ئه‌بوبه‌كر جاف

چی شتێک هەیە لەجێگەی شتێکی دیکە؟


Loading

۱

بۆچی شتێک هەیە لە بری ئەوەی شتێکی دیکە هەبێت، بۆچی شتێک نییە لە کاتێکدا دەبایە هەبوایە ؟ ئەوەی هەیە بۆچی هەیە و، بۆچی بەم فۆرمە بوونی هەیە؟ ئەی بۆچی بە فۆرم و فۆرمیولبوونێکی دیکە نییە؟

 

۲

با وای دابنێین کە؛ بوون توانایه‌كی ڕەهاو بێ سنوورە هه‌یه‌ لە ڤێرتوێڵدا و بە بێ کەموکورتی، بە واتایەکی تر، ئەوەی وێنای دەکەین و وێناشی ناکەین بە تەواویی لە بووندا هەیە.  بوون لێرەدا هەردوو ئاستی ڤێرتوێل و ئەکتوێل لە خۆی دەگرێت؛ ئەوەی بووە بە ئەکتوێل لە ئێستا و لێرەداو فۆرمە مادییەکانی لەخۆگرتووە. ئەوەشی کە هێشتاکە لە ئەکتدا نییە و لێرە ئامادەییەکی ماتریاڵی نییە، وەک ئیمکانگەلێک، وەک پۆتۆنسیال و وەک بوون لە هێزدا ماوەتەوە. هەر لێرە و لە ئێستادایە و دابڕاو نییە لە واقیع و دەکرێت ببێت بە بوونی کۆنکرێتی بەرجەستە، بوونی کردەیی. وایدەبینم بوونێک لە ناو پڕاوپڕی یان بوونێکی کە یاسایی بێ نەزم و بێ سەرەوبەر بە بێسووری بوونی هەیە، تەواوی ئەوەی لە ڕابوردوودا ڕوویداو، ئەوەی ڕوودەدات لە ئێستاداو ئەوەیش کە بەڕێوەیە و لە ئایندەدا ڕوودەدات، وە ئەوانەشی کە ڕەنگە هەر ڕوونەدەن وەک ئەگەرو ئیمکانبوونیان هەیە و لێرەن و واقیعن و هێزێک دێتە ژوورەوەو دەیانکات بە ئەکتوێل. ئایا ئەو بوونە کۆنکرێتییانەی کەئێستا هەن و لێرەن لە ئەکتوێلدا، ڕۆژگارێک گریمانەیی و خەیاڵکراو نەبوون؟

 

۳

ئەی ئەگەر ئەوەی هەیەو ئەوەشی دەبێت توانای ئامادەبوون و لێرەبوونیان هەیە، ئەوە کێیەو چییە وا دەکات شتێک هەبێت و  شتێک نەبێت؟ بۆچی شتێک هەیە لە بری شتێکی دیکە؟ بۆچی شتێک نییە ؟ کێیە وای دەشکێنێتەوە ؟ بۆ من کاتیگۆرییەکی ونبوو، یاخود زۆر لاوەکی لای هیگڵ، کاتیگۆریی هێزە چ لە ناو لۆژیکەۆەیداو چ لە ناو سروشت و فەلسەفەی ڕۆحەکەیدا. کاتیگۆرییە لۆژیکیی (ئیپستمیـ ئۆنتۆلۆژی)ەکەی هیگڵ هەر لە بوون و عەدەم و ماهییەت و سەیرورە…. ئێمە هێز بەدیناکەین، بەڵک نەفی بوونی هەیە لە ناو پەیوەندی دیاله‌کتیکیی هیگڵیدا. ئەوە نیتچەیە و دێت و لە گەڵ خۆی ئیرادەی هێزو پەیوەندی هێزو نا هاوسەنگی هێز دێنێت و نەفی و پەیوەندی دیالێتیکیی ناچاریی بەلاوە دەنێت.

 

٤

ئەوەی هەیەو ئەوەی دەبێت لە ناو بەریەککەوتن و پەیوەندی نا هاوسەنگ و پڕ لە ململانێی هێزەکاندایە. کە بوونێک هەیە، شتێک هەیە و شتێک نییە، ئەوە ویست و ئیرادەی هێزێکە ئەمەی ویستووەو دەبێت هەبێت. وەک چۆن ویستی لەسەر ئەوەیە کە شتێک نەبێت. ململانێی هێزمان هەیە، سەرکەوتن و ژێرکەوتنی هێزەکانمان هەیە. هێزی سەرکەوتوو خاوەنی ئیرادەی زاڵکردن و بەرهەمهێنانەوەی خۆی و ماناو هەیمەنەکردنە، کەواتە ویستی لە سەر بوونی شتێک هەیە تاوه‌كو ئەو کاتەی هێزێکی دیکە دێت و ئەم هێزە زاڵە دەخاتە ژێر ڕکێف و ئارەزووی خۆی و سەرلەنوێ ناو لە شتەکان دەنێتەوە. هێزی ژێردەست و ملکەچیش پاشەکشە دەکات و ناولێنراوەکانی دەکەونە خوارەوە.

شتێک هەیە لە بەرئەوەی ویست و ئیراده‌ی هێزێک ئەمەی دەوێت، شتێک نییە لە بەرئەوەی ویست و ئیرادەی هێزێک نایەوێە هەبێت و لێرە بێت. بەڵام، نەبوونی شتێک و نەمانی شتێکی ئەکتویل کە بوونێۆی کردەیی هەبووە بەو مانایە نایەت کە ئیتر تەواو تەواو دەسڕێتەوەو ئیمکانی سەرهەڵدانەوەو گەڕانەوەی نابێت، نەخێر، چاوەڕوانی هێزو هەلومەرجێکی ترە بێت و بە فۆرمی دیکە بیکاتەوە بە ئەکتوێل و ئێستاكێ. واتە دەبێتەوە بە ڤێرتوێل کە ئامادەیە. ڕابووردوش ڤێرتوێلی ڕەهایە.

 

٥

بوون و نەبوونی شتێک، ئەکتوێلبوونی شتێک کە لێرەیە لە ئێستاو لێرەدا، کاتێک نەخوازراوە لە ناو حوکم و هەڵسەنگاندنێکی مۆراڵیدا، ئەمە چ سەروکارو پەیوەندی بە شتەکەوە نییە لە خۆیدا و بە ڕوت و قوتی، بەڵکو چاک و خراپی شتێک کە هەیەو نابێت هەبایە، وە شتێک نییە و دەبوایە هەبوایە، شتێک بە سوود بێت یان بێسوودو مایەی زەرەرو زیان… ئەمانە حوکمی مۆڕاڵین لە ناو سۆسیۆس و کۆمەڵایەتیبوونەوەیاندا. ئەوە حوکمی هێزێکی کۆمەڵایەتییە کە بوونی شتێک بە خراپ بە زیان بۆ خۆی و بۆ نەزم و گوتارێک دادەنێت.

نموونەیەک؛ 

ئەو نەوەیەی کە خوڵقاوە و سەر بە چیرۆک و حیکایەت و مێژوو و ئەسڵ و فەسڵی نەوەی کۆن نییە، سەر بە یادەوەری نەوەی کۆن نییە، ئەم نەوەیە بێ وەفان، بێ نمەکن، بێ چاو و ڕوون، فەوزەوین، بێ ئینتیمان، بێ دەربەستن….هەر ناو و ناتۆرەیەکی دیکە کە لێیان دەنرێت حوکمدانێکی مۆڕاڵیین. من وایدەبینم ئەم نەوەیە لە ناو (ئیرادەی هێز) و ویستی هێزی نوێدا خاوەنی هەقیقەت و بوونی خۆیانن. هێزێک هاتووە لەگەڵ خێرایەکی چڕدائەم نەوەیە دەنەخشێنێت. خێرایش وەک چۆن فەیلەسوفی فەڕنسی (پۆل ڤیریلۆ) باسی دەکات، ناچارمان دەکات زۆ قسەوباسێکی تر سەبارەت بە ئۆنتۆلۆژیایەکی دیکە. بوونێکی دیکە. ئەم خێراییە لە فەزای ماتیماتیکی و کارۆموگناتیسیدا، لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا…. سەر بە زەمەنی کۆمەڵایەتیی و دەروونی نەوەی بە جێماو و دوورخراوە نییە.

خێرایی دەسکاریکردن ڕیشەیی یادەوەریی و پەیوەندی و جوگرافیاو مێژووە. نەوەیەک لە فەزای مەجازیدا واقیعی خۆی هەیەو خوڵقاندویەتی. هەر لە واقیعدایە، کێشەی ئەم نەوەیە لە گەڵ ئەکتوێلێۆدایە  کەسەر بەهێزێکی شکستخواردووەو فشۆڵەو لەپاشەکشەدایە. نەوەیەک لە ناو گوتارو هێزێکی پاسیڤ یاخود ژێردەستەو خوارەوە ناچارە گلەیی و گازندە بکات، پرتەو بۆڵەی بێت، تۆمەت ببەخشێێتەوە. نیشتیمانپەروەریی و خیانەت و چاک و خراپی ببەخشێنێتەوە. کەواتە هێزێک هاتووەتە ژوورەوە و ویستی لە سەر فۆڕمولەبوونێکی دیکەی جەستەی کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابووری… هەیەو ئەکتوێلیزەی دەکات. هێزێکی ژێردەستەو پاشکۆو بەزیوو لە ناو حوکمە مۆڕاڵییەکاندا جنێو دابەشدەکات. سەرقاڵی پۆلێنکاریە لە سەر بنەمای حوکمە مۆراڵییەکان. ئەوان بە واقیعی خۆیان و فۆڕمولبوونەکانیانەوە لە فەزای مەجازیدان و نامۆ نین. ئەوە ئێمەیان تەواوی ئەکتوێلیزەکراوێکین لێرەو، یاود نیواو نیو نیوەمان لە واقعی کردەیدایەو نیوەی دیکەشمان لە ناو واقعی ڤێرتوێلی، هەر لێرەوە نامۆین و نامۆ دەکەوین.

ئەکەر ڕۆژێک بێت و تەواوی مرۆڤایەتی لە ڤێرتوێلدا، یان واقعی ڤێرتوێلیدا سەرقاڵی ژیان بێت ؟ ئەو کاتە نامۆبوون بە تێگەیشتە کلاسیکییەکەی ئاوا نابێت؟ ئایا ئێستا نەوەیەک دروست نەبووە کە بیهێنینەوە ناو واقعی ئەکتوێلیزەکراوەوە، بوونی كرده‌ییه‌وە هەست بە نامۆیی بکات و ڕابکاتەوە ناو فەزای مەجازی؟ نەوەیەک دروست نەبووە لە فەسبووک و ئەنستگرام و هەر تۆڕێکی دیکەی کۆمەڵایەتی دایببڕین ئەو کاتە هەست دەکات نامۆ بووە ؟

 

٦

بەمشێوەیە وەک دولوز دەڵێت: واقیع هەرگیز دژی ڤێرتوێل نییە، واقیع ڤێرتوێل و ئەکتوێل لە خۆی دەگرێت. بەڵکو ئێمە کێشەی ڤێرتوێل/ ئەکتویلمان هەیە…

 

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین
ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌.