕگێڕانە، ویستدارانە بە راگەیاندنی فیدرالی خۆیانەوە بەرسڤی کەین و بەینی نێوان ئەمەریکا، رووسیا و تورکیایان دایەوە. تورکیا پێویستی بە ویستێکی ئەوهایە، تا لووتی مێژوویی شۆڤینییانەی سوڵتانەکەی، ئۆردۆغان بداتەوە.
سەرکیشی رۆژئاڤا، کە ئاکامی نەبەردیی و بوێریی کیژ و خورتەکانیانە، ویستێکی ریکخەرانەیە نەک جەڵەببیانە.
بەلێ، لەوکاتەی کە دەستەڵاتدارانی باشوور بەوە خەنی خۆشن کە ئەمەریکا و رۆژئاوا بە تەمان مووچەی پیشمەرگە دابین بکەن، کەچی ئا لەو کاتەدا دەستەڵاتدارانی رۆژئاڤا بێ گوێ پێدان بەو هێزانە، بە رووحێک لە خۆبوون، بە کولتوورێک لە ئاکاری خۆیەکیی، ویستی ئازادی گەلەکەیان یەک دەخەن.
ئازاد بوون لە بندەستی، لە هەڕەشەی دەرەکیی، لە هەڕەشەی داعش، لە تەنگانەی مووچە و … بە بەخشینی خێر و بەرەکەتی ئەوانیتر مەیسەر نابێت، بەڵکە بە ویستی هەبوون، بە ناچاری بوون، بە مەیلی بەڵێ بۆ پشت بەستن بە خۆت، بە هەستی شکۆمەندبوون بە خۆت، بە سەرکێشییەکی رێکخراوی بیرکردنەوە بۆ ئامادەبوون لە جیهان، بە کردەیەکی بوێرانە کە بتوانێ مەجلیسی کۆبوونەوە ساختەکانی زلهێزەکانی رۆژئاوا و ئەمەریکا، بلەرێنێتەوە، بە ویستی حەپەسانسازیی زامن دەبێت.
ئەو بڕیارە بوێرانەی رۆژئاڤا ئەگەر تەمەنی هێندەی کۆماری کوردستان (مەهاباد)یش بێت، لێ دواجار ویستێکە لە تەنینەوەی مێژوویەکی جڵەوکراو؛ سەرکێشییەکە لە بیرکردنەوەیەکی رێکخراو کە رۆژئاڤا دوای نزیک سەتەیەک لە پەراوێزییکرد ن و بێدەنگکردن، ناچار بوو بڕیاری لەسەر بدا، تا بە دەنگێکی بڵند ویستی بوونەکەی رابگەیەنێت.


سڵاو لە ویستی بوونخوازیی رۆژئاڤا…


سڵاو لە سەرۆکە ژنەکەی، کە هیڤیدارم بە ویستێک لە کیژە هاوخوشکەکانی، بە ئاکاری چاک، بە ڕۆحی شکۆمەندیی و بە بوونێک لە خاک و خەسڵەتی خاکیی، مۆدێلی بەرپرسە چاکەت و پانتۆڵ وتیکراو و بۆینباغپۆشەکانی پیاوان و ژنە مەنسوولە بووکەشووشەییەکانی باشوور و جیهان، وەربچەرخێنێت.

هەندرێن
١٨.٣.١٦