مێش - پڕۆژەی ڕاستە

Loading

ڕاستە

نمایشی ڕاستە یەکێک بوو لە زنجیرە نمایشەکانی پرۆژەی ئەم مرۆڤانە کاردەکەن. ڕاستە نمایشێکی گروپی بوو، کە لە ٣/٧/٢٠٢١ دا لە گەلەری کەریم چاوشین ئەنجامدرا و بۆ ماوەی چوار ڕۆژ بەردەوام بوو، لەم نمایشەدا ژمارەیەکی زۆر ژنان جیاواز لە چین و تویژو تەمەن و کارکردندا بەشدار بوون

بە گشتی پرۆژەی ئەم مرۆڤانە کاردەکەن، پرۆژەیەکە  کە لە ڕێگەی نمایشی هونەری، سمینار، گفتوگۆ و نوسینی تێکستەوە کاری تێدا دەکرێت. بابەتی سەرەکی لەم پرۆژەیەدا کارکردنە وە وە رۆڵی جیندەرە لە بابەتی کارکردندا. هەڵبەت بەدرێژای مێژوو ژن ڕۆڵی گەورەی بینوە و کارکردن خاڵی زۆر بەهێزی ژنە، بۆیە گرنگ بوو لەو شوێنەوە کە ژن تێیدا بەهێزە بوەستین و لەسەر پرسی ژن پرسیارو ڕەخنەکان ئاڕاستە بکەین

 ئێمە دەزانین کە کاری ناوماڵ هەمیشە کاری ژن بووە، کەل و پەلەکانی ناوماڵ ناسنامەیەکی ژنانەیان هەیە، بەڵام لە ئێستادا کە ژن لەدەرەوە لە هەموو بوارەکاندا کاردەکات بۆچی هێشتا کاری ناوماڵ کاری ژنە بە تەنها؟ ژنان چۆن ئەو هاوسەنگیە لە نێوان کارکردنی ماڵ و دەرەوەی ماڵدا ڕادەگرن؟

لە بەشێک لە نمایشەکانی پرۆژەی ئەم مرۆڤانە کاردەکەن تیشک خراوەتە سەر ئەم بابەتانە بەڵام نمایشی ڕاستە بە تەواوی تەنها کار لەسەر ئەم بابەتە کراوە 

نمایشی ڕاستە لە دوو بەش پیکهاتبوو: بەشی یەکەمی نمایش کردنی کارە هونەریەکان بوو بۆ ماوەی کاتژمێرێک، پاشان گفتوگۆیەک سازکرا لە لایەن چەند خاتونێکەوە کە بانگهێشتکرابوون بۆ گفتوگۆکە، کە هەر یەکێک لەوان  باکگراوندێکی جیاوازی هەبوو وە کاری جیاوازی هەبوو.  گرنگ بوو لەم نمایشەدا بەبەشداری ئەم خاتونانە تیشك بخرێتە سەر ئەرک وکاری ژن کە لە ئەزمونی راستی ئێستای ژیانی ژنان خۆیانەوە هەڵقوڵابێت. ئەوەش بەشی دووەم بوو

لەم نمایشەدا پێنج کاری هونەری پشاندرا کە بیرۆکە، فۆڕم وە بە ئەنجام گەیاندنی هەموو کارەکان لەو ماوەیەدا ولە ڕێگەی گفتوگۆکانی پرۆژەی ئەم مرۆڤانە کاردەکەن هاتونەتە بەرهەم. ئەوەی لەم نمایشەدا جیاواز بوو ئەوە بوو کە کارەکان بە ناوی گروپی ئەم مرۆڤانە کاردەکەن نمایش کرا. واتە ناوی هیچ هونەرمەندێک لەگەڵ کارە هونەریەکاندا نەنوسرا، بەڵکو بە مەبەست ناوی ئەو کەسەی بیرۆکەی کارەکەی هەیە لابرا. وە ئەو کەسانەی کارەکەیان بە ئەنجام گەیاندووە تەنها وەک جێبەجێکردن کردویانە و بیرۆکەکە هی کەسێکی ترە. هەڵبەت کۆبونەوەو گفتو گۆی گروپەکە ماوەیەکی زۆری خایاند بۆ پرۆژەی ئەم مرۆڤانە کاردەکەن بە گشتی بەڵام سەرەنجام بەهۆی زۆرێک هۆکارەوە زیاتر لە نمایشی ڕاستەدا کۆبونەوە. پێشتر چەندین جارلە شوێنی جیاواز و لە ئۆنلانین کۆبونەوە ئەنجامدراوەو چەند سمینار و وۆرک شۆپ و خوێندنەوە بە گروپ و گفتوگۆ کراوە لە نێوان چەند هونەرمەندێک و چەند کەسێکی تردا کە هەمویان ژن بوون. پاشان بە ماوەیەک پێش نمایشەکە ئەوکارانە کە سکێچی بۆ کرابوو ئەنجامدران ولە نمایشەکەدا پشاندران. ئەنجام گەیاندنی هەریەکێک لەم کارانە کاری زۆرو ماندوو بوونی زۆر زۆری وویست، کە پێکهاتبوون لە کاری ڤیدۆ، ئینستەلەیشن و پیرفۆرمانس  

 

کارەکان

مێش: کارێکی ڤیدیۆیە کە ماوەی ٣ خولەک دەخایەنێت لە نمایشەکەدا لووپ بوو واتە بەردەوام دووبارە دەبۆوە. لەم کارەدا بینەر دەم و چاوی ژنێک دەبینێت کە چەند مێشێک بەبەردەوامی لەسەر دەموچاوی دەجوڵێن و ئەویش زۆر سروشتیانە بە پێی بێزاربوونی لە مێشەکان مامەڵەدەکات، واتە بێ جوڵەی گەورە وەک دەست بەکارهێنان یاخود سەر جوڵان تەنها بە جوڵەی دەم و چاوی بەرپەچی مێشەکان دەداتەوە کە تا ڕادەیەکی زۆر پاسیڤ دەردەکەویت

ئەم کارە لە لایەن هاژە خالیدەوە جێبەجێکراوە کە پیرفۆرمانسە لەبەردەم کامێرا

مێش – پڕۆژەی ڕاستە
مێش – پڕۆژەی ڕاستە
مێش – پڕۆژەی ڕاستە
مێش – پڕۆژەی ڕاستە
مێش – پڕۆژەی ڕاستە

 

 

 

 

 

لەوێوە تا ئەوێ: ناوی یەکێکی ترە لە کارەکان. لەم کارەدا دوو ژن لە مەیانی دارە سوتاوەکەوە فەرشێکی سێ بە چواری لولکراو بە شان و باڵ دەگوێزنەوە. لەم کارەدا کە بە شوێنی گشتی  ناوبازاڕو بە ناو هەموو ئیشکەرو و بازاڕو دوکانە جیاوازەکانی سەر ڕێگەکەیاندا تیدەپەڕن و چەندین جوڵەو مامەڵەی بێ ووشە لەگەڵ خەڵکانی سەر ڕێگەکەیان ئەنجام دەدەن. پاشان فەرشەکە تا گەلەری کەریم چاو شین لە جادەی ئۆرزدی دەگوازنەوە. بەدرێژایی ئەو ماوەویە ئەم کارە دۆکیۆمێنتکراوەو لە کاتی گواستنەوەکەدا چەندین  شوێنی جیاوازیان بڕیوە وەک ئاماژەمان پیدا مامەڵەی جیاوازیان لەگەڵ خەڵک و شوێنەکاندا بە سروشتی کردووە. لە نمایشی ڕاستە دا فەرشەکە لەگەڵ فۆتوی گواستنەوەکە لە ژورێکدا بۆ بینەران نمایش کرا

ئەم کارە لەلایەن ترێ فاتیح وڕەیان یوسف ئەنجام درا و هاژە خالید دیکۆمێنتی کردووە کارەکە بەسەرپەرشتی رێکخەری پرۆژەکە ئاڤان عومەر ئەنجام دراوە، کە پیرفۆرمانس بوو دواتر لە هۆڵەکەدا وەک ئینستەلەیشن و فۆتۆ نمایش کرا 

 

 

لەوێوە بۆ ئەوێ – پڕۆژەی ڕاستە
لەوێوە بۆ ئەوێ – پڕۆژەی ڕاستە
لەوێوە بۆ ئەوێ – پڕۆژەی ڕاستە
لەوێوە بۆ ئەوێ – پڕۆژەی ڕاستە
لەوێوە بۆ ئەوێ – پڕۆژەی ڕاستە
لەوێوە بۆ ئەوێ – پڕۆژەی ڕاستە
لەوێوە بۆ ئەوێ – پڕۆژەی ڕاستە
لەوێوە بۆ ئەوێ – پڕۆژەی ڕاستە
لەوێوە بۆ ئەوێ – پڕۆژەی ڕاستە
لەوێوە بۆ ئەوێ – پڕۆژەی ڕاستە
لەوێوە بۆ ئەوێ – پڕۆژەی ڕاستە
لەوێوە بۆ ئەوێ – پڕۆژەی ڕاستە

 

 

 

 

دەستهاڕ: ئەم کارەش بە ڤیدیۆ لە ریگەی داتا شۆوە لە ژورێکی تاریک دا پشاندرا. کارەکە ٤ خولەکە وبەردەوام دەبێتەوە. لەم کارەدا دەستهاڕیک کە بە ڕەنگی ڕەش ژمارەی لەسەر نوسراوە و ژمارەکان بە کوردی نەنوسراون بەڵکو بە ژمارەی ئنگلیزی نوسراون و وەک کاتژمێرێک پشاندراوە. دەستهارەکە بەردەوام بە دەستی ژنێک دەخولێتەوەو دەنگی دێت

ئەم کارە لەلایەن هاژە خالیدەوە بەسەرپەرشتی ئاڤان عومەر ئەنجام دراوە

دەستهاڕ – پڕۆژەی ڕاستە
دەستهاڕ – پڕۆژەی ڕاستە

 

 

دەستهاڕ – پڕۆژەی ڕاستە
دەستهاڕ – پڕۆژەی ڕاستە

 

 

 

جوانی کارە: ئەم کارە وەک ئینستەلەیشن پشاندرا، لێرەدا بەو شیلەیەی کە زۆرێک ژنان بۆ مەبەستی لابردنی موی گیانیان بەکاری دەهێنن کارکرابوو. لە کارەکەدا ئەو شیلەیەی کە لە ئاڕایشتگا و شوێنی لابردنی موو بە شیلە کۆکرابویەوە لەسەر قاعیدەیەک دانرابو. ئەم قاعیدانە لە نمایشی باوی هونەریدا زیاتر پەیکەری لەسەر نمایش دەکرێت، ئەم جارە شیلەی کۆکراوە بە موەکەوە لەسەر  دانرابوو لەوێ پشاندرابوو. هەڵبەت فۆڕمی شیلەکە لەسەر قاعیدەکە بە پێێ کاتیش دەگۆڕا چونکە شیلەکە بە پێی کەش وهەوای گەرمی شوێنەکە شل دەبووەوە. واتە کارەکە نەوەستاو بوو

جوانی کارە – پڕۆژەی ڕاستە
جوانی کارە – پڕۆژەی ڕاستە
جوانی کارە – پڕۆژەی ڕاستە
جوانی کارە – پڕۆژەی ڕاستە
جوانی کارە – پڕۆژەی ڕاستە
جوانی کارە – پڕۆژەی ڕاستە

 

 

 

کردە: ناونیشانی کارێکی پیرفورمانسی نمایشی ڕاستەیە کە یەکەم ڕۆژی نمایشەکە ئەنجامدرا کە ماوەی نیوکاتژمێری خایاند. لەم کارەدا نۆ کەس نۆ کچ بەشدار بوون، بۆ ماوەی نیو کاتژمێر هەموویان بە بێ جوڵە تەنها وەک پەیکەر وەستا بوون لە کاتێکدا هەریەکەیان نمایشی یەکێک لە کارەکانی ڕۆژانەی ژنیان دەکرد کە خۆیان هەڵیانبژاردبوو: وەک دەرزی پێوەکردن ودورمان، ماڵ سڕین، قاپ شوشتن، جل هەڵخستن، خواردن دروستکردن.. هتد. ئەم کارە لەلایەن ئەم بەشداربوانەوە هەڵبەتە بە خۆبەخشی ئەنجامدرا

    ( لانە ڕەفیق، نوا مەحمود، تریفە غەریب، دیە سابیر، ژولیا فەرهاد، ئیمان یوسف، کاڵێ حسین، ڕەیان یوسف، هاژە خالید)

 

کردە – پڕۆژەی ڕاستە
کردە – پڕۆژەی ڕاستە
کردە – پڕۆژەی ڕاستە

 

 

تێبینی/ ئەمکارانە ناوی خاوەن بیرۆکەکەی بە نادیاری ماوەتەوە ئەوکەسانەی ناویان هاتووە تەنها بە ئەنجامیان گەیاندووە.

وەک لەسەرەوە ئاماژەمان پێکرد پاش کاتژمێرێک تەرخان کرد بۆ بینینی ئەم کارانە گفتوگۆکان دەستی پێکرد بەڵام لەگەلیشیدا کارەکان لە شوێنی خۆیان بوون گەر بینەرێک بهاتایە بیویستایە دەیتوانی بیبینێت.

گفتوگۆکان لەلایەن چەند خانمێکەوە بوو کە کارو پیشەی جیاوازیان هەبووەو هەیە. ئەوان ئەزمونی کارکردن و ژیانکردنی خۆیان لەگەڵ ئامادەبواندا بەشکرد. زۆر بە سادەیی لە ڕێگەی بەسەرهات و ژیانی خۆیانەوە گفتوگۆیان دەربارەی هێزی ژن لە کارکردندا تاوتوێکرد کە دواتر بووە گفتوگۆیەکی چڕ و پر چێژ.

 شایانەی باسە کە گەلەری کەریم چاو شین پێشتر ماڵ بووە و چەندین نەوە تێیدا ژیاون وە چێرۆکی تایبەتی خۆی هەڵگرتووە، بەڵام وەک سپەیس  ئێستا بۆتە گەلەری و بۆ نمایشی ڕاستە  کەشیکی زۆر سروشتی هەم بۆ کارەکان وهەم بۆ گفتوگۆکانیش ڕەخساندبوو

هەڵبەت لە پاڵ سازدانی سمینارو نوسینی تێکست لەلایەن کەسانی شارەزاو ئەکادیمی لە سەر پرسی ژن و کارکردن کە بەشێکە لە پرۆژەی ئەم مرۆڤانە کاردەکەن، سازدانی گفتوگۆی ئەم خانمانە گرنگیەکی زۆری هەبوو. ئەمان لە تەمەن و ئەزمون و کارکردن و بڕوانامەدا جیاوازن. زۆر بە ڕوونی وە بە کردەوە پیشانی دەدەن کە ژنی کورد لە کارکردن دا هەمیشە دەتوانێت بە پێێ پێویستی خۆی و خیزانەکەی پشت بە خۆی ببەستێت و لەگەڵ ئەو هەموو ئاستەنگ و بەربەستانەی کۆمەڵگادا توانیویەتی  کاری زۆر بکات. ئەوەی ئێستا هەیە لە کۆمەڵگای کوردیدا ئەوەیە کە کاری ژنی دووجار کردۆتەوە، لەپاڵ کاری ماڵەوەدا کاری دەرەوەش بە سەرکەوتوانە ئەنجام دەدات بەڵام ماندوو بونێکی زۆرو بەرەو پێش چوونێکی کەمی ڕەوشی ژنانی لەگەڵدایە

بەشداربووان:

ئاوارە خان: چەندین ئەزمونی جیاوازی خۆی باسکرد، کە کارمەندی تەندروستیە، مامانە لە گەڵیشیدا لە ناو هونەرو و سیاسەت دا کاری کردووە. ئاوارە خان باسی ئەوەی کرد کە لەگەڵ ئەم کارانەیدا هەمیشە کاری ناو ماڵ یەکێک بووە لە کارە سەرەکیەکانی کە دەبێت بیکات چونکە ئەو ژنە و کاری ماڵ ومنداڵ بەخێوکردن ئەرکی تەنها ژنانە لە کۆمەڵگای ئێمەدا. ئەو بە شانازیەوە ووتی کە نەک تەنها ئەمانە بەڵکو خانوی بۆ کوڕەکەی دروستکردوە و بلۆککاری کردوە وا لە تەواو بوندایە. ئەم بابەتانەو زۆری تیش کە ئاوارە خان باسی کرد پرسیارو گفتوگۆی لای ئەوانی تر دروستکرد

نەسرین خان: نەسرین خان سایەقی تەکسی یە و لە سلێمانی کاردەکات بۆ ماوەی چوار ساڵە. کارێکی جیاوازی هەڵبژاردووە کە هێشتا لە کۆمەڵگای کوردیدا کارێکی تەواو پیاوانەیە. دەڵیت کە شەوان کارەکانی ماڵەوە بەجێ دەگەیەنێت و بە ڕۆژیش کاری تەکسی دەکات. پێێوایە کە ژن زۆر بە تواناترە بۆ کارکردن و سەبری زۆری هەیە لە کاتێکدا پیاوان زۆر زوو توڕەو ماندوو دەبن کە تەنها ئیشی دەرەوە دەکەن. ئەو دەڵێت سەرەتا خەڵک نەیاندەوێرا لەگەڵم سەرکەون لەبەرئەوەی ژنم و بۆیان نامۆ بوو، بەڵام ئێستا بەبەردەوامی کاری هەیەو ژن و پیاویش دەگەیەنێتە شوێنی خۆیان و دڵخۆشە بە کارەکەی

سازە عادل: سازە ژنێکی گەنجە و دایکی دوو منداڵە کە بە تەنها لە گەڵ منداڵەکانی دەژی و دایک و باوکیشیانە. باسی کاری ماڵەوەو دەرەوەو پەروەردەی منداڵی کرد کە ئەمانە ئەو ئەرکانەن کە کۆمەڵگا وەک کاری سەرەکی ژن تەماشایان دەکات و لەگەڵیشیدا هێشتا زۆر زۆر کۆت و بەند بۆ کارکردنی ژنان لە دەرەوە هەیە. سازە دوای گۆرینی زۆرێک کار وەک کاری دیزاین و مەکیاژ کردن، فرۆشیاری..هتد ئێستا ئیشی هەویر و شیرینی دەکات  بۆ بژێوی خۆیان و خۆشحاڵە کە دەتوانێت پشت بەخۆی ببەستێت گەر لەبەر ئاستەنگە کۆمەڵایەتیەکان وازی لە کارێک هێنابێت توانیویەتی دەست بەکارێکی دیکە بکاتەوە. ئەو کارانەی کە ژنان لە ماڵەوە هەمیشە بێ بەرامبەر کردویان و نرخی بۆ دانەنراوە ئێستا دەتوانن بژێوی خۆیانی پێدابین بکەن

شیرین غەنی: شیرین خان باسی ئەوەی کرد کە ماوەی سیازدە ساڵە لە شوێنی جیاواز وەک مەکتەب وزانکۆ وماڵەوە کاردەکات وچێشت لێدەنێت، خۆشحاڵە کە کە سانی تر خواردنەکانی ئەمیان پێخۆشە. لەگەڵ ئەوەی پێویستی زۆر بە پارەی کارەکەی نیە بەس ناتوانێت بێ کارکردن دانیشێت بۆیە هەر بەردەوامە

سەمیرە عومەر: سەرەتا لە ئەزمونی منداڵیەوە دەستیپێکرد و باسی ئەوەی کرد کە لەبەر ئەوەی دایکی کارگوزار بووە، ئەم وەک کچێک لە تەمەنی نۆ ساڵیەوە لە کاتی چونی دایکی بۆ سەر کار بەرپرسیارێتی ماڵەوەی هەمووی هەڵگرتوە. ئێستاش لە قوتابخانەیەکی ئەهلی وەک ژمێریار هەموو ڕؤژێک بۆماوەی هەشت کاتژمێر کاردەکات ، پاش گەڕانەوەشی بۆ ماڵەوە دەبێت کارەکانی ماڵەوە هەمووی بکات. ئەو دەپرسێت تا کەی لە کۆمەڵگایەی ئێمەدا کارەکانی وەکو پەروەردەی منداڵ و پاککردنەوەی ماڵ و چێشتلێنان و میوان بەڕێکردن  دەبێت تەنها ئەرکی دایک بێت، بۆ بۆ پیاو عەیبە ئەم کارانە بکات؟ هیواداربوو نەوەی داهاتوو وەک ئەمان نەبن و گۆڕانکاری دروست بکەن لەم لاسەنگیەدا، پیاوان یا باوک دەکڕێت پێیان عەیب نەبێ و ئاسایی بێت کاری ناومالێس بە پێێ پێویست بە ئەرکی خۆیان بزانن

ڕێکخەرو سەرپەرشت و بەڕێوەبەری نمایشی ڕاستەو نمایشەکانی پرۆژەی ئەم مرۆڤانە کاردەکەن : ئاڤان عومەر

هاوکاران: شیروان فاتیح، شانیا ئاری، ڕەیان یوسف، ترێ فاتیح،ڕۆژگار مەحمود، شەمێران فەتاح، تریفە غەریب، هاژە خالید، چێنەر نزار، بێباک ، عوسمان ئەحمەد، ئاڤان سدیق، رێبین مەجید، هۆمەن وەهبی ڕەسول، ئاری حەمە

وێنەگرتن ودیکۆمێنت کردن: چیا جەمال، چێنەر نزار

دیزاین وپۆستەر: سەعاتچی گەلەری

شایانی باسە پرۆژەی ئەم مرۆڤانە کاردەکەن بە خۆبەخشی کاری تێداکراوەو و هیچ فەندو هاوکاریەکی مادی لە هیچ لایەنێک و کەسێک وەرنەگرتووە

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌