من لە منداڵییەوە جێگەم بەخۆم نەگرتووە. لە ناخمدا هیچ جۆرە خاڵ و کەنارێکی ئارام بوونی نەبووە، هەرگیز ئەو گوتەیەشم لەبیر ناچێت کە سوارەی هاوڕێم جارێک لە جاران لە دوای گەڕانەوەی سەفەرێکی چەند مانگیم پێی گووتم:
– ”تۆ وەک پیرەمێردەکەی ناو قەڵا نیت، ئەو حەفتا ساڵ ژیا، کەچی هەرگیز قەڵای جێنەهێشت، تەنانەت بۆ یەک چرکەش لە قەڵا دانەبەزی، تا شاری هەولێری نوێ ببینێت. تۆ گەر دونیاش بخەنە بەرپێت، لەلات لە قەڵا بچووکترە و ئارامی تیا ناگریت، تیایدا جێگەت نابێتەوە. هەر دەبێت بڕۆیت، بۆئەوەی خۆت بدۆزیتەوە، گومانیشم هەیە کە بتوانیت خۆت بدۆزیتەوە.”
ئەو ئەم گوتانەی کاتێک پێگووتم کە بۆ یەکەمجار سەفەرم کردبوو و گەڕابوومەوە، دەبێت ئێستا دوای ئەو هەموو سەفەرانەم چیم پێ بڵیت؟ دوای ئەو هەموو دوورییەم لە زێد و لە یاران. دوای ئەو هەموو سوێیەی کردومەتە جەرگی ئازیزانمەوە. بەو گوتانەی وەک ئەوە وابوو بیەوێت پێم بڵێت:
– ”سەفەر مەکە، دەرگا نییە نەکرێتەوە.”
هەستیکردبوو کە خەریکە دەخنکێم. هیچ دەرچەیەک نابینمەوە بێجگە لە سەفەر.
ئەو کاتە دەرگاکان هەمووی بە ڕووی ڕوحمدا داخرابوون. هەرچی بۆشایی دونیا بوو لە ناخمدا بوو. دەمویست بە جەستەی ئەو شار و شوێنانە پڕیبکەمەوە کە پەنام بۆ دەبردن. بیابانێک لە سەهۆڵبەندان ناخی تەزاندبووم. دەبوو بەسەفەر گەرمی بکەمەوە.
کە سەفەری یەکجارەکیم کرد، لەخۆم ڕامکرد، زیاتر لەوەی لە کەسانی تر هەڵبێم.
ئەو کاتەی کە سەفەرم کرد خۆشەویستێکم هەبوو، ئێستاش نەمزانی بە سەفەری من ئەو چەند خەمی خوارد؟ چەند هەستی بە لەدەستدان کرد؟ فیراقی من چەند شەو بێخەوی کرد. ئەو یەکەم خۆشەویستم بوو، منیش یەکەم خۆشەویستی ئەو بووم. خۆشەویستیی یەکەم هەرگیز ژەنگ ناکات.
مرۆڤ زۆر خۆپەرستە، ئەو خۆپەرستیەكهشه کە دەیهێڵیتەوە. ئەوانەش کە خۆیان دەکەنە قوربانی لەپێناو کەسانی تردا، دەگەنە خاڵی پاکبوونەوە لە هەموو خۆپەرستییەک. من زۆر خۆپەرست بووم، خۆی لە ڕاستیدا واش نەبووم، تەنیا ئەوەنەبێت کە هەستم بە بۆشایی دەکرد. لەناخەوە دەسووتام. دەخنکام. جێم بەخۆم نەدەگرت. بۆی هەیە لە دیدی کەسانی ترەوە، بەتایبەتیش لەدیدی خۆشەویستەکەمەوە بە خۆپەرست سەیرکرابم، ئەو مافی خۆی بوو وا بمبینێت. ئەوە من بووم سەفەرم کردبوو، ئەوم جێهێشتبوو. ساتێک ئارامم بەخۆم نەدەگرت. نەدەوەستام تا دەرگەیەک بکرێتەوە و ئەو بەدەردی فیراقی خۆم نەبەم.