Augusto Boal (16 March 1931 – 2 May 2009)

شانۆی چەوساوەکان لە سیاسەتدا


Loading

زاهیر عه‌به‌ڕه‌ش

ساڵی 1964 بەرازیل کودەتایەکی سەربازیی بەخۆیەوە دەبینێت کە ئەمریکا پاڵپشتی ئەو کودەتا سەربازییە بوو.  تەواوی بەرازیل بەسه‌ربازگە دەکرێت و عەسکەر دەسەڵاتێکی تەواو وەردەگرێت. ئەوەش تەواو پێچەوانەی دید وبیروباوه‌ڕی (ئاوگۆستۆ بواڵ ) بوو، کە ئەو کاتە وەک کەسێکی چالاکوانی کولتوری دەناسرا، لەساڵی 1971 دەڕفێنێت و ئازارو ئەشکەنجەیەکی زۆری دەدەن لەسەر بیرو باوەرە کۆمۆنسیتی و ئەکتیڤیستیەکەی، ئەویش بەناچاری هەڵدێت و ڕوو لەوڵاتی ئەرجەنتین و پاشان وڵاتی فەرەنسا دەکات.

 

 

 

لەساڵی 1984 دا کاتێک (ئۆگستۆبواڵ)  دەگەڕێتەوە بۆ بەرازیل بە چەند میتۆدێکی جۆراو جۆری شانۆیی کار دەکات، لەگەڵ ئەوەشدا سەنتەرێک بۆ شانۆی چەوساوەکان دادەمەزرێنێت. بواڵ لەوە تێدەگات کە پێویستە گەشە بە کارەکەی بدات و بەدوای چەند فۆرمێکدا بگەرێت بۆ گوزارشتکردن لە شانۆی چەوساوەکان و. گەرەنتی بەردەوام بوونی ئەو شانۆیەی هەبێت.

 

 

 

ئاوگوست بوال – ٢٠٠٨ شانۆی چه‌وساوه‌كان. له‌ كه‌نیسه‌ی ڕیڤه‌رساید.
Augusto Boal presenting his workshop on the Theatre of the Oppressed. Riverside Church, May 13, 2008.

 

 

بواڵ تارمایی ئەو چەوساندنەوەیەی هەر بەسەرەوە مابوو کاتێک دەگەرێتەوە، ئەو دەیگووت؛ ئێستاش لە ناخی هەموو تاکێکماندا چەوساندنەوەیەک هەیە،کە هەموو نۆرمەکان و پەتا خراپەکانی کۆمەڵگه‌ی تێدایە. چەوساندنەوە لە ناخماندا دەژی، جا بەهوشیاریەوە بێت یان ناهوشیاری، کۆیلەش لە ناخی خۆیدا حوکمرانی قبوڵکردووە، بۆیە دەبێت بە پێی یاسا ئەو چەوساندنەوەیە، لەکۆمەڵگاو لە ناخماندا بنەبڕ بکەین.  هەر لەبەر ئەوە، لە شاری ڕیۆ دی جانیرۆ، شانۆی یاسادانان ( The legislative theatre) دادەمەزرێنێت، کە فۆرمێکی تری درامایە، کە جاری وا هەیە تیشک و ئاسۆکانی بۆ داهاتوو درێژدەبێتەوە، وەک بناغەیەک بۆ گۆڕینی واقیعیەتی کۆمەڵایەتی. کە پەیوەندیەکەی تەواوی شانۆ و سیاسەت دەخاتە بەرچاو، بیرکردنەوە لەم فۆڕمی کارکردنە، ئەوەیە کە بەشداران خۆیان کاریگەربن لە پرۆسەی شانۆو سیاسیدا.

 

 

ئێمە نەک تەنها پێویستمان بە گۆرینی خۆمان هەیە، بەڵکو پێویستیشمان بە گۆڕینی کۆمەڵگه‌ هەیە، باشترین جۆریش بۆ ئەم گۆڕانکاریانە، گۆڕینی یاساکانە. ئەم میتۆدی شانۆی یاسادانانە سەرنج و حەزی خەڵکانێکی زۆری بۆ گۆڕین و گەشەکردنی پرسە لۆکاڵیەکان ڕاکێشا، بەتایبەتی لای تاکەکان وگروپە تایبەتیەکان، ئەوانەی بەشێوەیەکی ترادیسێۆنی و تەقلیدی کاریان دەکرد.

 

زاهیری عه‌به‌ ڕه‌ش له‌گه‌ڵ خوێندكاره‌كانیدا – ئه‌زموونێكی شانۆیی

 

 

بواڵ لە ساڵی‌ (1992) بۆ ئەنجومەنی‌ شارەوانیی‌ شاری‌ (ڕیۆ دی‌ جانیرۆ) هەڵبژێردرا، ئەو هێزو دەسەڵاتەی کە لە ئەنجومەنەکەدا هەیبوو، بەکاریهێنا بۆ ئەوەی کە بەشێوەیەکی جیاواز کاربکات. بواڵ لەو ماوەیەدا لەگەڵ نۆزده‌ ‌ جۆر گروپی دووچار بوو بە کێشەو نەهامەتی لەکۆمەڵگادا کاری کردبوو. ئەو هەوڵیدابوو لەگەڵ ئەو جۆرە لەخەڵک و گروپانەدا نمایش پێشکەش بکات، کە لەبارەی کەسەر و کێشەو پێداویستەیەکانی خۆیانەوە بدوێن.  (بێگومان  کە ئێمە دەڵێن کۆمەڵگه‌ی بچوک واتە وەک توێژی جوتیاران، کاسبکاران، پارێزاران، کرێکاران، کرێنشینان، شوفێران، مامۆستایان، نەخۆش و پەککەوتە یان ئەوەنەی دووچاری نەخۆشی ئایدز بوون، هتد.. هەموو ئەمانە ئەم توێژانە کۆمەڵگا گەورەکە پێک دەهێنن) لە نۆبەی خۆشیاندا، هەر کۆمەڵەیەک و گروپێک لە گفتوگۆدا بوو لەگەڵ کۆمەڵە لۆکاڵیەکە و گروپەکەی خۆیدا. لەگەڵیشیدا لە لە دیالۆگدا بوون لەگەڵ کۆمەڵەکانی تردا. ئەم گروپانە لە ناوخۆیاندا فێستیڤاڵیان دروست دەکرد، لەناو ئەم ڤیستیڤاڵانەدا پێشنیارێکی زۆر دەهات و دروست دەبوون لەبارەی ڕێکخراو  و کۆمەڵگه‌ بچوکەکەی خۆیان.

ئەکتەرێک و پارێزەرێک پێشنیازەکانیان کۆدەکردەوەو لە شێوەی یاسادا پێشنیازیان بۆ (بواڵ ) دەکرد، ئەو پێشنیازانەش دەگۆڕا بۆ یاساو لەسەر مێزەکەی بواڵ دادەنرا. ئەویش لەدەستەکەی خۆی لە ئەنجومەنی شارەوانی هەموو ئەو پێشنیارانەی پێشکەش بە هاوڕێکانی دەکرد، بۆ قسەلەسەرکردن لەسەری بۆئەوەی بگۆڕدرێت بۆ یاسا. هەموو پێشنیازەکانی بواڵ لە خەڵکەکەوە دەهاتن و بۆ ئەنجومەنەکە دەڕۆیشتن. هیچ پێشنیازێک لە خودی بواڵەوە نەڕۆیشتبوو، ئامرازی بەدەستهێنانی پێشنیارەکانیش تەنها ئەو جۆری میتۆدی کارکردنە بوو. هەروەها لە سەردەمی بواڵدا سیانزه‌ لەو پێشنیارانەی خەڵک، لە ئەنجومەنەکەدا بوو بە یاسا. ئەو جۆرە میتۆدی کارکردنی شانۆیە لەدواجاردا دەبێتە دەنگ و فۆرمێکی هاوکار و هونەری و دەستپێشخەر بۆ گفتوگۆ. پاشان ئەمجۆری شانۆیە، شانۆی یاسادانان بەزۆربەی وڵاتانی دونیادا بڵاودەبێتەوە. بەسەرکەوتنێکی گەورە ئەژمار دەکرێت لە کەنەدا و بەریتانیادا.

 

 

لەساڵی 2008 بواڵ کاندیدکرا بۆ خەڵاتی نۆبڵ لە ئاشتیدا، بەهۆی کارەکانی لە دژی چەوساندنەوە، ئامرازێکی هونەری و بەیارمەتی شانۆی چەوساوەکان، ئەوەش لەلایەن خەڵکەوە دانیپێدانراوە وەک گەورەترین ئامرازی زانیاری و کۆمەڵگه‌. ئەوکەسانەشی بواڵیان بۆ وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵ کاندید کرد لە ناویاندا ئەندامانی حکومەت، براوەکانی خەلاتی نۆبڵ، ئەندامانی دادگای  نێودەوڵەتی، پڕۆفیسۆرەکانی زانستەسیاسیەکان و ئەندامانی پەرلەمان بوون.

 

 

– ئۆگستۆ بواڵ لە 16/ 3/ 1931 لە بەرازیل لەدایکبووە و لە 2 / 5 / 2009 بۆ دواجار ماڵئاوایی دەکات

 

مافی تایبه‌تی ئه‌م بابه‌ته‌ به‌ كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌دوایه‌. ‌