پابلۆ پیکاسۆ - ژنێک لەگەل باڵندەیەکدا - لیتۆگرافی ١٩٦٦

کەنارییە غەمگینەکە


Loading

 

کەناری یە غەمگینەکە

چیرۆک 

ئازاد بەرزنجی 

ھەموو شەوێک درەنگانێ، وەختێ دونیا دەبێتە ئەنگوستە چاو و شەقام و کوچەکانی شار لە خەڵک خاڵی دەبن  و  خۆیان دەخەنە نێو ئامێزی خامۆشییەوە. ھەموو شەوێک لەو کاتانەدا کە تەواوی گیانە شەکەتەکانی شار و     سەرجەم باڵندە ماندووەکان خۆ دەخزێننە ناو لانە گەرمەکانیانەوەو لە جیھانی پڕ ژاوەژاوو ئاشوب دادەبڕێن نوقمی خەوێکی قووڵ دەبن…ئا لەم کاتانەدا، لە ناوجەرگەی ئەو گۆڕستانەوە کە لە بەرزاییەکەوە بە لە خۆباییبوونەوە بەسەر شاردا دەڕوانێت، تارمایی پیاوێک لە یەکێک لە گۆڕەکانەوە ھەڵدەسێت. بە بێدەنگی، ھێدی ھێدی دێتە خوارێ دوای ئەوەی بە چەندین کوچە و کۆڵانی ناو شاردا گوزەر دەکات، لە گۆشەی یەکێک لە کۆڵانەکاندا ھەڵوەستەیەک دەکات، تاوێک لە کۆڵانەکە و دواتر لە خانووی سەرگۆشەکە ڕادەمێنێت، ئینجا لە دەرگای خانووەکەوە خۆی بە ژووردا دەکات. تا کازیوە لەوێ دەمێنێتەوەو، پاشان بەرلەوەی ڕووناکی دڕ بە تاریکی بدات، بە ھەمان ڕێی خۆیدا بەرەو گۆڕستانەکە دەگەڕێتەوەو، لەنێو گۆڕەکەی خۆیدا ڕادەکشێتەوە.

بەڵام ئەو شەوە…

*           *           *

ئەو شەوە بایەکی گەلێک توند ھەڵیکردبوو، دارگوێزی ناو حەوشەکە لق و پۆپی  گەڵاکانی دەھێناو دەبرد. ناو حەوشەکە پڕببوو لە گەڵای وەریوو. ناوبەناو ھەندێ لە گەڵاکان بە ئاسماندا دەچوون. بایەکە ھێند توند بوو، گەمەی بە دەرگاو پەنجەرەکانی خانووە کۆنەکە دەکردو جیک و ھوڕیان دەھات.

نەسرین لە ژوورەکەی خۆی، ئەو ژوورەی کە ساڵێک زیاترە ڕاھاتووە بە تەنیا تیا بخەوێت، ھاتە دەرەوە بۆ ھەیوانەکە، سەعات دووی شەو بوو. دەرگای ژوورەکەی تری کردەوە تا دڵنیا بێت کە لێفە و بەتانییەکان لەسەر مناڵەکانی لانەچووە. تەماشایەکی کردن کە لەوە دڵنیابوو دەرگاکەی لەسەر داخستنەوە و گەڕایەوە بۆ ژوورەکەی خۆی. لەسەر پێخەفەکەی درێژ بۆوەو لێفەکەی بە خۆیدا دایەوەو لەناو جێگەکەیدا خۆی گرمۆڵە کرد. زۆر ھەوڵیدا خەوی لێبکەوێتەوە، بەڵام لەبەرئەوەی کاتی ھاتنی مێردەکەی نزیک ببۆوە؛ ھەرچەند تەپاوتلی داو کەوتە سەر لای ڕاستیء لای چەپی؛ خەو نەچۆوە چاوی.

بیری لەوە کردەوە دوێنێ شەو مێردەکەی بەرلەوەی جێی بھێڵێت پێی گووت؛ “نەسرین، دەمێکە پێکەوە خۆمان نەشتووە، حەزدەکەم سبەی شەو پێکەوە لە حەمامەکەدا خۆمان بشۆین“ بیرکردنەوەی لەو قسەیەی دوێنێ شەوی مێردەکەی بۆ ماوەیەک لەمەوبەری گەڕانەوە، کە شەوێکیان دوای ئەوەی مناڵەکان خەویان لێکەوت، ھەردووکیان پێکەوە لە حەمامەکەی ماڵەوە خۆیان شت. نەسرین گەرچی تەمەنی نزیکەی چل ساڵێک دەبوو، بەڵام ھێشتا جەستەی پڕ ژیان بوو.. بەدەنێکی سپیی بلوورین، باڵایەکی زڕاڤ، دەموچاوێکی خڕو لووتێکی ڕێک، دوو چاوی ڕەشء قژێکی خاو… نەسرین کە لفکەکەی بە پشتی مێردەکەیدا دەھێنا ، چێژێکی تایبەتی لەو کارەی دەبینی، جار جارەیش قسەیەکی مێردەکەی کە لە ڕووی گاڵتەوە دەیکرد دەبووە مایەی پێکەنینی. کە لە شتنی پشتی مێردەکەی بۆوە؛ ئەو گووتی “نەسرین، ئینجا تۆ لەسەر تەختەکە دانیشەو من پشتت دەشۆم“

 

وەختێ لەسەر تەختەکە دانیشت، ئەو یەکسەر دەستی بە شتنی پشتی ئەم نەکرد. نەسرین ھەستی کرد دەست بە قژیدا دەھێنێ بە پەنجەکانی گەمە بە تاڵە مووەکانی قژی دەکات. ئینجا دەستی خستە سەر شانەکانی زۆر بە سووکی بەری لەپی بەسەر ئەملاوئەولای قۆڵە نەرمەکانی ئەمدا ھێنا و بەوجۆرە بەردەوام بوو تا دەستی بردە بن باڵەکانی، پاشان سەری بەسەر شانی چەپی ئەمدا شۆڕکردەوە، ئەمیش ڕووی بۆ لای چەپ وەرگێڕاو ماچێکی قووڵ ھەردووکیانی بەرەو کات – شوێنێکی نادیار ڕاپێچا…

دەنگی دەرگای حەوشە ڕایچڵەکاند، کە بەدوایدا تەپەیەک ھات “تۆ بڵێیت ئەو بێت ھاتبێت. کاتی ھاتنی نزیک بۆتەوە“ لەسەر جێگاکەی ڕاپەڕی بە پەلە خۆی گەیاندە لای پەنجەرەکەو چمکێکی پەردەکەی لاداو سەیرێکی لای دەرگای حەوشەی کرد… تەماشای کرد قەفەسی ئەو کەناری یە نێرەیە بوو کە ماوەیەک دوای ھاوێرکردنی لە مێیەکەی دانانی لەو قەفەسەدا گیانی لە دەستدا. بایەکە قەفەسەکەی لە سەربانەوە خستبووە خوارەوەو بەرلەوەی بکەوێتە سەرزەوی بەر دەرگاکەی حەوشە کەوتبوو.

دیسانەوە چووەوە ناو جێگاکەی. بیر لە قەفەسەکە کردەوەو ھیوای خواست کە نەشکابێت. لە مێژە دەیەوێت کەنارییەکی نێرە پەیدا بکاتەوەو لای کەنارییە مێیەکەی دایبنێتەوە، بەڵام گوزەرانە سەخت و دژوارەکەی خۆی مناڵەکانی تەنانەت بواری ئەوەشی نەداوە.

ئاخێکی قووڵی ھەڵکێشا.. ئەوەتانێ ئەو گوزەرانە سەختە دواجار ناچاری کرد بڕیاری فرۆشتنی خانووەکەیان بدات، ئەو خانووە بچکۆلانەیەی کە ھەموو دونیاکەی ئەم و مێردەکەی بوو؛ یەکەم ژوانگەیان، خەونەکانیان، ژان برکەکانیان، شەونشینییەکانیان، ئەی ھەموو جارێک مێردەکەی پێی نەدەوت “نەسرین، لەم ماڵەی خۆمانداو لەم خانووەدا نەبێ؛ لە ھیچ شوێنێکی تر ھەست بە ئاسودەیی ناکەم“. ئێستاش بیر لەوە دەکاتەوە وەختێ ھات چۆنء بە چ شێوازێک ئەم بڕیارە تاڵ و قورسەی پێ ڕابگەیەنێت؟ بە چ زمانێک پێی بڵێت تا لای ئاسایی بێت؟! پێی بڵێت کە ئەو خانووەی تاقە ئارامگەی خۆیان و مناڵەکانیان بوو، ئەو خانووەی کە بیرەوەری و دڵداریەکانیان لەگەڵ دارو بەردو دیوارو سەربانء وشەوانی ھاوینان و زستانانیدا ئامێتە بووە؛ ئیتر بۆ ھەتا ھەتایە لە دەستی دەدەن، ماڵئاوایی یەکجارەکیی لێدەکەن، ئای کە لەسەر ڕۆحی دژوارە، بەڵام چی بکات؟ گەر وا نەکات بەرداشی ئەم زەمەنە نەگریسە بە تەواوی خۆی و مناڵەکانی دەھاڕێت.

ھەرچۆنێک بێت کە مێردەکەی ھات بۆ لای، ھەوڵدەدات لە کاتی خۆشتنیاندا دەرفەتێک بقۆزێتەوەو بە شێوازێکی نەرم و گونجاو ئەو ھەواڵەی پێ ڕابگەیەنێت، بەڵام وا کاتی ھاتنی تێپەڕی، کەچی ھەر نەھات… بایە توندەکە لە دەرەوە ھەر دەیلووراند و گڤەگڤی لەگەڵ خشەخشی گەڵاکانی دارگوێزەکە و جیک و ھوڕی دەرگاکان، تەق و تۆقی ھەندێ لە کەلوپەلەکانی ناو حەوشەو سەربان تێکەڵ ببوو. نەسرین کە لوورەی بایەکەی ھاتە گوێ، موچڕکێکی سارد بە لەشیدا ھات، دیسانەوە خۆی گرمۆڵە کردەوە. نیگەرانییەکی قووڵ ڕێچکەی بۆ دڵ و دەروونی بەست؛ “دوێنێ شەو ئەم کاتانە دەمێک بوو لێرە بوو، یانی چی ئەمشەو تا ئێستا دیارنییە، ھیچ شەوێک وا دوانەکەوتووە“.

دڕدۆنگی وەکو خۆرە کەوتە گیانی، ھەرچەندی دەکرد لەشی لەسەر بارێک ئۆقرەی نەدەگرت. ھەر تەپاوتلی بوو. سەرلەنوێ لەسەر جێگەکەی ھەڵسایەوەو لە پەنجەرەکە نزیک بۆوەو لایەکی پەردەکەی لاداو ڕوانییە دەرەوە، چاوی بڕیە دەرگای حەوشە، ھیچ دیار نەبوو. بایەکە دەیلووراندو خەریکبوو لقەکانی دارگوێزەکەی دەشکاندەوە. ماوەیەک بەو شێوەیە مایەوە تا ھەستی بە سەرما کردو بە دڵێکی گوشراوەوە چووەوە ناو پێخەفەکەی.

بیری لە ژووانەکەی دوێنێ شەویانی کردەوە. وردو درشتی ڕووداوو گفتوگۆکانی نێوانیانی ھێنایەوە پێشچاوی خۆی، نەبادا دوێنێ شەو شتێکی وتبێت و ئەو پێی دڵگران بووبێت، بەڵام نا.. ئەوە بوو بەرلەوەی ماڵئاوایی لێ بکات ماچێکی ئەمی کردو ئینجا ڕۆیشت. دوای ڕۆیشتنەکەشی ئەم خەوی لێکەوتەوەو وەکو ھەموو بەیانییەکانی پێشوو بە جووکە جووکی کەنارییە مێیەکە خەبەری بۆوە، گەرچی ئەم نەیدەتوانی وەکو نێرەکە بە ئاوازی جۆراوجۆر بخوێنێت، بەڵام جووکە جووکەکەی ئاوازێکی غەمگینی ھەبوو. ئیدی ئەم ھەر کە گوێی لەو دەنگە دەبوو ھەڵدەستاو بەرچایی بۆ مناڵەکانی ئامادە دەکرد؛ باشە بۆ نەھات؟! تەنانەت دوێنێ شەو وتی حەزدەکەم سبەینێ پێکەوە خۆمان بشۆین… لە پڕێکدا مێشکی چەخماخەی داو بۆ ئەوە چوو کە دەشێ ئەو قسەیەی کە ئەمڕۆ لە گفتوگۆیەکی نێوان خۆی و کوڕەکەیدا بە مێردەکەی وت، ئەوی زویر کردبێت.

پاپلۆ پیکاسۆ- ژنێک لەگەڵ باڵندەیەکدا – کاری زەیتی لەسەر کەنڤاس

-دایە، بە ڕاستی ئەمە ژیان نییە ئێمە دەیبەینە سەر…

-چی بکەم کوڕم؟ من ئافرەتێکی تەنیاباڵ و ئێوەش چوار مناڵ…

-ئینجا کە ژیانی چوار مناڵتان پێ دابین نەدەکرا؛ بۆ ئێمەتان بۆ ئەم دۆزەخە خوڵقاند؟

-کوڕم، قسەی وا مەکە، گوناھە…

-ئێوەن گوناھبار، بە تایبەتیش باوکم…

-چی بکەم، لەعنەتی لێ بێت کە ئەم ھەموو خەمەی بۆ من بەجێھێشت.

 

کە ئەم دێڕەی دوایی بیرکەوتەوە؛ زۆر سەرزەنشتی خۆی کرد کە چۆن ئەو قسەیەی بەرامبەر مێردەکەی لە زار ھاتە دەرەوە. گەرچی ژیانەکەشی بە ڕادەیەک تاڵ و کوشندە بووە؛ مەگەر بە تەنھا ئافرەتێکی وەکو ئەو بەرگەی بگرێت. ھەرچۆنێک بێت کە مێردەکەی ھات بۆ لای داوای لێبوردنی لێ دەکات. سەیرێکی کاتژمێرەکەی کرد، بەڵام تازە وادەی ھاتنی بەسەرچوو “نا، درەنگە تازە نایەت… ئاخ، دیارە لەو قسەیەم زویر بووە یان.. یان،  لەوانەیە بۆ فرۆشتنی خانووەکە دڵی خەبەری دابێت…ئا.. بۆ نا.. .بەڵام تکات لێدەکەم، تکات لێدەکەم  ئەو قسەیەم تەنھا بە ھەڵچوونێک بزانەو ھیچی تر، لێم مەگرە. ئاخر تۆ خۆت دەزانیت من چەند ماندووم، ئەم ژیانە سەختە بڕستی لێ بڕیوم، بەبێ خۆشەویستیی تۆ ناتوانم بەرگەی ئەم دۆزەخە بگرم.. تکات لێدەکەم لەم دونیا پڕ عەزابەدا بە تەنیا جێم مەھێڵە.. دڵنیام لەو قسەیەم زویر بوویت، بەڵام.. بەڵام داوای لێبوردنت لێدەکەم. بمبەخشە بەدەست خۆم نەبوو،بمبەخشە…“

وردە وردە خەریک بوو شەو تێدەپەڕی و خۆی بە سپێدە دەسپارد. بایەکەش تا دەھات توندتر دەبوو، دەنگی شکانەوەی چەند لقێکی دارگوێزەکە ھاتە گوێ، تەپەیەکی تریش ھات بە دوایدا دەنگی شکانی تەختەیەک بیسترا. وا پێدەچوو بایەک قەفەسی کەناریەکەی دابێت بە دیوارێک لە دیوارەکانی حەوشەداو شکاندبێتی. تازە نەسرین لە ھاتنی مێردەکەی نائومێد ببوو. خەویش بە یەکجاری لە چاوی تۆرابوو، ھەستی دەکرد قورساییەکی زۆر لەسەر سنگێتی ئازارێکی سەخت دڵی وەکو لیمۆیەک دەگوشێت، تا دەھات ئەو گوشارەش لەسەر سنگی زیاتر دەبوو.

ئیدی نەسرین تا بەیانی لەناو جێگەکەیدا ھەر گینگڵی داو شەپۆلی ئەو ئازارە لەناو گێژاوی تەنیایی و دڕدۆنگیدا وەکو بەلەمێکی سەراسیمە دەیھێناو دەیبرد. ئەوەی زیاتریش بووە مایەی نیگەرانیی نەسرین ئەوە بوو؛ وەختێ بەیانی بۆوە؛ وەکو ڕۆژانی پێشوو دەنگی کەناری یە مێیەکەی نەبیست کە بەیانیان بە جرووکە لە خەو بە ئاگای دەھێنایەوە، بۆیە ھەڵساو بە ھەڵەداوان چووە ھەیوانەکە و ڕاستەوخۆ بەرەو قەفەسی کەناری یەکە چوو، کە بە دیواری ھەیوانەکەدا ھەڵواسرابوو. قەفەسەکەی داگرتە سەر زەوی، بەڵام چیی بینی، جەستەی کەناری یەکە بێ جووڵە بە پشتا کەوتبوو و قاچەکانیشی بەرەو ئاسمان بوون… ئیتر نەسرین لەوە پتر خۆی پێڕانەگیراو دایە قوڵپی گریانێکی بەکوڵ، گریانێک کە مناڵەکانی لە خەو ڕاچڵەکاندو، ئەوانیش ھاتن بە چاوی پڕ لە ئەسرینەوە بە دیار ئەو کۆستەی دایکیان و جەستەی کەناری یە غەمگینەکەوە دۆش دامان.

 

*          *          *

ھەموو شەوێک درەنگانێ، وەختێ دونیا دەبێتە ئەنگوستە چاوو شەقام و کوچەکانی شار لە خەڵک خاڵی دەبن و خۆیان دەخەنە نێو ئامێزی خامۆشییەوە. ھەموو شەوێک لەو کاتانەدا کە تەواوی گیانە شەکەتەکانی شارو سەرجەم باڵندە ماندووەکان خۆ دەخزێننە ناو لانە گەرمەکانیانەوەو لە جیھانی پر ژاوە ژاوو ئاشوب دادەبڕێن و نوقمی خەوێکی قووڵ دەبن.. ئا لەم کاتانەدا….

کانوونی دووەم

ئادار/ ١٩٩٧

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌