ئەبوبەکر حەسەن و هاوار موحەمەد

ئەبوبەكر حەسەن، بەو جۆرەى كە من ناسیوومە


Loading

ئەبوبەكر حەسەن، بەو جۆرەى كە من ناسیوومە

هاوار محەمەد

 

كولتورى پرسە بە فۆرمى شیوەن، كولتورى غەمگینیی خۆ-لۆمەكردن و ئەویتر-لۆمەكردنە؛ ئەم نووسینە شیوەن نییە و لەبرى شیوەنیش نییە. دڵتەنگ و غەمگینم بە كۆچى هاوڕێم “ئەبوبەكر حەسەن”، بەڵام شیوەن و دڵتەنگى دوو شتى جیاوازن. دەنووسم چونكە نووسین شێوازێكى دەربڕینە، جیاواز لە دەربڕینى زارەكى. شیوەن پتر پرسەى كولتورى زارەكییە. ئەم جیاوازییەى نێوان قسەكردنى زارەكى و نووسین لە بەرهەمەكانى ئەبوبەكریشدا بە ڕوونى دیارە، بەڵام ئەو وەك نووسەرێك، هێشتایش پتر مەیلى لە قسەكردن بوو تاوەكو نووسین.

لە دەربڕینى زارەكیدا تەواو ڕوون و بێ گرێ بوو، وێناى جوان و نەرم. لە نووسیندا بە پێچەوانەوە، ڕەق و ناڕوون، بێ نەزم و شپرزە. ئەم نووسینە ڕەنگە دیسان وەك بەرهەمەكانى ئەو شپرزە بێت، چونكە زەینیم بە تەواوى بۆ كۆناكرێتەوە، وێنەى ڕوخسارى ئەو لەبەرچاوم ناهێڵێت بە تەواوى بپەرژێمە سەر نووسین. ئەم نووسینە بە خاترى “فیكرى ئەبوبەكر حەسەن” نییە، لە ڕاستیدا ئەو نە بیرمەند بوو، نە فیكریش خاڵى بەهێزى بوو، لە زۆربەى نووسینەكانیدا بێ ڕەبت و پارادۆكسیكاڵ بوو، ڕستەكانى ناتەواو و پچڕپچڕ بوون. بەڵام ئەو بە جددى و بە ڕۆح لەنێو فیكردا دەیخوێندەوە و دەینووسى. ئەم نووسینە بۆ ڕێزلێنانە لە دۆستێك، وەفادارییە بۆ كەسایەتیى ئەو وەك هاوڕێیەك كە كاتى هاوبەشمان پێكەوە هەبووە؛ مادام من دەژیم و ئەو لە ژیان وەستاوە. كەواتە ئەم نووسینە جۆرێكە لە شاهیدى، شاهیدى بۆ ئەوەى كەسێكى پڕ لە ژیان هەبوو، بەڵام چیتر لێرە نییە، ئەم “لێرەنەبوون”ـەى ئەو، ئەم غیاببوونە، جێ-نیشانەى ئەوە. وەها شاهیدییەك گەواهیدانە بۆ ئەم غیابە، بۆ ئەم “جێ خاڵییە”ى ئەو تاوەكو بە جۆرێك (هیچ نەبێ لاى خۆم) بپارێزرێت، تاوەكو ئەوە ڕوون بكاتەوە كە هەر هاوڕێیەك بۆ خۆى تاقانەیەكە؛ هەر وەك عەشق مرۆڤ ئەزموونێكى تاقانەى لەگەڵیدا دەبێت و هیچ كەسێك نابێتە قەرەبووى ئەوى دیكە. بەكر جێى خاڵییە و غایبە؛ من كە ئەوم ناسیووە شاهیدى ئەم غیابەم. ئەم غیابە نەقس نییە بە یەكێكى تر پڕى بكەینەوە، لە ڕاستیدا ئەو لەم غیابەدا هەر خۆیەتى و ئەم “لێرەنەبوون”ـەى هەر دەمێنێتەوە، لەم ڕێگایەشەوە خۆى دەهێنێتەوە حزوور. ئەو بەو جۆرەى لە نزیكەوە دەتناسى و بەرت دەكەوت، شەپۆلێك وزە و چالاكى، حەماسەتى پڕ لە ژیان؛ گورزێك ئیمۆشن و هەڵچوون، تووڕەبوون و دڵشكان، بەخشندەیى و ئیرەیى بێ كینە بوو. گەرچى ئێستا ئەمەى دەینووسم پتر یادەوەرین، بەڵام لەبەرئەوەى یادەوەرییەكان زۆرن، ناچارم بە گوڵبژێر هەندێكیان بگێڕمەوە.   

 

لە ساڵى 2006 دا قوتابى قۆناغى دووەمى بەشى كۆمەڵناسیى زانكۆى سەڵاحەدین بووم؛ كۆڕێك لە “هۆڵى فەرهادى” گیرا، گەرچى ناونیشانەكەیم بیر نەماوە، بەڵام لاموایە ناوەڕۆكەكەى دەربارەى “ئیمپریالیزم” بوو. ئەو بوو، ئەبوبەكر، بە قژێكى درێژەوە، پڕ لە جووڵە و هەناسەبڕكێ دەستى پێكرد. لە ڕیزى پێشەوە كەسێك دوو سێ جار لەگەڵ هاوڕێكەى تەنیشتى چرپەچرپى كرد، زنجیرەى بیركردنەوەى بەكر پچڕا (دیارە ئەم زنجیرە بە سادەترین شت دەپچڕا)، كەمێك بە هەڵچوونەوە ڕووى لە گوێ(نە)گرەكان كرد و: وتى بە تكا، بە تكا زنجیرەى فیكرم مەپچڕێنن. من لەوێدا ئەبوبەكرم ناسى؛ زانیم كەسێكە بێ سرەوت، كەسێك كە ئۆقرەناگرێت و دەتخاتە جووڵە. پێشتر بیستبووم كوڕێكى گەرمیانى هەیە، بە ماوەیەكى زۆر كەم سەرجەم بەرگەكانى مێژووى فەلسەفەى ویڵ دیورانتى خوێندۆتەوە؛ بۆم دەركەوت ئەمە ئەو گەنجەیە كە دە دوانزە ساڵێك لە من بەتەمەنترە. یەكترمان ناسى و لە یەك نزیك بووینەوە. من لەو وەختانەدا جگە لە خوێندنەوەى مێژووى فەلسەفە و تیۆرەكانى كۆمەڵناسى بە تایبەتى قوتابخانەى فرانكفۆرت، بە فوكۆوە خەریك بووم. ئەو لەو كاتەدا لەژێر كاریگەرى فارووق ڕەفیقدا دژ بەوانە بوو كە پێیان دەوترێت “پۆستمۆدێرنیستەكان”. تەنانەت جارێكیان وتى “هەرچى پێشناوى “پۆست”ى پێوە بێت لاى من ڕەفزە”. لە یەكتر نزیك بووینەوە، بەكر جگە لە فەلسەفە، هەر لەژێر كاریگەرى فارووقدا مەیلى لە عیرفانیش بوو.

 

     ڕۆژێك لە كافتریاى كۆلێژ یەكتریمان بینى، كۆمەڵێكى زۆر كاغەزى A4ى چاپكراوى پێ بوو، دیاربوو بە ئامێرى چاپ خۆى ڕایكێشاوە. پرسیم ئەوە چییە پێت؟ وتى “ئیبن عەرەبى”. وتم بۆچى كۆمەڵناسى ناخوێنیتەوە خۆت ئەو بوارەت تەواو كردووە؟ وتى “تاقەتى زانستى موزەیەفم نییە”. ساڵى دواتر بینیمانەوە، شەپقەیەك لە سەریدا بە پرچێكى درێژەوە، وەك فەرمانبەر گواسترابوویەوە بۆ بەشى ڕاگەیاندنى كۆلێژى ئەدەبیات، ژمارەیەك كۆڕى لە كۆلێژ ڕێكخست و ڕیكلامى بۆ كردن. لە نزیك بەشى تۆمار ژوورێكى لەگەڵ فەرمانبەرێكى تردا پێدرابوو. لەگەڵ سەعیدى هاوڕێم لە باخچەى كۆلێژ بە ڕێكەوت بینیمان، حەزى لە چایى بوو بەرەو كافتریا دەیكوتا. هەر كە دەستمان بە قسە كرد گووتى: 

“ئەمشەو خەوم بە خوداوە بینیووە”.

من بە كەمێك قەشمەرییەوە: “ئەى خودا چى وت؟”

ئەو بە پێكەنینەوە: “موجتەمەعەكان تێكچوون، ئەبوبەكر ئیسڵاحیان بكە”.

 

دواتر دەستبەجێ باسى وتارێكى خۆى كرد كە لە ڕۆژنامەى “جەماوەر”ى ئەوكات بە “دە بەش” بڵاوبۆتەوە. وتمان نەمانبینیووە. داواى لێ كردین بیخوێنینەوە، ڕازى بووین. پرسى: فلاش میمۆریت پێیە، وتم پێمە. بانگهێشتى كردین بۆ ژوورەكەى خۆى لە كۆلێژ تاوەكو وتارەكەمان بۆ بخاتە سەر فلاش میمۆرى، تەنیا بە كردنەوەى دەرگاكە بۆنێكى تووندى خنكاوى جگەرە هات بەسەرماندا. توومەز بەكر گوێ بەوە نادا جگەرەكێشان لە ژوورەكاندا قەدەغەیە. هەر جارێكى تر لەگەڵ چووبام بۆ ژوورەكەى، هەمان بۆن هەر هەبوو. ساڵانێك دواتر (پێموایە 2014) كە بە ئۆتۆمبێلى دۆستێك بەرەو گەرمیان دەڕۆیشتین، بەكر نەیدەتوانى لە ئۆتۆمبێلەكەدا جگەرە نەكێشێت، گەرچى خاوەن ئۆتۆمبێلەكە قەدەغەى كردبوو لە خۆى و هەركەسى تریش كە لەنێو ئۆتۆمبێلەكەدا جگەرە بكێشن. بەڵام بەكر بوو بە ئاوارتە. بەهۆى ئەو بەرائەت و قووڵ چێژبردنەیەوە لە شتە سادەكان، مرۆڤ نەیدەتوانى بە سانایى داواكانى ڕەت بكاتەوە.

 

لاموایە لە ساڵى 2008 بوو كۆڕێكى لە هۆڵى ڕۆشنبیرى كۆلێژى كارگێڕى و ئابووری هەبوو. داواى كرد من و دوو هاوڕێى دیكەم لەگەڵى بچین، خۆ ڕەنگە داوایشى نەكردایە هەر چووباینایە. ئێمە لە پێشەوە دانیشین. ئەو عادەتى بوو، بە هۆڵى چۆڵ دەشێوا؛ خۆشبەختانە ئەو ڕۆژە هۆڵەكە، كە خۆى بچووك نەبوو، ئێجگار پڕبوو. كەوتە شنەشن و هەواى خۆى، بەڵام سەرەتاى دەستپێكردنەكانى هەمیشە دوودڵ و دڕدۆنگ بوو، بە كەمێ تەنگەنەفەسى و شەرم سەرى مەوزوعى دەكردەوە، بەڵام گەر دوو سێ هاوڕێى خۆى لێ دیاربووایە، هەموو شتێ باشتر دەڕۆیشت. ئەو ڕۆژەیش هەر وابوو. بابەتى كۆڕەكەى مەعنەوییەت بوو لە بەرامبەر زانستى پۆزەتیڤیستیدا، بەڵام ئەو فێڵێكى تیۆرى كردبوو؛ لە فەلسەفەدا بۆ مەعنەوییەت گەڕابوو، بەڵام بێگومان لە بابەتەكەیدا سەركەوتوو نەبوو، ئەو هایدیگەرى وەك عارف و نیچەى وەك زانستگەرایەك لەقەڵەم دا، بۆیە  ئەفڵاتوون و ئیبن عەرەبى و قەشە ئاگۆستین و هایدیگەرى دا بە گژ داروین و كۆمەڵناسى و نیچەدا. كاتێكیش گەیشتە سەر نیچە و وتەى “خودا مردووە”ى دەربڕى، (أستغفرالله) لە هەموو لایەكەوە بیسترا، بە یەكجار شەپۆلێكى گەورەى جێهێشتنى كۆڕەكە دەستى پێكرد، هەر گەنجى ئیسلامى تەنكەڕیشدار و كچى چەفیەبەسەر بوون پۆل پۆل دەچوونە دەرێ، چونكە وتەكە وەك “شاكوفر”ێك تێدەگەیشتن، لە كاتێكدا ئەوان هاتبوون باسى نەشئەى یەكبوون لەگەڵ خوداى تەعالادا ببیستن. بەكر خراپ شڵەژا، سوورتر هەڵگەڕا، ئەو نەیدەزانى زۆرینەى ئەم گەنجانە هەر نازانن بابەتەكە چییە. بۆ ئەوەى دواتر هیچ كێشەیەك دروست نەبێت دەستبەجێ من و یەك دوو كەسیتر بەشداریمان كرد و هەندێ ڕەهەندى پرسەكە و وتەكەى نیچەمان ڕوون كردەوە (بە ئەندازەى ئەوەى ئەو كات لەو وتەیە تێگەیشتبووم). من باسم لە تێزى “مردنى مرۆڤ”ـیش كرد لاى فۆكۆ. هەرچەند هێشتایش زۆرینەى ئەوانەى مابوونەوە، بە وردى لە بابەتەكە حاڵى نەبوون، بەڵام ئیدى زانییان مەبەستەكەى ئەبوبەكر یەكجار هێندەیش خراپ نییە كە ڕاستەوخۆ لەناو زانكۆدا گەڕێكى پێ بكەن. بەم جۆرە شەپۆلەكە بڕێك ئەهوەن بوویەوە.

 

لەدواى تەواوبوونى ئەو ساڵەى خوێندنى زانكۆ بێ هیچ هۆیەك ئاگامان لەیەكتر نەما. ساڵى 2011 هاوڕێیەكم لە كۆمەڵەى كۆمەڵناسانى كوردستانەوە، كە لەو كاتەدا ئێمە بەڕێوەمان دەبرد و من پتر بە كاروبارە ڕۆشنبیرییەكانییەوە خەریك بووم، پەیوەندیى پێوە كردم: كەسێك لە فەرەنسا هاتۆتەوە و دەڵێت ماستەرم لە كۆمەڵناسى خوێندووە، دەیەوێت دەربارەى چاپى كتێب و كۆڕ و سیمینار لەگەڵماندا بدوێت. كاتى یەكتر بینیمان لە كافتریایەكى ڕاقى ڕێكخست كە چیتر بیرم نییە چ ناوێكى هەبوو. ئێمە و لەنێویشماندا سەعیدى هاوڕێم كەمێك پێشتر لەوێ بووین، یان ئەو كەمێك دواكەوت. شتەكەمان زۆر جددیتر وەرگرتبوو بەو پێیەى لەگەڵ نەناسێكدا دادەنیشین و بێگومان بە قات و ڕیباتى ڕەسمییەوە دێت، ئێمەیش پۆشاكى ڕەسمیمان پۆشیبوو. لە ناكاو كەسێك وەك با هات، بە كلێتەیەكى چەرمى قاوەیى و سەكسوكێكى وەك پێشترەوە، خڕیلەتر و سەرحاڵتر، قاتێكى قاوەیى كوردى لەبەریدا و جووتێك كڵاش لەپێیدا، جانتایەكى گەورە بە شانییەوە و وەجبەیەك كتێب بەدەستییەوە. هەموو شتێك بۆ من ناكۆك دەیاننوواند؛ بەڵام لە هەمووى سەیرتر گۆڕینى ناوەكەى بوو: چۆن دەبێت پێش چوون بۆ فەرەنسا و خوێندن لە ناوەندى ئەكادیمى ئەویدا ناوت “ئەبوبەكر حەسەن” بێت و دواى هاتنەوە ببیت بە “ئەبوبەكر جاف”؟ دواتر لێم پرسى بۆچى نازناوى خێڵى داناوە، لەكاتێكدا ئەو كەمتر خێڵەكییانە بیر دەكاتەوە؟ وتى “لەبەرئەوەى حزبى خێڵەكى تەنیا سڵ لە خێڵ دەكاتەوە. بەم جۆرە ناتوانن لەسەر ڕەخنەكانم بمكوژن”.

ئەو دەیویست پرۆژەى ڕۆشنبیرى لە “پارتی”ـدا سەرپێ بخات، دەیویست خانەیەكى فیكرى بۆ بكرێتەوە؛ بۆى نەكرایەوە. پەناى هێنابووە بەر كۆمەڵەى كۆمەڵناسان، بەڵام دیسان لەبەرئەوەى كۆمەڵەیش پیشەیى بوو نەك كولتورى، نەیدەتوانى ئەو شتانە دابین بكات كە ئەو دەیویست. بەهەرحاڵ ئەو تێكەڵ بە كۆمەڵەى كۆمەڵناسان بوو، لەو یەك دوو ساڵەدا بۆ كارى كۆمەڵە چەند جارێك لە هەولێرەوە بەرەو سلێمانى، گەرمیان، دهۆك دەرچووین، زۆربەى سەفەرەكان ئەو لەگەڵمان دەهات. ئێمە بۆ ئەو كۆبوونەوە فەرمییانە زیاتر قات و ڕیباتمان دەپۆشى، ئەو هەر بە جلە كوردییەكانییەوە و زۆرجاریش هێلەكێكى بەسەردا لەبەردەكردن كە پێنج شەش گیرفانى هەبوو. بە گیرفانەكانى شەرواڵ و چۆغەكەیەوە ئیدى زۆر دەبوون؛ كاتێك بۆ شتێك دەگەڕا (هەمیشە بۆ شتێك دەگەڕا)، خراپ شپرزە دەبوو، بە دەستى هەموو باخەڵەكانى دەپشكنى و دواجار لە كۆتا گیرفانیدا كە هێشتا نەیپشكنیبوو دەیدۆزییەوە. گەر خۆى شۆفێرەكە بووایە، ئەوا دەبوو لەسەر شەقام لەكاتى ئەم گەڕان و پشكنینەدا حیساب بۆ ژیانى خۆت نەكەی؛ چونكە ئاگاى لە ئۆتۆمبێلەكە نەدەما.

 

كە لە فەرەنسا هاتەوە، بە ماوەیەكى كەم هێشتایش هەر گرنگى بەو كۆمەڵە فەیلەسوفە نەدەدا كە گوایە “پۆستمۆدێرنیست”ـن؛ لە قەناعەتە كۆنەكانى زۆر دوورنەكەوتبوویەوە. تەنیا كەمێك خووى دابووە “پییەر بۆردیۆ” و كەمێك عەشقى بۆ دۆلۆزیش هەبوو. من مشتومڕم لەوبارەیەوە لەگەڵیدا كرد و هانمدا كەمێك لە عیرفانیەتى ڕۆژهەڵاتى دووربكەوێتەوە زیاتر فەلسەفەى فەرەنسى بخوێنێتەوە، خۆیشى بەهۆى عەشقى زمانەكەوە مەیلى بۆ دروست ببوو، هایدیگەریش هێشتا لە فەیلەسوفە ئازیزەكانى بوو. جا لەبەرئەوەى هایدیگەر كاریگەریى لەسەر زۆربەى بیرمەندانى فەرەنساى دواى خۆى داناوە، ئەوا بوو بە ئەڵقەى پێكەوەبەستن. بە ماوەیەكى كەم، بەڵام پەرتوبڵاو، كتێبگەلى زۆرى دۆلۆز، فوكۆ، لیڤى شتراوسى خوێندەوە. لەوێوە دووبارە گەڕایەوە بۆ نیچەیش. ئەم گرنگیدانە تاوەكو نووسینى زنجیرە كتێبەكانى ئەم دواییەى هەر درێژەى هەبوو.

 بەهۆى قەیرانى سەختى دارایى و بڕینى مووچەكانمانەوە، هەروەها بەهۆى بێزاربوونم لە شارى گەورە و جەنجاڵى وەك هەولێر، كۆتایى 2015 بڕیارمدا بگەڕێمەوە بۆ سلێمانى، هەر لە پێشتریشەوە لەگەڵ دوو سێ هاوڕێى ئەوێدا پلانى كارى هاوبەشى ڕۆشنبیریمان دانابوو، ئیدى بە دەرفەتم زانى بڕیارى یەكلاكەرەوە بدەم. دەبوو بەكر و هاوڕێیانى دیكەم لە هەولێر جێبهێڵم. بەڵام وەنەبێ لە سلێمانییش بارى ژیان زۆر ئاسانتر بێت، بۆیە دواتر لەسەر پێشنیارى باوكم بێ بەرامبەر چوومە بەشەخانوویەكى چۆڵى خێزانەكەمانەوە لە عەربەت تاوەكو دۆخەكە یەكلایى دەبێتەوە. جا بەهۆى ئەوەى ئیش و كار و هاوڕێكانیشم لەناو سلێمانیدا بوون، تەنیا شەوان كاتى ئەوەم هەبوو لە ماڵەوە بم. بۆ ئەمە كێشەم نەبوو، ئۆتۆمبێلى باشم هەبوو، شەقامیش سەلامەت و بێ ترافیك بوو. بە درێژایى ئەو دوو سێ ساڵە هەر كاتێك بەكر لە هەولێرەوە بهاتایە بۆ سلێمانى، زۆرینەى شەوان لەگەڵ من دەهاتەوە، بە قەولى خۆى لەوێ تەواو ئاسوودەیە و دەیتوانى بە ئارامى بنووێت. منیش بەمە خۆشحاڵ بووم، چونكە هەرچۆن هەیە منیش بە تەنێ لە ماڵدا مابوومەوە. پێمخۆش دەبوو نانى بەیانى كە تاكە ژەم بوو بمتوانیایە لە ماڵەوە بیخۆم، لەگەڵ كەسێكدا شەیر بكەم، كێ لە بەكر خۆشخۆرتر؟ ئەوێك كە بە پێكەنینەوە قسەى دۆستێكى خۆى دووبارە دەكردەوە: “هێلكە چڕبوونەوەى وجودە” یان دەیپرسى چایى و قاوەكە هەیە؟ “بەڵێ هەیە، خەمت نەبێ”. “دە هانێ، ئەو پاكەتە جگەرەم بۆ كڕیوویت بۆ ئەوەى لەوەى من نەكێشیت”؟ ڕۆژ چەندە دەرفەت هەبووایە پێكەوە دەبووین و شەوانیش دواى تەواوبوونى كارى من، لە شەقامى سالم دەماینەوە، چاییمان دەخواردەوە، هاوڕێیانمان دەبینى، گفتوگۆمان دەكرد، تا ئەوەى بڕیارمان دەدا بڵاوەى لێ بكەین. كە دەگەیشتینەوە، بە ئاستەم دەیتوانى بە قنجى دابنیشێت، لەسەر قەنەفە یان لەسەر ئەرز، دەبوو زوو زوو بارەكەى بگۆڕێت، ڕابكشێت، دوو سێ پشتى لەملاولایەوە بێت و هەمیشە لە نزیكى دوو سیوچ-پلاكى كارەبا دابنیشێت، بۆ ئەوەى سەرەپلاكى شەحنى دوو مۆبایلەكەى بە وایەرە درێژەكانیانەوە، شەحنى كۆمپیوتەر و پاوەربانكیان لێ بدات. شێوازى ژیانى ئەو كتومت بابەتێك بوو بۆ وردبوونەوەى فینۆمینۆلۆژى، هاوكات دەتزانى هەندێ شتى هەیە نایەتە ناو فینۆمینۆلۆژیاوە، هەر لەبەرئەمە نەدەبووە بابەتى ناسین، دەبوو لەگەڵى بژیت تا ببینیت چى ڕوودەدات. لەبەرئەمە ناونیشانەكەى سەرەوە، زۆر ورد نییە؛ چەندە دەتناسى هێشتایش بەردەوام كراوەبوو بەسەر دەرەوەدا، دەرەوەیەكى نەناسراو.

 

ئەو ئارەزوویەكى زۆرى لە “قسەكردن” بوو، حەزى دەكرد ئەوانیتر گوێى لێ بگرن و موعجەبى قسەكانى بن، لەبەرئەوە بەردەوام مەیلى لە كۆرس، كۆڕ و سیمینار بوو، تەنانەت بۆ چەلەحانێى لاى فەرهاد پیرباڵیش چوو، كە ئەگەر وەك پێشتر ڕاوێژى بە من بكردایە بە تۆنێكى تەواو جددییەوە دەمگووت؛ بە باشى نازانم بچێت… لەگەڵ ئەم “حەزى قسەكردن”ـەیشدا ئەو “زۆربڵێ” نەبوو. كە لە مەراقێكدا بێ دەنگ دەبوو، كە غەم و بێحەوسەڵەیى دەنیشتە سەر سیماى، ئازارى گەرمیانیبوون و زەبرى بێڕەحمى ئەنفالت تێیدا بەدى دەكرد؛ ئیدى  بە ئاستەم دەتتوانى بیهێنیتەوە فەزاى قسەكردن. ئەو یەكێك بوو لەو كەسە دەگمەنانەى كە من نەك بە قسەكردنیان بێزار نەدەبووم، بەڵكو بە خۆشحاڵییەوە گوێم بۆ دەگرت و تەواو شاد بووم. خۆشمەشرەف و تێكەڵەیەك لە جددییات-فشقیات و پڕ لە ناچاوەڕوانى. هەر لەبەرئەوە دەشیا لە هەر ساتێكى قسەكردنیدا شتێكى نوێ دەربكەوێت، شتێك لە دوورەوە خۆى بكات بە نێو زماندا بەڵام دەشتزانى ئەمە لە دەرەوەیە نەك لە ناوەوە، لە نەستەوە و گەڕانەوەى چەپێنراو نییە بەڵكو لە كراوەییەوەیە بەسەر دەرەوەدا. شتێك وەك وردە ڕووداوى قسەكردن.  

 

لەوە دڵنیام بە فەرەنسییەكى باش دەیخوێندەوە، بەتایبەتى دواى ئەوەى دوو سێ ساڵێك لە كوردستان بە جددى سەرى كرد بە نێو خوێندنەوە لە زمانى فەرەنسیدا. بەڵام كێشەى من لەگەڵ شێوازى كوردینووسییەكەیدا بوو. لە سەرەتاكاندا ئێجگار ناڕوون بوون، بە ڕاشكاویش پێموت كە تۆ فەرەنسى دەزانیت، بەڵام كوردییەكەت بۆ نووسین مەفهوم نییە. دڵى ڕەنجا و دواتر ئاشت بوویەوە. لەم ساڵانەى دواییدا هەوڵى دابوو ڕستەسازییەكانى ڕوونتر بكات. لە دواى ئەوەى من كوردستانم جێ هێشت چەند جارێكى كەم بە تەلەفۆن قسەمان كرد، وتى كە بێتاقەتە و هەست بە تەنیایى دەكات، بۆیە بڕیارى داوە بگەڕێتەوە بۆ سلێمانى، پێیوابوو لە سلێمانى هەندێ دەرفەتى زیاترى دەبێت بۆ كۆڕ و سیمینارەكانى، بۆ چاپى كتێب و بینینى ڕۆژانەى هاوڕێیانى ئەوێى. منیش بڕیارەكەیم بە دروست زانى.

 

لەم دوو ساڵەى كۆتاییدا دیسان ڕەنجا و بۆ یەكەمجار لە لیستى فرێندەكانى فەیسبووكەكەى كردمییە دەرێ و ماوەیەكیش بلۆكى كردم، دواتر بلۆكەكەى لەسەر هەڵگرتم. ئەمە عادەتى ئەو بوو. بەڵام پێشتر پێم گوتبوو كە سڕینەوەى من هەرگیز نابێت ئاسان بێت، چونكە دەیزانى لە دڵەوە خۆشم دەوێت، بۆیە دەبێ لە بڕوبیانووەكانى پارێزراو بم، دەنا لە فرێندەكانى بسڕدرێمەوە دواتر بە ئاسانى نابینەوە فرێند. لەگەڵ ئەوەیشدا، من ئەم كارەیم بە جددى وەرنەگرت و “هاوڕێیەتى”ـیە ڕاستەقینەكەى دەرەوەى سۆسیال میدیام هەر پاراست؛ بەڵام دیسانیش ڕەنجایەوە، جا هەم بەهۆى ئەم ساردییەى نێوانمانەوە و هەمیش بەهۆى ناساغیمەوە، لە ساڵى ڕابوردوو كە سەفەرى كوردستانم كرد، دەرفەتمان نەبوو یەكتر ببینین.

 

 دواى دوو ساڵى دابڕان لەناكاو شەوێك لە مەسنجەرەوە نامەیەكم بۆ هات و بێ سڵاو: “دوو نوسخە لە وەرگێڕدراوە عەرەبییەكەى كتێبى “ئەنتى ئۆدیپ” [ى دۆلۆز]م كڕیووە، یەكێكیانت لەگەڵ ئەم دۆلۆزە دووبەرگییەى خۆمدا بۆ دەنێرم… من دڵێكى باشم هەیە كاك هاوار”. پێشتر هەرگیز وشەى “كاك”ى بۆ من بەكارنەهێنابوو، ئەمە یەكەمجار بوو بیخاتە پێش ناوەكەم، وەك بڵێى بیەوێت بە تەوسەوە بڵێت “ئەفەنى”، یان “ئاغا”…هتد. وەڵامم دایەوە: “پیرۆزە… پێمخۆش بوو كتێبەكانت چاپ بوون. سوپاس بۆ ناردنیان و چاوەڕوانیان دەبم… كاكە! دڵێكى باشت هەیە و كەسێكى جوانیت. بەڵام…». بۆ ئەوەى پێى بڵێم كە وێراى بێدەنگى، وا هێشتایش لەگەڵت دەدوێم، ئەمەیشم بۆ نووسى: “… دڵى من باشترە”. ئەمە دوا نامە و قسەى من و ئەو بوو لە هاوینى ساڵى ڕابوردووەوە. كتێبەكانیشیم هەرگیز بەدەست نەگەیشتن.

 

ل ڕاستەوە؛ هاوار موحەمەد، عیرفان موستەفا و ئەبوبەکر حەسەن

ئەو دڵێكى باشى هەبوو، بەخشندە و بێ زیان بۆ دەوروبەر گەرچى جاوبار مرۆڤ هەستى بە خۆپەرستى و ئیرەییە زووتێپەڕەكانى دەكرد. جێى بەخۆى نەدەگرت، كەمێك حولحوولى و نائارام، هەموو شتێك بە پەلەى لاى ئەو ڕووی دەدا، بە پەلەى نانى دەخوارد، بە پەلەى دەینووسى، بە پەلەى بڕیارى دەد، بە پەلە دەهات و دەڕۆیشت. لەوانەبوو كە كاتێك لە لات دەمانەوە، چەندە ئەرك و بركى بخستایەتە ئەستۆت و داواكاریى زۆر بووایە، هێشتایش بەوەیشەوە خۆشحاڵ دەبوویت كە لە نزیكت بێت، دەتزانى ئیتر ڕۆژەكەت مەنگ و ڕۆتینى نابێت. بێگومان حەزم دەكرد بەر لەوەى ماڵئاوایى لە ژیان بكات، جارێكى تر بیبینمەوە، لەسەر مێزێك كتێبەكانى بڵاو بكاتەوە، سووتووى جگەرەكەى بكەوێتە سەر مێزەكە، ببینم دوو سێ قاوە لەسەر یەك بخواتەوە و بە گاڵتەوە بڵێت؛ “تا لەناوتانام قەدرم بگرن، دەنا تووڕەم بكەن ئەڕۆمەوە بۆ فەرەنسا”. بریا تووڕەمان كردبایت و بڕۆیشتیایەوە بۆ فەرەنسا.

 

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌