فرانسیس بەیکن؛ فیگورێک

Loading

حه‌سه‌ن حسێن – چیرۆكنوس

تەنیایی

چیرۆک

حەسەن حسێن

دیسانەوە دەنگی گۆرانیبێژە شەوگەڕەکە لە دوورەوە دەژنەوێت. وا ئەمشەویش ئەو لە ‏قەراغشارەوە لە شوێنە نادیارەکانی ئەم ژیانەوە بە دەم گۆرانیچڕینەوە خۆی بەم شارەدا دەکات. ‏کەمێک لەناو جێگەکەدا گوێی لێ دەگرێت، بەو هیوایەی خەوی لێ بکەوێت. بەڵام خەو ‏ناچێتە چاوانی‏ و لەناو جێگەکەدا هەر تەپوتل دەکات. بەتانییەکە بەسەر خۆیدا دەدات و ‏کونبڕی دەکات تا گوێی لە هیچ نەبێت. بەڵام دەنگەکە هەتا دێت نزیکتر دەبێتەوە. ئەم ‏گەلێکجار بەدەم گوێگرتن لە دەنگی ئەوەوە چاوی چۆتە خەو، وەک چۆن چەندینجاریش چون ‏ئێستا دەنگەکەی خەوی لە چاوانی تۆراندووە. لەژێر بەتانییەکەدا تەنگەنەفەس دەبێت و وەک ‏ئەوەی لە بنی دەریایەکدا بێت و پەلەقاژەی مەرگی بێت، زۆر بە خێرایی بەتانییەکە لەسەر ‏سەری لا دەبات و هەناسەیەکی قووڵ هەڵدەمژێت. ‏

لەناو نوێنەکە دێتە دەرێ و قەیرێک لە ناوەڕاستی ژوورەکەدا دەوەستێت وەک ئەوەی ‏بۆ شتێک بگەڕێت. دەنگی گۆرانیبێژەکە لە ناو کۆڵانەکدا دەبیستێت. دیوارەکانی ژوورەکەی ‏لێ دێنەوە یەک، وا هەست دەکات گۆڕەوشاری دەدەن. دەرگەی سەر باڵکۆنەکە دەکاتەوە، ‏هەوایەکی سارد لەگەڵ دەنگی گۆرانیبێژەکەدا خۆیان بە ژووردا دەکەن. ئەم لە باڵکۆنەکەوە ‏سەرنجی دەداتێ. ئەو بەم نیوەشەوە لەسەر سووچی کۆڵانەکەوە بێباکانە خەریکی چڕینی ‏گۆرانییەکانی خۆیەتی. ئاوڕێک بە لای چرپایەکەدا دەداتەوە، گوڵێ دەبینێت لە تاو هەوای ‏ساردی ژوورەکە خۆی گرمۆڵە کردووە. ئەم ‏بە پەلە و لە هەمان کاتدا بە بێدەنگی خۆی ‏دەگۆڕێت. بڕیاری داوە ئەمشەویش شوێنی بکەوێت. بەڵام نابێت ونی بکات “تا نەیگرم وازی ‏لێ ناهێنم.  دەبێ بزانم کێیە، چ کارەیە، لە کوێوە دێت و بۆ کوێ دەڕوات؟ بۆچی تەنیا بە ‏شەوان دێت و گۆرانی دەڵێت؟ دەبێت نهێنی ئەم پیاوە بدۆزمەوە کە ئاوا هەمیشە شەوان کوچە ‏و کۆڵانەکان تەی دەکات و غەمناکانە گۆرانی دەچڕێت. ئای لە گۆرانییەکانی ئەو پیاوە کە ‏دەمێ ساڵە گوێی لێ دەگرم. هەرچەندە ورد ورد دەمهاڕێت بەڵام ناشتوانم دەستبەرداری بم. ‏لەمێژە نهێنی ئەو پیاوە کرمئاسا مێشکم دەخوات. کەسێک بەم دەنگە خۆش و نامۆیەوە، شەوان ‏ئاوا بە سەلیقەی هونەرمەندێکی زۆر شارەزا گۆرانی دەڵێت، هەر دەبێت ڕۆژانە لە شوێنێک ‏پەراوە لەسەر گۆرانیگووتن بکات. دەبێت هەر لەو شوێنەشدا بژیێت. بێگومان دەبێ ‏چیرۆکێکی خەمناکیشی لە ناو دڵیدا هەڵگرتبێت، بۆیە وا بەم غەمگینییە گۆرانی دەڵێت“ ئەم ‏سەری لەوە سووڕماوە ئەو خونیاگەرە بە چەندین زمانی جۆراوجۆر گۆرانی دەڵێت و هی ‏گەلێک ‏گۆرانیبێژیش. هەر کاتێکیش گۆرانی یەکێک لە گۆرانیبێژەکان دەڵێتەوە رێک دەنگی ‏دەبێت بەو گۆرانبێژە.‏

ئەم سەرەتا وای دەزانی ئەو پیاوە جادووگەرێک بێت، پاشان وای بۆ دەچوو کە ‏قەلەندەرێکی هەزاردەنگ بێت. هەندێک شەو تەنیا سۆڵۆیەک دەژەنێت ساز، کەمانچە یان ‏گیتار و .. هتد. شەوی وا هەبووە بە کوردی گۆرانی چڕیووە. ‏شەوانێکیش بە فارسی، ‏عەرەبی، تورکی، ئازەری و ئەرمەنی. باشتر وایە بڵێێن ‏ئەو گۆرانی ناڵێت بەڵکو شتێک ‏دەڵێت کە لە ناڵەیەك دەچێت تا لە گۆرانی. ئاخر ئەو ‏گۆرانییانەی ئەو دەیانڵێتەوە هەمیشە ‏خەمێکی قووڵیان لێ دەچۆڕێتەوە. خەمێک تەنانەت ئەگەر لە ‏وشەکانیشی تێ نەگەیت، بەڵام ‏بە ئاوازەکانیا دەزانیت کە باس لە چ کۆستێکی گەورە دەکەن، ‏باس لە بەجێمان، دابڕان و ‏دوورکەوتنەوە دەکەن. ‏

ئەم بە بێ سرپە لە ماڵ دێتە دەرەوە. کە دەرگەی حەوشەکە بە کراوەیی بە جێدەهێڵیت ئینجا ‏بیری دەکەوێتەوە دەرگەی باڵکۆنەکەی دانەخستۆتەوە و دەترسێت گوڵێ سەرمای بێت. ‏بزەیەکی قەهراوی دەکەوێتە سەر لێوەکانی( گوڵێی چی!) دە نێو کۆڵانەکە دەکەوێت. ئەوەتا ‏هێشتا ئەو لەو سەری کۆڵانەکەیە هەر دەڵێیت چاوەڕوانی ئەمە. دەڵێیت ئاگاداری ‏بڕیارەکەیەتی. ئەو بە فیتولێدان بەرەو ئەو سەری کۆڵانەکە هێواش هێواش بەرەو ناوەندی ‏شار دەڕوات. ئەمیش هەر لەسەر هەمان ڕیتمی رۆیشتنی ئەو شوێنی دەکەوێت.  ‏

ئەم لە بیری نایەت ئەو پیاوە لە کەیەوە بە ناو ئەم شارەدا دەگەڕێت و گۆرانی دەڵێت. ‏هێندەی لە ‏یادە کە لە سەرەتای گەنجێتییەوە گوێی لە گۆرانییەکانیەتی. ئەو کاتانەی تازە یەک ‏دوو ساڵێک ‏دەبوو بۆ خەوتن لە باخەڵی دایکی هاتبووە دەرێ و جێونوێنی جیاکردبۆوە. ‏شەوانە هەر کە ‏خێزان چاویان دەچووە خەو، ئیتر دەنگی گۆرانیبێژەکە دەهاتە گوێی و بە ‏گۆرانییە غەمناکەکانی ‏ئۆقرەی لێ دەبڕی‏.‏

ئەو ڕۆژگارە خونیاگەرەکەیشمان دەنگێکی ناسکتر و گەنجانەتر لە ‏ئێستای هەبوو.‏ ئەم ‏لەناو ‏جێگەکەیەوە بەدەم هەنسکهەڵدانەوە هەتا چاوانی دەچوونە خەو ‏گوێی ‏لە ‏گۆرانییەکانی ‏دەگرت. ئەو ‏جارانەیش کە گۆرانییەکانی نەیاندەهێشت بخەوێت و ‏خەویان لێ دەزڕاند، دەرگەی حەوشەی ‏دەکردەوە و چاوی بەمسەر و ئەوسەری کۆڵانەکەدا ‏دەگێڕا تا بزانێت ئەو دەنگە لە کوێوە دێت، تا ‏بیبینێت. بەڵام فریا نەدەکەوت و‏ بە تەنها ‏تارماییەکی دەبینی کە هێدی هێدی بۆ ئەوسەری ‏کۆڵانەکە دوور دەکەوتەوە. هەندێکجار ‏بە ‏هێواشی بە پەیژەکەدا دەچووە سەربان و چاودێری ‏دەکرد. بە دزی خێزانەکەیەوە دەچوو چاو و ‏گوێی بە کوونەکانی دیواری ‏حەوشەکەوە دەنا. بەسەر ‏دیوارەکەدا هەڵدەزنا، بەڵام تەنیا ‏تارماییەکەی دەبینی ‏کە بە گۆرانی گووتنەوە لە نێو کۆڵانە ‏تاریکەکەیاندا‏ ڕەت دەبوو. تەنانەت ‏هەندێکجار هەستی بە پێیەکانی ‏دەکرد کە بەسەر سەربانە ‏گڵینەکەیاندا دەڕۆیشت. ‏چەندین جار ‏بەیانیان زوو لە ناو جێگەکەی دەرپەڕیووە ‏و ‏سەیری ‏بەردەرگا و ناو کۆڵانەکەی ‏کردووە ‏بەشكو ئەمە خوایە لە پەنایەکدا خەو بردبێتییەوە و لە ‏نزیکەوە بیبینێت. بەڵام ‏هیچ ‏شوێنەوارێکی بەدی نەدەکرد. سەرەتا دایکی، خوشک و براکانی ‏وایاندەزانی ئاشق بووە و ‏سەرەتاتکێ ‏لەگەڵ کچە ‏دراوسێیەکدا دەکات. بۆیە لەو ڕەفتارانەی ‏ئاگاداریان دەکردەوە و لێی ‏تووڕە دەبوون چونکە ‏ئەمە دەبێتە ‏هۆی حەیاچوونیان. ‏بەڵام ئەم باسی ‏چیرۆکی ئەو ‏گۆرانبێژەی بۆ دەکردن و پرسیاری لە دایک، ‏خوشک و براکانی دەکرد. ئەوان ئەمەیان ‏بە ‏زرنگانەوەی مێشکی دەزانی. پاشان وەک ئەوەی هەموویان لەسەر قسەیەک ‏رێککەوتبن ‏ئامۆژگاریان دەکرد توخنی ئەو گۆرانیبێژە نەکەوێت و نەبێتە هاوڕێی، پێیاندەگووت؛ ئەو ‏گەنجێکی وێڵ، سەرگەردان و بێ کەسە. نزیکی مەکەوە و مەیناسە، نەوەک ‏خووت تێک بدات… ‏پێیاندەگووت؛ زۆر کەس دوای ئەوەی بوونەتە هاوڕێی، خوویان ‏تێکچووە، ئەو بە جێی ‏هێشتوون… ‏ ‏

‏ ئەم بە هۆی ئەوەی ئەوەی لە ماڵەوە شوێنی بۆ کۆششکردن لە وانەکانیدا نەبوو، ‏دەچووە بەردەرگا ‏و لەناو کۆڵانەکەدا هۆنراوە و وانەکانی بە ئاوازەوە ئەزبەر دەکردن و ‏دەیگووتنەوە. یان لەگەڵ ‏برادەرەکانیدا دەچوونە یاریگاکەی تەنیشتیان کە تاقە یاریگای گەورەی ‏شارەکە بوو و ئەمان هەم ‏بۆ ‏دووگۆڵی وهەم بۆ کۆششکردن لە وانەکاندا دەچوونە وێندەر. ئەم ‏ئەو کاتانە چێژێکی زۆری ‏لەوە دەبینی کە شەوانە یان بەیانیان زوو بە تەنیا لە کۆڵان یان ‏یاریگاکەدا کۆشش بکات. ‏چونکە دەیتوانی بە دڵی خۆی ورەور بکات و لەبەرخۆیەوە گۆرانی ‏بڵێت. بە ئومێدی ئەوەی  ‏گۆرانبێژەکە لە ژێڵدا بێت و گۆرانی بۆ بڵێت، ئیدی ئەویش لە ‏نادیارەوە پەیدا دەبوو و لە پەنایەکی ‏تاریکی کۆڵانەکەدا یان لەناو یاریگاکەوە گۆرانیان بۆ ‏یەکتر دەسەندەوە. ئەم بە دەم گۆرانیووتنەوە ‏بەرەو لای تاریکایی و دەنگەکەی ئەو دەچوو. ‏بەرەو ناو تاریکایی یاریگاکە دەڕۆیشت. بەڵام ئەو ‏بە پەلە دوور دەکەوتەوە و خۆیی لێ ون ‏دەکرد. ئەمیش لەبەرئەوەی هێشتا گەنجێکی کەم ‏ئەزموون بوو و لە هەموو شتێک و کەسێکی ‏نامۆ و نەناسراو ترسێنرا بوو، بۆیە نەیدەتوانی لە ‏کۆڵانەکە زۆر دوور بکەوێتەوە. ئەم تێبینی ‏کردبوو لەو کاتانەدا هەندێک لە کچانی دراوسێ و ‏کۆڵانەکەیش لەودیوی چیغ و ستارەکانی ‏سەربانەکانەوە گوێیان هەڵدەخست. ‏

ئەو کاتانە ئەم لە دڵەوە حەزی دەکرد هاوەڵی بکات و پێکەوە کووچە و کۆڵانەکانی شار ‏بگەڕێن. ‏بەڵام ئەمێک کە بە ڕۆژیش بۆی نەبوو بە تەنیا یان تەنانەت لەگەڵ برادەرەکانیشیدا ‏لە ‏کۆڵانەکەیان دووربکەوێتەوە و تا باخە سەوزەکانی قەراغ شار یان بۆ گەڕەک و ‏لاکۆڵانەکانی شار ‏بچێت، چۆن دەیتوانی بە شەو بچێتە دەرەوە و هاوەڵی گەڕانی بێت؟ ئاخر ‏گەڕەکەکەی ئەوان کە لە ‏قەراغی شاردا بوو پڕی بوو لە شەقاوە و چەقۆوەشێن، هەتیوباز و ‏منداڵباز.  زۆربەی منداڵان ‏ئەگەر خۆشیان ئەقڵیان پێ نەشکابا ئەوا خێزانەکانیان ڕێیان ‏نەدەدان لە کۆڵان و گەڕەک ‏دووربکەونەوە نەکا لاقە بکرێن. ‏خۆ ئەگەر منداڵانێک ‏سەرکێشیان کردبا و توخنی ئەو شوینە دوورانە کەوتبان، ئەوا بە سەرفرازی نەدەهاتنەوە.‏

وا دەگاتە سەرەتای شەقامی مەولەوی، ئەو شەقامەی ڕێگەی بەردەوامی چوون و گەڕانەوەیەتی ‏بۆ ناو بازاڕ و ناوەندی شار. شەقامەکە چۆڵ و تاریکە. تاکوتەرا کەسانێکی بێ خانەولانە یان ‏بەهۆی کارکردنەوە بە شەقامەکەوەن. گڵۆپی دارتێلەکان شەوانە هەڵناکرێن، هەندێک دوکان لە ‏ترسی دزیوفزی و ئاسایشی شەقام و دوکانەکانیان، خۆیان گڵۆپیان بۆ دوکانەکانیان داناوە و ‏دایدەگیرسێنن. گڵۆپی داگیرساوی ژێر چەرداخی دوکانێک، بەردەمی دوکانەکە دەکاتە ‏سەکۆیەکی شانۆ. ئەم دەیبینێت ئەو لەبەر ڕووناکییەکەدا ئەرێ گوڵێی سێوە دەڵێتەوە. ئەم ‏چاوەکانی پڕ ئاو دەبن و بینایی لێل دەبێت، بەڵام بە خێرایی بەرەو رووناکییەکە دەڕوات. ‏قەستیەتی یەخەی بگرێت، رایوەشێنێت و پێی بڵێ: (برالە! ئەرێ ماندوو نەبوویت؟ دەزانیت ‏تۆ چەندین شەوە ‏بەم ئاواز و گۆرانییانەت منت وێران کردووە. یەخەت بەرنادەم هەتا بەڵێنم ‏پێ نەدەیت کە هیچ ‏شەوێکی تر نەیەیتەوە بۆ کۆڵانەکەمان و دەست لە یەخەم بەر نەدەیت). ‏خۆی لەبەردەم دوکانەکەدا دەبینێتەوە یەخەی جەمالی بەدەستەوەیە کە لەسەر پارچە مقەبایەک ‏راکشاوە. جەمال دەست بە جنێودان و کفرکردن دەکات. جنێو بە کورد و هەموو سەرکردەکانی ‏دەدات. جنێو بە خودا و ئاسمان و هەموو پەیامبەرەکانی دەدات. ئەم بەهۆش خۆی دێتەوە ‏باوەشی پیادا دەکات، بێباک لەو بۆنە ناخۆشەی کە بەهۆی فەرامۆشکرانییەوە لێی دێت، ‏بەسەریا دەگری.‏

‏” جەمال بیری ئەو پەنجەیەت دەکەم کە ڕۆژانێک دەتکرد بە قنگی هەموومانا”‏

جەمال بە توندی دەستی ئەم لە یەخەی دەکاتەوە و لێی پاڵ دەکەوێتەوەو هاوار دەکات:‏

‏” پەنجەم بە قوزی ژنی هەموو سەرکردەکانی کورد” ‏

فرانسیس بەیکن؛ فیگورێک

جەمال بە گەنجی مرۆڤێکی ئاسایی بووە، هەتا ئەو کاتەی مامۆستا یاسینی برای لە ‏ڕووداوەکانی ساڵی شەستوسێدا گولـلەباران دەکرێت و ئەمیش کە دەچێتە سەر لاشە خوێناوی و ‏شێواوەکەی ئیدی باری ‏دەروونی تێک دەچێت. کوژرانی ئەو پیاوە شۆکێک بوو بۆ جەمال و ‏خێزانەکەیشی کە ژیان و چارەنووسیانی بۆ هەتاهەتایە گۆڕی. ‏ساڵانێکی زۆرە هەموو ‏جیهانەکەی ئەو لە شەقامی مەولەوی و سەعید تەها کۆییدا بچووک بۆتەوە و لەوێدا پیاسە ‏دەکات و بوز بە خەڵکییەوە دەکات. بەڵام لەوەتەی چاوەکانیشی لە دەستداوە زیاتر هەر لەو ‏شەقامانە دەمینێتەوە و دەخەوێت.‏ ئەم بە دەم هەنسک هەڵدانەوە لە جەمال دوور دەکەوێتەوە و شوێن دەنگەکە دەکەوێتەوە ‏کە دیسانەوە دوورکەوتۆتەوە. بەزەیی بە تەنیایی و بێدەسەڵاتی خۆیدا دێتەوە کەوا بێهوودە بەم ‏نیوەشەوە شوین ئەو بابایە کەوتووە و ناتوانێ پێی بگات… بەڵام لێی ناگەڕێت ئەمشەو لە دەستی دەرچێت، دەبێت بزانێت ئەو هەر بە راستی مرۆڤە یان ‏تارمایی، راستییە یان خەیاڵ. ئاخر چلۆن دەتوانێت ‏بەو هەموو زمانانە گۆرانی بچڕێت. ‏دەگاتە لای مزگەوتی گەورە. ئەم زۆر لێی نزیک دەبێتەوە و دەستی بۆ درێژ دەکات، نووکی ‏پەنجەی بەر شانی دەکەوێت ( دەی چنگم لێت گیر بێت! دەزانیت تۆ لە گەنجێتیمەوە منت بە ‏دەنگی خۆت ئالوودە کردووە؟ بیرت دێت شەوێکیان بەردەوام گۆرانیت دەگووت و ئەو ‏گەڕەکەت چۆڵ نەدەکرد وەک ئەوەی چاوەڕێم بیت بێمە دەرەوە بۆ لات؟ بەڵام من هێندە ماندوو ‏و بێزار بووم لە گوێگرتن لە گۆرانییەکانت، لە حەوشەکەدا هاوارم بەسەرتا کرد: بەسە ئیدی ‏ئەم ئاوازە راگرە! بەسە مێشکم تەقی! دراوسێکان لەم هاتوهاوارەی من ڕاپەڕین و بەسەرماندا ‏دابارین. هەبوو پێکەنینی بە حاڵم دەهات، هەیانبوو بەزەیی پێمدا دەهاتەوە و سەرکۆنەی ‏دایکمیان دەکرد، کە هەوڵی چارەسەرکردنم نادات. مەلای گەڕەک و چەند پیرەمێرد و ‏پیرەژنێک گووتیان؛ دەبێت قورئانی بەسەرا ‏بخوێنین تا ئەوان لێی دوورکەونەوە…

چەند ‏سەرەژنێک بە دایکمیان گووت؛ هەموو گەڕەک و خەڵکی شارەکەیش دەزانن کوڕەکەت و گوڵێ ‏ئاشقی یەکترن. ئەگەر تۆ خوازبێنی بۆ ناکەیت، ئێمە دەچینە خوازبێنی، با ئاوێک بە ئاگری ‏ئەم دوو دڵەدا بکرێت… هەر ئەوە شەوە دایکم و ژنانی گەڕەک گوڵێیان بۆ خواستم و بۆشیان ‏گواستمەوە. بەو نیوەشەوە خەڵکی گەڕەک کردیان بە گۆرانی و هەڵپەڕکێ. بەڵام من هەر بێ ‏ئارام و شپرزە بووم. کاتێکیش خەڵکەکە هەموو ماڵیان چۆڵ کرد و من و گوڵێیان بە تەنیا بە ‏جێهێشت. من لەرزێکی توندم لێهات. گوڵێ بە خەندەیەکی جانانە و دوور لە شەرمی تازە ‏بووکێک، یەک یەک جلکەکانی لەبەر خۆی داکەندن، لێم نزیک بووەوە، دەستی بەسەرما هێنا ‏و سەرمی توند بە سنگییەوە نووساند. خزاندمییە ناو جێگەکەوە “وەرە ئازیزەکەم سەرت بنێ ‏بەم سنگ نەرمەمەوە. وەرە با مەمکەکانم دەموچاوت و گوێیەکانیشت داپۆشێت. وەرە لەسەر ‏ئاوازی لێدانی دڵم کە لە ژێر مەمکی چەپما خۆی حەشارداوە سەما بکە و ئاواز بخوێنە…“  ئەو ‏چی گووت، منیش وام کرد. گەرمی و بۆنی خۆشی سنگ و مەمکی جەستەمیان گەرم داهێنا، ‏گڕیان تێ بەردام. من نازانم چەند جار تەپوتل و ئەمشان و ئەوشانمان کرد. هێندە دەزانم پاش ‏کەمێک ئەو بەتەواوی شلوشەکەت بوو و کەوتە خەوێکی قووڵەوە. هێندەی نەبرد جەستەیشی ‏شل و خاو بوویەوە و ئیدی سنگ و مەمکی توانای جڵەوکردنی سەر و گوێچەکەکانمیان نەما. ‏هەر ڕێک لەو کاتەدا دیسانەوە دەنگی تۆ کۆڵانەکەی پڕ کردەوە. لە بیرمە ئەو شەوە، وەکو ‏چەندین شەویتر کە دوای ئەوەی گوڵێیان بۆ لە پەردە دەکردم و لە یەکتر تێر دەبووین، تێر ‏گریام. بۆ بەدبەختی خۆم دەگریام، بۆ ئەم چارەنوسەم دەگریام کە ئاوا منی بە تۆوە شەتەک دا. ‏بۆیە هەر دەبێت بتگرم و ئەم فەرمانەی خودا بشکێنم کە دەبێت بۆ هەمیشە گوێبیستی ئاواز و ‏گۆرانییەکانت ببم. ئەها! وا خەریکە دەتگرم…  

تەقەی سەرقاپێکی قابلەمە ڕایدەچڵەکێنێت. ‏نیگا دەکات بەو دوای نیوەشەوە لە بەردەم دەرگای مزگەوتەکەدا ژنێکی دێوانەی بێ سەرپەنا ‏لەسەر پارچە مقەبایەک دانیشتووە و چەند مرۆڤێکی بێ خانەولانەیش لەملاولای ژنە ‏دێوانەکەوە لاڵ و پاڵ لێی کەوتوون. ‏ژنەکە گەمە بە سەرەقابلەمەیەک دەکا. زووزوو بەری ‏دەداتەوە سەر زەوییەکە و خڕەیەکی تایبەتی لێ هەڵدەسێنێت، چەند وشەیەک دەڵێت کە کەس ‏لێیان تێناگات ( سەبەتاڵ .. خڕڕڕڕڕڕڕ…. سەبەتاڵ سەبەتاڵ خڕڕڕڕڕڕڕ) ئەم دەحەپەسێت. ‏ئاخر ئەوە گوڵێیە! ئەی بۆ وای لێ بەسەر هاتووە. قوڕگی پڕ لە گریان دەبێت.   ‏

لە گەرمەی جەنگی ئێراق – ئێراندا، بە هۆی پریشکی ئاگری جەنگەکەوە ناوچە ‏سنوورییەکان ‏ چۆڵ کران. سەدان خێزان ئاوارەی ناو شار و شارۆچکەکان بوون. خێزانی ‏گوڵێش بە ناچاری زێدی خۆیان بە جێهێشت، هاتنە سلێمانی، لەم کۆڵانەی ئەماندا گیرسانەوە و ‏بوونە دراوسێیان. گوڵێ بە هۆی کوژرانی براکەیەوە لە یەکێک لە تۆپبارانەکانی ئێراندا بۆ ‏سەر شارۆچکەکەیان بەردەوام جلی ڕەشی لەبەردا بوو. ئەو سپیکەلانەیەکی چاووبرۆ گەورەی ‏دەم هێشوویی بوو. باڵای بەرز بوو، شۆڕەکچێک بوو بۆ خۆی. دوو کەزیەی رەشیشی بە ژێر ‏ڕەفتەکەیدا کە لە پشت گوێچەکەیەوە دەیبەست بەسەر شانوملیدا هاتبوونە خوارەوە و دڵی ‏گەنجانی بۆ خۆی دەبرد. خوشکوبراکانی گوڵێ لە قوتابخانەیەکی گەڕەکەکەدا وەرگیران و ‏دەستیان بە خوێندن کرد. ئەم لە وانەکانیاندا یارمەتی خوشکوبراکانی ئەوی دەدا و ئەمەیش ‏هەردووکیانی لە یەکتر نزیک کردەوە و دڵبەستەی یەکتر بوون. ئەم ئیدی لە نێوان گوڵێ و ‏گۆرانیبێژەکەدا دابەش بوو. ئەوان ئەمیان خستە نێو دوو دونیاوە و هەر یەکەیان بۆ خۆیی ‏پەلکێش دەکرد. بەڵام سەرەنجام هەردووکیان هەر دەیانهێنایەوە ناو کۆڵان، هەستهەڵگرتنی ‏شەوانە، ئێشکگرتن و خەوزڕان. چیرۆکی ئەم و گوڵێ و سەرسوچی کۆڵان، ئەم و ‏گۆرانیبێژەکە و گەڕان بەناو کۆڵانەکەدا بە تەواوی لای هەموو کەس ئاشکرابوو. ناوی ئەم ‏بەردەوام لەسەر زاران بوو، زاری ناسیاو و نەناس. ‏

چەندین شەو باوکی گوڵێ بە تێڵایەکەوە ڕاوی نابوو. دەیانگێڕاوە کە شەوێکیان تووشی هێزە ‏تایبەتەکەی مولازم موحسین بووە، بەڵام کاتێک مولازم موحسین ‏ناسیوویەتییەوە گووتویەتی؛ ‏ئەو کوڕە عاشقەکەیە، ئیدی لێی گەڕاوە… ئەم موستیلە و دیاری بۆ گوڵی دەکڕی بەڵام ئەو ‏نەیدەوێرا وەریان بگرێت. ئەم دەیان نامەی ئاشقانەی بۆ گوڵێ نووسین بەڵام گوڵی بە هۆی ‏ئەوەی کاتی خۆی نەخرابووە بەر خوێندن و خوێندەواری نەبوو، لە ژووانەکانیاندا خۆی ‏نامەکانی بۆ دەخوێندەوە. هاوینان لەسەربان کاتی خەو، هەتا لە نێو چیغەکانیانەوە دەستی ‏شەوباشیان بۆ یەکتر بەرز نەکربایەوە نەدەخەوتن. بەیانیانیش هەر دەبوو ئەم گوڵێ ببینێت بە ‏پێوە لە ناو چیغەکەدا پاش لە خەوهەستانی دەستێک بە سەر و قژەکەیدا بهێنێت. ئاخر ئەم ‏جارێکیان ئەو داوایەی لە گوڵێ کردبوو.‏

کاتێکیش خێزانی ئەم رازی نەبوون خوازبێنی گوڵێی بۆ بکەن و گوڵێش لەلایەن ‏باوکییەوە بە زۆر بە مێرد درا و لە یەکتر دابڕان، ئیدی ئەم بۆ ئەبەد خۆشەویستی و ‏هاوسەرگیری لەبیری خۆی دەرکرد. خۆ دوای ئەوەی بە هەر فەلاکەتێک بووە خوێندنی تەواو ‏کرد و لە فەرمانگەیەکدا بوو بە فەرمانبەری گەنجینە، گەلێک کچی ناسین بەڵام نەیتوانی ‏هیچیانی خۆش بوێت. تەنانەت دوای مردنی پیرە دایکەکەیشی، خوشک و براکانی زۆریان ‏لێ دەکرد هاوسەرگیری بکات بەڵام ئەم رازی نەدەبوو و ژیانی تەنیایی پێ باشتر بوو. هەموو ‏جارێکش هەر ئاوا وەڵامی دەدانەوە: ‏

‏(باشە وا هاوسەرگیریم کرد و منداڵم خستنەوە. خێزانێکی پڕ جووڵە، دەنگەدەنگ، ‏خۆشەویستی و ئالوودەبوونم دروستکرد. خێزانێک پڕ لە پێکەنین و قسەی خۆش. پڕ لە ‏خەون و ئارەزوو. بەڵام پاشان چی منداڵ گەورە دەبن و دەڕۆن. سەرەنجام من و هاوسەرکەشم ‏یەکێکمان لە پێشاندا دەمرین. چی لەو خێزانە دەمێنێتەوە جگە لە بێدەنگی، تەنیایی و ‏چۆڵەوانی؟ من کە دواجار چارەنووسم هەر تەنیایی بێت. بۆ هەر لە ئێستاوە درێژە بە ‏تەنیاییەکەم نەدەم؟)‏

فرانسیس به‌یكن؛ دوو فیگور له‌گه‌ڵ مه‌یمونێكدا
Francis Bacon’s ‘Two Figures
with a Monkey’ -1973

هاواری نۆکاوفرۆشەکەی بەردەم مزگەوتەکە بە ئاگای دەهێنێتەوە. دەیەوێت بچێت بۆ ‏لای ژنەکە(گوڵێ). دیسان گوێی لە گۆرانیبێژەکە دەبێتەوە کە گۆرانی ئەرێ گوڵێ دەڵێتەوە. ‏ڕای دەگۆڕێت و بەرەو لای دەنگەکە پێچ دەکاتەوە. ئەویش دووردەکەوێتەوە “ئەی بە نەفرەت ‏بیت“ دەکەوێتە لۆقە و نەرمەغار. ئەویش بە هەمان شێوە. بەسەر شەقامەکەدا بەرەو بەردەکی ‏سەرا و پاشان بە شەقامی سابونکەراندا شوێنی دەکەوێت. نەشئەیەک دەیگرێت “چەند خۆشە ‏بەم شەوە فێنکە بەسەر شەقامەکاندا ئازادانە ڕابکەیت! خۆ مرۆڤ ئەگەر چەندە زەرووریش ‏بێت ناتوانێت بە ڕۆژ بە بەرچاوی خەڵکەوە بە سەر شەقام و جادەکاندا ڕابکات“ لە کۆتایی ‏شەقامەکەدا بەرەو لای راست و گردی سەیوان دەڕوات و ئەمیش هەروا بە شوێنیەوەتی. ‏دەگەنە گردی سەیوان ئەم تەواو شەکەت و ماندوو دەبێت. ئەمجارە لە ناو کێلی گۆڕەکاندا لێی ‏ون دەبێتەوە. ئەم بێباکانە لە پاڵ دارئەرخەونێکا دادەنیشێت و سەیری دیمەنی شار دەکات. بە ‏دەنگی بەرز دێڕە شیعرەکەی حەمە عومەر عوسمان دەڵێتەوە:‏

ئەیگووت؛ بڕوانه ئه و خامۆشییە..‏

مه زار به هه شتی خۆشیی نه دیووه

دره ختی مه یل و شه ڕ و ئاژاوه..‏

له گۆڕا ڕه گ و ڕیشه ی ڕزیوه

 

دەنگێک ڕای دەچڵەکێنێت “ئەوە دیسانەوە تۆیت، بەم شەوە خەوم لێ دە زڕێنیت؟“ ئەوە دەنگی گۆڕهەڵکەنەکەیە. “ ئەرێ تۆ بۆ وازم لێ ناهێنیت؟ نابینیت چەندە ماندووم؟ بۆ نایەڵیت کەمێک بحەوێمەوە و ‏چێژ لەم شنەبایەی بەیانیان وەرگرم؟“

“ببوورە خاڵە گیان! من ئەمە یەکەم جارمە بە شەو بێمە ئەم گۆڕستانە. من بە شوێن ئەو ‏گۆرانیبێژە نەفرەتییەدا هاتم. ئەو چەندین ساڵە ژیانی لێ کردووم بە دۆزەخ. نازانیت بۆ کوێوە ‏چوو؟“  ئەم وەڵامی دەداتەوە

‏“هەر هەمان بەیت و بالۆورەی جارانە. ڕۆڵە گیان، تۆ گەلێکجار دێیتە ئێرە. من ئەمە چەندین ‏جارە پێت دەڵێم کە گۆرانیبێژەکە خۆتیت! جگە لە تۆ کەسیتر نییە“ کابرای گۆڕهەڵکەن وای ‏پێ دەڵێت. ‏

ئەم ڕادەچڵەکێت .. هاوار دەکات “ چما من خۆمم لێ ون بووە؟“

کابرای گۆڕهەڵکەن دەستێک دەخاتە سەر شانی و هەناسەیەک هەڵ دەکێشێت “وا مەلا بانگدانە، من دەبێت بۆ مزگەوت بچم. ئەم چاڵەم ئامادەکردووە. بچۆ ناوی، با کەمێک ‏پشوو بدەیت.. وەرە .. دەی .. ئە ئاوا“

ئەو هێدی هێدی بەرەو چاڵەکە شۆڕ دەبێتەوە، لەسەرخۆ رادەکشێت، چاوەکانی دەنووقێنێت و ‏لەبەرخۆیەوە گۆرانی دەڵێت.‏..

14.10.2021

          

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌