ڕه‌ێنیه‌ مارگه‌ریتا- دوو ئاشق René Magritte, Les amants - Die Liebenden - The lovers Museum of Modern Art, New York

Loading

چێژی مەرگ

 لەو دیوو پەنجەرەکەت نیوەی ئاسمانە و نیوەکەی دی زەوی، یانژی خۆتیت، پێدەکەنیت بڕوات وایە ئەوێ ھەمووی لەگەڵ تۆدا دەمرن و ئەوێ ھەمووی لە ھۆشی تۆدا دەژیان و ئێستا دەمرن. گاردەکەی بەردەم کۆشکەکە و پیاوەکەی ناو کۆشکەکە و ھامووشۆی بەردەم کۆشکەکەش. لەو بیرەدا بوویت، بایەک دێت و چەند گەردە خۆڵێک دێنێتە ژورەوە و چاوەکانت دادەخه‌یت و دەلەقیت، تەنافەکەش و کورسیەکەش دەلەقن لەگەڵتدا. ھەمووی دێتەوە یادت، ھەمووان ھیچ شتێکت لە بیر نەکردووە، بۆیە لە ئیستات دڵنیایت، وەک چۆن لە دەستەکانت دڵنیایت بەستونەتەوە، چوون بڕوات پێیان نییە، دەجوڵێیت و دەکەویت کورسیەکە دەکەوێت بەلا و تۆش دەخەویت و پێدەکەنیت.

By Rene Magritte

 

 

 

چارەنوس

لەوێدا خۆڵەکان بوونەتە لیتە و پەستراون، بێ دوودڵی ھەنگاوەکانتی بەسەر داوێژیت، سڵ ناکەیتەوە لە سەرما، دەیان دەنگ بەگوێتدا ئاخن دەبن، لە نێویدا با، وەکوو موس گۆنات دەبرێت؛ یەکێ «باری شان» جاڕ دەدا وەڕس دەبیت و گوێت لە غەڵبە غەڵبە تۆش وەک تووتی دەیڵێیتەوە، ئەو بە بەرچاوتدا دەکەوێت، ھەمووان دەڵێن؛ `کافرە کافرە لێیدەن لێیدەن`…تۆش نیگەرانیت و ڕادەمێنیت و ھەوڵدەدەیت باش بیت و لەبەر خۆتەوە دەڵێیت؛ `ڕاستە سمێڵی ھەیە و ئاینی لە ئێمە نییە، نانا..` خۆت بەرسیڤی خۆت دەدەیتەوە `ئەوە ئاین نیە کارەکەم… ` …بزەت دێتێ کاتێک خوێن لە لووتی فیچقە دەکات و ھێزێک لە ناوەوەت ئەوکێت دەگرێت بە چەشنی ئاگر تەوێڵت گەرم دەکا و سارد دەبیتەوە.

ئەوان وازیان لێ ھێناوە و ئەو تەواوی لەشی خوساوە  لە خوێن و لیتەی قوڕ، تۆش ھێشتا نیگات لەسەریەتی.  دەڕوات بە شوێنی دادەڕۆیت، و ئەوانیش لە دواوەیە و  تۆش لە دواوەی دواوە. خەڵک پەرت دەبن و تاوێک دوورترن لێت، ئەوێ بێدەنگە و گوێت لە ھەنسکی خۆتە و دڵت خێراتر چەشنی سندانی ژێر کوتەک بە سینەتدا دەکوتێت، گوێت لە دەنگێک دەبێت ھەموویان ئەم جارە دەنگی ژیان نییە، دەنگی بازاڕ نییە، دەنگی شار نییە…

دەنگی دەربڕینی پیتی  «خخ» لە سینەی ئەو، سینەی ھەوا دەدا و دەکەوێت بەسەر چەقۆی ئەواندا، سێبەری ئەوان ھی چەند منداڵێکن و ئەو دەخەنە نێو بەرمیلەکە و دەسوتێت لەگەڵ دارەکان. فەوارەکان لە پێشی پێشوەی گڕەکە لەگەڵ دووکەڵ بەرز دەبنەوە و تۆش تاساویت و کارەکەت و ئاینەکەت لە بیر کردووە. تۆ ھەموو شتێک دەربارەی ئەو دەزانێت، کە ئەو تاقانەی دوو خوشک و دایکێکە،  ئەو ئیتر بۆتە خۆڵەمێش، دەشزانێت کۆتاکەی ئەو لە نێو ئەو بەرمیلەدابوو. وابیرت دەکردەوە تەنیا ھەرزەکارێک بوویت…دوای تاوێک خەو دەتباتەوە پشتت کردووە بە دیوارەکە و لە ھیکڕا گوێت لە دەنگی منداڵی خۆت دەبێت.

By Rene Magritte

 

 

    ژیان 

تۆ ھێشتا دیار نیت و دەنگت نیە، خەیاڵت نیە، دڵت نیە، ژانت نییە، نا ھەتە بەڵام بۆ ئەوان نیتە، تەنیا دەجوڵێیت، ژنەکە زیڕە دەکا و دەقیژێنێت، ھەمووان دڵی دەدەنەوە، بەھەرئاوازێک، بەڵام ئەو ھەر دەگریت و تۆش گوێت لێ نیە، ئەو دەڵێت «وەرە دەرەوە» تۆش تەنیا دەجوڵێیت و ئەو دەڵێت «ئازیزەکەم ئازارم زۆرە وەرە دەرەوە» تۆ تەنیا دەجوڵێیت و دەجوڵێیت..، ئەو سەرچەفەکە بە نێو لەپی دەکوشێت و ئەمجارەیان پەڕۆیەک لە نێو زاری دایە و تەنیا مڕەی دێت و تۆش ھەر دەجوڵێیت و پەلەتە و نایەیتە دەرەوە، چاوەکانی ئەو سپی دەبێت و کل و فرمێسک پێیدا دێنە خوارەوە، تۆیش ھەر دەجوڵێیت نایەیتە دەرەوە، قاچەکانی بەرز کراوەتەوە، سکی پەماوەتەوە و سەیرت دەکات دەجوڵێیت. ژنە بە تەمەنەکە سەری دەسوڕمێ و دەتاسێ دواتر بزەی دێتێ،  «ئەمەیە ئازارەکە» وادەڵێت. تۆ دەبینێت و ڕات دەکێشێتە دەرەوە، ژنەکە جوڵەی نامێنێت و لەھۆشدەچێت، تۆ چوار قاچ و دوو سەلک و چوار دەست و دوو ناوکت ھەیە، تۆ دوانەیت، بەڵام بە ڕاستی کامیانیت، نازانرێت، دەبێت ئەوەیان بیت دەگریت و دەنگت دەبیسترێت، دەنگی خۆت بۆ یەکەمجار دەبیستیت و تۆ ئەوەیانیت کە دەگریت ئەوەی تر تۆ نیت، ئەویان خەوتبوو، تۆ دەگریت و ناوکت دەبڕن و ئیتر تۆ دەجوڵێیت و دەگریت و تەنیا یەک سەلک و دوو قاچ و دوو دەست و ناوکێکت ھەیە، دیمەنی نێو کۆنە بیناکە دەبینیت و سێ ھەرزەکار منداڵێک دەسوتێنن، دواتر دوو منداڵ سەریان پلیشاوەتەوە کەوتونە ژێر جۆڵانەکە و لەولاتر ژنێک دەناڵێنێت بە ھۆی ژێرپەنجەوە خوێن لەھەموو بەدەنی دێت.  لە پڕ پشتت لە دیوارەکە کردۆتەوە ڕادەکەیت، چیتر ناچیتەوە گومرگ، دەکەویت و ڕادەکەیت و دەکەویت.

 

 

 

René Magritte,

 

 

 

خوێن

مێزەکە بە درێژایی دوو مەتر، شت و مه‌كی تایبه‌تی مێزی لەسەرە، لەو دیوو مێزەوە دانیشتویت و ئیستا گەورە بوویت و بە دوای ھۆکارەکاندا دەگەڕێیت و ئەنجامەکان ئاشکرا دەکەیت، ناشتوانیت خەیاڵی زەمەن نەکەیت و ڕابکەیت. لەو دیوو پەنجەرەوە بەیانییە، بەڵام دنیا تاریکە و دەنگی باران دێت. `ژنێک لە پارکه‌كه‌ خۆی کوشت، نا کوشتیان، ئەو کەوتووە لەسەر سک و تیشێرتە پەمەیەکەی سور بووە (ئۆخەی ئێستا ئارامم )  ئەمەی گووت پیاوەکە دوای ئەوەی گولەیەک بە مێشکی ژنێکەوە دەنێت، کووشتی نا ھەڵە بوو، ئەی ئەرشیفی ئەو دیو جەستەیان؟`

دەپرسیت و تۆ زیاتر ھەڵدەدەیتەوە؛ `پیاوێک دوو پووری کووشت، بڕە پارەکی ھەڵگرت و چوو، لە کوێیە؟! دوو پوورەکەی ئێستا بە ھێمنی خەوتوون`

دڵنیایت ئەوێ ھێمنترە، وابیر دەکەیتەوە ھەر ئەوەش دەڵێیت.

`کامێراکە بەڵگەنه‌ویسته‌؛ ھەرزەکارێک لە ماتۆڕسکێلێک دادەبەزێت و چەند گوللەیەکی پێوەدەنێت و دەکەوێت و پارەکانی ھەڵدەگرێت و دەڕوات.`

تۆ دەوەستیت و چاوەکانت دادەخەیت، ھەوڵدەدەیت بیر لە سزا نەکەیتەوە، بیر لە ھۆکارەکان بکەیتەوە، بۆ داھاتوو، بەڵام خاڵێکی ڕەش ھەیە لە خەیاڵت دەڵێت؛ داھاتوو قوربانی دەوێت و قوربانیش خوێنی دەوێت و خوێنیش قوربانی دەوێت…

ھەڵیدەدەیتەوە، ئەمجارەیان تۆ منداڵیت و لەوێ دەژیت، چەند کۆڵانێک لە پێشتر، تۆ سروشتت بێدەنگە، ئەو دەنگانەی دەڕژێت بەئاسمان و وەکوو گەڕیدەیەک لە کۆڵانەکانەوە دێن بۆ گوێچكه‌كانت، دەیانژمێریت و خەیاڵ دەکەیت ئەوەندە دەنگە دەتوانێت چەند گیان بسێنێتەوە؟ نازانیت و ڕادەکەیت.

 ئێستا دەزانیت یەک کیلۆ برنج تەنیا یەک کیلۆ، چۆن حەوت کەسی لەسەر دەکوژرێت؟ نا، تێناگەیت و تێشنەگەیشتوویت. پێدەکەنیت، خەیاڵی ئەودیوو شتەکان بزەت دەوەستێنێت و لەوخۆتەوە دەڵێیت؛ ئەو دەستە لە کوێیە؟!

ھەڵدەدەیتەوە زیاتر؛

-دوو کەس کوژران لە چێشتخانەیەک

– زیاتر دە کەس کوژران

– زیاتر کەسێک خۆی کوشت

– زیاتر  کوژرا

– کوژرا

-خوێن….

دەیانخوێنیتەوە ئەرشیفی مەرگ دەخوێنیتەوە، لە پڕ چۆلەکەیەک خۆی بە پەنجەرەی ژوورەکدا دەکێشێت و ھەر ئەوەندە دەبینیت چۆڵەکەکە چەشنی سپرینگ دەگەڕێتەوە و دەکەوێت، تۆش ڕادەکەیت و نیگەرانیت بە دوای قەرەبوو دادەچیت و پلیکانەکان دەبڕیت یەک، دوو، سێ، چوار، دە… داڵانی بەردەم پیلکانەکان دەبڕیت و ھەناسە سواریت، دەگەیتە ئەودیوو باڵەخانەکە و ڕاستی قاتی خۆت، دەرگا لاوەکییەکەی دامەزراوەکە دەکەیتەوە، شەستە باران دەبارێت و تۆش سەیری ناکەیت و جلە فەرمییەکەت تەڕ دەبێت و خێرا دەنوشتێیتەوە. ئەو کەوتووە بە پشتدا، قاچە دەزوولەکانی بۆ ئاسمان ڕادەشتەوە، دەمی چەشنی تازە خونچەی گوڵێک کردۆتەوە. چایچی باڵەخانەکە بەچاوی بەزەیی لێت دەڕوانێت و تۆش بە بەردەمیدا تێدەپەڕیت و بەو پەڕی ئارامی پلیکانەکان دووبارە دەبڕیت، دەگەڕێیتەوە ژوورەکەت. لە ئاوێنەی ژوورەکەت دەڕوانیت، لەو دیوو جلە تەڕەکانت سووڕی خوێن دەبینیت و دڵت پاڵیان دەدا و ڕایاندەکەێشێت، دڵت دوو دڵە ئەوەی دەریکات دەیھێنێتەوە، خوێن دەڕۆن دەگەڕێنەوە. زەنگ لێدەدات.

-جەنابی لێکۆڵەر لەسەر ھێلیت؟

 

 

 

By Rene Magritte

 

 

 

   ئازار 

خۆر لە دەرەوەیە،  خەڵک و چۆڵکە و جەستەی زەوی ھەمووی لە دەرەوەیە، ئەوان یاری دەکەن و تۆش نوستالژیات دەخرۆشێت، تا چرقەی گەرمای نیوەڕۆی تەمووز لە دەرەوەیت و پاڕک چۆڵ بووە.  لەشت خوساوە لە ئارەقە، ئەوان ھەر یاری دەکەن و تۆش بیرت لای تەمەنتە، ھەوڵدەدەیت بیر لەو سی ساڵە بکەیتەوە چۆن وا خێرا چوو. چاوت دەکەوێتە سەر دوو منداڵەکە، وابیردەکەیتەوە ئەوانیت و دەتەوێت دڵخۆش بیت، پێدەکەنیت و دەتاسێیت و بێدەنگیت.

کەستەکە گڵێک لە ژێر فریزەکە دەردەکێشیت و دەیپروێنیت و توڕی ھەڵدەدەیت و چاوت بڵند دەکەیت زۆر بەخێرایی لەگەڵ پێڵو بڵند کردنت، ھەر دووکیان لە ئاسمانن و دەقیژێنن، بارتەقای دەربڕینی پیتی؛ ن…نا… تەنانەت پێش دەست بڵند کردنت ئەوان کەوتوون بە سەر یەکدا، یەکیان لە سەر پشتە مێشکی پڕژاوە ئەویدیش کەوتۆتە سەر جەستەی ئەویدی سەری کەوتووە بە قاچی جۆلانەکە. تۆش ھەڵدەستیت و ڕادەکەیت و دەگەیتە سەریان ناتەوێت بڕوا بەوە بکەیت درەنگ گەیشتویەتیە سەریان و لەو کاتەوە خەیاڵی ئەوە دەکەیت، ڕزگارت کردوون و بەڵێ گرتووتنەوە و ھەردووکیان پێدەکەنن، نازانیت چی ڕوودەدا لە دیووی تری ئەوەی ڕوویدا، ھەر دووکیان مێشکیان پڕژا و تۆش ئیستا تەنیایت و سەیری بنمیچە گه‌چەکە دەکەیت، لە سووچی بنمیچەکە گێزە گیزی مێشێک کەوتۆتە نێو تۆڕەکە، ئەو زۆر بەخێرایی بە دیوار ھەڵدەگەڕێت و دەچێتە سەر تۆڕەکەی مێشەکە گیزە گیزی نامێنێت دوایی تاوێک.

چاوت دادەخەیت و دەنگێک دەڵێت؛ بابە… بابە..بابە!

– ھا بابە گیان…

–بڕۆین بۆ پارک،  دەی باوکە با بڕۆین وەکوو قەولت دا، گووتت ئەگەر ھەر دووکتان واجبەکەتان شیکار کرد، دەتانبەم بۆ پارك…

دەستی ھەر دووکیانت گرتووە، لەشەقام دەپەڕیتەوە، زۆر بە وریایی تەنانەت، دەیانپارێزیت لە دڕکی ئەو توتڕکانەی بە په‌رژینی پاڕکەکە ھانایان بۆ ئەودیوی پارک بردووە.  تەواو ئەمینیت و ئەرخەیانیت، ئەوان بە وریایی جۆلانە دەکەن و دەخولێنەوە و دەخولێنەوە، تۆش دانیشتوویت و لە پڕ بیرتدێتەوە؛ ئەوان چیان بەسەر دێت و ھەڵدەستیت ڕادەکەیت وەکوو سوپەڕمان دەفڕیت و ئەوان دەگریتەوە…

 ئەوان پێدەکەنن و مێشکیان بە ئەرز ناکەوێت و لەبەر خۆتەوە پێدەکەنیت و  چاوەکانت دەکەیتەوە جاڵجاڵۆکەکە لەوێ نەماوە، تۆڕەکە و مێشەکەش لەوێ نەماوە، لە پڕ ھەستدەکەیت بە تەنیا لە ماڵیت و پاڵکەوتویت و ڕەنگی بنمێچەکە لە سپیەوە گۆڕاوە بە ڕەنگی سوور،  ژنەکەشت بیر دێتەوە مردووە.

 

 

                                                           مەرگ

سێبەری پیاوێک دێت و دەچێت و بە نێو سێبەری ئافرەتێک تێدەپەڕێت و دوایی چەندین سێبەر لە پیاو و ئافرەت لەو دیوو پەردەکەوە، دەیانژمێریت ھەشت دانەن بە نێو یەکدا ھاموو شۆیانە و ھەوڵدەدەیت نزیکتر بیتەوە، بە دروستی بزانیت خەریکی چین و لە پڕ دەکەویت بەسەر منداڵێکدا، خۆت دەگریتەوە سەیری ڕاستت دەکەیت چەندین ڕووخسار لێت دەڕوانن. منداڵەکە بەھێمنی لا دەدیت و سەیری پەنجەرەکە دەکەیت، ھاموشۆیەکە نەماوە، یەکێکیان بە ھێواشی دەرگای تەنیشت پەنجەرەکە دەکاتەوە بەڵکوو دوانن، ئەوەی یەکەمجار دەرگاکەی کردەوە، پێت دەڵێت: بەتانیەکە بێنن…

تۆش ھیچ ناڵێیت و دەکشێیتە دواوە و دادەنیشیت، لەھەمان جێگا، تۆ ڕێک لە نێوەڕاستی خەڵکەکە دانیشتویت و ھەمووان سەیرت دەکەن، دەست دەخەنە سەر شانت و بەشێکیان سەرت ماچ دەکەن زۆربەیان چەند ڕستەیەک دەڵێن؛ خۆتان خۆشبن، ھەر ئەوەندە بەشی بوو..

-دڵنیابە زوو یا درەنگ ئێمەش سەفەر دەکەین…

-دەزانم ھەستێکی ناخۆشە، بە کاتێکی ناخۆش تێدەپەڕیت، ھاوخەمتین…

-ان اللە وانا الە راجعون…

-ڕۆحی شادبێت ژنێکی زۆر باش بوو، دڵنیابە لە یادەوەریمان دەمێنێتەوە..

-خوا لێی خۆشبێت ان شاللە جێگای بەھەشتە….

– جێگای فیردەوسە دڵنیابە، بە ئازارێکی زۆرەوە مرد، خۆتان خۆشبن…

ئەگەر سەرنج بدەیت، تۆ تەنیا دامابوویت.

 

By Rene Magritte

 

 

 

خۆڵەمێشی قەقنەس

چاوەکانت دەکەیتەوە، ھەست بە چەند دڵۆپە خوێنی گەرم دەکەیت، لە بنا گوێت بە گەردەنتدا چۆڕاوگەی بەستووە. دەگریت و لات وایە جیھان ھێشتا لە نێوتدا دەژیت و بە ئازارەوە ھەڵدەسیتەوە. ھەموو شتێک کۆ دەکەیتەوە، گوریسەکە و مێزە شکاوەکە دەخەیتە سووچی ژورەکەت و گسک لە وردە گەچەکانی مێچە شکاوەکە دەدەیت و بیرتدێتەوە بەیانیە و دەبێت بچیت بۆ سه‌ر كار و تاوانباری کەیسەکانت شوناسیان بسەنێت و سزای ڕەوای خۆیان وەربگرن. خۆت دەشۆیت و پلاستەرێک چەسپ دەکەیت بە جێ شکاوەکەت،  جلە فەرمیەکانت لەبەردەکەیت و بۆینباخەت چەند جارێک بە لای چەپ و ڕاست دا دەبەیت و دڵنیا دەبیت، ئیستا تۆ بیرۆکراتێکی تەواویت.  گوڵاو بەخۆتدا دەپڕژێنیت و پێڵاوەکانت بۆیاخ دەکەیت و قاوەیەک دەخۆیتەوە و جانتایەکەت ھەڵدەگریت و دەڕۆیتە دەرەوە، پلیکانەکان دەبڕیت و باڵەخانەکە لە دوای خۆت جێدێڵیت و ئۆتۆمبێله‌كه‌ت لە گەراج داژۆیت… ڕادیۆکەت دەخەیتە سەر ھەواڵەکان. لە ئیزگەی ھەواڵەکان؛ فەرموون گوێ بیستی گرنگترین ھەواڵ بن دوێنێ شەو لێکۆڵەرێک بە نێوی م-ت، لە ماڵەکەیدا خۆی خنکاندووە بە گوریسێک…چەند چرکەیە چاوت دەخەیتە سەر ڕیكۆرده‌ره‌كه‌ و  گوێت لە دەنگێکی بە ھێزی بەرکەوتن دەبێت و بەرچاوت تاریک دەبێت.

    دەگریت و بێدەنگیت لە یەک کاتتدا، لە ھەردوو باردا، دەنگی ئه‌ڵاهوئه‌کبر دێت بە گوێتدا، بە دڵنیاییەوە تێناگەیت مەبەستیان چیە و لە ھەر دوو باردا ھەڵیان گرتوویت و سەیرتدەکەن، تۆ تەنیا شت دەبینیت و گوێت لە دەنگە، ھەوڵدەدەیت بپرسیت چ باسە لێرە، بەڵام ناتوانیت دەم بکەیتەوە، زمانت گیراوە، چاوەکانت دەکەیتەوە و دەڕوانیت ئەوان ھەڵیانگرتوویت پێدەکەنن و دەگرین، لەچاوی ئەواندا وا خۆت دەبینیت تێناگەیت کە حاڵت باشە یا خراپ. خەڵک دەوریان داویت تۆ تەنیا لەسەر پشتیت و نەخۆش نەبوویت و نەکەوتویت و قاچەکانت عەیبیان نییە. تۆ دوو قاچ و دوو دەست و یەک سەلک و ناوکێکت ھەیە، تۆ ھەمیشە بڕوات وابووە، دیوار و گڵ و ئاسمان و دارەکان ھەست بە دڵتەنگیت ناکەن، ئیستا دەبینیت ھەروان، دیوارەکە ھەر وەکوو خۆیەتی و گەڵاکەش لەگەڵ زەبری با دەلەرێتەوە و گڵیش کۆچ دەکا وەک ھەمیشە لەگەڵ با، ئاسمانیش ھەر وەکو خۆی دوور و قووڵە… بیرکردنەوەت دەپچڕێت؛ چەندین اللە اکبر و  لا الە الا اللە، دێتە بەر گوێت ناوکت دەبڕن و دەتخەنە نێو قۆرتێک و لانکێک ھەمووان بە دیارتەوە دەگرین و دوای تاوێک ئاسمانت لێدەبێت بە گڵ و وردە وردە تاریک دەبێت.

تۆش بیرت دێتەوە مردوویت، بەڵام نازانیت لە چ بەروارێک مردوویت بیردەکەیتەوە، دەتەوێت بە دروستی بزانیت ھەر لەژوورەکە مردویت، یا چارەنووس گاڵتەی پێکردیت. بیردەکەیتەوە، ناتوانیت و ناتوانیت، تەنیا دەتوانیت خۆزگە بخوازیت تۆ دانەکەی تر بایت لەسکی دایکت ئەو بژیایە لە بڕی تۆ، .ئێستا خۆڵەمێشیت و وەک ڕەگەزێکی دی لە ژیاندایت.

٢١ ی ئەیلولی ٢٠١٩ ھەولێر

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین
ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌.

 

ڕینیه‌ مه‌رگه‌ریته‌ – نیگاركێشی سوریالی -١٨٩٨ – ١٩٦٧

تابلۆكان؛ نیگارركێشی سوریالی – به‌لجیكی (René Magritte ڕێنیه‌ مارگه‌ریتا – 1898 – 15 August 1967)