پرۆژەی هونەری سنوور

Loading

پڕۆژەی سنوور

پرۆژەی هونەری سنوور

ڕێکخەر و بەڕێوەبەر: ئازەر عوسمان

شوێن: بیارە/ سنوری نێوان ڕۆژهەڵات و باشوری کوردستان( ئێران و عێراق)

ساڵی ٢٠٠٨

فۆتۆ، هاوڕێ عەلی، ئازەرعوسمان ، تۆڵە کەریم

نوسینی تێکستی پرۆژەکە: ئازەر عوسمان، تێکستی کارەکان هونەرمەندەکان بۆ کارەکانی خۆیان نوسیوە

سنوور یەکێکە لە پرۆژەکانی `ڕێکخراوی سولی ئۆن` لە سلێمانی. تێمای ئەم پرۆژەیە جیاواز بوولە پرۆژەکانی پیشوو کە ئێمە وەک سولی ئۆن ئەنجاممان دابوو. لەم پرۆژەیەدا بیرمان لەوە دەکردەوە کە چۆن بچینە دەرەوە و لە دەرەوەی گەلەرییەکان ئیش بکەین و ئەزمونی جیاواز بکەین. هەڵبەت لەوکاتەدا ئێمە هێشتا خوێندکار بووین. ئەوە بوولە ئەنجامی چونە دەرەوەو گەڕان بە ناو سروشتدا، بەر ناوچەی بیارە کەوتین. لەوێدا جۆگەلەیەک هەیە کە لە لایەنی سیاسیەوە دەبێتە سنور لە نێوان وڵاتی ئێران و ئێراق دا ، واتە خۆی لەڕاستیدا بە نێوان کوردستانی ڕۆژهەلات و باشوور دەڕوات و جیایدەکاتەوە. بەهەرحاڵ ئەمە بووە جێگەی سەرنجی ئێمە.

سەرەتا وێنەی شوێنەکەمان گرت و دواتر بووە بابەتی گفتوگۆو لێکۆڵینەوە و پرسیاری زۆرمان لەسەر کرد. لە کۆتایدا بڕیاردرا کە تێمای پرۆژەکە لەسەر بابەتی سنور بێت وزۆرێک لە پرسیارەکانمان، لە کێشەکانمان دەربارەی سنور لەوێدا بەرجەستە بکەین. لەم پرۆژەیەدا چواردە هونەرمەند بەشدار بوون. لە ئەنجامی پێنج جار سەردان بۆ شوێنەکە و دوو شەو مانەوەش لەێ کارەکان جێبەجێکران. بینەرەکانمان ئەو کەسانە بوون کە خۆیان لەوێ دەژیان، جوتیار ومنداڵ وخەڵکی ئەوێ بەگشتی کارەکانیان دەبینی و دەهاتن، واتە بینەرمان لە سلێمانی یا شوێنی ترەوە نەبردە ئەوێ. لە سەرەتاوە ئێمە خۆمان زۆر بە بەرنامە و بە چڕی کارەکانمان فۆتۆ دەگرت ودۆکۆمێنتمان دەکرد، لە گەڵ ئەمەشدا بەشی دوکیۆمێنتەری هەردوو تەلەفیزیۆنی پەروەردەو گەلی کوردستان ڕاستەوخۆ لەگەڵمان بوون و دۆکیۆمێنتیان کردووە. پاشان وێنە و دیکۆمێنتی کارەکانی پرۆژەکە لە چەندین نمایشی جیاجیادا پشاندراوە، بۆ نمونە لە فیستڤاڵی پاش جەنگ لە ئەمنە سورەکە لە سلێمانی کە ڕێکخراوی (ئارت ڕۆڵ) ڕێکیخستبوو، پشاندرا. هەر لە ئەمنە سورەکە بە نمایشێکی سەربەخۆ فۆتۆ و ڤیدۆی کارەکان جارێکی تر نمایش کراون. جگە لە ناوخۆی کوردستان، لە دەرەوش چەند جارێک ئەم پرۆژەیە نمایش کراوەتەوە، وەک ئەوەی کە لە ( yorkshire sculpture park) لە شاری لیدس لە بەریتانیا نمایش کرا و لە چەند شوێنێکی تریش بەهەمان شێوە.

کارەکان

ئاریان ئەبوبەکر؛ سنوورەکان لە ‌هێڵ دەچن

هێڵەکان لە هەموو کات وشوێنێکدا هەن ولە شەمە ویەک شەمە ودوو شەمە وسێ شەمە و چوار شەمە و پێنج شەمە و هەینی و…. هێڵی تازە دروست دەبن و کۆنەکان دووبارە دەبێتەوە و هێڵەکان زیاد و کەم دەکات. هیچ کاتێک بوێری ئەوەم نەبووە، تەنها بە کێشانی هێڵێک کارێک دروست بکەم. بەڵام وابزانم ئێستا ، لەگەڵ ژمارەی پارچەکان وچۆنیەتی هێڵەکان بە کێشانی هەشت هێڵ کارەکە دروست بووە

پڕۆژەی سنوور - ئاریان ئەبوبەکر
ئاریان ئەبوبەکر؛ سنوورەکان لە ‌هێڵ دەچن

ئەیوب ڕەووف

ترس لە سنوور وامان لێدەکات هەنگاوی یەکەم زۆر جیاوازتر بێت لە هەنگاوی دووەم

پڕۆژەی سنوور – ئەیوب ڕەئوف

ئازەر عوسمان

بیرۆکە فۆڕمێکی سادەیە لە ئەنجامی بەرکەوتنی فاکتەرەکانی شوێن، چەمک، کات، ترس، جوڵە، جارێکی دی دروستکردنەوەی سنورێک کە مرۆڤ خۆی بەرهەم هێنەریەتی.

 

پڕۆژەی سنوور – ئازەر عوسمان

 

بتوێن عەلی

بۆ تەنها ساتێک ڕاکشان لەدەرەوەی سنورەکاندا و چێژ وەرگرتن لەو ئازادیەی کە دەستەبەرکردنی هێندە ئاسان نییە.

پڕۆژەی سنوور – بتوێن عەلی

هاوڕێ عەلی

پێکهاتەکانی قەبارەی چەپ = بە پێکهاتەکانی قەبارەی ڕاست.

پڕۆژەی سنوور – هاوڕێ عەلی

کاشان عوسمان

هێڵ بە هەموو چەشنێکیەوە، ئەو ئاڕاستە بڕەی خۆی دیاری دەکات، لە هەمان کاتدا هێڵی سنور هێڵێکی چەسپیوە. بەڵام لەم کارەدا هێڵ لە بۆشاییەکی کراوەو ئازادی خۆیدا وەک ڕەنگ و قەبارە ، ئاڕاستە دیاری دەکات و سنوور پێچەوانە دەکاتەوە.

پڕۆژەی سنوور – کاشان عوسمان

ڕەنج غەریب

سەد جار چوون وهاتنەوەیە لە نێوان ئێران و ئێراق، یاریەکە لەگەڵ سەفەرکردن لە جێگایەکی بچوک دا.

پڕۆژەی سنوور – ڕەنج غەریب

فەرمان عەبدوڵا

ئەوە تێکەڵاوبوونە کاتێک  دوو شوێن  یەکدەگرن و دەبنە فراوانیەکی خێرا بۆ ئازادی.

پڕۆژەی سنوور – فەرمان عەبدوڵا

شەبەنگ ڕەحمان

جۆلانێکردن لە نێوان سنورەکەدا کە جۆگەیەکە و سنوری نێوان دوو ووڵاتەدا.

پڕۆژەی سنوور – شەبەنگ ڕەحمان

شێنێ جەبار؛ مندالەکان

هیوا هەمیشە سنوورەکان تاقی دەکاتەوە.

پڕۆژەی سنوور – شێنێ جەبار

تەلار لەتیف

بازنە ڕەهەندێکی جێگیرە،  هەر نیوەی بازنەیەکە لە بەشێکی ووڵاتێک دایە، وە چێژێکی تایبەتە بە رامبەر بە شوێنێک لە نێوەندی دووکلتورو دوو وڵاتدا.

پڕۆژەی سنوور – تەلار لەتیف

تۆڵە کەریم

ڕەنگ لە تەواوی بۆشاییەکانەدا  سنوورنەناسە!

پڕۆژەی سنوور – تۆڵە کەریم

خالید ئەبوبەکر

هەڵدانی کۆلارە لەنێوان سنوورەکاندا….

پڕۆژەی سنوور – خالید ئەبوبەکر

زانا نزار

لەنێوان ئێران و عێراق دا نەگۆڕی مانەوەی سنور بوونێکی دیارەو جێگیرە.  لە ناوچەی بیارە جۆگایەک دەبێتە جیاکاری ئەو نێوەندەیان. لەسەر ئەو چۆگەیە و ئەو سنورە، کارەکەم بە دانەوەی تیشکە ولە هەمان کاتدا بینینە پێنج لایەکیەکەی ئەو ڕووبەرەو ئەو شوێنەیە و دەبێتە پارچەیەکی جیا لە بینینی ئەو ساتەدا.

پڕۆژەی سنوور – زانا نزار
تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌