خه‌نده‌ حه‌مید

   دەستێکی پڕ لە خوێن


Loading

 ئازار زمانێکە، کە جەستە قووڵ لەگەڵیدا قسە دەکات. زام و ئازاری هەرکەسێک زمانێکی تایبەت بە خۆی هەیە. بۆیە دەمەوێ بە زمانی برینەکانی خۆم مەترسی دیاردەیەک بخەمە ڕوو کە پێیان وایە بنەبڕ بووە؛ بێئاگا لەوەی هەر لە پەنا خۆمان ژیانی چەندان کچ و ژن دەشێوێنرێ و ژەهراوی دەکرێت. ئاخر خەریکی ستەمکارییەکن بەناوی ”خەتەنەکردن” و لەژێر ناوی شەرعییەت، داب و نەریتی کۆمەڵایەتی ڕەوایەتی پێدەدەن. من پێم وایە هیچ کەسێک بە برینەکانییەوە قوربانی نییە و ناکرێ خۆی بە قوربانی بزانێ، هەرچەندە ئێمە وەها فێرکراوین کە لە دەرد و ئازاردا شەرمەزارییەک هەیە، بۆیە دەبێ خۆی لێ بە دوور بگرین یان پشتگوێی بخەین، دواجار باجی ئەم پشتگوێخستنە زۆر قورس لەسەرمان دەکەوێت. ئاخر فێری ئەوە نەکراوین بەرەنگاری ئەو ئازارە ببینەوە، بەڵام من دەمەوێ ڕێگاکەم بگۆڕم، لەپێناو ئەوەی ئەم ستەمکارییە ئەم دیاردەیە بە زەبرێکی گەورەترەوە بۆ کچ و ژنانی تر نەگەڕێتەوە و ئەو ئازارە نەچێژنەوە. بۆیە بە ناسۆرێکی زۆرەوە دەمەوێ ئازاری ڕابوردووی خۆم بگێڕمەوە، دەمەوێ لەگەڵ ئەو هەستە ناهاوسەنگەم بڕۆم و ڕێگەی بدەم تاکو خۆی بنوێنی و خۆی بدوێنێت.

پێویستە یاخییانە ئەم ڕەفتارانەی بەرانبەرم کراوە بخەمەڕوو بۆ ئەوەی تاریکییە شاراوەکانی ناوەوەی ئەم کولتووری دژە ژنییە دەربخەم، کە زووڵمی بەرانبەر بە نەوەیەک کرد و ئێستا دەیەوێت بەڕەوایەتیدان بەوەی کردوویەتی بەردەوام بێت و درێژەی پێبدات. من دەبێ بیر لە هەموو ئەمانە بکەمەوە کە ئێستا بۆم بوون بە ئەزموونێکی تاڵ. بۆیە بڕیارمدا ئەم بیرەوەرییە تاڵە وەک ”خود نووسینەوە”یەکی ژنانە دەرببڕم.

هێشتاش ئەو ڕۆژەم بیرە کاتێ بە پیل ڕاکێشان و بەهێزێکی زۆر بردیانینە بەردەم ژنێکی موس بەدەست، لە ترس و شڵەژاوی خۆم نەم ویست سەیری ڕووخساری بکەم. ڕۆژێک من و خوشکێکی ترم لە بازاڕ گەڕاینەوە، کە دایکم ناردبووینی بۆ کڕینی پێداویستی پورێکی باوکم کە دواجار ئەو چووبووە بن کڵێشەی دایکم و هانی دابوو کە دەبێت کچەکانی خەتەنە بکات، دەنا ئاوی دەست و دەستاویان حەرامە! چونکە بەبێ ئەو کردارە زۆردارانەیە پێیان وایە کچەکانیان شیاوی هاوسەرگیری نین.

 کاتێ گەڕاینەوە دوو خوشکی بچوکترم بەئازارێکی زۆرەوە دەیان ناڵاند تەواوی جلەکانیان بە خوێن بوو. من و ئەو خوشکەی لەگەڵم بوو بەپەلە ڕامان کرد بۆ ژوورێک ویستمان دەرگاکەی دابخەین، بەڵام نەمان توانی بەتەواوی دایبخەین. چونکە دایکم و پورەکەی باوکم پاڵیان دەنا و دواجار کردیانەوە، ئێمەیان بەگریان و هاوارەوە پەلکێشی بەردەم ژنە خەتەنەکەرە مووس بەدەستەکە کرد. بەتین و هێزێکی زۆرەوە هەرچوار پەلیان گرتم و شۆرتەکەیان داکەندم، کە ئەمە خۆی جۆرێکە لە توندوتیژیی جەستەیی، فیزیکی و دەروونی بەداخەوە ئەمە لە ژیانمدا یەکەم توندوتیژی بوو بەریکەوتم. چونکە لەگەڵ گەورەبووندا وەک ژنێک لە وڵاتی ئێمەدا زۆر ئاسان بەر زۆر جۆری دەستدرێژی دەکەوی و ڕووبەڕووی ستەمکاری و توندوتیژی جۆراوجۆر دەبیتەوە. من هێشتاش ئەو هاوارەی خۆمم لا سەیرە، کاتێ بە هەمووان گرتیانم بۆ ئەوەی پاڵم بخەن. من هاوارم کرد کە چەقۆیەکم بۆ بێنن خۆمی پێ بکوژم. ئەوکات زۆر منداڵبووم لام سەیرە ئەو بیرۆکەیەم چۆن بە مێشکدا هاتووە! ئاخر خۆکوشتنم پێباشتر بوو لەوەی بکەومە ژێر ئەو ستەم و قەسابخانەیە!

کاتێ ژنەکە مووسە خوێناویەکەی پێدا هێنام ئازارێکی بەتین لە قاچەکانمەوە تا تەپڵی سەرم دایگرتم. چاوەکانم بەڕادەیەک تاریک بوون کە ئیدی هێزی هاوارکردن و قیژەم نەما، تەنیا بەبێ دەنگی فرمێسک بە چاوەکانمدا دەهاتە خوارەوە. چیتر سەرم بۆ نەدەجوڵا، چونکە بەتەواوی لە دۆخی تاساندابووم. لەژێر کاریگەری ئازار و بەخۆدا شکانەوەم دوای خەتەنەکردنەکە زۆر بە تووندی ڕشامەوە، هەستامە سەرپێ و کەوتم. دواتر بۆ ماوەی زیاتر لە دوو هەفتە میزکردن، جوڵانەوە و ڕێکردنم زۆر بە ئازاربوو، بۆیە نەم دەتوانی ئاسایی و بەئاسانی ڕێبکەم. لە کۆتایدا، ژنە خەتەنەکەرەکە پاداشتی وەرگرت و پێش ئەوەی بڕوات پیرۆزبایی لە هەموومان کرد وەک ئەوەی شتێکی زۆر گەورە، باش و پیرۆزی بۆمان کردبێت!

من ئێستا دەتوانم هەست بەو کردارە سامناکە بکەم، ئەوکاتە غەمبار بووم و هەناسەم تەنگ بوو نەم دەتوانی هیچ بڵێم و هیچ وشەیەکم نەبوو بۆ دەربڕینی ئەو هەستی توڕەیی و غەمبارییەم. بەڵام ئێستا باش دەرک بەوە دەکەم کە چۆن لە کولتوورە داخراوەکاندا ئاین و نەریتە خێڵەکییە دواکەوتووەکان لە دژی ژنان بەکاردەهێنرێن. من دەزانم ئەو بریارە نادروست و نابەرپرسیارییەتەی دایکم لە کوێوە هاتووە. لە کاریگەری  ژەهری نەریتی کۆمەڵایەتی و ئاینەوە سەرچاوەی گرتووە، چونکە زۆرینەی دیاردە ئاینییەکان دژە ژنن، خەتەنەکردن ڕوویەکی ئەو توندوتیژی و دژایەتییەی ئاینی ئیسلامە کە بەرانبەر بە ژنان دەیکات. لە ئیسلامدا، جەستەی ژن لە هی پیاو نزمترە، بۆیە دەبێ بخرێتە ژێر چاودێرییەوە و کۆنترۆڵ بکرێت. ئەمەش دەرخەری ئەوەیە ئازار و ئەشکەنجەی ژنان بە ئاشکرا و بە نهێنی بەربڵاوە.

هەروەها کاریگەری چاولێکەری کە زۆر بەئاسانی خۆی زاڵ دەکات لە کولتوورە داخراوەکاندا، دەستتێوەردان و قسەی خەڵک بەگشتی و خزمان بەتایبەتی. ئاخر کاتێ میوان یان خزمەکان دەهاتن بەردەوام باسی ئەوەیان دەکرد کە پێویستە کچەکان پێش گەورەبوونیان خەتەنەبکرێن، ئەگەرنا دەستاویان حەرام دەبێت. دایکم دەچووە ژێر کاریگەری ئەم قسانەوە. چونکە من باش بیرمە کە دایکم باسی خەتەنەکردنی خۆی دەکرد کە چەند بەئازار بووە و چۆن خستویانەتە ناو تەشتە سماقاوەوە بۆ ئەوەی برینەکەی سارێژبێت و خوێنەکەی بوەستێ! بۆیە نەدەبوایە ڕێگە بدات هەمان ئەزموونی خۆی لە کچەکانیدا دووبارە ببێتەوە.

 

هەستێکی پڕ ئازارە و ناخۆشە کاتێ بیر لەوە دەکەمەوە منیش یەکێکم لەو ١٣٥ ملیۆن ژنەی کە خەتەنەکراون. بەڵام ئازارەکەم زیاتر دەبێت کاتێ دەزانم کە ٣٠ ملیۆن ژنی تر لەژێر هەڕەشەی خەتەنەکردندان و ڕووبەرووی ئەو ستەمکاری و توندوتیژییە دەبنەوە. (بەپێی ئامارێکی یونیسێف)

ئێستاش بیر لەوە دەکەمەوە سەرەڕای ئەو هەموو ئەشکەنجە و ئازارە، بۆچی پێمان دەگوترا خەتەنەکردن لە بەرژەوەندی ئێمەدایە، بۆچی دەستاومان حەرام نابێت و تووشی لادان نابین! هەربۆیە بە خۆم دەڵێم: باشە، ئێمە بۆ ناتوانین ئەو پرسیارە لە خۆمان بکەین: بۆچی ڕووبەرووی ستەمکاریی خەتەنەکردن دەبینەوە؟ ئێمە بۆ ناتوانین بەرەنگاری  بکەین؟ بۆچی ناتوانین کۆتایی بەم دیاردە پڕ ترس و تۆقێنەرە بێنین؟ ئەم بەئاگابوونەوەیە زمانێکی نوێی پێدام بۆ باسکردنی ئەوەی بەرانبەرم کراوە.

بۆ ساڕێژبوونی برینەکەم ڕۆژەکانم دەژمارد، هەرچەند برینەکەم ساڕێژبوو بەڵام ئەو ئازار و هەستەم ساڕێژنەبوو کە ئاسەوارەکەی لە ناوەوەم بەجێماوە.

 

 

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین
Culture Project