lauber de Andrade Rocha (14 March 1939 – 22 August 1981), better known as Glauber Rocha, was a Brazilian film director, actor and screenwriter. He was a key figure of Cinema Novo and one of the most influential moviemakers of Brazilian cinema.

سێرژ دێنەی؛ مەرگی گلوبێر ڕۆشا


Loading

ئیلهامبەخش، سەرسەخت و وەڕزکەر: ناسراوترین و ڕەنگە گەورەترین دەرهێنەری بەڕازیلی بێت کە بە جۆرێک لە جۆرەکان بە فەرامۆشی سپێردراوە. سینەما نۆڤۆ، ترۆپیکاڵیزم، تریکۆنینتاڵیزم – ئەوان ئێستا لە کوێن؟ – بەڵام گلوبێر ڕۆشا هیچ شتێکی فەرامۆش نەکردووە.

 

 

 

فیلمی “دۆخی جیهان – گلۆبێر رۆشا – ١٩٨٠.             The Age of the Earth (Portuguese: A Idade da Terra) is a 1980 avant-garde film directed by Glauber Rocha

 

دواین جار کە گلوبێر ڕۆشام بینی لە نوسینگەی کایە دو سینەما، نزیک باستێل بوو. ئەوم بە باشی نە دەناسی، بەڵام دە ساڵ لەوەو پێش فیلمەکانیم تەماشاکردبوو. چیتر کەس لەبارەی ئەوەوە نەدەدوا، جگە لەوەی پێی دەگووترا مێشکی لە دەستداوە یاخود دەربارەی سازشکارییەکەی لەگەڵ ڕژێمی سەربازیی بەڕازیل قسەوقسەڵۆک دەکرا.

 

ئه‌و هاتبووە فەڕەنسا تاوه‌كو بە نهێنی دوایین فیلمی خۆی نماییش بکات، فیلمێک کە کات، پارە و هێزێکی زۆری تێدا سەرف کردبوو و بەڵام لانیکەم دواجار فیلمەکە چووە لیستی نماییشی (فستیڤاڵی ڤێنیز)،  فیلمەکە بە ناوی (*دۆخی جیهان[1])ـەوە بوو. فیلمێکی لافاوئاسا و وڕێنەئاسایی. دەفرێکی فڕیوی سینەمایی، نە زیاتر و نە کەمتر. گلوبێر لە پاریس هەوڵی دەدا فیلمەکە لە دۆخێکی باشتر سەرپەرشتی و نماییش بکات تا پەیوەندییە کۆنەکان بژێنێتەوە. زۆر قسەی دەکرد، لە ڕاستیدا وڕێنەی دەکرد: هیچ کام لەو شتانەی کە دەیگوتن گرنگ نەبوون.

 

 

 

به‌هۆی ئەوەی ئەو کەسێک بوو پازۆلینیی بە باشی دەناسی، لە کایە داوامان لێکرد کە ئایا دەتوانێت شتێک لەبارەی پازۆلینییەوە بنووسێت یاخود بڵێت؛ ئێمە ژمارەیەکی تایبەتمان سەبارەت بە پازۆلینی ئامادە دەکرد. هەر ئەو کات خۆی لە ئۆفیسەکە بەند کرد و بەبێ پێویستی هیچ چاوپێکەوتنسازێک، بۆ ماوەی دوو کاتژمێر بەتەنیا بەرامبەر ئامێرێکی بچوکی تۆماری دەنگی دەستی بە قسەکردن کرد. دەمانتوانی زۆر بە باشی گوێمان لە دەنگە پەرۆش و شێوەزارە بەڕازیلییەکەی بێت کە بە زمانی فەڕەنسی قسەی دەکرد؛ تووڕەیی و خۆشەویستییەکەی بۆ پازۆلینی. دیالۆگی دوو مردوو. جارێکی تر ئەومان نەبینییەوە، ڕۆیشتن بۆ پرتوگال، بۆ ئەو شوێنەی کە وا دیار بوو کاری لەسەر پڕۆژەی فیلمێکی تازەی دەکرد. لە کاتی گەڕانەوەی بۆ بەڕازیل، بە هۆی نەخۆشییەک – کە بەداخەوە ئێمە هیچمان لەبارەوە نەدەزانی – مرد.

 

 

 

 

 

 

لە نێوان گەورە دەرهێنارانی سینەمای مۆدێرن، ڕەنگە گلوبێر ڕۆشا زۆرترین مەودای لەگەڵ ئەواندا هەبێت و لەپێشیانەوە بێت. یەکەم بەهۆی ئەوەی لە دەییەی حەفتاکانەوە بە دواوە، ناو و ناوبانگی خراپ بوو: ئەو ڕووخساری خۆی گۆڕی، بە تەواوی سازشی لەگەڵ رژێمی سەربازیی گیسێل و دواتریش فیگیریدۆ کرد؛ بە جۆرێک ڕێخراوی سینەمایی دەوڵەت “ئێمبرافیلم[2]” پارەوپوولێکی زۆری لە فیلمە دێوانەئاساکەی، هەمان ئەو دەفرە فڕیوە سینەماییە، فیلمی “دۆخی جیهان” خستە خزمەتی و هەر بەم هۆکارەش، دوای دروستکردنی فیلمەکە بە تەواوی و بۆ هەمیشە خۆی لە هەموو کەس بە دوور گرت. هێندەی دووریی وڵاتی بەڕازیل لە ئێمەوە.

بەڵام ئێستا ئێمە پێکەوە دانیشتبووین تەنیا بەهۆکاری ئەوەی لەو سەردەمە شێتەدا، هێشتا شتێک هەبوو پێی بگوترێت “مێژووی سینەما”، بەر لەوەی چاوەکانمان شایەتیی هەڵسوکەوتە پارادۆکس و دژبەیەکییەکانمان بێت. گلوبێر ڕۆشا دەیتوانی لەگەڵ گۆداردا چەندین کاتژمێر دەربارەی مۆنتاژی ئایزنشتاین قسە بکات و بلێت چی شتێک (ویلیەم فۆڵکنەر )دەکات بە نوسەرێکی سینەماتۆگرافیی گرنگ، یاخود ئەوەی چۆن بونوێلی وەک دەرهێنەرێکی تریکۆنێنتاڵ ستایش دەکرد. وا دیار بوو کە هەموو ئەم شتانە هیچ جیاوازییەکی نییە لەگەڵ ئەو گەریلایانەی کە پێشڕەویی شەپۆلی نوێیان لەسەرتاسەری جیهان دەکرد. لە کاتێکدا ئەوان لە کەنار دەریاکاندا دەمردن، ئێمە بەرخۆدانمان دەکرد؛ ئێمە دژ بە هاڵیوود و مۆسفیلم بە تێکەڵەیەک لە یاخیبوون و تەقواکردنەوە بەرگەیمان دەکرد. ئێمە هێشتا بڕوا ناکەین ئەمریکا لە جەنگەکەدا سەرکەوت و بەتەواوەتی دەسەڵاتی بەسەر وێنە و دەنگدا گرت.

 

لە ساڵی ١٩٦٣ـدا، گلوبێر ڕۆشا و هاوڕێکانی (دیگێس، هیرزمان، گوێرا، دۆس سانتۆس، ساراسینی و هتد…) نامیلکەیەکیان بڵاوکردەوە: “چاوخشاندنەوەیەک ڕەخنه‌یانەی سینەمای بەڕازیل”. لە ساڵی ١٩٣٨ لە باهیا لە دایک بووە. گلوبێر وەک هەموو کەسێکی دی دەچووە یانەکانی سینەما و ڕەخنەی سینەمایی دەنوسی. وەک هەموو کەسێکی تر لە ئەمریکای لاتین، ئەو و هاوڕێکانی قۆناغیکی زوو تێپەڕ و کورتی ئازادی و کەشێکی کراوەیان دروستکرد، و هەوڵیان دا سینەمای بەڕازیل لە ناواخنەوە بگۆڕن. لەو ماوەیەدا سێ فیلمی بەناوبانگ بڵاو بۆ وە: خودای ڕەش، شەیتانی سپی (١٩٦٣)، سەرزەمینی خۆشی (١٩٦٦) و ئەنتۆنیۆ داس مۆرتیس (١٩٦٨).

 

 

هونەری ڕەخنەی خۆرئاوایی هەردەم کونجکاوییەکی زۆری سەبارەت بە کولتوری فۆلکلۆر و عەوامی وڵاتەکانی دیکە هەبووە و هەمیشە ئەم جۆرە سینەما تازەیەی خۆشویستووە، ئەم “سینەما نۆڤۆ”ـیەی کە گلوبێر کردیە سیمبول بوو. هەڵبەتە بەبێ ناسینی سینەمای کۆن، تەنانەت ڕابوردووی سینەمای بەڕازیلیش هەموو کات زیاتر خۆش دەویسترا. تا ئەو کاتەی سوپا گەڕایەوە (چ گەڕانەوەیەکیش!) و هەموو شتێک فەرامۆشکرا. هەڤدژەکان سەریان هەڵدایەوە و سینەما نۆڤۆش ڕووبەڕووی دونیای ڕیاڵ بۆوە. لەم سەروبەندەدا هەر یەکەوە بە دووی چارەنووسی خۆی کەوت: گلوێر لە ساڵی ١٩٧١ چووە مەنفاوە، هێرزمان هەر وەک خۆی مایەوە، ڕوی گوئێرا هەڵهات بەرەو مۆزەمبیق. تەنیا (دەگوئێس)  وردەوردە بووە دەرهێنەرێکی بەڕازیلی. گلوبێر رۆشا، کە بێگومان لێهاتووترین ئەوان بوو، سەیروسەمەرەترین گۆڕانکاری و پەرەسەندین بەسەردا هات.  دوو فیلمی گەورەی کە ئەمڕۆکە دەبێت ببینرێن فیلمی “شێر حەوت سەری هەیە (١٩٦٩)” و فیلمی “سەربڕین (١٩٧٠)” فیلمێکی شکستخواردوو دەربارەی مێژووی بەڕازیل. هەروەها فیلمێکی سەرنەکەوتووش لە ئیتاڵیا “کلاورا”.

دەرکەوتنێکیش لە فیلمی “بای خۆرهەڵات”ـی ژان لوک گۆدار. ئەو لەناو ڕووخسارەی ڕۆشنبیرە بەڕازیلییەکاندا بەهرەمەندترین و وەڕزکەرترینیان بوو. ڕووخسارێکی گشتی کە بە زەحمەت دەکرا مۆنۆپۆلی شتێک بکرێت، تەنانەت لەگەڵ سوپاشدا؛ ئەو جێگەیەی ئەو بە هاتوهاوارەوە (وەک تاکتیک؟) ستایشی دەکرد، بەڵام ئێستا کە بەئاگایی هەموو دۆخەکانەوە دەڕوانینە ئەو سەردەمە؛ تێدەگەین ئەو دەکرا هەم ببێت دەرهێنەری فەرمیی ئەوان و هەم بارمتەیان. زۆر گەمژانەیە. کەواتە گلوبێر ڕۆشا جێپێیەکی هەڵەی لە دوای خۆی بەجێ هێشت، زۆربەی هاوڕێکانی لەدەست دا و ناچار بوو تەواوی وەحشەتییەکان کامڵ بکات. لە ڤێنیز لە ساڵی ١٩٨٠، زۆر بەخراپی و سووکایەتییەوە دەربارەی “ئەتڵانتیک سیتی”ـیی لویی مۆڵ هەڵسوکەوتی کرد. لە هەموو جێیەک ئیمپڕیالیزمی ئەمریکای بەدی دەکرد، دەستی هاڵییودی لە پشت هەموو شتەکانەوە دەبینی.

 

شتێکی تازە نەبوو، لە ساڵی ١٩٦٧ ئایدیایەکی بۆشی بۆ ئەو دەوروزەمانە خسته‌ڕوو، کە “هەموو ئامێرەکانی هۆڵیوود پینتاگۆنێکی ترە، هیچ دەرهێنەرێک بە تەواوی ئازاد نییە. بۆ دەرهێنەرانی تریکۆنتێنینتاڵی. کاتێک وەختی هەڵبژاردن دێت، ئەو دەمەی ڕووناکی هەیە. واتا کاتێک کامێرا بە ڕووی جیهانی سێهەمدا کراوەیە، ناوچەیەکی داگیرکراوه‌. لە شەقامدا، لە بیاباندا، لە دارستان و شاردا دەبێت بڕیار بدرێت، تەنانەت ئەگەر ماتڕیاڵەکانیش بێلایەن بن، مۆنتاژەکە بۆخۆی دەدوێت.” گوتارێک کە دەکرێت دڕ، ناڕۆشن و نائەقڵانی بێت.

 

بەڵام بۆ گلوبێر وەستانەوە و خەبات گرنگترین شت بوون. بە سەیرکردنی فیلمی “دۆخی جیهان” بە خۆمم گووت؛ کە گلوبێر ڕۆشا لە چل ساڵ لەمەوپێشەوە تا ئەمڕۆ هیچ نەگۆڕاوە. لە ئێستادا، کاتێک فیلمێک بەبێ هیچ دەستکارییەکی فریودەرانە دەبینین، ئەو شوێنەی کە ئەو بە تەواوی دێوانەییەوە لەوێیە و  بەتەنیا دانیشتووە، گلوبێر وامان لێ دەکات کە ئەو خەونە لەبیرکراوە بەیاد بهێنینەوە، خەونی ئاڕاستەی سینەمایەکی دیکە، شتێکی جیاواز وەک لە سینەمای ئەمریکا. خەونی هەموو ئەو خەونە سینەماییە جیاوازانەی سەردەمانێک هەبوون، ئەو خەونەی کە هەر دەرهێنەرێک دەکرێت بە شێوەیەکی جیاوازتر خەیاڵی بکات. سینەمایەکی مۆنتاژ، سینەما-ئۆپێرایەک کە ئێمە لە ئۆپێرێتی ئەمریکی جیا دەکاتەوە. هەموو ئەو شتانەی سەردەمانێک هەبوون. کاتێک دووبارە چاوپێکەوتنە کۆنەکانی کایە دو سینەما لەگەڵ گلوبێر دەخوێنمەوە، وێنەیەکی جێگیر و نەگۆڕی ئەو، وەک پێغەمبەرێکی گومانکار، وردەوردە وێنەکەی لە کۆتاییدا لە مێشکم تێکەڵ دەبێت.

 

 

ڕاستە، ئەو بەر لە هەرکەسێک هونەرمەندێکی وردەبۆرژوا بوو کە تەواوی سونەتە ئۆرتۆدۆکسییەکەی خۆی فڕێدابوو. ئەو تەنانەت سوژەی فیلمەکەی خۆی “سەرزەمینی مەست” بوو، فیلمێکی مازۆخیی جوان: چ دیکتاتۆرێک دەبێتە خزمەتکاری شاعیر؟ ئێستا ئەو شتەی لەو چاوپێکەوتنانە ڕوون و ئاشکرایە، زانیارییه‌ سەرنجڕاکێشەکانی گلوبێرە. ناسین و پەیوەندیی بە فیلمەکانەوە (تەنانەت فیلمە ئەمریکییەکانیش)،  فیلمەکان کەمتر بەڕازیلی بوون و هاوکات هەمان بیرۆکە لە هەموو شوێنێک لەژێرەوەی کۆمەڵگەیەکی پیرۆز تا سەرەوە، كه‌ خودایەکی درۆزنانەی ڕامکراو لە ئارادایە و هەندێکجار سەر هەڵدەدات.  فیلمەکانی گلوبێر وێسترنگەلێکن کە بکوژ، عیرفانی گوندی و مانیپولی سیاسی (فریوده‌ری سیاسی)، لە یەک سینایرۆ دروستدەکات. کاتێک لە سەرزەمینی “فۆلکلۆر” و سوونەت نزیک دەبێتەوە، ئەو زۆر شتی پێیە فێرمان بکات. وەک کەسێکی پەروەردەکراو لەسەر مەزهەبی پڕۆتیستانت، بە شەیدابوون بە سرووتی کاسۆلیکی، لە پشت سەری ئەوانەوە خوداوەندە ئەفریقییەکان بدۆزێتەوە و  لە تەنیشت سەینت جۆرجەوە بەدوای خوداوەندی ئۆکسێس یاخود ئۆگونەوە بێت.

ئاگادارییەکی کورت: بە نیسبەت گلوبێرەوە خوداگەلێکی ڕاست یاخود درۆ بوونی نییە، تەنیا (هەروەک دۆڵۆز گیتاری دەڵێن) “ڕیهیزۆم – خودا” هەیە. وێنە لە ژێر وێنەوە دەڕوات، ئەوان هەموویان یان درۆن یان ڕاستن. ئەوەی گرنگە زەوی نییە بەڵکو ساڵ و سەردەمە. ئەمڕۆ وشەی کولتور جگە لە بەڕازیل لە کوێی تر مانای هەیە؟  دەرهێنەرێک هەمیشە بەرو گۆڕانی بەردەوام وێنە و زمانی تازەی هەموو جیهانە. بەڵام بەڕاست ئایە گلوبێر ڕۆشا ئەو کارەی ئەنجام دا؟…  ئەمە تا ڕادەیەک هاوشێوەی سەرزەنشتەکانی بوو لە پازۆلینی لە نوسینگەی کایە دو سینەما: پیێر پاولۆ پازۆلینی مرۆڤێکی سووک بوو، چونكه‌ کاتێک دەبوایە شۆڕشێک ڕووی بدابایە، ئەو خۆی لێ بێبەری دەکرد. لە هەمووشی خراپتر، ئەو هێشتا  خەونی بە ئۆدیپ و مەسیحەوە دەبینی، لە کاتێکدا ئەوەی پێویست بوو لەو سەردەمەدا، مەسیحێکی ڕووتی ڕەشپێست بوو.

هیچ جێگەی سەرسوڕمان نییە کە گلوبێر ڕۆشا بەردەوام ئاماژەی بە ئازنشتاین دەکرد. لە سینە-کڵەبە وێرانبووەکانی ئەمڕۆمان، بەبێ درکپێکردن دەرهێنەری “پۆتەمکین” بۆتە شکۆیەکی جێهێڵدراو. ئەوەمان لەبیرکرد کە هەر دەرهێنەرێکی لە بەشێکی ئەم جیهانەوە دەست بە سینەماسازی دەکات، لە درێژەی ڕێگەکەیدا ڕووبەڕووی ئەو بەشە دەبێتەوە (ئەو بەشەی پێی دەڵێیەن “سێهەم”). ئەمەش هیچ پەیوەندییەکی بە بابەتی سیاسییەوە نییە. ئایزنشتاین، کابارە و سێرک، تەقلیدگەرایی و پارانۆیای هاوڕەگەزخوازی، جۆرە شەیداییەکی بە نیسبەت فۆڕمەکان و ڕموزبووەکان گەڕاندەوە بۆ سینەما.  فێربوونی ئینسایکلۆپیدیانە و سەما لەبەردەم خواوەندەکان. بۆ گلوبێر هیچ کات دیالۆگ لەگەڵ ئایزنشتاین بە کۆتا نایەت. “تەنانەت بە بڕوای ئایزنشتاینیش، پڕۆژەی جوانیناسیی جیهانی نوێ وەک وەرگرتنی وشەی خودا (یاخود گرنگی بە وڵاتانی داگیرکەر) بۆ هیندستانە.” گلوبێر دەڵێت: “لە سەردەمی ڤیدیۆ، لێنزی زووم و دەنگسازی، فیلمی “سەرزەمینی مەست” وەڵامێكی شەخسییە بەمانە و بە ئێس. ئێم. ئی. ئەم فیلمە بەشی سێیەمی فیلمی “ئیڤانی سامناک”ـە.”

ئەو پەرێشان و نوێگەر بوو. واقوڕماو و نائومێد. ئەو دەستی لەسەر هیچ کام لە ئارەزووەکانی هەڵنەگرت. ئەو کەلەڕەقانە، هەرگیز وازی لە پرسینی یەک پرسیار نەهێنا. چۆن دەکرێت سینەما بەبێ هیچ جۆرە باجدانێک بە ئەمریکا بوونی هەبێت؟ دەکرێت ئەمە پرسێکی گەورە بێت، بەڵام کێ دەیەوێت وەڵامی ئەم پرسیارە بداتەوە؟

ته‌واو

په‌راوێزه‌كان

[1] A Idade da Terra

[2]Embrafilm

  • فیلمی دۆخی جیهان له‌ یوتوبدا دانراوه‌ ؛ فه‌رموون

 

 

 

سه‌رچاوه‌: 

https://www.diagonalthoughts.com/?p=1675

مافی تایبه‌تی ئه‌م بابه‌ته‌ به‌ كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌دوایه‌. ‌