بەرەی “نەخێر”ی ڕیفراندۆم بە ھۆشیارییەوە بێت یان بێئاگایانە، بەرەیەکی زیان بەخشە، وەڵامدەرەوەی خواستە ھەنووکەیی و مێژووییەکانی کۆمەڵگای کوردی نییە. بەڵکو بەپێچەوانەوە دژیەتی.
دهسهڵات وهك گەمەکەرێكی زۆر باشی ناو ئەو گهمانه، ئهم پرسهیان بۆ کۆمەڵێک ئامانجی دیاریکراو ڕێکخستووە. پارتی دهسهڵاتدار و پارته هاوپهیمانهكانی لە ڕێگای بەکارھێنانی ھەستیاترین پرس، کە لای ھەر کوردێکهوه بە پیرۆزییەوە سەیر دەکرێت، پاشقولێکی سیاسی لە داخوازی خەڵک داوە و توانیوویەتی بهمجۆره مێشکی خەڵکی بۆ بیرکردنەوە و ھەنگاوی دروست کە گۆڕانکارییەکی ڕیشەییه، بهئاڕاستهیهكی دیكهیدا بهرێت.
ڕاستە ھەڵوێستی “نەخێر” بەواتای ڕەتکردنەوە و قبوڵنەکردنی ئەم دەسەڵاتە دێت، بەڵام لەبەرئەوەی بەرەیەکی ناڕێکخراو، بێ ئەڵتەرناتیڤە و ناتوانێ کۆمەڵگه بەرەو گۆڕانکاری و ئامانجی مەزن بجوڵێنێت. بیەوێت یان نهیهوێت، چۆتەوە خزمەتی ئەو ستراتیژەی، کە بۆ پاراستنی دەسەڵاتی بنەماڵەکان لە کوردستاندا داڕێژراوە. ئەو بنەماڵانەی بە ھەزار شێوە سەلماندوویانە لەھەموو ڕوویەکەوە گەیشتوونەتە بنبەست و جگه له زیان نەبێ شتێکی ئەوتۆیان بۆ کۆمهڵگهی باشووری کوردستان بە دیاری پێ نهبووه.
سەرنج بدەن؛ بەھۆی ئەم دەسەڵاتە پێکھاتە خێڵەکییە، نابهرپرسیارهوه كۆمهڵگهی ئێمه گیرۆده و گرفتاری چەندین کێشەی گەوەرەیە، بەڵام بهبێ رهچاوكردنی هیچ مۆڕاڵێك لە پرۆسەی ڕیفراندۆمەدا، مافی دەنگدەران لە بەرچاو ناگرن و خاوەن ڕای پێچەوانە بە خائین ناودەبەن. ئەمەش وێڕای خۆخاوێن کردنەوە لە تاوانباری و بەرپرسیاری، ھەروەھا خۆ بە پێشەنگ زانین و تاپۆکردنی دۆزی کوردە لەسەرخۆیان. لەمەوە زیاتر ڕوون دەبێتەوە، کە ئامانج لەم ڕیفراندۆمە، لەلایەک برتییە لە پێدانی ڕەوایەتیی بەدەسەڵات، بهوهی، گوایە ھەر تەنیا ئەوان دەتوانن ئامانجەکانی کورد بەدی بھێنن، وە دەشبێت ھەر بۆ خۆشیان سەرقافڵەبن. لە لایەکیتریشەوە ھەرکەس و لایەنێکی ناکۆک بە دەسەڵاتی نابەرپرسیارانەیان، وەک نەیار بە دۆزی کورد نیشان بدەن، دهیانهوێت بەم پاساوە مانەوەیان لەدەسەڵاتدا بۆ ئهبهد مسۆگهربكهن.
تاوكو ئێرە، ئامانجی خۆیان پێکاوە، ئەوەتا لەشەقامی کوردیدا وێڕای چەندین ھەوڵدان بۆ بەدەست ھێنانی ماف و باشتر کردنی سیستەمی حوکمڕانی، کە بە چەندین شێوە گوزارشتی لێ کراوه، بەڵام نەک ھەر داخوازی خەڵکیان بەھەند وەرنەگرت، بەڵکو باردۆخەکەیان لەوەی کە ھەبوو بەرەو خراپتریش برد، کەچی دەبینین ھیچ باسێک لە ھەوڵدان بۆ گۆڕانکاری لە گۆڕێدا نییە!
بێگومان ئەوەی ئێستا لە بۆتەی “نەخێر”ی ڕیفراندۆمدا فۆرمۆلە بووە، ھەرچی بێت، زۆر لەوە لاوازترە خەڵکی ئاراستەی ئامانجێکی باڵا بكات. بەتایبەتیش کە لەگەڵیدا ئەو گووتانە دووبارە دەکرێنەوە، کە بەشی ھەرە زۆری لە کرۆکدا دەچنەوە خزمەتی دەسەڵات.
بۆنمونە دەڵێن:دەبێ پەرلەمان کارابکرێتەوە و بنەماکانی دەوڵەتداری بەھێز بکرێن و کۆمیتەیەکی ئاوا و ئاوا بۆ ئەم مەبەستە دابمەزرێت و…ئەمجار ڕیفراندۆم ئەنجام بدرێ!
پرسیارهكه ئهوهیه کێیه دهبێت ئهم ئامانجانه بهدیبهێنێت ؟
وهڵامهكه ئهوهیه؛ ھەڵبەت ئەوانەی لە بیست و حەوت ساڵی حوکمڕانی دوای ڕاپەڕین و بگرە سی ساڵی پێش ئەوەش، لەسەر یەک کۆمەڵگای کوردیی بەناوی کوردایەتیەوە، نابووت دەکەن. ئەوەش چاوەڕوانییەکی بێمانایە.
حاشا ھەڵنەگرە، نەخێرێکی بەم ڕەنگ و جۆره نمایشه، ھەرچەندە لە ڕواڵەتدا وەک دژ خۆی نمایشبکات، بەڵام لە ناوەڕۆکدا دەبێتەوە بهبهشێك لە ماكینهی دەسەڵاتدا. ئەوەی لێرەدا دەردەکەوێ، پێناچێ بەرەی “نەخێر” لە یارییەکە تێگەیشتبێ و بێئاگایانە-بێجگە لە ئەوانەی بۆ سەرکەوتنی پلانەکە لەو بەرەیەدا وەک ئەرک شوێنیان ھەیە-خزمەتی لایەنی بەرامبەر دەکات.
بە بڕوای خۆم تا ئێرە، ھەرچی لەوبارەیەوە کراوە، ئیتر پێویستە ڕابگیرێت. شکی تێدا نییە، کاری ڕاست، برتییە لە ھەنگاوی ستراتیژی، کە خۆی لە تێکدانی یارییەکەدا لە ڕێگای گۆڕانكاری و ھەڵگێڕانەوەی دەستەواژەی “نەخێر” بۆ جوڵانەوەیەکی کۆمەڵایەتی کە لە وشەی شۆڕشدا خۆی پێناسە دهکات، خۆی ودەبینێتەوە. چونکە بەم دەرئەنجامانەوە، ناشێ چاوەڕێی خراپتربین.