جیل دۆلۆز -فەیلەسوفی فەڕەنسی ١٩٢٥- ١٩٩٥ Gilles Deleuze 18 January 1925 – 4 November 1995) was a French philosopher

Loading

جیل دۆلۆز -فەیلەسوفی فەڕەنسی ١٩٢٥- ١٩٩٥
Gilles Deleuze 18 January 1925 – 4 November 1995) was a French philosopher

فیکر و ژیان

ژیل دۆلۆز

 وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: شەھلا نەجمەدین

 زۆرکات نیچە ئەرکی مەعریفە دەکات بەوەی کە بانگەشەیەکە دژ بە ژیان، بۆ پێوانەکردن و داوەری کردنی ژیان و خۆ بینینی مەعریفە وەکو ئامانج. پێشتریش ھەڵگەڕانەوەی سوکراتی لە لەدایکبوونی تراژیدیادا لەم فۆڕمەیدا دەرکەوت. نیچە ھەرگیز لە دووبارەکردنەوەی ئەوە نەوەستا؛ لەگەڵ ئەوەی مەعریفە میکانیزمێکی سادە و ملکەچە بۆ ژیان، مەعریفە بە جۆرێک خۆی بەرز ڕادەگرێت وەک ئامانج، وەک دادوەر، وەک نمونەی باڵا. بەڵام پێویستە ئێمە گرنگی ئەم تێکستانە ھەڵبسەنگێنین: دژیەکی نێوان مەعریفە و ژیان لەگەڵ ئەو پرۆسەیەی کە مەعریفە لە ڕێگەیەوە خۆی دەکات بە دادوەری ژیان، دوو سیمپتۆمن و لەم دوو سیمپتۆمە زیاتر نین. مەعریفە دژ بە ژیانە، بەڵام لەبەرئەوەی گوزارشت لە ژیانێک دەکات کە نەفیکەرەوەی ژیانی هەقیقییە، ژیانی نوێنراوە(ناچالاک – reactive life  )کە لەناو مەعریفەدا ئامڕازێک بۆ بەردەوامیدان و شانازیکردن بە جۆر و چەشنی خۆیەوە دەدۆزێتەوە. (بەمشێوەیە مەعریفە کۆمەڵێک یاسا بە ژیان دەبەخشێت کە دایدەبڕێت لەوەی کە دەتوانێت بیکات، وای لێدەکات لە کردار دوور بکەوێتەوە، ڕێگە بەوە نادات ئاکت بکات، لە چوارچێوەیەکی بەرتەسکدا دەیھێڵێتەوە بۆ نواندنی پەرچەکردار گەر بە شێوەیەکی زانستیانە چاودێری بکرێت: ھەروەک ئاژەڵێک لە باخچەی ئاژەڵاندا. بەڵام ئەو مەعریفەیەی کە ژیان دەپێوێت و قاڵبدار و سنوربەندی دەکات؛ بە تەواوەتی لەسەر مۆدێلی ژیانی نوێنراوە(ناچالاک(reactive life/ و سنورەکانی ناو ئەو ژیانە نوێنراوەیە؛ داڕێژراوە).

لەبەرئەوە مایەی سەرسوڕمان نییە کە تێکستەکانی دیکەی نیتچە ئاڵۆزترن، خۆیان بە سیمپتۆمەکانەوە نەبەستۆتەوە، ھەر بۆیە دەخرێنە ناو ڕاڤەکردنەوە. لەم تێکستانەدا؛ نیتچە ئەرکی مەعریفە دەکات بەوەی کە نەک بۆ بینینی خودی مەعریفە بێت وەک ئامانجێک، بەڵکو بۆ ئەوەی فیکر بکات بە ئامڕازێکی سادە لە پێناو خزمەتکردنی ژیاندا. چیتر نیتچە لەو ڕووەوە سەرزەنشتی سوکرات ناکات کە ژیانی دەخستە خزمەتی مەعریفەوە، بەڵکو بە پێچەوانەوە؛ نیچە فیکر دەخاتە خزمەتی ژیانەوە. “لە سوکراتدا فیکر لە خزمەتی ژیاندایە، لە کاتێکدا لای ھەموو فەیلەسوفە پێش سوکراتییەکان ژیان خزمەتی فیکری دەکرد”. ھیچ دژییەکییەک لە نێوان ئەم دوو جۆرە تێکستەدا نییە، ئەگەر بێتو سەرەتا ئێمە ھەستیار بین بەرامبەر بە ئەو جیاوازییە وردەی کە لە وشەی”ژیان”دا ھەیە. کاتێک سوکرات ژیان دەخاتە خزمەتی مەعریفەوە، دەبێت وا لەمە تێبگەین کە سەرلەبەری ژیان، بەمجۆرە، دەبێت بە نوێنراوە(ناچالاک(reactive/بەڵام کاتێک فیکر دەخاتە خزمەتی ژیانەوە، ئەوا دەبێت ئەم ژیانە وەک چەشنێکی تایبەت لە ژیان، واتە وەک ژیانێکی نوێنراوە(ناچالاک(reactive life/ تێبگەین، کە دواتر دەبێت بە مۆدێلێک بۆ کۆی ژیان و خودی فیکریش. پاشان جیاوازییەکانی نێوان ھەردوو جۆرەکەی تێکست کاڵ دەبێتەوە ئەگەر بێتو ئێمە ھەستیاربین بەرامبەر بە جیاوازی نێوان “مەعریفە و فیکر”. (لێرەوە جارێکیتر، ئەمە تێما کانتییەکە نییە کە دەگۆڕێت و ھەڵدەگەڕێتەوە دژ بە کانت؟) * کاتێک مەعریفە دەبێت بە دادوەر، گرنگترین شت کە ملکەچ دەکرێت فیکرە.

مەعریفە خودی فیکرە، بەڵام فیکر کۆتی ئەقڵ و ھەموو  ئەوانەشە کە لە ڕێگەی ئەقڵەوە گوزارشتیان لێ دەکرێت. ئارەزووکردن بۆ مەعریفەیش فیکرە، بەڵام فیکرێک لە پەیوەست بە ھێزی ناچالاکەوە(پەرچەھێز/reactive force)، کە دەستی بەسەردا دەگرێت و بەسەریدا زاڵدەبێت. لەبەرئەوەی مەعریفەی ئەقلانی ھەمان ئەو سنورانە بۆ ژیان دادەنێت کە ژیانی ئەقلانی بۆ فیکری دادەنێت؛ ژیان ملکەچ بە مەعریفە، لە ھەمان کاتدا فیکر ملکەچ بە ژیان دەبێت. ھەندێک کات عەقڵ ساردمان دەکاتەوە لەوەی کە سنورێکی دیاریکراو ببڕین و ھەندێک جاریش ئەوە قەدەغە دەکات: لەبەرئەوەی بێ سوودە (مەعریفە بۆ پێشبینی کردنی داھاتوو لێرەیە)، لەبەرئەوەی ڕەنگە ببێتە خراپە( ژیان بۆ فەزیلەت لێرەیە)، لەبەرئەوەی مەحاڵە(ھیچ شتێک لەودیووی هەقیقەتەوە بۆ بینین یاخود بیرلێکردنەوە نییە)25، بەڵام ئایا ڕەخنە دەتوانرێت بەوە فەھمبکرێت کە ڕەخنە بێت لە خودی مەعریفە، گوزارشت لە ھێزگەلی نوێ بکات کە توانای ئەوەی ھەبێت مانایەکیتر بە فیکر ببەخشێت؟ فیکرێک، کە تا ئەوپەڕی ئەو سنوورە بڕوات کە ژیان دەتوانێت پیایدا بڕوات. فکرێک، کە ژیان تا دوا ڕادەی ئەو سنوورە ببات کە دەتوانێت بیبات. فیکرێک کە بەڵێ گوتن بێت بۆ ژیان لەبری ئەوەی مەعریفەیەک بێت دژ بە ژیان. ژیان دەبێت بە ھێزی چالاک بۆ فیکر، بەڵام فیکر دەبێت بە ھێزی بەڵێ گوتن بۆ ژیان.

ئەم دووانە ھەردووکیان ھەمان ئاڕاستە دەگرن، یەکتر لە خۆدەگرن، بەربەستەکان تێکدەشکێنن، ھەنگاوەکانی یەک ھەڵدەگرنەوە، لە داھێنانی بێ ھاوتادا دەتەقنەوە. بەمشێوەیە بیرکردنەوە واتا دۆزینەوە، داھێنان، ئەگەری نوێ بۆ ژیان. “جۆرەھا ژیان ھەیە کە قورسییەکەیان دەگاتە دواڕادە، ئەوە ژیانی بیرمەندەکانە. پێویستە ئێمە گوێھەڵخەین بۆ ئەو شتانەی کە لەبارەی ئەوانەوە پێمان وتراوە، لێرەدا ئێمە ئەو ئەگەرانەی ژیان کەشف دەکەین کە بە تەنھا گێڕانەوەیان، شادی و ھێزمان پێدەبەخشێت و ڕووناکی بە ژیانی ئەوانە دەبەخشێت کە لە دوای ئەوانەوە دێن. زۆر داھێنان، بیرکردنەوە، بوێری، نائومێدی و ئومێد ھەیە بە ئەندازەی ئەوەی کە لە گەشتی ڕێنیشاندەرە مەزنەکاندا ھەیە؛ بۆئەوەی هەقیقەت بگووترێت، ئەمانە گەشتی ئەو دۆزینەوانەن کە لە دوورترین و ترسناکترین ڕووبەرەکانی ژیاندان. ئەوەی کە لەمجۆرە ژیانانەدا سەرسوڕھێنەرە ئەوەیە؛ دوو ئارەزووی دژ بە یەک بە دوو ئاڕاستەی پێچەوانەی یەک ڕادەکێشرێن کە وا دەردەکەوێت لە ژێر ھەمان نیردا ناچارکرابن: ئەو ئارەزووەی کە بەرەو مەعریفەیە ناچارە بە شێوەیەکی بەردەوام ئەو سەرزەمینە جێبھێڵێت کە مرۆڤ خووی پێوە گرتووە لەسەری بژی و بەرەو نادیار توڕی دەدات. ئەو ئارەزووەیش کە وا لە ژیان دەکات ناچار بێت ھەست بکات بەردەوام لە تاریکیدا بۆ شوێنی تازە بگەڕێت تیایدا نیشتەجێ ببێت. بە مانایەکی دیکە؛ ژیان دەڕوات بۆ ئەودیو ئەو سنورانەی کە مەعریفە بۆی دیاریی دەکات، بەڵام فیکر دەڕوات بۆ ئەودیوو ئەو سنوورانەی کە ژیان بۆی دیاریی دەکات. فیکر لەوە دەکەوێت raison*26 بێت و ژیانیش لەوە دەکەوێت پەرچەکردار بێت. بیرمەند بەم شێوەیە گوزارشت لە نزیکایەتیی جوامێرانەی فیکر و ژیان دەکات. ژیان وا دەکات فیکر چالاک بێت، فیکر وا دەکات ژیان بەڵێ گوتن بێت. بە گشتی ئەم نزیکایەتییە لای نیچە، تەنھا وەک نھێنییەکی تایبەت بە پرۆسوکراتی دەرناکەوێت، بەڵکو جەوھەری ھونەریشە.

تەواو

 

سەرچاوەی بابەت:

Gilles Deleuze: Nietzsche and Philosophy/Thought and Life

25- پێشتر ئەپۆلۆ لە لەدایکبوونی تراژیدیادا، بەمشێوەیە دەرکەوتووە: ئەپۆلۆ بەدەوری ھەر کەسێکدا سنوورێکی دەکێشا، “بە بەردەوامی و دووبارە ئەوەی بە یاد دەھێنانەوە وەک پیرۆزترین یاساکانی دونیا، لەگەڵ خواستی خۆی بۆ مەعریفەی زاتی و پێوانەیی”.

26* raison/ ratio: reason, nature, relation, ground, argument, definition, principle. Here it is used in the last of these senses-principle.

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌