ئاشتی هەورامی و هۆشیاری بەدبەخت

Loading

یەکێتی و پارتی دوو ماتۆڕی بزواندنی ڕەوڕەوەی ئیمپریالیزمی کاپیتالیزمن کە لەناو چوارچێوەی گڵۆبالیزم و سیستەمی جیهانی نوێدا دەسوڕێنەوە. بزوتنەوەی گۆڕانیش ئیتر بووە بەدینەمۆیەکی نێو ماشینەکەی یەکێتی، چیتر دەنگێکی سیاسی ئۆپۆزیسیۆن بوونی نییە بتوانێت ببێتە لەمپەر لەبەردەم خلۆربوونەوەی ئەو ڕەوڕەوەیەدا.

ئێمە لەسەردەمێکدا دەژین کە ململانێ سیاسییەکان هیچ نیین جگە لە دەمامکێک بۆ بەرژەوەندییە ئابوورییەکان. لەجیهاندا، ئەوروپی و ئەمریکاییەکان درێژە بە هێرشی ئیمپریالیستانەی خۆیان لەڕێی گلۆبالیزاندنەوە دەدەن، دیارە لێرەدا نامەوێت بچمە نێو ووردەکاریەکانی هەڵمەتە ئیمپریالییەکانەوە چونکە هەمووی لەڕووی مێژووییەوە ئاشکرایە، هێندە نەبێت دەمەوێت ئەوە بڵێم؛ ئەوەی ئەمڕۆ پێی دەگوترێت گڵۆبالیزم، پێشتر مارکس پێیدەگووت بازاڕی جیهان Weltmarkt بەڵام بەدیوەکەی تریشدا ڕووسەکان نایانەوێت لەم گۆڕەپانەدا وەکو مریشکە دۆڕاوەکە، یان لەوپەڕی هێزدا گەر بڵێین، وەک کەڵەشێرە بەزیوەکە دەربکەون، بەڵکو ڕووسەکانیش ئەو میکانیزمەیان لەبەردەستدا هەیە کە بتوانن یاریکەرێکی خۆسەپێن بن لە مەیدانەکەدا...

لێرەوەیە لەدنیای ئەمڕۆدا جۆرە ئالیانس و هاوپەیمانییەتێکی نوێ هاتۆتە ئاراوە، جاران زلهێزەکان لەگەڵ یەکتریدا دەیانکرد، ئێستا زلهێزەکان لەگەڵ گچکەهێزەکاندا دەیکەن،بەنمونە، ڕووسەکان لەگەڵ ئێرانییەکان و سوریەکاندا هاوپەیمانن، بەمەبەستی دروستکردنی فشاری زیاتر و بەدەستهێنانی بالانس لەسەر گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەکاندا.

بەڵام هەمان ئەم داڕشتەیە لەفۆرمی تریشدا خۆی دادەڕێژێتەوە، بەنمونە ئێرانییەکان وەک زلهێزێکی ناوچەکە پێویستیان بە گچکە هێزەکانە، وەک یەکێتی و گۆڕان و شیعەکانی عێراق و لوبنان و یەمەن. لێرەدا ئێرانیەکان زۆر چاونابڕنە سەر تاڵانکردنی سامانی ئەو وڵاتانە و بەدوای بەرژەوەندی ئابوریدا ناڕۆن، بەڵکو زیاتر مەبەستیان کۆلۆنیالکردنی سیاسی ئەو ناوچانەیە تاوەکو لێیانەوە هەرێمی دەسەڵات و هێزی خۆیان وەها بەرفراوان بکەن کە کۆلۆنیالیستە مەزنەکان بەئاسانی نەگەنە بەردەرگای ماڵەکەیان.

تورکەکانیش هێدی هێدی دەرکیان بەم گەمە و مناوەرە سیاسییەی ئێرانییەکان کردووە و لەگەڕاندان بەدوای هاوپەیمانی گچکەهێزەکاندا، لەوانە پارتی و سونە ئێراقی و سورییەکانیان کردۆتە داردەست و ئینسترومێنتی گەیشتن بەئامانجەکانی خۆیان.

ڕۆحی جیهان دەشێت لەناو وڵاتێکیشدا ببینرێتەوە…ئەو قەیرانە داراییەی پێش چەند ساڵیک ئەمریکا و گریک و ئیسپانیا و ئیتالیای گرتەوە، پێویستی بەپەلکشانێکی سیاسی ئەمریکاییەکان بوو، وەکو تاکە پۆلیسی دەولی، بۆ دەرەوەی خۆی، بەتایبەتیش بۆ خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ئەمڕۆ ئەو کێشانەی جیهان، بوونەتە کێشەی زۆر وڵاتی بچووکیش، بگرە تەنانەت هەرێمێکی وەکو کوردستانیشی گرتۆتەوە. و ئەم هەرێمەش بەرجەستەی ڕۆحی جیهان دەکاتەوە.

لێرەوەیە کێشەی جیهان لەخۆیدا لەناو کوردستانیشدا بووەتە کێشە. بەم پێیە ناکرێت ئێمە زاڵبین بەسەر کێشەی کوردستاندا ئەگەر ئەو دەستنیشانەی بۆ نەکەین، کە ئەمە کێشەیەکی جیهانییە. کورتبینی فیکری کوردی تا ئێستا لەوەدابووە کە کێشەکانی کوردستانی وەکو کێشەی لۆکالی بینیووە…

ئێوە تەماشاکەن هەرکاتێک ئەمریکا مناوەرەیەک دەکات، ئێران و تورکیا و ڕوسیاش وەرەقەیەک فڕیدەدەنە سەر مێزەکە، بەدوایاندا پارتی و یەکێتیش بەشداریەکی ئەو مناوەرەیە دەکەن، دواجار ئەو وتەیەی ئاشتی هەورامی دەربڕی ڕەهای مناوەرەکانی پارتی و یەکێتییە.

ئەوەی لێرەدا غائیبە بێدەنگبوونی کۆمەڵگایە، ونبوونی هۆشیارییەکی کۆگەلییە، بزربوونی بەرژەوەندییە باڵاکانە. ئەم دۆخەش ئەوەیە کە هیگڵ پێی دەگووت، هۆشیاری بەدبەخت -Das unglückliches Bewusstsein

تەواو

 

 

مافی بڵاوکردنەوە بۆ نوسەر و کولتور مەگەزین پارێزراوە! ڕێنوس و خاڵبەندی تایبەتە بەنوسەر خۆی.
مافی بڵاوکردنەوە بۆ نوسەر و کولتور مەگەزین پارێزراوە!